ده‌قی: (پێغه‌مبه‌ر)ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له نێوان باوه‌ڕ ڕوونی و شیعرییه‌تدا.. عه‌بدولڕه‌زاق بیمار
ده‌مێكه له‌و هه‌ولێره شاعیرێك به نینۆك له به‌رده‌ستێ، وێنه داده‌تاشێ؛ وێنه‌یه‌ك زاده‌ی جیهانبینی و ڕامان و هه‌ست و هۆشی خۆیه‌تی و ناوی ناوه شیعر. له‌م جۆره شیعرانه‌ش تا ئێستا چوار كۆشیعری پێكهێناوه و كونجێكی دیاری كتێبخانه‌ی كوردی پێ داگیر كردووه.
یه‌كێكیان كه له به‌رده‌ستمدایه كۆشیعری (خه‌ون وا خۆی گێڕایه‌وه)یه: 2004. كۆشیعره‌كه نه‌ك هه‌ر بانگی تازه‌كردنه‌وه ده‌دات، به‌ڵكو هاواری كه‌سێتیی تاك و زاڵ و بوێر و ژیرانه‌ی دانهرهكهشی ده‌كات.
له هه‌ولێر چه‌ندین شاعیری لاوی وه‌كو: (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، جه‌لال به‌رزنجی، كه‌ریم ده‌شتی، هاشم سه‌ڕاج، دڵشاد عه‌بدوڵڵا) و هی دی. هه‌وڵیان داوه له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی باوی شیعری كوردی ڕێ نه‌كه‌ن و بتوانن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ده‌نگی ئازادی خۆیان هه‌بێت. له كاروانی تازه‌یی شیعری ده‌وروبه‌ر دانه‌بڕێن و نموونه‌ی ئاگاداری‌یان به‌سه‌ر ڕێباز و تێڕوانینه ئه‌ده‌بییه‌كان (به‌تایبه‌تی هی ڕۆژاوا)دا له به‌رهه‌مه‌كانیان ڕه‌نگ بداته‌وه، به‌ڵام (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) وه‌ك قاره‌مانه‌كانی ئه‌فسانه هاتووه‌ته مه‌یدان و به پێ لێ داگرتن و ههتهرییهكی ته‌واو، ئاڵای كه‌سێتیی تاكی خۆی هه‌ڵكردووه. به زاد و كه‌ره‌سته و چه‌كی خۆی له مهیدانخوازیدا ڕاست هاتووه و ده‌ڵێ:
((حه‌زم نه‌كردووه وه‌ك كه‌س بم، كه‌سیشم له‌به‌ر چاو نه‌گرتووه…))(1).
له دنیایه‌كی جه‌نجاڵی پڕ له بزووتنه‌وه و شۆڕش و ئایدیۆلۆژیای گه‌یاندن و تێڕوانینی فه‌لسه‌فه و هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا، هه‌وڵ ده‌دا چاو له كه‌س نه‌كات. خۆی و خۆی باسك بوه‌شێنێ و به‌رهه‌م په‌یدا بكات. ئه‌نجامی ئه‌م ڕه‌فتاره‌ش هه‌ر به به‌رهه‌مه شیعرییه‌كه نییه، به‌ڵكو بیركردنه‌وه و نیشاندانی تێڕوانین، یان قسه‌كردنه له‌باره‌ی ڕێبازه‌كه‌ی به شێوازێكی پوخت و چڕ و به دڵ و داوێن، ئه‌مه‌ش له پێشه‌كی كۆشیعرهكان و دیدار و وتووێژه‌كانیدا ڕوون و ڕه‌وان ڕوو له دڵ و هه‌ست و ژیریی خوێنه‌ر ده‌كه‌ن.
ئایا له بن تارا و پهشمیندا كه شیعره‌كانی نادیار و نامۆ و سه‌رسه‌خت دیارن، خوێنه‌ر ناكه‌وێته گومان له‌وه‌ی كه شاعیر هیچی وای پێ نییه و نه‌یتوانیوه فه‌رمانی هه‌ره سه‌ره‌كی شیعر، به‌ڵكو ئه‌ده‌ب به‌جێ بهێنێ، كه (گه‌یاندن)ه؟ ئایا ئه‌و گه‌یاندنه چییه؟ چۆن به گهڕكهوتووه و گه‌یشتووه‌ته خه‌ڵكی خوێنه‌ر؟ له‌به‌ر چی ئه‌م شێوازه و به‌م ڕێچكه‌یه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت؟
جارێ پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه‌ی له‌و كۆشیعره‌دا ده‌یخوێنینه‌وه، با داپۆشراویش بن، هه‌موو وشه و ڕسته‌ی شیعركردن و ڕه‌نجی ئه‌فراندنیان به خوێن و ئازاره‌وه پێوه دیاره، شاعیر به یه‌ك ساڵ شیعرێكی داناوه و له‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵی ژیاوه و خه‌ریكی پێداچوونه‌وه و هه‌ڵنانی چینی دیواری بووه، بیناسازییهكهش ساده و ساكار نییه، به هه‌موو كه‌س ناكرێت، ئه‌و شیعره بووه‌ته تۆماری ڕامان و هه‌ست و بۆچوونی شاعیر له‌و ماوه‌یه‌دا.
ڕه‌نگه هه‌ندێك له‌و شاعیرانه‌ی به‌و ڕێچكه و ڕێبازه‌دا ده‌چن، باكیان به‌وه نه‌بێت ده‌قه‌كه‌یان چ ده‌گه‌یه‌نێ، یان نا؟ ڕه‌نگه وابزانن زمانی ئه‌وان زمانێكی ئاسمانییه، له سه‌رووی تێگه‌یشتنی خوێنه‌ره‌وه‌یه. ئه‌مانه، یان وڕێنه ده‌نووسن، یان ئه‌و به‌هره‌یه‌یان تێدا نییه، كه شێوازی تازه‌یان بگه‌یه‌ننه ڕاده‌یه‌كی داهێنانی وه‌ها، كه له ڕوخسار و له ناوه‌رۆكدا نیشان و شوێنه‌وارێك به‌ده‌سته‌وه بده‌ن. به پێچه‌وانه‌وه (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) ده‌نووسێ:
((هه‌وڵم داوه ئه‌وه‌ی له گیان و ناخی من جێگیر بووه، بیگوازمه‌وه بۆ گیان و ناخی كۆی ئاده‌میزاده‌كان، به‌و حیكمه‌ته‌ی شیعر پاكیهتیی ژیان ڕاده‌گرێت.))(2)
به‌ڵام ڕێگای گواستنه‌وه‌كه‌ی ئاڵۆز و نائاشكرایه. ئه‌و نائاشكرایییهش له كۆنه‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌وشتی شیعردا گونجاو بووه، چونكه زمانی شیعر، زمانی قسه‌كردنی ئاسایی نییه، هه‌ر له كۆنه‌وه هونهرگهلی ڕه‌وانبێژی بوونه‌ته هۆی ته‌گه‌ره له تێگه‌یشتنێكی ئاسانی شیعر، به نموونه (استعارة) و (كنایة) و (تهوریة) تاڕاده‌یه‌ك مانای وشه و ڕسته ده‌گوێزنه‌وه ناوچه‌یه‌ك، كه ئاخاوتنی ئاسایی جیاوازه، هه‌روه‌ها جارێكیش زمان باوه‌ش به ڕه‌مزدا ده‌كات، ئه‌وسا كه‌سم و شێوه‌ی شته‌كان به جۆرێك هه‌ڵده‌فڕێنێ كه ببنه مایه‌ی سه‌رسامی. ئه‌مه‌ش به‌و ناوه كه زمان چووه‌ته ئاسمانی كه‌شف و كه‌رامه‌تیی سۆفیئامێز، یان وڵاتی خه‌ون و خه‌ون دیتن، ڕێژاوی (ته‌جرید)یش كه هه‌وڵ ده‌دا له زمانی بنیاتی شیعردا هه‌ڵقوڵانی شێوه بابه‌ت (ڕوخساری) په‌یدا بكات و ده‌ستكاری كردنی شێوه به شۆڕش ده‌زانێ. له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌ق له تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر به دوور ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌م ئاڵۆزی و نائاشكرایییهش:
((له‌وانه‌یه ببێته خه‌وشێك له خهوشهكانی شیعر، ئه‌گه‌ر هاتوو نائاشكرایییهكه مانایه‌ك له مانا تایبه‌تییه‌كانی داڕشتن و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی له گه‌یاندنی شیعره‌كه‌دا نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێته دیوارێك له‌به‌رده‌م گه‌یاندن له نێوان ده‌ق و خوێنه‌ره‌كه‌یدا، واتا نیشانێكی كاریگه‌ری نابێت، ئه‌گه‌ر هه‌بێت ئه‌م نیشانه كاریگه‌ره ته‌نیا نائاشكرایییهكهی خۆیه‌تی، یان نه‌بوونی گه‌یشتنییه‌تی، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێ بریتییه له (بوونایه‌تیی) شێوه‌یی ڕووتی، یان جوانكارییه پهتییهكهی.(3)
نائاشكرایی و تێنه‌گه‌یشتن له شیعری تازه‌دا له دوو ڕێوه سه‌رهه‌ڵده‌دا، یه‌كه‌م زمان. دووه‌م نیشانه و ماناكان و ده‌ربڕین.
له‌لایه‌نی زمانه‌وه
((شیعر بینایه‌كی زمانییه، به‌ڵام بینا – زمانێكی تایبه‌تییه، كه‌وا زمانه له‌ناو زماندا. به‌ڵێ زمان ئه‌ركێكی تایبه‌تی شیعرانه‌ی هه‌یه جیاواز له ئه‌ركی میدیایی، ڕاپۆرتی، ئاراسته‌یی، زاراوه‌یی و ئه‌ركه‌كانی تریش كه (جاكوبسن) بۆ زمانی دیاری كردووه، به‌ڵام ئه‌ركی شیعرانه‌ی زمان به ته‌واوی له‌و ئه‌ركانه‌ش دانه‌بڕاوه، به‌ڵكو به‌هۆی به‌رنامه‌ی شیعره‌وه به‌جێیان ده‌هێنێ، نه‌ك به‌هۆی به‌رنامه‌ی ده‌ربڕینی ئاسایی زمانه‌وه، چونكه خۆ شیعر هه‌ر (بوونایه‌تی)یه‌كی بیناسازیی خۆیی نییه، واتا وه‌كو هه‌ندێك ڕێبازی تازه ده‌ڵێن نه نیشان و نه فه‌رمان و هیچی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی خۆیه‌تی خۆ به‌و بوونایه‌تیی شیعرانهیهتی، هه‌روه‌ها بریتییه له ته‌نیا لێك هه‌ڵوه‌شانی بیناكانی په‌یوه‌ندی، یان گه‌یاندنی زمان، چونكه وه‌نه‌بێ هه‌ر دابڕانێك له بیناكانی ده‌ربڕینی ئاسایی زمانی باو به شیعر بژمێردرێت، نا، به‌ڵكو ده‌ربڕینێكی بێ هوودهیییه.))(4)
شاعیرانی ڕێبازی تازه‌گه‌ری ئه‌و ناوه كه له سنووری هه‌ست و ژیریدا ناوه‌ستن و هه‌ر به (دیتن) ده‌ست هه‌ڵناگرن، به‌ڵكو ئه‌وان (جیهانبینی) ده‌كه‌نه مه‌رج و پۆزش و شێوازی ڕێبازه‌كه‌یان، چوارچێوه‌ی دیتنهكهیان له سنووری ژیری و لۆژیكه‌وه ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته ناوچه‌ی (خه‌ون) و ناواقیعی و دیارده و ڕووداوی كه‌س نه‌دیتوو.
وڵاتی خه‌ون كۆشیعری، شیعری (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)ه به‌ناوی ((خه‌ون وا خۆی گێڕایه‌وه)) خۆیشی ئه‌دگار و دیمانه‌كانی ئه‌و وڵاتی خه‌ونه‌مان – ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ژیان و ئه‌ده‌به‌وه هه‌یه – بۆ دیار ده‌كات، كه ده‌نووسێ:
((ژیانی ڕاسته‌قینه ته‌نیا له خه‌وندا هی خۆته. ئازادی ته‌واوی لێ وه‌رده‌گیرێت. خه‌ون یاخیبوونی به جه‌رگانه و ده‌نگی ناڕهزایییه له كار و ڕووداوه نابه‌جێیه‌كانی ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا.))(5)
شاعیر ئه‌و جۆره ڕێبازه ئایدیالستییه تا ده‌گاته ناوچه‌ی خه‌ون، به‌و جیهانبینییه‌دا ڕه‌ت ده‌بێت كه وه‌كو شێخی كهشفزان ده‌بێ به چاوی غه‌یب عه‌رش و قورش ببینێ. وه‌كو ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌م ڕێبازه گوتوویه‌تی:
((شاعیر نابێته شاعیر هه‌تا جیهانبینییه شیعرانهكهی. گشتییه‌كی هه‌موو لا گره‌وه نه‌بێت، چونكه دروستكردنی شیعر ده‌بێ وێنه و ڕوانینی هه‌موو خه‌لایق بێت.))(6) له كۆشیعری (خه‌ون وا خۆی گێڕایه‌وه) له مه‌له‌كووتی یهزدانیدا چوار شیعری درێژ به‌ناوی (سرووش، بلیمه‌ت، پێغه‌مبه‌ر، زێوان) ده‌بینین كه هه‌ر چوار ڕه‌گه‌زه‌كانی جیهانبینیی شاعیرن.
شاعیر بلیمهتێكه، یان یه‌كێكه له بلیمه‌تان. ده‌بێ سرووش وه‌ربگرێ و ده‌وری پێغه‌مبه‌ر ببینێ، ده‌بێته زێوانی خزمه‌تی باره‌گای ئه‌و جیهانه، كه وه‌كو (منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان)ی نه‌جیب مه‌حفووزی چیرۆكنووس و ڕۆماننووسی میسری (بابه گه‌وره) و وه‌چه‌كانی له نموونه‌ی پیاوانی خودا و پێغه‌مبه‌ران سه‌رده‌م به سه‌رده‌م خه‌ریكی ژیانی مرۆڤن. زێوانی ئێمه‌ش بۆ چاكه‌ی ژیانی مرۆڤ قۆڵی لێ هه‌ڵده‌ماڵێ.
به‌دكارانیش له (پاقژگه)ی دانتییهوه نه‌هاتوون تا به‌ره‌و به‌هه‌شت بچن، به‌ڵكو ئه‌وانه ژیان تاڵ ده‌كه‌ن:
((دوای ئه‌وه‌ی په‌یتوون به به‌رماڵی (پاشا) ڕه‌تده‌بێ
ئه‌سپه‌كه‌ی چه‌واشه ناكرێ
زه‌ویش جهنگهڵێكه پڕ له ستایشكه‌ری
كیسه‌ڵ و چرا كوژێنه‌ره‌وه
بوێری ئه‌وه ده‌كا (زێوان) بێنه ناوی
ناڕێكییه‌كانی بینین
گومان ده‌ڵێ من ماوم
ئومێدێكی نایابم به‌ختی گوڵه‌كان ده‌كه‌مه‌وه
نانی گه‌رم و باوه‌ڕ و زیندووبوونه‌وه
له دیداری پیری حیكمه‌ت ده‌یكه‌مه یادگار
ژیان جوانه
منداڵه‌كان لاستیكێكی خه‌ت سڕینه‌وه‌یان به ده‌سته‌وه‌یه
ئه‌م دێڕه ده‌كوژێننه‌وه
له‌شكركێشی بۆ به‌رماڵی ئێمه‌یه
تهشقهڵهچییهكانیش له پاقژگه‌وه نه‌هاتوون.))(7)
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر به‌رجه‌سته‌كردنی ڕه‌مزی پیاوانی خودا و پێغه‌مبه‌ران به‌ناوی (جبلاوي، أدهم، جبل، رفاعة وعرفة) و ئه‌وانی دی و چۆنیه‌تیی ژیان و باری مێژوویی و بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكه‌كه ڕیالیزمانه له چیرۆكه‌كه‌ی نه‌جیب مه‌حفووزدا به هێما و لاڕێ پێشان درابێت(8).. ئه‌وه شیعری (پێغه‌مبه‌ر)ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر گه‌شتێكی سۆفیانه‌یه له‌ناو وڵاتی هونه‌ری شیعردا، وشه‌ی هه‌ڵبژارده و ڕسته‌ی پوخته ته‌ونی وێنه‌گه‌لی چیرۆكی خه‌ون بینینه‌كه‌ی ده‌چنن، تاكو بیكاته ڕووناكیی ڕێی باوه‌ڕی له دنیایه‌كی ناهه‌مواردا، هه‌ر خۆی بۆمان ڕوون ده‌كاته‌وه، كه ده‌ڵێ:
((ئه‌ی خودایه! من مرۆڤێكی به باوه‌ڕم، بمگه‌یه‌نه به دره‌وشانه‌وه‌ی نووسین، په‌یامبه‌ره‌كانیش مرۆڤی به باوه‌ڕ و گه‌وره‌ترین خه‌ونبین بوونه.))(9)
پێغه‌مبه‌ریش پێشڕهوێكه جیهانبینییه‌كی ته‌واوی هه‌یه و ده‌ڕوانێته ئێستا و دواڕۆژی مرۆڤایه‌تی، داواخوازی چاكه و دڵنیایی و باوه‌ڕداری بڵاو ده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌بوو (جوبران خه‌لیل جوبران) كه‌سایه‌تیی پێغه‌مبه‌رێكی له چیرۆكی (پێغه‌مبه‌ر)دا وێنهكێشا، كه‌وا قسه بۆ خه‌ڵكی (ئورفهلیس) ده‌كات، له شێوه‌ی ئایه‌ت و ڕسته‌ی چڕ و خوتبه‌ی پڕ له هونه‌ری ڕه‌وانبێژیدا باسی ژیان و مردن و كار و ڕه‌وشت و سۆز و وه‌فاداری و ئاینداری و به‌زه‌یی و … تاد، ده‌كات.
((پێغه‌مبه‌رایه‌تیش كردارێكی تایبه‌ت نییه به ته‌نیا گه‌لێك و تاقه دینێك، به‌ڵكو هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه له جیهان به كه‌موكوڕی، دیار و نادیاری، به مرۆڤ و گیانله‌به‌ر و ڕووه‌ك و بێ گیانییه‌وه. له پێغه‌مبه‌ردا هه‌نیسكی تاسه‌ی (سۆفی) هه‌یه بۆ ڕه‌هایی، له یاسادانه‌ر بۆ قووڵایی پێڕه‌و و ڕێكوپێكی، له زانا، ئاگاداری له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بوونه‌وه‌ران، له هونه‌رمه‌ند، ئامانجداری به‌ره‌و جوانیی هه‌ره به‌رز و په‌رۆشیی یهككردنهوهی مه‌مله‌كه‌تی هه‌بوون، له مۆسیقا، چنینه‌وه‌ی ئاوازه بێ ده‌نگه‌كان له ویژدانی ئازارباری زه‌وی و خۆری گڕگرتوو، ئاسمانانی هاوئاهه‌نگ تاكو بڕژێنه ناو سروودی گیانییه‌وه)).(10)
جا ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ری (جوبران) وه‌عز دابدات و قسه‌ی نه‌سته‌ق و ئایه‌ت به به‌رگوێی خه‌ڵكدا بدات، ئه‌وه (سه‌باح) به وێنه‌ی هه‌مه‌جۆری خهونكردنی زاده‌ی واقیع ئه‌و ئه‌ركه ئه‌نجام ده‌دا.
كه‌سانی شیعره‌كه‌ی (ڕه‌نجده‌ر) بریتین له (باوكی سه‌رزه‌وی)، (سرووشزاده)، حه‌كیمی كاروان و مرۆڤانی سه‌رده‌م، په‌ناش له‌م جیهانه ئاڵۆزه‌دا (ماڵی پڕ كه‌س و كاری تا دڵبخوازێ فریا)یه، ژیانیش مه‌یدانی ململانێ و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤه.
(باوكی سه‌ر زه‌وی) كه (هاوڕێی ساده و چاكه‌مان – ده‌توانێ بابه‌تێكی نایابمان بۆ بنووسێ -ل111) بابه گه‌وره‌یه و جیهانه‌كه‌ی مه‌یدانی ڕاوه، دروێنه‌ی گیانی گیانله‌به‌ران ده‌كات، خۆش و ناخۆش ململانێی نێوان ژیانخوازان و مردن له په‌ستا ڕوو ده‌دات. (مامز به گولله‌یه‌ك مه‌مكی سروشتی له ده‌م ده‌رده‌هێنن -ل105) و له ژیان بێبه‌ش ده‌بێت، هه‌روه‌كو ئه‌م داڕشته جوانه وێنه‌گه‌لی جوان جوان به‌و مانایه ده‌بینین وه‌كو (ماسی بڵیتی نان خواردن له نووكی قولاب ده‌بڕێ -ل105).. (هه‌ڵۆ له چێژی به‌رزبوونه‌وه‌ی خۆ ده‌رخستن به‌رامبه‌ر مه‌رگ… باڵی له هه‌موو بایه‌ك نادا -ل107).
به‌ڵام (سرووشزاده) كه سرووش یه‌كه نیشانه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تییه (به ئه‌زموونی پاراو و ڕووناكیی دیدار و هێزی یه‌زدان -ل107) دێته مه‌یدان (بۆ بێده‌نگكردنی تفه‌نگی ڕاو) تاكو ئه‌و ڕاوه مه‌رگه ڕابگیرێت.
سرووشزاده:
((به چاوساغیی له‌ره‌ی ڕۆشنایی
گه‌ڕایه‌وه (ماڵی پڕ كه‌س و كاری تا دڵبخوازێ فریا)
ئه‌شق و كهڵیی له دایك بوو)) ل109
ئه‌گه‌رچی به‌دكاران له جیهاندا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ژیان له مرۆڤ تاڵ بكه‌ن. (قاووقیژی ته‌نگه‌تاویی هه‌ڵاتن له شه‌قامی ناوه‌ندی شار – بردییه ڕێگایه‌ك كۆتایی نیشان دا – ئه‌هریمه‌ن له هه‌نیه‌ی دابه‌زیوی پرۆژه‌كانی پڕ كرد له پڕوپاگه‌نده‌ی نیاز) -ل118.
بهدكارییهكه ههمهجۆر و زۆره، ژیان پیرۆزه.. ئه‌وه‌تا:
(ژیان زێڕێكه ڕژاو – شهڕانگێزێك كۆی ده‌كاته‌وه بۆ دروستكردنی گولله – هه‌ر ڕۆژه‌ی ڕسته‌یه‌كی ناته‌با له ته‌وێڵمان تۆمار ده‌كات) ل115.. هه‌روه‌ها:
(پاكی و جوانیی منداڵان وه‌كو زێڕ له‌ناو ده‌عبای (خه‌مه‌گڕوو) ده‌كاته نارنجۆكی دووكه‌ڵ. -ل121- له‌گه‌ڵ هه‌موو ته‌م و تاریكی و ته‌لبه‌ند و كۆسپی ژیان. ئایا (سرووشزاده) ڕه‌شبینه و تووشی نائومێدی ده‌بێت؟… نه‌ء، وه‌كو له سه‌رتاپای شیعره‌كه‌دا به‌دی ده‌كه‌م وا ده‌زانم كه له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی ڕوونی خوداناسیی شاعیردا كه‌ره‌سته هه‌ره به‌رز و پاكه‌كه‌ی گیانی ئاده‌میزاد به گوڕ ده‌كه‌وێت كه مۆسیقایه:
(مۆسیقا فریای ئاره‌زووه‌كانمان ده‌كه‌وێت -ل112) ڕه‌وشتی (فڕین و مۆسیقا) ئاواز به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌كو (جوبران) لای وایه: (مۆسیقا ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی دنیای دووه‌مه، شه‌پۆله‌كانی له دنیای نه‌مرییه‌وه كه خودا له‌وێدا چاوه‌ڕوانی مرۆڤ ده‌كات سه‌ر هه‌ڵده‌گرن.)(11)
شاعیریش به ڕووناكیی ناو گیان و به‌هێزی مۆسیقا ڕێ به‌دی ده‌كات و بۆ پێشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێ:
((به‌یانی دوای به‌یانی باش و بهرچایییهكی ساكار
مه‌شقی مۆسیقام كرد.
ڕه‌نگی پهلكهزێڕینهشم له ژوورێ
كرده سۆزی شوێن و جێمهێشت
ته‌خته‌ی كتێبخانه بووه دره‌خت
به پردی پیاده‌ڕۆ ڕۆیشتم، بۆ ئه‌وه‌ی
بپرسم: ((بۆچی تێده‌كۆشین؟))
مۆسیقا گوتاری ئایینی خوداكانه له چاره‌نووس ده‌پرسێت
نوێژی پێغه‌مبه‌ره‌كان چ داوایه‌كیان تێدایه.
ل-113
كۆتایی ئه‌م (بینین)ه، پاشان ئه‌و (جیهانبینییه)ی شاعیر له‌و شیعره‌دا ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی كۆتایییه كه ده‌ڵێت (كات هی بینینه و بینین ده‌ربازبوونه له خه‌وندا قسه‌كردن) و مایه‌ی شادییه كه (سرووشزاده به دۆستایه‌تیمان ڕازی بێت!) ل122.
په‌راوێز:
1- خه‌ون وا خۆی گێڕایه‌وه: 2004. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای ئاراس، ژماره (251)، هه‌ولێر.
مانیفێستی شیعری – لاپه‌ڕه (6). (پێشه‌كیی كۆشیعره‌كه).
2- مانیفێست – ل10
3- محمود أمین العالم – في قضایا الشعر العربي المعاصر – دراسات وشهادات/ المنظمة العربیة للتربیة والثقافة والعلوم/ تونس 1988، لاپه‌ڕه (29).
4- هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه.
5- مانیفێست. هه‌روه‌ها بڕوانه گۆڤاری ئاینده. دیدارێك له‌گه‌ڵ شاعیر. به‌ڕێوه‌بردنی: ئازاد ئه‌حمه‌د مه‌حموود، ژماره (56)، ئه‌یلوولی 2004.
6- كلودیل – تأملات في الشعر، لاپه‌ڕه 117.
7- خه‌ون، لاپه‌ڕه (190).
8- نجیب محفوظ – روایة أولاد حارتنا، دار الاداب. ئه‌م ڕۆمانه دڵی كۆمه‌ڵانی تیرۆریستی میسری له نووسه‌ری به‌ڕێز كرمێ كرد، ئه‌وه‌بوو نووسه‌ر له ته‌مه‌نی پیریدا و دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ و بوونی به مایه‌ی شانازیی وڵاته‌كه‌ی، كه‌وته به‌ر په‌لامارێكی دڕندانه‌ی چهقۆوهشێنان. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو گیانی له ده‌ست بدات.
9- مانیفێست، ل (21).
10- د. علي شلق، النثر العربي، دار القلم، بیروت، ل215.
11- هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه.