Skip to Content

هەڵماڵینی دەمامکی جەردەکان.. ستار ئەحمەد

هەڵماڵینی دەمامکی جەردەکان.. ستار ئەحمەد

Be First!
by حوزه‌یران 29, 2026 General, Opinion


لە سایەی ڕژێمە ستەمکار و داپڵۆسێنەرەکاندا، دەسەڵات تەنیا لە قۆرخکردنی ماڵ و سامانی وڵاتدا ناوەستێتەوە، بەڵکو ڕێبازێکی بەربڵاوتر و مەترسیدارتر دەگرێتەبەر کە ئەویش برسیکردن و سەرشۆڕکردنی بەمەبەستی گەلە. ئەم جۆرە دەسەڵاتدارییە، کە دەکرێت بە دەسەڵاتی دەسپیس و جەردە ناوزەد بکرێت، دەمامکێکی فریودەر دەپۆشێت بۆ شاردنەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی، دەمامکێک کە لە دروشمی بریقەدار، بەڵێنی درۆینە، و پاساوی نیشتمانی چنراوە، لە کاتێکدا لە پشت ئەم دەمامکەوە پرۆسەیەکی ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت بۆ تێکشکاندنی شکۆی مرۆڤی کۆمەڵگە.
بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشە ئاڵۆزە، دەبێت سەرەتا سەیری سروشتی ئەو دەمامکە بکەین کە دەسەڵاتی جەردە لەسەری دەکات. ئەوان هەمیشە خۆیان وەک پارێزەری نیشتمان و نەتەوە نیشان دەدەن. لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە سێبەر و زمانحاڵەکانیانەوە، وا لە هاوڵاتی دەکەن بڕوا بەوە بهێنێت کە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە نەبێت، وڵات بەرەو وێرانبوون دەچێت. ئەمە گەورەترین جادووی ڕەشە کە ستەمکاری بەکاریدەهێنێت؛ ترساندنی کۆمەڵگە لە پاشەڕۆژێکی نادیار بۆ ئەوەی ڕازی بن بە دۆخە تاڵ و پڕ لە چەوسانەوەکەی ئێستایان. لێرەوە، دەمامکەکە دەبێتە ئامرازێک نەک تەنیا بۆ شاردنەوەی دزییەکان، بەڵکو بۆ ڕەواییدان بە مانەوەی خۆیان لەسەر پشتی میللەت بەناوی پاراستنی سەقامگیری.
پرۆسەی ڕیسواکردنی گەل لەلایەن ئەم تاقمە دەسپیسانەوە، پرۆسەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکوو نەخشە بۆکێشراوە. کاتێک دەسەڵاتێک مافە سەرەتاییەکانی وەک ئاو, کارەبا، تەندروستی، پەروەردە، و مووچە دەکاتە خەون و خەڵات، ئەو کاتە هاوڵاتی لە مرۆڤێکی خاوەن بیرکردنەوەی فراوان و ڕەخنەگرەوە دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێک کە تەنیا خەمی دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیەتی. ئەمە ڕێک کورتکردنەوەی شکۆی مرۆڤی کۆمەڵگەیە. کاتێک گەنجێک، دەرچوویەکی زانکۆ، یان باوکێکی بەتەمەن ناچار دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی مافێکی سەرەتایی خۆی کڕنوش بۆ لێپرسراوێک ببات یان ببێتە پیاهەڵدەری حیزب و دەسەڵات، ئەمە لوتکەی ڕیسواکردنی مرۆڤە. دەسەڵاتی جەردە دەیەوێت کۆمەڵگەیەک دروستبکات کە تێیدا ملکەچیی ببێتە مەرجی مانەوە، و یاخیبوون و داواکردنی ماف ببێتە ناپاکی.
لێرەدا، لوتکەی ئەم دۆخە تاڵە لە هەرێمی کوردستاندا خۆی دەنوێنێت؛ لەو شوێنەی کە دەسەڵاتداران بە ئاشکرا تانە لە شکۆ و بژێوی خەڵک دەدەن. چۆن دەکرێت دەسەڵاتێک لافی بێپارەیی و تەنگژەی دارایی لێبدات، لە کاتێکدا ملیۆنان دۆلار و سەدان دەفتەر پارەی ئەم میللەتە هەڵدەڕێژێت بۆ پرۆژەی بێبایەخ ….؟
چ هۆشمەندییەک قبوڵی دەکات سەدان دەفتەر دۆلاری ئەم خاکە پێشکەشی ئەکتەر و گۆرانیبێژی بیانی بکرێت بۆ چەند کاتژمێرێک لە نمایش و خۆدەرخستن، بەڵام کاتێک نۆرەی مووچەخۆری ناوخۆ دەگات، گەنجینەکان بەتاڵ بن….؟
ئەم کەرنەڤاڵ و بەخشینە سەرشێتانانە لەسەر پشتی گەلێک دەکرێت کە ساڵانێکە لە ژێر ناوی پاشکەوت، لێبڕین و دواکەوتنی مووچەدا، مافەکانیان لووش دەکرێت. ئاخر کەی ڕەوایە و چ ویژدانێک دەیگرێتە خۆی کە هەر مووچەخۆرێکی ئەم هەرێمە، زیاتر لە دەفتەرێک دۆلاری شایستەی خۆی لەلایەن ئەم دەستەیەوە خورا بێت، کەچی دەسەڵات بە پارەی دزراوی ئەوان کڕیاری ناوبانگی ساختە بێت لە دەرەوە..؟
ئەمە نەک تەنیا گەندەڵی ئابوورییە، بەڵکو ڕیسواکردنی بەمەبەستی مرۆڤی کوردە، تا هەمیشە چاوی لە دەستی ستەمکار بێت بۆ قوتێکی کەم.
ئەم دەسەڵاتە جەردەیە تەنیا پارەی ناو بانکەکان نادزێت، بەڵکوو ئومێد، داهاتوو، و بەها ڕەوشتییەکانی کۆمەڵگەش تاڵان دەکات. کاتێک گەندەڵی دەبێتە کارێکی هەمیشەیی و بێدەنگی لێدەکرێت، بەهاکانی وەک دڵسۆزی، دەستپاکی، و زانست بایەخیان نامێنێت، و لە شوێنی ئەواندا ماستاوکردن، خزمخزمێنە، و زمانلووسی دەبنە پێوەری سەرکەوتن. ئەم گۆڕانکارییە کولتووری و ڕەوشتییە گەورەترین زیانە کە بەر جەستەی میللەت دەکەوێت، چونکە چاک کردنەوەی ژێرخانی ڕەوشتیی کۆمەڵگە سەدان ساڵی دەوێت، لە کاتێکدا ژێرخانی ئابووری بە چەند ساڵێک چاک دەبێتەوە.
لێرەوە پرسیارە بنەڕەتییەکە سەرهەڵدەدات: ڕۆڵی میللەت چییە لەبەرپەرچدانەوەی ئەم دۆخەدا..؟ ئایا پێویستە گەل هەمیشە قوربانییەکی بێدەنگ بێت..؟
مێژووی مرۆڤایەتی سەلماندوویەتی کە هیچ ستەمکارییەک هەتایی نییە و هێزی ڕاستەقینە هەمیشە لای میللەتە، بە مەرجێک لە هێزی خۆی تێبگات. یەکەم هەنگاو لە بەرهەڵستکارییەدا، داماڵینی دەمامکەکانە. پێویستە کۆمەڵگە چیتر بڕوا بە دروشمە بریقەدارەکان نەکات. کاتێک لێپرسراوێک باسی نیشتمانپەروەری دەکات بەڵام سامانی گشتی دەباتە دەرەوەی وڵات، ئەرکی هۆشیاریی گەلە کە پێی بڵێت: تۆ دزیت، نەک پارێزەر. پێویستە زمان و فەرهەنگی ڕەخنەگرتن لە ناو کۆمەڵگەدا زیندوو بکرێنەوە و هێڵی جیاکەرەوە لە نێوان نیشتمان و دەسەڵاتی گەندەڵدا بکێشرێت؛ نیشتمان هی هەمووانە، بەڵام دەسەڵاتێکی جەردە تەنیا نوێنەرایەتی گرووپێکی مافیا دەکات.
هەنگاوی دووەم لە بەرپەرچدانەوەدا، ڕەتکردنەوەی ئەو جۆرە ژیانەیە کە تێیدا شکۆ بریندار دەبێت. بێدەنگی لەبەرامبەر ستەمدا، جۆرێکە لە ڕەواییدان بەو تاوانە. میللەت دەبێت لە ڕێگەی خەباتی مەدەنی، خۆپیشاندانی هێمنانە، بایکۆت، و بەکارهێنانی پێنووس و وشەی ئازادەوە، بەردەوام بەربەست بۆ بڕیارە ستەمکارەکانی دەسەڵات دروستبکات. بێگومان دەسەڵاتی جەردە هەمیشە پەنا بۆ توندوتیژی و تۆقاندن دەبات بۆ کپکردنی دەنگەکان، بەڵام مێژوو نیشانی داوین کە سوپای تۆقێنەری دەسەڵاتدار کاتێک دەڕوخێت کە ترسی گەل دەگۆڕێت بۆ توڕەییەکی ڕێکخراو.
ڕۆڵی بژاردەی ڕۆشنبیر، مامۆستایان، نوسەران و ڕاگەیاندنی ئازاد لەم قۆناخەدا زۆر گرنگە. ئەوان دەبێت ڕێبەری هۆشیاریی کۆمەڵگە بن. دەسەڵات هەمیشە هەوڵدەدات کۆمەڵگە دابەش بكات بەسەر کەمینە و کوتلەی جیاوازدا بۆ ئەوەی پێکەوە سەرقاڵ بن و چاویان لەسەر دزییە گەورەکان نەبێت ستراتیژیەتی پەرتکە و زاڵبە بەکاردەهێنێ. لێرەدا ئەرکی گەلە کە یەکڕیزیی خۆی لە دەوری داواکارییە ڕەواکان بپارێزێت. یەکگرتوویی گەل، گەورەترین مۆتەکەی دەسەڵاتە دەسپیسەکانە. کاتێک کرێکار, فەرمانبەر، خوێندکار، و کاسبکار پێکەوە هاودەنگ دەبن، چۆکی دەسەڵات دەلەرزێت چونکە دەزانێت چەک و بەندیخانەکانی ناتوانن تان و پۆی کۆمەڵگەیەکی ڕاپەڕیو کۆنترۆڵ بکەن.
دەبێت هەموومان ئەو ڕاستییە بزانین کە ئازادی و شکۆ بە دیاری پێشکەش بە چەوساوەکان ناکرێت، بەڵکوو دەسەندرێت. دەسەڵاتی دەسپیس و جەردە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە گەل پێی ڕازی دەبێت. ئەگەر میللەت ملکەچی هەژاری و سوکایەتی بێت، دەسەڵات زیاتر دەچێتە پێشەوە؛ بەڵام کاتێک میللەت بڕیاری بەرپەرچدانەوە دەدات و چیتر ڕێگا نادات ملیۆنان دۆلاری بخرێتە باخەڵی بێگانە و خۆی لە سەرەتاییترین ماف بێبەش بێت، ئەو کاتە دەمامکەکان بای بوێری دەیانبات، جەردەکان ڕیسوا دەبن، و شکۆ دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی کە تەنیا و تەنیا گەلە. ئەمە یاسایەکی حاشاهەڵنەگری مێژووە و هیچ هێزێک ناتوانێت پێچەوانەی بکاتەوە.

ستار ئەحمەد

Previous
Next

Leave a Reply