Skip to Content

ماڵئاوا مارف.. ئازاد ئەسوەد

ماڵئاوا مارف.. ئازاد ئەسوەد

Closed
by كانونی دووه‌م 24, 2022 General, Literature

پێشنیوەڕۆیەکی هاوینی ساڵی 1977 لە شەقامی جمهوریی کەرکوك لای دوکانی فەلافیلەکەوە پیاسەمان ئەکرد، لەوبەری شەقام لاوێك بە کراسێکی سپی و پانتۆڵێکی ڕەش و جووتێ سەنداڵەوە بەتەنیا پیاسەی ئەکرد، کەریم پەڕەنگ بانگی کردە ئەمبەرو پێی ناساندین: “مارف عومەر گوڵ”. مارف تازە لە کۆلیجی یاسای زانکۆی بەغدا وەرگیرابوو، خەندەیەکی هێمنانەی هەمیشەیی بە ڕوخساریەوە بوو.

پاش ئەو یەکترناسینە پەیوەندیمان توندوتۆڵ بوو و هەموو هەفتەیەک کە ئەگەڕایەوە کەرکوك لە کتێبخانەی ئاسۆ یەکمان ئەبینی. یان کە ئێمە ئەچووین بۆ بەغدا لە بەشی ناوخۆیی زانکۆدا لای مارف و هاوڕێکانی، (کەریم دەشتی و کەریم سۆفی)، ئەماینەوە. زۆر جاریش بۆ ماڵیان ئەچووین لە گەڕەکی بوڵاغ، لەنێو دارودرەخت و گوێ چەمێکدا کە ئەکەوتە پشت کەنیسە سوورەکەی ئیسکان، بەرامبەر گەراجی سلێمانی، لە کۆڵانێکی خواروخێچ، هەندێ خانوو لە شوێنی بەرز، هەندێك لە شوێنی نزم.

مارف ئەوسا لەهەموو بوارەکانی ئەدەب و هونەرو ڕۆژنامەوانیدا چالاك بوو: پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوکاری بوو، ڕیپۆرتاجی بۆ ئەنووسینەوەو جاروبار شیعری بڵاو ئەکردەوەو، بە شێوەیەکی کەمتریش، چیرۆکی بۆ مناڵان ئەنووسییەوە، هەروەها بابەتی لەسەر سینەماو گۆرانی و میووزیك بڵاو ئەکردەوە. ساڵانی پێشووتریش لە چەندین شانۆگەریدا وەك ئاکتەر بەشداریی کردبوو کە لە پاش یانزەی ئازاری 1970وە تاوەکو دەستپێکردنی شۆڕش لە 1974، لە کەرکوك نمایش ئەکران. هەروەها ئەو کاتەی لە زانکۆی بەغدا خوێندکار بوو بەرنامەیەکی ئەدەبیی هەفتانەی لە ڕادیۆی بەغدا پێشکەش ئەکرد شیعرو هەواڵی ئەدەبیی ئەخوێندەوە.

مارف لە سەرەتای حەفتاکاندا بەناوی (مارف عومەر بەرزنجی)یەوە بەرهەمەکانی بڵاو ئەکردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی نووسەرێکی تر هەبوو بەناوی (عومەر مارف بەرزنجی)و لە مارفی خۆمان ناسراوترو بەتەمەنتر بوو، ناوەکەی بوبووە مایەی چەواشە بۆ نووسەران و خوێنەوان. بۆیە مارف دواتر (بەرزنجی)یەکەی لە ناوەکەی کردەوەو ناوی باپیری بەکارهێنا (سەی گوڵ)، بەڵام بەبێ سەید.

مارف پتر بە شیعری “تۆ دایکمی ئەی وڵاتە شیرینەکەم” ناوبانگی دەرکرد، کە ساڵی 1978 لە هەفتەنامەی پاشکۆی عێراق بڵاوبۆوە. هاوڕێی نووسەرمان فایق سەعید، کە ئەوسا لە نووسینەکانیدا ناوی خۆی و باوکی بەکار ئەهێنا (فایق عبدالکریم)، شیعرەکەی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و لە گۆڤاری “الثقافة”دا بڵاوی کردەوە کە (د.صلاح خالص) لە بەغدا دەری ئەکرد. کەریم پەڕەنگ ئەوسا تێبینییەکی جوانی لەسەر ناونیشانی شیعرەکە داو وتی بریا تەنیا “تۆ دایکمی” بوایە. لەوێوە بیرۆکەی “کورت و پوخت” و لابردنی وشەی زیاد “حشو”مان لا گەڵاڵە بوو.

ساڵانی هەشتا کاتێ لە بالیسان بووم، مارف دوو شیعری خۆی بۆ هێنام و وای پێ باش بوو لە بڵاوکراوەکانی شۆڕشدا بەناوی (دلاوەر مەحموود)ەوە بڵاویان بکەینەوە. ئەوانیش شیعری “قۆچی قوربانی وڵاتم سووتەمەنیی ڕێی خەباتم” و “سروودی ڕاپەڕین” بوون (ژیان وەرزێکە کورت یا درێژە تۆوی خەبات و چاکە بڕێژە). بەڵام من دامە تاهیری خەلیلی تا بیانکا بە گۆرانی. مەجید خۆشناو ئاوازی بۆ دانان و تاهیری خەلیلی تۆماری کردن.

مارف لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد. لە کۆتایی ئەو دەیەیەشدا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا چوو بۆ (کیێڤ)ی پایتەختی ئۆکرانیا. پاش وەرگرتنی ماستەرو دکتۆرا لەسەر جێنۆسایدی کورد، لە ساڵانی نەوەتدا وەك پەنابەر ڕووی لە بەلجیکا کرد. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا من لە سویسڕا بووم، هێشتا ئیمەیل پەیدا نەبوبوو نامەمان ئەگۆڕییەوە. یەکەمجار کە داوای ناونیشانی لێ کردم، پێم وت بنووسە: سویسڕا: ئازاد ئەحمەد!. لە ڕاستیدا ئەوە ئیشارەت بوو بۆ بابەتێکی مارف کە ساڵی 1977 لە گۆڤاری بەیان لەسەر مردنی چاڕڵی چاپڵن نووسیبووی بە ناونیشانی (سویسڕا: چاڕڵی چاپڵن). چاپڵن کە دوا ساڵەکانی ژیانی لە سویسڕا بەسەر برد، ئەوەندە بەناوبانگ بوو، هێندە بەس بوو هەوادارانی لەسەر زەرفی نامەدا بنووسن سویسڕا: چاڕڵی چاپڵن بۆ ئەوەی بگاتە دەستی.

مارف لە بەلجیکا بێزار بوو. لە نامەیەکدا بۆی نووسیم شەوو ڕۆژ کرێکاری ئەکەم، ئەگەڕێمەوە کوردستان. ئەیویست لە بواری پسپۆرییەکەی خۆیدا کار بکات، یاسا. لە ئەورووپا ئەستەمە کارت لە بواری پسپۆریی خۆتدا دەستکەوێ، بۆیە گەڕایەوە کوردستان و لە زانکۆی سلێمانی دامەزرا.

سەرباری سەرقاڵبوونی بە زانکۆ، بە هەمان چێژو لیریکیەتی حەفتاکان و هەشتاکان، بەردەوام بوو لە شیعر نووسین. لە ڕووسیاو ئۆکرانیا هاوەڵیی زۆر نووسەری ناوداری کرد، لەوانە شاعیری گەورەی ڕووس یەفگینی یەفتۆشینکۆ. بڕیاری دابوو یادەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە. ڕەنگە مردن مۆڵەتی نەدابێ تەواوی بکات.

لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە موعجیزە ڕزگاری بوو، بەڵام مردن هەمیشە لە دەرفەتێك ئەگەڕێ لەپڕا پەلامار بدا.

ماڵئاوا مارف. مادام لە یادگەو دڵ و دەروونماندا ئەژیت، هەمیشە زیندووی.


وێنەکە لە ڕاستەوە: ئازاد ئەسوەد، کەریم پەڕەنگ، مارف عومەر گوڵ، غازی محەمەد، سلێمانی 2015

Previous
Next
Kurdish