Skip to Content

لویز میشێڵی شاعیر و ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی لە (کۆمۆنەی پاریس)دا.. ئامادەکردن و وەرگێرانی : عەبدوڵا سڵیمان)مەشخەڵ)

لویز میشێڵی شاعیر و ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی لە (کۆمۆنەی پاریس)دا.. ئامادەکردن و وەرگێرانی : عەبدوڵا سڵیمان)مەشخەڵ)

Closed
by ئازار 21, 2021 General, Literature

سەرەتا
لویز میشێلی شاعیر و خەباتکاری سۆشیالیست،بێ هیچ گومانێک گرنگترین فیگەری سیاسی لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە بووە، کە بەدڵنیاییەوە یەکێک بووە لە ژنە هەرە بەهێزەکانی سەردەمی خۆی. میشێڵ چ بە نووسین یان بە وتارە ئاگرینەکانی کاریگەری زۆری لەسەر هەزاران ژن و پیاوی فەرەنسی و ئەوروپی هەبووە، بۆ هۆشیاکردنەوەیان سەبارەت بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ هەژاران و چینی کرێکار. دەسەڵاتدارانی فەرنسا لە ‌هێزی ئەم ژنە شاعیرە سۆشیالیستە شۆڕشگێڕە کە دواتر دەبێت بە (ئەنارکیست)زۆر ترساون. میشێڵیش شەو و ڕۆژی پێکەوە گرێ دەدا لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە چینایەتییەکانی کرێکاران. ئەم ژنە شاعیر و سۆشیالیستە لە ٢٩ی ئایاری ساڵی ١٨٣٠ لە فەرەنسا لەدایکبووە. لەسەر دەستی دایک و نەنک و باپیری گەورە دەبێت. میشێل پەروەردەیەکی جوان پەروەردە دەکرێت و خۆشەویستی ئینسان و تەنانەت ئاژەڵیش وەکو زیندەوەرێکی خاون مافی ژیان، دەبێتە بەشێک لە پێکهاتەی ئینساندۆستی ئەم ژنە شاعیر و خەباتگێڕە. هەربۆیەش ژمارەیەک ئاژەڵی لەماڵەوە ڕاگرتووە. پێبەپێی گەشە و گەورەبوونیشی، هاوسۆزیی و تێگەیشتنی سەبارەت بە چەوسانەوە باڵا دەکا. ئەمەش وای لێدەکات ساڵ لەدوای ساڵ غەریزەی یاخیبوون سەبارەت بە نادادپەوری کۆمەڵایەتی بەرەو ڕێگایەکی شۆڕشگێرانەی ببات. بەرەو ئەو باوەڕەی ببات کە خەبات بکات لەپێناو دنیایەکی بێ ستەم و چەوسانەوە. لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٥٣ دەبێتە بەڕێوەبەری قوتابخانە و بەردەوامیش ئارەزووی ئەوەی هەبووە سەردانی پاریس بکات. لە پاریس ئەو هەستەی لا دروست دەبێ کە خەڵک لێرە دەتوانن زۆر بە چاکی دژی دەسەڵاتی ئیمپراتۆر، تێبکۆشن. لە پاریس فۆکسی چووە سەر وانەبێژی و نووسینی شیعر و خوێندنەوە. هەر کاتێکیش بۆی بلوایە ئامادەی ئەو کۆڕ و موحازەراتانە دەبوو کە دەربارەی فیزیا و کیمیا و یاسا بوون بۆ ئەوەی تینووێتی میشێل بۆ مەعریفە بشکێنن. شەوانیش کاتێک دەگەڕایەوە بۆ ماڵ ئەو قوربانیانەی دەبینی کە بە شەقامەکانی پاریسدا بڵاو بوونەتەوە. میشێڵ لە شیعرێکیدا گوزارشتی لەوە کردووە کە چۆن ئەو قوربانییانە دەستیان لە ڕوحی گیر کردووە.

تاوانباران و لەشفرۆشانم بینی و
کەوتمە قسەکردن لەگەڵیان
ئێستا ڕوونی دەکەمەوە
گەر پێتوایە لەوەتەی هەیە هەر وا بوونە
دەبێ ئێستا ئەم جنسی ئەهریمەنانە
دەستیان چۆتە خوێن و خراپەکاری پیرۆزی
بەدووی خۆیان ڕابکێشن
تۆ وات کرد ئەو هەموو خەڵکە ببنە نێچیر
ڕێک بەوجۆرەی کە ئێستا هەن.(١)

میشێڵ لە ساڵی ١٨٦٥ ەوە لەڕێگەی ڤیکتۆر هیگۆی ڕۆماننووس کەوتە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی. ناوەڕۆکی شیعرەکانی لویس وەک دەبینین لە پەیوەندییەکی نزیکدان لەگەڵ خەڵکی هەژار و ستەمدیدەی پاریس و فەرەنسا. لە بواری بەدەستهێنانی مافەکانی ژنانیش، لویس میشێڵ و دەستەیەک لە ژنان و پیاوانی سۆشیالیست و خەباتکار (کۆمەڵەی داواکاری بۆ مافە مەدەنییەکانی ژیان) وەک مانیفێستێک لەساڵی ١٨٦٩ دا دەنووسن و کار بۆ جێخستنی دەکەن.

جەنگ و لویز میشێڵ
کاتێک لە ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٨٧٠ جەنگ لەنێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا هەڵگیرسا. پاریسیش لەلایەن سوپاس بروسیا گەمارۆ درابوو. لەو کاتەدا لویز میشێل بۆ یەکەمجار لە ئوتێلی دی ڤیڵ دەستگیر دەکرێ بە تاوانی ئەوەی کە لەگەڵ ئەندری لیۆ خانم توانی کۆمەڵەی خۆبەخش پێک بێنێت و دەست بدەنە چەک بۆ یارمەتیدانی ستراسبۆرگ بۆ دوا بەرەنگاری دژ بە سوپای بروسیا. لە ٢٧ ئەیلوول ئازاد دەکرێ، بەڵام ستراسبۆرگ لەلایەن سوپاس بروسیاوە داگیر دەکرێ. سەباری ئەمەش لویز گەشبینانە درێژەی بەچالاکییەکانی خۆیدا. لویز بوو بە سەرۆکی لیژنەی هوشیارکردنەوەی ژنان لە مۆنمارتەر. ئامانجیشیان ئامادەکردن و دەستەبەرکردنی شوێن و خواردن بوو بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستییان پێبوو. ئەوە بوو جارێکی تر بە تومەتی ڕێکخستنی خۆپیشاندان لەبەردەم ئوتێل دی ڤێڵ دەستگیر کرایەوە. میشێل بەتوندی ئەو تومەتەی ڕەت کردووە و ڕایگەیاند ( من بەهیچ جۆرێک هیچ خۆپیشاندانێکم ڕێکنەخستووە تا لەگەڵ حکومەت وتووێژ بکات چونکە بڕوام بە حکومەت هەر نییە). (٢) لە مانگی کانوونی دووەمی ١٨٧١ باریس خۆی بەدەستەوەدا و بروسیا ڕێی بە فەرەنسییەکاندا حکومەتێکی نوێ هەڵبژێرن. ئەوحکومەتە زۆربەی زۆری لایەنگرانی پاشایەتی تێدا بوو کە خەریکی پلان دانان بوون سوپای نیشتمانی نەهێڵن و کۆماریخوازەکان دەستگیر بکەن، بەڵام سەرنەکەوتن بەهۆی ئەوەی خەڵک کەوتنە دژایەتیکردنیان و ئینجا هەڵاتن بۆ فەرسای. بۆیە لە ١٨ ی ئازاری ١٨٧١ خەڵکی پاریس شارەکەیان گرتە دەست و کۆمۆنە سەربەخۆکانیان دامەزراند کە خەڵک خۆی حوکمی خۆی دەکرد.

کۆمۆنەی پاریس
کۆمۆنەی پاریس شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بوو هەوڵی دەدا ئازادی و یەکسانی بۆ خەڵکی پاریس دەستەبەر بکات. لویش میشێڵ وەک زۆر جەنگاوەری تر خۆی بە تەواوەتی تەرخان دەکات بۆ کۆمۆنەی پاریس. لەسەنگەرەکاندا شەڕی کرد و خۆی تەرخان کرد بۆ ئەو کێشە مەزنە. ئامادەی گیانبەختکردن بوو لەپێناو ئازادیدا. لویز لە بیرەوەرییەکانیدا ئاوا دەربارەی خەبات دەنووسێت (لە بیر و هۆشی مندا لە شەوێکی بەهاردا هەست بە تاریکییەکی نەرم دەکەم. ئەویش ئایاری ساڵی ١٨٧١ە. وە ڕەنگدانەوەی گڕی سووری ئاگریش دەبینم، ئەویش پاریسە کە گڕی گرتووە و ئەو گريش سبەینێیە. )هەروەها دەڵێت( ئۆو..من چ دڕندەیەکم،حەز لە بۆنی باروت و بۆنی چرە دووکەڵ و ساچمەی نێو هەوا دەکەم. بەڵام لەپێش هەموو شتێکەوە من دڵسۆزی شۆڕشم(٣)
ئەم شاعیرە تا توانی جەنگا لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا. لە سەنگەرەکانەوە بە تفەنگەکەی بەرگری لە کۆمۆنە دەکرد. لویزی شاعیر لە بەڕێوەبەری قوتابخانەوە و ژنێکی قژ ماش و برنجی پەنجا ساڵییەوە بوو بە قسەکەر و ڕابەری ڕێکخراوی ژنان بۆ بەرگری لە کۆمۆنەی پاریس و یارمەتی دەری برینداران و باڵەخانە بۆ باڵەخانە دەچوو تا ڕ‌یزەکانی ژنانی ئامادەساز بکات.

               لویز میشێڵ بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە دەورانی دەسەڵاتی کۆمۆنەی پاریسدا

لە کۆمۆنەی پاریسدا ئازادییەکی بەربڵاو بە فیعلی بوونی هەبوو. ئازادییەک دوور لە هەموو گزی و فزییەکی بۆرژوازییانە، لەوێدا کۆمۆنارەکان گرنگترین بڕیارە شۆڕشگێرەکانی خۆیان دەرکرد کە دواتر ئەو بڕیارانەی کۆمۆنە بوونە بنەمای بڕیارگەلێک کە فەرەنسا لە هەنگاوەکانیدا بەرەو عەلمانییەت نای.وەک (بڵاوکردنەوەی پەروەردەی گشتی بەسەر پەرشتی جول فیری، ساڵی ١٨٨٣ خوێندن بووە خۆڕایی لە دەزگا دەوڵەتییەکان، ساڵی ١٨٨٦ بڕیار درا پەروەردە تەنھا کاری مامۆستا عەلمانییەکان بێت.)(٤)

تابلۆی لویز میشێڵ کاری هونەری هونەرمەندی فەرەنسی جەی جیڕارد ساتۆری ١٨٧١

لویز دوای ڕووخانی کۆمۆنەی پاریس
دوای ڕووخانی کۆمۆنەی پاریس لویز میشێڵ ناچار بوو خۆر ڕادەستی دەسەڵاتداران بکات ئەگەر نا دایکی گوللەباران دەکەن. میشێل لەگەڵ دەستگیرکراو و چالاکوانەکانی تر بە پێیان لە فەرسایەوە بۆ ساتۆری دەبردرێن. بەدرێژایی ڕێگا هەندێکیان گۆڕەکانیان پێ هەڵدەکەنن و هەر لەوێ گوللەبارانیان دەکەن. لە کۆی خۆیدا سی هەزار پیاو و ژن و منداڵ ئیعدام دەکەن. لە ١٦ دیسەمبەری ١٨٧١ لویز میشێڵ لە تەمەنی سی و شەش ساڵیدا لەلایەن حکومەتی فرسایەوە دەدرێتە دادگا بە تاوانی ئەوەی :
یەک : هەوڵدان بۆ ژێرەوژور کردنی حکومەت.
دوو : هاندانی خەڵک بۆ چەک هەڵگرتن.
سێ : لەبەرکردنی جلی سەربازی و چەک کردنە شان.
چوار : ساختەکردنی دۆکیومێنت.
پێنج : پلاندانان بۆ کوشتن.
شەش : دەستگیرکردنی نایاسایی و ئەشکەنجە و کوشتن.
کاتێکیش لێیان پرسی ئەگەر شتێکی هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، لویز میشێڵ وەڵامی دایەوە : ( نامەوێت بەرگری لەخۆم بکەم و وە ناشمەویت کەس بەرگریم لێبکات. من بەتەواوەتی بەرپرسیاری سەرجەم چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆمم، بە تەواوەتی قەبووڵمە و بێ هیچ خۆلادانێک. ئاواتەخواز بووم دژایەتی داگیرکاری فرسایم بە سەنگەری گڕ و ئاگر بکردایە. من هیچم دەستنەکەوت خۆم دەستپێشکەری کارەکانی خۆمم.)(٥)

ژنانی زیندانی بەشداربوو لە کۆمۆنەی پاریس کە بە پێیان دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی ساتۆری ساڵی ١٨٧٣.

میشێڵ لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا پاریس سەرەتای سەدەی بیستەم

لویز میشێل جگە لەوەی جەنگاوەرێکی کۆمۆنە بووە، لەهەمان کاتیشدا شاعیریکی بەوەفا بووە سەبارەت بە هاوڕێ کۆمۆنارەکانی و بەرگرێکارێکی سەرسەخت بووە لە هاو سەنگەرانی و ئەو بەرگریکردنەش بە کردەوە و هەروەها لە بەرهەمە شیعرییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەوەتا لەشیعری گوڵەمێخەکی سووردا کە بۆ یادی کۆمۆنار تیوفیل فریە نووسیوە، کە تیوفیل وەک کۆمۆنارێکی شۆڕشگێڕ ڕەتی دەکاتەوە دان بە دادگای سەربازی بنێت و سەرەنجام ئیعدام دەکرێت.
براکانم!
ئەگەر ڕۆژێ گۆرستانی سارد بوو بەجێگام
وەک دوا هیوا
چەن گوڵەمێخەکی سووری پشکووتوو
بخەنەسەرگۆڕەکەم.
لەدوایین رۆژەکانی ئیمپراتۆریدا
ئەوکاتەی خەڵک هەڵسابوون
مێخەکی سوور بزەی تۆبوو
باسی ژیانی دووبارەی هەموومانی بۆ دەکردین.
ئێستاش بپشکوێ
لەژێڕسێبەری تاریک و تەنگی زیندانەکاندا
بپشکوێ لەپەنازیندانییە خەمبارەکە و
بێژەکەچەن خۆشمان دەوێ.
بێژەکە لەمسەردەمی گۆڕانکارییەدا
هەرداهاتوو دەیباتەوە
بێژەکە سەرکەتووی تەوێڵ بزرکاوی شەڕ
هەروەک دۆڕاوی شەڕ دەمرێ! .(٦)
لویز میشێک نەک تەنها وەک هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی سۆشیالیستی، بەڵکو وەکو ژنێکی فیمینیست لەبازنەی ئیش و کارە فیمینیستییەکانیشدا چالاک بووە. جگە لەوەش ئەم شاعیرە هەر لە بەرایی تەمەنییەوە دەستی کردووە بە شیعر و کورتە درامای نووسیوە و بەردەوام بەرهەمە ئەدەبییەکانی بۆ نووسەرانی ناودار ڤیکتۆر هیگۆ ناردووە تا ئاخرین ساتەکانی ژیانی. جگە لەشیعر میشێل کتێبی( کورتکراوەکان)ی نووسیوە کە بریتییە لە یادەوەریی خۆی لەسەردەمی کۆمۆنە و دوای کۆمۆنە. ڤیکتۆر هیگۆش جوانترین شیعری بۆ میشێڵ نووسیوە.
ئەو کەسانەی کە شارەزان
بەشیعرەکانی ڕەمزاوی و شیرینی تۆ
بە ڕۆژەکان، شەوەکانت، خەمەکانت، بەخشندەیی و فرمێسکەکانت، بۆ هەمووان
بەلەخۆبوردوویی تر
…………….
چاکێتی تۆ، سەربەرزیت وەکوو ئافرەتێ
لەڕێی خەڵکا نیگای قووڵی پڕ نەفرەتت
لەهەموو نا مرۆڤەکان
قاچی ئەو منداڵانەی دەستت گەرمی کردوونەتەوە..

ڤیکتۆر هیگۆ درکی بەو ڕاستییە کرد کە لوید میشێل جگە لە کاری باشە و خەباتگێڕیی شتێکی تر ناکات، بۆیە بەم دێرانە کۆتایی پێ دێنیت.
ئەوەی ئەوان بیەکجاری دەشڵەژێنی
دوو روحی لەیەکتەنراون
ئاژاوەی خواوەندانەی ئەستێرە ورشەدارەکان
کەلەناخی دڵی گەورە و پێداگردا
دێتە بەرچاو
هەروەکوو ئەو پرشنگەی کە
لە لەرینەوەی بڵێسەدا دێتە دی.(٧)(*)

میشێڵ لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا پاریس سەرەتای سەدەی بیستەم

دوای نەمانی کۆمۆنەی پاریس لە٧٢ ڕۆژی تەمەنیدا کە پڕ شانازیترین ڕۆژەکانی ژیانی لویز میشێڵی شاعیر بوو. میشێڵ دوای بیست مانگ، لە ٨ی ئابی ١٨٧٣ دەگوازرێتەوە بە کەشتی سەربازی بەرەو کالیدۆنیای نوێ.(٨) ئەو گەشتە چوار مانگ دەخاێنێت و لەو ماوەیە ئاشنا دەبێت بە هێنری ڕۆشفۆرت کە دەبێتە هاوڕێی ژیانی و هەروەها بە ناتالی لیمیل. میشێل بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە کالیدۆنیای نوێ دەمێنێتەوە و لایەنگری خەباتی خەڵکە ڕەسەنەکەی کاناک دەکات.
پێش کۆتایی هێنان بەم کورتە نووسینە بینینی عەزمی پۆڵایینی لویز کە لە نامەیەکدا بەرپرسی سەربازی زیندانەکەی دەنێرێت ، ڕەنگە بتوانێت پۆترەیتێکی ڕوونتری شۆڕشگێڕانەی لویسمان نیشان بدات.

زیندانی فرسای ٢ی کانوونی یەکەمی ١٨٧١
گەورە و بەڕێز
دواجار لەوبڕوایەدام ئەو سێ غافڵکوژییەی سەرلەبەیانی سێشەممە ئەنجام دران، بەڕاستی ڕوویاندا. ئەگەر ناتەوێت ملکەچی ئیجرائاتی یاسایی بیت تۆ بە کردەوە ئەوەندەم لەبارەوە دەزانیت کە گوللەبارانم بکەیت. من ئامادەم و دەشتی ساتۆریش نزیکە. تۆ و هەموو هاوکارانت چاک ئەزانن ک ئەگەر لێرە بە زیندوویی دەرباز ببم تۆڵەی هەموو گیانبازەکان دەکەمەوە
بژی کۆمۆنە
لویز میشێڵ(٩)
لویز میشێڵی شاعیر و خەباتگێڕ دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتی فەرەنسا کەوتە گەشت و گەڕان و بوو بەیەکێک لە ژنە ئانارکیستەکانی فەرەنسا. دواجار میشێڵی شاعیر لە ٩ ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٠٥ لە شاری مارسیل لە فەرەنسا چاو لێک دەنێت و ئومێد و خەونە چینایەتییەکانی کرێکاران و ئەزموونە پڕ وانەکانی و دراما و شیعر بەجێدێڵێت.

سەرچاوە و پەراوێز :

1-Louise Michel edited by Nic Mclillan Published by Ocean Press NewYork U S A 2004 page 31.
2- http://www.iisg.nl/collections/louisemichel/images/a33-045.jpg
Prison Narratives from Boethius to Zana Chapter 6 The radicalization of Louise Michel Nancy Sloan Goldberg Edited by Philip Edward Philips plagrave Mcmillan 2014 page 119
3-http://www.iisg.nl/collections/louisemichel/images/a33-045.jpg
لە یادی ١٤٩ ساڵەی کۆمۆنەی پاریسدا، یەکەم حکومەتی ھەژاران لە مێژوودا. نووسینی عەلی سیاسی وەرگیراوە لە4- ماڵپەڕی تایبەتی عەلی مەحموود محەمەد سایتی ئەمڕۆ.
5-https://www.marxists.org/history/france/paris-commune/michel-louise/1872/red-carnations.htm
6- Stage politics and Gender, French Women’s Drama 1880 – 1923 Chapter 2 Staging the Revolution Louise Michel Cecilia Beach page 27.
7- The Red Virgin Memoirs of Louise Mechil translated by Bullitt Lowry and Elizabeth Ellington Gunter 1981
8-کالیدۆنیای نوێ چەند دوورگەیەکی سەر بە کۆڵۆنیالی فەرەنسایە و کەوتۆتە باشووی رۆژئاوای ئۆقیانووسی ئارام.خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەم دوورگەیە گەلی کاناکن.
9- The Red Virgin Memoirs of Louise Mechil translated by Bullitt Lowry and Elizabeth Ellington Gunter 1981

(*) : شایانی باشە بۆ ئەم دوو سێ کورتەشیعرەی لەم نووسینەدا هاتوون سوودم لە وەرگێرانی هاوڕێ سڵێمانی قاسمیانی وەرگرتووە.

تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری هانا ژمارە ٦ ی ساڵی ٢٠٢١ دا بڵاوبۆتەوە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish