Skip to Content

تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر و جێبەجێکردنی لە ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان).. دا گۆران سەباح

تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر و جێبەجێکردنی لە ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان).. دا گۆران سەباح

Closed
by تشرینی دووه‌م 25, 2021 General, Literature


ئەم تیۆریستانە دەستی باڵایان هەیە لەم قوتابخانە ڕەخنەییەدا: نۆرمان هۆلاند، ستێینلی فیش، لویس ڕۆزبلانت، وۆلفگانگ ئایسەر، هانس-ڕۆبەرت جۆس، رۆلان بارت، ئای ئەی ڕیچاردس و دێیڤد بلیچ. تیۆریستی نوێ، لۆیس تایسۆن، زێتر پەرەی پێ داوە.
ئەم تیۆرە ورد دەبێتەوە لە ئەزموون و پێوەندیی خوێنەر بە دەقێکی ئەدەبی. لە سی و چلەکان لەگەڵ لێشاوی ڕەخنەی نوێ بەدەر کەوت و لە حەفتاکان درەوشاویەوە، بەتایبەتی لە ئەمریکا و ئەڵمانیا (لۆیس، ٢٠١٥).
تیۆرەکە فراوان و گشتگیرە، بەڵام مانای ئەوە نییە هەر کەس بە کەیفی خۆی شتێک لەسەر ڕۆمانێک بنووسێت و پێی وابێت ئەم تیۆرەی جێبەجێ کردووە. نا. داخی گرانم لە نێو کوردان وایە. لێرەوە دوو پێشنیاز دەکەم بۆ ئەوانەی لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا کار دەکەن: ١- یان واز بێنە؛ ٢- یانیش وەرە ئەم تیۆرانە بخوێنەوە، باش هەرسیان بکە، ئەوجە لەسەر دەقی ئەدەبی جێبەجێیان بکە. کاری ڕەخنەیی وا دەبینم بێزم دەبێتەوە و هێڵنجم دێ.
تیۆرەکە “دەق چییە؟” و “دەق چی دەکات؟” لێک جیا ناکاتەوە. بە پێچەوانەی ڕەخنەگرە نوێیەکان، لێکی جیا دەکەنەوە و زۆرجاریش لێیان دەبێتە کێشە (لۆیس، ٢٠١٥).
تیۆریستانی وەڵامی خوێنەر دوو باوەڕیان هەیە: ١- نابێ ڕۆڵی خوێنەر لە تێگەیشتنی ئەدەب فەرامۆش بکرێت؛ ٢- خوێنەر هۆشیارانە و چالاکانە مانا لە دەق هەڵدەهێنجێت (لۆیس، ٢٠١٨).
لە بیرمان نەچێ، هیچ دوو خوێنەرێک هەمان خوێندنەوەیان نییە بۆ دەقێک. بەپێی تیۆرەکە ئەم فاکتەرانە کار لە وەڵامی خوێنەر دەکەن لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا: ئاستی ڕۆشنبیری، تەمەن، ئاستی زانیاری، ئەزموون، شوێن، چەشە، کەشوهەوا، کات و پاڵنەر (motive: مۆتیڤ(.
لۆیس تایسۆن (٢٠١٥) دەڵێ تەنانەت دەکرێ خوێنەرێک دوو خوێندنەوەی جیای هەبێت بۆ هەمان دەق لە دوو کاتی جیاوازدا. ئەوە بەسەر خۆمدا هاتووە. کاتی خۆی یەکێ بووم لە شەیدایانی رۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ی بەختیار عەلی، کەچی دوای چەند ساڵێک دووبارە خوێندمەوە، نەمتوانی تەواوی بکەم و فڕێم دا. ئەمڕۆ ڕۆمانێک دەخوێنییەوە زۆرت پێ جوانە، ڕەنگە دوو ساڵی تر بیخوێنییەوە هەمان خوێندنەوەت بۆی نەبێت. بۆ؟ هزر و زانیاری و تێڕوانین و ئەزموونت گۆڕاون.
مۆتیڤی خوێندنەوەی دەق گرنگە. بە چ چاوێک و بۆ چ مەبەستێک دەقەکە دەخوێنییەوە؟ بۆ مەبەستی چێژوەرگرتن؟ بۆ ڕەنگدانەوەی ئەزموونی خۆت؟ بۆ ڕاڤەکردنی توخمەکانی ڕۆمان وەک گرێ، کارەکتەر، کات و شوێن، تەکنیک؟ بۆ ڕاڤەکردنی تێما؟ لیستی مەبەستی خوێندنەوە بێژمارە.

لۆیس تایسۆن (٢٠١٥) ئەم تیۆرە ڕەخنەییە دابەش دەکات بەسەر پێنج بەشدا:

  1. تیۆری مامەڵەی وەڵامی خوێنەر (Transactional reader-response theory)
  2. کاریگەریی ستایل (Affective stylistics)
  3. تیۆری سەبجێکتیڤی وەڵامی خوێنەر (Subjective reader-response theory)
  4. تیۆری دەروونیی وەڵامی خوێنەر (Psychological reader-response theory)
  5. تیۆری کۆمەڵایەتیی وەڵامی خوێنەر (Social reader-response theory)
    وەک دەبینین تیۆرەکە فراوانە و چەندان وردە تیۆری لێ دەبێتەوە. با یەک بە یەک باسیان بکەین، تێیان بگەین.
    1- تیۆری مامەڵەی وەڵامی خوێنەر
    لویس ڕۆزنبلات (Louise Rosenblatt) ئەم لکەی داهێناوە. لویس ئافرەتێکی ئەمریکییە، لە ٢٠٠٥ مرد.
    ئەو نە خوێنەر نە دەق ڕەت دەکاتەوە. پێی وایە هۆردووکیان گرنگن بۆ بەرهەمهێنانی مانا. ئەم لکە تیۆرە ڕاڤەی مامەڵەی نێوان دەق و خوێنەر دەکات. چۆن ئەو مامەڵەیە ڕوو دەدات؟ کاتێ ڕۆمانێک دەخوێنینەوە، پڕۆسەی خوێندنەوەکە جووڵێنەرە، خوێنەر بە شێوەی خۆی وەڵامی دەداتەوە. لە کاتی خوێندنەوەدا، هەستکردن، جوڵانی یادەوەری، وروژاندن، خۆدیتنەوە ڕوو دەدەن (لویس، ٢٠٠٥). ئەمانە کاریگەرییان هەیە لە دروستکردنی مانا لای خوێنەرەکە. بێ لەمانە، شتەیلی تریش ڕۆڵ دەگێڕن: خوێندنەوەی دەقی پێشتر، ئاستی ئاگایی و زانیاریی خوێنەر، چەشەی خوێنەر، باری دەروونی و فیزیکی خوێنەر. بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە، خوێنەر ڕەنگە چەند جارێک پەرەگرافێک، لاپەڕێک، بەشێک، یان تەواوی ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە. لویس ناو لەم پڕۆسەیە دەنێت: پڕۆسەی خۆڕاستکردنەوە. ئەم پڕۆسەیە مانای دەق لای خوێنەر کامل دەکات.
    لویس باسی دوو جۆرە خوێندنەوە دەکات: ئیستاتیکی و ڕووکەش (Aesthetic and Efferent). خوێندنەوەی ڕووکەش تەنیا زانیاری و ڕووداو دەگرێتەوە. خوێندنەوەی ئیستاتیکی مانای پشتی زانیاری و ڕووداوەکانە. بۆ نموونە، خوێندنەوەی ڕووکەش بۆ ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان) ئەمانە دەگرێتەوە: شووشە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە، دەیەوێت چارەیەک بۆ پەتای خۆکوشتن بدۆزێتەوە. کۆمەڵێک ڕووداو ڕوو دەدەن. بە کورتی، خوێندنەوەی ڕووکەش واتە تێگەیشتن لە چیرۆکەکە، لە ڕووداوەکان. خوێندنەوەی ئیستاتیکی بۆ هەمان ڕۆمان: مرۆڤی هەرزان کۆدەکانی مرۆڤبوون، کۆدەکانی فەلسەفە، کۆدەکانی دەروونناسی و زانست و تەکنەلۆژیا تاقی دەکاتەوە.
    2- کاریگەریی ستایل
    ئەم لکە تیۆرە دەڵێت دەقێکی ئەدەبی لە کاتی خوێندنەوە لەدایک دەبێت. تا نەیخوێنییەوە، شتێک نییە وجودی هەبێت. دەقەکە ڕستە بە ڕستە، تەنانەت وشە بە وشە دێتە ڕاڤەکرن تا تێبگەین چۆن ستایل کاریگەری هەیە لەسەر خوێنەر لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا (لۆیس، ٢٠١٥).
    دەق مانای نییە بەبێ خوێنەر، بگرە ماناکەی بەندە بەو ئەنجامانەی خوێنەر پێیان دەگات. بێو باسی بنیادی دەقێل بکەین بەپێی ئەم تیۆرە، دەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەو ئەنجامانەی خوێنەر هەڵیهێنجاون لە دوای خوێندنەوەی دەقەکە.
    بۆ نموونە، با ڕاڤەیەکی ئەم پەرەگرافە بکەین لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا:
    شووشە دەڵێت، “وا دێن.” دەنگی ترسئامێزە، ناخی تژییە لە هەواڵ. دەیەوێت بڵێت چی تری بینیوە و چی بیستووە لە کاتی کۆمادا؛ لەباتیان، خۆی گرمۆڵە دەکات، ئەژنۆی بە سینگییەوە دەنووسێنێت. چاوانی وەک تیر لە بۆشایی ئاسماندا گیر دەکات.”
    یەکێکە لە پەرەگرافە هەرە گرنگەکانی ڕۆمانەکە. پەرەگرافی پێش کۆتاییە. تا ئەم پەرەگرافە خوێنەر وا دەزانێت کۆتاییی ڕۆمانەکە دڵخۆشکەرە و چارەیان بۆ خۆکوشتن دیتەوە، بەڵام ئەم پەرەگرافە بۆچوونەکان بەرەواژ دەکاتەوە. ئەم پەرەگرافە زۆر شت بە خوێنەر دەلێت، بەڵام لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە کە نایڵێت. ئەو شتەی کە ئەم پەرەگرافە نایڵێت ئەوەیە خوێنەر لە دڵنیاییەوە دەگوازێتەوە بۆ نادڵنیایی. دەستەواژەی “وا دێن” گرنگترین دوو وشەیە لەم پەرەگرافە، چونکە رۆمانەکە دەباتە ئاڕاستەیەکی تر. نازانین کێ دێت، نازانین چی دێت، بەس دەزانین مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە، ئەم پەرەگرافە کۆتاییی ڕۆمانەکە بە کراوەیی بەجێ دێڵێت تا خوێنەر خۆی پێشبینی بکات، تێڕامێنێت.
    لەم نموونە سادەیەدا بۆمان دەردەکەوێت ڕاڤەی دەق بەپێی ئەم تیۆرە ڕاڤەی وشە و ڕستە و پەرەگرافە، پێوەندییانە بە خوێنەر و ئەزموونی خوێنەر. ڕەخنەگر بەڵگە دەهێنێتەوە لە نێو خودی دەقەکە بۆ پاڵپشتیکردنی ڕاڤە و لێکدانەوەکانی.
    تیۆری سەبجێکتیڤی وەڵامی خوێنەری
    دێیڤد بلیچ (١٩٧٨) دەڵێ شتێک نییە بە ناوی دەقی ئەدەبی. بەپێی ئەم تیۆرە دەقی ئەدەبی بریتییە لە وەڵامی خوێنەر بۆ دەقەکە. واتە بێ خوێنەر دەقی ئەدەبیمان نییە. ئەو دەقەیشی ڕەخنەگرێک شی دەکاتەوە وەڵامی خوێنەرە.
    باشە مانای چییە کاتێ دێیڤد دەڵێ بێ لێکدانەوەی مانای خوێنەر بۆ دەق، شتێک نییە بە ناوی دەقی ئەدەبی؟ بۆ وەڵامی ئەمە، دەبێ بزانین دەقی ئەدەبی لای دێیڤد چییە. لای دێیڤد دوو شت هەن: ئۆبجێکتی ڕاستی و ئۆبجێکتی سیمبولی. وشەی چاپکراو، کاغەز، بەرگ، ڕستە، پەرەگرافی ڕۆمانێک هەمووی ئۆبجێکتی ڕاستین. کاتێ خوێنەر ئەم ئۆبجێکتە ڕاستییە دەخوێنێتەوە، هەستکردن، جوڵانی یادەوەری، بیرهاتنەوەی ئەزموون ڕوو دەدەن، ئەمانە ئۆبجێکتی سیمبولین (دێیڤد، ١٩٧٨). کەواتە ڕەخنەگر بەپێی ئەم سیمبولانە شرۆڤەی ڕۆمانەکە دەکات، نەک بەپێی ئۆبجێکتی ڕاستی. هەر ئەنجامێک خوێنەری پێی بگات، ئەوە دەقی ئەدەبییە، واتە دەقی ئەدەبی وشەی چاپکراو نییە لەسەر کاغەز، ئەوەیە لە میشکی خوێنەردا دروست دەبێت دوای خوێندنەوە.
    3- تیۆری دەروونیی وەڵامی خوێنەر
    ڕەخنەگری دەروونشیکاری، نۆرمان هۆلاند، پێی وایە مۆتیڤ (پاڵنەر)ی خوێنەر کاریگەری ئەوتۆی هەیە لەسەر چۆنێتیی خوێندنەوە. هۆلاند (١٩٧٥) دەڵێ لێکدانەوەکانی خوێنەر بۆ دەقێک خودی خوێنەرەکە ئاشکرا دەکات، نەک دەقەکە. پێی وایە چۆن لایەنی دەروونیمان دەجووڵێ لە ژیانی ڕۆژانەماندا، ئاواش دەجووڵێ کاتێ دەخوێنینەوە. بۆ نموونە، باوکت هەردەم سەرخۆشە و چەندان جار لە دایکتی داوە. لە ژیانتدا ناتەوێ کەس بە هیچ شێوەیەک باسی باوکت بکات چونکە پێی تێک دەچی. لایەنی دەروونیت بە هەمان شێوە وەڵامی دەبێت بۆ کارەکتەرێکی نێو ڕۆمانێک کە هەمان سیفەتی باوکتی هەبێت.
    خوێندنەوەی دەقێکی ئەدەبی لای خوێنەر بۆ پڕکردنەوەی پێویستی و ئارەزووە دەروونییەکانە (نۆرمان، ١٩٧٥). من دەڵێم بۆ چاککردنەوە و لێکدانەوەی دەروونیی خوێنەرەکەشە. بۆ نموونە، بێو خوێنەرێک قوربانی دەستی دێبابی بێت، کاتێ مرۆڤی هەرزان دەخوێنێتەوە خۆی دەبینێتەوە لە کارەکتەری مێتال کە قوربانی دەستی دێبابییەتی. مرۆڤی بەپێی ئەزموونی دەروونیی خۆی ڕاڤەی شتەکانی دەوروبەری دەکات. هەمان شتە لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانێکدا.
    پڕۆسەی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی دەق لای نۆرمان سێ قۆناغە: مۆدی بەرگری، مۆدی خەیاڵ و مۆدی گۆڕان. با بێین ئەم سێ قۆناغە لەسەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا تاقی بکەینەوە. بێرنی لومۆ دەناڵێنێت بە دەستی لەدەستدانی ژنەکەی، خەتای خۆی بوو، ئەو منداڵی نەدەویست، بۆیە ژنەکەی بەجێی هێشت. خوێنەرێک ئەزموونێکی هاوشێوەی هەبێت، کاتێ دەخوێنێتەوە، خێرا بەرگری لە کارەکتەرەکە دەکات، پاساوی بۆ دێنێتەوە. پاشان خەیاڵ دەکات لەسەر ئەم کارەکتەرە، مادام ئەو وایە، دیارە هەر ئەو بەتەنێ وا نییە، خۆی پێ چاک دەکاتەوە. پاشان قۆناغی یەکەم و دووەم بەکار دەبات بۆ قەناعەتکردن و ڕازیکردنی خۆی، بۆ شاردنەوەی حاڵەتە دەروونییەکەی.
    نۆرمان پێی وایە هەموو نووسەرێک خوێنەریشە. وەک ڕۆماننووس، ئارام محمد (٢٠٢١) دەڵێ خوێنیەری یەکەم لە ناو نووسەردایە. کاتێ ڕەخنەگرێک راڤەی مرۆڤی هەرزان دەکات دەبێ راڤەی گۆران سەباحی سەخوێنەر بکات نەک گۆران سەباحی نووسەر. بەم شێوەیە دەبێ ڕەخنەگر خودی نووسەر لە خوێنەری ناو نووسەرەکە جیا بکاتەوە.
    4- تیۆری کۆمەڵایەتیی وەڵامی خوێنەر
    ستێینلی فیش (Stanley Fish) دەڵێ خوێندنەوەی خوێنەر بۆ دەق سەرچاوە ناگرێت لە خودی خوێنەر، بەڵکو لە نێو ئەو کۆمەڵگەیە، ئەو ژینگەیە لێی دەژی. ئەو شتانەی وەریدەگرین لە ماڵەوە، لە برادەران، لە بازاڕ، لە میوانداری، لە قوتابخانە، زانکۆ، پەیمانگە، شوێنی کار، هتد، ئەمانە ڕۆڵیان هەیە لە پڕۆسەی خوێندنەوەی دەق. کۆمەڵ بڕیار دەدات نەک تاک (فیش، ١٩٦٧). کەواتە ئەمە پێچەوانەی تیۆری وەڵامی خوێنەری سەبجێکتیڤە کە تاک ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا.
    کاتێ خوێنەر دەچێتە نێو پڕۆسەی خوێندنەوە، کۆمەڵێک شت لەگەڵ خۆیدا دەبات کە پێوەندییان بە خودی خۆی نا، بە دەوروبەرەکەیەوە هەیە. ئەو شتانە یارمەتی دەدەن لە تێگەیین لە ڕۆمانەکە. بۆ نموونە، ڕەخنەگرێک دێ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان دەخوێنێتەوە. لێکدانەوە و ڕاڤە و تێگەییشتنی لە ڕۆمانەکە دەوەستێتە سەر ئەوەی چی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە پڕۆسەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە. بێو باکگراوندێکی بەهێزی ئایینی هەبێت، هەرچی لە ئایین تێگەیشتووە لەوێ بەکاری دەبات بۆ ڕاڤەی دەقەکە. بێو دژی ئایین بێت، ئەوەیش بەکار دەبات بۆ لێکدانەوەی دەقەکە. بۆیە، ئەوەی پابەندە بە ئایین دەڵێ غەدرت لە ئیسلام کردییە لە مرۆڤی هەرزان، ئەوەشی ناپابەندە دەڵێ ئیسلامت نوێ کردیتەوە و پێی ناخۆشە. خوێنەرێک پێمی گوت، “هەر گەیشتمە باسی نوێژکردن، یەکسەر کتێبەکەم فڕێ دا.” بۆ ئەم خوێنەرە وای کرد؟ کاردانەوەکەی ی تێگەیشتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باکگراوندەکەی.
    بەپێی کارەکانی لۆیس تایسۆن (٢٠١٨) لەسەر تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر، دەکرێ ڕەخنەگر ئەم پرسیارانە بکات بۆ ڕانان و ڕاڤەکردنی دەقێک. ئەمانە هەندێ پرسیارن، ڕەخنەگر ئازادە و دەتوانێت دەیان پرسیاری لەم جۆرە بکات:
  6. چۆن مامەڵەی نێوان دەق و خوێنەر مانا بەرهەم دێنێت؟ چۆن ناتەواوی دەق دەبێتە سەرچاوەی ڕاڤەکرن؟ (بۆ نموونە، چ ڕووداوێک، کارەکتەرێک، وەسفێک، هتد، حەقی خۆی پێ نەدراوە لە دەقەکە؟).
  7. ڕاڤەی ڕستە بە ڕستەی کورتە چیرۆکێک چیمان پێ دەڵێت لەبارەی ئەزموونی خوێندنەوەی دەق؟ جیاوازیی ڕاڤەی “دەق چی لە خوێنەر دەکات؟” و “دەق چی دەڵێت؟” چییە؟
  8. تێمای شوناس چۆن دروست دەبێت لە پڕۆسەی خوێندنەوەی دەقێکدا؟
  9. خوێندنەوەی خوێنەر بۆ دەقێک چییە، یان، خوێندنەوەی خوێنەر چیمان پێ دەڵێت لەسەر دەقێک؟


    سەرچاوەکان
    ئارام محمد (٢٠٢١). پۆل ریکۆر و پرسی گێڕانەوە. هەولێر.
    Bleich, David. Subjective Criticism. Baltimore, MD: The John Hopkins University Press, 1978.
    Fish, Stanley. Surprised by Sin: The Reader in Paradise Lost. New York:St. Martin’s, 1967.
    Holland, Norman. Five readers reading. New Haven, CT: Yale, 1975.
    Lois Tyson. Critical Theory today. New York: Rouledge, 2015, 2018.
    Rosenblatt, Louise. Making Meaning with Texts: Selected Essays. Portsmouth, NH: Heinemann, 2005.
Previous
Next
Kurdish