 
	چیرۆک\ قیبلەنمای تراویلکە .. عومەر سەید
          ژوورەکە پڕ دوکەڵ و بۆنی کحولە، هێشتا هەر باشە. دەستەکانم لەسەر چاوەکانم لابەرم، پڕ دەبێت لە سوێراوی فرمێسکم و دەخنکێم. قوڵپ دەدەم و نایەڵم فرمێسک بڕژێ. جگەرە بە جگەرە پێدەکەم و مەست و نیوە ئاگا لەسەر سیسەمەکە ڕاکشاوم. سیسەمێک بۆن عەزابی سەدان موسافیری بەر لە منی لێ دێت. چڵک وچڵمیان، مەراق و عەزابیان، پەڵە پەڵە بە هەموو شوێنێکی سەرین و دۆشەک و دیوارەکەوەیە! من وەک ئەوان، پاشماوەی چڵکی خۆم جێناهێڵم. ئەوان شەوێک یا دوو شەو، لێرە وەک مار کاژێکیان لە پیسی فڕێداوە و پاشان بە ئازارەکانیانەوە بۆی دەرچوون. نا، من لێرە دەرناچم، تا لە هەموویان زیاتر پیسترینی خۆم جێنەهێڵم. لێرە کۆتایی بە هەناسەکانم دێنم و ڕۆح و جەستەی کەنەفت و نەخۆشم هەر لێرە بە کۆتایی دەگەیەنم. پیسترینی خۆم جەستە و ڕۆحم، لێرە بە بۆگەنی جێدێڵم. دەگەڕێمەوە بۆ بەر لە دایک بونم. ئەو کاتانەی جەنگیزخان، هەڵمەتی دەبرد و کەللەسەری هەڵدەچنی. دەگەڕێمەوە ئەو سەردەمەی پێغەمبەرەکان، مردوویان زیندو دەکردەوە و ژنانیان وەک کەنیزەک دەبەخشییەوە. ئەو کاتی خودا، بۆ هەموو ڕووداوێک، کرداری هەبوو. بۆ سەردەمی تەیروئەبابیلە کە بێشوومار بەردیان بۆ گەڕانەوەی شکۆی خودا دادەباراند.
لەم دوا ساتانەی ژیانیشم، پیرۆت وازم لێناهێنێت و هەر دەڵێ. کوا… کوا…
دایە مەنیج وازناهێنێت و دەقیژێنێ بەسەرما: کوا… کوا… کواااا…
من هاتووم لەم ژوورە تەنیایەدا خۆم بکوژم. کەچی سەدان کەس لە ژوورەکەدا، هاوارم لێ دەکەن کوژراوەکانمان بۆ بگێڕەوە!
کوڕەکەم کوا… کچەکەم لە کوێیە… باوکم بدۆزەرەوە… مێردەکەم، ماوە یان نا… کچەکانم لە کوێن، ماون یان نەماون؟
من دەمەوێ خۆم بکوژم، ئەوان هێشتا دەیانەوێ شوێنی کەسوکارە کوژراوەکانیان بۆ بدۆزمەوە.
بیست پایزم بینیوە و بارتەقای درەختە پیرەکەی نێو حەوشەکەمان چەند گەڵای لێ وەریوە، هێندە و زیاتر خەم بۆ نێو ڕۆحم داباریوە. بۆیە بیست شووشە بیرم هێناوە. لە ساڵیادی لەدایکبوونم، لە بری مۆم، جگەرە دوای جگەرە دەکێشم و بیرە دوای بیرە دەخۆمەوە تا دوا سنوری مەستی. ئەمشەو دوا شەومە لە ژیاندا و خۆم دەکوژم. سبەی کە خۆر هەڵدێت. بۆ من نییە، من لە تاریکییەکی ئەبەدی و سارد و سڕدام.
لەم ژووری ئوتێلە لاچەپک و پیسەدا. دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئەو شوێنەی بەر لەدایک بوونم. نا بەر لە منداڵدانی دایکیشم. بیست هاوین، بەر بیست سەدە کەوتم! تەمەنم بیست دۆزەخە! بەردەوام هاودەمی مردووەکان بارێکی قورس بوو. هەرگیز وەک مرۆڤ نەژیام. هێندەی هەموو برینپێچەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، تەرمم بینیوە. من لە قیبلەنمایەک زیاتر نەبووم. قیبلەنمای دۆزینەوەی بزرە مردووەکان. دەگمەنترین کەسی ڕۆژگاری خۆم بووم. هەتا بڵێی تایبەت و دەگەمەن بووم. منداڵی جووکییەک دەبێ چۆن ژیانی کردبێت؟ ئەمشەو بارگەوبنەوە دەپێچمەوە، بەڵام هەرگیز ئەو پیرە پیاوەم بیر ناچێت. وەک ئەوەی هەمیشە هاودەمم بووبێت. ئەوەتا لە یەکێک لە ئاوێنە بازنەییەکاندا، بە خیشم و قینەوە لێم دەڕوانێ. ئێستاش واهەست دەکەم لە بەردەممدایە. خەم و ئازاری ئەم پیرەپیاوە، کە هەرگیز لێمنابێتەوە، هۆکارێکی سەرەکی خۆکوشتنمە. حەوت کچ و ژنەکەی ئەنفال بوون. هەموو ڕۆژێک دەهاتە لای باوکم. هەفتەی جارێکیش باوکم لەڕێی خودا، دەیکردە ئەو ژوورە تاریکەی تەنها منی بەردەم ئاوێنەیەکی گەورەی تیادابوو، منی قەتیسکراو. هەموو هەفتەیەک جارێک، من دەبوایە بۆ کچەکانی خواڕەحم بگەڕێم.
کچەکانت ئەوەتان، دەبینی؟ لە نێو لمدا، کراسی بووکینی خۆیان دەدوورن. دەبینی، لە بیاباندا، بە دوای زاوادا دەگەڕێن! دەبینی، وەک سەحرا، کراسەکانی بەریان پڕ پوولەکەی تراویلکەیە. لەم ئاوێنەیەوە تەماشایان بکە، ئیدی بۆ ئەبەد نایانبینیتەو. بیابان یەک جار هەڵیلووشیت، ئیدی هەرگیز ناتگێڕێتەوە. ئەوەی شوو بە لم بکات، گەڕانەوەی نییە! نەمدەزانێ چۆن تێیبگەیەنم کە بیابان زاوایەکی دڵ پیس و بەدفەڕە، هەر کە کچی خۆت پێبەخشی، لە یەکەم شەوەوە و پاش زاوا بوون، ئیدی نایبینیتەوە.
ئەو پیر و کەنەفت بوو. چاوەکانی تەڵخ و نا ڕوون دەیانبینی. خێرا خێرا و پچڕ پچڕ دەیوت. “کوا هیچ نابینم؟!” بە گریانەوە دەیوت “کەمێک ئاوێنەکە پاک بکەرەوە.”
هەموو جارێک بە خاولێکەی دەستم ئاوێنەکەم بۆ پاکتر دەکردەوە. ئەو هەر نەیئەبینی. تەڵخی و لم بارینەکە لە ناو بیابانەکەدا بوو، ئەگەر نا ئاوێنەکە ساف و ڕوون بوو. دەمزانی ئەوەی من دەیبینم لە حوکمی چاوی ئەودا نەبوو. بۆ دڵدانەوەی و کەمێک هێورکردنەوەی ڕۆحە بە ئازارەکەی، بە لێهاتوترین شێوە درۆم بۆ دەکرد و وێنای زاواکانیم وەک کوڕە شوانە چوارشانەکانی گوندەکەی خۆی، وەک ئەو گەنجانەی بەدەم بلوێرەوە هارترین بەرانەکانیان ڕام دەکرد. وەک ئەو پیاوە پاکیزانەی، پێنج فەرزە، نوێژیان دەکرد. ئاوا بە درۆ وێنای شانوشەوکەتی زاوای بیابانم بۆ دەکرد.
کیژەکانیم وەک حۆرییەکانی نێو بەهەشت بۆ باسدەکرد. ئەها سەرنج بدە، چ بەژن زراف و چ جوان هەڵدەپەڕن…
کاتێکیش بە دەروونی ئارامەوە ژوورە تاریکەکەی جێدەهێشت. کەفوکوڵی گریانی من دەستی پێدەکرد. ئەوەی من دەمبینی لە ئاوێنەکەدا، جگە لە خۆم کەس بەرگەی نەدەگرت و ڕووی باسکردنی نەبوو. خواڕەحم چاوەکانی کز بوون. گەر نا یەک لەسەر هەزاری دیمەنی کیژۆڵەکانی، بەس بوو بۆ ئەوەی دەستبەجێ ڕۆحی دەربچێت.
لە تەمەنی شەش بەهاریمدا، لە بری ئەوەی بخرێمە بەر مەکتەب. باوکم، خستمێ بەر ئاوێنە! من منداڵی بەر ئاوێنەیەکی ئەفسوناوی بووم! لە نێو ژوورێکی تاریک و کەمێک تەڵخ و لێڵ بە ڕەنگی خوێن، ژوورێکی پڕ هەناسەی مەرگ و بخوڕی سوتاو، یان باشتر وایە بڵێم پڕ تەرمی بۆن کردوو. ئەو تەرمانەی گۆڕیان نەبوو، لە کون و پەسێوێکی ئەم سەرزەمینەدا، لە بیابانێکدا، لە نێو چڕە قامیشێکدا، لە کەندڕێکی قووڵی دوورە شاخێکدا، هەر بە جلوبەرگی خوێناوی خۆیانەوە حەشاردرابوون. یان لە بنی قووڵی بیرێکدا، لەگەڵ کەلاکی سەگ و پشیلە و مار و مێروودا بۆ ئەبەد فڕێدرابوون. لە ئاوێنەکەدا، ئێسکوپروسک و کەللەسەری دەم داچەقاوی ئەوانم دەبینی و لە ژوورەکەشدا، کەسوکاری چاو بە فرمێسک و دەم بە ئاه و نزای ئەوانم دەبینی. هەمیشە چاوێکم لەسەر تەرمە بزرەکانی نێو ئاوێنەکە و چاوێکیشم لەسەر دەموپلی پاڕانەوە و هاواری کەسانی نێو ژوورە تەڵخەکە بوو. باوکم بە ڕیشێکی پان و فرێودەرانەوە، بە زمانی لووس و لێزانانەوە دەژیا و پارەی کەڵەکە دەکرد. ئەو گیرفانیانی دەتەکان و منیش ڕۆحیان. ئێستاشی لەگەڵ بێت، نازانم ئەو چۆن ئەوانی فرێودەدا و بە چ ئەفسونێک لە خشتەی دەبردن! خۆیشم تا ئێستا نازانم چۆن ئەو هەموو تەرم و وێنە و شوێنە لاتەریک و چەپکانە دەهاتە نێو ئاوێنەکەی بەردەمم و من لە ژێر کاریگەری چ سیحرێکدا، ئەو هەموو دیمەنە قێزەونانەم دەبینی و بۆ قوربانییەکانی نێو ژوورەکەم دەگێڕایەوە!
زۆر جار لە بێزاری و ئازاری جەستە شەکەتەکەمدا، بۆ بینینی حەشاماتی نێو دیوەخانە هەمیشە سیخناخ لە خەڵکەکەدا، کە وەک ڕانە مەڕ لە بەردەم ویقاری باوکمدا گڕمۆڵە دەبوون. دەچووم و لە سووچێکدا گرمۆڵە دەبووم و مت و مات دەمڕوانی و گوێم لە داخوازی و ڕاز و نیازی خەڵکەکە دەگرت. هەمیشە دیوەخانەکە جمەی دەهات لە خەڵک، لە ژن و لە پیاو. دیوەخانێک، دیواری بە جاجم و بە تابلۆی ئایەت و بە زەخرەفەی ئیسلامی داپۆشرابوو. دوو دەڕۆیشت و سێی تر خۆیان دەکرد بە ژووردا. لە ناوڕاستی لای سەرەوەی دیوەخانەکەدا، باوکم بە ویقاری پاشایەک، چوارمشقی شانی دادابووە سەر سەرینی ئاوریشمی پڕ نەقش و نیگار. بەسەر فەرشی حەوت سەد شانەی حەوت سەد ڕەنگەوە، بە پەنجەی ئەستوری پڕ ئونگوستیلەی یاقوت و زومرودەوە، بە دوو چاوی زەقی نێو بازنەی قژە سەر و ڕیشی درێژەوە، بە دەوریدا، کەشێکی جادوویی پڕ تەلیسم دەباری.
پەیتا پەیتا، مرۆڤ لە بەردەمیدا کڕنۆشی دەبرد و پاشان ڕاز و نیازی خۆیان هەڵدەڕشت. خێرا خێراش باوکم هاواری دەکرد. “کاری تۆ بە جێیەو و خەمت نەبێت بە دڵی خۆت دەبێت. ” بە یەکی دەوت. “بچۆ ئێسکی باڵی پەپولەسلێمانم بۆ بێنە.”
بە یەکێکی تری دەوت. “بچۆ پێی ڕاستی پشیلەیەکم بۆ بێنە، لە ئەنیشک بە دواوە باشترە و کاری خۆی دەکات.”
ئونگوستیلەی مس و فافۆنی بە سەد قاتی پارەی خۆی پێ دەفرۆشتن. پەیتا پەیتا دەیناردنە دوکانی سەر کۆڵانەکە، ڕەشکە و هەنگوێنی بە نرخی خەیاڵی پێدەدان. ڕۆژانە قۆڵی سەدانی لە بنەوە دەبڕی…
ئەوەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە، ئەو کوڕە گەنجە بوو کە بە پرتاو هات و لە بەردەم باوکمدا، کۆمەڵە ڕۆژنامەیەکی کۆنی هەڵڕشت و قورت قورت کەوتە گریان. هەر بە دەم گریانەوە هاواری دەکرد. “بڕوانە بورجەکەم یا شێخ، ببینە کە چی دەڵێت…”
یەک یەک ڕۆژنامەکانی هەڵدەگرت و دەگەڕا پیایدا و شتێکی دەخوێندەوە. “ئەم هەفتەیە قازانجێکی زۆر دەکەیت. ئاستی سەرمایەت بێ حەد زیاد دەکات و دەوڵەمەند دەبیت.”
لە ڕۆژنامەیەکی تردا گەڕا و چووە سەر بورجەکان، پەنجەی خستە سەر بورجی کاوڕ و بە دەم بەرنسک دانەوە کەوتە خوێندنەوەی. “لەم هەفتەیەدا، بە دڵخوازی خۆی دەگات و لە چەند ڕۆژێکدا زەماوەند دەکات.” بڕوانە لێرە بورجەکەم چی دەڵێت. “بەختت ڕوو لە بەرزییە، ژیانت بەرەو کامەرانییە، ئەو هەواڵانەی ئەم هەفتەیە پێت دەگات. هەمووی ڕوو لە خۆشییە…
یا شێخ، من کە بورجەکانم، پڕ لە خۆشییە، بڕوانە گیرفانم خاڵیە. بێ ژن و بێ حاڵ و ماڵم. بێ پارە و بێ کار و سەرگەردام…
تکایە بە خودا بڵێ، بەسە ئیتر هێندە بەختم کوێرنەکاتەوە. هاتووم پێی بڵێی، واز لە بورجی بەختم بێنێ، خۆ من کافر نییم! “
کوڕە پڕ بە دیوەخانەکە دەگریاو و هاواری لە باوکم دەکرد. “یا شێخ بە خودا بڵێ، پێی بڵێ ئیتر بەس ڕێ لە بەختم بگرێت…”
باوکم هەرچی کاری قۆڕ بوو دەیکرد. گرنگ لای ئەو کەڵەکەکردنی پارە بوو. هەزار سەر و سەودای هەبوو. کەللەسەری پڕ بوو لە فڕوفێڵ و تەڵەک، لە ئەتواری سەیر و قێزەون.
هێندە بەدفەڕ و زۆڵ بوو، لە سنوقێکدا، چەند دانە بە ناو کوزی کەمتیاری دانابوو و بە گەنج و جەحێلانی دەفرۆشت، یان بە سووڕ بۆ چەند ڕۆژێک، بە پارەیەکی زۆر پێی دەدان. وەک بزانم و ئاگاداربم، هەر بەو شتانە، سێ چوار خانوی کڕیوە! دەڵێم ئەو شتانە، چونکە ئەوانی زۆر جار بە بەرچاومەوە لە چەرمی پۆستاڵی سوری سەربازی کۆنە دروست دەکرد. پاکەفی پۆستاڵەکانی دەخستە ئاوێکی گەرمەوە، پاش قەدەرێک بە چەکوش تێیدەکەوتو بە پلایس گێڕوگەواڵی دەکردن. لێزانانە چەند پێچێکی لێ دروست دەکرد. ئەوجا بە کەتەر درزێکی دەخستە ناوڕاستی چەرمەکەوە، سیکۆتینی لێ دەسویی و تووکی نەرمی پشیلەی بەسەردا دەڕشت. چرچولۆچ و لوولپێچێکی سەیر کە لە ناوڕاستدا، قڵیشێک هەبوو.
جارێکیان لەسەر ئەو چەرمە پۆستاڵە، گەنجێک حەیا و حورمەتی بە باوکمەوە نەهێشت.
ئەو ئێوارەیە دیوخانەکە پڕ بوو لە خەڵک. گەنجێک بە پرتاو خۆی کرد بە ژووردا و لە دوورەوە هەتا هێزی تێدا بوو، چەرمە چرچەکەی هاویشتە نێوچاوی باوکم و بە خیشم و قینەوە، بە دەنگی بەرز هاواری کرد.” داوەشێی بۆ خۆت و کوزە کەمتیارت، بێنە پارەکەم بدەرەوە…”
باوکم بەرزە پێ بۆی هەستایەوە و بە توڕەییەوە پێی وت. “بێ ئەدەب، چۆن ئاوا لە حزوری ئەم مەجلیسەدا و لە ئاوها شوێنێکی پیرۆزدا، ئاوا بێ ئەدەبانە قسە دەکەیت؟! “
دیوەخانەکە چەند پاسەوانێکی هەبوو، هەمیشە لە خزمەتی باوکمدا بوون و خێرا پەلاماری گەنجەکەیان دا و پڕ شەق و بۆکسیان کرد. دیوەخان شێوا، بوو بە غەڵبەغەڵب. من هەروا تەماشام دەکرد. کوڕە بە دەم و پلی خوێناوییەوە هەڕەشەی دەکرد و هاواری دەکرد. “پارەکەم بدەرەوە، ئەم دەعبایەیە کار ناکات و درۆیە. یەک ئافرەتم بۆ ڕاوناکرێت و هەمووان لە بەرم هەڵدێن…”
باوکم توڕەتر هاواری کرد. “بە شەق بیکەنە دەرەوە. خۆی ناقۆڵاو بێ دەمودووە، خەتای من چییە…”
ڕۆژێک، کە هەر نزیکەی دوانزە زستانێکم بینیبوو. وڕکم گرت و وتم، ناچمە ژوورەوە تا پێم نەڵێت ئەو دیمەنانە چۆن دێنە نێو ئاوێنەکەوە؟! تۆ چۆن دەزانیت ئەم هەموو تەرمە، ئەم هەموو دزییە، ئەم هەموو نهێنیانە ئاشکرا بکەیت! تا پێمنەڵێت دوو پێم ناخەمە ژوورەوە…
باوکم کە هەمیشە جۆرێک لە سام و ترسی لێ دەباری و چاوەکانی قووڵ و پڕ نهێنی دەردەکەوتن. لە تەنیشت خۆیەوە داینیشاندم و زۆر ئارام و هێدی پێی وتم. “کوڕی خۆم، من بە قەد ئەستێرەکانی ئاسمان جنۆکەم هەیە. هیچ شتێک لە من پەنهان نییە. هەر شتێک، لە هەر کوێی ئەم دنیایەدا ڕووی دابێت، یان هێشتا ڕووی نەدابێت، لای من زانراوە. من خاوەنی بێ شوومار جنۆکەم لە هەموو کونجێکی ئەم دنیایەدا. من کەراماتم هەیە، کە تەنها خودا بە پێغەمبەرانی داوە. هەر ئێستا لێرەوە دەزانم کێ ڕۆحی دەکێشرێت و کێ و لە کوێی ئەم سەرزەمینەدا دێتە ژیانەوە…”
ڕۆژێک پیرەژنێک هات. خێرا خێرا، بێ وەچان دەیڕێسی. لە حەوت ژووردا، لە نێو حەوت بوخچەی پڕ گرێکوێرەدا، لە نێو سنوقێکی حەوت قفڵدا، کڵۆم دراو بە حەوت کلیلی بەر سوخمەمدا، تەنیشت مەمکی سیسەڵەی سەر دڵە نەخۆشەکەمدا، کلیلیان دزیوە و خشڵ و لیرەی عوسمانی ڕۆژی زەماوەندیان دزیوم. یا شێخ فریام بکەوە…
باوکم بە بەرچاوی منەوە، لە نێو ژاوەژاوی دەنگی نەشازی پیرێژندا، کەمێک لۆکەی سووتاند و لە ژێر لێوەوە چەند وێردێکی خوێند. پاشان لە جامە ئاوەکەی تەنیشتییەوە کە بە ڕەنگی حیبری پاندانەکەی تەڵخی کردبوو. هەندێک شڵەقاند، دواتر دوو تفی خەستی خستە ئاوە شینباوەکەوە. بۆ پیرێژنی ڕاگرت و وتی “کەمێک لەم شلەتێنە بخۆرەوە.” پیرێژن لە تاو ئازاری گەنجینە دزراوەکەی، بینی بە جامەکەوە نا. پاشان باوکم پێی وت. “دەستی ئەم تفڵە بگرە و بیبە ژوورەوە بۆ بەر ئاوێنەی جنۆکەکان. لەوێ بە چاوی خۆت دزەکە ببینە…”
لە ئاوێنەکەدا، سیمای تەڵخی پیاوێکی سمیڵ فشی کڵاوجامانە لەسەر بە ئاستەم دەرکەوت. پیرەژن، لە پڕ، پڕ بە ژوورەکە قیژاندی و بەدەم دەرپەڕینەوە هاوری دەکرد. “مەحمودی برام!”
من منداڵێکی هەمیشە نەخۆش و لەڕ و لاوازێ بەر ئاوێنە بووم، ئاوێنەی ئەفسوناوی. منداڵانی خەڵک لەبەردەم ئاوێنەی تەلەفیزۆندا، تەماشایی ئەفلامکارتۆنیان دەکرد. من تەماشای لاشەی بۆگەن و سەری بە بلۆک پانکراوەم دەکرد. نازانم ئەو هەموو خوێنەی لە ژوورە تاریکەکەی منەوە دەڕژا، چۆن دنیایی دەرەوەی نغرۆ نەدەکرد!
ئەی ئەو پیرێژنە چۆن لە بیربکەم. لە بەردەم ئاوێنەکەدا پێی وتم. “کەمێک پارەم بۆ عەمرە کۆکردۆتەوە. لە ئاوێنەکەدا تەماشاکە، منداڵەکانم لە کوێن؟ بە پارەکەم دەچمە ئەوێ. “
هیچ چارێکم نەبوو، جگە لەوەی بڵێم بچۆرە بیابانی عەرەبان، ئەو شوێنەی پارەکەت بۆ کۆکردۆتەوە.
لەگەڵ خۆمدا ئەمشەو، دە ئاوێنەی بازنەییم هێناوە، ئەوی پیرەکان لە بەردەمیدا ڕیش دەتاشن. ئەمشەو لەو ئاوێنانەوە، دەچمەوە نێو ئاوێنەی ژیانم.
یەکەم جار کە باوکم بردمییە دەرەوەی ژیانی ئاوێنە، تەمەنم سیانزە بەهار بوو. ئەو بۆ کارێک هاتبووە شار. ئەوە یەکەم جاری ژیانم بوو کە وتی، بڕۆ بگەڕێ من زۆرم پێ دەچێ…
وەک منداڵێکی گێل و نەفام، دنیا نەدیدە، وەک بێ ئاگایەک، ئەوە یەکەم جارم بوو بەر دنیا بکەوم. دنیایەکی ڕاستی، دەرەوەی دنیایی ئاوێنە. بە هەموو لایەکدا دەمڕوانی! هەموو دیمەنەکان بۆ من نوێی و سەرسامەکەر بوون. لە ناخەوە بە خۆمم دەوت. ژیان لە دەرەوەی ئاوێنەش هەیە؟!. ئۆو ژیان چ جەنجاڵە وەک خۆی! چ قەرەباڵغە وەک خۆی! کەڕ و کاس، حەپەساو و واقورماو لەو خەڵک زۆرەم دەڕوانی کە دەهاتن و دچوون! لە زەینی خۆمدا، هەر وەک مرۆڤەکانی نێو ئاوێنەکە دەهاتنە بەر چاوم. وام هەست دەکرد هەر یەکەیان بە شوێن خۆیدا دەگەڕێت. لە ئاوێنەکەمدا، ڕۆحەکان بۆ جەستەکانیان دەگەڕان. لەم بازاڕە جەنجاڵەشدا، جەستەکان بە دوای ڕۆحی خۆیاندا وێڵن!
وەک نەدیوبدییەک، لە بەردەم جامخانەی دوکانەکاندا دەوەستام و تەماشای ناو چاوی کوێرەوەبووی ئەو بوکەڵانەم دەکرد کە بە جلی کەشخەوە نمایشکرابوون. باشە ئەم جەستە باریک و بەرزانە، دەبێ ڕۆحیان لە کوێ بێت؟! دەگەڕام و وەک هەتیوچەیەک، لامدەدایە هەموو شیرینی فرۆشێک و تێر نەدەبووم لە شەربەت و چلورە و ئەزبەری، لە پاقلە و دەڵەمە و شێلمی سەر عارەبانەکان…
دڵخۆش و واقورماو بە نێو حەشاماتدا تێدەپەڕێم و گوێیەکانم پڕ پڕ بوون لە ژاوەژاو و دەنگگەلی بەقاڵەکان. یەکم جارم بوو هێندە بە کەیف و پڕ سەرسامی بم. پێشتر هەرگیز هێندە مرۆڤم ئاوا پێکەوە نەبینیبوو! واااای چ قەرەباڵغییەکی خۆشە بە گیانم! بە گوێیەکانم، بە چاوەکانم…
ئەو ڕۆژە تێگەیشتم باوکم، درۆی لەگەڵ کردووم! ئەو هەمیشە وا وێنای دەرەوەی ژوورەکەی بۆ دەکردم. هیچ ئاوەدانێەک بوونی نییە، دنیا دەشتێکی قاقڕی پڕ تەرمی بێ ناسنامەیە، دنیایەک، هەمووان هەموان دەکوژن و وەک کوپە ئاڵتوون تەرمی کوژراوەکان دەشاڕنەوە. چەندین ساڵە من پێموایە، لە دەرەوەی ژوورەکەمەدا، مڕۆڤ یا بکوژە یان کوژراو!
ئەو ڕۆژە تێگەیشتم کە دنیای زۆر لە دنیای ناو ئاوێنەکەی من گەوەرەتر هەیە. تێگەیشتم کە باوکم بۆ مەرامی گەندەڵی خۆی، نەیئەویست لە ژیان وەک خۆی، وەک ئەوەی هەیە تێبگەم.
دواجار کەوتمە بەر وێنەیەکی گەورە، سەرنجی ڕاکێشام و پەلکێشی خۆی کردم. چوومە ژورەوە. لە دەلاقەیەکەوە سەروسەکوتی پیاوێک وتی”گەر دەتەوێ فیلمەکە ببینی، دەبێ بلیت ببڕی. “
من کە کوڕی بەردەم ئاوێنە بووم و دەمویست بەر دنیای ڕاستی بکەوم. دیسانەوە کەوتمەوە بەردەم ئاوێنەیەکی گەورەتر، کە بێشوومار ڕەنگ و مرۆڤ پێکهەڵدەپژان. سینەما چ سیحرێکە! بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا، من وەک نابینایەک، وەک نەزانێک، پیاوێک دەستی گرتم و لە تاریکییەکی پڕ دەنگدا. بە لایتەکەی دەستییەوە و لە ناو تاریکییەکی چڕدا، دەگەڕا تا شوێنێکم بۆ بدۆزێتەوە. کاری من کە هەمیشە گەڕان و دۆزینەوەی شوێنی قوربانییەکان بووە. وا خۆم وێڵم و کەسێک دەگەڕێ بە دوای شوێنمدا!
یەکەم جارە، خۆم لە بەردەم ئاوێنەیەکدام کە ئاوێنەی ژوورەکەم نییە و بە دوای وەڵامدا دەگەڕێم! ژنێک منداڵەکەی فڕێنراوە، دەگری و لە پۆلیسەکان دەپاڕێتەوە بۆی بدۆزنەوە. لە نیوەی فیلمەکەدا، زانیم کێ منداڵەکەی فڕاندووە. زانیم کە لە کوێی شاردا شاردویانەتەوە. هەستامە سەر پێی و پڕ بە هۆڵە تاریکەکە هاوارم کرد. ئەو منداڵە هەمان ئەفسەری پۆلیس لەگەڵ گروپێکدا شاردویانەتەوە. من ئەو شوێنە پێ دەزانم. پڕ بە هۆڵەکە دەمقیژاند و دەستم ڕادەوەشاند. ڕامکردە بەردەم ئاوێنە زەبەلاحەکەو و بە دەم هاوارەوە دەموت. من دەزانم، شوێنی منداڵەکە دەزانم. وەرن لە گەڵم. کۆتایی فیلمەکە لای من وەک ڕۆژی ڕووناک دیار بوو.
گۆڵمەزێکی وام لە سینەماکەداخوڵقاند، پیاوێک بە شەق و زلە فڕێیدامە دەرەوە.
دە ئاوێنەی بازنەیی، ئەوەی پیاوە پیرەکان بۆ ڕیشتاشین بەکاری دەهێنن. لەگەڵ خۆم هێناوە. لە یەک کاتدا لە دە ئاوێنەوە خۆم و خەڵک دەبینم. لە هەڵپچڕاندنی قووتووی حەوتەمی بیرەکانما. خۆم لە هەر دە ئاوێنەکەوە دەبینم. لە هەر بازنەیەکیشدا، جۆرێک دەردەکەوتم! بەڵام بە تەنها نا، هەمیشە سێبەری ڕۆحێکی وێڵ، لە تەنیشتمەوە بە سیمایەکی توڕەوە، دەرئەکەوت.
لە بیرم چوو بڵێم، لەگەڵ بیرەکان و ئاوێنەکاندا، پاکەتێک لەو موسەشم کڕی کە بەسەر بەرگەکەیەوە، جەستەی ڕەقی تیمساح، شەقار شەقار بووە.
بە دەم هەڵقوڕانی بیرەوە، خوێن لە نەرمایی مەچەکمەوە دەچۆڕێ. لە هەر دە ئاوێنەکەوە، خۆم دەبینم کە وەک وەرزەکانی ساڵ دەگۆڕێم. تاوێک زەرد وەک لیمۆ، تاوێک تەڵخ وەک دارستان لە تەمومژدا. وردە وردە هەڵدەگەڕێم بۆ سپێتی زستان. وەک تۆپەڵە بەفرێکی ژێر دەستی منداڵان خلۆردەبمەوە کە دەیانەوێت بیکەنە سەری شێرەبەفرینەیەک. هەموو تەمەنم لەسەر دڵم بووەتە گرێ. هەموو زەمەنی ئەو ماوەیی ژیانم کە دەمرم و هەرگیز نازانم بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ چەند دەکات. چونکە من قەت ساڵنامەیەکم نەبووە و نەبینیوە! لە ژوورێکی تاریکدا، ڕوحلەبەرێکی سیسەڵەی بێ دەمودوو، لە دەرەوەی زەمەندا دەژیام. بەڵام دەزانم لە ژوورە تاریکەکەمدا، بیست جار گەرمای گەرم و سەرمای ساردم چشتووە.
لەگەڵ قومی بیرەدا کە دەڕژێتە ئاگاییمەوە! لە هەر دە ئاوێنە بازنەییەکەوە، بێشوومار مرۆڤی بێ گۆڕ و بێ ناونیشان دێنە دەرەوە.
حەڤدە پایز، حەڤدە گەڵا ڕێزانم بینیبوو کە بۆ جاری دووەم، بردمیانەوە بەردەم دکتۆر.
ڕۆژ دوای ڕۆژ بیمارتر دەبووم. ئیتر قاچم لە دووم نەئەهات. پێستی لەشم هەڵدەوەری. دوومەڵ بە ئارەزووی خۆی هەر شوێنێکی جەستەمی پێباش بوایە سەری لێدەهێنایە دەرەوە، دوومەڵی پڕ کیم و میکرۆب. خوێنبەرێکی دڵم تەسک ببووە و یەکێکی تریان فروان ببووەوە. باش هەناسەم بۆ نەئەدرا و کۆکەی وشک بەرۆکی بەرنەئەدام…
پاش پشکنین، دکتۆرەکە پێی وتم.” تۆ تاقە کەسی لەم دنیایەدا کە خڕۆکە سپییەکانی جەستەت، لەبری بەرگری پەلامارت دەدەن! ئەوان لەبری ئەوەی بتپارێزن لە تەنی نامۆ و ڤایرۆسی کوشندە و نەخۆشی، خۆیان هۆکاری نەخۆشێکانتن. لە وڵاتێک دەچیت هیچ هێزی سەربازی و بەرگری نەبێت. یان وڵاتێک، هێزە بەرگرییەکەی دەستی لەگەڵ دۆژمناندا تێکەڵ کردبێت. ئەوان لە بری ئەوەی بتپارێزن، دەرگا بە ڕووی هێرشی لەشکری دوژمندا دەکەنەوە! کوڕم دەردی تۆ بێ دەرمانە. لە ملیۆنان کەس ، کەسێک وەک تۆ موبتەلای ئەم نەخۆشییەیە. دواجار هیچ چارەسەرێک بۆ تۆ نییە و تا ئێستا دەرمانی نەدۆزراوەتەوە. تۆ بە نەخۆشی و ڕەزیلی دەمریت. ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک تۆزی سەر باڵی پەپوولە هەڵدەوریت…”
لە تەمەنی هەژدە پاییزیدا، قاچ و قوولم ئیتر خۆیان بۆ ڕانەدگیرا و بە گاگوڵکێ دەڕۆیشتم. وەک کرم، بە ژوورەکەدا، دەخشام و بە ئاستەم دەجووڵام. بە ناچاری باوکم، کورسی عارەبانەیەکی پزیشکی بۆ کڕیم و ئیتر من ببوومە مرۆڤێکی ئیفلیجی سەر عارەبانەیەکی نێو ژووریکی تاریک و پڕ بۆنی بخورد. کەسێکی بەردەم ئاوێنەیەکی گەورەی پڕ مردووی بێ گۆڕ و بێ سۆراغ. لە ژوورێکدا، تەنها دوو جۆر خەڵکم دەبینی. ئەوانی دەهاتن تا شوێنی مردووەکانیان بۆ بدۆزمەوە. یان ئەوانی لە ڕۆژگاری دوور یان نزیک، کوژرابوون و دەهاتنە ناو ئاوێنە ئەفسونگەراکەی بەردەمم، دیانبردم بۆ شوێنی زۆر دوور و زۆر نزیک، بۆ سەر تەرمە هەڵئاوساو و تەرمە بە ئێسکبووەکانیان. لە نێوان ئەو دوو جۆر مرۆڤەدا، خۆشم نیوە مردوویەک زیاتر نەبووم. هەر بەڕاستیش وابووم. نیوەی لەشم مردبوو و تەنها نیوەیەکی کەنفت دەژیا، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ تەرازووی لایە مردووەکەم قورس و قورستر دەبوو. تاقە ئەندام لە مندا، نەک نەدەمرد، بەڵکو ڕۆژ دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبوو. چاوەکانم بوو، کە وەک چاوانی گورگ، یان هەڵۆ، قووڵتر و تیژتر دەیانبینی. لە نێو بیرێکی قووڵدا، لە نێو بیابانێکی فراواندا، لە نێو دەریایەکی بە شەپۆلدا، بە خێرایی تەرمی قوربانییەکانم دەدۆزییەوە و شوێنیانم ئاشکرا دەکرد.
شەوان، کاتێ ئەو حەپانەم قووتدەدا کە دکتۆرەکە بۆ هێورکردنەوەی ئازارەکانم و نووستن بۆی نوسیبووم. دەکەوتمە بارودۆخێکی بێ ئاگایی سەیرەوە! بێ ویستی خۆم، گۆڕغەریبانی نێو ئاوێنەکە، دەهاتنە دەرەوە و دەستیان دەخستە ژێر باڵمەوە و سوک و ئاسان بەرزیان دەکردمەوە و لەگەڵ خۆیاندا، دەیانبردمە نێو ئاوێنەکە و دوور دوور، قوڵ قووڵ، لەگەڵ خۆیاندا دەیانبردم. بۆ شوێنانێک کە هەرگیز بە خەونیش نەمبینیبوون! ئەوان سپی سپی، بە باڵی گەورەی پڕ شاباڵی شمشێرییەوە، بە دەنووک چوارپەلیان دەگرتم. بەرز بەرز دەیانفڕاندم و لە ژێرمەوە زەوی هەر هێندەی تۆپێکی پێ دەردەکەوت. نزم بەسەر ئۆقیانوسەکاندا دەیانفڕاندم و لە شەپۆلدا تەڕ و هەناسە سارد دەبووم. بەسەر بیابانی بێ سنور و بێ کۆتاییدا دەیانفڕاندم و لە نێو گەرداوی چڕ و لولپێچدا، وەک فڕفڕۆکە دەخولامەوە.
شەوێک یەکێک لە ڕۆحەکان، بەسەر بیابانەکەوە لە پڕمەی گریانیدا و هاوار و ناڵەی ئاوێتەی لرفە و هاژەی گەرداوی بیابانەکە بوو. بە دەم بەرهەنسکدانەوە پێی دەوتم.
“لە ژێرەوەی ئەم بیابانەدا، هێندە ئێسکوپروسکی قوربانییەکان زۆرن. گەر هەزار ساڵیش تەمەن بکەی، لە ناو ئاوێنەکەتدا و بەردەوام بۆیانبگەڕێت و یەک یەکیش بیاندۆزیتەوە، هێشتا هەموویانت بۆ نادۆزرێتەوە و ئاوێنەکەت لە بێزاری و توڕەییدا هاوار دەکات ” هل من المزید”
ئیتر لە توانامدا نەما، ئەو هەموو گۆڕ بزرە. شەوان یان ئەوان لە ئاوێنەکەوە دەهاتنە دەرەوە. یان من دەچوومە نێو ئاوێنەکەوە. هەزاران ڕۆحی نێو دەریای ئیجە، هەزاران ڕۆحی نێو بیابانەکان، هەزاران ڕۆح کە سەری بڕاوی خۆیان، لە باوشدا بوو و عەوداڵی جەستەیان بوون. دەهاتن و دەیانویست من شوێنی جەستەکانیان بۆ بدۆزمەوە.
دەهاتن و دەچوون. ژوورەکەم هەموو شەوێ، پڕ دەبوو لە ڕۆحی گۆر غەریب. هەندێ شەو لە نێو شەپۆلی باڵا و سەرسەختی دەریای ئیجەدا و لەگەڵ بێ شوومار مرۆڤی سەرگەرداندا بووم. هەندێ شەویش لەگەڵ سەدان ڕۆحی بێ ئۆقرەی نێو بیابانەکاندا بووم.
زۆر شەویش ئەوان لە ئاوێنەکەوە دەهاتنە دەرەوە و میوانی من دەبوون. ئەوان بەزەییان بەمندا دەهاتەوە. لە خۆم باشتر منیان دەناسی و دەیانپرسی. “ئەی ڕۆحی خۆت کوا؟! تۆ جەستەیەکی کەنەفت و ڕزیوی وەک جەستەی ئێمە، ئەی کوا ڕۆحت کوا؟! “
دەستی دڵنیایی و حورمەتیان بە شانمدا دەهێنا و دڵنەواییان دەکردم. ئەوان تێکڕا دەیانوت. “چۆن لە ئاوا ژورێکدا دەژێیت؟! فراوانی بیابان و قۆڵای دەریا، زۆر لێرە خۆشترە. “
ئاخۆ من ڕۆحم هەیە، یان بوومەتە قیبلەنمای تراویلکە؟ ڕۆحم کوا کە بیابان هەمیشە وەک قەشمەرێک، گاڵتەی پێکردووم. وردە ئێسکی پەنجەی منداڵانی پیشاندەدام و دەیوت؛ “ئەگەر زیرەکی، ئەم ناوکە خورمایانە، هی چ جۆرە خورمایەکە، بەڵحییە، یان برێمە، یا عەجوەیە…
کەللەسەری دەم داچەقاوی پیشاندەدام و بە لاقرتێوە دەیپرسی؛ بەر لەوەی ئەم مرۆڤە ببێتە خۆراکی من، چەند ددانی کەوتبوو؟ لە جلوبەرگی ڕزیوی ئەم کۆمەڵە زۆرە وردببەوە، بووک و زاوای یەک هەفتە کامیانە؟ گەر زانیت خەڵاتت دەکەم…”
جگە لە خۆکوشتن چ ڕێگاچارەیەک بۆ منی گاڵتەجاری بیابان ماوەتەوە؟! تەنانەت خۆکوشتنیش بۆ من گوزارشتێکی پڕ بە مانا نییە. من کوا ژیاوم، تا بمرم.
لە یارییەکی قورمیشکراوی بەر دەستی منداڵێکی چەتوون، دوای ئەوەی پاترێکەی لاواز دەبێت و تێکی دەشکێنێ، هیچی تر نیم. هەر لە بنەڕەتەوە، لە منداڵیمەوە، یارییەکی دەستی باوکم و بیابان بووم. قورمیشی دەکردم و وەک مەیمونێکی ناقۆڵا و بە پێی ویستی خۆی هەڵیدەپەڕاندم و بە کاریدەهێنام. یاری بەردەم ئاوێنەیەک کە هێندە دەستی ڕاستم هەڵبڕیبوو، تا بە پەنجەم شوێنی ئێسکوپروسکی قوربانییەکان لە ناو تراویلکەی ئاوێنەکەدا، پیشانی کەسوکاریان بدەم، وەک سکی مەڕێکی بە دان کەوتوو ئاوسابوو. وەک قۆڵی بوکەڵەی دەستی کچۆڵەیەکی لاسار، شانم ترازابوو و خەریک بوو لێدەبووەوە. بە ناچاری بۆ ڕاگرتنی دەستی چەپم دەکردە کۆڵەکەی ژێری.
کەواتە مردن، لێرە لەم تاریکییە، زۆر خۆشترە! بڕیاڕمدا و پەشیمان نیم. لەو ژوورە هەڵهاتم و وا لێرە لەم ژووری میوانخانەیەدا، کۆتایی بەم گاڵتەجاڕی وەرزانە دێنم و ئیتر نە سەوزی بەهار و نە زەردی هاوین و نە بارانی زستانم بۆ گرنگ نییە. بیست جار لە ژیانمدا، هەموو ئەو گاڵتەجاڕییە دووبارەیەم بینیوە. ئیتر دەمەوێ بچمە وەرزی پێنجەمەوە. ئەو وەرزەی تەنها لە ناو ئاوێنەکەمدا هەیە. وەرزی بێ ڕەنگی و بێ بۆنی، بێ ئازار و بێ جەستە، جێیەک لە هیچ جێیەک، بێ ئاگاییەکی چەشنی خەوی قووڵی هاوین.
عومەر سەید


 
			 
			 
			