
کورتەچیرۆک: مەلا.. نووسینی: ئامانج شێروانی
دەرگایەکەی توند دوای خۆی پێوەدا، هەر لە قولینچکی لای چەپی دەرگاکە چوارمشقی ڕوونیشت، پشتی خۆی بە دیوارەکەدا دا، دەستەکانی خستنە ناو یەکتری و خۆی خڕ کردەوە، فرمێسک وەکوو باران بە چاوانیدا دەهاتە خوارەوە، هەنیسکی گریانی وەکوو دەنگی نای نێو گۆرانییەکی خەمناکی سەبا وابوو، دەنگی قێزەونی هەناسەی ئەم دڕندەیە لە گوێکانی دەزرینگانەوە و گوێیەکانی کاس کردبوو. دەترسا، زۆر دەترسا، ڕمبە ڕمبی دڵی هەر لە ڕەزمی دەفی دەروێشێکی حاڵگرتوو دەچوو.
دیمەنەکان وەکوو فلیمێکی تاریکی ترسناک دەهاتنەوە بەر چاوانی. ئەوی لە فەقێیەکانی تر جیا کردەوە، پێی گوت: «بمێنەرەوە، کارێکم پێتە.» چاوی خۆی لێ سوور کردەوە، نەوەکا بۆ کەسی بگێڕێتەوە. بەسەریدا قیڕاندی: «کەس باوەڕت پێ ناکات، کەس لە مەلایەکی بەشانوشکۆی وەک من ڕانابینێت کە کارێکی ئاوا بکات.» ئێ خەڵکی چۆن بە فەقێیەکی لووسکەی جەوان باوەڕ دەکەن، فەقێیەک کە هێشتا هەر سمێڵیشی گووگرە نەبووە.
چوار حەفتە بەر لە ئەمڕۆ، لەگەڵ باوکی بە ژوورێ کەوتن، مەلا ڕووی گەشاوە، فەرمووی لە هاوڕێیەکەی و لە منداڵەکە کرد، گفتی پێیان دا کە (هاوار) لەسەر چاوانی خۆی بپارێزێت. ئێ ئەدی کوڕی هاوڕێیە گیانیی بە گیانییەکەی نییە! لەگەڵ فەقێیەکانی تر دەستی کرد بە خوێندنی سیپارە و خوێندنەوەی قوڕئان. لەگەڵ هەر وەڵامێکی ڕاست، مەلا ماچێکی لەسەر ڕوومەتی دەکرد و دەستێکی لەسەر ڕانەکانی دادەنا و توند توند دەیگوشین!
هەتا ئێستا تارمایی مەلا وەکوو دێوەزمەیەک بەر چاوانی گرتووە. کاتێک جوببەکەی داکەند و بانگی کردە سەر کۆشی خۆی، پێی گوت شتێکت پێ پیشان دەدەم، هەتا ماویت لە بیری ناکەیت. نەیدەزانی چی دەگوزەرێت، چاوانی مەلا بۆ وەکوو دوو چاوی کەمتیارێکی چاوبرسی دەبریسکێنەوە، دەنگەکەی بۆ وەک دەنگی سیسارکێکی مردووخواردووی لێ هاتووە! ئای دەبێت چی بگوزەرێت.
ویستی هەڵبێت، بەڵام مەلا لەو خێراتر بوو و پێشی لێ گرت، هاواری کرد، زۆر لێی پاڕایەوە، گوێیەکی قوڵاخی نەدۆزییەوە. سەرنجی نەخشەکانی سەر دیواری حوجرەکەی مەلای دەدا، هەستی دەکرد کە ئەوانیش لەگەڵ ئەو هاوار دەکەن، بەڵام کەسێک نایانبیستێ. ئێشێکی زۆری بۆ هات، پڕ بە دەنگی خۆی قیژاندی، کەوتە پەلەقاژێ، گەلێک پاڕایەوە.
ئێستا چۆن ڕووبەڕووی باوکی ببێتەوە، چۆن بۆی بگێڕێتەوە، بەڵکوو چی بۆ بگێڕێتەوە، کێ باوەڕی پێ دەکات. چۆن سەیری نێو چاوانی مەلا بکات، چۆن جارێکی تر بۆ مەدرەسەکەی مەلا بگەڕێتەوە. ئێ چۆن دەتوانێت نەگەڕێتەوە، ئەدی باوکی گومانی لێ ناکات؟ باشە چ وەڵامی باوکی بداتەوە. دەبێت باوکی چی لێ بکات، چۆن چۆنی دارکاری بکات! ئێستا ئەو بووەتە مایەی سەرشۆڕی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی!
ناوی خۆی هاتە بەر گوێ، دەنگێک لەپشت دەرگاوە، دەنگی دایکی بوو، بانگی دەکرد بۆ نانخواردن. نانخواردنی چی، ئەو ئەمڕۆ هەر خۆی خواردۆتەوە، هەر خەمی خواردووە، جا چۆن جارێکی تر لەگەڵیان دانیشێت، ئەی هەموویان هەستی پێ ناکەن، ئەی نابێتە گاڵتەجاری دەستی برا و خوشکەکانی! چۆن لەم ژوورەدا بێتە دەرەوە، ئێستا هەموویان دەزانن، هەواڵ گەیشتووەتەوە بەر گوێی هەموویان!
دەنگی کێلانی دەرگاکە هات، خۆی وێکتر هێناوە، سەری خۆی شۆڕتر کردەوە، وەک ئەوەی بیەوێت خۆی بشارێتەوە بەڵکوو نەیبینن. دەرگاکە کرایەوە، ڕووناکی خۆر ڕژایە نێو ژوورە تاریکە ئەنگوستەچاوەکە، دایکی هاواری لێ هەڵسا، ئەوە بۆ وەڵام نادەیتەوە هیچ و پووچ! پیلی منداڵەکەی گرت و بە پێش خۆی دا. ئەمیش لە ترسانا بە دەستەکانی پاشەڵی خۆی گرت نەوەکا دیسانەوە هەتک بکرێتەوە.
واتای وشەکان:
ڕەزم: واتە ئیقاع، یان ڕیتم.
نووسینی: ئامانج شێروانی