Skip to Content

مام كوێخا.. مستەفا غەفور

مام كوێخا.. مستەفا غەفور

Be First!
by ئاب 12, 2026 General
image_print

  • سەلام و ئەلێیكم ئاوڕێیان
  • عەلەیكە سەلام، فەرموو مام كوێخا.
    زۆربەی خەڵكی شێنی لە بری هاوڕێ‌ دەیانگوت ئاوڕێ‌. مام ئەحمەد كە خانوچكێكی لەسەر كانییە سەر رێی نێوان زەڵی و ناوزەنگێ هەبوو، جارجار دەچووین هێندێك وردەواڵە و پاكەتی جگەرە و جارجار ماستمان لی دەكڕی،…
    بەیانییەك هاوڕێەك پێی گوتبوو: مائەحمەد بەیانبیت باش
    ئەویش گوتیووی: بەیانیم باش؟
    گوتووی: ئەرێ‌ وەڵلا بەیانیت باش.
    گوتبووی هێندت بەیانیت باش، هێندت بەیانیت باش (لەبەر خۆیەوە گوتبوو سەگباب).
    مام ئەحمەد هێندی گوتبوو ئاوڕییان ئاوڕێیان، رۆژیكی نەوەكەی پێی دەڵێ‌: باپیرە ئەگەر چوویە كنە ئاروێیان ئاروێیەكم بۆ بگرە.
    مام كۆێخا پیاوێكی قسە خۆش بوو، شیوە ئاخاوتنی شێنەیان هەر بۆ خۆی شێوەزارێكی خۆشە، ئەمن حەزم دەكرد هەر قسان بكەن و گوێیان لێ‌ بگرم…، ژن و پیاویان ئازا و كراوەن، میوان دۆست و دڵ و دەروون فراوانن، سادە و بێ‌ فرتو فێڵ… دەتوانم بڵێم پێشمەرگەی هەموو لایەك پێیان قەرزدارە. شێنێ‌ تاكە لادییەكی پشدەرێیە، خەڵكەكەی چۆڵیان نەكرد، بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەك لە سەر موڵك و ماڵی خۆیان مانەوە و بەرگریان كرد و لە كۆتایی زستانی ساڵی 1978 داستانێكی گەورەیان لەگەڵ پێشمەرگە تۆمار كرد.
    مام كوێخا گوتی: ئەوە لەبۆ دەنگ و رەنگ و نییە، نە باسی كەس دەكەن نەكەس و باس دەكا، خەریكی چین كەسو تێناگا. هەزار كاری بكەن كەس نازانێ‌، ئی دەمەش هەر كە شتەكی دەكەن، وەك بەردی دەگوێزێ‌ هەڵاوێی هەموو عالەم دەزانێ‌…
    دوایە گوتی: ئەرێ‌ خزمینە ئەگەر دارانیش دەبڕن ئی دە تەڕ مەبڕن مە، بە خصوص دارێ‌ گەڵێ‌. (داری گەڵی ئەو داربەڕووەیە كە پایزان داربەڕووی دەوری خۆی هەڵدەپەردێون و لق و پۆپەكانی بە گەڵاوە لە سەر ئەو دارەی دادەنێن تا ئەگەر زستان هات، لە كەمتفاقییەدا ماڵاتی پێ ئالیك بدەن، بە تایبەتی مەڕ و بزن.
    راستی دەكرد لەسەر رێیە نێوان قوڵكەرمێ‌ و زەڵێ‌ رۆژێك پێشتر داربەڕوویەكی ئەستوورمان بڕی، كابرایەكی شێنەیی هات بە تووڕەییەوە گوتی: ئەوە لەبۆ ئەو داربەڕوەی دەبڕن؟
    ئەمەش گوتمان: ئەتۆ هەقت چییە، ئەوە داری شاخییە و بۆ سوتانێ‌ پێویستمانە.
    كە زانی ئێمی تووڕەین و دەسەڵاتی نییە لە حەسرەتی بڕینی دارەكەی فرمێسكەكانی هاتنە خوارێ‌ و دەنگی نەكرد… ئەمەش بەلامانەوە زۆر سەیر بوو، پیاوێك زرت و زەلام بۆ دارێكی رووتەڵە بگری، ئەمن زۆر دڵتەنگ بووم بەڵام تا درەنگ نەمزانی ئەو ئەو فرمێسكانە چییە. نەمزانی بۆ لە دەستدانی ئەو ژینگەیەی مرۆڤ تێیدا دەژی، نەماندەزانی خۆشەویستی ئەو پیاوە بۆ ئەو دارووبەندەنەی چەندە، نەمانزامی ئەوە داری گەڵێیە و وایان هەڵپەرداوتووە بتوانن گەڵی لەسەر داكەن، لە رێی هاتووچۆیەش نزیكە، زستانێ‌ بە ئاسانی مەڕو بزنان دەگەیەنێتە بن ئەو دارەی و گەڵیان دەدات, نەماندەزانی بژێوی رۆژانی سەختی مەڕ و بزنەكایمان بڕیوە.
    كە گرتە ڤیدۆكەی رۆژئاواشم بینی شیرەژنێك چۆن باوەشی لە دارزەیتونێك دابو تا توركان نەیبڕن، بەدەست خۆم نەبوو گریام، بۆ ئەو رۆژەش گریام كە كابرای شێنەیی بۆ داربەروەكە گریا.
    لە راستیدا پشتی شێنێ‌ و زەڵێ‌ و ئەو دەروبەرە هەمووی دارستانێكی چڕ و پڕ بوو، بەناو داراندا رویشتبای تا نەهاتبایەوە سەر رێیە هەر نەدیو بووی. بەڵام كە دەستی پێشمەرگەی گەیشتێ‌ بوو بە رووتەن، تا گەیشتە راپەڕین تاك و تەرا دار و باری پێوە مابوو. وەك دەغڵا و دان سن لێی دابێ‌ ئاوای بەسەرهات.
    بە مام كویخامان گوت راست دەكەی، نەمانزانیوە، انشااللە دووبارە نابێتەوە و زۆر داوای لێبوردنمان لێكرد. ئەو جا دانیشت، چامان بۆ هێناو و گوتمان: نانت خواردووە؟
    گوتی: نانی ئی كەنگێ‌
    گوتمان چۆن نانی بەیانی.
    گوتی ماشەڵلا ئی بەخۆوە ژیون.
    كەوتینە قسان. پاش قسە و باسان،… هاوڕێ‌ سەلیم ویستی بیبزێوێ‌، لێی پرسی: ئەرێ‌ مام كوێخا،لەگەڵ حەمەی كوڕت چۆنی.
    گوتی: كوڕە جا چۆن بم، لە دایەی بەم…، شەوێی تا بەیانی لەتاو كیری خەو لێناكەوێ‌, دەڵی ئەژنم بۆ بێینن.
    ئەمنیش دەلێم: هەتیوە ئەمن هەتا ژنم هەینا سێ‌ چوار ساڵانم بە ماكەرگانی بەسەربرد. ئەتوش تا دەست و باڵم دەكرێنەوە، یەك دوو ساڵان ئیوا بەسەر بەرە.
    هەموو دەستمان كرد بە پێكەنین…
    من سەرەڕای پێكەنین وئەو گفت و لفتە، تا درەنگ لە حیكمەتی ئەو قسانەی حاڵی نە بووم. ئەوە بۆ ئەوە دەبێ‌ لە رووی كلتووری كۆمەڵایەتی، دۆخی دەروونی و گوشاری سێكسی لە سەر هەردوو رەگەزی نێر و مێ‌، لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێ‌.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply