“وان”؛ وشه-پاشگرێکی پیرۆز و ڕه‌سه‌ن … نووسینی: زانکۆ یاری
لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانی، زمان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات و توانای زمان به‌رانبه‌ری گۆڕان ده‌پارێزێت؛ واتا دەتوانین سەدان ڕاستیی ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هتد، لە نێو زماندا لەڕێگەی وردبوونەوە لە زمانی کوردی، بدۆزینەوە. زمانی کوردی، زۆربه‌ی ڕاستییه مێژوویی و زمانه‌وانییه‌کانی خۆی، لە نێو خه‌زینه‌که‌ی‌دا شاردووتەوە؛ ئه‌ویش وشه ڕه‌سه‌نه‌کانی له زاراوه جیاجیاکانی‌دا که باس له مێژوویه‌کی زۆر دوور و چاندێکی پڕشکۆ ده‌که‌ن. لێرەدا له‌ڕووی ڕێزمانییه‌وه، وشەی “وان” که وشه‌یه‌کی کۆنی کوردییه و له ڕێزماندا وه‌کوو پاشگرێک هەڵبژێردراوه، له‌م نووسراوه‌دا وه‌ک به کورتی چاوێکی پێدا ده‌خشێنین.
له زمانی کوردی‌دا، پاشگری (Suffix) “وان” کە لە فارسی‌دا به‌شێوه‌ی “بان”، هاتووه لە بنچینەدا لە وشەی (خوا-وان)ی کوردی وەرگیراوە کە پاشان وردەوردە لەسەر زمان بووه‌تە “خواوەن-خاوەن” ئینجا بووه‌تە “خوداوەن-وەند” و پاشان له کوردیی ئێستادا، پێشگرێکی تری بەسەردا هاتووه و “خاوندار-خاوەنداری” و “خاوەندارێتی”ی لێ دروستکردووە. هەموویان لە ڕه‌گی کوردیی “وان”ه‌وه هاتوون. هه‌روه‌ها، پاشگری “وان” لە کورمانجی ژووری‌دا دەبێتە “ڤان”، بەم پێیەش ئەم پەرەسەندنە دیالێکتییە، واتا گۆڕانکاریی فۆنتیکی (Phonetic) ئەوە دەگەیەنێت کە گۆڕان بەسەرداهاتنی لەسەرەخۆی پیتی (و W) بۆ (ڤ V) وەک لە “ئاو” بۆ “ئا‌ڤ”دا دەبینین. بە پێی چوارچێوه و پێک‌هاته‌زانیی وشه (Morphology) بە گشتی وان و ڤان پاشگرێکە کە بکەری ناوەکە دابین دەکات. ئەم رێسایە لە زمانی کوردی‌دا گونجاوە و دەتوانین چه‌ندین نموونە وشه‌ی لێکدراو، بۆ ئەم رووداوە بێنینەوە. وه‌کوو نموونه، له سه‌ره‌تادا وشه‌ی “وان”، ئەوە ناوی دەریاچەی “وان”ت وه‌بیر دێنێتەوە. هه‌روا که ئاماژه درا لە کورمانجی ژووری‌دا زۆربه‌ی “و”کان، دەکەنە “ڤ”؛ تەنیا دەریاچەی “وان” نەبێت.
ئەوەی بڵێین که لە کرمانجیی ژووری‌دا (باکوور)، “ڤان”ی پاشگر لەگەڵ “وان”ی ناوی دەریاچەی وان، یه‌ک ڕه‌گ و واتایە و ناوی “وان” واتای پیرۆزبوون دەگەیەنێت، یان ڕاستتر بڵێین واتا “خاوەنێکی پیرۆز” و بەم شێوەیە وشەی “وان” له لای باکورییه‌کانه‌وه، ڕەهەندێکی پیرۆزی هەیە. چونکوو دەریاچەی وان لەژێر چیای ئاراراتی پیرۆز و نزیک چیای جووددا هەڵکەوتووە، ئەو شوێنە پیرۆزەی کە ده‌ڵێن یەکەمین گیانه‌وه‌ران تێیدا هەڵکەوتوون و کەشتیی نووحی پێغەمبەریش هەر له‌وێ نیشتۆتەوە!؛ (به‌پێی تۆژینەوەی هه‌ندێک له مێژووناسان، ئەوەش واتای ئەمە دەگەیەنێت کە دەریاچەی وان دەبێ پاشماوەی ئەو بۆران و فه‌رته‌نه‌ی نووح بێ که هێشتا لەوێ ماوەته‌وە!) هۆ و نهێنیی ئەمەش کە تا ئێستا وان نەکراوە بە ڤان لای باکوورییەکان، ڕه‌نگه هه‌ر ئەم پیرۆزبوونەی دەریاچەکەیە کە بە دەسەڵاتی خواوەند گوتراوە!. ئەوەی کە زۆرتر شیاوی ڕامانە و ڕەنگە بە پێوەری زمان‌ناسی و لێکۆڵینەوەی مێژوویی سازگار بێ و بکرێت زۆرتر گرنگیی پێ بدرێت، دەتوانێت ئەم چه‌ند وشه‌ی خوارەوه بێ کە له هەمان “وان” پێکهاتوون:
-مێهره‌وان؛ واتا کەسێک کە “مێهر”ی هەیە. کەواتە “مهربان”ی فارسی هەمان میهرەوانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردییه. ئاماژه: په‌ره‌ستنی مهر، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئایینی میترائیسم که یه‌که‌م ئایینی کوردی بووه.
-مەریوان: وشە یا لێکدراوی زمانیی “مەریوان”، پێکهاتەی دوو وشەی “مێهر” و “وان-بان” بێت کە لە ڕەوتی زەماندا “بان” بە “وان” گۆڕابێت!. بەم بۆچوون و لێکدانەوە کە هەندێک شرۆڤەی دەکەن، واتای مەریوان یا “مێهربان” به‌رچاوتر و ڕوونتر و و زۆرتر شیاوی پەسەندی دەنووێنێت، چاو‌دێر و پارێزەری “مێهر”ە. واتا شوێنی چاو‌دێر و پارێزەری مێهرە، که مەبەست له‌و ئایینه پیرۆزه کوردییه و جێگاکه‌یه‌تی!.
-پاڵه‌وان؛ که پێکهاتووه له پاڵە+وان، کە بە کەسێكی به‌هێز دەڵێن بەرگری لە خەڵکی “پاڵە” بکات و خۆی بە خاوەنی پاڵان بزانێت.
-مه‌له‌وان؛ مه‌له‌وان وشه‌یه‌کی ته‌واو کوردییه. له فه‌رهه‌نگی “زانستگای کوردستان”دا، هاتووه: (malavan)، (ناو)، مهڤان، مه‌لوو، ده‌ریاوان، گه‌میه‌وان؛ واتا ئه‌و که‌سه‌ی که له‌سه‌ر که‌شتی کار ده‌کاتن. له “فه‌رهه‌نگی باشوور”دا، نووسینی ئاکۆ جه‌لیلیان، چاپی چواره‌م، هاتووه: خزمه‌تکاری که‌شتی، ئاڤژه‌ن. له فه‌رهه‌نگی “زنار”دا، نووسینی حه‌مه که‌ریم عارف، بۆ ئه‌م وشه لێکدراوه نووسراوه: که‌شتیوان. واتا خودای که‌شتی.
-باخەوان؛ وشەی باخەوان لە دوو وشەی باخ+وان پێکهاتووه. باخ ناوە و وانیش پاشگرە. کورمانجییەکەی دەبێتە باخچەڤان، واتە پارێز و خاوەن و بەخێوکاری یەکبەیەک دڵی گوڵ و گیاکانی باخ. واتا بەرپرسی گوڵان، هەر ئەو باخەوانەشە کە دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێ بە هەر شێوازێک ژیان و هەرچی گیانه‌وه‌رانی باخەکەیه، کۆتایی پێ بێنێت. ئەمەش تەنیا لە دەسەڵاتی خواوەندا هەیە. میناک: -ئاشەوان؛ واتا خاوەنی ئاش. -قازەوان؛ واتا پارێزەری قازان. هه‌روه‌ها نچیروان، ژیلوان و سه‌دان نموونهیتر…
نووسینی: زانکۆ یاری
12 Jun, 2019
سه‌رچاوه‌کان:
-یه‌عقووبی، حوسێن، “زمان، وەرگێڕان و په‌یوه‌ندی کولتووره‌کان”، وەرگێڕانی: ئیسماعیل زارعی، چاپخانه‌ی دەزگای ئاراس، کۆلێژی پهروەرده، سۆران، چاپی یه‌که‌م-هه‌ولێر 2007.
-موکریانی، د. کوردستان، 1977، “سیر تطور زبان کوردی و مجموعه زبان های ایرانی”، چاپی یه‌که‌م، 1394.
-فه‌رهه‌نگی “زانستگای کوردستان”، چاپی 1385، سنه.
-فه‌رهه‌نگی “باشوور”، نووسینی ئاکۆ جه‌لیلیان، چاپی چواره‌م.
-فه‌رهه‌نگی “زنار”، نووسینی حه‌مه که‌ریم عارف، 2006، هه‌ولێر.
-فه‌رهه‌نگی “کاوه”، له‌سه‌ر ئینتێڕنت-به‌ڕۆژ. (http://farhangumejuikawa.com/kawe/index.php)
-ماڵپه‌ڕی “یاگه‌ی زمانی کوردی”، به‌شی ڕێنووس. (http://yageyziman.com/Renusi_Kurdi.htm)
-Http://trovamy.altervista.org/ English: Wikitionary, (available under the CC BY-SA 3.0 license).