Skip to Content

شانۆگەری مانگرتن دەقێک کە ناکرێت ئاوڕی لێنەدرێتەوە!.. ووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

شانۆگەری مانگرتن دەقێک کە ناکرێت ئاوڕی لێنەدرێتەوە!.. ووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by تشرینی دووه‌م 13, 2021 General, Literature

شانۆگەری مانگرتن لە نووسینی محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگەنە(١) و چاپ یەکەمی ساڵی ١٩٧٩ لە بەغدا چاپ بووە. نووسەر لەم دەقەدا کۆشاوە لە تێڕوانینێکی مارکسییەوە گرنگترین ڕووداو، (مانگرتنی کرێکارانی گاورباغی لە ساڵی ١٩٤٦)(٢) مان بۆ وێنا بکات و بە دەرئەنجامێکی ڕەزایەتبەخشەوە خوێنەر بەرەو دەروازەی مێژوویەک ببات، کە گاریگەرییەکانی تا ئەم دوواییانەش لەسەر ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق و کەرکووکدا مابۆوە. میتۆدێک کە لە نووسینی ئەم دەقەدا بەکارهێنراوە، میتۆدی ڕیالیزمی سۆشیالیستییە و نووسەر لەو گۆشەنیگایەوە توانیویەتی بمانباتەوە سەردەمێک لە خەباتی کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک. ئەو گەرچی ڕاستگۆیانە هەوڵیداوە تێڕوانینی مارکسیزم بکاتە سەکۆی لێوەهەستانی پرۆسەی نووسینی دەقەکە، بەڵام نەیتوانیوە خۆی لە گەرد و تۆزی سۆشیالیزمی ستالینیی قورتار بکات یان ئەو گەرد و تۆزە لە خۆی داتەکێنێ. دیارە ئەمەش ناکرێت ببێتە هۆیەک بۆ فەرامۆش کردنی دەقێکی کرێکاریی و شۆڕشگێرانە کە زیاتر لە چل ساڵە ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.

مانگرتن وەک ئاوێنەی باڵانوومای گاورباغی
نووسەر لەو بڕوایەوە دەستی بە نووسینی ئەم دەقە کردووە کە ئەدەب و هونەر دەبێت ئاوێنەی واقیع بێت، دەبێت ڕەنگدانەوەی ژیانی ئینسانەکانی نێو کۆمەڵگە بێت.(ئەدەب و هونەر ئاوێنەی ژیانی کۆمەڵایەتییە) (٣) و لەوێشەوە ئەدەب وهونەر دەتوانن ڕۆڵی کۆمەڵایەتی خۆیان بگێڕن.محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگنە بابەتێکی هەڵبژاردووە کە ئیشکردن تیایدا قوورسە و پێویستی بە گەلێ زانیاری و مەعریفەی لەوەوپێش هەیە تا بتوانی ساختمانی دەقەکەی لەسەر بنیاد بنێت. ئەو ڕەگەزانەی نووسەر لە نووسینی ئەم دەقە پشتی پێبەستوون بە بۆچوونی من دەتوانم بڵێـم ئەمانەن :
یەک : نووسەر وەک لە سیاقی دەقەکەشەوە دیارە جوان باکگواندنی کرێکارەکانی ناسیوە و زانیویەتی ئەم کرێکارانە بەر لە کرێکاریبوون و بەر لەوەی وەک چینێکی نوێ خۆیان نمایش بکەن، جووتیار بوونە و لە پەیوەندییەکی دەرەبەگایەتییەوە هاتوونەتە دەرەوە.

فۆرمەن : حەمە گیان بۆ نازانی ئەم کرێکارانە چین…ئەتەکێت نازانن. بەڵام بارام فێری هەزار شتیان ئەکا.(٤)
یان :
ئاغا : (دەمانچەکەی دەرئەکا) بەرم دەن با سەریان پان کەمەوە.(٥)
یانیش :
ئاغا : بیان کوژن..بیان کوژن.(٦)
باگکراوندی کڕێکارەکان جوتیارن و خەڵکی لادێن. دروست وابوو کاتێک کۆمپانیای ئای پی سی، کرێکاری دەویست و پێویستی بە هێزی کار بوو، دەچووە گوندەکانی نزیک کێڵگە نەوتییەکان و پەیوەندی دەکرد بە دەم سپی گوند ئیتر چ کوێخا بێت یان ئاغا و داوای ژمارەیەک کرێکاری لێیان دەکرد. کوێخاش لە پیاوانی ئاوایی ئەو ژمارەیەی دیاری دەکرد و دای دەمەزراندن. ئەمەش لە ڕاستیدا سەفقەیەک بوو لە نێوان ئاغا و کۆمپانیا. کۆمپانیا لە ڕاستیدا پیاوەکانی بە هەقدەستێک دادەمەزراند و لە واقیعیشدا نیوەی ئەو هەقدەستەی دەدانێ و نیوەکەی تری دەدایە ئاغا یان کوێخا . ئەمەش لەبەر دوو هۆ :
ئەلف : لەبەر ئەوەی ئاغا یان کوێخا هێزی کاری بۆ پەیدا کردوون و سەرچاوەی دەستەبەرکردنی هێزی کاری هەرزان بوو.
بێ : ئاغا دەیتوانی کرێکارەکان کۆنترۆڵ بکات و ئاگای لێیان بێ و دژ بە بەرژەوەندی کۆمپانیا نەوەستنەوە.
لەمەش گرنگتر نووسەر سایکۆلۆژییەتی چینەکان و خەباتی چینایەتی ناسیوە. ئەم ناسینی سایکۆلۆژییەتەی خەباتی کرێکاران زۆر پێویستە بۆ نووسەری دەقێک کە سەر بە دونیابینی چینایەتی بێت. بارام ڕۆڵی ڕابەرێکی کرێکاری بەرچاو ڕوون دەبینێت. حەمەشین ڕۆڵی خۆفرۆش و فۆرمەن ڕۆڵی پارێزەری بەرژەوەندی کۆمپانیا و ئاغاش ڕۆڵی پاراستنی ئەمنیەتی کۆمپانیا. ئەم دابەشکردنە ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو پۆلینبەندییەکی نێو جیهانی بەرژەوەندی جینایەتییە و ئەمەش وا دەکات دەق لەسەرکەوتن نزیک دەکاتەوە.

دوو : خوێندنەوەیەکی وردی خودی مانگرتنەکەی گاورباغی و بوونی لێکچوونێکی ورد لە نێوان دەقەکە و ڕووداوەکە.چ لە ڕووی داخوازییەکان و چ لە ڕووی نەخشەی ڕووداوەکان و چ لە ڕووی ڕۆڵی گرنگی ژنان لەو مانگرتنە، تا دەگات بە سەرکوتی چەکدارانە و قوربانییەکان و سەرنەکەوتنی مانگرتنەکە.(٧)
سێ : هۆشیاری نووسەر سەبارەت بە خەباتی ئابووری و سیاسی و تەنانەت مارکسیزم وەک دەربیجە و جیهانبینی ڕزگاری ئینسان لە ستەم و چەوسانەوە.
کاوە : نرخی مرۆڤ (٢٠) دینارە. مرۆڤ بە نرخترین سەرمایەیە لە ژیاندا.
حەمەشین : ئەمە دونیایە هەروا بووە و هەر وا ئەروا.
کاوە : دونیا هەر وا بووە بەڵام هەروا ناڕوا..ڕۆژێک ئەبێ کرێکار گەورەی خۆی ئەبێ.(٨)
یان :
بارام : خوێندن و زانیاری شۆڕشێکە بەسەر سەرمایەداریدا. برایان ئەمەوێ هەمووتان فێری خوێندن بن، چونکە بە خوێندەواری بەسەریانا زاڵ ئەبن هەروا داواتان لێ ئەکەم بە تەواوی دووژمنی خۆتان بناسن ئەوکات ئەتوانن بە تەواوی بەسەریانا زاڵ بن.(٩)
محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگنە ئینتمای سیاسییەکەی هەرچییەک بووبێت ( کە دیارە شیوعی بووە) گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ ئینتما چینایەتییەکەیەتی. خاوەن هۆشیارییەکی سیاسی – چینایەتی بەرز بووە. نووسەر هۆشیارانە گرنگی خەباتی ئابووری ناسیوە و لەوێشەوە بە خەباتی سیاسی کرێکارانەوەی گرێ داوە. ئەم گرێدانە توانیویەتی دەقەکە لە دەقێکی ئیکۆنۆمیستییەوە بکات بە دەقێکی سیاسیی. ئەمە گرەوی بردنەوە و سەرکەوتنی دەقی شۆڕشگێرانەیە لەڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییەوە.
بارام : با بڕوخێ پاشایەتی و ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستان
هەمووان : بڕوخێ…بڕوخێ…بڕوخێ.
بارام : بۆ دووژمنی نالەبار نابینە داری بەردار
هەموان : بۆ دووژمنی نالەبار نابینە داری بەردار
بارام : با بڕوخێ حوکمی شایەتی بۆگەن
هەموان : بڕوخێ…بڕوخێ…بڕوخێ.
دادگەر : دەریان کەنە دەرەوە. (١٠)
ئەمە ئەو ڕەگەزەیە کە مارکسیزم لە ترۆدۆنیزم و ئیکۆنۆمیستەکان جیا دەکاتەوە و لێرەشەوە سیفەتە شۆڕشگێرانەکەی مارکسیزم بەدیار دەکەوێت.
چوار : هونەری تەکنیک و هەڵبژاردنی جووڵە و دەنگی گونجاو و سەرەنجام هێنانە دەرەوەی دەقێک یان باشتر بڵێم خوڵقاندنی واقیعێکی نوێ لەناو واقیعە دراوەکەدا لەئاستێکی بەرز دایە.تەواوی دەقەکە لەسەر جووڵە و دەنگ ئەڕوات بەڕێوە و بێ بەشداری ڕەگەزەکانی تری شانۆ وەک (مۆسیقا و ڕووناکی و زمانی جەستە و تاد).ئەمەش ئەگەر لەلایەکەوە سادەییەکی پێوە دیار بێت، ئەوا لەلایەکی ترەوە دەرخەری توانایی نووسەرە.

ژنان و ڕۆڵی پۆزەتیڤانەی ژن
لە دەقی (مانگرتن)دا هەروەک لە واقیعی گاورباغیشدا وا بووە، بەشداری ژن ڕۆڵێکی گەلێ کاریگەری بینیوە لە گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکان و تەنانەت لە بەدەستهێنانی ئەنجامی جیاواز. نیزامی سەرمایەداری ستەمی ژنی وەک ستەمێکی ئەزەلی و ئەبەدی نیشان دەدا و هەوڵ دەدات ژنان وەک (ناقص العقل) و (عورة) و شتی تری بێمانا وەسف بکات. لە کاتێکدا ژنان نیوەی کۆمەڵن و ئازادی هیچ کۆـەڵگەیەک بێ ئازادی ژنانی ئەو کۆمەڵگەیە مەیسەر نابێت.لەم دەقەشدا نووسەر لە ڕێگەی(گوڵزار)ەوە وەک کچە لادێیەک سەرەتا لەگەڵ مەریوانی دڵخوازیدا وەک عاشقێکی سادە وێنا دەکات و دوایی دەبینین گوڵزار لەو دۆخە سادەییەوە دەچێتە دەرەوە و دەگۆڕێ بە ژنێکی خاوەن هەڵوێست و شۆڕشگێڕ.
(دەنگی کچە لادێی یەک لە دەرەوە)
گوڵزار : مەریوان ..مەریوان..مەریوان.
مەریوان : ئەمە دەنگی گوڵزاری ئامۆزامە.(١١)

تا دەبینین لە کۆتاییدا گوڵزار دەڵێ :
گوڵزار : دەرم مەکەن، ئەمەوێ ئامۆزاکەم ببینم بزانم چۆن دژی ئێوەی بەکرێگیراو قسە ئەکا.( پۆلیس دەری ئەکاتە دەرەوە) لەناو هۆڵی دادگا ئەڵێ: مەریوان لە مردن ناترسێ و هەتا هەتایە نابەزێ.(١٢)
لێرەدا خوێنەر هەقی خۆیەتی بپرسێت : ئایا ئەم گۆڕانە لە گوڵزار چۆن ڕوویدا؟ چی وای لە گوڵزار کرد لە لادێیەکی سادەوە بگاتە ئەو ئاستەی بچێتە ناو دادگا و لە بەرەی کرێکارانەوە دژ بە دادگا قسە بکات و ڕۆڵ بگێڕێت؟ بەتایبەتیش کە گوڵزار کە لەڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و داب و نەریتەوە هێشتا کچ عازەبە و شووی بە مەریوان نەکردووە. ئایا خوێنەر بۆی نییە ڕووی دەمی لە نووسەر بکات و بڵێ: ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی داخراوی نیمچە دەرەبەگایەتیدا دەژین و ئەم بازدانە لە دۆخی بیرکردنەوەی گوڵزار دوورە لە واقیع و ڕاستییەوە. ژن حیسابی مرۆڤی پلە دووی بۆ کراوە و پاشان خێزان هەیە و خێزانیش ڕۆڵی کۆت و بەند دەگێڕێت و پاشان سیستەم هەیە و ئاغا و دەست و پێوەندەکانی هەن. لەنێو ئەو تەلبەندە دڕکاوییانەی داب و نەریت و ئایین و کلتووری دوواکەوتوانەی سیستەمی دەرەبەگایەتی ئازادبوونی کچێک نزیکە لە مەحاڵییەوە.

چەن ئاریشەیەکی دەقەکە
ئاریشەکانی ئەم دەقە زۆر بەکاڵی دەبینرێن و بەچڕی خۆیان نمایش ناکەن. بۆیە ئەگەر بەوردی سەرنجی نەدەی ڕەنگە درک کردنیان ئاسان نەبێت. بەڵام گرنگە بزانین ئەو ئاریشانە چین و چ کاریگەرییەکیان هەیە بەسەر دەقەکەوە.بەلام منەوە ئارێشەکان ئاوا دەبینرێن.
یەک : خێرایی ڕووداوەکانی ناو دەقەکە وای کردووە بۆشاییەک دروست بێت لای خوێنەر.لە کاتێکدا نووسەر دەیتوانی بە چەند حیوارێک یان بە زیادکردنی پەردەیەک بەشێکی بەرچاوی ئەم خێراییە کەم بکاتەوە و بەرچاوڕوونی زیاتریش بداتە خوێنەر تا لە پەیامی کۆمەڵایەتی دەقەکە زیاتر نزیک ببێتەوە.
دوو : لە دیدگای مارکسیزمی ئەرسەدۆکسەوە نەنووسراوە و سێبەری سۆشیالیزمی ستالینی بەسەرەوەیە. ئەمە گوناهی نووسەر نییە چونکە ئەو ڕێبازە وەک ڕێبازێکی ئەدەبی و هونەری لە دوای ساڵی ١٩٣٤ەوە لە ناوەڕۆکە شۆڕشگێرانەکەی خۆی بەتاڵ کرایەوە و لەبری بەهێزکردنی ئینتمای چینایەتی بۆ خەباتی چینایەتی، ئینتمای سیاسی بۆ یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بەهێز دەکرد.محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگنە بێ ویستی خۆی و دوور لە ویستی خۆی سەر بەو ڕێبازە بووە.
سێ : شێوازی هێنانی ڕۆڵی ژن لە دەقەکە نا لۆژیکییە و چلۆن لە ناوەڕاستی دەیەی چلەکانی سەدەی ڕابردوو کچێک دەتوانێت بەتەنیا بچێتە ناو کەمپی ئیشکردنی کرێکاران؟ با گوندەکەشیان نزیک بە کۆمپانیا بێت. هەرچەندە دەزانین کچانی لادێ جۆرێک سەربەستتر بوون لە کچانی شار، بەڵام قەید و بەندی کۆمەڵایەتی ڕێگرە لەو پەیوەندییە و تەنانەت گەشە و بەرەوپێشچوونی گوڵزار لە کچێکی سادەوە بۆ کچێکی شۆڕشگێر لەو ماوە کەمەدا جێگای بڕوا نییە.
چوار : حەمەشین(جاسووسەکەی کۆمپانیا) وەک چێشتلێنەرێک کە هەرچەند خۆی کرێکارە و سەر بە بەرەی کۆمپانیایە، بەڵام ئەو دووژمنایەتییە سەرسەختەی دژ بە کرێکاران نا واقیعییە و تەنانەت لەخاوەن کار و کۆمپانیاش خراپیتر و زیاتر ڕقی لە کرێکار دەبێتەوە و دژایەتییان دەکات.
حەمەشین : ئەوانە کێن بە پەنجەیەک هەموویان راست ئەکەیتەوە و لەناویان ئەبەی.(١٣)
یان
حەمەشین : ڕاست ئەکەی بەخوا راستە ئەگەر تۆ نەبی ئەمانە پیاو ئەخۆن. یاخوا داری تۆ هەر لەسەر پشتیان بێ.(١٤)
یان :
حەمەشین : من گیانێکم هەیە هەموویان ئەهێنێ..ئەوان کێن..وەکوو کرمن.(١٥)
پێنج : کەشوهەوای ناو دەقەکە بەتایبەتی پەردەی دووەم کە بەفرێکی زۆر باریوە .
حەمەشین : حەوت شەو حەوت ڕۆژە بەفر ئەبارێ تەنانەت زەویش دیار نییە باشە زەوییەکە چی لێ هات؟ ئەم ئەم دێ ئە ناوی جی یە؟ ئۆف ف ف ف .(١٦)
وەک دەزانین شوێن لە دەقەکە بریتییە لە شاری کەرکووک و دەوروبەری. هاوین کرێکارەکان کاریان کردووە و عەجەب حەمەشین بەم بەفر بارینە نازانێت ئەم دێیە ناوی چییە؟ پاشان کەی لە کەرکووک حەوت شە و حەوت ڕۆژ بەفر باریوە؟ ڕەنگە ڕۆژێ یان دوو ڕۆژ بەفر باریبێت، بەڵام بەمجۆرە دوورە لە واقیعەوە و زیاتر پێوەنانە.

ئەنجام
سەرەنجام دوای ئاوڕدانەوەیەکی درەنگ لەم دەقە کرێکارییە، دەگەینە ئەوەی کە (مانگرتن)(١٨) دەقێکی شانۆیی کە گوزارشت لە ژیان و واقیعی ڕووداوێکی مێژووی گرنگ (مانگرتنی گاورباغی ساڵی ١٩٤٦) دەکات و هەوڵدانێکی سەرکەوتووانەشە لەوێناکردنی ئەو ڕووداوە مێژووییە گرنگە. دەقەکە چەند ئاریشەیەکی لەخۆ هەڵگرتووە و نووسەر چل ساڵ لەمەوبەر لەگۆشەنیگای ڕێباری ئەدەبی سۆشیالیستیی باوەوە دەقەکەی داڕشتووە و سەرباری هەندێ کەموکوڕی هونەری و میتۆدۆلۆژی، لایەنگیرییەکی بەهێزی بۆ خەباتی چینایەتی کرێکاران تێدا بەرجەستە بۆتەوە و دەتوانرێت بە دەقێکی هونەری مێژوویی ناوزەد بکرێت کە وێنەی لە بزووتنەوەی ئەدەبی کوردزماندا کەمە و هەر ئەم هۆیەشە وا دەکات ڕەخنەگری ئەدەبی مارکسیستیی نەتوانێت لا لەم دەقە ئەدەبییە نەکاتەوە.

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
حوزەیرانی ٢٠٢٠

————————————————

پەراوێز و سەرچاوەکان :
(١)محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگەنە ساڵی ١٩٤٠ لە شاری کەرکووک لە دایکبووە. لەساڵی ١٩٧١ ەوە نووسین بڵاو دەکاتەوە. چەندین بەرنامەی ڕۆشنبیری لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی عێراقدا ئامادە و پێشکەش کردووە. زیاتر لە ١٥ کتێبی لە بوارەکانی نووسین و وەرگێران ئامادە و بڵاو کردۆتەوە.
(٢)مانگرتنی گاورباغی (کرێکارانی نەوتی کەرکووک) لە ٤ی تەممووزی ١٩٤٦ زیاتر لە ٥٠٠٠ کرێکاری کۆمپانیای نەوتی کەرکووک لە باخچەی گاورباغی دەستیان دایە مانگرتن لەپێناو زیادکردنی کرێ و دەرنەکردنی بە کۆمەڵ و بەزۆری کرێکاران و بەدەستهێنانی مافی ڕێکخراوبوون و دانانی سندوقی بیمە بۆ نەخۆش و پەککەوتە و بەساڵاچووانی کۆمپانیا. ڕۆژی ١٢ی تەمموز هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی پاشایەتی تەقە لە مانگرتووان دەکەن و ١٦ کرێکار دەکوژن و ٣٦ کرێکاری تریش بریندار دەکەن.( بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە (مجزرة کاورباغي موقع عراقیپیدیا)
(٣)الفن و التصور المادي للتاریخ جورج بلیخانوف ترجمة جورج طرابیشي دار الطلیعة للطباعة والنشر بیروت لبنان الطبعة الاولی ١٩٧٧ ص ٧.
(٤)(٥)(٦)شانۆگەری مانگرتن نووسینی محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگەنە چاپی دووەم ١٩٧٩ لاپەڕەکانی ١٠ و ٤٦ و ٤٨.
(٧)العراق و الصناعة النفط و الغاز في القرن العشرین تآلیف غانم العناز الصادر بالغة الانجلیزیة عن دار نشر جامعة نوتنکهام البریطانیة في ایار ٢٠١٠. اضراب عمال نفط کرکوک او مجزرة کاورباغي غانم العناز صحیفة المثقف عدد ٥٠٣٢ في ١٥ حزیران ٢٠٢٠.
(٨)(٩)(١٠)شانۆگەری مانگرتن نووسینی محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگەنە چاپی دووەم ١٩٧٩ لاپەڕەکانی ٢٩ و ٣٢ و ٦٠.
(١١)(١٢)شانۆگەری مانگرتن نووسینی محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگەنە چاپی دووەم ١٩٧٩ لاپەڕەکانی ٢٣ و ٥٩.
(١٣)(١٤)(١٥)(١٦)شانۆگەری مانگرتن نووسینی محەمەد عەبدولڕەحمان زەنگەنە چاپی دووەم ١٩٧٩ لاپەڕەکانی٧و ٨ و ١٠ و ١٣ و ٢٨.
(١٧)جێی ئاماژەیە کە دەبێت سوپاسی زۆری هاوڕێی شاعیر و شانۆکار (حەمەی شانۆ) بکەم کە تەواوی کتێبی شانۆگەری مانگرتنی بۆ وێنەگرتم و بۆی ناردم.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish