باوک.. نەوزاد بەندی
هەرچەندە فەیلەسوفی هاوچەرخی فەڕەنسا، ژان پۆڵ سارتەر ئەڵێ : ( مردنی باوکم زۆر بە سوود بوو بۆم ! ) ئەم پێناسە ترسناکەی باوک لە لایەن سارتەرەوە، لە خواستی ئازادی ڕەهاوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو حەزی بە ئازادییەکی بێ سنوور و بێ سانسۆر بوو، دەسەڵاتی باوکی بە گەورەترین ڕێگر دادەنا، بۆیە مەرگی باوک وەک دەسکەوتێکی گەورە تەماشا دەکا.. بەڵام ئەگەر یاسایەکی دادپەروەرانە هەبووایە، ئەکرا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەم کەسەدا بکرێ، کە تەنانەت پێگەی فەلسەفیی خۆی خراپ به کاردێنا و..لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خانماندا پەیوەندیی سۆزداریی هەبوو، ئەکرا به تاوانی شکاندنی داب و نەریت و سنووری ئەوانی تر و خراپ بەکارهێنانی پێگەی فیکریی، دادگایی بکرێت هەروەک چۆن هاونیشتمانەکەی، گۆستاف فلۆبیر لەسەر چەند هەڵوێستێک لەڕۆمانی مەدام بۆڤاریدا و به تایبەت لەسەر سێکشنی ناو عەرەبانەکە، دادگاییەکی دوور و درێژ کرا، بەڵام سارتەر دادگایی نەکرا.
باوک لە ڕووی زمانەوانییەوە ووشەیەکی سادەیە بەڵام لە ڕووی مانا و تێرم و ڕەهەندەوە، ڕەنگە بڵێم درێژترین زاراوەیە.. باوک واتا هەیبەت و ڕێباز و ڕەشماڵ و سۆز و بەزەیی و داڵدە و ڕێنمایی و بەرنامە و ئامۆژگاریی و پەروەردە و دەستگرۆیی و بەرگریی و سیاسەت و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕاگر و سەرپەرشت و جەنگاوەر و .. زۆر شتی تر.
ئەوانەی باوکیان نییە، پێیان ئەڵێن هەتیو..ئەو وشەیە خەمگینترین ووشەیە کە تەنانەت وەک جنێویش بەکارئەهێنرێت..وەک شکاندنی کەسێک، کە بێ خاوەن و سەرپەرشت و بێ پشت و پەنایە، بەکار ئەهێنرێت.
هەر بۆیە ئەبینین ئەوانەی بێ باوک هاتوونەتە دنیاوە، کەسانیکی ئاساییان لێ دەرناچێ، چونکە لە پێگەیەکی ئاساییدا ژیانیان تێ ناپەڕێت، بەڵکو سەختی و لەڕێلادان و ئەشکەنجە و موعاناتی جۆرا و جۆر بەرۆکیان پێدەگرێ، بەو جۆرە کەسانی ترسناکی وەک ئەدۆلڤ هیتلەر یان کەسانی مەزنی وەک پێغەمبەران و داهێنەری وەک ئەدیسۆنیان لێ پەیدا ئەبێت، ئەوەیش ڕەنگە بڵێم سەرکێشییەکی گەورەیە، وەک ئەوە وایە منداڵێک فڕێ بدەیتە ناو دەریایەکەوە، زۆربەیان ئەخنکێن و کەمێکیان ئەبنە مەلەوان و دەریاوانی بەتوانا.
لەسەر ئاستی میللەتانیش، میللەتە بێباوکەکان سەرلێشێواو و بێ داهاتوون، لە ڕووی گوزەران و پەروەردە و کۆمەڵایەتییەوە داڕوخاون، داهاتوویان نادیارە و بچوکترین گۆڕانکاریی ئابووریی و تەندروستیی و سیاسیی و سەربازیی و کەش و هەوا، وێرانیان ئەکا.
بڕوانە بۆ ووڵاتانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقیا و ئاسیا به گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست به تایبەتی، کە من بە ووڵاتە بێباوکەکان پێناسەیان ئەکەم، بزانە لە چ بارودۆخێکی سەخت و ئازار بەخشدا ئەژین..ساڵانە هەزارانیان لە هەوڵی سەرهەڵگرتندا لە دەریاکاندا ئەخنکێن.. ملیۆنانیشیان بێ ئیش و کار ئەسوڕێنەوە و .. ئەمەیش وا دەکات مل بدەن بۆ براکوژیی و تاوان و لەش فرۆشیی و مادە سڕکەرەکان.. لێکترازانی کۆمەڵایەتیی و هەڵوەشانەوەی خێزان و بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواریی و کاڵبوونەوەی ڕێز و بەها بەرزەکان، بەشێکن لە دەرئەنجامی میللەتە بێ باوکەکان..ئەم ووڵاتانە لەلایەن کۆمەڵێک باوە پیارەی دڵڕەق و ناڕەسەنەوە بەڕێوە دەبرێن کە وەک بریکاری هێزە داگیرکەرە جیهانییەکان کار دەکەن و لەسەر کورسێکانیان ئەهێڵرێنەوە.. هەندێک ووڵاتی وەک باشووری ئەفەریقیا و ڕواندا و مالیزیا، دوای ئەوەی ساڵەهای ساڵ لە گێژاوی دەسەڵاتی تۆتالیتاریی و باوە پیارەییدا، تلانەوە و بوونە مۆڵگەی زوڵم و چەوسانەوە و شەڕی ناوخۆ و برسێتیی و نەزانی و دواکەوتن، بەڵام لە پڕێکدا باوکانێکی میهرەبانی وەک پاوڵ کاگامی و ماندێلا و مەهاتیر محەمەدیان تێدا پەیدا بوو، میللەتەکانیان خستە ژێر باڵی سۆز و وەفاوە، دادپەروەریی و ئازادیی و پێشکەوتنی زۆر گەورەیان بە خۆیانەوە بینی و چوونە ڕیزی ووڵاتە تەکنەلۆژیی و مۆدێرنە بەرهەمهێنەکانەوە .. هەر بۆیە لە ئاییندا ڕۆژێک لە ژیانی فەرمانڕەوایەکی دادپەروەردا بەرامبەر عیبادەتی حەفتا ساڵە..
تەماشا بکەن کارەساتێکی چەند گەورەی مرۆیی ڕوودەدات کاتێ میللەت بێ باوک ئەبێ.. کاتێ سەرخان و ژێرخانی ووڵات لەلایەن زڕ باوکەکانەوە تاڵان ئەکرێ.. کاتێ باوەپیارەکان ئەبنە خاوەنی ڕەهای خاک و خەڵکەکە و بە ئارەزووی خۆیان برسی و هەژار و بێکار و بێ داهاتوو و وێرانیان ئەکەن.
جیهان ساداتی خێزانی ئەنوەر ساداتی سەرۆکی پێشووتری ووڵاتی میسر، لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا ئەڵێ : دوای ئەوەی سادات ڕێککەتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا کرد، ڕۆژێکیان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە، زۆر بێزار بوو، نانی بۆ نەخورا و بە تەنیا چووە ژوورەکەی. لێم پرسی : چی ڕووی داوە ؟
ووتی : من وازم لە هەموو بەها مێژوویی و ئاینییەکان هێنا و پەیماننامەی ئاشتیم لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئیمزا کرد، لە پێناوی تێر بوون و فێربوون و ئاسودەیی و پێشخستنی میللەتی میسردا، کەچی ئەمڕۆ کونسوڵی ووڵاتانی ئەوروپا هاتوون بۆ لام، ئەڵێن ئەم ڕێککەوتنە هیچ پەیوەندییەکی دارایی و پەروەردەیی ستراتیجی بەسەر گەلانی میسرەوە نییە و تەنها پەیماننامەیەکی سیاسیە، واتا ئەبێ گەلانی میسر هەر برسی و بێکار و نەخوێندەوار و نائومێد بن. منیش پێم وتن ئەم پەیماننامەیەم بۆ خۆشگوزەرانیی و پێشخستنی میسرییەکان کردووە، مکوڕیشم لەسەر ئەوە .
ئەڵێ : کونسوڵەکانی ئەوروپا بە زاری هەڕەشەوە بە جێیان هێشتم، دڵنیام کۆتاییم نزیکە..
دوای ئەوە ئەنوەر سادات لە کاتی ئامادەبوونی لە مانۆڕێکی سەربازیدا، تیرۆر کرا.
شایانی باسە لەم چەند ساڵەی دواییدا سەردانێکی میسرم کرد، هەر میسرییەکم ئەدواند، ڕەحمەتی بۆ گۆڕی سادات ئەنارد و ئەیووت تەنها باوکی دڵسۆزی میسرییەکان، ئەنوەر سادات بوو.. تەنها لەو ماوە کورتەی فەرمانڕەوایی ئەو باوکەدا، میسرییەکان تێر بوون و هەلی کار بۆ هەمووان هەبوو، شەقامەکان پاک بوون و خەڵک ڕوو لە خۆشگوزەرانیی و گەشانەوە بوو.
بەو جۆرە وەک چۆن لە خێزانە بێ باوکەکاندا، مناڵەکان خوێندنیان ئەفەوتێ و ماڵ بە جێدێڵن و توشی ژیانێکی سەخت ئەبن و تەمەن کورت یان ئاوارە یان کەمئەندام ئەبن بە هەمان شێوە میللەتە بێ باوکەکان، سەرلێشێواو و بێ بەرنامە و بێ داهاتوو ، کارەساتبار ئەبن..زاناکانی سەری خۆیان هەڵدەگرن و نەزانەکانیشی بۆ پارووە نانێک ئەبنە جەلاد و کۆیلە و سیخوڕی باوەپیارەکان.. ئەگینا بۆچی زوها حەدید عێراق جێدێڵێت و لە ئەوروپا ئەبێتە گەورەترین ئەندازیاری تەلارسازیی جیهان ؟ بۆچی کۆچەر بیرکار کوردستان جێدێڵێ و لە ئەوروپا ئەبێتە گەورەترین زانای ماتماتیک؟ بۆچی ئەحمەد زوێل میسر جێدێڵێ و له بەریتانیا ئەبێتە گەورەترین زانای کیمیا ؟ بۆچی ستیف جۆبس لە باوکێکی سوریی ئاوارەی ئەوروپا، لە دایک ئەبێ؟ بۆچی ئیبراهیم ئەمین باڵداری دانەری ئەلف و بێی نوێ، لە تاراوگە ئەمرێ … !؟؟
