كۆتایی سته‌مكاران.. نووسینی: حسونە المصباحی.. وەرگێڕانی: ئاكۆ عەبدوڵڵا
پرۆكۆپی مێژوونووسی به‌ناوبانگی بێزەنتی كه ساڵی 562 ی زاینی كۆچی دوایی كردووه، ده‌گێڕته‌وه: “گیلیهێری دوا پادشای (ڤه‌ندال) كه له ئامێزی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری شاهه‌نشایی په‌روه‌رده ببوو، یه‌كجار به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتداریش بوو، له‌كۆتایی فه‌رمانگێڕیەكه‌ی، هه‌ڵات، دواتر پیر بوو و له‌بەرامبەر دوژمنه‌كانی، ساڵانێكی له‌ئازار و بێهیوایی و ترس بەسەربرد. له‌كۆتایدا ده‌ستگیر كرا و به‌كۆت و به‌ندی ئاسنین به‌ره‌و قه‌رتاجه بردرا. ئەوسا له‌بەردەم ئاپۆڕه‌ی زۆری دوژمنەكانی كە له‌سه‌ر رێگەی وه‌ستابوون، دايه قاقای پێكه‌نین و له‌سه‌ر ئەوەش به‌رده‌وام بوو. به‌جۆرێك دوژمنەكانی وه‌هایان زانی به‌هۆی ئه‌و شتانەی له‌پاش شكۆ و ده‌سه‌ڵات، دووچاری ببوو، شێت بووه. به‌ڵام پرۆكۆپ وەهای نووسیوە (گیلیهێر له‌قاقای پیكەنینی دا دوای ئەوەی گەیشتە ئه‌و قه‌ناعه‌تەی، ژیان له‌كۆتایدا جگه له‌پێكه‌نینی درێژ بەو و بەهەمان شێوەش به‌ڕووداوه خۆش و ناخۆشه‌كانی، شایانی هیچ شتێكی دیكه نییه).
پێده‌چێت كۆتایی ئه‌و سته‌مكارانه‌ی جیهانی سێیەمیش لەسه‌ده‌ی رابردوو به‌خۆیانه‌وه بینی، هه‌مان شێوه بێت. ئه‌دۆلف هیتله‌ری سه‌ركرده‌ی نازییه‌كان، كە خه‌ونی به‌وه ده‌بینی ئه‌ڵمانیا فه‌رمانڕه‌وای جیهان بكات و نه‌ژادی ئاریش به‌سه‌ر هه‌موو نه‌ژاده‌كانی دیكه باڵاده‌ست بێت، كاتێك دڵنیابوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت، خۆ‌كوشتنی پێباشتر بوو. كاتێكیش سوپای سوور گه‌یشته ناو بنكەی نیشتەجێبوونی له‌شاری به‌رلین، هیچ شوێنه‌وارێكی ئەویان نه‌دۆزیه‌وه. پێدەچێت لەترسی ئەوەبێت گاڵتە بەچاوتێبڕینەكەی بكەن، مردنی هەڵبژاردبێ. له‌به‌هاری ساڵی 1945 كاتێك جه‌نگی دووه‌می جیهانی گه‌یشته كۆتاییه‌كه‌ی، به‌رگریكه‌رانی ئیتاڵی توانییان مۆسولینی ده‌ستگیربكه‌ن، كه لەناو جلی جوتیاران خۆی شاردبۆوە. دواتر گوللەبارانیان كرد.
جه‌نه‌راڵ فرانكۆش كه ماوه‌ی چل ساڵ به‌زه‌بری ئاگر و ئاسن، حوكمی وڵاتی ئیسپانیای كرد. ماوەی چەند هەفتەیەك لەگیانەڵادا بوو. پشتیوانەكانی رۆژانه لەده‌وری كۆشكه‌كه‌ی كۆدەبوونەوە بۆ ده‌ربڕینی غه‌مباری خۆیان لەو دابڕانەی ئەو. رۆژێكیان جه‌نەڕاڵ فرانكۆ هۆشی هاته‌وه سه‌رخۆ، كاتێك گوێی له‌ده‌نگه‌ده‌نگی ئەو هەمووە خەڵكە بوو، به‌كه‌سه‌كانی ده‌وروپشتی وت : “ئه‌و هه‌مووه خه‌ڵكه بۆچی لێره وه‌ستاون؟” له‌وه‌ڵامدا پێیان وت: “جەنەڕاڵی بەڕێز، گه‌ل هاتووه ماڵئاوایت لێبكات!” ئه‌ویش پێیان دەڵێت: “جا گه‌له خۆشه‌ویسته‌كه‌م خەریكە به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟!”.
ده‌ڵێن ستالینیش ژیانی دوا مانگه‌كانی پڕ بوو له‌تارمایی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێشتر به‌ره‌و كوشتارگه یاخود ئۆردوگا سه‌خته‌كانی سیبیریای ناردبوون. له‌ناو خه‌ویش به‌توندی هاواری ده‌كرد و لەهه‌مووانیش سڵی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌كه‌سه نزیكه‌كانیشی. له‌و بڕوایه بوو به‌نهێنی پلان له‌دژی داده‌ڕێژن.
دوای رووخانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی، شای ئێران له‌وڵاتێك به‌ره‌و وڵاتێكی دیكه چوو. به‌دوای شوێنێك ده‌گه‌ڕا تێیدا نیشته‌جێ بێت، به‌ڵام هه‌موو وڵاته‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه پێشتر پێوه‌ندی هاوڕێیەتیشیان له‌گه‌ڵ رژێمه‌كه‌ی هەبوو، رازی نه‌بوون پێشوازی لێبكه‌ن و بیگرنه‌خۆیان. تا له‌كۆتایدا لەمیسر نیشته‌وه و به‌سه‌ر (ئه‌نوه‌ر سادات) بوو به‌میوان. له‌وێدا دوای ماوه‌یه‌كی كورت بەسەر دروستبوونی ئەوەی بە (كۆماری ئیسلامی ئێران) ناوبراوە، كۆچی دوایی كرد. جه‌نه‌ڕاڵ (پینۆشی)ش كه ساڵی 1973 رژێمی (سلڤادۆر ئه‌للیندی) رووخاند، دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی وه‌ك تاوانبار له‌نێو دادگەكان به‌سه‌ربرد. كە مردیش شیللییەكان بەملیۆنەها كه‌وتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و دڵخۆشی خۆیان ده‌ربڕی.
رۆماننووسه گه‌وره‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتین، له‌وانه ئۆگستۆروا باستۆس و میگال ئه‌ستۆریاس و ڤارگاس یوسا و گابریل گارسیا مارگیز، گرنگییان به‌و رژێمه دیكتاتۆریانه‌دا كه له‌وڵاته‌كانیان فه‌رمانڕه‌وا بوون. له‌هه‌وێنیشیان دا شاكاری وەها هێنرا به‌رهه‌م، كه هه‌رده‌م له‌یادگای مرۆڤایه‌تیدا بەگەشی بمێننه‌وه. رۆمانی (پایزی به‌تریق) ی گابریال گارسیا مارگیز له‌هه‌موویان چاكترە، پاڵەوانەكەی دیكتاتۆرێكە لەتەمەنی 250 دەمرێت كە ئەوە تەمەنی ئەو رژێمە دیكتاتۆریانەیە كە زۆربەی وڵاتانی ئەمەریكای لاتین بەخۆیانەوە بینیوە. ئەو دیكتاتۆرە لەو بڕوایە بوو (پەرستنی دەسەڵات) تاكە چارەنووسیەتی. مرۆڤێكی دڵڕەق و ریسوا بوو. (تێربوونی لەبرسی بوونی سەرچاوەی دەگرت) كه كۆتایی نه‌ده‌هات. بڕوای به‌وه بوو (درۆ له‌ڕاستگۆیی باشتره و له‌خۆشه‌ویستیش به‌سوودتره و لەحەقیقەتیش زیاتر دەمێنێتەوە). لەكاتی (وردبوونی گەڵای پەرتبووی پایزیشی) گەیشتە ئەو بڕوایەی (خاوەنی ره‌های دەسەڵاتەكەیتی). دوای گیانەڵای تاڵیش، كاتێك مرد، جەماوەر بەپەلە بەناو شەقام و گۆڕەپانەكان وەردەبن و بەدەڕبرینی خۆشی خۆڕسكانە، گۆرانی بەخاكسپاردنی دەڵێن. هێندەی پێناچێت سیساركە كەچەرەكان لەڕێگەی پەنجەرەكانەوە دەچنە ناو كۆشكەكەی و بەدەنوك دەرگە ئاسنینەكان دەكەنەوە. كاتێكیش خەڵكی بەلێشاو دەچنە ناو كۆشكی سەرۆكایەتی، دەبینن لەسەر مێزێكی دارینی لووسی درێژ، قاپ و قاچاغ هەیە كە هێشتا پاشماوەی خۆراكی نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممەی لەناوە كە بەهۆی تەوژمی تۆقانی لەپڕ، دەستبەرداری ببوو. لەژێر پریشكی خۆریشدا چەند ستڵێك ده‌بینن شۆراوی بۆگەنییان لەناودایه. ئاودەستەكانیش كراوەبوون و بێ سەرپۆش بوون. قەوزە و كژ و گیاش لەهەموو لایەكدا روابوون. كۆشكی سەرۆكایەتیش كە هێمابوو بۆ خراپە و گەندەڵی و چەوساندەوە و سەركوتكاری، وێران ببوو. لەناویدا چێڵەكان دەسوڕانەوە و بەسمەكانیشیان رایەخە شڕەكانیان دەكوتا و مەخمەلی پەردەكانیشیان هەڵدەڵوشی. ئەو تابلۆیانەشیان شكاند بوو كە قەدیس و جەنگاوەرەكانیان بەرجەستە دەكرد. لەهۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانیش تۆپه‌ڵه‌ی كرم لەڕیخی مانگا وەرهاتبوو. بەهۆی ئاوێنە گەورەكانی دیواریش، وێنە ناشیرنەكەی سەرۆك چەند بارە دەبۆوە. ئایا ئه‌و وێنه‌یه‌ی گابریال گارسیا ماركیز له‌شاكاری (پایزی به‌تریق) بۆ دیكتاتۆری كێشاوه، بەرجەستەكەری هه‌موو ئه‌و سته‌مكاره عه‌ره‌بانه نییە كه له‌سه‌ده‌ی بیست و سه‌ره‌تای ئه‌و سه‌ده‌یه ناسیمانن؟ ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌وە دڵنیابێ، با ئه‌و رۆمانه مه‌زنه بخوێنێته‌وه یان لەنوێ بیخوێنێتەوە…
