Skip to Content

لەقینی بەردەكان” و شكانی دڵەكان.. نووسینی: دلێر كەریم

لەقینی بەردەكان” و شكانی دڵەكان.. نووسینی: دلێر كەریم

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2021 General, Literature


خوێندنەوەیەك بۆ ڕۆمانی “لەقینی بەردەكان”ی سەلام عومەر

ئەدەب بەشێوەیەكی گشتی و ڕۆمان بەتایبەتی ئەركێتی دەستمان بگرێت و بمانخاتە بەردەم دەیان تێفكرین و بەدواداچوون و ڕامان، ئەگەر وانەبێت واتا نەیتوانیوە جێگەی خۆی بكاتەوە و نووسەری بەرهەمەكە تەنها نووسیویەتی و وەك ئەو سەدان بەرهەمەی تر كە پێشتر هەبوون، تەنها كاتییان پێوە بەهەدەردراوە و بوونەتە بەرهەم نەك زادەی بیركردنەوەی قووڵبن. دواجاریش كە دەبنە بەرهەم و ناودەنرێن بە كتێب تەنها قەبارەیەكیان هەیە و لە ڕووی فیزیكییەوە شوێنێك دەگرن لەسەر كتێبخانەكان و نابنە بەرهەمێك كە شوێن لە دڵ و دەروون و زاكیرەمان بگرن. لەڕاستیدا بەرهەمە باشەكان شوێنیان دڵ و دەروونی خوێنەرانە نەك ڕەفەی كتێبخانەكان، بەرهەمی ئەدەبی گرنگ وەرگرتنی ژمارەی سپاردنەكەی نییە هێندە گرنگە ڕزامەندی خوێنەرانی بەرهەمان وەرگرێت.

“لەقینی بەردەكان” بەرهەمێكی ئەدەبی ساڵی 2020 كە لەگەڵ خوێندنەوەیدا دەستی گرتم و بردمییەوە بۆ ڕۆژانی خوێندنی زانكۆ، هەموو یادەوەرییە تاڵ و شیرینیەكانی بۆم گەڕاندەوە، ڕەنگە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە نەبایە زاتی ئەوەی نەكردایە یادەوەرییەكانم وەك پەڕەی ڕۆمانەكە یەك یەك هەڵدەمەوە.
جوگرافیایی ڕۆمانەكە هەندێك دیمەنی هەولێر و هەندێكی قەڵادزێیە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە ساڵانی پێشتر كە هێشتا مۆبایل نەبوو، خۆشەویستی ڕاستەقینە خۆی لە چرپە و نامەی دەستنووس دەبینیەوە. ناونیشانی ڕۆمانەكە ” لەقینی بەردەكان”، بۆ منی گەرمیانی لەسەرەتاوە واتێگەشتم لە قین واتا لە ڕقی بەردەكانە، تا وردە وردەلەگەڵ ڕۆچوونم بە نێویدا تێگەشم جووڵە و لەقین یان لە رینەوەی بەردەكانە.
سەرەتای ڕۆمانەكە وەسفێكی چیایی سەفینە و كورتە مێژوویەكی لە خەباتی كوردایەتی دەگێڕێتەوە و دەڵێت :

“سەفین بەقەت ژمارەی تاشە بەردەكانی تۆپ و گوللەی بەسەردا باریوە كەچی هەر لەجێی خۆی وەستاوە و نەلەقیوە”، چیرۆكەكە باس لە خۆشەویستی ڕاستەقینەی نێوان مرۆڤەكان دەكات كە نوسەر لەناوەڕاستی چیرۆكەكەوە بە شێوەی “فیدباك” دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای ڕووداوەكان و دواتر لەو شوێنەی ناوەڕاست دەستپێدەكاتەوە تا كۆتایی دیمەنی ڕووداوەكە دەمانبات، بەگشتی دیمەنەكانی خەمناكن و ڕەنگە نووسەر بە مەبەست ویستبێتی پێمان بڵێت : قەدەری سیاسی و خۆشەویستی و هەموو كارێك لەم نیشتیمانەدا هەر خەمناكە.
قوتابیانی بەشی زانستی جیلۆجی ” زەویناسی” هه‌ولێر لە چیایی سەفین دەبن بۆ توێژینەوە، دواتر “بەردێك” دەلەقێت و دەخزێت و ئەویش دەبێتە هۆكاری تەقینەوەی كانییەك و بەردەكان هەڵدەتەكێنێ. چیرۆكی ئەو تەقینەوەییە هەموو كوردستان دەگرێتەوە.لەكاتی كەوتنی یەكێك لەتاوێرەكان بەسەر قوتابییەكی جیلۆجی بەناوی “ڕزگار ” گیان لەدەستدەدات.
لەم نێوەندەوە نوسەر دەمانباتەوە سەرەتایی ڕووداوەكان، ڕزگار لە زێدی خۆی قەڵادزێ، بەچەند ساڵێك پێش هاتنە زانكۆی لە هەولێر عاشقی كچێك دەبێت بە نێوی “نازدار”، بەڵام مردنی ڕزگار بە بەردی چیایی سەفین دەبێتە زیندووكەرەوەی چیرۆكی مردنی نازداری خۆشەویستی لەكاتی یاریدا بەردی دەستی منداڵێك بەریدەكەوێت و دەیكوژێت، ئەوە وادەكات هەمووان وەك شەیتانێك لەبەر بڕوانن و پێناسە و چیرۆكی سەیر سەیر بەناوی شوومی بەردەوە بگێڕنەوە، نوسەر بەناوی بەردتاشێكەوە پێمان دەڵێت:

باشە قوڕمساغێك بەكەریەتی بەرد بەكاردێنێ و خەڵكی پێدەكوژێ بەرد خەتای چییە و چیبكا؟
هاوڕێیەكی ڕزگار بەناوی قەندیل كە ئاگاداری چیرۆكی خۆشەویستیەكەی ڕزگار و نازدارە زیاتر لەهەمووان نیگەرانی مردنی ڕزگارە و دەبێتە بكەرێكی كارای ڕووداوەكانی دوای لەقینی بەردەكان.
قەندیل دوای مردنی ڕزگار ڕاپۆرتێكی دەخوێنێتەوە كە لە چیایی سەری ڕەش ئامادەی كردووە، دەبینێ لە كۆتایدا نوسراوە :
ئێمە نامێنین بەڵام بەرد هەر دەمێنێ .

لێرەوە قەندیل كە هاوڕێی گیانی بە گیانی ڕزگار دەبێت و خەڵكی هەمان زێدن كە قەڵادزێیە، لەگەڵ وەلی كە كوڕێكی هەولێریە و پێكەوە سیانەیەكی گونجاون و تێكەڵاوی خێزانیان دەبێت، دوای مردنی ڕزگار بەبەرد و زانینی چیرۆكی مردنی نازداریش بە بەرد، بیر لەوە دەكاتەوە چیرۆكێك بنووسێت بەناوی لەقینی بەردەكان.
چیرۆكی مردنی نازدار بە بەرد هێندە بۆ ڕزگار كاریگەر دەبێت كە زۆرجاران دەچێتە سەر گۆڕەكەی و دەگرێت، دایكی كچەكە و دولبەری خوشكی دەیبینن و تێدەگەن كە ئەم كوڕە خۆشەویستی كچەكەیان بووە، دواتر كە تاریك دادێت و هەردوو خێزانەكە بە شوێن ئەندامانی خێزانەكەی خۆیاندا دەچن و دەبینن لە سەر گۆڕی نازدار بووراونەتەوە.
ئەم ڕووداوە خێزانەكان دەخاتە بەردەم لێكدانەوە و تێڕامانێكی زۆر، نوسەر دەیەوێت بڵێ كۆمەڵگای كوردی كۆمەڵگایەكە بەوردی دەچنە بنچینەی ڕووداوەكان و هەموو هەنگاوێك باجێكی قورسی هەیە.
شەوێك ڕزگار خەون دەبینێت بە نازدارەوە، كورتەی خەونەكەش ئەوەیە نازدار گۆڕەكەی و چواردەوری گۆڕەكەی ئاودەدات و خەریكی چاندنی گوڵە. دواتر ڕوون دەبێتەوە كە چارەنووسی مردنی هەردووكیان بەردە و زۆری پێناچێت لەتەنیش گۆڕی نازدار گۆرێك دەكەن و ڕزگاری تێدا دەنێژن.

دوای مردنی نازدار، ڕزگار و قەندیل زیاتر هۆگری یەكدەبن و بەبێ یەك هەڵناكەن. هەردووكیان لای باوكی ڕزگار كە ناوی ئەخەی بۆیاغچییە دەستدەكەنە كار و ئاشنای ئیشەكەیان دەبن.
دواتر گۆڕی نازدار لەسەر داوای باوكی نازدار هەڵدەگرن، باوكی ڕزگاریش ئامۆژگارییان دەكات بۆ ئەوەی پارەی ئەوكارە وەرنەگرن، دیارە لە كوردستاندا ئەو تێكەڵاوی هۆگرییەی لەنێوان گوندەكاندا هەیە وەك شارەكان كاڵ نەبووەتەوە و هاوخەمی بوون گەشتووەتە دوا پلەی خۆی.
نوری ددانسازی باوكی نازدار پێدانی ڕۆڵێكی تێگەیشتووانەیە بە مرۆڤێك كە ڕێز لە دوو گەنج دەگرێت و بە كوڕی خۆیان ئەژماردەكات لە كاتێكدا دەزانێت یەكێكیان شەیدای كچە جوانەمەرگەكەی بووە، بەڵام ئەوەی لای منی خوێنەر سەرنج بوو چۆن دەبێت دێیەك هەبێت بە قەبارەی شارۆچكەیەك كە دوكانی بۆیاغچی و ددانسازیشی تێدابێت؟ ئەمە لە زێدی منی خوێنەر كە گەرمیانە ئەستەمە، بەڵام بۆ زێدی نوسەر ئەوە یان هەڵەیەك هەیە لە بابەتەكەدا یان ئاساییە و لەوێ بوونی هەیە.

یەكێك لە دیمەنە نایابەكانی ئەم ڕۆمانە باسكردنە لە لالی گەنجە جوان و تەسجیل بەدەستە مەستەكەی ئێوارانی دێ، كە گۆرانی هونەرمەند حەمەجەزا و شیعرەكانی پەشێو لێدەدات و دەڵێ :
نامەكانت یەكیەك ماون …
ڕزگار و قەندیل ئێوارەیەكی خۆش لەگەڵ لالی بەسەر دەبەن، لێرەدا نوسەر پێماندەڵێت ئەوە مەست و عاشقەكانن قەدری مرۆڤەكانی هاوتای خۆیان دەگرن و لە برینەكانیان دەكۆڵننەوە تێدەگەن، كاتێك ڕزگار دەستدەكات بە گریان لالی پێی دەڵێت ئەوگەنجە عاشقە ئەگینا مرۆڤەكان بە ئاسانی دەستناكەن بەگریان.
لە دانیشتەنەكانی مەستەكاندا زۆرترین ڕاستی دەوترێن، بۆیە دەزانن لالی بەم هۆگربوونەی بە حەمەجەزا و عارەق خواردنەوە بێهۆكار نییە بۆیە پرسیاری لێدەكەن ئەتۆ بۆ ژیانت وا بەسەر دەبەیت؟
لالی دەستدەكات بەگێڕانەوەی ئەوەی یەك ساڵان بووە باوكی مردووە و دایكی بەخێوی كردووە، دواتر خاڵ و مامەكانی هاوكارییان دەكەن، لە پۆلی سێی ناوەندی عاشقی كچێك دەبێت كە باوكی كچەكە بەعسی دەبێت.
بەعسی بوون دەبێتە هۆكاری نەهامەتییەكانی لالی و دایكی لەنەخۆشخانە دەمرێت و خاڵ و مامەكانی ڕازی نابن لالی كچە بەعسییەك بهێنێت. جارێكیتر جەنگی نێوان خۆشەویستی و نەیارەكانی دەستپێدەكات و لالی دەڵێ ئەو كچە و خانەوادەكەی ڕێگری لێدەكەن، بەهۆی مردنی دایكی و دابڕان لە خوێندن و پشتكردنە خاڵۆ و مامەكانی پەیمانگای لەكیسدەچێت و دەبێتە مەستێكی نمرە یەك و خۆشەویست و ڕەمزی عاشقانی ناوچەكە، باوكی كچەش كچەكەی دەداتە برازایەكی و خاڵی لالیش دەبێتە پێشمەرگە و ڕوودەكاتە شاخ. بەڵام جارێكیتر نوسەر لێرەدا ناوی لالی دەگۆڕێتەوە بە وەلی كە كەسایەتیەكی ترە و جارێك ڕۆڵی پێنەدراوە لەم حیكایەتەدا.
دولبەری خوشكی نازدار كە ئاگاداری خۆشەویستی نێوان ڕزگار و نازدارە و هەموو نامەتایبەتەكانی خوشكەكەی لایەتی، لەگەڵ نامەیەكی خۆیدا ئەیداتەوە دەستی ڕزگار، باسی ورد و درشتی پەیوەندییەكەیان و ئەو هەستانەی تێدایە كە دوای مردنی نازدار لە كەللەی ئەمیشی داون. دواتر ڕزگار چاوی دەچێتە سەر یەكەم نامەی خۆشەویستی خۆی كە بۆ نازدار نوسیبووی.
نوسەر دەیەوێت بڵێت هەموو فەلسەفەكان كە باس لەیەك تیری عەشق دەكەن و دەڵێن ئەوانەی یەكەم كەسن دەچنەوە دڵەوە لەخۆڕا نەهاتوون. دەكرێ مرۆڤێك چەندجارێك عاشق بێت بەڵام هەرگیز ناتوانێت سەرەتاكانی لەبیربچێت، برینەكانی هەموو عەشقەكان وەك یەك نین، هەندێكیان بە زەردەخەنەیەك ساڕێژ دەبن و هەندێكیان قەت ساڕێژ نابێت.
ناوی هەردوو قوتابی ڕزگار و قەندیل لە هەولێر دەردەچێت و دەبنە دوو قوتابی ژیر و زیرەكی بەشی جیلۆجی، نوسەر زۆر شارەزاییانە وەسفێكی گۆران ئاسایی هەولێر و قەڵای هەولێرمان بۆ دەكات، نەك بۆ منی قوتابی زانكۆی سەڵاحەدین، بگرە بۆ كەسێكی نەشارەزای ئەو جوگرافیاش گەنجینەیەكی پڕ زانیاری و لەزەت بەخشە. لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەكەدا، ساتێك بۆ ڕووداوەكان دڵتەنگ دەبووم و ساتێ دیمەنەكانی هەولێر لەكاتی یەكەم ساڵی زانكۆم دەهاتە پێشچاو كە خۆم و هاوڕێكانم لێدەبوونە ڕزگار و قەندیل.
لەهەولێر ڕزگار و قەندیل چیدی بەتەنیا نامێننەوە و هاوڕێیەكی تریان بۆ پەیدا دەبێت بەناوی وەلی، وەلی لەهەمان بەشە لەگەڵیان بەڵام لەبەشی ناوخۆیی نییە و دانیشتووی هەولێرە، جارێكیتر چیرۆكەكان بچۆیەك بەیان دەكرێن و دەگێڕرێنەوە، لە مەستبووندا ڕاستیەكان باسدەكرێن و لە خەم و ئازارەكانی خۆیاندا وێنای یەكتر دەكرێن، وەك هێمنی شاعیر دەفەرمووێت : لێی حەرام بێت ئەو كەسەی دەردی كەمە.
تائێرە ڕووداوەكان دێن، دواتر سەرداوی ڕووداوەكان دەبێتە حیكایەتی دوای ڕێكەوتی ڕووداوەكان، چونكە نوسەر ئەم ڕووداوانەی لەدوای كەوتنی بەردەكان گێڕایەوە، لێرەوە جارێكیتر دوای چنینی بەشی یەكەمی تابلۆكە دێتە سەر چنین و نەخشگردنی بەشی دوای لەقینی بەردەكان و مردنی ڕزگار.

دیمەنەكان وەها دەستپێدەكەن:
دوای مردنی ڕزگار گۆڕستانەكە زیاتر قەرەباڵەخ بوو، جاران یەك خێزان بچووبایەنە سەر گۆڕی نازدار ئێستا خێزانی ڕزگاریش بە ڕێگای گۆڕستانەوە بوون، چیرۆكی دوو عاشق كە تەنها شەش مانگ یەكیان خۆشویست و نێوان مردنیان تەنها ساڵێك بوو، هۆكاری هەردوو مردنیش بەرد بوو، بووبوونە وێردی سەر زمان و باسدەكران.

ئەم چیرۆكە نزیكە لە چیرۆكی فاتیلەی مەهاباد قەرەداغییەوە كە باس لە خۆشەویستی نێوان پێشمەرگەی قارەمان دكتۆر ئاتیلە و فاتیمەی كچە شێخ دەكات، دەڵێت لە دوای لە دەساڵ دكتۆر ئاتیلە لە پاڵ هەمان ئەو تاوێرە بەردەدا شەهید دەبێت كە براكەی پێش دە ساڵ لەوێدا شەهید دەبێت، ئەوەی فاتیلە ڕاستیە و ڕوویداوە و نوسەر نووسیەتیەوە، بەڵام ڕووداوەكانی نێو لەقینی بەردەكان چیرۆكن و زادەی خەیاڵی نووسەرن.
دوای مردنی ڕزگار قەندیل تەنها دەبێت و تەنها وەلی هاوڕێی دەبێتە خەمڕەوێنی، لەولاشەوە دولبەر كە خوشكەكەی و ڕزگاری دەزگیرانی خوشكی بڕستیان لێ بڕیبوو، تەنها مابووەوە.
قەندیل جارێك لە سینەما فیلمی هیندی بینیبوو بەناوی “شوعلە”كە باس لەدوو هاوڕێی زۆر نزیك دەكات، بڕیار دەدەن بۆ هەموو ڕووداوێكی نەخوازراو یەكێكیان بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش شێر و خەت دەكەن و یەكێك لەكەسەكان بەردەوام مل بەمەترسییەكانەوە دەنێت و خۆی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لەیەكێك لەشەڕەكاندا دەكوژرێت، كاتێك هاوڕێكەی بەمردووی لەباوەشی دەنێت و دەستی دەكرێتەوە دەبینێ پارەی دەستی هاوڕێكەی كە هەمیشە شێر و خەتی پێدەكرد هەردوو دیووی شێر دەبێت، لەوێ تێدەگات بۆ هەمیشە برادەرەكەی شێری هەڵبژاردووە. تێدەگات ئەو چی برادەرێكی دڵسۆزی لەدەستداوە، قەندیلیش بە مردنی ڕزگار بیر لەو دیمەنانە دەكاتەوە و دەچێتە دەرەوەی سینەما و وەلیش بەدوایدا، ئیتر جارێكیتر ناچنەوە سینەما و كۆتایی هەفتەكان دەگەڕێنەوە قەڵادزێ و سەر لە گۆڕێ هاوڕێكەیان و عاشقەكەی دەدەن.

لە چەند دیمەنێكی نێوان دولبەر و وەلی و قەندیل و سەرنج خستنە سەر كراسە خوێناوییەكەی ڕزگار چەند جارێك بەهەڵە ناوی ڕزگار دێتە بەرباسان، كە نەدەبوو ڕومانێكی بەو شێوەیە ئەوەی تێدابووایە.
هەردوو هاوڕێ دەیانەوێ كۆی یادەوەرییەكانی ڕزگار ببەنەوە بۆ زێدی خۆی و دەست بەژیان بكەنەوە، نوسەر جاریكیتر لە گێڕانەوەكانیدا ڕۆڵدەداتە هونەرمەندەكان و پارچەیەك لە نەغمەكانی حەسەن سیساوەیی دەكاتە هەوێنی گەڕانەوەیان.
دوای تەواوكردنی خوێندن قەندیل داوای دولبەر دەكات و دەبێتە هاوسەری، شایی و ڕەشبەڵەك دەگڕێتەوە ئەو زێدەی دەمێك ساڵە لێی تۆراوە، گەرچی كۆی ڕۆمانەكە تراژیدییە و لەم نێوەندەدا هەندێك خۆی ڕادەپسكێنێ تا خەمەكان بڕەوێنێتەوە، بەڵام لەم نێوەندەدا وەك ئەوەی قەدەری مرۆڤەكان هەمووی وا بێت بە بەرد بمرن، بەردێك بەردەبێتەوە و مێرد منداڵێك دەكوژێت، ئەویش هەمان ئەو منداڵە دەبێت كە چەند ساڵێك بەردی هاوێشت و نازداری جوانەمرگ كرد.
لەكۆتایدا وێڕای هەموو سەرنجەكانم، دەستخۆشی لە سەلام عومەری نوسەری ڕۆمانی لەقینی بەردەكان دەكەم، كە لە زۆر وێستگەی ڕۆمانەكەدا خۆمم تێدا بینییەوە، لە زۆر دیمەنی گەڕانەوەی وەلی و قەندیل بە كێوی هەیبەسوڵتاندا ئەو ڕۆژانەم هاتنەوە یاد ئێمەش لە زانكۆ دەگەڕاینەوە، بەڵام بۆ قەڵادزە نا، بۆ گەرمیان.
بۆم دەرکەوت هەڵەین تەنها چەند کەسێک بەڕۆمان نووس بزانین، دەکرێ بەرهەمەکان بخوێندرێنەوە تا بزانین چی نوسراوە، لەقینی بەردەکان لە سەرەتاوە تا کۆتای بۆمن گرنگ بوو، دڵم لەگەڵ لەقینی بەردەکاندا دەلەقی و لەسەر گۆڕەکان فرمێسکم دەڕشت،
بیرم دێتەوە بە گەڕەكەكانی هەولێردا گوزەرمان دەكرد و لە دیمەن و دارو درەختەكانی ڕادەماین، بیری زێدی خۆمانمان دەكرد و بە فرمێسكەكانمان نامەمان بۆ ماڵەوە دەنووسییەوە، ئەوەی هەبوو هەمان ئەوەی نێو ڕۆمانەكە بوو، بەهیوای بەرهەمی جوانتر.

Previous
Next
Kurdish