دیاردەی فرەزاری و فرەزمانی.. فەرەیدوون سامان*
زمانەکان کە پایەی سەرەکی میراتی مرۆڤایەتین، نوێنەرایەتی ناسنامەی مرۆڤەکان دەکەن و ئامرازێکی پێویستن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگەکەیان، زمانناسان پێیانوایە زمان بنەمای بیرکردنەوە و دەربڕینی جەوهەری مرۆڤە، زمان وەک ئامرازێک بۆ دەرخستنی جیهانبینی خۆیان دەزانن و دواجار پێیانوایە کە گوزارشت لە ئاوەزی ئاڵۆز و ناسنامەی مرۆڤەکان دەکەن، لە ڕاستیشدا زمان یەکێکە لەو توانایانەی کە جۆری مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی وەک زانین و ژیری و کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کولتووری مرۆڤەوە هەیە. مرۆڤ بە کەڵک وەرگرتن لە سیستەمێکی کۆد کە پێی دەوترێت “زمان”، چەمکە خوازراوەکانی خۆی دەگوازێتەوە بۆ کەسانی دیکە، پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەکات و بە ئاسانی باسی ڕووداو و خەون و ئارەزوو و هەستەکانی دەکات (ئۆرتێگا، ٢٠٠٩: ١).
بە بەکارهێنانی زمان دەخوێننەوە و دەنووسن؛ زانست بەدەست دەهێنن و دەیگوازنەوە بۆ کەسانی دیکە، بۆیە کاتێک منداڵ لەدایک دەبێت هەوڵی پەیوەندی کردن لەگەڵ دەوروبەریدا دەدات، سەرەتاش بە پشتبەستن بە ژینگەی ژیانی فێری زمانێک دەبێت، کە زمانی دایک یان زگماکی خۆیەتی، ڕەنگە لە تەمەنی منداڵیدا یان لە تەمەنی گەورەییدا بە هۆی هەلومەرج و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زمانێکی دیکە فێربێت، لێرەدا دیاردەی “دوو زمانی یان فرە زمانی” بەم شێوەیە ڕوودەدات.
بۆ پێناسەکردنی فرەزمانی، لە یەکەم نیگادا، بە ئاسانی دەردەکەوێت، کاتێک هەوڵ دەدەین بگەینە پێناسەیەکی هەمەلایەنە و بێلایەن کە هەموو ڕەهەند و ئاستەکانی لەخۆ بگرێت و سنوورەکانی دیار بکات، تێدەگەین کە ئەمە ئاسان نییە و کێشەی تایبەتی خۆی هەیە.
لە دنیای ئەمڕۆدا فرەزمانی دیاردەیەکی باوە و لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا بەرچاو دەکەوێت، و بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی ئاخێوەران لە زۆرێک لە کولتوور و کۆمەڵگە و ناوچەکاندا، فرەزمانەکان ئەو کەسانەن کە توانای پەیوەندی کردنیان هەیە بە دوو زمان یان پتر، لەم بابەتەدا هەوڵ دەدرێت پەیوەندی نێوان فرەزمانی مرۆڤ و لێهاتوویی مەعریفی، لەوانەش ژیری و تێگەیشتن و داهێنان ڕوون بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی ئەو توێژینەوەیە دەکرێت، کە لەم بوارەدا ئەنجام دەدرێن.
لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوانە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدرێتەوە: “ئایا فرەزمانی کارامەییەکانی وەک ژیری، تێگەیشتن و داهێنان زیاد دەکات؟”
فرەزمانی دیاردەیەکە کە هەرچەندە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ڕەوتی گەشەسەندنی لە سەدەی ڕابردوودا وای کردووە ئەم دیاردەیە ببێتە یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی سیاسەتی پەروەردەیی وڵاتان، زۆر کەس لە جیهاندا دوو زمانن یان فرەزمانن، جگە لە فێربوونی زمانی زگماکی خۆیان، ناچارن زمانی فەرمی وڵاتەکەیان یان زمانێکی نێودەوڵەتی فێرببن، پرسی جیهانگیری پێویستیی ئەم دیاردەیەی زیاتر کردووە، ئەوەندە زۆرجار خۆیان بە پێویستی فێربوونی زمانی زیاتر دەزانن بۆ ئەوەی بتوانن لە پەیوەندی و خوێندن و بازرگانی و ژیانێکی باشتردا سەرکەوتوو بن.
پێناسەکانی فرەزمانی کە دراون لە چڕی و لاوازی و ئاستی دوو زمانیدا جیاوازن و پێیان دەوترێت “جیاواز”. بۆ نموونە بە پێی فەرهەنگی وێبستەر (1961) کەسی دوو زمانە کەسێکە کە بتوانێت بە دوو زمان بەشێوەیەکی ڕەوان قسە بکات، وەک ئاخێوەرێکی ڕەسەن، بەپێی ئەم پێناسەیە دوو زمانی یەکسانە بە توانای قسەکردن بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان و تەواو.
پەیوەندی نێوان توانا مەعریفییەکان و دوو زمانی بە نموونە یەکێک بووە لە بابەتە سەرنجڕاکێش و مشتومڕاوییەکانی دوو زمانی و بیروباوەڕی پسپۆڕان و تەنانەت ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا جیاوازن.
با بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی مەبەست، زۆرجار لێرەو لەوێ ھەندێک کەس لە دڵڕەشی و کینەوە یان لە نەزانینی خۆیانەوە دەپرسن: بۆچی ھەندێک خەڵکی ناوچە کوردییەکان بە زەحمەت لە زاری یەکتر تێدەگەن؟ ھەندێکی تریش ئەم جیاوازییە دەکەنە بڕوبیانوو بۆ گومان خستنە سەر نەبوونی زمانێکی یەکگرتووی کوردی و هەروەها نەبوونی یەکێتی نەتەوەییمان، جا بە مەبەستی نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەی کورد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زمان یەکێکە لە پایە ھەرە گرنگەکانی نەتەوە و نەتەوەسازی، گەر نکۆڵی لە بوونی ئەو زمانە بکەن، بەو ھۆیەوە نکۆڵی لە بوونی نەتەوەش دەکەن! ئەم جۆرە خەڵکە دەڵێن: کورد بە زۆر زمانان قسە دەکەن، نەک تەنھا یەک زمان! بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە یەک زمانی کوردی نییە، تا یەکیان بخات! بە دڵنیایی ئەمە بەڵگەی بێ ئاگایی ئەوانە لە زمانی کوردیدا، بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە جیاوازی لە نێوان زمان و زارێکدا ناکەن! وەڵامەکەی ئەوەیە: ئەگەر ھەندێک کەس لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە زەحمەت لە وشەو زاراوەی یەکتری تێبگەن، با بڵێین وەک خەڵکی هەولێر و ئامەد هەورامان بۆ نموونە، یان لە نێوان کوردێکی لەکستان و کوردێکی ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری، یان ھەر ناوچەیەکی دیکە، ئەوا ئەمە شتێکی زۆر سروشتییە و بە ھیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە کورد بە زمانێکی جیاواز قسە بکات و یەک زمانی ھاوبەشیان نییە، ئەم دیاردەیە لای ئاخێوەرانی وڵاتێکی گەورە و پێشکەوتووی وەک ئەلمانیا و بەریتانیاش هەیە، ھەندێک لە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورک و عەرەب و فارس بانگەشەی بۆ دەکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی زمانی کوردی زمانێکی بەھێزە و دەوڵەمەندە بە وشەسازی، زۆر سروشتییە مرۆڤی کورد ھەموو ئەو وشەسازییەی زمانی کوردی نەزانێت، کە لە ھەموو ناوچە بەرفراوانەکانی کوردستان لە باشوور و باکوور، لە ڕۆژهەلات و ڕۆژاواو تەنانەت لە ناوچە کوردنشینەکانی خۆراسان و مازەندەران تا دەگات بە کوردانی قافقاس و ئەوانی تردا قسەی پێدەکرێت.
سەرەڕای ئەوەی کە کورد تا ئێستا دەوڵەتی سەربەخۆی نییە، لێرەدا ھێزی زمانی کوردی بەدەر دەکەوێت و خۆشبەختانە خاوەنی زەخیرەیەکی مەزنی فەرهەنگی وشە و زاراوەکانە، کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە بە زار و شێوەزار و وشەسازی و ئەم بڕە زۆرە وشەسازییە بەسەر ھەموو ناوچەکانی کوردستاندا بەشکراوە، کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک وشە و ئەمانەش ئەو وشانەن کە تەنێ لە زارەکانی کورمانجی ژوورو و ژێری وەرگیراون و ئەو زارە زۆرانەی دیکەی کوردی وەک لەک و لوڕ و هەورامی تێدا نییە. ئەمە فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی زمانی کوردی و ھەموو شێوەزارەکانی و وشەکانی لە ونبوون و لەناوچوون، سەرەڕای ئەو شەڕە سەختانەی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان، لە دژی زمانی کوردی و نەیانھێشتووە تاکی کورد فێری خوێندنەوە و نووسین بێت، بەڵام ھێشتا زمانەکەی بەھێزترە لە زۆرێک لە زمانەکان کە لە ناوچەکە و جیھاندا ھەن.
کۆمەڵگەی کوردستان بە حوکمە گۆڕانکارییە دیمۆگرافی و مێژووییەکانی، کە تێکەڵەیەکە لە نەتەوەکانی غەیرەکوردی وەک عەرەب و تورک و فارس و ئەرمەن و کلدان و ئاشووری، زمان و کەلتووری ئەم نەتەوانە کەم و زۆر کاریگەرییان بەسەر یەکترەوە هەبووە، چۆن بە ناهەق جوگرافیای کوردستانی گەورە بەسەر دەوڵەت نەتەوەکانیان دابەشکراوە، بۆیە بە دەگمەن نەبێت تاکێکی کورد نابینین، جگە لە زمانی دایکی کە زمانی کوردییە، لە وڵاتەکەی خۆیدا زمانی دووەم یان سێیەمی نەزانێت، هەر بۆ نموونە کوردەکانی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان زۆرینەیان زمانی دووەم کە زمانی عەرەبی و زمانی فەرمی دەوڵەتی سووریا و عیراقە دەیزانن، لە باکووری کوردستانیش هەروایە، بە دەگمەن نەبێت کوردێک نابینیت زمانی تورکی نەزانێت، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەتایبەت لە ناوچەی موکریاندا زۆرینەیان وێڕای زمانی فەرمی دەوڵەت کە فارسییە، هاوکات بەحوکمی هاوشارییان لەگەڵ تورکە ئازەرییەکاندا زۆرینەیان زمانی تورکیش دەزانن.
لەو ساڵانەی دواییش لە هەرێمی کوردستاندا بە حوکمی هەبوونی خویندنگە ئەهلی و تایبەتەکان تا ڕادەیەک زمانی ئینگلیزیشی هاتەسەر، نەوەیەک درووست بووە بەتایبەت نەوەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ زۆرینەیان ئینگلیزیزان و ئاخێوەرن.
*سەرنووسەری گۆڤاری زمان و زار.
