گەزیزە.. برایم فەڕشی
لە حەوشی ماڵی خۆیان ڕووت و قووت دەخولایەوە و گۆرانی دەگوت. منی بینی و دای له قاقای پێکەنین. کاتێک دایکی لە بەر ترومپا دەیشووشت، ئەو یەک بە خۆی دەینەڕاند، دەنگی قیژە و هەرای گەڕەکی دادەگرت. ڕۆژێک پێخاوس، پاپەتی هاتبووە ناو کۆڵان، دەنگی گریانی بەرز بۆوە، ئێمە خۆمان گەیاندێ، دیتمان پۆنیز بە لاقیدا چووە و خوێنی لێدەتکێ، من پڕم بە لاقیدا کرد، هەڵمهێنا و دەمم بە پۆنیز داکرد و تفم کردەوە. گەزیزە خۆی پێدا کێشام ماچم بکات، کەوتم و سەرم بە بەردێکدا کەوت و هەڵتۆقی. ژانی زۆر بوو، نەگریام. لە سبەی ئەو ڕۆژەوە گەزیزە بە کەوشێکی سوورەوە دەهاتە دەر.
لە شارەکەی ئێمە کۆڵان و شەقام ئەسفاڵت نەبوون، جگە لە لای سینەما و دوخانیات. منداڵ دەچوون لەوێ شێلاقە و مهزراق و شاتیان دەخولاندەوە و ئێمەش دەچووین. ڕۆژێک لە ناکاو گەزیزە نەڕاندی، ئای حەسەن زیرەک، حەسەن زیرەک. ئەوەی گوت و شوێنی کەوت، ئێمەش بە دوایدا. لە نزیک شیرکەتی نەوت کە هێندەی نەدەما بۆ دەرەوەی شار ، خۆی کرد بە ماڵێکدا، کە چووینە بەر دەرگا، دیتمان شایی و زەماوندە و خەڵک هەڵدەپەڕن. گەزیزە خۆی کرد بە ژوورەوەدا و یەکسەر چووە گاوانی . وەها خۆی بادەدا، نەبێتەوە. زۆربەی خەڵک چاویان تێبڕیبوو. حەسەن زیرەک کە کاتی هاوارکردنی ئهو، لە بەر دوخانیات ئاوڕی دابۆوە و پێکەنیبوو، زانی ئەوە کچه کەوش سوورە. لێی نزیک بۆووە و پرسی کچۆڵه ناوت چییە، وتی گەزیزە. زیرەک یەکسەر تێیچریکاند:
ئەی لە کێم و لە کێمە
لە گەزیزە و لە خۆمە
لە ماڵ زاوا و بوکێمە
کەوش سووری هاوڕێمە
کچە کوردی بۆکانی
زێڕ و زێوەی ئازیزی.
خەڵکی ناو حەوش و حەسار و سەربان و بەر دەرگا، دەستیان کرد بە چەپڵە لێدان و چەند ژن چوون، گەزیزەیان لە باوەش گرت و ئەولاو ئەو لایان ماچ کرد و چەند کەس وێنەیان لە گەزیزە و زیرک گرت.کە هاتینە دەرێ گەزیزە هەتا ماڵی خۆیان بە سەما وهەڵبەز هەڵبەز، بە ڕێگادا دەچوو. کە گەیشتینەوەوە نزیک ماڵی خۆیان، بە دەنگی بەرز چریکاندنی، کچە کوردی بۆکانی، زێڕ و زێوی ئازیزی.
باوکی گەزیزە شۆفری ماشێن بوو. ئەو شەوانەی باوکی نەدەهاتەوە، دایکی بە منی دەگوت، بچم لە ماڵیان بخەوم. دایکی گەزیزە، کاتی چێشتلێنان لە بەر خۆیەوە گۆرانی دەگوت و دەنگی لە فەتانەی وەلیدی هاوشاریی دهچوو، چۆن گەیشتبوونە ئێرە، نەماندەزانی. گوڵدۆزی دەکرد و گۆرەوی و کراسی دهچنی و گەزیزە بە دەستکردی ئهو دهڕازاندرایهوه، هاوسا و جیران دەهاتنە لای بۆ ئەوەی گۆرەوی و دەستکێش و شاڵی ملیان بۆ بچنێ و گوڵدۆزی دەسرەی سەر تاقەیان بۆ بکات. ئەو جگە لە فڕنی و مەشکەفی و هەڵوا و غوڕابی، شەربەتی خۆشی ساز دەکرد.
تازە کەوتبووینە پۆلی چوار، دوای فێرگه، هەتا ئێوارە لە دەرێ دهماینهوه. ئەو ڕۆژە گەزیزه نەهات. بە هەڵاتن چووینە بەر دەرگای ماڵەکەیان، لە سەر پێپلیکانەکان مات دانیشتبوو، چووینە ناو حەسار، هەرچەند هەستی بە هاتنی ئێمە کردبوو، سەری هەڵنەهێنا. لە تەنیشتی دانیشتین، ڕووی وەرنەگێڕا. زارا پرسی، گەزیزە چ بووە؟ سەری خستە سەر شانی و بێدەنگ مایهوه. دەزانی، باوکم لە ڕێگای میاندوا تەسادوفی کردووە! بردوویانە بۆ ورمێ! دایکم و جیرانەکەمان چوون بۆ لای. زارا گوتی، که وایه دەچین بۆ ماڵی ئێمە. گوتم نا، هەموومان لێرە دەبین و دەچین خەبەر دەدەین بە ماڵێ و دێینەوە.
ئەو شەوە تا بەیانی لە حاڵی نیگەرانی و دوو دڵی و چاوەڕوانیدا بووین، ڕۆژی دوایە نەچووینە فێرگە و لای گەزیزە ماینەوە. ئێوارە، شار شڵەقا و دەنگە دەنگ لە کۆڵانەوە دههات و خەڵک بۆ لای دەرەوی شار هەڵدەهاتن، ئێمەش لە گەڵیان کەوتین و لە نزیک بێنزینخانە و ئەو ماڵەی شاییەکەی تێدا گەڕا بوو، چاومان بە ماشێنی نەخۆشخانە کەوت.
دایکی گەزیزە لە پێشەوە دانیشتبوو. گەزیزە ڕایکرد، دایکی ئەوی بینی، پەڕییە خوارێ و باوەشی پێدا کرد. گەزیزە دەینەڕاند کوا باوە، کوا باوە! دایکی پەشۆکابوو، فرمێسک بە لا چاویدا شۆڕ ببووە، خەڵک هەموو وێستابوون، چەند ژن بە لکی دەسماڵ چاوی خۆیان دەسڕی. گەزیزە دەینەڕاند، کوا باوە، کوا باوە. ژنێکی بە ساڵاچوو، لێی نزیک بۆوە و لە ئامێزی گرت و دەستی بە سەرییدا هێنا، چەند ژنی دی ناو خەڵک، چوون و قۆڵیان لە ناو قۆڵی گەزیزە و دایکی خست و هێدی هێدی بەرەو مزگەوتی بازاڕ وهڕێ کهوتن. زۆربەی خەڵک هاتبوونە بەر دووکان و ماڵەکان و خەمناک ڕاوستابوون و سەریان بەردابووە. هەر ئەو ئێوارە بە بەشداری خەڵکی شار، باوکی گەزیزە ناشترا. ئەو شەوە و ڕۆژانی دواتر، جیران نەیانهێشت گەزیزە و دایکی بە تەنیا بن و بە یەکەوە پرسە و سەرەخۆشیان بەڕێوە برد و هەتا درانگانی شەو خەڵک دەهاتن و دەچوون.
زیاتر لە هەفتەیەکی کێشا هەتا گەزیزە هێندێک ئارام بۆوە، خەڵکی گەڕەک و خاوەن ماشێن، یارمەتی دایکی گەزیزەیان دا و کارگەیەکی جوان، بۆ چنین و دروین و گوڵدۆزی سازکرا و چەند ژنی هاوسا، فێری چنین و گۆڵدۆزی کران و بەرهەم و ناوبانگی کارگای گەزیزە شار و شار ڕۆیشت.
ساڵ هاتو چوو، هەتا ئەوەی گرووپی شانۆ ساز کرا و گەزیزە لە گەڵیان کەوت. ئەو کات گەزیزە پۆلی دەی دەبیرستان بوو.
کزەی سەرما دەستی پێکردبوو، هۆڵی شانۆ پڕ لە حەشیمەت، دەنگ لە کەسەوە نەدەهات، پەردە هێدی هێدی لا درا، دەنگێکی خۆش هۆڵەکەی داگرت:
ئەی یاری نازادرم
ئەی شۆخی عەیارم
هەر تۆ بە تەنیا
بوڵبوڵی گوڵزاری منی
هەر تو بەتەنیا
یاری منی دڵداری منی
ئەوە یەک لەو گۆرانیانە بوو کە دایکی لە کاتی چێشت لێنان لە بەر خۆیەوە دەیگوتەوە، ئێستا لە ڕیزی پێشەوە دانیشتووە و چاوی بڕیوەتە سەر سەکۆ و نائارام هەر دوو دەستی لە ناو یەک ناوە و خۆی کۆ کردۆتەوە، وەک ئەوەی کەوتبێتە ناو خەیاڵ. گەزیزە جلی کوردی سوور لە بەر و کەوشی سوور لە پێ، لە قووڵایی سەکۆوە نەرم نەرم دەهات، لە پڕ بینەران هەڵستانە سەر پێ و دەستیان کرد بە چەپڵەلێدان. گەزیزه، گەیشتە بەر لێواری سەکۆ ، چووە سەر چۆک و ڕوو لە شوێنێکی نادیار، ئاوا هاتە دەنگ:
ژیان، دەفتەری نووسراو، چیرۆک و ڕۆمان نییە!
حەکایەتی ئاسمان، گفتی شاعیر و ئاوازەخوان نییە!
چرکەیە! هەناسەیە، دێ و نایا!
هەست و بیر و هزرە، هەتە و نیتە!
ژیان، من و تۆین!
بەیەکەوە هەین و بێ یەک نین!
هەڵستایە سەر پێ، پێخاوس، پشت لە بینەر، بەرەو قووڵای سەکۆ گەڕایەوە و لە تەک دەنگی نەرمی تەموورە، دەنگێک هاتە گوێ: ژیان…… دەفتەری نووسراو…. چیرۆک و ڕۆمان… حەکایەتی ئاسمان…. گفتی شاعیر….ئاوازەخوان…نییە…!
شانۆ پاش دوو سەعات بەم ڕستەیەی منداڵێک کۆتایی پێهات.
منداڵ: کە گەڕامەوە گوێبیستی چیرۆکی ژیانم بە، گەر نەگەڕامەوە، بزانە ژیانی من، دەفتەر و چیرۆک و ڕۆمان نەبووە.
چرا هەڵکرایەوە، بینەر لە بێدەنگی خۆیدا، یەک یەک و دوو دوو، هۆڵی شانۆیان بەجێهێشت، هەرکام نوقمی بیر و خەیاڵ بوو. گەزیزە لە پشت پەردە هاتە دەر و بەرەوڕووی دایکی هات و پرسی، بۆ دەگری؟ گەزە گیان، ئەوە چ بوو، چ داستان و چیرۆک و بەسەرهاتێک بوو؟ منت گەڕاندەوە بۆ قووڵایی ژیانم، بۆ ڕۆژانی لە بیرکراو. نەمدەزانی تۆ ئاگاداری ژیان و بەسەرهاتی منی، نەمدەزانی ڕۆڵەکەم، نووسەر و حەکایەتخوانی! دایە زێڕێنەکەم، تەنیا ئاگاداری ژیانی تۆ نیم، لە پاش مەرگی باوکم کەوتمە گەڕان بۆ ئەوەی خۆم ببینمەوە. لە نەبوونی باوکدا لە خۆم گەڕام، ئەوجا گەیشتم بە تۆ، لە تۆوە گەیشتم بە بنەماڵە و بنەچەکی خۆمان. گووم بووەکانی خۆم، دزراوەکانی خۆمان، دۆزییەوە. ئێستا دزەکانیش دەناسم. ئەوانەی ئێمەیان بە گوومکردنی خۆمان دابوو، بۆ ئەوەی ببین بە وان و خۆمان لە بیر بچێتەوە. دایە گیان، هەموومان گووم کراو و دزراوین. ئێستا دەزانم من و تۆ و ئەو خەڵکەی لێرە بوون ،کێین. ئەم خەڵکەت بینی لە بێدەنگی خۆیاندا هۆڵەکەیان بە جێهێشت؟ ئەوان سەریان پڕ لە پرسیاری بێوڵام کراوە. ڕۆڵەکەم، سەری منیشتان پڕ لە پرسیار کرد.
گەزیزە دوای ئەو شەوە ، نووسراوەکانی دەدا بە ئێمە بیخوێنیننەوە. لە ڕێگای باوکی زاراوە، کە دووکانی هەبوو، کوردی ئەودیو هاتوچۆیان دەکرد و چای عێراقیان دەهێنا و کوتاڵیان دەبردەوە، نووسراوەکانی گەزیزە دەگەیشتە ڕادیۆ کوردی بەغدا و گۆڤارەکانی ئەو دیو، زۆر جار لە بەرنامەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ژێر ناوی ز. زێڕینە، بڵاو دەکرانەوە. چەند جار لە ڕێگای یەکێک لە فێرکارانی دەبیرستان، کە دۆستی کاکە سوار بوو، نووسراوکانی دەگەیشتنە دەست ئەو و لە ژێر ناوی ز. زێڕینە، خەڵکی سولەیمانی لە بەرنامەی تاپۆوبومەلێڵ بڵاو دەکرانەوە و تاکە کەس دەیانزانی ز. زێڕینە کێیە. دوو ساڵ دواتر، پاش وەگرتنی دیپلۆم، دایکی گەزیزە گەڕایەوە زێدەکەی خۆی و گەزەش بە تەمای خوێندن، ڕۆیشت.
ڕۆژێک لە شاری کۆڵن میوانی دۆستێکی شاعیر و شانۆکار بووم کە لە تارانەوە یەکترمان دەناسی، گوتی کاتێکی چاک گەیشتووی، ئەمشەو لە لیتراتور هاوس، ماڵی ئەدەبیات، بەرنامەیەکی ئەدەبی و هونەری هەیە. دە خولەک درانگ گەیشتین و بەرنامە دەستی پێکردبوو، نووسەرێکی ئاڵمانی خەریکی خوێندنەوەی چیرۆک بوو، لە تەنیشت ئەو خانمێکی چاویلکە ڕەش دانیشبوو، دیار بوو پێشتر هەموویان ناسێندرا بوون.
پاش کابرا نۆرەی ئەو خانمە هات و میکڕۆفۆن کێشرایە بەر دەمی، وەرگێڕدراوی ناوی چیرۆکەکەی دەبووە زەنگیانە، کە دەستی بە خوێندنەوە کرد، دەنگیم ناسییوە، خۆم بۆ ڕانەگیرا و بە کوردی گوتم، زەنگیانە! سەری هەڵهێنا. ئەو کەسانەی لە هۆڵەکە دانیشتبوون ڕوویان بۆ لای من وەرگێڕا و خانمی نووسەر هەستایە سەر پێی، چاویلکەی لە چاو دەرهێنا، هەرکمان بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، بەرەوپیری یەکتر هاتین و ڕوو بە ڕووی یەکتر وەستاین.
پرسی، تۆ لێرە چ دەکەی؟ هاتووم پۆنیز لە ناو پێت دەرکێشم.
خۆی هاویشتە ناو باوەشم و وەخت بوو بە سەر ئەو خەڵکەدا بکەوم. دەستی ڕاکێشام و چوو میکرۆفۆنی وەرگرت و گوتی، ئەو کەسە، یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکانی منە. منی لە سەر کورسییەک ڕووبەڕووی خۆی دانا و گەڕایەوە سەر جێگاکەی و داستانی زەنگیانەی خوێندەوە و منی گەڕاندەوە ناو چەقی ڕووداوەکان.چیرۆکی زەنگیانە بە مەرگی زێڕینە خانم، دایکی گەزیزە کۆتایی پێدێت، کە لە نێوان سەڵەواتاوا و سنە تووشی کارەساتی ماشێن دەبێ.
پاش بەرنامەکە، سێ کەسی لە گەڵ ناسر چووینە کافەیەکی نزیک ئیزگەی قەتار کە زۆرتر شوێنی نووسەر و هونەرمەندان بوو. گەزیزە دەبوو سەعات یازدەی شەو بە قەتار بگەڕێتەوە شاری بازل لە سویس. دەیگوت حەزم لە تەیارە نییە و زۆرتر بە قەتار هاتوچۆ دەکەم و بێزارم لە ماشێن. گوتی جارێ هیچت بۆ ناگێرمەوە کە چیم کردووە و چیم بە سەر هاتووە، دەبێ بێی بۆ بازل و ئەو جا چیرۆکی یازدە ساڵەم دەبیستی. سەعات یازدەی شەوی ڕۆژی شەممە یازدەی ئۆکتۆبر، پاییزی ساڵی ١٩٨٦ یەکترمان لە ئامێز گرت، بەو هیوایەی لە بازل شاری کارنەواڵ، یەکتر ببینینەوە.
هاوینی ساڵی دواتر لە سەر وبەندی کارنەواڵ لە شاری گیسنەوە چوومە فڕانکفۆرت و بە قەتار بەرەو بازل وەڕێ کەوتم و نزیک نیوەڕۆ گەیشتم. لە قەتار دابەزیم و هەرچی چاوم گێڕا، خەبەرێک لە گەزیزە نەبوو. لام ئاسایی بوو، ئەو لە شارۆچکەی بیل دەژیا و دەبوو بەشێک لە ڕێگا بە پاپۆڕ بێت و دوایە سواری قەتار بێت و ڕەنگە وەدرانگی کەوتبێت.
ئەو شارۆچکەی ئەو لێی دەژیا و ناوچەکە بۆ نووسەرانی وەک فردریش دوڕنمات و ڕووداوی ناو ڕۆمانەکان، شوێنێکی گونجاو بوو. بۆ وێنە ڕووداوەکانی ڕۆمانی قازی و جەلادەکەی ڕێک لەم شارۆچکەیە ڕوو دەدەن. ناوچەکە هەم دار ودرخت و بەرزایی و پێچ وپەنای هەیە، هەم زێ و ئاو و لە هەمان کات بەندەری بەلەم و پاپۆڕ و شوێنی هاتوچۆی گەڕیدەی بیانی و خەڵکی ناوچە و شوێنی ژیانی گەلێک دەوڵەمەند و زەنگینەکانی جیهان و نووسەر و هونەرمەندە و نزیک شاری بازل لە قەراخ چۆمی ڕاین هەڵکەوتووە، کە شاری هونەر و کارنەواڵ و مۆزەیە و هەموو دەوەرەکە بۆ چیرۆک و ڕۆمان و فیلم دەست دەدا. هەر بۆیە حەزم دەکرد لە گەڵ گەزیزە هەموو ئەو شوێنانە جارێکی دیکە بەسەر بکەمەوە.
چاوەڕوانی من درێژەی کێشا و گەزیزە نەگەیشت، چووم سەیری تابڵۆی قەتارەکانم کرد، هیچم دەست نەکەوت، لە بەشی ڕاگەیاندن و زانیاری پرسیارم کرد، گوتیان ئەو قەتارە سەعاتێک و بیست خولەک پێشتر گەیشتووە و بەرەو زوریخ چووە. پرسیم لە کوێڕا دەتوانم تەلەفوون بکەم؟ ئەو خانمە لە شوێنەکەی هەستا و دەستی بۆ دەرگایەک ڕاکێشا و گوتی دەرگات لێدەکەمەوە، وەرە ژوور. خۆی لە گەڵم هات و تەلەفوونی نیشان دام، ژمارەکەم گرت و نزیک چەند خولەک وێستام هیچ دەنگ نەبوو. ژنە ئاگای لێ بوو، گوتم نازانم چ بکەم، من لە ئاڵمانەوە هاتووم و بڕیار بوو لێرە یەکتر ببینین.
ژنە پرسی گەرەکتە پۆلیسی ناو ئیزگەی قەتار ئاگادار کەم، تێدا مابووم، چ بڵێم لە ناچاری گوتم بەڵێ. چەند خولەک دواتر ژن و پیاوێکی پۆلیس هاتن و داوایان کرد ناو و ئادرەسیان بدەمێ، هەرکە ناوی گەزیزەم هێنا، هەرسێ واقیان وڕما و گوتیان، خانم گەزیزە …! ئەو یەکێک لە بەناوبانگترین و خۆشەویسترین نووسەری ئەم وڵاتەیە و ڕۆمانەکانی هەر کەس دەیخوێنێتەوە. پۆلیسی ژن، تەلەفوون بۆ ناوەندی پۆلیس دەکات و ئەوان پێوەندی لە گەڵ پۆلیسی بیل دەگرن. ئێمە گوێمان لە دەنگی ئەو بەری تەلەفوون نەبوو، بەڵام دەماندی کە ڕوخساری پۆلیس گۆڕا و زۆرتر و زۆرتر بەرەو تێکچوون چوو. ئێمە مات سەیری ئەومان دەکرد. قامکی بە دوگمەی تەلەفوونەکەوە نا، سەرتەیەکی لە بن گوێچکەی کارمەندی دەفتەری قەتار کرد و ڕوو لە من پرسی خانم گەزیزە چی تۆیە، گوتم منداڵی یەک گەڕەکین و هەموو ژیانی منداڵی و لاوەتیمان هەتا کۆتایی خوێندن بەیەکەوە بووە و پاش چەند ساڵ بە هەڵکەوت یەکترمان دیتۆتەوە.
پۆلیس دەستی لە سەر شانم دانا و گوتی بچین. پرسیم چی بووە، گوتی با بچین بۆ لای دۆستەکەت. سواری ماشێنیان کردم و بەرەو بیل وەڕێ کەوتین. لەوێ لە بەر دەرگای نەخۆشخانە ڕایانگرت. هەر سێ چووینە ژوور. لەوێ دوو دوکتور هاتن بەرەو پیرمان و دەستیان لە گەڵ لێداینەوە، دیار بوو ئاگادار کرابوون. یەک لە دەکتورەکان گوتی ماوەی سێ سەعاتە لە ژووری نەشتەرگەرییە و دوکتورەکان خەریکن، دەبێ چاوڕوان بین. پرسیم چی بووە؟
خانم دوکتور گوتی، وەرن لە ژووری خۆم باستان بۆ دەکەم، لەو دەمەدا دوو پۆلیسی دیکە هاتن و پاش خۆ ناساندن بە هاوکارەکانیان، گوتیان ئێمە لێرە دەبین. دوو پۆلیسەکەی کە لە گەڵم هاتبوون، گوتیان ئەو هاوکارانە ئاگاداری هەموو ڕووداوەکەن و بۆت باس دەکەن، ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە بازل. تۆقەیان کرد و چوون و دوو پۆلیس و خانم دوکتور چووینە ژوورەکەی.
یەک لە پۆلیسەکان پاش ناساندنی خۆی گوتی، “سەعات نۆی بەیانی ئاگاداریان کردین کە کارەساتێک ڕووی داوە کە چووینە شوێنەکە دووچەرخەیەک لە قەراخ جادە کەوتبوو، ماشێنێک خۆی لە دارچرابەرقی تەنیشت شەقام وەشاندبوو، چەند بەرگ سپی نەخۆشخانە خەریکی گواستنەوی ژنێکی بێهۆش کەوتوو بۆ ناو ئامبولانس بوون. بە ێپێ پرسوجۆ ی ئێمە، گەزیزە خانم وەک هەر ڕۆژ لە ماڵ دێتە دەر، سواری دووچەرخەکەی دەبێت بۆ ئەوەی خۆی بگەێنێتە پاپۆڕ، بەڵام کە دەگاتە سەر جادەی سەرەکی، ماشێنێک کە تاکە کەسێکی تێدا دەبێ، بە خێرایی دێت و ماشێنی بۆ ڕاناگیرێ و خۆی بە دووچەرخە دادە.”
لێرە خانم دوکتور دێتە دەنگ و دەڵێ، پشکنینی ئێمە دەریخستووە کە گەزیزە خانم تووشی خوێنڕژی مێشک بووە، هیوادارین لە کارەکەماندا سەرکەوین..! هێشتا قسەکەی تەواو نەکردبوو لە دەرگایان دا . پۆلیسەکان زوو ڕابوونە سەر پێ، خانم دوکتور چووە دەرێ و کە هاتەوە ژوور ، بێدەنگ بوو. دەستێکی لە سەر شانم دانا و گوتی، ببوورە، نەمانتوانی…! نەیتوانی درێژە بە قسەکانی بدات.
منیان بردەوە ماڵی گەزیزە، کلیلی ماڵەکە و هەموو ئەو شتانەی لە گیرفان و کیفە دەستییەکەیدا بوو، دایان بە من وگوتیان ئاگادارت دەکەینەوە. کە لە دەرگای ماڵەکەی چوومە ژوور، وەک ئەوە دەچوو، سەرم بە موزەخانەدا کردبێ. وێنەکانی خۆی و دایکی و باوکی، وێنەی گەڕەک و دەیان وێنەی ئێمە و وێنەکانی شار ، هەڵواسرابوون. زۆربەی کارەکانی دایکی وەک کڵاو، دەسرە، دەستکەش، ڕوو مێز و ڕوو تەختی و دەسرەی سەر تاقە، جووتێ کەوشی سووری منداڵانە و ئەو کراسە سوورەی کە لە سەر سەکۆی شانۆ لە بەری کردبوو، لە ناوەڕاستی ژوورەکە هەڵواسرابوو. سەر مێز پڕ بوو لە کتێب و دەفتەری نووسراو، لە گۆشەیەکی وەتاخ ماشێنی نووسین و تایپ کردن داندرا بوو، ئەوە هەمان ماشێن بوو کە بە ساڵان هەرکمان پێمان دەنووسی.
ڕۆژی بەخاک سپاردن، گۆڕستان پڕ لە خەڵک بوو، لە ناویاندا نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و سیاسەتمەداری ئەو وڵاتە دەبیندران. من تەنیا بیانی ناویان بووم. لە گەڕانەوە بۆ ئاڵمان، ئەم ڕستەیە بەردەوام لە گوێمدا دەزرینگایەوە: ،، کە گەڕامەوە، گوێبیستی چیرۆکی ژیانم بە، گەر نەگەڕامەوە، بزانە ژیانی من، دەفتەر و چیرۆک و ڕۆمان نەبووە.،،
برایم فەڕشی
ڕۆژێک لە ڕۆژان
