Skip to Content

کوردایەتی چییە؟ – بەشی پێنجەم / کۆتایی-…کاوە جەلال

کوردایەتی چییە؟ – بەشی پێنجەم / کۆتایی-…کاوە جەلال

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 2, 2020 General, Opinion




1
ئاشکرایە کە خێڵەکی-گوندی هیچ لە کاری دامەزراوەیی نازانێت، بۆیە تا بکرێت بە خوێندەوارانی کوردایەتیی شارنشین یان گوندیی دەسپێرێت، لێرەشدا ئاشکرایە کە ئەوان دەبێت لە وەرگرتنی ئەو ئەرکەدا بچنە خزمەتی بەرژەوەندییەکانییەوە. لێ لەبەر ئەوەی کاری دامەزراوەیی بەهۆی کارەکتەری دەوڵەتشێوێنی خێڵەکی-گوندییەوە دەرفەتی پێکەوەنانی خێرای سامانیان بۆ دەڕەخسێنێت، هەروەها لەبەر ئەوەی وەزیفە وەک مایەی چێکردنی پرێستیژی (هەیمەنەی) سۆسیال و جیاکردنەوەیان لە کاسبکاران دەبینن، ئەوا خوێندەوارەکان بەشانازییەوە نەک تەنیا ئەرکی بەو چەشنە لەئەستۆ دەگرن، بەڵکو هاوکات تەشەبوس و تەنانەت شەڕی بۆ دەکەن.

لێ ئەمڕۆ دەشێت خێڵەکی-گوندییەکان هاوکات نەوەی خوێندەواری خۆیان بهێننە نێو کاری دامەزراوەییەوە، یان تەنانەت نەشیاو نییە کە لە خۆیان ڕاببینن ئەرکی بەو چەشنە ڕابپەڕێنن. بێگومان ئەم ڕەوشە بۆ ئەوان خوازراوترە لەوەی تەنیا خوێندەوارانی کوردایەتی کاروبارەکانیان بۆ ڕابپەڕێنن، چونکە ئێستا بەو ڕێیەوە ڕاستەوخۆتر کار بۆ پاراستنی بونیادە سوننەتییەکانی دەسەڵات دەکەن، ڕاستەوخۆتر ئاکار و نەریتی خێڵەکییانەیان پراکتیزە دەکەن. بەم شێوەیە ئەوان ئێستا مەبەستمەندانە سەرجەم دامەزراوەکان کە دەیان ساڵ لەوەوبەر، لە سەردەمانی حکومەتەکانی ناوەندییەوە و سەرەتاش بە یاریدەی بەریتانیا مۆدێرنیزەکرابوون و فەرمانبەرانیان بۆ پێگەیەنرابوون، خێڵەکیزە دەکەن: دامەزراوەکان لەسەر بنەڕەتی لایەنگری / لۆیالێتی (loyality) یان بە ملکەچکردنی فەرمانبەرانی باڵای پێشین، وەردەگۆڕن، ئەویش بەوە کە پۆستە گرنگە باڵاکان ڕاستەوخۆ بە نەوەکانی خۆیان یان بە خوێندەوارانی ملکەچیان پڕدەکەنەوە. خێڵەکی تەنیا دەتوانێت متمانە بە “پیاوان”ی خۆی بکات.

هەروەها ئاشکرایە کە خێڵەکی-شارنشین حەز بە کاری دامەزراوەیی ناکات، چونکە کارەکتەرێکی عەسابانەی خولە-چەخماخەیی هەیە. لێ ئێمە گەرەکە سەرەتا لەم ڕەوشەدا دوو ئەگەری دازنانی کەسێتی دیاربهێنین: کارەکتەری عەسابەیی دەشێت لە بنەڕەتەوە مۆرکی ئەو بووبێت پێش چوونی بۆ “شاخ” کە ئیدی لەوێ بەهۆی کوردایەتیی زەبرمەندەوە هەلی “گەورەبوون”ی بۆ هەڵکەوتبێت، واتا بووبێت بە مەسئول، یان دەشێت ئەو لە شار ئەفەندییەکی سوننەتی بووبێت کە لە “شاخ” بەڕێی مەسئولیەتی نێو پێشمەرگایەتییەوە، هەروەها بەڕێی چێژبینینەوە لە دەسەڵاتی بەزەبر و هاوکات هەڵمەتی ڕابواردنەوە، “بەدجۆر” بووبێت، ئاخر پێگەی مەسئول ی نێو پێشمەرگایەتی، ئەمەش بەواتای: “شێوە پێشمەرگایەتییەکەی کوردایەتی”، کە شارنشینان بە شێوە ژیانی گوندی و زەبرەوە دەبەستێتەوە، زۆرترین شیمانەی بۆ بەدجۆربوونی (دێگێنێڕاسیۆنی) کەسێتی لەخۆگرتووە. ئەوە بێگومان خودی ئاکاری ژێر پرسیار نەخراوی سوننەتییە کە شیمانەکانی بەدجۆربوونی لەخۆ گرتووە، ئەوەش نەک تەنیا بەهۆی کێشە فرەلایەنی و ئاڵۆزەکانەوە کە نزیکەی تەنیا بە یاسای سروشتی چارەسەر دەکرێن (وەک: سوڵح، تۆڵەی کوشتنی تاوانکاران بۆ خاتری ڕێگرتن لە تۆڵەسەندنەوەی خێڵەکی کە دەشێت بەهۆیەوە چەندین کەس لەناوبچن و هتد)، بەڵکو زیاتریش لەوە بەدجۆربوونەکە بەهۆی خۆویستی و برسێتییەوە بۆ دەسەڵات و سامان و سێکسوالێتی ڕوودەدات، کە ئەو جۆرە کەسێتییانەیان تەنیوە، بۆ نموونە: لەناوبردنی ناحەزان یان هاڤرکێکەران، بەکوشتدانی پێشمەرگەی هەڵکەوتوو کە لەنێو گوندنشیناندا خۆشەویست بووە، یان تەنانەت ئەخلاقیان بە چەشنێک دادەوەشێت کە ئیدی پێشمەرگە بۆ خاتری “ژنەکەی” بەکوشت دەدەن، ئەوجا بەدڕەفتارییەکان لە گوندەکاندا تا ئاستی دەستدرێژیکردنە سەر کەرامەتی کەیبانووی ماڵ بڕ دەکەن، کە ئاشکرایە کەسی دەستدرێژیکردوو یەکسەر بەدووی ئەنجامدانی یەکەمین تاوانی بەو چەشنەدا بەتەواوی ئابڕووی دەتکێت و هێدی هێدی بە ڕەفتاری بەد ڕادێت، و هتد.

ئێستا پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا چاوەڕوانیی چە کارێکی سۆسیال و دەوڵەتداری لە کەسێتیی بەدجۆربووی ئەوها دەکرێت جگە لە چەوساندنەوەی خەڵک و ڕووتاندنەوەی وڵات؟ یان کەشخەچێتی؟ لێ ئەوە لایەنێکی عەسابەی خولە-چەخماخەییە، لایەنەکەی دی کە لەم پەیوەندییەدا گەرەکی جەختلێکردنە، ئەوەیە کە کاتێک عەسابەکانی کوردایەتی بەگوێرەی هەلی سیاسیی ڕەخساو بۆ نێو شار دەگەڕێنەوە، یەکسەر دەکەونە بەردەم پرسیاری کاروباری دامەزراوەیی پێویست، کە لە کرۆکدا هیچی دیکە نییە جگە لە دەوڵەت، لێ ئەوان زۆر بەسووکی لە دامەزراوە، کەواتە لە دەوڵەت دەڕوانن، چونکە ئەوان شەقاوەی خولەچەخماخەیین، ئەمەش بەواتای، ئەوان دەخوازن لە ماڵ-دیوەخانی خۆیاندا دەسەڵات بنوێنن.

بێگومان لە حاڵەتی عەسابەی شارنشینی کوردایەتیشدا نەشیاو نییە کە هەندێکیان بخوازن بێنە نێو کاری دامەزراوەییەوە. لەم پەیوەندییەدا جێی سەرنجە کە ئەمان ئێستا لە زۆر ڕووەوە چەند هەنگاوێک لە خێڵەکی-گوندی تێپەڕ دەکەن، ئەویش بەوە کە ڕەفتاری شەقاوەیەتی دەهێننە نێو ژیانی دامەزراوەییەوە، هەروەها زۆر شەقاوانە سەروەریی خۆیان پێشانی فەرمانبەرە ئەزمووندارەکانی سەردەمی پەیوەندیی دەوڵەتی دەدەن. بە هەر حاڵ، ئێستا لەم پەیوەندییەدا خوێندەواری کوردایەتیش، وەک عەسابەی سیاسی، یەکسەر هاوشێوەی دەسەڵاتدارانی خێڵەکی-گوندی مۆدێلە ناسراوەکەی دەسەڵاتی شێخایەتیی تەریقەت بەگەڕدەخات کە بنەمایەکی سەرەکیی هەیە و دەبێژێت: “من لێرەم وەک دەسەڵاتدار، تۆش فەرموو وەرە خزمەتی منەوە، ئەوجا گەر ئەوە بکەیت، ئەوسا پاداشتت دەدەمەوە”.

ئاشکرایە لە بەدپەیوەندییەکی پێرڤێرزی بەم چەشنەدا عەسابەکانی کوردایەتی بە هیچ شێوەیەک پەکیان لەسەر گوێرایەڵان ناکەوێت، ئاخر لە لایەک وەک مەسئولی دەرکەوتوو هۆردوویەک خوێندەواری دیکەی کوردایەتییان لە بەردەمدایە و دێنە خزمەتیانەوە، کە بێگومان نەشیاو نییە خوێندەواری ساویلکە و دڵساف بن و لەکاتی یاخیبوونەکانی چەکداریدا ڕەنجیان دابێت؛ لێ لە لایەکی دی بەپاڵ ئەوانەوە مشەخۆرانی سیاسی زیتدەبنەوە کە هەردەم بەرژەوەندیی خۆیان لای دەسەڵات بینیوە و دەبینن. ئەم جۆرە خوێندەوارانەی کاری دامەزراوەیی هەردەم خۆیان بە دەسەڵاتەکانەوە هەڵواسیوە، ئەمەش لەم پەیوەندییەی کوردایەتیدا بەواتای، کە هەر ئەوەندەی ڕەوشێکی سیاسیی لەبار بۆ دەسەڵاتدارانی خێڵەکی و خوێندەوارانی سەرکزیان بێتەئاراوە (یانزەی ئازاری 1970، ڕاپەڕینی 1991 و هتد)، یەکسەر ئەوانی چەمەرلەغی پۆستخواز خۆیان بەو شۆڕەسوارانەدا هەڵدەواسن (کە بێگومان زۆر دەشێت تا دوێنێ ڕەفیق حیزبی و ئەمن و ئیستیخبارات بووبن، لێ ئەوە مەرج نییە)، ئەوجا لەبەر ئەوەی زۆر بەتایبەتی کەسانی مەراییکەر و خۆنەوێن و خۆبەرەپێشەوەن، ئەوا چە لای خێڵەکییانی گوندی و چە لای عەسابەکان سەنگی تایبەت وەردەگرن.

بەڵێ، هەردوو لایەنی ناوبراو، خێڵەکی-گوندی و خێڵەکی-شارنشینی، پۆستە باڵاکان و زۆر پۆستی دیکەی کاری دامەزراوەیی بۆ ئەو پیاو و ژنانە تەرخان دەکەن کە خۆیان ڕاستەوخۆ دەخەنە ژێر ڕکێفیانەوە و وەک خزمەتکاری ئامانجەکانی ئەوان چالاک دەبن. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەکییان پاراستنی دەسەڵاتی ناوچەییانە و وەک بنەڕەتی ئامانجە لاوەکییە سیاسییەکانی کوردایەتی (بۆ نموونە ئۆتۆنۆمی یان فیدرالیزم) دایاندەنێن، ئەوا لە هەر جێیەکەوە هەوڵی دەوڵەتداراییانەی گەل-خواز زیتبێتەوە، ئەوان یەکسەر هەوڵی سەرکوتکردنی دەدەن، چونکە بەگەلبوون لەتەک بەرژەوەندیی خێڵەکییانەی ئەواندا ناگونجێت کە ناوچەگەرییە: ئەوان یەک کوردستان ی نێو ئێراق وەک نیشانەی نەمانی دەسەڵاتیان دەنرخێنن.

ئێمە لێرەوە ڕوونتر لەو تێڕوانینە تێدەگەین کە دەبێژێت، خۆبەڕێوەبردنی سیاسی وەک کردارێکی دەوڵەتی بە کوردایەتی نامۆیە. ئەمە بێگومان هەروەها خوێندەوارانی کوردایەتیش دەگرێتەوە، کە وەک کەسانی سوننەگەرا و خۆمەبەست تەنیا دەتوانن بەرژوەندیی خۆیان و کەسوکاریان ببینن، بۆیە هەر ئەوەندەی هەنگاو دەنێنە نێو دامەزراوەی دەوڵەتییەوە، ئیدی نزیکەی تەنیا پێیان دەکرێت بەسەرپێیی و تەمەڵ بڕێک کار جێبەجێ بکەن. ئاخر ئەوان “کارەکتەری فەرمانبەر”یان نییە، هەروەها چیدی ئێستا لە فەرمانگەدا ئۆتۆرێتیی فەرمانبەرییانە لەگۆڕێ نییە کە بزانێت و بییەوێت کارەکان ئاڕاستە بکات، هاوکات ئەو جۆرە فەرمانبەرانە کە لە سەردەمی دەوڵەتی هێشتا کارای ئێراقدا پێگەیشتبوون، ئێستا خێڵەکییەکان لەکاریانخستوون و پیاوان (و هەروەها ژنان)ی خۆیان خستۆتە جێی ئەوان، ئەمانەش وەک گۆتمان زۆرینەیان چەمەرلەغەکانی کوردایەتین کە بەتایبەتی تامەزرۆی ئەوەن پۆستی فەرمییان هەبێت و ژیانیان رواڵەتگەرایانە بەڕێوەبەرن. ئاخر بۆ ئەم جۆرە کەسێتییانە لە دێرزەمانەوە ئەفەندێتی یان سفوورێتی مۆرکی جیاکەرەوەیان هەبووە، ئەوجا ئەم دیاردەیە پێکەوە لەتەک بروانامەدا پتر پرێستیژی (هەیمەنەی) سۆسیال چێدەکات، بۆیە دەبینین، کە نەک تەنیا کۆلکە خوێندەوارانی کوردایەتی، بەڵکو ئەم خۆهەڵواسیوانەش هەوڵ دەدەن بە نامەی ئەم یان ئەو مەسئولی دەمانچەیی لە زانکۆ و تەنانەت خوێندنی باڵا وەربگیرێن، کە ئاشکرایە تەواوکردنی خوێندنەکەشیان هاوشێوەی وەرگرتنیان سانا و خێرایە و ملهوڕانی بەناو مامۆستای زانکۆکان بەشانازییەوە بڕوانامەیان “پێدەبەخشن”.

بەم شێوەیە دامەزراوەکان پێکڕا بەگوێرەی مێنتالێتیی خێلەکییانە بەڕێوەدەبرێن: واستەکردن بۆ چوونە ژوورەوە و ڕاپەڕاندنی کاروبار دەبێت بە کرداری ناچارەکی، واتا کێ واستە نەکات، پشتگوێ دەخرێت یان تەنانەت مافی دەخورێت. هیچ فەرمانبەرێکی خاوەن ئیدیال کە خواستی کاری گونجاوی بۆ هاوڵاتیان هەبێت، لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی وڵاتی کوردایەتیدا جێی نابێتەوە، یان: هەموو کەسێکی خاوەن ئیدیال لەتەک دامەزراندنیدا بە خودی بونیادی خێڵەکییانەی دامەزراوەکان دەبێت بە کەسێتییەکی گەندەڵ – گەر زوو وازنەهێنێت.

2

خوێندەوارانی سوننەگەرای کوردایەتی تەنیا لە دامەزراوە و ڕێکخراوی پارت یان کۆمپانیای ئابوری-سیاسیدا چالاک نابن، بەڵکو هەروەها سەربەخۆ بە نووسین و کاری میدیایی و هتد خۆیان دەخەنە خزمەتی پەیوەندییە هەبووکانی ستەمکارییەوە کە لەنێو کایەکانی سیاسەت و کولتوور و زانستدا سەروەرییان وەرگرتووە. بێگومان ئێمە لێرەدا هەڵوێستێکی ژیانییمان لەنێو ئەمڕۆدا هەیە، کە بە پەلەپڕوزێ کەوتۆتە مشووری دابینکردنی بەرژەوەندییە خۆییەکانی هەر کەس. ئاخر کەس خۆی لەم جۆرە هەڵوێستەدا مەبەستە. بێگومان ئەم شێوەیەی هەڵوێست تەنیا خزمەتکارانی ڕاستەوخۆی خێڵەکییە گوندی و شارنشینەکان ناگرێتەوە کە لەنێو ڕێکخراوە جیاکانی کوردایەتیدا چالاک نابن، بەڵکو هەروەها مۆرکێکی کرۆکییانەی زۆرینەی ئەو کەسانەشە کە گۆیا لە بوارەکانی کولتوور یان میدیادا دژایەتیی دەسەڵاتدارانی ستەمکار دەکەن، لێ سەرەڕای ئەوە ناڕاستەوخۆ پارێزەری ستەمکارین، چونکە ئەو هەڵوێستە ژیانییە لە هەمان مێنتالێتیی خۆرهەڵاتی-ئیسلامییەوە کە “خۆگەرییە” بەرجەستە دەبێت. ئاخر هەموو موسڵمانێک خۆگەرایە، چونکە بەو ئاواتەوە دەژی کە بچێتە بەهەشتەوە، هەروەها هەموو تاکێکی ناخۆڕەخنەیی کولتووری ئیسلامی خۆگەرایە، چونکە بەو ئاواتەوە دەژی کە دوای مردنی پێی بگۆترێت “بەڕاستی پیاوی / ژنی چاک بوو”. سۆسیالێتی، بە پێچەوانەی کۆمەڵایەتێتی، لە جیهانێکی بەم چەشنەدا هێندە لاوازە، کە ئیدی نزیکەی سەنگ وەرناگرێت.

کەواتە لەنێو ئەم بەدپەیوەندییەدا هەروەها نزیکەی سەرجەم ئەو چالاکە سوننەگەرایانەی بواری کولتوور و میدیا خۆیان دەبیننەوە کە بە حوکمی هزرین و شێوەی ژیانیان ناتوانن بە کەمترین شێوە ڕەخنەییانە ڕوو بکەنە ڕیشەی ستەم و بێدادییەکانی کوردایەتی، واتا ستەمکارییەکی ئەوتۆ کە لە “خۆ”ی کوردی-خۆرهەڵاتییەوە بەرجەستە دەبێت و ئەوان خۆیشیان بەشێکی ئەو شێوەیەی خۆیەتیی خۆگەران. لێ ئەمە بە هەمان شێوە ئەو کەسێتیانەش دەگرێتەوە کە خۆیان بە کاری میدیایی بۆ فەزحکردنی شۆڕەسوارانی کوردایەتی تەرخان کردووە، چونکە لەنێو میکانیزمی پەیوەندییەکاندا قەتیس ماون، واتا لێرەش هەر میکانیکی کار و کاردانەوە، کیین و دژەکیین، خەڕەکئاسا چەندپاتدەبێتەوە، ئەوە هاوشێوەی سەرجەم شۆڕەسوارانی کوردایەتی کە ژیاننامەی سیاسییان بۆ خاتری مەزناندنی خۆیان دەنووسن و تۆقیون لەوە کە دوای مردنیان ستایش نەکرێن. مرۆ بۆ نموونە لە شێوەی ئۆپۆزیسیۆندا دەست دەداتە کاری میدیایی، لێ نەک تەنیا سکاڵا و کڕووزانەوەی باوی خەڵک بە وشە دەردەبڕێتەوە، بەڵکو تەنانەت دەشێت ناڕاستەوخۆ ببێت بە ماسی قولاپی ئەو بەرژەوەندچییە موخابەراتییانە کە کار و پیشەیان هۆنینەوەی حیکایەتە بۆ مەزنیی خۆیان یان لەدژی “ئەوبەر”. ئێمە لەم پەیوەندییەشدا هەر خۆزگە هەرە گەورەکەی ستایشی دوای مەرگ دەبینین. یان با ئەم تێڕوانینەمان کۆنکرێتتر بکەین: گەر ئەم جۆرە چالاکانەی بواری میدیای بەناو ئۆپۆزیسیۆن بچنە جێی شۆڕەسوارانی کوردایەتی، ئەوا هەروەک ئەوان سیاسەت دەکەن، چونکە لە بنەڕەتەوە وەک ئەوان پێشبینیی ژیاندنی ژیان بە هەموو چەشنەکانییەوە دەکەن.

دەستەواژەیەکی زۆر بڵاوی نێو ئەم جیهانبینییە بریتییە لە “شەڕی براکان” یان واژەی “براکوژی”. بێگومان ئاشکرایە کە ئەوە درۆیەکی گەورەیە، ئاخر پێشمەرجی “شەڕی براکان” بریتییە لە هەبوونی “ماڵێک ی کوردی” کە ناکۆکییەکانی نێوی تەقیونەتەوە. لێ گەر کرۆکییانە بڕوانین، ئەوا دەبینین کە ئەم “ماڵ”ە لەگۆڕێ نییە، ئاخر شەڕی دڕندەی خانەوادەکان تەنیا بۆ خاتری دەسەڵاتی ئەوان خۆیان هەڵگیرسێنراوە و ئایندەی قەومگەلەکەش بە هەر یەکەی ئەو دەسەڵاتانەوە پابەندکراوە. بێگومان ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە گۆیا ئەوان “خۆسەپێن” بن، بەڵکو ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئەوان بەهۆی ناوبانگ و پێگەی دەسەڵاتەوە لە لایەن هەموو ئەو کەسانەوە قبووڵ دەکرێن و تەنانەت زیتدەکرێنەوە کە لەنێو هەمان کاتیگۆریدا خۆیان دەبیننەوە. هەموو یەکێک لە ژیانی جڤاکیدا وەک خۆگەرا خۆمەبەستە، لێ هەر کەسێکی خۆمەبەست دەسەڵاتێکی باڵاتری گەرەکە تا دەرفەتی بەدیهێنانی ئامانجەکانی بۆ بڕەخسێنێت. بەم شێوەیە پەیوەندیگەلی میکانیکییانەی کردار و پەرچەکردار، پاشقول و دژەپاشقول، غەیبەت و دژەغەیبەت تا دەگات بە پێکدادانی ڕاستەوخۆی فیزیکی، ژیانی قەومگەلەکە دەتەنن. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە تەنیا بۆ نموونە گەنجانی بێکارمان نییە کە بۆ خاتری بڕێک مووچە چەک هەڵبگرن و بەناچاری بکەونە شەڕەوە لەدژی گەنجانی دیکەی هەر بەرەیەک، بەڵکو هاوکات ئەو سەرکزە بێکەرامەتانەمان هەن کە ناودەنرێن “سەگەکان ی جەنگ” (The Dogs oft the War).

لەم ڕوانگەیەوە خوێندەوارانی کوردایەتی کە لە بواری کولتوور و میدیادا کاران، مەبەستمەندانە یان بەناچاری ئاکامە زیانبەخشەکانی شەڕی نێوخۆیی خانەوادە خێڵەکییەکان و عەسابە خولەچەخماخەییەکان لە بەهای خۆیان دەخەن، زیانەکانیان بۆ مرۆڤی نێو کوردستان و ئایندەی سەرجەم کوردان دەشارنەوە، چونکە ئەوان خۆیان وەک کوڕانی / کچانی ئەو پەیوەندییانە ناتوانن پێشبینیی ژیانێکی مرۆڤدۆست لە دەرەوەی ستەمکاری بکەن. نەخێر، گەورەترین ئاواتی ئەم جۆرە خوێندەوارەی کوردایەتیش هەر ئەوەیە کە وەک کوڕی / کچی ئەوان بناسێنرێت. لێ ئەمڕۆ مەسەلەکە بەهۆی داوەشانی بەردەوامی پەیوەندییە جڤاکیییەکانەوە لەو جۆرە نیازانە تێپەڕدەکات: ئەمڕۆ کوردایەتی بۆ ئەوان نزیکەی بووە بە دەستوێژێکی پەتیی بژێوی، لەم پەیوەندییەشدا ئاشکرایە کە ئەوە دەستوێژێکی بژێویی نێو قەوارەیەکی دەوڵەتی نییە کە تێیدا فەرمانبەران دەسەڵاتدار بن و بەگوێرەی پۆستەکانیان ئەرکی پێدراوی دامەزراوەییان ڕابپەڕێنن، بەڵکو لە نێوەندێکدایە کە مرۆڤ بە ویستی خۆی یان بەناچاری چۆتە خزمەتی باندە عەسابەییەکانی خێڵەکی-گوندی یان خێڵەکی-شارنشینییەوە.

کەواتە ستەمکارییەکەی کوردایەتی هەموو سنوورەکانی دەستدرێژیکردنی تێپەڕاندووە، ئەمەش بەواتای: کوردایەتی تەنانەت هەموو بنەڕەتە ئەخلاقییەکانی مسۆگەرکردنی بژێوی ی لەکارخستووە کە گرنگترینیان بریتین لە دوو بنەڕەت: یەکەم، بە ڕەنجی شانی خۆت بژی؛ دووەم، کارێک بکە کە توانات بەسەریدا بشکێتەوە. لێ کوردایەتی کە پابەندی “لۆیالێتی”یە، بەناچاری ئەو بنەڕەتانە پێشێل دەکات، چونکە ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەبێ لایەنگری سەرکز بپارێزێت، بۆیە ئەو کەسانەش کە هەوڵ دەدەن لەو دوو بنەڕەتەوە ژیانیان دابمەزرێنن، دەبن بە بەشێک لە چەوساوەکانی وڵات – ئەو داماوە دا-زناوانەن کە بە کڕووزانەوە و چاو بە فرمێسک چاوەڕوانی دەستی بەزەیی ئەوانن. لێ گومانی تێدا نییە کە لە وڵاتی کوردایەتیدا هیچ کەس بێخەم سەر نانێتە سەر سەرین، چونکە نەک تەنیا خەڵکی داماوی بەردەوام کڕووزاوە، بەڵکو تەنانەت ئەوانە کە هەر سەرسەرین یان ئەوانە کە خۆیان وەک پاشکۆی شۆڕەسوارانی کوردایەتی ساغکردۆتەوە و هەردەم پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکی بەرەنگارییە، لە ئەوپەڕی ناجەختی و نابەختیاریدا دەژین. کوردایەتی بەختیارییە ڕێژەییە ساویلکەکەی کوردەواریشی لەناوبرد.

3

ڕەخنەی کوردایەتی، وەک وەرگرتنی هەڵوێست بەرانبەر ستەمکاری، لەو ئاگاییەوە سەرهەڵدەدات کە ئێمە هەرگیز لە سەردەمدا، بەتایبەتی لە سەردەمە تەنگژاوییەکاندا، ناتوانین میانەگیر بین، جگە لەوە پرسیاری میانەگیری واتای ئەخلاقییانەی بۆ کردارمان لە جیهاندا هەیە.

بێگومان ڕەخنەی کوردایەتی نایەوێت ببێت بە دەرچەی هزرین لە چارەسەر. سەرەتا گومانی تێدا نییە کە کوردایەتی لە گشت ڕوویەکەوە هەمەکییانە (تۆتال) شکستی هێناوە. جگە لەوە ئەمڕۆ، لەپاڵ هەڵپەی پاشکۆیەتی بۆ خانەوادەکان و گەیشتندا بە کاری دامەزراوەیی، جەجاڵێک هەر تاکێکی لەنێو خۆیدا لوولداوە، ئەوە بێگومان لە گشت بوارێکدا، وەک: هەڵپەی ژیانی رواڵەتی، بەرهەمخستنەوەی بەپەلەپڕوزێی هۆشەکی و کولتووری، بیناسازیی سروشت وێرانکەر، دزینی توێژینەوەی زانستی، یان ڕۆمان و وێنە و لاسایی جەرەیانە هونەری و ئەدەبییەکانی خۆرئاوا، لاوازیی ئاگایی فەزای (ڕاومی) گشتی، هەڵپەی پارە کۆکردنەوە عەلسەریع، ئەوجا: خۆراکی نەخۆشخەری مرۆڤ، کڕووزانەوە و خۆخاڵیکردنەوە لە بۆنە و چایخانە و سۆسیال میدیاکاندا و هتد. ئێمە بێگومان ناتوانین نکۆڵی لەو ڕاستییە بکەین، کە لە کەنارەکاندا، یان تەنانەت بە حەزەرەوە لەنێو جەجاڵەکەدا، شێوە ژیانی ناوەرۆکیانە کەم یان زۆر دەرکەوتووە، هەروەها هەردەم هەوڵی هزری و ئەدەبی و هونەریی یان میدیایی ڕەسەن هەبوون و هەن. لێ کێشە کرۆکییەکە لە ڕووی گۆڕانی جڤاکییەوە ئەوەیە کە گەر لە وڵاتێکدا درۆزنیی سیاسییەکان و سەرکزانیان ببێت بە فەزیلە، جاش و قۆنتەراتچیی عەسکەری بەسانایی ببێژن گۆیا پێشمەرگە بوون، خیانەت وەک حەکیمێتی و وڵاتپارێزی ستایش بکرێت، هەروەها دەسەڵاتدارانی کوردایەتی وەک گورگی برسی هەڵمەت بۆ سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی ئەو وڵاتە بەرن، ئەوجا بەبێ سڵەمینەوە هەر شتێکی دزراو بۆ خۆیان بکەن بە پارە (کە بێگومان نازانن خەرجی بکەن!)، ئەوا لەو وڵاتەدا هیچ دەروویەک بۆ چاکسازی لەگۆڕێ نییە، بەڵکو تەنیا شۆڕشی خوێناوی چارەسەرە. لێ شۆڕش، واتا ڕێڤۆلوسیۆن، بەبێ شۆڕشگێڕان هەڵناگیرسێت، شۆڕشگێڕانیش لەنێو کوردەکانی ئێراقدا بە ڕادەیەک دەگمەنن کە ئیدی نزیکەی هیچ کێشێکی جڤاکییان نییە. بەڵێ، ئێمە بەگشتی قەومگەلێکی دا-ماو-مان هەیە کە زۆرینەی هەرە زۆری تاکەکانی لەتاو چڵێسی بەردەوام لیک بە لالغاوەیدا دەچۆڕێتەوە، یان وەک کەسێتیی سوننەتی مەمنوونە دەست لەناو دەم بژی.

گومانی تێدا نییە کە لەم پەیوەندییەدا کەمینەیەکی گەلێک بچووک هەیە کە وەک شێوە مۆتۆڕێکی جووڵاندن واتایەک وەردەگرێت، لێ ئەوە کەمینەیەکی پەرتەوازەیە کە بەتووڕەیی خۆی ڕادەژەنێت و دەخواتەوە، دەتەقێتەوە و دادەمرکێتەوە، هاوکات بێپشوو بۆ دۆزینەوەی سەرەداوەکانی ئەگەرێکی کاری گرووپییانە ئاخ هەڵدەکێشێت. لەم پەیوەندییەدا نکۆڵی لەوە ناکرێت کە نەک تەنیا ئەم کەمینەیە، بەڵکو هەروەها زۆرینەی قەومگەلی تووڕەی بەردەوام کڕووزاوە، متمانەی بە خێڵەکی-گوندی و عەسابە خولەچەخماخییەکان نەماوە. گەر سەردەمانێک پرسی نەتەوەیی لای قەومگەلی کوردان شێوەیەکی چاوپۆشیی لە بەدڕەفتارییەکانی کوردایەتی ناچارکردبوو، ئەوا ئەمڕۆ هەمیشە پتر ناکۆکییە چینایەتییەکان زەقدەبنەوە: لە نێوان خانەوادەکانی کوردایەتی و فرە کەسانی شاریی یان تەنانەت شارنشیندا، بەرانبەر ئەوەش حیکایەتەکانی کوردایەتی بەردەوام ڕۆشنتر کاریگەرییان دەدۆڕێنن. لێ ئەوەی ڕاستی بێت ئەم ناکۆکییە چینایەتییە پتر ئەدگاری بۆرژوازییانەی هەیە کە هاوکات چەپ و بەناو چەپەکانیش پێکهاتەیەکی ئەون. ئەوجا گەر بڕوانین کە کوردەکانی ئێراق هاوکات لەنێو پەیوەندیی جیهانیدان، ئەوا دەتوانین گریمانە بکەین کە هەروەها نەشیاو نییە پابەند بە زەمینە هزرییەکانی ئەمڕۆوە کارل مارکس بۆ یەکەم جار لەنێو ئەمانیشدا کوردییانە قسەی خۆی هەبێت – واتا ئەو هزرڤانەی چەند سەدەی ڕابوردوو کە ئەمڕۆ هیچ فەیلەسوفێک هێندەی ئەو هەنووکەیەتیی (ئەکتوالێتیی) لە ئاستی جیهانیدا نییە.

لێ پتر پێدەچێت ڕێگەچارەی دی بۆ کوردەکانی ئێراق کارایی خۆیان لە کردەکێتیدا وەربگرن کە لە بێداربوونەوەی کوردانی سێ کوردستانەکەی دیکەوە دێنە پێشەوە. پێدەچێت جیهانبینی و ئەخلاقناسیی ئەوان کارایی ڕوونتر وەربگرن، چونکە بەردەوام پتر تەشەنە دەسێنن؛ پێدەچێت کوردانی سێ کوردستانەکەی دی کە زۆر بەوردی ڕەچاوی داوەشانی ژیانی کەسی و جڤاکی و سیاسی ی کوردەکانی ئێراق دەکەن، لەم دازنانە کوردییە بەردەوامە هزریبێتن – لە ڕاستیشدا ئەمڕۆ لە ئەوان زیاتر هیچ ئەلتەرناتیڤێک دیار نییە. گۆڕانەکان لە ئایندەدا دەردەکەون.

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish