
نامه‌كه‌ی میر جه‌لاده‌ت به‌درخان بۆ مسته‌فا كه‌مال و خوێندنه‌وه‌یه‌ك.. نووسینی/ جوان شێخۆ.. وەرگێڕانی/ ئاكۆ عەبدوڵڵا
مانگی ئه‌یلولی ساڵی 1990 ئه‌و نامه‌یه‌ی میر جه‌لاده‌ت به‌درخان بۆ مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركی نووسی بوو، له‌لایه‌ن ره‌وشه‌ن به‌درخان له‌ژێر ناوی (نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆك كۆماری توركیا، به‌ڕێز مسته‌فا كه‌مال پاشا) به‌وه‌رگێڕدراوی بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و له‌شێوه‌ی كتێبێكی 71 لاپه‌ڕه‌ی مام ناوه‌ندی له‌ده‌زگای (دلاوه‌ر زنكی) بڵاوكرایه‌وه.
لێكدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن:
میر جه‌لاده‌ت له‌ده‌ستپێكی نامه‌كه‌یدا رووخساره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد وه‌ك سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دنیا به‌دیارده‌خا و هۆكار و مه‌به‌ستی نووسینه‌كه‌شی ده‌به‌ستێته‌وه به‌جاڕدانی لێبوردنی گشتی له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات و به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی دە ساڵه‌ی دروستكردنی كۆماری توركیا و كۆمه‌ڵێك هۆكاری دیكه‌وه. له‌دوایدا به‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی، چووه‌ته ناو باس و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه (ئه‌حمه‌دی خانێ) ی شاعیر، یه‌كه‌م موژده‌به‌خشی نه‌ته‌وایه‌تی كورده و له‌شاكاره نه‌مره‌كه‌ی (مه‌م و زین) دا به‌ڕوونی ئەو هه‌سته به‌دیار ده‌كه‌وێ. ئینجا هاتۆته سه‌ر باسی راپه‌ڕینه‌كانی گه‌لی كورد و تێیدا لایه‌نه‌كانی كێشه‌كه‌ی به‌درێژایی مێژوو له‌سه‌ر شێوه‌ی تایه‌فه‌گه‌ری ئایینی و یاخیبوونی خێڵایه‌تی، وه‌ك ئه‌و شێوه هاوچه‌رخه‌ی كه ئه‌وسا له‌ئارادا بووه، ده‌ربڕیوه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌ره‌نجامی سه‌رجه‌م هه‌وڵ و راپه‌ڕینه‌كانی، به‌ده‌ربه‌ده‌ربوون هێناوه‌ته‌وه كه دووچاری كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری بوون، به‌هه‌موو چین و توێژه‌كانییه‌وه، هه‌روه‌ك ده‌فه‌رموێت : “له‌كاتی گه‌شتێكم به‌كوردستاندا ساڵی 1919 تووشی یه‌كێك له‌و كاروانه كۆچپێكراوانه بووم كه له‌شاری حه‌له‌ب هاتبوون و به‌ره‌و شوێنی خۆیان ده‌گه‌ڕانه‌وه. له‌قسه‌كانیان ده‌ركه‌وت له‌كاتی ده‌ربه‌ده‌ربوونیان ژماره‌یان 4485 كه‌س بوو كه‌چی ته‌نیا 255 كه‌سه‌یان مابونه‌وه”. هه‌روه‌ها له‌نامه‌كه‌یدا رووداوێك ده‌گێڕێته‌وه كه رۆژنامه‌نووسێك بۆی باسكردووه و نه‌شیویستووه ناوی بهێنرێت تا خاكی توركیا جێده‌هێلێت. له‌به‌ر گرنگی باسه‌كه به‌ته‌واوی ده‌یخه‌ینه‌ڕوو “له‌نزیك ئه‌و شوێنه‌ی كارمان تێدا ده‌كرد دێیه‌كی خامۆش هه‌ڵكه‌وتبوو. زۆر جار ئێمه به‌سواری وڵاخ روومان تێده‌كرد. تا ئاشنایه‌تیمان له‌گه‌ڵ پیاوێكی كورد په‌یدا كرد كه ته‌مه‌نی 102 ساڵ بوو. هه‌ر جاره‌ی كه ده‌چووینه ئه‌و ئاواییه چه‌ندان كاتژمێرمان له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه دونیا دیده به‌سه‌ر ده‌برد، جارێكیان پاش تێپه‌ڕبوونی دوو هه‌فته غه‌ریبێمان كرد و سوار بووین به‌ره‌و ئاواییه‌كه. مامه‌ی كورد هه‌ر كه چاوی به‌ئێمه كه‌وت بزه‌یه‌ك زایه سه‌ر رووی، به‌ڵام سه‌ره‌تا هه‌ڵنه‌ستا و به‌ره‌وڕوومان نه‌هات و داوای لێبوردنی لێمان كرد كه روانیمان قاچه‌كانی ئاوساوه و له‌به‌ر لێدان و ئازار، شین هه‌ڵگه‌ڕاون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی ده‌دا له‌به‌رمان هه‌ستێ، به‌ڵام ئێمه نه‌مان هێشت و له‌ده‌وریدا كۆمه‌ڵمان به‌ست. ئه‌ویش كه‌وته گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كه و وتی : “دڕنده‌كان پێش دوو هه‌فته هاتنه گونده‌كه‌مان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك، ئێمه چه‌كمان له كوێ بوو؟ هه‌رچی هه‌مان بوو كاتی خۆی بۆ (كه‌مال پاشا) دامان به‌بنكه‌ی پۆلیس. ته‌نانه‌ت موسێكیشمان له‌لا نییه. لاوه‌كانمانیان به‌زۆر راپێچ كرد و بر‌دیانن، كه تا ئێستا نازانین له‌كوێن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه. كاتێك بۆ لای من هاتن، زۆرم تكا لێ‌كردن، به‌ڵام هیچ سوودی نه‌بوو، له‌زه‌وییان گه‌وزاندم و نزیكه‌ی چل قامچییان لێدام و خوێن له‌قاچه‌كانم رێچكه‌ی به‌ست و له‌هۆش كه‌وتم. له‌و ساوه وه‌ك ده‌بینن من كه‌وتووم”. لێمان پرسی : “بۆچی ئاوایان لێكردی؟”. به‌بێ بیركردنه‌وه وتی : “چونكه كوردم، تێناگه‌م كه‌مال پاشا نایه‌وێت له‌وڵاتدا كورد هه‌بێت”. یه‌كسه‌ر بێده‌نگ بوو. تاوێك خۆی رێك كرد و چاوه‌كانی به‌خۆیدا گێڕا‌و به‌رده‌وام بۆوه و وتی “نه‌خێر، ئه‌وه‌ی وتم هه‌ڵه بوو. كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كم كرد. ئێمه كاتی خۆی كورد بووین، به‌ڵام ئێستا هه‌ر هه‌موومان بووینه تورك. ئه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌دا ده‌ژیه‌ت هه‌ر هه‌مووی توركه، كه‌مال پاشا به‌و جۆره‌ی وتووه…”.
ئه‌و پیاوه كڵۆڵه له‌هه‌موو شتێ ده‌ترسا ته‌نانه‌ت له‌ئێمه‌ش، وای به‌خه‌یاڵدا ده‌هات ده‌چینه بنكه‌ی پۆلیس و شكاتی لێده‌كه‌ین. ئه‌و رووداوه‌م هه‌رگیز له‌بیرناچێته‌وه. چۆنم له‌بیربچێته‌وه؟ عه‌قڵم قبوڵی ناكات. مرۆڤ چۆن ده‌توانێت ده‌ست له‌پیاوێكی هێنده پیر بوه‌شێنی كه ته‌مه‌نی به‌دوو ساڵ له سه‌ره‌وه‌ی سه‌د بێ. یان منداڵێك ته‌مه‌نی دوو ساڵان بێت؟!”
میر جه‌لاده‌ت به‌شێكی گرنگی نامه‌كه‌ی بۆ زمان ته‌رخان كردووه، بۆیه پێویسته ئێمه‌ش هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌به‌رده‌مدا بكه‌ین. ئه‌و زمانه‌كانی دابه‌شی سه‌ر سێ به‌ش كردووه.
یه‌كه‌میان: زمانه پێكهاتووه ساده‌كان: كه زمانه سه‌ره‌تاییه دابڕاوه‌كان ده‌گرێته‌وه و شێوه‌كانی زمانی چینی، وه‌ك نموونه هێناوه‌ته‌وه.
دووه‌میان: زمانه پێوه‌لكاوه‌كان، وه‌ك زمانی توركی.
سێیه‌میان: ئه‌و زمانانه‌ی كه به‌ئاسانی خۆیان ده‌گونجێنن. ئه‌وه‌شی دابه‌شی سه‌ر دوو جۆر كردووه، زمانی كوردی له‌جۆری زمانه ئاریه‌كان داناوه.
میر جه‌لاده‌ت له‌نامه‌كه‌یدا ویستویه‌تی وه‌ڵامی ئه‌و زانا زمانه‌وانییه توركه بداته‌وه كه له‌سه‌رژمێریه‌كه‌یدا وشه كوردییه‌كانی به (8428) وشه داناوه، بۆیه ده‌ڵێت : “ئه‌و نووسه‌ره‌ی ساغكردنه‌وه‌ی زمانه‌وانی ئه‌نجامداوه و پشتی به‌زانیاریيه‌كانی دكتۆر فه‌ریجی ئه‌ڵمانی به‌ستووه كه ئه‌ویش به‌هه‌مان مه‌به‌ست ویستوویه‌تی وا ده‌رببڕێ كه كورد له‌ڕه‌سه‌نایه‌تی توركه‌وه هاتبێ و كتێبێكیشی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچكردنی گشتی ئه‌و كات بڵاوكردۆته‌وه و لیستێكیشی سه‌باره‌ت به‌وشه كوردییه‌كان به‌و شێوه‌یه داڕێشتووه:
ناوی زمانه‌كان ژماره‌ی وشه‌كان
په‌هله‌وی كۆن 370
زه‌ند 1240
تورك (توركمانی كۆن) 3080
ئه‌رمه‌نی 220
عه‌ره‌بی (به‌تورك كرا‌و) 3000
كوردی 300
فارسی (به‌تورك كرا‌و) 1030
چه‌ركه‌س 60
كه‌رجی (ئه‌لبانی) 20
كلدان 108
كه‌چی دكتۆر جه‌لاده‌ت له‌وه‌ڵامدا زۆر به‌وردی و ئاگادارییه‌وه وتویه‌تی : “ته‌نیا كۆی وشه كوردییه‌كانی شێوه‌زاری كرمانجیم (كه‌شێوازی تایبه‌تی ئاخافتنی خۆیه‌تی) سه‌رژمێر كردووه، توانیم (13090) وشه‌ی ره‌سه‌نی كوردی لێ ده‌ستگیر بكه‌م”.
خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه به‌گیانی نه‌ته‌وه‌ییش نه‌ڕوانین و وه‌ك زانا زمانزانه توركه‌كه‌ش پشت به‌دكتۆر فه‌ریج ببه‌ستین و لێكدانه‌وه‌كه‌ی میر جه‌لاده‌تیش به‌دوور بگرین، ته‌نیا به‌داننان به‌هه‌بوونی (300) وشه‌ی ره‌سه‌نی كوردی، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گرمان ده‌كه‌وێته ده‌ست، بۆ سه‌لماندنی بوونی گه‌لی كورد. هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر سه‌رژمێری راسته‌قینه‌ش بۆ وشه ره‌سه‌نه دوور له‌نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی كورد نه‌كرابێ.
هه‌روه‌ك وتمان دكتۆر جه‌لاده‌ت زمانی كوردی له‌جۆری ئاری و زمانه خۆ گونجێنه ساناكان داناوه كه به‌نه‌رم و نیانی ده‌ناسرێته‌وه و به‌ئاسانیش توانای توانه‌وه‌ی وشه‌ی بیانی تێیدا ده‌بینرێ. بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی نوێی كوردی لێدابڕێژرێت. (من له‌و روانگەیه‌وه بۆچونی تایبه‌تیم هه‌یه كه له‌داهاتوو ده‌یخه‌مه ڕوو). به‌ڵام به‌بڕوای دكتۆر جه‌لاده‌ت زمانی توركی زمانێكی ناوه‌ندییه و له‌توانایدا نییه هه‌مان كاردانه‌وه‌ی تێدا به‌رجه‌سته بێت. له‌به‌رامبه‌ر زمانی عه‌ره‌بیشدا به‌درێژی ده‌دوێت و ده‌ڵێت : “زمانی عه‌ره‌بی ئاری نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زمانی كوردی له‌نه‌رمی و خۆگونجاندا، یه‌ك ده‌گرێته‌وه و كورد ده‌توانێت وشه‌ی عه‌ره‌بی له‌ناو زمانه‌كه‌یدا بتوێنێته‌وه و وشه‌ی دیكه‌ی له‌نوێوه لێ دابڕێژێته‌وه”. له‌دوایدا زۆر وشه‌ی كوردی هێناوه‌ته‌وه كه له‌بنچینه‌دا عه‌ره‌بین، بۆ نمونه وشه‌یcivat كه له‌وشه‌ی (جماعه cimat) ی عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگیراوه، به‌ڵام له‌كوردیدا (m) گۆراوه به (v) و وشه‌كه بۆتهcivat .
سه‌باره‌ت به‌پێوه‌ندی نێوان زمانی كوردی له‌گه‌ڵ زمانی فارسیشدا كه تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ریاندا به‌رده‌وامه، دكتۆر ده‌ڵێت : “ئه‌و دوو زمانه زۆر لێك نزیكن كه زۆر ئاساییه مرۆڤ بڵێت ئه‌وانه دوو شێوه‌زاری سه‌ر به‌یه‌ك زمان بن”. له‌دوایدا دكتۆر ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێ زمانی كوردی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده، ئه‌و وته‌یه دێنێته‌وه كه په‌یامبه‌ری تورك (زیا گۆكالپ به‌گ)() كاتی خۆی وتویه‌تی : “زمانی كوردی ده‌وڵه‌مه‌ندترین زمانی رۆژهه‌ڵاتییه، به‌زماتی عه‌ره‌بیشه‌وه”. له‌به‌ر گرنگی پێدانی دكتۆر جه‌لاده‌ت له‌ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌یدا به‌زمانه‌وانی، ئێمه‌ش بایه‌خی زۆرمان پێدا. ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت میر جه‌لاده‌ت ماوه‌یه‌كی زۆر سه‌رقاڵی ساغكردنه‌وه‌ی وشه كوردییه‌كان بووه و یه‌كه‌م كه‌سیش بووه ئه‌لف و بێی لاتینی كوردی داڕێشتووه. له‌پاش ئه‌وه باس له‌لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی نامه‌كه ده‌كه‌ین. له‌شوێنێكی دیكه‌دا مه‌به‌ستی وڵاته به‌هێزه‌كانی رۆژئاوا سه‌باره‌ت به‌توركیا، ئاوا بۆ مسته‌فا كه‌مال باس ده‌كات : “وڵاتانی زلهێزی ئه‌وروپایی ده‌یانه‌وێت توركیا له‌ئاسیا و ده‌ورووبه‌ری رووسیا به‌دوور بگرن”. له‌كۆتایی نامه‌كه‌شیدا سه‌رسوڕمانی خۆی بۆ ئه‌تاتورك ده‌رده‌بڕێ كاتێك باس له‌هه‌وڵی له‌ناوبردنی گه‌لێك ده‌كات كه خاوه‌نی سه‌رجه‌م رووخسار و بنه‌ماكانی نه‌ته‌وایه‌تی خۆیانن. سه‌رسوڕمانییه‌كه‌ی دكتۆر له‌گۆڤارێكی ئه‌مه‌ریكی هه‌ڵقوڵاوه كه تێیدا هاتووه (له‌ولایه‌تی كالیفۆرنیا خێڵێك له‌خێڵه‌كانی هیندییه سووره‌كان ته‌نیا ژنێكی ته‌مه‌ن نەوەت ساڵه و پیاوێكی سەد ساڵه‌یان لێ مابۆوه. به‌مه‌به‌ستی شوێن بزرنه‌بوونی ئه‌و خێڵه، حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی رێكخراوێكی زانستی نارده شوێنه‌كه بۆ لێكۆڵێنه‌وه له‌باره‌ی پاشماوه‌ی خێڵه‌كه. رێكخراوه‌كه به‌شه‌و و رۆژ به‌رده‌وام له‌كار و لێكدانه‌وه دابوو له‌سه‌ر چۆنیه‌تی داب و نه‌ریت و شێوازی ژیانیان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یه‌كه یه‌كه‌ی قسه‌كانی دوو شاهیده‌كه‌ی له‌سه‌ر ریكۆرد تۆمار كرد). ئه‌ی باشه ئێستا ده‌بێت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد چۆن بێت؟ دكتۆر روونكردنه‌وه‌ی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه ده‌خاته به‌رده‌م مسته‌فا كه‌مال و له‌دوا دێڕی نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت : “به‌بانگه‌وازی ره‌سمی، دانبنێن به‌بوونی كورد و مێژوو و نه‌ژاد و مافی به‌رده‌وامبوونی ژیانی”. چه‌ندان تێبینی و بۆچوون: 1- دیرۆكی نووسینی نامه‌كه ساغ نه‌كراوه‌ته‌وه، ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێ كه به‌بۆنه‌ی دە ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر دامه‌زراندنی كۆماری توركیا و بڕیاردانی لێبوردنی گشتییه‌وه نووسراوه. 2- ئایا نامه‌كه گه‌یشتووه‌ته ده‌ست ئه‌تاتورك یان نا؟ به‌چ شێوه‌یه‌ك؟ ئایا له‌شوێنێكی دیكه‌ی وه‌ك گۆڤار و رۆژنامه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه؟ له‌ڕاستیدا یه‌كه‌م لێپرسراو له‌به‌رده‌م راستی نامه‌كه وه‌رگێڕی بابه‌ته‌كه خوالێخۆشبێ ره‌وشه‌ن به‌درخان و ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه‌ی (دلاوه‌ر زنكی) یه. 3- هه‌ر كه‌سێك زۆر یان كه‌م له‌سه‌ر كوردی نوسیبێ له‌هه‌ر سه‌رده‌مێك، میر جه‌لاده‌ت له‌باسكردنی كوردستانی لكاو به‌سوریا، خۆی به‌دوور گرتووه و هۆیه‌كه‌شی ره‌نگبێ بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه خۆی له‌سوریا جێ‌نشین ببوو. 4- بۆچوونێكی گرنگم له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی نامه‌كه هه‌یه كه تایبه‌ته به‌زمانه‌وانی. دكتۆر جه‌لاده‌ت زمانی كوردی به‌ئاری به‌ستووه‌ته‌وه، كه‌چی زیاتر پێی له‌سه‌ر وشه به‌كوردی كراوه‌كاندا گرتووه. به‌بڕوای من ئه‌و ته‌نیا لایه‌نه لاوازه‌كانی زمانه شیرینه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌مانی ده‌ربڕیووه. هه‌رچه‌نده ئێمه زۆر چاك له‌مه‌به‌ستی روونكردنه‌وه‌كه‌ی ده‌گه‌ین، به‌ڵام چاكتر وابوو وشه كوردییه ره‌سه‌نه‌كانمان به‌نموونه بۆ بێنێته‌وه نه‌ك وشه داڕێژراوه عه‌ره‌بییه‌كان. هه‌رچه‌نده ئاماژه‌شی بۆ كردوون، به‌ڵام هیچ نموونه‌یه‌كی ریز نه‌كردووه. ئه‌گه‌ر بڵێین كوردی و عه‌ره‌بی هه‌ردووكیان ئاسان و نه‌رمن و كوردی و فارسیش دوو شێوه‌زاری یه‌ك زمان بن، هه‌روه‌ك دكتۆر ئاماژه‌ی بۆ كردووه و زمانی كوردیش سه‌ر به‌زمانه‌كانی ئاری بێت، كه‌واته له‌زمانه‌كانی ئه‌ڵمانی و یۆنانی و ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی زۆر نزیك ده‌بێته‌وه. بەو پێیه دوورنییه له‌داهاتوودا شۆڤینییه‌ك به‌پشت به‌ستن به‌بۆچوونه‌كه‌ی دكتۆر جه‌لاده‌ت، وشه كوردییه‌كان بۆ سه‌ر ره‌سه‌نایه‌تی ئه‌و جۆره زمانانه بگێڕێته‌وه. سه‌رچاوه : گۆڤاری (الحوار) هه‌ردوو ژماره‌ی (18 – 19) زستان و به‌هاری 1997 – 1998 () شاعیر و نووسه‌ر و تیۆرداڕێژی نه‌ته‌وه‌یی و پێشه‌نگی كۆمه‌ڵناسانی توركه. به‌باوكی نه‌ته‌وه‌ی توركی داده‌نرێت. ساڵی 1875 له‌ئاماد هاته دونیا و ساڵی 1924 له‌شاری ئیسته‌نبول كۆچی دوایی كردووه. یه‌ك له‌به‌رهه‌مه‌كانی به‌ناوی (مێژووی هۆزه‌كانی كورد) كه دوای خۆی بڵاوكراوه‌ته‌وه. (وه‌رگێڕ)
وەرگێڕانی/ ئاكۆ عەبدوڵڵا
