Skip to Content

نامەیەک بۆ نامەکانی سەباح ڕەنجدەری شاعیر.. دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕەخنەگر

نامەیەک بۆ نامەکانی سەباح ڕەنجدەری شاعیر.. دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕەخنەگر

Closed
by ته‌مموز 29, 2021 General, Literature


نامە وەک بەدوادا چوونی بیڕوڕا

بە ڕوانینی من نامەگۆڕینەوە لە چەشنی تای تەرازوو وایە هیچ لایەکیان بێ ئەوەیتر پێوانە ناکرێت.

دڵشاد کاوانی نووسەر و ڕەخنەگر

پێشەکی
شاراوەنییە مێژووی ئەدەبیاتی نامە تازەنییە، لەنێو کایە و فەرهەنگی ئەدەبیاتی جیهان ڕەگێکی کۆنی هەیە، بۆ گۆڕینەوەی بچمی ئەدەبی و ئالیگۆڕی دید و بۆچوونی نووسەران پشتیان بە نامەگۆڕینەوە بەستووە، بەمەش نامەکان بۆنەتە بەشێک لە پێویستی قۆناغەکانی ئەدەبیات.

نامە لە ئەدبیاتی جیهانی بە نموونە
دیارترین نامەکانی ئەدەبی جیهانی نامەکانی پترارکی شاعیرە لە ساڵەکانی ١٣٣٧ بۆ ١٣٤٧ تەنیا ئەوەی شاعیر خۆیی گڵیداونەتە ژمارەیان دەگاتە، ٣٤٧ و ئەوەی لە دوای ئەو لای کۆکەرەوەکانی نامەکان دەگاتە ١٣٦٥ نامە. جگە نامەکانی لە ئەلبێر کامۆ بۆ ماریا کازاریس و دیکۆفیسکی بۆ براکەی و نامەی خۆشەویستی نێوان ئانتۆن چیخۆف و ئۆڵگا کنیپەر، نامەکانی کافکا و چەندین نموونەیتر کە سەنگێکی ئەدەبی مەزنیان هەیە لە جیهان.
ئەدەبیاتی نامە و نامەكاری، بە سەرچاوەیەكی گرنگی ئەدەبی دادەندرێت، لێ ئەمە لە كۆتاییەكانی سەدەی بیستەم بەدوا بە هۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا، ئەو ڕەونەق و گرنگی و باق و بریقەی نامێنێت.
نامە زۆر گرنگە بۆ نزیكبوونەوە لە ناخ و ئەندێشەی نووسەران و ئاگاداربوون لە دۆخ و شێوە و ناوڕۆکی نامەکان و قۆناغی مێژویی نامەكەی تێدا نووسراوە و دۆزرەوەی ڕاز و نهێنی و مەدلووکانی ئەدیبان و نووسەرانە کە نەیانتووە یان گەرەکیان نەبووە، لە دەق و نوسینەكانیاندا دەرببڕن و باسی بكەن.
(لە نووسینێكیدا ڕۆماننوسی بەناوبانگی لوبنانی ڕەبیع جابر ئاوها دەنووسێت: گەر دەتەوێت بە كافكا ئاشنابیت و لە نزیكەوە بیناسیت، دەست مەدەرە كۆشك و دادگایی، لاپەڕەكانی ئەمریكا و بەدگۆڕان هەڵمەدەرەوە، نا كافكای ڕاستەقینە لەوێدا نییە، بەڵكوو لەنێو نامە و یاداشتنامەكانی دایە و بڕۆ لەوێدا بۆی بگەڕێ‌). بۆ زانیاری زیاتر ڕەبیع جابر: پارادۆكسی نووسین- وەرگێڕانی: شوان ئەحمەد- لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی هونەری و ڕۆشنبیری ئەندێشە- چاپی دووەم، 2016.

نامە لەنێوان ئەدیبانی کورد دا
سەبارەت بە ئەدەبیاتی کوردی زۆر نامەی دیاری ئەدەبین هەن، کە لە ناوەندی ئەدەبی کوردی دا بۆنەتە جێگای پشت پێبەستنی ڕوانینی ئەدەبی و هەندێکیان جگە لەبارە ئەدەبییەکەشان دا بۆنەتە هۆی ئاشکراکردن و بەدەستەوەدانی زانیاری کەسی لەسەر شاعیرانی کورد، کە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان ماونەتەوە. بە تایبەتی نامەکانی نالی بۆ سالم و پیرەمێر بۆ هاوڕێکانی بۆ هەڵسەنگاندی شیعرییەتی و نامەگۆڕینەوەکانی عەلائەددین سەجادی. چەندین نموونەی دیکەی هاوشێوە لە ئەدەبی کوردی هەن، کۆتا نموونە کتێبی تاڤگە و وشە و هەڵوێست نامەکانی شێرکۆ بێکەس کۆکردنەوە و ئامادەکردنی کامەران سوبحان.

کتێبی نامە وەک بەدوادا چوونی بیڕوڕا.
ئەوەی من گەرەکمە لەسەر بوەستم. دواین کتێبی نامە وەک بەدوادا چوونی بیروڕا، کتێبێکی ١٤٤ لاپەڕەیە و خۆی لە ٣٤ نامەی ئەدەبی دەبینێتەوە کە هاوڕێی ئازیزم علی مستەفا ئامادەی کردوون لە دووتوێی کتێبێک دا وەزارەتی ڕۆشنبیری لە ساڵی ٢٠٢١ چاپ و وشاندنی بۆ کردوە. ئەم کتێبە بەشێکی ئەو نامانەن کە بۆ سەباح ڕەنجدەری شاعیر لای ژمارەیەک لە شاعیر و ئەدیبانی هاوڕیی شاعیر وەک هەر نامەیەکی دیکەی ئاسایی کەسی بۆ شاعیر نێردراوون و بەپێی بەرواری نامەکان و ناوی نامەنووسانەوە ڕیزبەندی بۆ کراوە.
ئەوەی نامەکان لە نامەی ئاسایی جیا دەکاتەوە و هانی ئامادەکار و وەرگری نامەکانی داوە کە بیخەنە بەرچاپ و کۆی بکەنەوە، کە پیشووتر نامە بۆنووسراو بە زینجیرەیەک نووسین بڵاویکردونەتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە نامەکان تەنیا پەیوەست نییە بە ژیانی کەسی شاعیر، بەڵکوو نامەکان پڕن لە مەغزای شیعری و ڕووانینی جودای کۆمەڵێک نووسەر و شاعیر دیاری کورد، کە لە ڕێگای نامەکانەوە پێودانگ و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەزموون و دەقی شعرییەتی ڕەنجدەر کردووە.
هەر لە نێو نامەکانیش دا باسی کەسانی دیکە و هەندێک ئەزموونی تری شاعیرانی دیکە کراوە، بەمەش دەشێ نامە وەک بەدواداچوونی بیروڕا وەک تێگەیشتن و وەرگرتنی بیر و بۆ چوونی نامەنووسان چاوی لێ بکرێت و ببێتە سەرچاوەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و توێژینەوەی زانستی لە سەری نما بکرێت.

بۆچوونی گشتگیری نامەکان
من نامەوێت بەلای ڕەخنەیی بابەتییەوە دابچم چونکێ نامەکان لە کۆمەڵێک دیدگا و ئەزموون و مەعریفەی جیا جیا و ئاستی باش و خراپی نامەنووسان هاتووە، کە پرە لە وێنای شیعریی و ئەندێشە و فکر و فەلسەفەی زاتی کەسەکان. لێ ئەوەی کە من دنەدەدا و مایەی تێفکرین و قووڵبوونەوەیە کە کۆی نامەکان لەسەر سێ شت هاوسازن.
یەکەم: پاکیزەیی و بەڕائەتی شاعیر.
دووەم: بەرزی ئاستی شیعرییەتی شاعیر.
سییەم: یاخبوونی ڕەنجدەر و وەستان و دژبەری لە هەمبەر نەیارانی ئەزموونی شیعرییەتی دا.

دوو لایەنی نامەکان
زۆربەی نامەکان وەک وەڵام بوون بۆ نامەکانی پێشوو کە لە رەنجدەرەوە بۆ کەسی نامەنووس نێردراوون، خۆزیا ئەو نامانەی کە وەڵامن بۆ وەڵامی نامەکان و ئەوانیش کە پرسیار بوون بۆ وەڵامدانەوەی نامەکان، ئەمانیشیان دەخستە پاڵ نامەکان ئەو کات خوێنەری نامەکان لە مەزاق نەدەمانەوە و تێگەیشتن لە بابەتیی بوونی ناوەڕۆکی نامەکان ئاسانتر دەبوون. بە ڕوانینی من نامەگۆڕینەوە لە چەشنی تای تەرازوو وایە هیچ لایەکیان بێ ئەوەیتر پێوانە ناکرێت.

نامە وەک هەڵڕشتنی ڕاز
لە هەندێک لە نامەکان پەشیمانی و ئەسەف، دووری و غوربەت، بێ ئومێدبوون و هیوابڕاووی ئەدیبەکان زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت و زۆربەشیان وەک ئارامگەیەکی دەروونی لە نامەکانیان دا سەباح رەنجدەریان وەک ڕووگەیەکی باوەڕی ڕاز و هەڵچوونی ناخیان چاولێکردووە، تۆزی غەریبیان لە لای سەباح ڕەنجدەر داتەکاندووە، پیرەنامەنووسەکان ترسی هەڵوەرینی گوڵی تەمەنیان بۆ گێڕاوەتەوە، گەنجەکانیش نەیانشاردەۆتەوە مەیل دەکەن جوانی شیعریییەتیان لە باخی رەنجدەر گوڵ بگرێت.

پەیامی نامەکان
لە لاکەیترەوە رەنجدەر بۆتە وێستگەی هەڵڕشتنی جوانی و نازکی و پاکیزەیی و وشە پەپوولەیەکانی نامەنووسانەوە کە لەسەر شیعرییەتی ئەوە دا پەخشانەنامەکانیان لە وەسف و پێداهەڵگوتن و دەرخستنی خۆشەویستی ناوەوەیان ڕشتۆتە سەر کاغەز و کردویانەتە ملوانکەیەک بۆ دیداری دووری نێوانیان.
لە بەشێک لە نامەکان بە ڕوونی دەردەکەوێت کە نامەنووسان داوای هاوکاریی ئەدەبی و وەرگرتنی بۆچوون لە نامەبۆنووس کردووە لە هەندێکیان پێچەوانەیە.

لە کۆتایی دا
لە پەراویزی کۆتایی تێگیەشت و خوێندەوەم بۆ سەرجەم نامەکان گەیشتم بە دوو دەرئەنجام. کۆی نامەکان لە چوارچیوەی دەربڕینی خۆشەویستی شکاندنی تینووییەتی دیداری تەمەنی شاعیر و دوورپەرێزییەتی لە ناوەندی دەرکەوتن دا. هەروەها وەک هەڵگری خەم و پەرۆشیی نامەنووسانە بۆ نامەبۆنووسراو کە وەک کەسێکی دڵسۆز و بوێر و خۆبەختکەرێکی ئەدەبی کوردی لێیان ڕوانیووە. نامەکان نەچوونەتە بابەتی مەرایی و پێهەڵگوتن بەڵکوو موجامەلەیەکی ئەدەبیی جوانن وەکوو هەیە وێنای سەباح ڕنجدەری شاعیریان کردووە.

mm

دڵشاد ڕەزاق ڕەسوڵ ناسراو بە (دڵشاد کاوانی). نووسەر و وەرگێڕ و چیرۆکنووس ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووس. چاڵاکوان له بواری ڕێکخراوەیی و مافەکانی مرۆڤ. لەدایکبووی 01-07-1978 شاری قەزوینی ئێرانە. لە ساڵی 1984 لە گوندی کاوانیانی شەقڵاوە چووەتە بەر خوێندن. یەکەم وێستگەی نووسینی لە ساڵی 1996 بە شیعر دەستی پێ کردووە. پاشان یەکەم چیڕۆک بە ناوی (هەرگیز پاشگەزنابمەوە) لە ساڵی 1997 نووسی، زیاتر لە 24 چیڕۆک و (100) کورتیلە چیڕۆکی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە، خەڵاتی یەکەم و دووم و باشترین چیڕۆکی لە فیستڤاڵەکانی کوردستان وەرگرتووە.

Previous
Next
Kurdish