بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بە ڕۆژئاڤا.. ئازاد حەمە*
بۆ بەندە مشتومڕاویترین بابەتی سیاسیی، لەم هەلومەرجە ناساغەی ڕۆژئاڤا تێیکەوت، کە ئێمەی کوردی لە گشت شوێنێک سەرقاڵی خۆیکرد، تەنها هەڵوێستی نامەردانەی ئەمەریکایەکان نەبوو، بێدەنگیی جوولەکەکانیش بوو. ئەم بێدەنگییە گشت ئەو بێدەنگییانەی دیکەی بیرخستمەوە لە ڕابردوودا سەبارەت بە بەسەرهاتە تاریکەکانی کورد پیادەکراون(لەباربردنی سیاسییانەی کۆماری مەهاباد، تواندنەوەی شۆڕشی گوڵان، پشتگوێخستنی زەبرەکانی بەعسیزم بەرامبەر بە کورد و….. ).
پێشتر، لە کارە تێیۆرییەکانمدا، هێمام بۆ ئەوە کردووە، بێدەنگیی نە بێلایەنە و نە هەتاهەتایە؛ وەکیتر پڕیشە لە ئاماژە و گوتنی نەگوتراو. ڕاستە بێدەنگیی سوودی خۆی هەیە و بێدەنگەکانیش بەزۆری گۆشەگیرن، وەلێ ئەمە تا ئەو شوێنە تەندروستە، کە بێدەنگیی ڕەهانەبووە؛ بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بەو دۆزە سیاسییەی ڕۆژئاڤا، کە پڕە لە زیان ڕەهایی لێدەتکێ.
ئێستاشی لەگەڵ بێت، لە چاوەڕوانی ئەوەداین، تەقەلایەک بۆ گوزارەکردن، فۆرمێکی تر لە دەڕبرین لەلایەن جوولەکەکانەوە سەبارەت بە دۆزی کوردانی ڕۆژئاڤا بەڕێوەبێت. جوولەکەکان، کە خۆیان قووربانی پەلاماردان و داگیرکاریی و بەکاربردنن دەبوو بەفەرمی لەو دۆخە ناهەموارە بێنەگۆ، کە لە شارەکانی ڕۆژئاڤا دەگوزەرێت.
گومانیناوێت، بێدەنگیی نەبوونی گوتنە، ماناداریش هەردەم لە قسەنەکردندا هەبووە، بەڵام بێدەنگیی جوولەکەکان لە سەرانسەری جیهان خۆی وەک کردەیەکی پووچ و بێمانا نمایشکرد. لەبەرئەوەی نەگوتن هەڵوێستە، بۆ ئێمە بێدەنگی جوولەکەکان برینی سیاسیی لەگەڵخۆیدا هێنا.
هزرەڤان و ڕوناکبیرە گەورەکان، کە زۆرینەیان جوولەکەبوونە، هەردەم لەڕێگای تێهزرینەکانیانەوە زەمینەیان بۆ تێڕامانی قوڵ و فۆرمیتر لە بیرکردنەوە خوڵقاندووە، ئەوان بوون دەیانگوت لە کاتی غەدر و نادادییەکاندا ئاسان نییە بێدەنگیی. بۆیە لەم چرکەساتە، بۆ ئێمەی کورد، بێدەنگیی جوولەکەکان ناشرینە و وەک باشەیەک تەماشاناکرێت. ئەوەی لەمحاڵەتەدا شتەکان سەرلەبەردەگۆڕێت خودی دەنگە(گوتنە). بەڵێ دەنگی جوولەکەکان هێزە و زۆر شت لە دۆزی ڕۆژئاڤا دەگۆڕێت؛ دەنگیان مانادارییە و هیوای لەسەرهەڵدەچنرێت.
بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بە ڕۆژئاڤا وایلێکردم ڕقم لە بێدەنگیی ببێتەوە؛ وەک دیاردەیەکی چەپەڵ و ناخۆشەویستیش تەماشایکەم. بەپێچەوانەی ڕێساکانی بێدەنگییەوە، کە جوانی و شکۆی تیایە، بۆ ئەمڕۆی ئێمە چەنەبازیی و زۆربڵێی جوولەکەکان پێویستبوو. دەمانخواست جوولەکەکان بە ژاوەژاو و چەنەچەنی سیاسیی کاسمانکەن و دونیا لەو زوڵمە بەئاگابهێنن لە ژهنراڵ مەزڵوم دەکرێت. داخیگرانم، ژهنراڵ مەزڵوم تەنیا و خەمۆک کرا. هیچ شتێکیش لە خەمۆکی سیاسیی مەترسیدارتر نییە؛ ئەمەیان لەڕووی مێژووییەوە، لەدێرزەمانەوە جوولەکەکان چەشتوویانە. خەمۆکیی وا گەلۆ تەنها داڕمانی دەروونی و پەشێویی لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، پێش هەموو شتێک داڕمانی سیاسیی و ماڵوێرانیی نەتەوەیی لەگەڵ خۆیدا دێنێت.
کاشکێ جوولەکەکان (ژورنالیست و سیاسیی و ڕوناکبیرانیان) سەبارەت بە ڕۆژئاڤا چەنەیانلێدەدا، گرنگ قسەیاندەکرد و زیادەڕۆییان لەسەر دۆزی ڕۆژئاڤا لە گوتندا دەکرد.لەم حاڵەتەدا چەنەچەن و زۆربڵێی جوولەکەکان دەبووە دەرفەتێک بۆ جۆرێکیتر لە بیرکردنەوە، هاتنەکایەوەی گوتنی سیاسیی دیکە.
گومانم نییە، بێدەنگیی شکۆی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەو کاتانەی گوتن، دەنگ، هیچ ناگۆڕێت. وەلێ بۆ ئەم ساتەوەختەی ئێمە شکۆداریی لە زۆر گوتندایە، بەتایبەت گوتنی ئەوانەی(جوولەکەکان بە نموونە) شتەسەرەکییەکان سەرلەبەر قڵپدەکەنەوە. لێرەدا لەگەڵ تێگەیشتنێکی نیتچەدام: ئەو ڕاستیانەی بێدەنگدەکرێن ژەهراویدەبن. بەڵێ، یەک دونیا ڕاستی لە هەردوو گەرەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نێژران. پێویستمان بە قوڕگێکی جوولەکانە هەبوو چەنەبازیی و زۆربڵێی بەسەر راستییەکانەوە بکات، وەلێ درێغا و حەیف نەکرا.
ئەوەی بیرمەندە جوولەکە ئەوروپاییە بلیمەتەکان لە سەدەکانی رابردوودا کاریانبۆکرد داهێنانی چەمکگەلێکی وەک: یەکترقبووڵکردن، لێبووردەیی، پێکەوەژیان یان بانگەوازی ئاشتەواریی بوون، کە بەداخەوە واخەریکە تەنها دەبنە خواست و چەکی داماو و لاوازەکان نەک هێزدارەکان.
ڕاشکاوانە بێمەقسە ساڵانێکە لە سۆسیال میدیای جیهانی عەرەبی، ئێمەی کورد بەوە تاوانباردەکرێین داردەستی ئیسرائیلیەکانین لەناوچەکە. لەمەشا لە ڕقلێبوونی عەرەبەکان زیاتر هیچمانلێدەستنەکەوت. ئەوەش هەر چەواشەکاریی لە دونیای سیاسەتی ناوچەکە بۆدروستکردین، کە جار جار بەرپرسێکی سیاسیی جوولەکە دەیدایە شانوباڵمان؛ قسەیان لە ئاواز و هەڵپەرکێ و خواردنی بەتامی کوردی دەکرد.
کۆتا گوتنم لەم بارەیەوە ئەوەیە، ئەم چەند رۆژەی تێپەڕی دەبێت ئەوەی فێرکردبێتیین، کە بۆلەمەولا پێویستە زۆرترین سێمینار و کۆڕبەند و پانێل، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، بە بابەتی گرنگیی دەوڵەت و چۆنیەتی دروستکردنی دەوڵەتەوە تایبەتکرێت، نەک بابەتی ڕوناکبیریانەی مردارەوەبوو.
- ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
