
نەیزکەکەی ١٨٨٨ی سلێمانی لەئەرشیفی عوسمانییەکاندا.. نووسینی: یوسف عزەدین
( بەسەرهاتی ئەو ئاگربارانەی لە جێشانەوە تا گوڵعەمبەر بەئاسماندا کشا)
هەرچەند شیعر، لەسەردەمی نالی-یەوە تا سەرەتاکانی سەدەی بیست-یش، تاڕادەیەکی بەرچاو، بەشێک لەڕووداو و بەسەرهات و ناوی کەسایەتییە مێژووییەکانی لەدووتوێی خۆیدا جێ کردۆتەوە. هەر بۆیە، لەکاتی نەبوونی سەرچاوەی دیکەدا؛ بەناچاری توێژەران؛ وەک چاووگ بۆی گەڕاونەتەوە.
بەڵام؛ ئەی بۆ دەبێت، ڕووداوێکی فەلەکی زۆر گرنگ و ناوازە، لەناوچەیەکی پڕ جموجۆڵی وەک سلێمانی- دا ڕووبدات، کەچی نەچێتە نێو شیعر و موناجاتی ئیلاهی و نامەو نووسراوێکی کوردییەوە، یان چۆن دەبێت، لەپەراوێزی دەستنووسێکدا؛ مەلا و کەسانێکی ئایینی، یان خوێنەوارانی ئەو سەردەمەو ئەوانەی دواتریش، تۆماریان نەکردبێت!؟
یان دەشێت هەبووبێت و دواتر فەوتا بێت؟ یان لەشوێنێکدا ئاماژەی پێدرابێت و ڕاگوزەرانە خوێنرابێتەوەو نەزانرابێت مەبەست لەچییە!
ئەی تۆ بڵێیت، کاتێک ئینگلیزەکان کتێبخانەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی-یان سووتاند؛ ئاماژە بەڵگەیەکی تایبەت بەو ڕووداوە فەلەکییە، لەنێو دەستنووسەکاندا نەبووبێت!؟ هەموو ئەمانەو زۆری دیکەش پرسیارن و گەڕان بۆ وەڵامەکانی؛ کاری هەموو ئەوانەیە، بەمەراقەوە بەدووی بەڵگەمێژوویی و دەستنووسە ئەرشیفییەکاندا دەگەڕێن!
دۆزینەوەی ئەم ڕووداوە فەلەکەییە لەڕێی هەوڵەکانی سێ کەسی ئەکادیمییەوە؛ یەکەمیان زانای (هۆڵەندی-ئەمریکی) پرۆفیسۆر؛ پیتەر جینیسکینز ، دووانەکەی تریش، پرۆفیسۆر؛ ئۆزان ئۆنساڵان و ئاڵتای بایاتڵی، دۆزرایەوە. لەڕاستیدا ئەوان، بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ئەرشیفی دیاردە سروشتییە فەلەکییەکانی سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕان، بەڵام بەڕێکەوت و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئاسمان و خاکی بەشێکی نێو شاری سلێمانی و دەورووبەری بووە مەیدانی هەڵسووڕان و جموجۆڵێکی فەلەکی ناوازە.
سەرچاوەی سەرەکی بابەتەکەشمان، وتارە سەرەکیەکەی ئەوانەو لەکۆتایی وتارەکەشدا لینکەکەیمان داناوە. بەپێی ئەو سەرچاوەیە؛ سێ دەستنووس لەبەردەستدایە، بەپێی زنجیرەی دەسەڵاتەکان لەبنەوەڕا بۆ سەرەوە، بەرزکراوەتەوە. ناوەڕۆکی هەواڵەکەو زانیارییەکان هەر یەکن و لەخودی وتارە سەرەکییەکەی هەر سێ کەسایەتییە ئەکادیمییەکەدا، وەرگێڕان؛ لەشێوەزار و شێوەنووسینی عوسمانییەوە، بۆ سەر شێوەزار و شێوەنووسینی تورکی لاتینی، هەروەها ئینگلیزی کراوەو هەرچەند زۆر دڵسۆزانە، وەرگێڕ یان وەرگێڕەکانی ئەو چەند دەستنووسە فەرمییە گرنگە، مەبەستیان بووە، تەواوی زانیاری و ناوەکان؛ بەڕاست و دروستی بخەنەڕوو، بەڵام هەوڵەکەشیان بێ کەموکوڕی نەبووە؟! ئەمەش ئاساییە، تا ئەو شوێنەی ناتوانیت، ناوی شوێنێک وەک خۆی بنووسیتەوەو لێت دەبێتە ناوێکی تری نەبوو و نەزانراو؟!. ئاشکرایە لەگەیاندنی ناوی شوێنەکان، لەدیاردەیەکی فەلەکی گرنگی لەو چەشنەدا، بەهەڵە ناوبردنی شوێنێک، یان نەدۆزینەوەی شوێنێک، بەناچاری بەرەو شوێنێکی ترمان دەبات، جیاواز لەوەی خودی دەستنووسەکان مەبەستیان بووە؛ وەک مێژوو بۆ ئێمەی بگوێزنەوە.
هەر بۆیە، نەدۆزینەوەی ناوی یەکێک لەڕاگوزەر-شوێن-ە گرنگەکانی ڕووداوە فەلەکییەکەی سلێمانی و دیارینەکردنی شوێنجێگەکەی؛ ئاست و بەهای لێکۆڵینەوە زانستییەکەیان لاسەنگ دەکات!
لەهەمووشی ناخۆشتر لەبەرواری ٢٢ ئێپرڵی ٢٠٢٠ ەوە ئەم بابەتە بڵاوکراوەتەوەو لەنێو ئەو هەموو کەسایەتییە خودان بڕوانامانەی لای خۆمان، کەپسپۆڕییەکەیان نزیکە لەیەکێک لەبابەتە تێکەڵەکانی لێکۆڵینەکەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی خەڵکی سلێمانی- ن؛ ئاخۆ بۆ کەس و کەسانێکیان تێدا پەیدا نەبوو؛ بەجدی بچنە نێو قووڵایی ئەو بابەتە گرنگەوە، یان هەر هیچ نەبێت داوا لەکەسانێکی بەڵەدی تورکی زان و شارەزا لەخوێندنەوەی شێوەنووسینی عوسمانی بکەن، تا جارێکی تر بەوەرگێڕانی ئەو دەستنووسانەدا بچنەوەو هەر کەموکوڕییەکی تێدا بێت، خاسی بکەنەوە.
لەڕێی خوێندنەوەی دەستنووسەکانەوە، ئاشکرا دەبێت کەناوی خورماڵ-ی ئێستا، لەو سەردەمانەدا ( خورڵمار) بووە؛ گوندێکیش بووە، سەر بەناحیەی گوڵعەمبەر.
هەروەها ئەو گوندە نەدۆزراوەی کەلەڕێی بەهەڵە وەرگێڕانەوە بۆتە (دلاوەر- دلاڤەر)، ناوە؛ ڕاست و دروستەکەی ( وێڵەدەر)ە، خۆشبەختانەش یەکێکە لەو گوندانەی کەلەبەر هەر هۆکارێک بووبێت؛ شاڵاوی ئەنفال و ڕاگواستن نەیگرتەوە.
لێرەدا یەکێک لەدەستنووسەکانم وەرگێڕاوەتە سەر(شێوەزاری سۆرانی)، کەدەبێتە نمونەیەکی تێرو تەسەلی سەرجەم بابەتەکە، وەک لەسەرەتاشدا ئاماژەمان پێدا؛ هەمان زانیاری لەدوو دەستنووسەکەی تریشدا دووبارە دەبێتەوە.
ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی دەستنووسە، بەرزکراوەکەی والی موسڵ-ە:
{ ویلایەتی موسڵ
نامەی نووسراو
ژمارە ٨١
بۆ/ وەزارەتی ناوخۆی پایەدار
جەنابی پایەدار
دەوڵەتدار، حەزرەتی خودان مەزنایەتی
١٠-ی ئۆگستۆس، ڕۆژی ٥ شەممە، دەوروبەری کاژێر هەشت و نیو، لەڕۆژئاوای ناحیەی سەرچنار، لەکۆتایی کلکەی گوندی جێشانە، گڕێک هاوکات تێکەڵ لەماتەڕیاڵی خۆڵ و بەرد، بەر لوتکەی گردێکی شێوە ئەهرام کەوت، لەگەڵ سووتانی، بەهەوادا بەرزبۆوەو بەرەو ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی، بۆ لای گوندی (وێڵەدەر) کشاو لەبەر ئەوەی بەر تەپۆڵکەیەک کەوت، لەژێر تەپۆڵکەکەشدا دوو کەس هەبوون، زیاتر کاری کردە سەر یەکێکیان و تەلەف بوو؟! “١”
ئەویتریشیان تا ئێستا لەجێگەدا کەوتووە.
هەروەها لەگوندی ( خورڵمار- خورماڵ)ی سەر بەقەزای گوڵعەمبەر، بەچەشنی باران بارین، بەدەوروبەر و چوار دەوریدا، ١٠ خولەک، ڕێژەیەک لە بەرد باری.
شوکور هیچ زیانێک بەر دانیشتووانەکەی نەکەوتووە، بەڵام ئەو بەردانە تەسادوفی هەر بێستان و مەزرایەکی کردبێت، خەسارەتی تەواوی لێ داوە.
جێگەی سپاسە وەک نمونەیەک پارچە بەردێک لەلایەن پارێزگار( موتەسەڕیف)ی سلێمانی-یەوە نێردراوە، وا نمونەکەمان بۆ بەردەم مەنزووری عالی، وەزارەتی پەناگەتان”٢” پێشکەش و تەسلیم بە پۆستە کردووەو لەهەر حاڵ و کارێکدا ئەمر و فەرمانی حەزرەتیان، دەگاتە شوێنی پەیوەستدار”٣”
٧ی موحەڕەم
١ی ئەیلولی ١٣٠٦
والی موسڵ
فایق مستەفا }.
لێرەدا دەبێت بڵێم، جارێکیان؛ گوێبیستی گێڕانەوەیەک بووم، دەما و دەم گەیشتبووە، کەسی گێڕەڕەوە، کەخۆی خەڵکی گوندی وێڵەدەرە، بەپێی گێڕانەوەی ئەم کەسایەتییە ڕێزدارە؛
باس لەجۆرە ڕووداوێکی سروشتی ساڵانی دوای سەدەی نۆزدە دەکات، کە بۆیان گێڕاوەتەوە، گوایە جۆرێک لەهەورەبروسکەو باو و بۆران، بۆتە هۆکاری دەرکەوتنی کوپەڵە زێڕێک؛ لەدرز و کەلێنی گردێکی نزیک گوندی (وێڵەدەر)دا. یان بەجۆرێکی تریش دەوترێت؛ گوایە پاش وەیشوومەو باو بۆران، لافاو ئەو کوپەڵەزێڕەی پێشخۆی داوە، تا دەست کەسێکی ئاسایی گوندەکە کەوتووەو بۆتە خاوەنی، بەڵام پاش ماوەیەک هەواڵ دەگاتە شوێن مەبەست و کاربەدەستێکی کوردی دەست ڕۆیشتووی پلەداری سەربازی ئەو دەمە؛ دەستبەسەر کوپەڵە زێڕەکەدا دەگرێت! ئیدی پاش ئەمە گێڕانەوەکە، ماجەرایەکی دوور و درێژ، بەدووی خۆیدا کێش دەکات و لێرەدا گێڕانەوەی بەپێویست نازانین و پێناچێت هیچ زیاد و کەمێک بخاتە سەر ئەوەی ئێمە بەدوویدا وێڵین!
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بابەتی گێرانەوەکە و کەمێک ڕابمێنین، دەبینین باس لەدیاردەیەکی سروشتی جیاواز دەکات. هەر لەنزیک و دەوروبەری (وێڵەدەر)دا، پێش سەدەی بیست و لەکۆتایی سەدەی نۆزدەدا ڕوویداوە؟ بەپێی زنجیرەی کەسایەتییە یەک لەدوای یەکەکانی گێڕانەوەکەو مەزەندەکردنی تەمەنی هەر یەکێکیشیان، دەزانرێت کەساڵەکەشی هەمان، یان نزیک ساڵی ڕووداوە فەلەکیەکەیە!؟
باشە ئەگەر بۆ ماوەی ١٠ خولەک وەک لەدەستنووسەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لە(خورماڵ- خورڵمار) بەچەشنی باران بارین، بەرد باریبێت، ڕێی تێدەچێت؛ لەدەوروبەری گوندی وێڵەدەر-یش پاش ئاگر بارانی تەپۆڵکەکەو مردنی کەسێک و زامداربوونی ئەویتریان، دوای ئەو ئاڵوگۆڕە لەئەتمۆسفێر و کەش و هەوای ناوچەکە، بارانێکی بەخوڕی بێ ئامان، بووبێتە لافاو، سێڵاو و هۆکاری دەرکەوتنی ئەو کوپەڵە زێڕە!؟
هەرچییەک و هەرچۆنێک بێت، کاری ئێمە، گەڕانی بەردەوامە؛ هیواخوازم لەمیانی ئەم وتارەمەوە توانیبێتم، دەلاقەیەک بخەمە سەر بابەتێکی هەستیاری هێجگار گرنگ، کەبێگومان دەرکە بۆ هەوڵدان و لێکۆڵینەوەو گەڕانی دیکەی توێژەران دەخاتە سەر پشت.
سەرچاوەی سەرەکی بابەتەکەمان
https://onlinelibrary.wiley.com/doi/full/10.1111/maps.13469
“١” ڕاستەوخۆ لەدەستنووسەکەدا نەوتراوە، کەسەکە، مەبەستمان کەسی یەکەمە، کەزیاتر زیانی پێدەگات؛ مردووە؟! لەڕاستیدا وتوویەتی: ( وەک ئەوەی تەلەف بووبێت؟!)، مەبەستی ئەوەیە : ( وەک ئەوەی تەلەف بووبێت؛ تەلەف بووە) کەواتە مەبەستی لەوەیە کەیەکسەر لاشەی کەسی یەکەم، بەسووتانەکە داڕزاوە، هەڵوەشاوە.. وەک کورد دەڵێت؛ هەلا هەلا بووە! هەرچەند تەلەف بوون، زیاتر بۆ مرداربوونەوەو لەناوچوونی ئاژەڵان بەکار دێت، بەڵام لەو سەردەمانەدا بەو شێوەیەش بەکارهێنراوە. مایەی ئاماژەپێدانە و بەڕای خاکەڕاییانەی خۆم، دەشێت لەبەر کتوپڕی و سامناکی و گەورەیی ڕووداوە فەلەکیەکە؛ هەروەها هەوڵدانی خێرای کاربەدەستی سەرەکی ئەو دەمی سلێمانی، بۆ گەیاندنی هەواڵەکە، پەلەکردنێک کرابێت، ناشێت بەشێنەیی، هەموو شتێک و کۆی ڕووداوەکەو کاریگەرییەکانی وەک خۆی گەیەندرابێت!؟
“٢” لەتورکییە عوسمانییەکەیدا نووسراوە:( مەنزووری عالی، نەزاڕەتی پەناهلەری)، مەبەست لەوەیە کە نووسراوە نێردراوەکە، دەگاتە ئاست خوێندنەوەی باڵاو وردبوونەوەی ئەو وەزارەتەی کەوەک پەناگەیەک پەنای بۆ براوە( دەستنووسەکەی بۆ نێردراوە). لەزمانی ئەدبیات و نووسینی تورکی-عوسمانیدا، هەمیشە ڕووبەڕووی وشەگەل و دەستەواژەی ڕێزگرتن، قەبەکردن و گەورەکردنی بەرانبەر دەبیتەوە؛ ئەمەش بەشێک بووە لەکلتوور و ئەتەکیەتی ئۆروستۆکراتیانەی عوسمانییەکان.
“٣” مەبەست لەوەیە هەر ئەمر و فەرمانێک سەرووتر بیفەرمووێت؛ جێ بەجێ دەکرێت.

