ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كاریی هونه‌ری كاریكاتێر … هه‌ندرێن خۆشناو
كاریكاتێر به سروشته ره‌خنه‌گرانه‌كه‌ی، دیارده‌یه‌كی نه‌رێنی چاره‌سه‌رده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ردوو جۆری كاریكاتێری گاڵته‌جاڕی و پۆرترێت به‌لاوه‌نێین، كه به دوو جۆری بنه‌ڕه‌تی له جۆره‌كانی كاریكاتێر ناژمێردرێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هه‌ردوو جۆره‌كه له‌وانه‌یه چه‌ندین نیگار له‌خۆبگرن كه سروشتی ره‌خنه‌گرانه‌یان هه‌یه. ئه‌و سروشته ره‌خنه‌گرانه‌ی كاریكاتێر ده‌بێته هۆی به‌راوردكردنێك له‌نێوان دیارده نه‌رێنیه‌كان و پێچهوانهكهیاندا، به‌رده‌وام هه‌ڵسه‌نگاندنی دیارده‌یه‌كی نه‌رێنی، نه‌رێنی ده‌بێت، واته كاریكاتێر ره‌خنه له‌و دیارده‌یه ده‌گرێت و به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ داوای وه‌ستان له دژیدا ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی په‌روه‌رده‌كردنی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی دیارده‌ی نه‌رێنی، ئه‌م په‌روه‌رده‌یه‌ش له‌وانه‌یه دژ به كه‌سێكی دیاركراو بێت، وه‌كو زنجیره كاریكاتێره‌كانی (ناست) (پاشا توید)، كه كاریكاتێریسته‌كه تێیاندا ئابڕووی پارێزگاری نیویۆرك ده‌بات، كه به گه‌نده‌ڵی ناسراوبوو، هه‌روه‌ها له كاریكاتێره‌كانی (دۆمیێ) (پاشا لویس فیلیپ)، هه‌روه‌ها له زنجیره‌ی (ناوداره‌كان)دا، و له‌و كاریكاتێره زۆرانه‌ی دژ به (ناپلیۆن بۆناپارت) و (ناپلیۆنی سێیه‌م) و (هتله‌ر) و (ستالین) و (ریگان) و زۆرێك له سه‌ركرده‌كانی جیهان له چه‌ندین ماوه‌ی مێژوویی جیاوازدا، له‌وانه‌یه په‌روه‌رده‌كه‌ش ئاڕاسته‌كراو بێت دژ به كۆمه‌ڵێك، وه‌كو حزبێكی سیاسی، یان جۆرێكی تری گروپ و گردبوونه‌وه، یان نه‌ژادێكی دیاركراو، یان دژ به ده‌وڵه‌تێك، یان دیارده‌یه‌كی دیاركراودا.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه له كاریكاتێری سیاسی‌دا چه‌ندین وریاكه‌ره‌وه هه‌یه كه جێگای پرسیارن، ئایا هه‌موو نیگاره كاریكاتێریهكان په‌روه‌رده‌ی ئه‌رێنی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، پێویست به شیكردنه‌وه‌یه‌ك و هاوكێشه‌یه‌كی ساده ده‌كات ئه‌ویش، ئایا له سیاسه‌تدا ئه‌وه‌ی ئه‌رێنییه بۆ من، ئه‌رێنییه بۆ تۆ؟ بۆ نمونه ململانێی دوو حزب له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له وڵاتێكی دیاركراودا، هه‌ردوو حزبه‌كه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ریه‌كتری، ئه‌مه لایه‌نگری خۆی هه‌یه، و ئه‌وی تریش لایه‌نگری خۆی، ئه‌مه له‌سه‌ر حه‌قه، و ئه‌وی تریش له‌وانه‌یه له‌سه‌ر حه‌ق بێت، لێره‌دا ئه‌رێنی و نه‌رێنی دیاركراوه، به پشت به‌ستن به بیروڕای جیاوازه‌وه، له‌وانه‌یه ڕاست بێت و له‌وانه‌شه چه‌وت بێت، زۆرجاریش راستی و ناڕاستیمان بۆ به‌ده‌رناكه‌وێت، ته‌نانه‌ت دوای ماوه‌یه‌كی زۆریش، نه‌ك به پشتبه‌ستن به پێوه‌ری جێگیر و گشتی، بۆیه كاریكاتێر ئامرازێكی په‌روه‌رده‌ییه له‌وانه‌یه به دوو ئاڕاسته‌ی دژ به‌یه‌كدا به‌كاربێت. هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری په‌روه‌رده‌كرابێت ئه‌رێنی بێت یان نه‌رێنی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاریكاتێر ئه‌ركێكی په‌روه‌رده‌یی جێبه‌جێ ده‌كات، له كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تیش كاره‌كه رۆشنتره، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه ههڵوهستهكانیان له‌سه‌ر بونیات ده‌نرێن، له دیارده‌یه‌ك یان دیارده‌یه‌كی تر، بنه‌مای جێگیرتر و گشتگیرترن، زۆرجاریش هه‌ڵوه‌سته‌ی زۆرینه‌ی هه‌ر زۆری جه‌ماوه‌ره، ئه‌و دیاردانه‌ی كه كاریكاتێر ره‌خنه‌یان لێده‌گرێت، ئه‌و دیاردانه‌ن كه له‌ڕێ لاده‌رن له‌و بنه‌ما ئه‌خلاقیانه‌ی كه كۆمه‌ڵگا به درێژایی هه‌زاران ساڵ دایناون، كه هه‌تاهه‌تایه به دیارده‌ی نه‌رێنی ده‌مێننه‌وه، چونكه ده‌بنه هۆی زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر بۆ كۆمه‌ڵگا، له‌و دیاردانه‌ش بۆ نمونه به‌رتیل، تاوانكاری، له‌شفرۆشی، ئاڵوده‌بوونی خواردنه‌وه‌ی مه‌ی و ماده هۆشبه‌ره‌كان، هه‌ڵئاوسان و گرانیی، زوڵم و زۆرداری، چه‌ندین دیارده‌ی دیكه‌ش. به‌مه‌ش كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی له بواری جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی په‌روه‌رده‌ییدا پله‌ی یه‌كه‌م ده‌گرێت، له نێو جۆره‌كانی تری كاریكاتێردا، له‌به‌ر رۆشنی ئه‌و ئاماژانه‌ی كه هه‌ڵوه‌سته ره‌خنه‌ییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر بونیات ده‌نێت هه‌روه‌ك باسمان كرد.
به‌ڵام له كاریكاتێری پۆرترێت و گاڵته‌جاڕیدا ئه‌ركی په‌روه‌رده‌یی نیمچه وونه، له‌به‌ر ئه‌و بێلایه‌نیه‌ی كه ئه‌و دوو جۆره كاریكاتێره‌ی پێده‌ناسرێت به‌رانبه‌ر به كێشه گشتیه‌كاندا، ته‌نیا ئه‌گه‌ر چه‌ند زیادكردنێكی تریان هاته سه‌ر، وه‌كو كاریكاتێره‌كانی هونه‌رمه‌ندی فه‌ڕه‌نسایی (دۆمیێ) كه باس له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی ده‌كات، ئه‌و زیادكردنانهی كه دۆمیێ خستویه‌تیه سه‌ر كاریكاتێره‌كه، له ڕه‌گه‌زه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی كاریكاتێر دانانرێت، خستنه‌ناوی ئه‌م زیادكردنانهش شێوازێكی سیاسیانه به كاریكاتێری پۆرترێت ده‌به‌خشێت، به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌م جۆره‌ی كاریكاتێر ده‌توانێت رۆڵێكی په‌روه‌رده‌یی بگێڕێت، ئه‌گه‌ر چه‌ند زیادكردنێكی بخرێته‌سه‌ر، نزیكی بكه‌نه‌وه له جۆره‌كانی تری كاریكاتێری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.