Skip to Content

داتاشینی وشە و شێواندنی زمان.. سەدیق سەعید ڕواندزی

داتاشینی وشە و شێواندنی زمان.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by تەممووز 11, 2025 General, Literature
 
                                

بە هۆی نەبوونی زمانێكی ستانداری یەكگرتووی كوردی كە لە نووسیندا پەیڕەو بكرێت، شێوەكانی نووسین و ڕێنووس بە شێوازی جیا لە بڵاوكراوەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەونە بەرچاو. تا ئەو ڕادەیەی ڕێنووسی وشەیەك بە چەندین شێوە لە هەربڵاوكراوەیەك دەنووسرێت. لە كاتێكدا وشەكە هەر هەمان وشەیە.
كتێبێكم خوێندەوە، ڕێنووسی یەك وشە بە چوار جۆر نووسرابووكە ئەویش: (حكومەت_ حكوومەت_ حوكوومەت_حوكمەت) بوو. لە هەموو دنیادا، زمان وەك زانستێك ڕێكخستن و یەكخستنی ئەركی نێوەندە زانستی و ئەكادیمییەكانە، كەچی لە هەرێمی كوردستاندا، بە هۆی ئەو بێ پلانیەی لە بواری چاپ و بڵاوكردنەوەدا هەیە، دەبینین هەر بڵاوكراوەیەك بە جۆرێك پەیڕەو لە شێوەیەكی نووسین و ڕێنووس دەكات. گرفتەكە هەر تەنها ئەمە نییە، واتە نەبوونی یەك زمانی نووسین و ستاندارد، بەڵكو دیاردەیەكی دیكەی نا فەرهەنگی لە نێوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا سەریهەڵداوە، ئەویش داتاشین و داڕشتنی وشەی سەیر و نامۆیە، كە گوایا لە بەرانبەر واتا و هاوواتای وشەیەك بەكار دێت. هەڵبەتە زمان هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگە، گۆڕانی بە سەر دادێت، بەڵام لە ڕووی وشەسازیی فەرهەنگییەوە، مەرج نییە زمان بەردەوام لە گۆڕان دابێت، چونكە وشەی بنچینەیی لە هەر زمانێكدا هەن كە نەگۆڕن لە ڕووی واتاوە، بۆیە ئاسان نییە لە ڕێگەی دروستكردنی وشەیەكی نامۆ، كە ئەركی دامەزراوە ئەكادیمیەكانە، وشەیەكی نوێ بە مەبەستی گوایا بەرحەستەكردنی واتای زیاتر دابهێنرێت. لەو ڕوانگەیەوە بە هۆی گەشەكردنی وەرزشی شاخەوانی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، وشەیەكی داتاشراو هاتۆتە نێو زمانی كوردی ئەویش (شاخڕەوان) ە، كە گوایا مەبەست لێی هەموو ئەو كەسانەیە، كە وەرزشی شاخەوانی دەكەن و بنەمای ئەو وشەیە بە تێگەیشتنی خۆیان بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، كە كرداری (ڕەوان) ی تێدایە، وەك (كۆچڕەو) هەر بۆیە وەك چۆن كۆچڕەو بۆ كۆچی بە كۆمەڵ بە كاردێت، دەشێ شاخڕەوانیش مەبەست هەموو ئەوانە بێت كە وەرزشی شاخەوانی دەكەن، بەڵام بێگومان ئەم وشەیە هەڵەیە، چونكە شاخڕەوان، وشەیەكی لێكدراوە لە شاخ كە ناوێكی سادەیە، لەگەڵ ڕەوان كە هاوەڵناوی چۆنیەتییە پێكهاتووە. ڕەوان لێرەدا، كۆی وشەی ڕەو نییە، وەك ئەوەی كەسانێك تێی گەیشتوون، چونكە نیشانەی كۆی ئەلف و نون لەم وشەیەدا، بەشێكە لە خودی وشەكە، نەك نیشانەیەكی زیادكراو بێت، بە مەبەستی كۆكردنی كارەكە، یان ناوەكە، وەك ئەوەی لە كۆچڕەودا هەیە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە گەر پاشگری ئەلف و نونیش لە وشەكە لابەرین ئەوا دەبێتە (شاخڕەو) كە دیسانەوە هەڵەیە، چونكە شاخ كۆچ ناكات و ڕەوی نییە، بۆیە شاخڕەوان لە ڕووی واتاییەوە هەڵەیە، بەڵكو شاخەوانان دروستترە، كە مەبەست لێی كۆی ئەو كەسانەیە كە وەرزشەكە دەكەن.شاخەوان وشەیەكە دەكرێ وەك ناوی مرۆڤ بۆ ڕەگەزی نێر، هاوكات وەك سیفەتیش بەكار بهێنرێت.
زمان زانست و هونەرە، زمان موڵكی كەسی نییە تا نووسەرێك بە ئارەزووی خۆی وشەی نوێ و بێ مانای بۆ دابتاشێ، بەڵكو ئەمە ئەركی دامەزراوە ئەكادیمییەكانە، لە نێوشیاندا ئەكادیمییای كوردی كە بەو ئەركە هەستێت، بەڵام بە داخەوە زمان لای ئەوانیش لە پەراوێزی كارە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەكان دایە.


• ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە (1377) لە 3/7/ 2025 بڵاوكراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress