جیلی تەم.. بە پێنووسی: ڕێبوارعوسمان یاسین
مستەفا سەباعی هزرڤان لە وتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت: گەر خامە کەوتە دەستی نەفام و چەك لە دەستی تاوانکارو دەسەڵات لە دەستی ناپاکدا بوو، ئەوا نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵێك و کەڵکی ژیانکردنی نامینێت.
ئەم زۆرانبازییە مێژووییەی نێوان ڕاستی و ناڕاستی، ستەم و داد، دەسەڵات و ڕۆشنبیر جەدەلێکی مێژوویی لەخۆ دەگرێت، زۆرانبازییەکەش زۆر شێوەی جۆراوجۆر بەخۆوە دەبینێت، بەڵام هەرگیز نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت بڕیارو وشەی زاڵ هەمیشە پێوەر نییە بۆ ڕاست و دروستی بێژەرەکەی، بەو مانایەی : هەمیشە مێژوو بەهێز دەینووسێتەوە، بەڵام کەمینەی ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بوون، هەرچەندە توانای ماددییان نییە، مانای ئەوە نییە چەوت بن و دەبێت سەرکۆنە بکرێن.
وەك چۆن لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەر کەسێك دەستی خامەی گرت دادەنرێت بە ڕۆشنبیر، بەڵام ئەم تێڕوانییە گەر جارانێك ڕێژەیی بێت ئەوا جارانێکیش سەر لەبەری ڕاست نییە و ڕەنگە کەسی خامەبەدەست پێچەوانەی ڕۆشنبێرێتی بنووسێت و بجوڵێت.
بەتایبەتی وەك ئەفلاتۆن دەڵێت: زۆرینەی خەڵك لە دیدگای دەسەڵاتەوە شەڕەنگێزن.
ئەوا زۆر ئاساییە ئەو ڕەهاییەی پێوەری دەسەڵاتەکان، کە سەرچاوەی مانەوەو هێزی خۆی لە زۆر ڕووەوە زامن کردووە جێی مشتومڕو وتوێژ بێت، بۆیە ئاوها بە متمانە بەخۆبوون و ڕاشکاوانە دژی خاوەن فیکرو داهێنان وهاونیشتمانینانی خۆیان دەکەونە سەنگەرەوە.
هەرچەندە وەك نعۆم چۆمسکی دەڵێت: ڕۆشنبیری ڕاستەقینە هەڵگری حەقیقەتە بە ڕووی هێزدا. بەڵام مەخابن لە ژینگەی دەسەڵاتە تۆتالیرەکاندا، کە کۆمەڵگای ئێمەش بەشێکە لەو ژینگانە، دەسەڵات سوپایەك لە خامە بەدەستان لەدەوری خۆ دەکاتەوە بۆ ڕەوایی دان بە بوونیان و ڕەفتارو دروشمەکانیان.
کێ هەیە نەزانێت لە کوردستان دەرکردنی گۆڤارێك یان ڕۆژنامەیەك یان دروستکردنی دەزگایەك یان بنکەیەکی ڕۆشنبیریی یان کەناڵێکی ڕاگەیاندن و تاد… تێچوونی ماددی گەرەکەو ئەمەش لە توانای بابای نووسەری بێ کارو بێ داهاتدا نییە، بگرە بەشێك لەو میدیایانەی دەسەڵات و سێبەریش پاداشت دەدەن بە نووسەرەکانیان، ئەوانیش لەبەرانبەردا هاوسۆزی خۆیان لە نووسینەکانیاندا بە جۆرێك لە جۆرەکان بۆ ئەو دەزگاو بڵاوکراوانە و دیدو ئایدیاکانیان دەدەبڕن، جا یان ڕاستەوخۆ ئۆرگانی حیزبین، یان میدیای سێبەرن و خۆیان بە ئازاد ناوزەد دەکەن، بەڵام بە پرسیارێکی ئاسان دەتوانین ڕاستی و ناڕاستی ئەو وەڵامە چنگ بخەین کە سەربەخۆن یان نا؟ کاتێك بپرسین سەرچاوەی داهاتتان لە کوێوە وەردەگرن؟
لە هەمان کاتدا لێرەو لەوێ چەند هەوڵیکی بچووکی تاکەکەسی هەن کە داهاتی ماددی زۆریان تێناچێت، وەك بەڕێوەبردنی پێگەیەکی ئەلەکترۆنی، کە لەبەردەستی زۆر کەسدایە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەسەڵات چاوی بەو هەوڵە تاکە کەسیانەش هەڵنایەت و گەر هیچیان بەرانبەر نەکرێت، ئەوا فەرامۆش دەکرێن و پەراوێز دەخرێن و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، ئیدی وردە وردە کاتێك بێلایەنییان دەردەکەوێت و ئاوازیان لە گەڵ کۆڕاڵی دەسەڵاتدا یەکنایەتەوە دەخرێنە بەر پلارو هێرشی ناڕەوای خامە بەدەستانی میدیای سێبەر.
یەکێك لەو مالپەرە جوان و وێژەییانەی ڕەوتێکی بێلایەنی هەیەو هیچ پەیوەندی بە پۆڵەتیك و دەسەڵات و کاروباری سیاسەتەوە نییە، ماڵپەڕی شیعری (تەم)ـه، چەند شاعیرێکی لاو بەرهەمەکانیانی تێدا بڵاو دەکەنەوەو سوود لە ئەزموونی یەکتری دەبینن و تێیدا ڕەوتی وێژەو شیعری کوردی هاوچەرخ تاووتوێ دەکرێت و بەهۆیەوە پێشدەکەوێت، تەنیا ئەوەی کۆیان دەکاتەوە شیعرەو هیچ ناسینێکی پێشوەختە لە نێوانیاندا بوونی نییە، بە حوکمی ئەوەی هەریەکەو لە ناوچەیەکەوە دەنووسێت و هەست و نەستی خۆیانی تێدا دەئافرێنن.
شیعر کە ئەرستۆ سەبارەتی دەڵێت:زۆر لە مێژوو فەلسەفئامێزترە، چونکە مێژوو مامەڵە لەگەڵ چەندەکیدا دەکات و شیعر مامەڵە لەگەڵ هەمەکیدا دەکات. یان وەك پاتریك لویس ئاماژەی پێدەکات: شیعر تونێلێکی تری ڕووناکییە. لە کاتێکدا سۆمەرست مۆم بە تاجی ئەدەب ناوی دەبات و بە باڵاترین ئاستی دەربڕینی هۆش دایدەنێت.
کەی ڕەوای حەقە پلار بگیردرێتە ئەو هەوڵانەی کە بێ دەسکەوتی ماددیی بە دوای خزمەتکردندا دەگەڕین و ماندوو و دەبن و شەونخونی دەچێژین.
لەم دواییانەدا نووسەرێك لە ڕۆژنامەی (هەولێر)ەوە ئاوها پلاردەگرێتە ئەو شاعیرانە و دەنووسێت: (بگرە لاسایی یەکتریش لە ڕووی تێمای شیعری دەکەنەوە، وەك بابەتی ڕەشبینی و رەتکردنەوەی نیشتیمان و ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و پووچگەرایی ژیان و چەندان بابەتی هاوشێوەی دیکەش، ئیدی نازانم کامەیە جیهانبینی و ئەزموونی جیاواز، گەر شاعیرانێك هەموویان هەمان بابەتیان کاوێژ کردەوە؟).
سەرەتا پێویستە ئەوە بگوترێت کە قسەکردن لەسەر شیعر باشترە بۆ ئەهلی ئەو هونەرە جێبهێڵین، بەڵام وەك چۆن کاکی ڕۆژنامەوان ئەم ڕایەی دەربڕیوە، منیش وەك خوێنەرێك دەبێت ئەوە بڵێم کە شیعر دنیایەکی زۆر بەرفراوانترە لەوەی بە چەند وشەیەك پێناسەی بکەین، ئەوانەی دەنووسرێن تەنیا تێڕوانین و تێگەشتنی ئەو کەسانەیە بۆ شیعر، لەبیرمان نەچێت شیعر لەگەڵ سەرهەڵدانی مرۆڤدا بوونی هەبووەو دەربڕینێکی هونەرییەو هەست و سۆز تیایدا دەستلەملانی تێما دەبێت و مانای قووڵ لە چەند زاراوەیەکی هونەریی چڕدا لە خۆ کۆدەکاتەوە، کاریگەری و خرۆشان لە ناخدا بەرپا دەکات. جۆروشێوەی ئەم هونەرە ڕەوانبێژییە هێندە بەربڵاو و هەمەڕەنگە هەرگیز ناتوانرێت بە چەند وشەیەك هێلێكی ڕاست وچەپ بەسەر ئەو پێکهاتە هزریی و هەستەکی و زمانەوانییانەدا بهێنرێت گەر بمانەوێت بە ویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
با بوار بەو شاعیرو لاوە خێرلەخۆنەدیوانە بدەین بنووسن و دەم کوتیان نەکەین، ئەوانە ئاوێنەی هونەریی واقیعەکەیانن و بەس لەبەرئەوەی وەکو ئێمە بیر ناکەنەوەو بابەتی شیعرەکانیان بە دڵی ئێمە نییە پەراوێزیان نەخەین، دەستمایەی ئەوان هەر وشەیە و دڵنیام کەسانێکی ئاشتیخوازن و زیانیان بۆ هیچ دەستەو لایەنێك نییە، وەك بەرپرسیارێتی ئاکاریی گەر هانیان نادەین و ئاسانکارییان بۆ ناکەین با پاشقولیان لێ نەگرین، دەرگای ڕەخنەی پرۆفیشناڵیش هەرگیز داخراو نییە، ئەگەر کەسانی تایبەتمەند بیانەوێت لەو دەرگایەوە شیتەڵی پێکهاته جۆراوجۆرەکانی ئەو شیعرانە بکەن، دەتوانن لایەنە گەش و لاوازەکان بێ لایەنگیریی یاخود بەرەنگاربوونەوە دەستنیشان بکەن.
لەو بڕوایەدام جیلی تەم تەنیا ئەوانە نین لەو ماڵپەڕەدا دەنووسن، بەڵکو ئەوەی ئەوان دەینووسن ئازارە جوانەکانی سەراپای میللەتێکە کە بە دەیان ئەزموونی تاڵدا تێپەڕیوەو دەیهەوێت تروسکەی ئاسۆیەکی گەش ببینێتەوەو هەر زوو گەواڵەیەکی ڕەش بەر دیدگایان دەتەنێت و ئەوانیش ئاوها خۆیان و ژیان و ئەزموونەکانیان دەشیعرێنن.
دەڤەری مەرگە
٥/١٢/٢٠٢٥
