Skip to Content

هەڵەبجە لە کەرنەڤاڵی فریوداندا … هیدایەت مەلا عەلی

هەڵەبجە لە کەرنەڤاڵی فریوداندا … هیدایەت مەلا عەلی

Closed
by ئازار 1, 2017 General, Genocide, Opinion

هەموو ساڵێک پێش ١٦/٣ ساڵڕۆژی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، دەستەڵاتداران و (حیزبە ڕەسەنەکانی!!!!) کوردستان، زەخیرەی چەواشەکاری بۆ کەرنەڤاڵی فریودانی خەڵکی هەڵەبجە ئامادە دەکەن، زیاتر لە ٢٥ ساڵە خەڵکی هەڵەبجە لەناو تەپوتۆزی فریودان و بەڵێنی چەواشەکارانەی گەندەڵخانەی بەناو حکومەت ، کۆمپانیای بە ناوی حیزبەوە، یاری بە چارەنوس و باری تەندروستی و ژیان و هزریانەوە دەکەن.
هەر ساڵێک و بەڵێنێکی تەماوی دەکەنە هەتوانێکی پڕ لەخوێی ئازارەکانیان، بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە سەرەڕای ئومێدی خەڵک، ئەو مەنگەنە ژەنگاویەبوو کە ئامانجی کڵۆمدانی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی هەڵەبجەبوو، نەک وەڵامدانەوە بە پێداویستیە ئینسانی و ئیداریەکانی شارێکی دوای جەنگ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

چۆن هەموو گوڵ و میوەیەک وەرزی خۆی هەیە، بەهەمان شێوە گاڵتەجاڕی و گێڕانەوەی خەڵکی هەڵەبجە بۆ پێش (١٦/٣/١٩٨٨)ی هەموو ساڵێک، بۆ دەستەڵاتدارانی کوردستان ئەو وەرزەیە. خاڵیکردنەوەی هەناوی پەنگخواردووی پڕ لە ئازاری خەڵکی هەڵەبجەش، لەلایەن مافیا و بازرگانەکانی دەستەڵاتەوە، دەبێتە بەر وبوومی وەرزی پیلان بۆ داڕێژراویان، کە لە ئەنجامدا ئەم فریودان و پیلانە تەمەنی دەستەڵات درێژتر و، ئومێد بە ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی هەڵەبجە کورت تر دەکاتەوە.
هەموو ساڵێک مانگێک پێش یادی ١٦/٣، وەرزی کۆکردنەوەی پەیامی بریقەداری ناوەڕۆک تاریکو، فرمێسکی تیمساحی بێگیانی نوێنەری حیزبەکانە، لەڕێگای نوێنەری حکومەت و پەرلەمانتار و ئیدارەی کرێنشینەوە. هەڵەبجە و قوربانیەکانی خەڵکی هەڵەبجە، ئەوەندەی ناویان لە دێڕە شیعری شاعیرە فەرمانبەرەکانی دەستەڵات و، هاواری بەرپرسە گەروگیراوی سەروەت و سامانەکانیان نمایش دەکرێت. وەک چارەکە مووچەکانیان، ئەگەر چارەکێکی هاوارەکانیان خزمەتی هەڵەبجە و خەڵکی هەڵەبجەیان بکردایە، ئێستا ژیان لەوشارە دڵشکاوەدا جۆرێکی تر دەبوو.
ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ٢١/٢/٢٠١٧ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی سەرۆک و جێگری (ئەنجومەنی وەزیرە گوێڕایەڵەکانی) حکومەت ،کۆبونەوەی ئاسایی خۆیان سازدا. لەم کۆبونەوەیەدا هەر دوو وەزیر (مەحمود حاجی ساڵح )وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون، (محەمەد هاودیانی) وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی باسی سەردانەکانی خۆیان کرد بۆ وڵاتانی سوید و جۆرجیا. ئەم دوو وەزیرە دەڵێن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە سویدیەکان ڕێکەوتین لەسەر بەگەڕخستن و دابینکردنی داودەرمان بۆ ئەو نەخۆشخانەیەی کە بۆ چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دروست کراوە.

سەرۆکی حکومەتی (بازرگانەکانیش) وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ڕاسپارد، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، هامئاهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەکانی ولاتی ئێران بکەن، بۆ چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی چونکە لەم بوارەدا شارەزایان هەیە، وەک ئەوەی (نێچیر و قوباد و وەزیرەکان) بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی خۆیان بڕۆنە نەخۆشخانەکانی (مەریوان و پاوە).
بەپێی لێدوانی (ڕزگار حەمە نوری)نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دوای ٢٥ ساڵ لە دەستەڵات دەڵێت: پرۆژەی کارەبای نیشتیمانیمان گەیاندە ناو گوندی (هاوار)، پاشان دەڵێت ئەم گوندە قوربانی زۆریانداوە لە شۆڕشی کوردا خۆشبەختانە ئێستا کارەبای نیشتیمانیان هەیە.

کاتێک سەیری ئەم هەواڵانە دەکەیت زۆر حەقیقەتی چەواشەکارانە و فریوکارانە دەبینیت، ئەو ڕاستیە بەرجەستە دەبێت کە ئەم هەواڵانە لەیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ئەمساڵ چۆن دەبنە زەخیرەی وتارو دەسکەوتی گەورە و بەنێوچەوانی خەڵکی هەڵەبجەدا دەدرێت. ئەمساڵ بیبینن چۆن ڕەگی لاملی بەرپرسان بەرزە دەبێتەوەو باسی بەڵێنی بەگەڕخستنی نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی و گەیاندنی کارەبای نیشتمانی دەکەن بۆ گوندەکانی سنورەکە، ئیتر ئێستا سەرەتای وەرزی کەرنەڤاڵی فریودانی خەڵکی هەڵەبجە دەستی پێکردوە، باسی دیزاینی تازەی دەروازەی شاریش بالەولاوە ڕاوەستێت.
نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمایی لە هەڵەبجە چەندین ساڵە تەواو نەبووە، ئەو نەخۆشخانەیە وەک (تاکەکڵاشەکانی مامەلی) لێهاتوە، هەر وەفدێک دەچێتە سەردانی ئەڵێن ٣ مانگی تر تەواو دەبێت. لە کاتێکدا تاکو ئێستا زیاتر لە ٨٠ بەرکەوتوی چەکی کیمیایی گیانیانلەدەستداوە و ژمارەکەش زیاتر دەبێت. ئەو ڕۆژەی ئەم وەزیرانە باسی داودەرمانی سویدی و جۆرجیایان کرد، لەهەڵەبجە نەخۆشخانەی فریاکەوتن ناونراوە (نەقڵیاتی هەڵەبجە بۆ گوێزانەوەی نەخۆشەکان)،کارمەندانی تەندروستی و خەڵک، خۆپیشاندانیان کرد بۆ هۆڵی نەشتەرگەری و میلاکی پزیشک و پێداویستیە سەرەتاییەکانی تر.

کاتێک (سەرۆکی وەزیرە مووچە زۆرەکان) دەڵێت: لەگەڵ نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئێران هامئاهەنگی بکەن بۆ چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، یەک بەرپرس و یەک سەرمایەدار نیە، سەرەتایترین پێداویستی تەندروستی خۆیان لە وڵاتانی ناوچەکە وەربگرن. بۆ لابردنی پەڵەی دەموچاو، دانکێشان، پەمەی کردنەوەی پێست، تەنانەت بۆ کڕینی پێڵا و جلەکانیان دەڕۆنە پێشکەوتوترین وڵاتانی دنیا، بەگرانترین نرخ لە مارکێت و نەخۆشخانەکان ،جوانکاریەکانیان دەکەن و جل و پێڵاوەکانیان دەکڕن.
لەکاتی سەردانێک لەگەڵ بەرێزان (مەریوان مەغدور، ئیبراهیم حەمەشەریف، گۆران هەڵەبجەی) بۆلای (مامۆستا کامیل عەبدولقادر) یەکێک لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، بۆ نەخۆشخانەی هامبۆرگ لە وڵاتی ئەڵمانیا. ڕێکەوتی ٢٢/١٠/٢٠١٦، باسی ئەو سەردانانەی کرد کە بۆ چارەسەر دەبرێنە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئێران، ئەو پرۆسەیەی (مامۆستا کامیل عەبدولقادر)باسی کرد، هیچ نیە بێجگە لە نەخۆشخستنەوەیان و کولاندنەوە و قوڵتر کردنەوەی برینەکانیان بەپێی پێوەرە تەندروستیە مۆدێرن و ستاندارەکان.
زەحمەتی و قورسی شێوازی سەفەرکردنیان و گەیاندنیان بە وڵاتی ئێران، ناتەندروستبوونی کەش و هەوای ناو ئەو ئۆتۆمبیل و پاسانەی دەیانگوێزنەوە. گەرما و سەرما، تەپوتۆز و بۆن. تەنانەت نابرێنە نەخۆشخانە پێشکەوتوەکانی وڵاتی ئێران، بەشێوەیەکی زۆر ساکار و نەگونجاو کردەوەی چارەسەر و پشکنینەکانیان بەڕیوە دەچێت. ناوبراو دەڵێت: لەسەر کورسیەک بەرانبەر پزیشکەکە دادەنیشین و سەیرێکمان دەکات ، پاشان دەڵێت: ئێستا چۆنی؟ داودەرمانەکانت ماوە؟ هەندێکی تر دەرمانمان بۆ دەنوسێت و دەگەڕێینەوە. بەڕاست ئەمە ئیهانەیە بە ئینسانیەت و کەرامەتی خەڵک، یان چارەسەری بەرکەوتوانی ترسناکترین چەکی قەدەغەکراوی جەنگی سەرمایەدار و قازانج پەرستەکان لە جیهاندا.

بۆ دەستەڵاتداران و حکومەت و حیزبەکانی (حکومەتی تێکدەری بنکە فراوانی هەرێمی کوردستان)، (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) هەر هەموویان، بەشێواز و بەش و پێگەی خۆیان، دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و قوربانیەکانی خەڵکی هەڵەبجە. بۆتە زەخیرە و مەتریال و نیعمەتێکی گەورە بەدەستاینەوە، بۆ گەمەی سیاسی و ململانێی پێگە و گۆڕینی هاوکێشەی هێزی نێوانیان، ئەم حەقیقەتە لە دابەشکردنی کورسی و پۆستی ئیداری پارێزگاو، ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەدا وەک خۆر درەوشایەوە و هیچ پەردەیەکی بۆ فریودان نەهێشتەوە.
ئەم حیزبانە جەوهەری بیرکردنەوەیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە، هەمان ئەو بیرکردنەوەیە کە یاریزانێکی (شەترەنج) بۆ لەشکرەکەی بەردەستی هەیەتی، ئەوەی ونە لە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە و قوربانیەکانی، دیدێکی ئینسانی و شکۆمەندانەیە، ئەم دیدە دژی ئینسانیە لە گێڕانەوەی مناڵە ونبووەکانی هەڵەبجە و چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بەئاشکرا هاوار ئەکات . ئەم حیزبانە پەیامەکەی خۆیان گەیاندوە و پێویست بە چاوەڕوانی زیاتر ناکات لەلایەن خەڵکی هەڵەبجەوە.
لەیادی (٢٩)هەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، من پێشنیارێکم هەیە بۆ خەڵکی ناڕازی، بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، کەسوکاری مناڵە ونبووەکان، ئینسانە مەحروم و زەحمەتکێشەکانی هەڵەبجە. ئەمساڵ وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرانبەر دەستەڵاداران و کەرنەڤاڵی فریودانەکانیان، ئەو (قەڵەمەی) ئیمزای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پێکرا بیشکێنن، شکاندنی ئەو قەڵەمە مانای گەوەری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، هێزێک بتوانێت ئەو قەڵەمە بشکێنێت، دەتوانێت ڕێگا لە چەواشەکاری و گاڵتەکردن بە ژیان و چارەنوسی خەڵکی هەڵەبجە بگرێت. هیوادارم یادی ئەمساڵ خاڵی وەرچەرخانی کەلێنی گەورەی نێوان ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵکی هەڵەبجە و بەرژەوەندی فریوکارانەی هاوبەشی حیزبەکان بێت.

هیدایەت مەلا عەلی
٢٥/٢/٢٠١٧

Previous
Next
Kurdish