
بزانە مرۆڤیت یان ئاژەڵ.. نەوزاد بەندی
مرۆڤە بەرزەکانی مێژوو، ئەوانەی مێژوو بۆ هەتا هەتایە ناوی تۆمارکردوون، کەسانێکن زیاتر کاریان بۆ ئاسوودە کردنی ئەوانی تر کردووە نەک بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان .
لەناو عەرەبدا حاتەمی تەی بووە بە سیمبوڵی خۆنەویستی و نانبدەیی، کە تاقە ئەسپەکەی بۆ خەڵکێکی برسی سەربڕیوە و گۆشتەکەی دەرخوارد داون یان ساجی عەلی بریتییە لەو ساجەی ماڵی ئیمامی عەلی کە بە دەگمەن نانێکی پێوە بووە بۆ خۆی و ماڵ و منداڵی، هەمیشە نانەکانی داوە بە هەژاران .
گی ڤارا ئەو پزیشکە خۆنەویستە ئازادیخوازەی کە ژیان و گیانی خۆی بەخشی لە پێناوی ئازاد کردن و خۆشگوزەرانیی بۆ ئەوانی تر .
تەنانەت هەندێ هەڵوێستی دیکتاتۆران وەک نمونەیەکی پرشنگدار لە مێژوودا تۆمارکراون وەک جۆزێف ستالینی سەرۆکی ڕوسیای شۆرەویی، کاتێ لە گەرمەی جەنگی جیهانیی دووەمدا ڕازی نابێت کوڕە دیلەکەی لای ئەڵمانەکان لەگەڵ ئەفسەرێکی ئەڵمانیدا ئاڵوگۆڕ بکا. ئەمە دوو تایبەتمەندیی مرۆڤبوونی ئەو دیکتاتۆرە دەردەخات، یەکەمیان کوڕی سەرۆکی یەکێک لە دووەم گەورەترین ووڵاتی جیهانی ئەو کاتە ، وەک کوڕی هەر کەسێک ئەچێتە بەرەکانی جەنگ و شەڕ ئەکا و دیل ئەکرێ. دووەمیشیان کوڕی دیلکراوی سەرۆک وەک کوڕی به دیلگیراوی هەر ڕوسییەک ، ئەبێ له زینداندا بمێنێتەوە هەتا جەنگ تەواو ئەبێ.
کاتێ مرۆڤ داڵدە و نان و ئاو و خۆشگوزەرانیی و داهاتوو بۆ ماڵ و مناڵەکەی خۆی دابین دەکات، لە بازنەی ئاژەڵبوون دەرنەچووە، چونکە هەموو ئاژەڵ و پەلەوەر و بوونەوەرێک هەوڵی یەکبینەی بۆ دابین کردنی داڵدە و نان و ئاوە بۆ خێزان و بێچووەکانی..
واتا مرۆڤبوون پابەندە بە ڕێژەی ئەو خزمەتانەی بە بێ بەرامبەر پێشکەشی ئەوانی تری دەکەیت ..پابەندە بە ڕێژەی خەمخواردنت بۆ ژیان و گوزەران و کێشەکانی ئەوانی تر .
ئەوانەی چوونەتە مێژووی مرۆڤایەتییەوە و بوونەتە جێگای شانازیی مرۆڤایەتیی، ئەوانەن کە بۆ ئەوانی تر ژیاون و خەمخۆر بوون بۆ ئەوانی تر زیاتر لە خەمخورییان بۆ خۆیان و ماڵ و مناڵەکانیان .
لەناو گیانداراندا جۆرێکی تر لە بوونەوەر هەیە کە پێیان ئەووترێ دڕندە.
دڕندە ئەو گیاندارانەن کە پەلاماری ژیان و هێلانە و بێچووی گیاندارانی تر دەدەن و تێکیان ئەشکێنن و ئەیانکەن بە خواردن بۆ خۆیان و بێچووەکانیان. ئەم جۆرە لە گیانداران ترسناکترین و قێزەونترین بوونەوەری سروشتن .
ئەم جۆرە دڕندەییە، پەڕیوەتەوە بۆ ناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش، کاتێ کەسانێک ئەبینین هەر بەوەوە ناوەستن ئاژەڵ بن و تەنها هەوڵ بۆ خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان بدەن، بەڵکو پەلاماری نان و ژیان و داهات و داهاتووی ئەوانی تر ئەدەن و ..قۆرخیان ئەکەن بۆ خۆیان و مناڵ و بنەماڵە و خێزانەکانیان.
ئەم جۆرە مرۆڤانە ، نەک هەر ئاژەڵن ، بەڵکو ئاژەڵی ترسناک و دڕندەیشن. ناشیرینترین جۆری بوونەوەر و قێزەونترینیانن، کاتێ ئەیانبینیت داهاتی کۆمەڵگایەک و زەوی و ژێر زەوی و قوت و بژێویی ملیۆنان مرۆڤ، ئەفڕێنن و ئەدزن و ئەیخەنە خزمەتی خۆیان و خێزانەکانیان، هیچ باکیان بەوە نییە خەڵکێک برسی و بێ ئیش و بێ داهاتوو ، سەرلێشێواو و زەلیل بن، تەنانەت چێژی لێ دەبینن و ..ئەوەیش دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر موچەیەکی کەم چەک بکەنە شانیان و بیانکەن بە پاسەوان و چەکداری خۆیان.
لەوەیش زیاتر ، دڕندەیی و ترسناکیی ئەم جۆرە ئاژەڵانە، لەو ئاستەدا ناوەستێ، جەنگ و ترس و زیندانی نهێنی دروست دەکەن و چێژ لە کوشتن و ئازار و ئەشکەنجەدانی ئەوانە ئەبینن کە مرۆڤن و لە پێناوی گەڕانەوەی مرۆڤایەتیی و یەکسانییدا هەوڵ و خەبات ئەکەن .
بڕوانە دەسەڵاتدارانی بەغداد و هەرێمی کوردستان، ئەوسا بە ئاشکرا ئەو ئاژەڵە ترسناکە ملیاردێرانە ئەبینیت کە هیچ باکیان بە برسیکردنی میللەتانی عێراق نییە .. بێکاریی و سەرهەڵگرتنی لاوان و داڕوخانی شار و گوند و شارۆچکەکان و نەمانی خزمەتگوزارییەکان هیچ خەمێکیان لەلا دروست ناکات ، تەنها خەمی ئەمان زیاتر کردنی ژمارەی ملیارە دزراوە عەمبارکراوەکانیانە، زیاتر کردنی پڕۆژە زەبەلاحەکانی خۆیان و مناڵ و خێزانەکانیانە .
ئەمانە مێژوو ئەیانخاتە ناو زبڵدانەکانەوە.. هەتا هەتایە ئەبنە جێی نەفرەت و ڕق و توڕەیی مرۆڤایەتیی. لە بەرامبەردا میللەتەکانیان ئەبنە قوربانییەکی درێژخایەن، درێژخایەنتر له قوربانیانی هەڵەبجە و ناگازاکی و هێرۆشیما.
نەوزاد بەندی