![وانهیێك له ڕۆمانی ” ئەو پیاوە ئایینییەی ئۆتۆمبێلە (فیڕاری)یەکەی فرۆشت.” وانهیێك له ڕۆمانی ” ئەو پیاوە ئایینییەی ئۆتۆمبێلە (فیڕاری)یەکەی فرۆشت.”](https://dengekan.info/wp-content/uploads/2020/10/RawandSabah-400x300.jpg)
وانهیێك له ڕۆمانی ” ئەو پیاوە ئایینییەی ئۆتۆمبێلە (فیڕاری)یەکەی فرۆشت.”
پیتەرو پەتە زێڕینەکە- چیرۆکێک لەبارەی چێژ وەرگرتنی ئێستای ژیان.
ئامادهكردنی: ڕهوهند سهباح
لە كتێبی ” ئەو پیاوە ئایینییەی ئۆتۆمبێلە (فیڕاری)یەکەی فرۆشت.” ڕۆبین شارمە چیرۆکی پیتەر و پەتە زێرینەکە دەگێڕێتەوە.
پیتەر مێرمنداڵێک بوو, هەرگیز ئۆقرەی گوزەرکردنی ژیانی ئێستای نەدەگرت. هەرکاتێک لە قوتابخانە دەبوو, بە پەلە پروزکێ بوو, تا بچێتەوە لەگەڵ منداڵانی گەڕەک چەند یارییەک بکات. کاتێکیش لە یارکردندا بوو, خەونی بە پشووی هاوینە دەدیت و غەریبی ئیسراحەت و پشووی هاوینەی دەکرد. پیتەر بەردەوام خەونی دەدیت, هەرگیز چێژی لەو ساتەی ژیان وەرنەدەگرت کە تێیدا دەژیا. بەیانیێک پیتەر بەدەم ڕێگاوە بەرەو دارستانە چۆڵەکەی نزیک ماڵەکەی خۆیان ڕۆیشت. کاتێک هەستی بەماندووبوون کرد, لە ژێردارێکێ گەورە و لەسەر گژوگیا سەوزەکەی ژێر دارەکە پشوێکی دا, ئەوەندەی نەبرد, کەوتە ناو خەوێکی قوڵ. پاش چەند خولەکێک لە نوستنە قووڵەکەی, هەستی کرد یەکێک بەدەنگێکی تیژ بانگی دەکات, “پیتەر! پیتەر!” هەرکە چاوەکانی بە هێواشی کردەوە, لە پڕ ئافرەتێکی زەبەلاح و گەورەی دیت, تەمەنی لەسەرووی سەد ساڵێک دەبوو, پرچە درێژوو سپی بەفرییەکەی لەسەر شانی بە چڕی پەخشان ببوو. بەدەستە پڕ چرچ و لۆچەکانی تۆپێکی سحراوی بچوکی هەڵگرتبوو, کونیلکەیەک لەناوەڕاستی تۆپەکە هەبوو, لەناو ئەو کونیلکەیە پەتێکی درێژو و زێڕین شۆڕببوەوە.
“پیتەر,” ئافرەتەکە گووتی, ” ئەم پەتە پەتی ژیانتە, ئەگەر تۆزێک ئەم پەتە ڕابکێشیت, چەند سەعاتێک لە ژیانت بە چەند چرکە ساتێک تێپەڕدەبێت, ئەگەر تۆزێک توندتر ڕابکێشیت, چەند ڕۆژێک بە چەند خولەکێک دەڕوا و تێپەڕدەبێت, ئەگەریش بەو پەڕی توانات پەتەکە ڕابکێشیت, مانگ و ساڵ لەماوەی چەند ڕۆژێک لەپڕ ئاوادەبن و تێپەڕدەبن.
پیتەر بەم دەستکەوتە زۆر دڵخۆش و شادمان بوو.
“دەکرێت ئەم پەتەم دەستکەوێت؟” پیتەر پرسیاری کرد.
پیڕەژنەکە یەکسەر خۆی شۆڕکردەوە تۆپەکە و پەتە جادووییەکەی دادەستی پیتەر.
ڕۆژێ پاش ئەم ڕووداوە پیتەر ڕۆیشتەوە قوتابخانە, هەرکە لەپۆل دانیشتبوو, هەستی بە بێزاری و دڵتەنگی کرد, لە پڕ تۆپەکە و پەتەکەی بیرهاتەوە, تۆزێک پەتەکەی ڕاکێشا, ئەوەندەی نەبرد خۆی لە دەرەوەی قوتابخانە دیتەوە و یاری لەگەڵ هاوڕێکانی دەکرد.
پیتەریش کاتێک بە توانا و قودرەتی پەتە سحراوییەکەی زانی, لەلایەکی تریش ژیانی قوتابخانە زۆر بێزاری کردبوو, پەرۆشی ئەوەبوو, ئەم قۆناغەی ژیانی ببڕێت, بچێتە قۆناغی هەرزەکاری, کە بەو پەڕی حەزەوە هیوای بۆ دەخواست.
بۆیە دووبارە تۆپەکەی گرتە دەست, پەتە زێڕینەکەی بەوپەڕی هێزەوە ڕاکێشا, ئەوەندەی نەبرد خۆی لە ژیانی هەرزەکاری دیتەوە, لەگەڵ خۆشەویستەکەی ئێلیسا دانیشتبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەش هێشتا بەم سات و دەمەی ژیانی دڵی ئاوی نەدەخواردەوە.
پیتەر هەرگیز لەسەر ئەوە ڕانەهاتبوو چۆن چێژ لە ئێستای ژیانی وەربگرێت, هەرگیزیش پەی بە تاڵی و شیرینی قۆناغەکانی ژیانی نەدەبرد. لەجیاتی ئەوەی چێژ لەم دەمەی ژیانی وەرگرێت, پیتەر ئەمجارە خەونی بەگەورەبوون و باڵغ بوون دەدیت, هەربۆیەش دیسان پەتەکهی بەو پەڕێ هێز ڕاکێشا, لە چرکەساتێک چەند ساڵێک لەژیانی ڕۆیشت.
ئەمجارە خۆی لە لەناوەڕاستی تەمەندا دیتەوە, ئێلیسا ئێستا خێزانییەتی, خۆی لەدەوری ماڵێکی پڕ مندال بینیەوە. پیتەر درکی بەشتێکی تر کرد, هەستی کرد, پرچە ڕەنگ ڕەشەکەی, خەریکە ڕەنگی ماش و برنجی دەنوێنێ, لەهەمان کاتیش, دایکە خۆشەویست و میهرەبانەکەی کەنفت و پیرو لاواز دەردەکەوێت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەش پیتەر ئۆقرەی ئەو دەم و ساتەی ژیانی نەدەگرت. ئەو هەرگیز فێرنەبوو خۆشی لە تامو چێژی ئێستای ژیان وەرگرێت, پەند لە هەوراز و نشێوەکان وەرگرێت, بیانکاتە وانەیەک لەژیری, تا بە منداڵ و نەوەکانی بڵێتەوە. هەم دیسان پەتەکەی ڕاکێشا, چاوەڕوانی گۆڕانی لە ژیانی دەکرد, ئەمجارە خۆی لە لێواری تەمن و ڕۆخی مردن دۆزییەوە, ئەو ئێستا تەمەنی زیاتر لە نەوەد ساڵە, هەروەها ئەلیسای بەتەمنیش پێش چەند ساڵێک وەفاتی کردوە. پیتەر تاڵە موە ڕەشەکانی سپی سپی وەک بەفر هەڵگەڕاون.
پیتەر کەوتە نێو چێژاوی پیری و تەنیایی, منداڵەکانی گەورەبوون و هەریەکەیان خەریکی ژیانی خۆیان بوون.
بۆیەکەمجار لەژیانی درکی بەو ڕاستییە کرد, کە نەیتوانی تام لە هەڵکشان و داکشانەکانی ژیانی بکات. هەرگیز ڕۆژێک نەیتوانی لەگەڵ منداڵەکانی یان هاوڕێکانی گوزەرێک بکات, گەشتێک بکات, ڕاو و شکارێ بکات, هەرگیز لەگەڵ هاوسەرەکەی لەشەوێکی مانگەشەو پیاسەیەکیان نەکرد, هەرگیز گوڵێک, نەمامێک, دارێکی نەڕواند, هەرگیز لەو پەرتوکانەی دایکی پێی خۆش بوون و دەیخوێندنەوە, بەسەریاندا نەچۆوە.
بەپێچەوانەوە, بەپەلە بەنێو قۆناغەکانی ژیان هەنگاوی نا, هەرگیز ڕۆژێک پشوێکی نەدا, لە جوانییەکانی ژیان تێرابمینێت, هەرگیز چاوەڕوانی کۆتایی ڕێگاکانی نەدەکرد.
پیتەر بەم دەرەنجامە دڵخۆش نەبوو, ڕۆژێک بڕیاریدا پیاسەیەک بەنێو ئەو دارستانەدا بکات, کە لەسەردەمی مێر منداڵی پیاسەی بەنێو دەکرد تاکو هزرو مێشکی لەسیخماخی پەلە پروزکێی ژیان خاوێن بکاتەوە و گەرمییەک بخاتە نێو ڕۆحی تەپیی و ماندویی.
تەماشای کرد چۆن نەمامە بچوکەکان بوون بە داربەڕووی گەورە و بەهێز. دارستانەکە ئێستا بەهەشتێکی پڕ لەجوانی سروشتبوو. ئەمجارە لە بێ هێزی و بێ تاقەتی لە پاڵ دار بەڕووێک ڕاکشاو, حەوسەڵەی ئەوەی نەمابوو وەک جاران بەنێو تەواوی دارستانەکە بڕوات. ئەوەندەی نەبرد, کەوتە ناو خەوێکی قوڵ.
“پیتەر! پیتەر!” دەنگێک هاواری کرد.
حەپەساو و سەرسام بوو, کاتێک دیتی هەمان ئەو ئافرەتە پیرەی پێش چەند ساڵێک تۆپەکە و پەتە زێڕین و سحراوییەکەی پێدابوو, دەرکەوتەوە.
“چۆن چێژت لەدیارییەکە وەرگرت؟”پیرەژنەکە پرسیاری کرد.
“سەرهتا چێژ بەخش بوو, بەڵام دواتر ڕقم لێی بوەوە.” پیتەر بەخێرای وەڵامی دایەوە. ” هەموو ژیانم وەکو بروسکێک لەبەردەمم ڕۆیشت, بەبێ ئەوەی چاوەکانم هەستیان پێبکات و چێژیان لێ ببینم. لە ژیان تاڵی و شیرینی, خۆشی و ناخۆشی, هەڵکشان و داکشان هەن, بەڵام من هیچ دەرفەتێکم نەبوو, بەنێویاندا بڕۆم. من ئێستا جەستەیەکی بەتاڵم, نەمتوانی ئەو دیارییە بقۆزمەوە, سودی لێببینم.
“تۆ شوکرانە بژێر نەبووی,” پیرەژنەکە گووتی. “لەگەڵ ئەوەش دوا دەرفەتت پێدەدەم”
“حەزدەکەم بگەڕێمەوە سەردەمی مێر منداڵی لە قوتابخانە,” پیتەر بە خێرایی وەڵامی دایەوە.
دوای ئەم گفتوگۆیە, پیتەر کەوتەوە نێو خەوە قوڵەکەی.
گوێی لێبوو, کەسێک بانگی دەکات. ” تۆبڵێی ئەمجارە کێ بێت؟” پرسیاری لەخۆی دەکرد.
هەرکە چاوەکانی کردەوە, زۆر دڵخۆش بوو, کاتێک بینی دایکی لەتەنیشتی ڕاوەستاوە.
ئەمجارە, دایکێکی جوان و چست و چالاک و گەنجی دیت. پیتەر ئەوەی بۆ دەرکەوت پیرەژنەکەی نێو دارستانەکە, دوایین ئارەزووەکانی بەدیهێنایەوە, ئەوی گەڕاندەوە ژیانی جارانی.
“پەلەبکە پیتەر. زۆر خەوتی, درەنگە بۆ قوتابخانە, با چیتر دوانەکەویت,” دایکی واقی وڕمابوو.
ئەوەندەی نەبرد پیتەر لەناو جێگای خەوتنی قیتبووەوە, یەکسەر جلوبەرگی قوتابخانەی گۆڕی, بەرەو قوتابخانە کەوتە ڕێ, بە سوپاسگوزارییەوە ژیانی بردە سەر.
پیتەر بەمجۆرە بەردەوام بوو, ژیانێکی پڕ لە خۆشی و شادی و سەرکەوتنی بردە سەر, ئەمەش هەموو بەهۆی قوربانی دانی ئێستا بۆ داهاتوو و ژیانکردنی بۆ ئێستا بوو.
بەڵێ من ئەم چیرۆکەم پێخۆش بوو, ئەوەی بیرهێنامەوە کە چێژ لە ئێستا وەربگرم, چونکە داهاتوو خۆی زۆر زوو بەرەو پیلمان دێتن, وەمن شوکرانە بژێرم ئەوەی خوای گەورە بۆمنی لە خەزێنەکەیدا هەڵگرتبێت, بۆیە ئەوەی من لەسەرمە چێژ لەم دەمەی ئێستا وەرگرم, بیکەمە وانەیەک بۆ داهاتووم.
ئهو چیرۆكه پڕ به پێستی تهبیعات و ههڵسوكهوتی ڕۆژانهی كورد دوورواوه… ئێمه میللهتێكین ههرگیز چێژ له جهم و دهمی ژیان وهرناگرین. نه خۆمان فێردهكهین و نه نهوهكانمان و نهفێریش كراوین. كه گهرما تاقهت پروكێنهكهی هاوین دادێ له تاو گهرما ئاخ و ئۆفمانه و دهناڵێنین، كه زستانیش دێت، دهڵێین ئای خوایه دهبێ كهنگی هاوین بێت و تۆزێك گهرممان بكاتهوه، ههربۆیه سهرماشمان بهدڵ نییهو لێ ڕادهكهین.
له هیچدا ئۆقرهمان نییه، ههندێك جار به پهله پرۆزكێ دهمانهوێت بچینه بازار یان چایخانهیێك یا ههرشوێنێك بێ، دووسێ كهسی لێ بێ، لهوێش له نێو قهرهباڵغی وهڕس و بێزار دهبین. دهڵێین یهڵا با بكهینه شهو و بچینه ماڵهوه، له تهنیایی ماڵهوهش دڵ پڕ و بێتاقهت دهبین.
ڕۆژ به ڕۆژی ههفته دهژمێرین تا بگهینه كۆتایی ههفته و ههینی، جا ئهوكاتیش ههر زوو هێندهی پێناچی ماندوو و شهكهت دهبین و دڵتهنگی تهنگمان پێ ههڵدهچنێ. بگره ههندێك جار خێراترین، دهقه به دهقه یاخود چركه به چركهی دهمژمێر دهژمێرین تا له ڕۆژ بگهینه شهو، له شهویش بگهینه سپێدهیهكی نوێ. بهردهوام پهلهمانه له تهواو بوونی ئهو ڕۆژانهمان، بێ ئاگاین لهوهی ئهو ڕۆژانه باشترین و چاكترین دهم و ساتهكانی ژیانمانن.
خۆ ئێمه له پیتهر خراپترین… له ههموو قۆناغهكانی ژیان بێ وچان بووین و بێ ڕامان و بێ ههڵوێست بووین له توێخ و لوێخ و جۆش و خرۆشی ژیان… تهنانهت له گهشت و سهفره و سیاحهتیش بیر و خهیاڵمان لای دوا قۆناغ و كۆتا وێستگهیه. دهڕۆین ههر دهڕۆین بێ ئهوهی له پهنجهره و دهلاقهیهكی گهشتهكه له جیهانی دهوروبهرمان بڕوانین، بێ ئهوهی هیچ چێژێك له ڕێگاكه ببینین بنهو بارگهمان دادهنێین و لهوێش دیسان به ههمان تاس و حهمام وهك میلی سهعات بهملا و بهولا دا دهسوڕێینهوه. ههربۆیه بهرگهی بچووكترین شهڕ و ههڵا ناگرین زوو تهفروتونا دهبین، چونكه پیری بێ تهجروبهین.