Skip to Content

کافکا له‌ نێوان نووسین و نووسه‌راندا!.. برایم فه‌رشی

کافکا له‌ نێوان نووسین و نووسه‌راندا!.. برایم فه‌رشی

Be First!
by تشرینی یه‌كه‌م 24, 2025 General, Literature

I
فرانتس کافکای چل ساله‌، سوارەی ئیلخانی زادەی ٣٩ ساڵه‌، قادر دیلانی ٧١ ساڵه‌، گرێدراوی یەکترن و هەر سێ دوور له‌ زێد، دڵیان له‌ لێدان وه‌ستا. کافکای زێد نه‌دیتووی جوو، سواره‌ و دیلانی زێد به‌جێهێشتووی کورد، نوێخوازی ئه‌ده‌بیات (کافکا و سواره‌) و موسیقا (دیلان) بوون. ‌کافکا چل ساڵ و دیلان سی وحه‌وت ساڵ له شاری‌ پڕاگ ژیانیان تێپەڕی. هه‌ر سێ به‌ مردنی ئاسایی نه‌چوون. نەخۆشی و بێوازی، ناکۆکی لە تەک باوک، ژیانی کافکای داگرتبوو. ئازارەکانی ژیانی لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەو، وەک سوارە که‌ لە منداڵییەوە لە گەڵ ئازاری نەخۆشی هەتا دواساتەکانی ژیان دەستەویەخە بوو.
سۆرین کیرکەگارد فەیلەسووفی ٤٢ ساڵه‌ی دانمارکی سەدەی نۆزدە، که‌ قسەی نوێی هێنایە مه‌یدان، له‌ سواره‌ و کافکا ده‌چێت و هه‌ر چوار ژیانیان دوور لە ژیانی ئاسایی بوو! کافکا ترسی توانەوە (ئاسمیلە بوونی) لێ نیشتبوو، بۆیە بە گەورەیی خۆی فێری زمانی عیبری کرد، ئه‌و دەیویست بگەڕێتەوە فەلستین. سواره‌ و کافکا له‌ سه‌رده‌می پڕ له‌ ئازاری منداڵی خۆیان دوور نه‌که‌وتنه‌وه‌. ‌ دیلان زۆرجار له‌ بیری ده‌چوو، که‌ ته‌مه‌نی له‌ شه‌ست لای داوه‌. کاتێک زستانی ساڵی ١٩٨٨ لە زانستگای کۆڵن مۆسیقای منداڵانی بەگوێی بینەران دادا، هەرچی منداڵ لە هۆڵەکە بوون لە دەوری هاڵان. دیلان چاوەکانی دەدروشایە و ڕوخساری منداڵانە دەینواند.
ئەم ساتەوەختە هەستی نامۆیی و غەریبی دیلانی دەرخست، وەک وتەی کارێکتێری چیرۆک و ڕۆمانه‌کانی کافکا، وەک ئەو هەستەی سوارە :” دڵم پڕه‌ له‌ ده‌رد و کوڵ، دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت”. وەک هێمن، هەژار، قزڵجی، زیرەک، تۆماس مان، بڕێشت، ئارنت، وەک پشیلەکەی هێڕمان هێسە سەرگەردان لە ناو کۆڵانە نامۆکان.

II
گرفتی کافکا لە گەڵ باوکی، وێنه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ ده‌رده‌خات، که‌ باوکسالار و داسەپێنەری ئاتۆڕیتەن. کافکا لە تەمەنی ٣٦ ساڵی چەند ساڵ پێش مردنی ساڵی ١٩١٩ نامەیەکی ١٠٣ لاپەڕە بۆ باوکی دەنووسێ و بۆی نانێرێ. باوکی دەبوو بڕیار لە سەر هەموو شتێکی منداڵەکانی بدات، ئەوە بە درێژایی ژیان، کافکای ئازار دا و بوو بە‌ هەوینی نووسینەکانی و خوڵقاندنی کارێکتێرەکان. کافکای پراگی و جۆرج تابووری بوداپیستی جوو، هەرکیان باس لە ئاتۆریتە دەکەن کە ڕەنگە لە ناو جووی پەرەوازی جیهان، مێتۆدێک بۆ پاراستنی خۆیان و ناسنامەیان بووبێ، ئەم باسە لە لای زیگمۆند فرۆیدی جوو، لە ویەن و بیرمه‌ند و هونه‌رمه‌ندی جوو له‌ ئورووپا بەرباس کەوتووە.

کافکا لەم نامە سەدوسێ لاپەڕەدا، ئاتۆریتە و دیکتاتۆری نیشان دەدا کە هەموو لایەنەکانی هەست و دەروون و بیرکردنەوە دەگرێتە خۆی و ئەوە دەردەخات کە چۆن لە منداڵییەوە مرۆڤ لە خۆی و خۆیبوون دوور دەخرێتەوە و دەکرێتە مرۆڤێکی دەستکرد. ئەم پرۆسەیە لە درێژایی ژیان ڕوو دەدات و ئاسایی دەبیندرێت و ئاسایی دەکرێت و کۆمەڵگایەکی تەواو تۆتالیتێر پێکدەهێنێ، بە چەشنێک ئاسایی و ڕۆژانە دەنوێنی . ژیانی ناو ئەم کۆمەڵگایانە گرێده‌درێ به‌ داب و نەریت، فەرهەنگ و ڕێوڕەسم و دین و بازنەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی پێکدەهێنێ، کە دەربازبوون لێی هاسان نابێ.
کافکا لەم نامەیە و سەرجەم کارەکانیدا ئەم سیستەمه‌ و کارەکتەرەکانی دەناسێنێ. هەر بۆیە دەبێتە سەرچاوەی بیر وهزر و تێگەیشتنی گەلێک لە فەیلەسووفانی وەک والتێر بنیامین، تێۆدۆر ئادۆرنۆ ، هانا ئارێنت، ئاڵبێرت کامۆ و که‌سانیتر.

III
رودریگەر زانفرانسکی فیلسووفی هاوچەرخی ئاڵمان کە زیاتر لە شەست ساڵ گرێدراوی بەرهەمەکانی کافکا بووە و کتێبی لەبارەوە نووسیوە، دەبێژی: ،، نووسین بۆ کافکا گرنگتر لە ژیان و کاری ڕۆژانەی بوو.” کێشەی سەرەکی ئه‌و له‌وه‌دا بوو، خۆی ئازاد نه‌بینیوه‌، جگه‌ له‌و کاته‌ی خه‌ریکی نووسین بووه‌ . نووسین ئازادی پێبەخشیوە.

ئەو کارمەند و شاره‌زا له‌ پیشه‌که‌ی خۆی بوو، به‌ڵام خۆی ئازاد نه‌بینیوه‌. سه‌ره‌ڕای کار و نووسین، باوکی پێشنیاری سەرپەرشتی کردنی کارخانەیەکی تازە سازکراوی خۆی پێدەکات و کافکا دەگاتە ئه‌و ئاستەی بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە. ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وین و ئه‌وینداری، نەیتوانی خێزان پێک بێنێ. زانفرانسکی لە گفتوگۆ لە تەک گۆڤاری فەلسەفە دەبێژێ: ،، نووسین بۆ ئەو تاقیکردنەوەیەکی موتڵەق بوو‌، کاتێ ده‌که‌وته‌ نووسین لە ماوەی چەند هەفتە کۆتایی به‌ کاره‌که‌ی ده‌هێنا،،.

زانفرانسکی لە زمانی کافکاه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ ئه‌و له‌ کاتی گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ “ماکس برۆد”، ده‌بێ، گوتبێتی:،، پاش تەواوبوون لە نووسین چەشنێک لە حاڵەتی«ئۆرگاسمووس» لەودا پێک دیت”. زانفرانسکی گەرەکی نییە ئەمە وەک حاڵەتی سێکسکردن لێکبداتەوە. بەڵام ئەوە، جێی تێڕامان و بیرکردنەوەیە ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ته‌نیا له‌ کاتی سێکسکردن، کۆنسێنتراسیۆنی “موتڵه‌قی” هه‌یه‌. گەر مرۆڤ لە کاتی نووسین و خوڵقاندنی هونەر بە حاڵەتی «ئۆرگاسمووس» بگات، مانای ئەوەیە” خووردبوونەوە” گەیشتتووە به‌رزترین پله‌، حاڵەتێک کە تەنیا لە کاتی جووتبوونی نێر و مێ سەر دەگرێ و نۆیڕۆلۆگی ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌. ئەم تێگەیشتنەی کافکا لە نووسین، دەوری بیروهزر و هونەر وشە و کارتێکەریی لە سەر مرۆڤ دەردەخات، گەر کافکائاسا بڕوانیننە نووسین و هونەر.

بۆ ئەوەی لەم حاڵەتەی کافکا تێبگەین، دەبێ ژیانی ئه‌و بناسین. نووسەر و هونەرمەند به‌رده‌وام ڕووبه‌رووی ئەم پرسیارە بوونه‌ته‌وه،‌ که‌ چۆن ژیانی هاوبه‌ش و پیشه‌ی ڕۆژانه‌ی دوور له‌ نووسین و هونه‌ر، لە یەک گرێ بده‌ن. کافکا ڕشتەی حقووقی خوێندبوو، کارمەندی ئیدارەی بیمە بوو. هەرچەند ئەو مافناسێکی لێهاتوو بوو، بەڵام کارەکەی تەنیا بەهانە بوو بۆ پارە پەیداکردن. هەتا نیوەڕۆ کاری دەکرد و خۆی دەگەیاندەوە ژووره‌که‌ی و نووسین له‌ گه‌ڵ خۆی ده‌یبرد. گەلێک لە نووسەرانی بەناوبانگی جیهان، پیشەی ڕۆژانه‌یان فڕی به‌ سه‌ر نووسینه‌وه‌ نه‌بووه‌ و ژیانی هاوبه‌شیان پڕ له‌ کێشه ماوه‌ته‌وه‌ و هێندێک پیشەی ڕۆژانە و ژیانی هاوبەشیان بۆ نووسین وەلا ناوە. کە ئەمە پرسیاری قووڵی لێدەکەوێتەوە.

کافکا ئەو کاتەی “نامە بۆ باوک،، دەنووسێ لە ڕستەیەکدا ئێژێ ،، ئەم نامەیە دەبا نووسرابا، بەڵام مەرج نییە بخوێندرێتەوە,,. ئەم وتەیە لایەنێکی گرنگی نووسه‌ر و نووسین دەردەخات. نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و بیرمه‌ند له‌ خۆ و بۆ خۆ ده‌نووسن و به‌رهه‌م ده‌هێنن، که‌ چەشنێک ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ خۆ، واتە نووسەر خۆیەتی. که‌سێکی وه‌ک موتزارت گوێی له‌ ده‌روونی خۆی بوو، دوای مه‌رگی زانرا، چی هه‌بووه‌. خاڵە نادیار و نەگوتراوی نووسەر و هونەرمەند، له‌ رێگای نووسین و بەرهەم، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئاشکرا ده‌کرێ‌، که‌ دەبێتە هۆی ناسینی لایه‌نه‌ نه‌زانراوه‌کانی نووسەر به‌ خۆی، واته‌ نووسه‌ر له‌م ڕیگایه‌وه‌ زۆرتر خۆی ده‌ناسێ.

نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە، دەبوو بەرەو نووسین و شانۆ و مۆسیقا بخزێ و ساڵانی دواتر لە دەرەوەی وڵات، بکەوێتە گفتوگۆ لە تەک خۆی.‌ ،، گفتوگۆی بارام و برایم،، بووه‌ هۆی گۆڕانی ژیانی برایم. ئه‌م گفتوگۆیه‌ نه‌ بڵاو کرایه‌وه‌، نه‌ که‌س جگه‌ له‌ نووسەر خوێندوویه‌ته‌وه‌! وەک کافکا ئێژێ، ده‌با نووسرابا. موتزارت نیازی بە خوڵقاندنی مۆسیقا بوو، جا چ بڵاوکرێته‌وه‌ یان بڵاونه‌کرێته‌وه‌، زیرەک پاش هه‌تیوکه‌وتنه‌وه‌، نیازی بە چریکاندن بوو، قالەمەڕەی منداڵ، دوای ڕاچڵه‌کین له‌ خه‌و، دەبوو لە شمشاڵ بتووڕێنێ، کافکا ده‌بوو بنووسێ، سوارە دەبوو بنووسێ، دیلان دەبوو بچریکێنێ، کیرکەگارد، نیچە، شۆپێنهاوەر، دەبوو پرسیار بکەن و بنووسن، ئەوان کە سەرسەری سەیری خۆیان و ژیان و گەردوونیان نەدەکرد.

کافکا ساڵی ١٩١٧ و ١٩١٨ لە نووسینەکانی شۆپێنهاوەر نزیک بووه‌، ئایینی مووسایی و عیسایی و باسگەلی مێتافیزیک، ژیان، مردن باسی کافکاش بوو. شوپێنهاوەر (١٧٨٨-١٨٦٠) لە باسی (Wille- ویست) مرۆڤ بەرەو بیرکردنەوە و گەڕانەوە بۆ لای (من)ی مرۆڤ دەکێشێ و پرسیار دەخوڵقێنێ. من کێم و چی من بەرەو بوون، بەرەو ژیان ڕادەکێشێ؟ ویست چ دەورێک لە ڕاکێشانی من بۆ ژیان و ئەو کارانەی من دەیکەم، ده‌گێڕێ.

کافکا کە بیری لە خۆکوشتن کردبووە، درێژە بە ژیان ده‌دا و زۆربەی وزەی خۆی بۆ نووسین تەرخان دەکا. ئەوە چ ویستێک بووه‌ کە ئەوی لە حەڤدە ساڵانەوە هەتا کۆتایی ژیان بەرەو نووسین کێشا؟ لێرەوە شۆپێنهاوەر دەگاتە کافکا و کافکا دەگاتە شۆپێنهاوەر کە لە زۆر لایەنەوە نزیکیان لە گەل یەک هەیە. ئەگەر بۆ کافکا باوک دەبێتە بابەت و سوژە، بۆ شۆپێنهاوەر دایک دەوری کەسی خاوەن ئاتۆڕیتە دەگێڕێ و سەرئەنجام دوای مردنی باوکی لە دەستی ڕادەکات و هەرچەند پڕۆفیسۆری ئەو کاتی زانستگا بوو، لە بەڕلینەوە بۆ فڕانکفۆرت دەگوازێتەوە و تا کۆتایی ژیان، دوور لە ژن و دایک دەمێنێ. ژیانی شۆپێنهاوەر گەلێک لایەنی دیکەی هەیە کە ناکرێ لێرە بە وردی باس بکرێ، بەڵام ئەویش وەک کافکا گرفتی لە تەک فەیلەسووفانی ناو بازنەی زانستگاکان هەبوو، کە چەشنێک ئاتۆریتەخواز بوون.

ئاتۆڕیتەخوازی هەر لە سەرەتای پەیدابوونی فەلسەفەوه‌ هەبوو، فەیلەسووفانی وەک پلاتۆن تەنانەت دژی فێربوونی نووسین و خوێندن بۆ گەشت کەس بوون و ئەوان باوەڕیان ئەوە بوو کە فەیلەسووف دەبێ ڕاستەوخۆ، وانە بە خوێندکارانی بڵێتەوە و خوێندکار دەبێ لە ژێر ئاتۆڕیتەی ئوستاد و وانەبێژدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی تێبگات. ئەمە کەسانی وەک شۆپێنهاوەری ئازار دەدا و دوای ماوەیەکی کورت وازی لە پرۆفیسۆری زانستگای بەڕلین هێنا، هەرچەند هۆی وازهێنانی تەنیا ئەمە نەبوو.
IV
مارتین بووبەر Martin Buber(١٨٧٨-١٩٦٥) فەیلەسووفی ئوتریشی- ئیسرائیلی، به‌ پێچه‌وانه‌ی کافکا باوه‌ڕی سه‌هیۆنییستی به‌رانه‌به‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی په‌یدا کردبوو. ئینتلئه‌کتوئێلی جوو لە ڕێگای بیر و هزر، فەلسەفە، ئەدەبیات، دین تێگەیشتنیان لە خۆیان و زێدیان پەیدا کرد و ئەوجا بەرەو دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی و وەرگرتنەوەی زێدیان چوون. پێشڕەوانی جوو، ڕێنسانسیان لە ناو خۆیان له‌ لایەنی ئایینی، نەتەوەیی، زمانی، ئیتنیکی پێکهێنا و لە قاوغی تێگەیشتن و ژیانی کۆنی خۆیان کە زۆرتر لە ئاوارەیی تێدەپەڕی، هاتنە دەر و ڕێگای ڕزگاری خۆیان خۆش کرد.
کافکا بە زمانی ئەدەبیات و لە ڕێگای ڕۆمان و بیرەوەری و نامەکانییەوە بە قووڵی ڕه‌خنه‌گرانه‌، چووه‌ ناو سیستەمی تێگەیشتن و دەسەڵات له‌ ناو بنەماڵەی جووه‌کان. ئه‌و لایەنەکانی ئەم ژیان و سیستەمی، تاوتۆ کرد و چەشنێک لە ئازادی تاکی نه‌خشاند. ژیانی خۆی وێنا و نموونەیەکی بەرچاو لە چێکردنی کەسایەتی و ئازادبوون و لە هەمانکات وێنەی نووسەر و بیرمەندێکی ڕەخنەگر بوو، کە ڕەخنەکان لە ماڵ و هوندری خۆیەوە دەستی پێکرد. ئەو بیری لە هەموو لایەنەکانی ژیان دەکردەوە و هەر بۆیە ساڵی ١٩١٢ تەنانەت پەڕتووکێکی لە سەر زمانەکەی خۆی نووسی، کە فێریان نەکردبوو.
جووەکان تەنیا خەونیان بە گەڕانەوە بۆ فەلستین نەدەبینی، بەڵکو بیریان لێدەکردەوە. ساڵی ١٨٩٦ ئەو کاتەی کافکا دوازدە ساڵان بوو، تئۆدۆر هەرتسل Theodor Herzl (١٨٦٠- ١٩٠٤) کتێبێکی بە ناوی(حکومەتی جوو) بڵاو کردەوە و لەو کاتەوە ئیلیت و خەڵکی جوو دەیانزانی چیان دەوێ و ٥٢ ساڵ دواتر ئەو پلانەی ئەوان جێبەجێ کرا و حکومەتێک پێکهات کە لە هەموو بوارێکدا لە ناوچە و جیهان دەور دەگێڕێ.

تئۆدۆر هرتسل ، مارتین بووبەر و ئەوانیتر، لەو ڕێگایەوە بە دژی پرۆسەی توانەوەی جوو لە وڵاتان جوڵانەوە و سەرەتا سەدەی هەژدە و نۆزدە و بیست توانیان جووەکان لە هەموو ئورووپا و ڕۆژئاوا و باقی جیهان لێک نزیک بکەنەوە. جووەکان بە شێوەی جیاواز لە هەر وڵات و شار و گوند ڕێکخران و کۆڵۆنی خۆیان لە وڵاتان پێکهێنا و خۆیان پاراست و خۆیان لە تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن ڕزگار کرد.
V
کافکا هەرچەند ڕستەی وای هەیە کە ئایینی لە گوێدا دەزرینگزینەوە، بەڵام لە لایەکیتر نووسراوەکانی تەژی لە تێگەیشتنی نەئایینییە، هەر بۆیە ویستی گەڕانەوە بۆ فلەستین ،گەڕانەوە بۆ وڵاتی ئایینەکان نەبوو، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێد بوو. کاری ڕۆژانەی کافکا و نووسینی شەوانە، ئەوی هان دا بە ژیانێکی ساکار ڕازی بێت و بە نووسین و جێبەجێکردنی ئیدەکانییەوە، خۆی خەریک بکات. گەڕانەوە بۆ فلەستین بۆ ئه‌و خه‌ون نه‌بوو، ویست بوو، هه‌رچه‌ند مه‌رگ پێشی که‌وت.

فریدریش نیچە Friedrich Nietzsche (١٨٤٤-١٩٠٠) بە گەیشتن بەوەی ،،خودا مردووە،، ئەوەی دەرخست کە ئینسان لە‌ نەبوونی خودا، خۆی ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌و دەتوانێ بڕیار بدات و بوونی خۆی بچەسپێنێ. نزیکی کافکا لە نیچە و فەلسەفەی ئەو، کافکای لە خۆی نزیکتر کرده‌وە.
کافکا ڕه‌خنه‌کانی ده‌گاته‌ تەوڕات و ئینجیل و ئیبراهیم، کە بە باوکی ئایینەکانی ئیبراهیمی (مووسایی، عیسایی، محەممەدی) ناسراوه‌. قوربانیکردنی ئیسحاق کوڕی ئیبراهیم بە ئەمری خودا، بۆ خودا بۆته‌ بابه‌تی‌ فه‌یله‌سووفان، له‌وانه‌، فەیلەسووفی دانمارکی سۆرین کیرکەگارد. ئه‌و ئەم کارەی ئیبراهیم وەک ،، رزگارکەری باوەڕ،، سەیر دەکات و ئاماژەیە بەوەی که‌ ئیبراهیم هێندە لە سەر باوەڕی خۆی سوور بووه‌، گه‌ره‌کی بووه‌،‌ کوڕەکەی بکاتە قوربانی خوداکەی. ئەم تێگەیشتنە لە ناو باوەڕمەندانی عیسایی و مووسایی و ئیسلام چەسپاوە. کافکا بە پێچەوانە، قوربانی نەکردنی ئیسحاق بە دەستی ئیبراهیم لە نامەیەکی ساڵی ١٨٤٣ به‌ ،،سەرپێچکردن لە ئەمری خودا، سەرپێچیکردن لە سەردانەواندن بۆ ملهوڕیی.،، به‌ حیساب ده‌هێنێ. ئیبراهیم لە نێوان،، مەرگی کوڕەکەی بۆ خودا،، ژین و ژیانی کوڕەکەی هەڵدەبژێرێ. بۆچی دەبێ ئیبراهیم بۆ خودا کە دەیپەرەستێ، کوڕەکەی فیدا بکات؟ بۆچی دەبێ خودا بە مەرگی ئینسان کە دەگوترێ، خوڵقێندراوی خۆیەتی، ڕازی بکرێ؟ ئەم ڕازیکردنە بەم شێوەیە چ پەیامێکی ئینسانی و عەقڵی و مەنتقی و ئەخلاقی بۆ ئینسان پێیە؟

کافکا کە لە ئاتۆریتە و ملهوڕی و ملکەچی دەدوێ، لێرە وێنەیەکی تەواو لە ئاتۆریتە و ملهوڕی دەداتە دەست، کە هەرچەند مەیلی ئیبراهیم دەگەیێنێ، بەڵام ملکەچی ئیبراهیم ناگەیێنێ، ئەو ملکەچییەی هەموو ئایینەکان و هەموو دەسەڵات و ملهوڕەکان، لە ئینسانیان دەوێ. ئەم تێگەیشتنەی کافکا لە ئیبراهیم ئینسانییە. ئەو لە نێوان مەرگ و ژیان، لە نێوان ملکەچی و ئازادبوون، ژیان و ئازادبوون، هەڵدە ژێرێ. ئەمە سەرپێچکردنی ،،ئادەم و حەوا،،ی خەیاڵی و سەرپێچیکردنی،، شەیتان،،ی خەیاڵیش ده‌گرێته‌وه‌!

بۆ کافکا ،،بوون،، و،،دابوون،، لە جێدا و لەکات و زەماندا سەرەکییە. هەموو شت لە بووندا مانا دەدا. گەر ،،بوون،، نەبێ چی دەمێنێتەوە؟ خوداش بە ،،بوون،،ی مرۆڤەوە، هاتۆتە ئاراوە. ئیبراهیمی (بوو و نەبوو) درێژەی ،،بوون،، مسۆگەر دەکات و کەسانی وەک کیرکەگارد کە ،،ڕزگارکردنی باوەڕ،، لەم چیرۆکەدا لایان لە ،،بوون،، گرنگتر بێ، لە ڕاستیدا تووشی خەتا دەبن، لە بەر ئەوەی باوەڕ بە بوونی “مرۆڤەوە” هەیە، نەک بە پێچەوانە.

کیرکەگارد لێرە لە تێگەیشتنی پلاتۆن و پلاتۆنیسم نزیک دەبێتەوە، کە پێیانوابوو، بوون لە ،،ئیدە،،وە دێت و لێرەوە دەگەن بە خودا کە ،،بوون،،ی مسۆگەر کردووە. کیرکەگارد، پاسکال و کەسانی دی ڕەوتی ئیکسیستنسیالیسمی عیسایی پێکدەهێنن، کە بوونی ئینسان بە بێ مانا دەزانن و مانای بوونی ئینسان لە بوونی خودادا، دەبینن، دەنا ژیان دەبێتە ،،پووچی،،. ئەم ڕەوتە لایەنی ئاتێیستیشی هەیە کە کەسانی وەک هایدیگەر، سارتر، سیمۆن دوبوار دەگرێتەوە. ئەمان تێگەیشتنیان ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێ خۆی ،،مانا،، بە ژیانی ببخشێ. خۆی بەرپرسە لە مانابەخشین بە خۆی و بە ژیان. کافکا لە گەڕاندا مایەوە، نە بەم بار و نە بەو باردا نەکەوت.
VI
بەکارهێنانی ناوی کەسانی ناودار بۆ مەبەستی سیاسی و ناسیاسی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌. کافکا لە ماوەی سەد ساڵی دوای مه‌رگی وای پێکراوە. کافکا کە بە زمانی ئاڵمانی دەینووسی، له‌ پراگ لە دایک بوو، ژیا و مرد. کافکای جوو کە بە گەورەیی خۆی فێری زمانی دایک کرد و بە زمانی چک و عبری نەینووسی و وەک هاووڵاتی ئوتریشی-مەجاری دەزاندرا و هاووڵاتی ئاڵمانی و ئیسرائیلی پێنەبەخشرا و بەرهەمەکانی هەتا ساڵی ٢٠٠٧ نەکرانە زمانی چەکی و ڕەنگە تا ئێستا هەموو بەرهەمەکانی نەکرابێتنە عبری، ناوێکە کە هەموو لایه‌ک بەکاری دەهێنن.

ئاڵمانی نووسینی کافکا بابەت بۆ باسی ئەم و ئەو بووە، کافکا ئاڵمانی نەبوو. هانا ئاڕینت کە ئەویش جوو و بە ڕەچەڵک ئاڵمانی نه‌بوو، دەبێژێ،، زمانی نووسینی کافکا بێگرد و ڕەوان و شیعرئاساترین زمانی ئاڵمانی سەدەیە،،. جۆرج شتاینەر دەنووسێ،، زمانێکی ڕوون و بێ گرێ وگۆڵی تاقانەیه‌،،. ئەم پرسیارە لەم پێوەندییەدا دێتە پێش کە ئایا کافکا ئاسیمیلە بووە؟

ئەو نه‌ک لە ئاڵمان، لە ناو کۆڵۆنی جوو لە پڕاگ ژیا و بە ئاڵمانی قسه‌ی ده‌کرد و ده‌ینووسی‌، بە بێ ئەوەی وەک ئاڵمانی عیسایی بووبێت، بە بێ ئەوەی تێکەڵ ئاڵمان و ئاڵمانی و فەرهەنگ و داب و نەریتی ئەوان بووبێت. ئەم بەسەرهاتە جوولەکەی وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ئورووپاش دەگرێتەوە. ئەوەی کافکا ئاسیمیلە بووە، پرسیار دەمێنێ، بەڵام ژیانی ئەو ئەوە دەردەخات کە مێشکی کافکا خه‌ریکی ئەم پرسیارە بووە و هەر بۆیە خۆی فێری زمانی عیبری کردووه‌ و ویستی گەڕانەوەی بۆ زێدی هەبووە. کافکا ئەو مەسەلەی له‌ ناو خۆیدا یەک لا نه‌کرده‌وه‌ و بووه‌ هه‌وێنی نووسینەکانی. سەرەڕای ئەمە، کام کافکا خۆی لە زمانی ئاڵمانیدا دیته‌وه‌؟ تڕاژێدی ژیان ئه‌وه‌یه،‌ که‌ بەشێ له‌ بنەماڵەی کافکا له‌ سه‌رده‌می هیتلێر لە ئوردوگای ،، ئاوسشویتس،، لە لایەن ئاڵمانی زمانەکانەوە، له‌ ناو چوون.

کاتێک لە زمانی ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵی کافکا دەگوترێ، مەبەست زمانێکی دوور له‌ ئیستعارە و سەبول و مانای ئینتزاعی و نآڕوونە. مەبەست زمانێکە دوور لە پێچ وپەنا. زمانی کافکا خوێنەر بەرەو بیرکردنەوە و تێگەیشتن ده‌بات، نه‌ک بەرەو خەیاڵ و خولانەوە لە ناو بازنه‌ی تەسکبینی. زمانی ئاڵمانی که‌ره‌سه‌ێکی تر بوو، بۆ به‌ جیهانیبوونی به‌رهه‌م و تێگه‌یشتنی کافکا. زمانی کافکا جیا لە جوانی ئەدەبی و شاعیرانە بوون، ڕێگای وەرگەڕاندن بۆ سەر زمانیتری خۆش کرد، لە بەر ئه‌وه‌ی زمانی کافکا، زمانێکی ڕێئاڵ و سروشتی بوو.

برایم فه‌رشی
٣٠/٦/٢٠٢٤
• ئەم بابەتە دەبوو زووتر بڵاوکرێتەوە، هۆی بڵاونەکردنەوەی لە ئەستۆی نووسەر نییە!

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress