دەستپێکێکی ڕەخنەیی بۆ داڕشتنی مێژووى “کۆمەڵەی ڕەنجدەران”.. کاوە جەلال
کاوە جەلال
2015
١
بۆ ئێمەومانان کە لە دوورەوە کەممان بینیوە و لە نزیکەوە زۆرمان بیستووە، بە تایبەتی بۆ نەوەکانی دوای “ڕاپەڕین” کە نزیکەی تەنیا حیکایەتیان بیستووە، تێگەیشتن لە “ئەودیو” پێویستە، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر ڕەفتار و پەیوەندییە نێوکەسییەکانمان هەبووە، بەڵێ تەنانەت کاریگەریی لەسەر ژیان و چێژمان یان لەسەر هەڵوێستمان بەرانبەر ئەدەب و هونەرەکان هەبووە. جگە لەوە لە “ئەودیو” کەس و برادەرمان کوژراون، یان کەسان بەهۆى چالاکبوونیانەوە بۆ خەباتی چەکداریی نێو “ئەودیو” گیراون، حوکمدراون یان لەداردراون. بەمەش تێکچوونى دەیان هەزار ڕێچکەى ژیانى خۆیى!
مێژوو هاوشێوەى زانستەکانى وەک سۆسیۆلۆگی، ماتماتیک و پسیکۆلۆگى و هتد، زانستێکى تایبەتییە کە ئەرکەکەى توێژینەوەیە لە هۆکار و سەرەنجامى ڕووداوە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى نێو جیهان، یان لە پاڵهێزى کردارە سیاسى-جیهانییەکان و هتد. بەم توێژینەوانە مێژوو دروست دەبێت – لەسەر کاغەز. مێژوو تەنیا وەک نووسراو هەیە، بە واتایەکى دى، ڕووداوە کاتەکییەکانى نێو کردەکێتی (ئەکتوالیتاس) جارێ مێژوو نین؛ گەر ئێمە واژەى “مێژوویى” بۆ ئەو ڕووداوانە بەکاربهێنین، ئەوا مەبەستمان لە کاتەکیبوونى هەر ڕووداو و ڕەوتێکى سیاسى یان کۆمەڵایەتییە.
مێژووناسى لە هەرێم، وەک هەموو بوارە زانستییەکانى دى، زۆر هەژارە. بەڵام لەنێو زانستی مێژوو خۆیشیدا توێژینەوەى مێژوویى لە یاخیبوونە کوردییەکان، یان لە بزووتنەوە رزگاریخوازییەکانى کورد، هەژارترینە – بە تایبەتى لە بزووتنەوەکانى دواى 1961 و مێژووى پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان. لە بنەڕەتدا هەتا ئەمڕۆ پ.د.ک. و ى.ن.ک. بێمێژوون. هۆیەکی ئەمە لەوەدایە کە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هیچ گرنگییەک بە مەئریفە نادەن، چونکە ئەکادیمییەکانیان دەرکیان بەوە نەکردووە کە زانست بەبێ زەمینەی مەئریفی بنیات نانرێت، بە پێچەوانەوە ئەوان لە زانکۆکاندا زانیاری (ئینفۆرماسیۆن) کۆدەکەنەوە و وەک کاری ئەکادیمی بەچاپیان دەگەیەنن، بۆیە زانکۆکان ناتوانن ببن بە ڕێبەری هزرین و کردارى ئێستێتیکى، سیاسى، ئابوورى و تەکنۆلۆژى و هتد. بێگومان ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە ئەکادیمیى بەتوانا کەم بن، بەڵکو ڕەوشەکە لەبەر چەند هۆیەک بەو چەشنەیە:
یەکەم، ئەقڵییەتی زانستکردنی ئیسلامی-سوننی زانستە مۆدێرنە خۆرئاواییەکان تەنیا وەک ئینفۆرماسیۆن دادەنێت و بەگوێرەی هەر بەشێکی زانستی و کایەیەک لە یەکیان دەدات (ئەمە ئەو بەرواڵەت نوێگەرایانەش دەگرێتەوە کە بەناو کەڵە گۆڤاریان دەردەکرد و هەناویان هیچ جیاوازییەکی نییە لە هەناوی بەرپرسێکی حیزبی)، هەروەها، دووەم، ئازادیى توێژینەوە نییە، بۆ نموونە پەیوەند بەمەوە دەتوانین بپرسین، کە داخۆ چی بەسەر توێژەرێکدا لە هەولێر یان لە سلێمانی بێت گەر هاتوو توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی لەسەر “پ.د.ک” و بەمەش لەسەر بارزانی بنووسێت، یان لەسەر “ی.ن.ک” و بەمەش لەسەر تاڵەبانی! لێ هاوکات پێویستە پەیوەند بە توێژینەوەی ڕەخنەییەوە ڕەچاوی تەوەری “سەبژێکتی/بکەری” توێژینەوە بکەین، چونکە لە یەکتری جیانابنەوە. لەم پەیوەندیەدا دەبینین کە توێژەری ئازاد یەکجار کەمن، لێ پێدەچێت ئەمان خۆیان بۆ هەندێک بواری دی تەرخان کردبێت. بە کورتی: ئێمە دەتوانین زانکۆکان وەک پلەیەک لە سەرووى خوێندنگەی ئامادەییەوە دابنێین و ناویان بنێین “خوێندنگەى باڵا”.
لەنێو کاری مێژووناسیدا یادوەرى و نووسینى کەسانى کاراى سیاسى رۆڵێکى بەواتایان هەیە. ئەمە لە دوو ڕووەوە: ڕوویەکى لاوەکى و ڕوویەکى سەرەکى. ئەو نووسینانە لە ڕووى لاوەکییەوە کەم یان زۆر پەردە لەسەر نهێنییەکان لادەبەن و بەمەش دەرفەت بۆ ڕوانین لە ڕەوشەکان دەڕەخسێنن، بەڵام نووسینەکان لە ڕووى سەرەکییەوە “کەرەسە”یەکى لەبارن کە دەشێت ئیشیان تێدا بکرێت: بە کەرتکردنیان، هەڵوەشاندنەوەیان، بەرواردکردنیان لەتەک یەکتریدا، کە ئیدی دەشێت لەم کارەوە دات و هۆکاری بڕیارە (قەرارە) سیاسییەکان، یان هۆکانی ناکۆکیى سیاسى و رۆڵى کەسانى نێو ناکۆکییەکان و هتد وەک سەرەنجام دەربکێشرێن، لێرەشدا بێگومان پێویستە بە توێژینەوەى مەیدانى پاڵپشت بۆ ڕاستاندنیان یان پوچەڵکردنەوەیان بدۆزرێتەوە.
٢
ئەو کەرەسانە کە ئەمڕۆ بۆ توێژینەوە لە “کۆمەڵەى مارکسى-لێنینى کوردستانى” (پاشان ناونراو بە “کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان”) لە بەردەستدان، زۆر کەمن، هەروەها لە بوارى توێژینەوەى مەیدانیشدا زۆر کەم کار بۆ ئەم بابەتە گرنگە کراوە. بەڵام یادوەرییەکانى نەوشیروان مستەفا، نووسینەکانی پشکۆ نەجمەدین، یادوەرییەکانی ئاشتی برایمە فەندی، نووسینەکانى ئیبراهیم جەلال، نووسین و دژەوەڵامەکانى مەلا بەختیار و فازیل کەریم، یان یادوەرییەکانى ئاوات قارەمانى و هتد، کەرەسەى یەکجار پڕواتان بۆ توێژینەوە لەم بزووتنەوە بەناو مارکسى-لێنینی-ماوییە، بەمەش کەرەسەى لەبڕنەهاتوون بۆ ڕەواندنەوەى داستانەکان، چونکە کاتێک ئەو بەڕێزانە ڕووداوەکانمان لە ڕوانگەى خۆیانەوە بۆ دەنووسنەوە، ئیدی پەردەیەک لەسەر ناوێکى مەزن لادەبەن کە “کۆمەڵە”یە – “کۆمەڵە” وەک بەواتاترین بزووتنەوەى سیاسى و سیاسى-چەکدارى کە لە ئاشبەتاڵی 1975 بەدوواوە تا ساڵی 1992 خەباتگێڕی سەرەکی بوو لە کوردستانی باشور. لێ ئەم ڕێکخراوە سیاسییە زۆر کەم ناسراوە، بە پێچەوانەوە بە چەندین چیرۆک و داستان تەنراوە کە دەشێت فریومان بدەن. بەڵام گێڕانەوەکانى ئەو بەڕێزانە، داڕشتنى ڕوانگەى خۆییان و دژە وەڵامە توندەکانیان، بە تایبەتی ئەو کەسانەیان کە لە ئاستی باڵای بەرپرسیاریدا بوون، وا دەکەن کە سەرجەمى حیکایەت و داستانەکان لەکاربکەون، بەڵێ ئەوان تەنانەت ئەفسانەیێتى خۆیان لەکاردەخەن – ئەوان کە بۆ ئێمەومانان هەمیشە “ناو” بوون و پێیان هۆشسام بووین: بە بزێوییەکانیان، بە خەبات و ئازایەتییان، کە دەماودەم بۆمان دەگێڕرانەوە. ئێمە ئەوانمان وەک کەسانى ئەفسانەیى، وەک دیپلۆمات و سیاسیى بەواتا پێشبینی دەکرد. بەڵام کاتێک ئەوان خۆیان بوێرانە دێنە گۆ، ئیدی گەر تەنانەت هەوڵ بدەن چییەتیان و کردارەکانیان بشارنەوە، هێشتا هەر پەردەیەکى ئەستوور هەڵدەدەنەوە و لەتەک خۆیاندا دەمانبەن بۆ نێو خەباتى ژێرزەمینییان لە شار و خەباتى چەکدارییان لە “ئەودیو” – “ئەودیو”ى پڕمەترسى کە لە شار ڕۆمانتیکیانە پێشبینیى دەکرا و لە بنەڕەتدا تا ڕادەیەک هەر ئەم ڕۆمانتیکەی “ئەودیو” بوو کە لاوانى لەژمارەنەهاتووی بەرەو نەمان برد.
بەگشتى خوێندنەوەى نووسینەکانى ئەو بەڕێزانە، ئەوجا ڕەچاوکردنی ڕوانگەکانی خەباتگێڕانی بەئەزموون، دەمانگەیەنن بە هەندێک تێڕوانینى کرۆکى سەبارەت بە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازیى کوردى بەگشتى و “کۆمەڵە” بەتایبەتی. تێڕوانینەکان بریتین لە:2015
١) بزووتنەوە “ڕزگاریخوازى”-چەکدارییەکەى 1961 هەنگاوى بەئاگاى ڕێکخراوێک نەبوو کە لە کات و شوێنى گونجاودا خەباتى چەکدارى بەربخات، بەڵکو کێشەکە بەهۆى “یاخیبوونى ئاغاکانەوە” تەقییەوە: یاخیبوون لە یاساى ڕیفۆرمى کشتیارى کە حکومەتى ئێراق دەریکرد، پاشان سەرۆکى پ.د.ک.، مەلا مستەفای بەرزان، چوو بە هانای ئاغا یاخیبووەکانەوە و پێکەوە کەوتنە شەڕکردن لەدژى حکومەتى ئێراق. ئەم هەڵوێستەى سەرۆکى پ.د.ک. خودى پارتەکەى سەغڵەت کرد کە پاشان سەرکردایەتییەکەى بە ناچارى داواى لە ئەندامانى خۆى کرد بدەنە شاخ و لەدژى حکومەتى ئێراق بجەنگن. لێ ئێمە لەم ڕەوشەدا دوو شێوەی هەڵوێستی سیاسی دەبینین کە لەکاتی مەلا مستەفای بەرزانەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە: یەکێکیان بێباکانە لە دەمارگیریی خێڵەکێتییەوە دەکەوێتەوە و باقییەکەی دیکەی کۆمەڵ لە هەر سەرەنجامێکەوە دەگلێنێت، ئەویدیکەیان تێوەگلێنراوە.
مۆرکێکی کرۆکیی ئەم تێوەگلێنراوە ئەوەیە کە لە زۆر ڕووەوە بەرانبەر کەسانی شارنشین توندڕەوە، لێ بەرانبەر گوند و خێڵەکێتی حەزەرمەند و سڵەمیوەیە: بۆ نموونە هەرگیز بوێریی نەبووە و نییە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دژبەرییانە کە خۆی لەژێر دروشمەکانی پێشکەوتنخوازی و شۆڕشدا زەقیکردوونەتەوە یان بەردەوام جەختی لێکردوون. ڕوونتر ببێژین: چۆن کاتی خۆی مەلا مستەفای بەرزان بێباکانە بڕیاری بۆ بەهاناچوونی ئاغاکان دا و بێ چەند و چوون کەوتە شەڕکردن لەدژی حکومەتی ئێراق، ئەوجا سەرکردایەتی پ.د.ک چۆکی لە بەردەم ویستی ئەودا دادا، ئەمڕۆش مەسعودی مەلا مستەفای بەرزان بێباکانە سیاسەت دەکات، لێرەشدا “یەکێتی” و “گۆڕان” سووک و ئاسان دەبن بە پاشکۆی هەر هەنگاوێکی ئەو.
بە هەر حاڵ، بە دەستپێکردنی بزووتنەوە چەکدارییەکەی 1961 شار بەتەواوى کەوتە ژێر ڕکێفى خێڵەکێتى و ڕەفتارە گوندى-ترادیسیۆنییەکانەوە – شار کە بەهۆی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و جووڵەی ئابوورییەوە، نێوەندێکى بزێوتر و گەشبینترى ژیان بوو لە نێوەندی گوندی. ئێمە لەم پرسەی دەستپێکردنی خەباتی چەکداریدا هاوکات ژێرکەوتنی ئاگایی سیاسیی دەبینین: ئاخر گەر پەیوەندییەکانی پارتێک لەتەک دەسەڵاتی ناوەندیدا گرژییان تێکەوت، پاشان پارتەکە بییەوێت بە هەر شێوەیەک بێت درێژە بە خەباتی سیاسی بدات، ئەوا ئەم هەڵوێستە نیشانەی ئاگایی سیاسییە، بەڵام گەر مەکتەبی سیاسیی پارتەکە تەسلیمی ویستی سەرۆکە شەڕکەرەکەی بوو، ئەوا ئاگاییە سیاسییەکەی لەکاردەکەوێت، ئەمەش بە سەرەنجامێکی ستەمەوە: ئێستا لای خەڵکیش هەست و سۆز سەروەریی بەسەر ئاگایی سیاسیدا وەردەگرن، کە ئیدی هەزاران کەس بە دروشم دەچن بە پیر مەرگەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئاگایی دانیشتوان لە شار هێندە کەم و تایبەت شکۆفەى کرد کە چیدی نەیدەتوانی کاریگەرى لەسەر گوند بنوێنێت، بە پێچەوانەوە کوردەکانى ئێراق بەگشتى لە ساڵی 1961 بەدواوە بەردەوام “پتر” خێڵەکییزە بوون (ئەوە سەربارى تەنینەوەى خانوو و پۆشاکى مۆدێرن، یان ئامرازە تەکنۆلۆژییەکان و ئەدەبیاتی بیانی). گرنگترینی ئەو فاکتەرانە کە کاریگەریی ستەمیان نواند، بریتی بوون لە: ئەقڵییەتی ئیسلامی-سوننی کە لە سەرکردایەتیی پ.د.ک.دا باڵادەست بوو، مارکسیزم-لێنینیزمی وەک ئەتەکێت بە بەرۆکی پارتەکەیدا هەڵواسی، واتا تەنیا کاری بە ئیفۆرماسیۆنی کۆکراوە دەکرد، بۆیە نەیدەتوانی میراتێکی گونجاو لە ڕووی ئەدەبیات و پراکسیسی ئاگامەندانەی سیاسییەوە بۆ هەر نەوەیەکی دیکەی سیاسی بخاتەوە، بە پێچەوانەوە مێنتالێتیی ئاستگەریی (“پێگەیەک بۆ خۆم مسۆگەر دەکەم و توند دەیگرم”) درێژەی پێدرا. فاکتەرێکی دی ئەوە بوو کە شارنشینان و شارییەکان بە زۆرینەی هۆشمەندانى ئەدەبیشەوە چۆکیان لە بەردەم سەروەرانى خێڵەکیدا دادا، بەمەش خێڵەکێتی لەنێو بزووتنەوەی (بەناو) ڕزگاریخوازییەوە پتر دەسەڵاتی خۆی بەسەر شارنشیناندا بەهێز کرد.
ئاخر سومعەی گەورەتر بوو بوو. ئەوجا ئەم ڕەوشە پێکەوە لەتەک خۆزگەى قووڵى کوردەکاندا بۆ سەرکردەیەکى بەهێز بوون بە هۆیەک کە سەرۆک خێڵان یان ئاغایان وەک بەرپرسی عەسکەری، ببن بە مایەی شانازیی خزمانی دوور یان نزیکیان لە شار، بەڵی خزمان خۆیانیان پێوە بابدەن (ئەمە بۆ نموونە لە شارێکى وەک سلێمانى تەنانەت لە گەڕەکى “عەقاری” یان درەنگتر لە گەڕەکى “تویمەلیک” دەبینین. خوێنەر دەتوانێت خۆی لە شار و قەزا و ناحییەکانی دی نموونە وەربگرێت). سەرەنجامی ئەو بەدڕەوتە ئەوەیە کە ئەمڕۆ تا ڕادەیەکی زۆر ئاگایی ناوەرۆکبینی ترادیسیۆنی لەکارکەوتووە و “رواڵەتگەرایی”یەک جێی گرتۆتەوە کە سواڵکردن یان تەنانەت دزینی بەلاوە ئاساییە، بەڵی تەنانەت وەک “فەزیلە” دەیانبینێت.
بێگومان دیاردەی سواڵکەری، واتا دەستپانکردنەوە، مۆرکی سەرجەم گەلانی موسڵمانە، بە تایبەتی مۆرکی موسڵمانانی سوننەمەزەبە، کە دەستیان بۆ بەرهەمە هۆشەکی و ماتەرییەکانی خۆرئاوا گرتۆتەوە، بێشەرمانە وەریاندەگرن و بابەتی بە خۆ تایبەتیان لێ چێدەکەن. لێ ئەمڕۆ ڕەوشەکە لای کوردەکانی هەرێم لەوە تێپەڕدەکات، ئەمڕۆ مرۆ سووک و ئاسان، دووپاتی دەکەینەوە، مرۆ هەروا سووک و ئاسان “کتێب” دەنووسێت و ڕایدەگەیەنێت گۆیا بە مێتۆدێکی نوێ نووسیوێتی، بەبێ ئەوەی بزانێت کە دەبێت بەدووی ئەوەدا یەکسەر ڕوونی بکاتەوە، ئەو مێتۆدە چییە و چۆن بووە بە ڕێبڕینی هزریی ئەو؛ کەس هەر لە خۆیەوە “گۆڤار” یان “ڕۆژنامە” دەردەکات، “خانوو” دروست دەکات، “خۆراک” لێدەنێت، “کەناڵی تەلەڤیزیۆن”ی دادەمەزرێنێت یان دەبێت بە “میدیاکار”، بە “پەرلەمانتار” و هتد.، بەبێ ئەوەی پرسیاری کردبێت: گۆڤار چییە؟ خانوو چییە؟ میدیا چییە؟ خۆراک چییە؟ و هتد. نەخێر، مرۆ بۆ ئەو مەبەستانە هەموو بەرهەمێکی خۆئاوایی بە تایبەتی لە ئینتەرنێتەوە دادەگرێت، ئەوجا دوای تەواوکردنی ئەو کارەی ڕەحەتبوونە سۆسیالەکەی (سۆسیال-ئۆرجازمەکەی) خۆی پێشانی هەمووان دەدات. لێرەوە ڕووندەبێتەوە کە بۆچی ئەمڕۆ “پرسى فۆرم” یەکێکە لە قووڵترین تەنگژەکانى کوردانی هەرێم: لە توێژینەوەى زانستیدا کە توێژینەوەکان بەزۆریی ڕێکخستنی پاڵیەکیین نەک فۆرمێنراو و تێیدا توێژەر دەربکەوێت، لە تەلارسازیدا کە خانوو و تەلارەکان دەردراوى هۆشێکى ئێستێتیکیى ئازاد نین، بەڵکو کۆلاژ و کۆپیی ڕاستەوخۆن، بە تایبەتیی کۆپیی تەلارسازیی دوبەیین کە ئەو خۆیشی بەرهەمی خۆرئاوایە، لێرەشدا دەشێت هەست و سۆزی چڵێس بەرهەمی قێزەوەن بخەنەوە (بۆ نموونە بینا نوێکەی شارەوانی لە سلێمانی).
2) بڕێک لە نەوەی نوێی “کوڕان”ى شار لە میانەى خواستی ڕزگاریخوازی و بزووتنەوەى چەکداریى کوردیدا پتر بە هزرى چەپ بارگاوی بووبوون، ئەوجا ژمارەیەکیان هەوڵیان بۆ کردارى سەربەخۆى سیاسى دا و خۆیان لە “کۆمەڵە”دا بینییەوە – بێگومان نەک “دامەزراند”، چونکە کەسەکان کە بە هزری چەپ بارگاوی بوون، پتر تاقم تاقم خڕبووبوونەوە: زۆرینەیان دەستە دەستە لە کاتی ناکۆکیی جەلالی-مەلاییەوە دۆست و برادەر بوون یان لانی کەم یەکدییان دەناسی. لەم ڕوانگەیەوە “کۆمەڵە” وەک ڕێکخراو تا دوای ئاشبەتاڵ وجودی نەبوو. بە هەر حاڵ: کاتێک خەباتگێڕانی بارگایبوو بە هزری چەپ خۆیان لەنێو “کۆمەڵە”دا بینییەوە، ئەوان ئەوپەڕى ترادیسیۆنى بوون، واتا ئەوان هێشتا کوڕانى باوانیان بوون کە وەک “خەمخۆر” و “لەخۆبوردوو” دژى چەوساندنەوەى نەتەوەیى “و” چینایەتى (!) هاتنە مەیدانەوە، یان هێشتا ئەوەندە باوکسالار بوون کە بە گۆرانیی وەک “شیرین شیرین، ئەی کچە کوردی نازەنین!” هەوڵیان دەدا ڕەگەزی مێینە بۆ خەباتەکەیان ببنەوە.
ئەوان نەیاندەزانی کە کەسانى ترادیسیۆنى ناتوانن چەپ بن، چونکە وەرگرتنى ڕوانگەى چەپ هەڵوێستێکى سەبژێکتییە (بکەرییە)، کە بەدووى هەڵوەشاندنەوەى کەسێتیى سۆسیۆکولتووریى خۆدا دێتەئاراوە و ئاگامەندانە ڕەوشەکان دەسەنگێنێت و ئەوجا بەرانبەریان هەڵوێست وەردەگرێت. بەڵێ، ئەوان لە ناخدا لە “کاژیکەکان” کاژیکتر بوون، هێندە نەبێت کە بوێریی ئەوانیان نەبوو بە ئاشکرا پرسی نەتەوەیی بخەنە نێوەندی خەباتیانەوە. ئێمە لێرەدا دوو شێوازى جیاى هەڵوێستمان هەیە: یەکێکیان خزانە بۆ ژێر کارگەریى بزووتنەوە چەپەکانى وڵاتانی دی کە تەنیا دەنگدانەوەیان بە خەباتگێڕانی “کۆمەڵە” دەگات، لێرەشدا ترادیسیۆنیبوونی خەباتگێڕان وا دەکات، کە ئەوان هەندێک تێڕوانینی هزرمەندانى یاخیى خۆرئاوایی یان “ماو تسی تۆنگ” پتر بۆ مەبەستی سیاسی وەربگرن و بە شێوەی جیا بییاندەنەوە، بۆ نموونە لە گۆڤار یان ڕۆژنامەدا. بەڵام هەڵوێستەکەی دی سەبژێکتبوونى خۆیە کە وەک چەپ سەرجەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و کولتوورییەکان دەبینێت و دیارییان دەکات، ئەوجا دەشێت (واتا مەرج نیە) ببپەڕێتەوە بۆ کرداری سیاسی. بۆ نموونە “ئوێجئالانیزم”. ئەمە یەکێکە لەو هۆیانە کە بۆچی خەباتگێڕانی خۆبینییەوە لەنێو “کۆمەڵە”دا پێش ١٩٧٠ و ئەوجا لەم کاتە بەدواوە تا ١٩٧٦ پێیان نەکرا هیچ بەرهەمێکى تیۆری بخەنەوە، یان سۆسیۆلۆگییەکی خەبات ئاوەڵا و پیادە بکەن، بەمەش مۆدێلێکى نوێ بۆ خەباتی گەنجان بهێننە پێشەوە. ئاخر دەبێت سەرەتا هزرین هەبێت کە لە دەڤەری خەبات جیانابێتەوە، واتا لە توێژینەوەی مارکسیستیانەی خەڵکی کوردەواری لە شار و گوند.
هاوکات خەباتگێڕانی “کۆمەڵە” خزابوونە نێو گێژاوێکی ستەمتری سیاسییەوە کە لوولی دان و نەیهێشت هیچ نەبێت وەک کەسە ترادیسیۆنییە هەمواربۆوەکە رێگەی خۆیان لە سیاسەتدا بگرنە بەر: شێخایەتی. لە بنەڕەتدا شێخایەتی ڕووی لە دەروون دەکرد و خۆی لە پەیوەندیی شێخ-موریددا دەبینییەوە، لێ وەک میراتێکی ئاشنا بە تایبەتی لە لایەن بەچکە شێخەکانی نێو کوردایەتییەوە کرا بە مۆدێلی سیاسەتکردنی کوردی لە ئێراق و پاشان لێوەی مافیای سیاسیی نێو کوردایەتی هێنرایەگۆڕێ کە تا ئەمڕۆ باڵادەستە. ئەم مۆدێلەی شێخ-مورید بە تایبەتی لە لایەن شێخزادەکەی تاڵەبانەوە، واتا لە لایەن جەلال تاڵابانییەوە، سووک و ئاسان درێژەی پێژەی پدرا، بەمەش هێدی هێدی لەنیو “کۆمەڵە”دا بەرهەمهێنرایەوە. بەبێ هیچ گومانێک گەر سەرەتا کۆمەڵەییەکان خەباتگێڕی بەپەرۆش و لەخۆبوردووی شارنشین بووبن، هەروەها ڕێزی نەریتی هەمواربۆوە و بزاوتووی نێو شاریان گرتبێت، ئەوا تێوەگلانیان بە شێوازی سیاسەتکردنی شێخانەوە کاریگەریی ستەمی لەسەر ڕەفتار و بیرکردنەوەیان بەجێهێشت.
3) ئاشبەتاڵ بوو بەهۆى نەهامەتییەکى گەورە بۆ کورد، بەڵام لەتەک ئاشبەتاڵدا تەمێک ڕەوییەوە:
دەسەڵاتى بنەماڵە. بۆ نموونە لە شارێکى وەک سلێمانى (خوێنەر دەتوانێت خۆی نموونەی قەزا و ناحیە و شارەکانی دی وەربگرێت) ژمارەیەکى کەم گەنج (ئەمە مایەى تەوسە) بزێوتر بوون و جار جار دواى کۆڕێکى ئەدەبى بە سپۆنتان (عەفەویانە) خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا. هێندەى نەخایاند بۆمبێک بە گوێیاندا تەقییەوە: ناوی “کۆمەڵە”، کە زۆر کەسى ڕاچڵەکاند و کەمینەیەکى زۆر بچووکى بزێوتر کرد. بەڵام ئەوە بەتایبەتى گەنجانى زانکۆیى و ئامادەییەکان بوون کە بۆ نێو باوەشی “کۆمەڵە” خزان نەک کاسبکاران و “ڕەنجدەران” و هتد. ئەمان زۆر کەم بەپیر بزووتنەوەکەوە چوون. هەر چۆنێک بێت، “مارکسییەت” دوای ئاشبەتاڵی 1975 بوو بە مۆدە، لێرەشدا لاوازیی هۆشی کۆمەڵەییەکان نەیدەتوانی بەهای نوێ بە خەباتگێرە لاوەکان بدات، بەڵکو هەر ئەوەندەی پێدەکرا کە جرپنانە هەوڵ بدات گەنجان بۆ خەبات ڕابکێشێت. بەڵێ، دوای ئەوە کە مارکسییەت بوو بە مۆدە، ئیدی لە شارەکاندا نەک “مۆرالی خەباتگێڕ”، بەڵکو ڕەفتاری سایکۆلۆژییانە بوو بە باو، بۆ نموونە بەدڕەفتارێکی وەک “لێدان” بوو بە فەزیلەیەک و لەبریی دانوستاندن دانرا: “فڵان زۆر زیرەکە، بینیت لە کۆڕەکەدا چۆنی لێ دا؟”، واتا مرۆڤ نەریتی دانوستانی نەدەناسی، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە، بۆ نموونە لە چایخانەکە یان لەنێو کۆڕە ئەدەبییەکەدا، خۆی بۆ لێدانێک لە کەسی ئاخڤەر یان کۆڕگر مەڵاس دەدا. بەم شێوەیە جرپنی و دەمەوەری و سەرەڕۆیی بوون بە مۆرکی خەباتگێڕانی نوێ و بەوەش کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر نەوەکانی دی نواند. بەڵێ “کۆمەڵە” کە دوای ئاشبەتاڵ بوو بە بزووتنەوەیەکى سیاسى، لەبەر ئەوەی ژمارەیەک چالاکوانى ترادیسیۆنى لە ئاستى سەرەوەیدا بوون و کەمترین توانستی پەروەردەی خەباتگێڕییان نەبوو، ئەوا بوو بە حیزبى شەهیدان، بوو بە حیزبى ئەو گەنجانە کە زۆر جار بەهۆى هەڵپەى دەرکەوتنەوە دەگیران و حوکم دەدران یان لە داردەدران، یان لە نەزانییەوە لە شەڕدا دەکوژران.
ئەوجا خەباتگێڕانیش کە لەنێو “کۆمەڵە”دا بوون، یان لە دەوری کۆبوونەوە، یان هیچ نەبێت هاوسۆزییان بۆی هەبوو، زۆر ناتەبا و بە یەک نەساز بوون. کەسانی کۆمەڵەیی هەبوون کە بەناو ئاتێئیست (مولحید) بوون، یان لەنێویاندا ئەوانەش هەبوون کە بەردەوام خۆیان بە وشەی نەگونجاو یان تەنانەت بە جنێو بەرانبەر خودا و پەیامبەری ئیسلام دەردەبڕی (ئەمە بەڕاستی یەکێکە لە فاکتەرەکانی بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی)، هەروەها کۆمەڵەیی هەبوو کە سەری بچووایە نوێژی نەدەچوو. کۆمەڵەیی هەبوو کەشخە و فیزدار بوو، هینی دیکەش هەبوو ڕەنجدەرانە هەڵکەوتبوو. کۆمەڵەیی هەبوو فێڵبازی خۆپارێز بوو لە هەر گێچەڵێک، کەسانی دیکەشی تێدا بوو کە لە ساویلکەیی و نیازباشییانەوە زوو ئاشکرا دەبوون و تێدادەچوون. هەروەها کۆمەڵەیی هەبوون کە کوڕی دەوڵەمەند نەبوون، کەواتە خاوەنی سامان و ئۆتۆمۆبیل نەبوون و بەمەش دەسوێژێکی خوازراویان بۆ مێبازی نەبوو، بەڵکو ئێستا مارکسیزم و خەمخۆریی بۆ هەژاران دەسوێژی نزیککەوتنەوەیان بوو لە کیژان. ئەوجا هەر لە دەوری ئەم بزووتنەوە پشکوتووە کەسان هەبوون کە لە شار خۆیان وەک چەپی شۆڕشگێر دەردەخست، لێ ڕووی دەدا کە هەڵپەی دەسەڵات بییان بات بۆ گوند و لەوێ بە شێخایەتی بکەونە چەوساندنەوەی جوتیاری کورد. هەرچۆنێک بێت، ئەمانە سەرباری هەموو مۆرک و تایبەتمەندییە مرۆڤییەکان بریتی بوون لە پێکهاتەی بزووتنەوەیەک کە ڕێگەی خەباتی لەنێو خۆی و هاوکات لەنێو پەیوەندییەکی سیاسیانەی گەورەتردا (ی.ن.ک.دا) بەرخست و دوای ئاشبەتاڵ بوو بە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە سەرەکییەکەی کوردستانی باشوور: ڕێکخراوێک کە داستانی تۆمارکرد و شکستی هێنا، زۆرینەی گەلی بۆ خۆی بردەوە، لێ پاشان سووک و ئاسان لەنێو جەلاییەتدا توایەوە- توێنرایەوە.
4) خەباتگێڕى چەکدارى “کۆمەڵە” بە ڕۆمانتیکى پێشمەرگە دەژیا، واتا ڕۆمانتیکی ئەو قارەمانەى گەل کە پێش بە مەرگ دەگرێت تاکو گەلەکەى لە ستەمى بێگانە رزگار بکات. بەڵام ئەم قارەمانە بەدەر بوو لە ڕاهێنان و دیسپلینى سەربازى، لە بنەڕەتدا وشەى سەربازى بەلاوە شورەیی بوو، چونکە تەنیا سۆزمەندانە وشەکەى وەرگرتبوو – لە کیینەوە بەرانبەر دەوڵەتی مەرکەزی. تەنانەت ئەو گەنجانەیان کە نێرران بۆ لوبنان یان لیبیا تاکو ڕاهێنانی سەربازی بکەن و فێری شەڕکردن ببن، لە تەمەڵیی خۆیانەوە شکستیان هێنا (“کاکە، خۆ من عەسکەر نیم بەیانی زوو لە خەو هەستم!”). ئاخر کۆمەڵەییەکانى سەرەوە هەرگیز دیدێکى گشتگیریان نەبوو کە لە هەر هەنگاوێکى سیاسیدا کارا ببێت و بتوانێت بە ئەرگومێنت هەر ئەندامێک بە گوێرەى توانست و پەروەردەى هونەرى و تەکنیکى، یان پیشەى دەستى، چالاک بکات، ئەمە بێگومان تەنانەت بۆ چەکەمەنى (ڕەنگە هەندێک بەڕێزى “کۆمەڵە” پێکەنینى بەم تێڕوانینە بێت). لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەو بەڕێزانە کە بەرپرسى باڵاى بزووتنەوەکە بوون، ئیشیان چى بوو لە سەرکردایەتیدا؟ لە بنەڕەتدا “لە سەرەوە” ئەقڵییەتی “ئاستگەرا”ی کوردی وروژابوو، بەمەش هەموو پەیوەندییەکان شێوا بوون، خودى کەسەکان پەشۆکابوون و لە ناکۆکیى کەسیى و پۆستەوە گلابوون. ئەمەش شۆڕدەبۆوە بۆ خوارەوە بۆ لاى پێشمەرگەکان – ئەو بێچارانە!
هەڵە دەبێت گەر تەنیا لەم ڕووەوە پێشمەرگایەتى بنرخێنین. ئاخر ئێمە لێرەدا خۆمان لە بەردەم پرسیارى دەسەڵاتدا دەبینینەوە، کە تێگەیەکى فراوانە. لە بنەڕەتدا هەموو هەڵچوونێکى مرۆڤیى بەنێو دراوە کولتوورى و سیاسی و ئابوورییەکاندا بەدەستهێنانى دەسەڵاتە. مرۆڤ لە هەموو ساتێکى ژیانیدا دەیەوێت دەسەڵاتدار بێت: وەک کاسب لە کردارى فرۆشتندا، وەک مێرد، وەک ژن، وەک ئەکادیمى و هتد. وەرگرتنى بڕوانامە گەیشتنە بە شێوەیەکى دەسەڵات. کەواتە بزووتنەوەى رزگاریخوازیش لەم پرنسیپە مرۆڤییە بەدەر نییە. خەباتگێڕان کە بە نهێنى خۆیان رێکدەخەن، ئەوا بەم ڕێیەوە بە شێوەیەکى دەسەڵاتى ڕەوانى (مەعنەوی) و تەنانەت ماددی (بۆ نموونە چەکهەڵگرتن یان توانستى ئیختیال) دەگەن کە جیایان دەکاتەوە لە باقییەکەى کۆمەڵ.
لە ناخى هەموو خەباتگێڕێکدا شانازییەکى یان تەنانەت فیزێکى لەڕادەبەدەر سەرهەڵدەدات و گەر بۆى بلوێت بەئاشکرا پێشانى هەمووانى دەدات، لەم پەیوەندییەشدا “پێشمەرگە” دەسەڵاتدارێکى زۆر تایبەتە، چونکە خۆى وەک بەرجەستەى ئەو پێشبینییە ئەندێشەییە دەبینێت کە لە ناخى هەموو تاکێکى ئەو گەلە چەوساوەیەدا هەیە: ئەم ئێستا تەنانەت بە “لەش” پێشمەرگەیە، بەمەش ئەم ئێستا جیاوازە لە هەڤاڵانى گەڕەک و فێرگە، لە فەرمانبەران، لە پزیشکان و بەڵێندەران و هتد. ئەو سەربەستە! ئەو بەربووە لە پابەندیی خێزانی! ئەو بەنێو چیاکاندا لە گوندەوە بۆ گوند جەولە دەکات، بە چەک دەست لە دوژمن دەوەشێنێت. بەڵام هەڤاڵان لە شار بەترسەوە دەژین، خەریکى دابینکردنى گوزەرانیانن، هەندێک جار گۆڵمز ساز دەکەن یان رەنگە هەندێک شەو بە ترسەوە بڕۆن بۆ مەیخانەیەک تاکو مەى بنۆشن و کەمێک سەریان گەرم بکەن. لە بنەڕەتدا ئەوی پێشمەرگە دەخوازێت هەڤاڵان و خزمانى پێى هۆشسام بن، ئەو پێشبینى دەکات کە هەڤاڵانى لەکاتى پیاسەکانیاندا باسى دەکەن، یادیدەکەنەوە، تەنانەت رەنگە ئیرەیى پێبەرن. ئاخر ئەم توانیویەتى کەس و کارى جێبهێڵێت و تەنانەت بۆ خاترى گەل بییانخاتە مەترسییەوە. ئەوجا کاتێک هەڤاڵانى شار تەنیا ناوى “مامە” و “کاکە نەوە”، “جەبار فەرمان” و “مەلا بەختیار”یان بیستووە، ئەو بە پێچەوانەوە دەرفەتى هەیە لەگەڵیان دابنیشێت، یان لایەنى کەم لە نزیکەوە بییان بینێت!
5) مرۆڤی کورد بەگشتی خۆی هەمیشە لە بەرهەڵستیدا دەبینێتەوە: ئەو هەرچییەک بکات، سنوورێک بە دەوری ئەو شتەیدا دەکێشێت و ئامادەیە هەموو شێوەیەکی بەرهەڵستی بۆ پاراستنی ئەو سنورەی بەگەڕبخات: لە چەکەوە تا وشە و ڕەفتارە ساختەچییەکانی ماچ و پاشقول. ئەو دەشێت خەریکی نووسین یان شێوەسازی یان تەلارسازی بێت، یان دکتۆرایەک لەسەر هۆزانڤانێک بنووسێت، یان لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا “چاکی”ی خۆی پێشانی هەمووان بدات و هتد. لێ گرنگ ئەوەیە کە هەر یەکەی ئەو چالاکییانە یان داواکارییانە سنووری ئەون و نابێت هیچ کەس بییانبەزێنێت، کەواتە نابێت ساغبکرێتەوە کە داخۆ ئەو نووسەر بێت یان نەبێت، هونەرمەند بێت یان نەبێت، تەلارساز بێت یان نەبێت، ئەو کەسە چاکە دڵسۆزە بێت کە پێشانی هەمووانی دەدات یان لە بنەڕەتدا ئەوە نەبێت. هیچ بە گوێیدا ناچێت. ئەمە هۆکارێکی بەهێز بوو بۆ کێشە نێوخۆییەکانی کۆمەڵەییەکان کە وای دەکرد کەس “ئەویدی نەخوێنێتەوە”. لێرەشدا “مامجەلال” وەک چارەسەری ئەو دۆخە زیتبۆوە(بێگومان دوای کوژرانی عەلی عەسکەری، ئاخر حەددی چی بوو لە بەردەمی ئەودا دەنگ بەرزبکاتەوە و گۆچان بووەشێنێت!).
جەلال تاڵەبانی لە بنەڕەتدا زیتکرایەوە و هەموو پێی ڕازی بوون. کەواتە سەرلەنوێ گوندییەکی خێڵخواز وەک چارەسەر وەرگیرا و زۆرینەی شارنشینان خۆیان خستە ژێر ڕکێفییەوە. بێگومان ڕاستە کە تاڵەبانی هۆزەکی نەبوو، بەڵکو کوڕێکی تەکیەی تاڵەبان بوو! لێ ئەمیش لەنێو پەیوەندیی خێڵەکییانەی گوندییەوە پێگەیشتبوو، هێندە نەبێت کە مۆرکە کەسییەکانی خۆی پێکەوە لەتەک نەریتی گوندییانە و شێخگەرییدا هێنابووە نێو سیاسەتەوە: گەنجێک کە تەنیا لەبەر ئەوەی بەچکە شێخ بوو، ئەوا زوو لە “قوتابیان”دا پێگەی سیاسیی پێدرا (کەواتە نەک لەبەر بلیمەتی!)؛ هەروەها گەنجێکی چەقاوەسوو بوو کە بەشی یاسای لە زانکۆ تەواوکردوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەروونەوە هێشتا هەر گوندی بوو و تا سەر ئەوها مایەوە؛ پیاوێکی گەنج کە پێشتر خۆسەپێنانە هاتبوو بۆ نێو سلێمانی، ئەوجا بۆڕی سەرجەم کەڵە پیاوانی ئەو باڵە سیاسییەی دایەوە کە تەوەرێکی ناکۆکییەکەی شەستەکان بوون: باڵەکەیان ناو نرا “جەلالی!” نەک “ئیبراهیمی!”. بە هەر حاڵ، مام جەلالی گوندی، کوڕە شێخێکی ناودار و خاوەن پشت و پەنا، بەسەر کۆمەڵییەکانەوە زیت بۆوە و لەسەر ڕێسای شێخایەتی هێندەی دی بچووکی کردنەوە و کردنی بە پاشکۆی خۆی، ئەوەش بە چەشنێک کە ئیدی لەتەک پەککەوتنی جەستەیی و سیاسیی خۆیدا هەموویانی سەرگەردان کرد.
6) بەبێ دانوستاندنى “ئاسۆى ئەزموون” و “دەسەڵات” توخمێکى کرۆکى لەم پەزلەى خەباتى “کۆمەڵە”دا نوقسان دەبێت. “تەسکى یان فراوانیى ئاسۆى ئەزموونە کەسییەکان” دەشێت بڕى دەسەڵاتى کەسیی دیاری بکەن. ئەو خەباتگێڕانە کە لە ئەوروپا یان ئەمەریکاوە بۆ نێو بزووتنەوەکە دەگەڕێنەوە، بە حوکمى ئەزموونەکانیان “تەنیا بە ناو لەتەک خەباتگێڕانى نێو وڵاتدا یەکدەگرنەوە، وەکو دى لە گشت ڕوویەکەوە لە ئەوان جیاوازن”. ئەزموونى هەمەلایەنى، شارەزایى لە زمانێکى خۆرئاواییدا و بەمەش لە کولتوورەکەیدا، ئەوجا بەرینبوونى ئاسۆى بیرکردنەوە، ئەمانە پێکڕا بڕێک دەسەڵاتى زۆرتر دەدەن بە خەباتگێڕانی گەڕاوە بۆ نێو بزووتنەوەکە. بەبێ هیچ گومانێک، بەدەر لە ڕابوردووى سیاسییان کە جێیان بۆ مسۆگەر دەکات، بە “موهیمتر” دادەنرێن. هەموو ئەو کەسانە، تەنانەت خوێندکارانی وڵاتێکی وەک ڕۆمانیا، کە لە ئەوروپاوە سەردانی کەس و کاریان لە وڵات دەکرد، لە لایەن دانیشتوانەوە وەک “موهیم” دەبینران.
بەڵام گەرەکە لەم پەیوەندییەدا هەندێک پرسیار بوروژێنین: ئایا ناشێت خەباتگێڕانى بۆ وڵات گەڕاوە کە دیدێکى ئۆبژێکتییانەى فراوانتریان بۆ کێشە سیاسییەکانى وڵات هەبوو، ستراتیژییەکیان هەبووبێت بۆ رابەرایەتیکردنى بزووتنەوەکە؟ ئایا ناشێت بەهۆی “لە-ئەوروپا-بوونیان”ەوە، واتا گریمانەکردنیانەوە وەک “موهیمتر”، دەرفەتیان لای گەنجانی “کۆمەڵە” بۆ ڕەخسابێت پتر هێز پەیدا بکەن، ئەوجا هەوڵیان دابێت تێڕوانینە سیاسییەکانیان بەدیبهێنن و لە روانگەى خۆیانەوە سنوورێک بۆ سەرجەم ناکۆکییەکان دابنێن یان لایەنى کەم لە سەرەوە کپیان بکەن؟
سەرەڕای ئەوە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا خۆمان بە هەندێک پرسیاری دیکەوە خەریک بکەین: ئایا خودی کەسەکان کە لە ئەوروپاوە گەڕابوونەوە، کێ بوون؟ ئایا ئەوان هەرگیز بە ڕاستی لە ئەوروپا ژیابوون؟ ئایا توانیبوویان بە ڕەخنەی هزر و ڕەفتاریان گۆڕان بە جیهاندیدی و ڕەفتاری دیکە بدەن؟ یان ئایا ئەوان تەنیا پیاوانی خەمخۆر و کۆکەرەوانی زانست بوون؟ ئاخر ئاشکرایە خۆبینینەوە لە وڵاتێکی ئەوروپیدا واتای ژیاندنی ژیان نییە لە ئەوروپا. بەبێ بوێری بۆ خەریکبوونی ڕەخنەیی بەخۆوە هەرگیز دەرفەت بۆ کرانەوەی خۆیی بۆ کولتوورانی دی ناڕەخسێت.
7) کۆمەڵە خاوەنى دیپلۆماتى نەبوو. دیپلۆماتى توانستى هۆشێکە کە پەیوەند بە پراکسیسەوە گۆڕراوە، ئەوەش بە: توێژینەوەى قووڵى لۆگیک و فەلسەفەى زمان، هونەرى ئەرگومێنتهێنانەوە و دانوستاندن، سایکۆلۆژى و پراکتیکى سیاسی. لێ “کوڕى باشەکانى کۆمەڵە” هەر فڕیان بەسەر ئەم توخمە کرۆکییەى سیاسەتەوە نەبوو. بۆ ئەوان زمانى شیرین و فێڵبازى، قسەى ڕەق و تەریقکردنەوە، تەنانەت شکاندنى ئەنقەستی کەسان لەنێو کۆڕ و کۆمەڵدا، بریتى بوون لە خووى سیاسی. ئەوان “لە سەرکردایەتى” کەمترین ڕاهێنانیان نەکرد کە چۆن بە زمانێکى ورد بنیاتراوى دیپلۆماتى بچنە سەر مێزى موفاوەزات. تەنانەت کاتێک دەچن بۆ موفاوەزاتێک لە بەغدا، بەبێ خۆئامادەکردن و دیاریکردنى داواکارى دەچن! پێدەچێت ئەوان زمانى دیپلۆماتییان پێ شوورەیى بووبێت، چونکە زمانێکە کە ورد بنیاتنراوە و ڕەچاوی رێژەییبوونى دەربڕین دەکات، ئەمەش پێدەچێت لە سەرەتاوە، پێش چوونیان بۆ شاخ، لەتەک کارەکتەرى ئەواندا نەگونجابێت، هەروەها پێدەچێت ئەو کاریگەرییانە کە رواڵەت (پۆشاکی میللی و جامەدانی) لەسەر ناوەرۆک دەیاننوێنێت، ئەوانیان پتر “فیزدار” کردبێت و ڕووەو ئاکاری “خولە-چەخماخەیی”ان بردبن. هەر چۆنێک بێت، کوردى هۆشهەژار کە زمانێکى دواکەوتووی هەیە، پاشان ئەو هۆشەی لەکاتى موفاوەزاتدا چالاک دەبێت و گوێ دەگرێت و دەیەوێت لە شێوازەکانی “قەنائەت-پێ-هێنان” تێبگات، هەروەها ئارەبى خاوەن ئەزموونى دیپلۆماتى بە زمانێکى دەوڵەمەندەوە، بەرانبەر یەک دادەنیشن و موفاوەزات دەکەن! بۆیە ئەو بڕیارە بێبنەما نییە کە دەبێژێت: “کورد دەستکەوتەکانی کە بە خوێن چنگی خستوون، لە موفاوەزاتدا دەدۆڕێنێت”.
8) پێدەچێت لە شاخ “زۆرینە”ى، لایەنى کەم “بڕێکى زۆرى” بەرپرسان خزابنە نێو دازنانى کەسێتییەوە. ئەمە بێگومان چواندنی بۆ پێشمەرگەش هەیە.
ئێمە پتر لە سەرەنجامەکانەوە لەم کێشەیە دەڕوانین، واتا دوای گەڕانەوەی دەسەڵاتدارانى شاخ بۆ نێو شار و دەستگرتن بەسەریدا. برسێتى و هەڵپەى ئەوان بۆ کچ و ژن و خانووى غەربى، بۆ سەفتە دیناری نێو باخەڵ، بۆ ئاوتۆمۆبیلى گرانبەها و حەرەسی بەردەرگە، گەواهى دەدەن کە لاى ئەوان نەک تەنیا کەمترین ئیدیالى ئازادى و پێکەوەژیانى سۆسیال نەبووە، بەڵکو تەنانەت کەسێتییان لە شاخ بەدجۆر بووە، ئەوەش پارەیە کە بەدجۆربوونی ئەوان ئاشکرا دەکات و پێشانی دەدات کە لە کارەکتەرەوە چەند چڵێسن یان لە شاخ چەند چڵێسیان لێدەرچووە. ئاخر پارە مرۆڤ تێکنادات، بەڵکو دەسوێژێکە کە هەقیقەتی مرۆڤ ئاشکرا دەکات.
بۆ نزیککەوتنەوە لەم کێشەیە پێویستە لە ژیانى شاخ و خەباتەکەى نێوی بڕوانین. لە شاخ، لە ڕەوتى خەبات و مەترسییەکانى ژیاندا، هەروەها لەنێو هەژارى و یادوەریى ژیانى شاردا، “پنتێتى و تەمەڵى و بێسەلیقەیى” سەرهەڵدەدەن، لێ ئەوان هاوکات خەون بە خۆشگوزەرانییەوە دەبینن – ئەوە بێگومان چە لاى خەباتگێڕى چەکدار کە شێوازە بوونێکی لە نێوان ژیان و مەرگدا هەیە، و چە لاى بەرپرسەکان. سەرەڕای ئەوە خەباتگێڕان لەنێو ئەم جۆرەى ژیاندا ڕادێن و لەنێو ئەم ڕاهاتووییەوە گۆڕان بە ڕەفتار و تێڕوانینى دیکە دەدەن، کە پێشتر بە زۆریان نامۆ بوون. جگە لەوە لە شاخ کە تێیدا “مافی سروشتی” (Right of Nature) باڵادەستە، زۆر جار کێشەکان بە زەبر چارەسەر دەکرێن و ئەمەش کەسەکان بەزەبرتر دەکات. زەبر و ئازارى ویژدان، چەپاندنى کوشتن و ئیئدامکردن، ئەوجا لەپاڵیاندا چەپاندنى جەستەى خوێناویى هەڤاڵانى خۆ کە لە شەڕدا کوژراون، بەڵام هەروەها نشوستییەکان، بەناو تاکتیکەکانی ماچ و پاشقول، دۆڕاندنیان بەرانبەر سوپاى ئێراقى کە فڕێى دانە دەرەوەى سنوورەکانى ئێراق، بە کورتی ئەم ڕەوشانە سەرجەم کەسێتیى خەباتگێڕان دەتەنن و بە بزێویی یان بە چەپێنراوى لە ناخیاندا کارا دەمێننەوە. لەم پرسانەوە دەبینین، کە بۆچى خەباتگێڕانی بزووتنەوەى چەکداری تواناى بەڕێوبەرایەتیى سیاسیان نییە. ئاخر ئاکارى سیاسیى گۆڕدراو لە شاخ و ئەرکى دامەزراوەیى دژبەرن. ئەمە هاوکات پێشانی دەدات کە بۆچى مەزنەکانى شاخ بەتایبەتى حەز دەکەن لەنێو بارەگای پارتەکانیانەوە یان لە ماڵ-دیوەخانی خۆیانەوە دەسەڵات بنوێنن. مەسەلەکە لێرەدا هەڵوێستێکى خۆڕەخنەیى نییە و کەس بیدرکێنێت کە “ئەو بە سیاسەتى دامەزراوەیى نامۆیە”، بە پێچەوانەوە مەسەلەکە کایەیەکى دەسەڵاتە کە ئەو وەک نزم دەینرخێنێت و بۆ کەسانى دیکەى جێدەهێڵێت: ئەمان گەرەکە ئیشى بۆ بکەن و خواستەکانى ئەو بەجێبگەیەنن. لای ئەوی “مەزن”(!) لە ڕەوتی خەبات و ژیانی شاخدا تێگەیشتنێکی دیکەی دەسەڵات هاتۆتەئاراوە و لە سەرەتاشەوە مۆدێلەکەی لە دیوەخانی ئاغایانەوە ناسیوە، کە ئیدی گەر نەبێژین هەموویان، ئەوا بەبێ گومان زۆرینەیان نزیک دەکاتەوە لە کارەکتەری “خولە چەخماخە” (بێگومان گەر کەس خۆی سەرەتا خولە چەخماخەیەک نەبووبێت).
بەم شێوەیە خەباتگێڕانى بەرپرس کە ئێستا دیلى کەشخەیەتین، درێژە بە ڕەفتارى یان بە شێوەی سیاسەتکردنی نێو شاخ دەدەن؛ ئەوان هاوکات دەبن بە خۆشەویستى زۆر گەنجی شار و لاساییان دەکەنەوە، هەروەها دەبن بە خۆشەویستى ئەو خوازیارە جەبانانەى دەسەڵات کە بەدووى هەر سەرکەوتنێکى کوردیدا دێنە نێو کایەى سیاسەتەوە و خۆیان بە مەرایى و ملنەوێنى بە مەزنە سەروەرەکانى شاخەوە دەلکێنن، سەروەرانیش پایەگایان پێدەدەن، چونکە ئەو جۆرە کەسانە دەسەڵاتەکەیان بۆ مسۆگەر دەکەن. کاریگەریى ستەمى ئەم بەدپەیوەندییانە بە تایبەتى ئەو مرۆڤە لاوانە دەگرێتەوە، کە حەز و ژیانى سەردەمییان دەهێننە نێوەندى ژیانى کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام ئێستا ڕێیان لێدەگیرێت ئەم ژیانە خوازراوەیان بەدیبهێنن، ئەوجا لە ڕەوشە توندەکاندا، بۆ نموونە لەتەک هەڵگرتنى چەکدا، سەختترین رێگرەسیۆن (پاشڤەچوون) لە ژیانیاندا دێتە گۆڕێ، چونکە هێزە هەرزەکارە نوێکەیان بۆ ژیان ناخەنە گەڕ، بەڵکو بۆ شەڕ.
بەڵام یەکلایەنی دەبین گەر خەباتگێڕانی “کۆمەڵە” تەنیا لە ڕووی ژیانی سیاسییانەوە بنرخێنین. کێشەیەکی کەسێتیی لای خەڵکی کورد هەیە و بریتییە لە “ئاستگەریی” کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا و گەرەکە لەم پەیوەندییەی ئێرەدا وردتر ڕووی تێبکەینەوە. سەرەتا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە “هەوڵی ئاستگرتن” جیهانبینیەکی زۆر تایبەتیی ئیسلامییە و ئاشکرایە وەک ئەوە مۆرکی کوردەکانیشە، واتا: مرۆ ناتوانێت پێشبینی بکات کە ئەو “بەردەوام بەڕێوە بێت”، بۆ نموونە لە پرۆژەوە بۆ پرۆژە بڕوات، بەڵکو ئەوەندەی بەسە کۆشش بۆ ئاستێک بکات و توند بیگرێت:
“ببێت بە فەرمانبەر و بحەسێتەوە”، “ببێت بە مامۆستا و پاڵی لێ بداتەوە”، “وەک نووسەر بناسرێت و تا مردن چێژی ناسراوییەکەی بکات”. بێگومان پێگەی بەرپرسی سیاسیش لەم هەقیقەتە بەدەر نییە. خەباتگێڕ پێگەیەکی بۆ خۆی دابینکردووە و گەرەکە ژیانی ئەو لە ئایندەشدا مسۆگەر بکات. ئاخر ئەو تازە دەرکەوتووە، کەواتە ئاستەکەی خۆی دابین کردووە و دوورکەوتنەوە لە سیاسەت نیشانەی دابەزینە لەو ئاستە، ئەوەش کارێکی ستەمە کە نابێت ئەنجام بدرێت! لەم ڕوانگەیەوە هەر هەوڵێك بۆ ئەوە کە یەک تاکە کەس (جەلال تاڵەبانی یان مەسعودی مەلا مستەفای بەرزان) لە دۆخەکە بەرپرسیار بکرێن، یەکلایەنییە و بەمەش هەڵەیە. بەرپرسیارکردنی بەم چەشنە لەنێو شیڕەشیڕی کوردیدایە کە هەر تاکێک بۆ خاتری دەرخستنی چاکێتیی و دڵسۆزییەکەی خۆی تێیدا قاڵ بووە و هەر تاکێک بەردەوام هۆشی هەر بەرانبەرێکی خۆی پێ وڕدەکات. چۆن هیچ تاکێک توانای وازهێنانی لە پێگەکەی یان پۆستەکەی خۆی نییە، بەرپرسانیش ناتوانن دەستبەرداری ئەو دەرکەوتووییە ببن کە پێی گەیشتوون. لەم جۆرە پەیوەندییانەدا شتێک کە ناوی بەرژەوەندیی گەشتی بێت، لەگۆڕێ نییە. لێ ئەمە هاوکات بەڵگەیەکە بۆ ئەوە کە قەومگەلەکەی باکوری ئێراق کە لە ڕووی ئێتنیکییەوە کوردن، جارێ گەل نین، بە واتایەکی دی، ئەوان دامەزراندنی دەوڵەتیان لێ ناوەشێتەوە و سیاسەتکارانیشیان لەنێو دەوڵەتدا جێیان نابێتەوە. بێگومان پێدەچێت شێوەیەکی میرۆچکەگەری لەگۆڕێ بێت، لێ ئەمیش بەدەگمەن مۆرکی دەوڵەت لە خۆ دەگرێت:
دەوڵەت وەک دامەزراوە کە هەر کردارنوێنێکی نێوی بە تایبەتی دامەزراوەییانە و بەبێ لایەنگیریی کەسی چالاک ببێت. دەوڵەتی کوردی لای ئەوان هیچی دیکە نییە جگە لە خەونی شاعیران. بەڵێ، کوردستان تەنیا خاکێکە کە مرۆ لەسەری دەژی.
کوردستان تێگەیەکی ئاگایی نییە کە بەمە هەرگیز لە ڕەهەندی ئاییندە جیانەبێتەوە؛ کوردستان ناوێکی سواوە و مرۆ ڕاهاتووە بەردەوام بەکاری بهێنێت. لەسەر ئەم خاکە عەوام تاقم تاقم دەژین، وەک خێڵ، وەک تایەفە، وەک خێزان و دەستەی هاوبەرژەوەندییان و هتد، لێ ئەوان ئەمڕۆیی ناژین، چونکە ئەمڕۆ لە دوێنێ و ئایندە جیانابێتەوە. ئەوان تەنیا دەتوانن “بیدەنە بەر”. هەموویان کەسی چاکن، هیچ کام لەوان پێی قبووڵ ناکرێت پێی بگۆترێت “بەری چاوی کلی پێوەیە”، ئەوە گەر تەنانەت بە کل سواغی دابێت. خائین لەنێو قەومگەلی بێپێوردا هەرگیز خائین نییە، جا خیانەتەکەی چەند ئاشکرا بێت، دەمەوەری هیستریایی هەرگیز نەخۆشیی دەروونیی نییە، جا کەس چەند ئاشکرا بەلەسە ببێت.
لێرەوە پتر ڕوون دەبێتەوە، کە بۆچی مەسئولەکانی “کۆمەڵە” تا ئەمڕۆ ناتوانن واز لە سیاسەت بهێنن. لێ نەک ئەوە بە تەنیا، بەڵکو لە نێویاندا کەسان دەرکەوتوون کە لە پێناوی خۆهێشتنەوەیاندا خێڵەکیەکان وەک مۆدێل وەردەگرن. بەڵێ، ئەمان خۆیان پاساوێکیان بۆ خۆهێشتنەوەی خێلەکییە ترادیسیۆنییەکان بەدەستەوە داوە، چونکە زۆرینەی ئەمانیش شەڕ بۆ ئەوە دەکەن، کە تا لە ژیاندا ماون پێگەیەک بە تایبەتی بۆ کوڕ و کچەکانیان مسۆگەر بکەن. مەسئولیش وەک هەموو ئەوانی دی پیاوێکی چاکە، کەواتە ئەویش گەرەکە وەک سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژ، وەک بەڕێوەبەری فەرمانگە و هتد، باوکێکی چاک بێت. جگە لەوە هەموو مەسئولێک بەردەوام دەوری بە خەڵک تەنراوە، کەسان دەچن بۆ لای و داوای خزمەتێکی لێ دەکەن، ئەویش “دەبێت” بۆیان بکات: پارچەیەک زەوییان بۆ مسۆگەر بکات، دەرفەتی بەشدارییان لە “عەلوەیەک”دا یان وەرگرتنی “بەڵێندەرایەتییەک”یان بۆ بڕخسێنێت، لێرەشدا بێگومان گەر ئەو هێندە بێئابڕوو نەبێت و داوای “شەراکەت”یان لێ بکات، ئەوا هێشتا هەر بڕێکی گونجاو پارە دەچێتە گیرفانییەوە. تەنانەت گەر ئەوەی نەوێت، هێشتا هەر پارەی بۆ دەچێت، بەڵێ “هەنگوینی کێوی”، “بەرخ” و “قاز” و “مراوی”ی بۆ دەهێننە ماڵەوە و پاساوانەکانی دەیانبەن بۆ جێی تەرخانکراو. کەواتە گەر ئەو هێندە “پیاوی چاک” بێت، ئیدی بۆچی پێگەی باش بۆ کوڕ و کچی خۆی دابین نەکات؟ لێ ئەم “پیاوی چاک”انە تاقم تاقم لە ناکۆکیدان، بۆیە ناچارن دەسوێژێکی هەرە دێرینی سیاسی بەگەڕبخەن کە بریتییە لە چێکردنی خزمایەتی بەڕێی هاوسەرگیرییەوە: کچی مەسئول بۆ کوڕی مەسئول، یان بە پێچەوانەوە.
هەر چۆنێک بێت، کۆمەڵەییەکانی سەرەتا کە وەک گیرخواردوو دەستیان پێکرد، تا ئەمڕۆ هەر گیرخواردوو ماونەتەوە. هەموو نەخۆشن. نازانن چێژی خواردن یان سێکس چییە. نازانن مرۆڤ لە چە جۆرە خانوویەکی گوزاراندا دەحەوێتەوە. کەمترین دیدیان بۆ سروشتی وڵاتەکەیان نییە کە ئیدی هەناسەیەکی ڕەحەتیی تێدا بدەن. شاناز و مەزن دیدێکی قووڵ ئاڕاستەی دەوروبەریان بکەن. ئای کە “ڕووتن”؟ لە چە “فوگر”ێکدا دەژین؟
10.10.2016