Skip to Content

“پەروەردەی ئیسلامی”، پرسیارکوژی‎ ‎‏‌و گومانکوژی… شێرکۆ کرمانج

“پەروەردەی ئیسلامی”، پرسیارکوژی‎ ‎‏‌و گومانکوژی… شێرکۆ کرمانج

Closed
by April 26, 2022 General, Opinion


ئەم وتارە کە بەشی چوارەمە لەو زنجیرەی وتارەی کە دوابەدوای هێرشەکانی هەندێک کەس و لایەن بۆ سەر نوسەر و ڕوناکبیری کورد کاک شێرزاد حەسەن وا خەریکم دەیاننووسم. کاک شێرزاد لە کۆڕێکدا بەبنەما لەسەر هەندێک توێژینەوەی من گوتبوی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی کوردستان مرۆڤی داعشئاسا بەرهەمدێنن (‏تکایە بۆ پێناسەی داعشیزم و ئیسلامیزم تەماشای بەشی یەکەم بکە لەم زنجیرە وتارە کە لەژێر ناونیشانی “من بووم ‏نەک شێرزاد حەسەن” بڵاوبۆتەوە).
لە بەشی یەکەمدا پێداگریم لەسەر ئەوە کرد کە هەندێک لە دەقەکانی کتێبەکان بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێن ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا ‏دەژین لەم وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە، یان سەرانەی کرستیانبوونیان ‏بدەن یان دەبێت بیانکوژین. لە بەشی دووەمیش بە نیشاندانی چەند دەقێک لە کتێبەکان نیشانماندا کە منداڵان و خوێندکارانی کوردستان لەمیانی کتێبەکانی پەروەردەی ‏ئیسلامی لە جیاتی قەبوڵکردنی فرەیی و ڕێزگرتن فێری بێنرخکردنی ئایینەکانی دیکە دەکرێن. ‏‏لە بەشی سێیەم باسم لەوە کرد کە چۆن لە ڕێگەی کتێبەکاندا ئیسلام وەک ئایین بەسیاسیی دەکرێت و منداڵانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێن ‏بە ئیسلامیی، واتە چۆن ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆجیایەک لە قوتابخانەکان برەوی پێدەدرێت. ئەمەش خۆی لەخۆیدا بنەمایەکە و هەوڵێکە بۆ بەداعشکردنی منداڵان.
ئەم بەشە هەوڵێکە بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەسەر ئەوەی داخۆ پەیام‌ و بەهاکانی نێو کتێبەکانی “پەروەردەی ئیسلامی” چ جۆرە منداڵێک، خوێندکارێک، مرۆڤێک، یان نەوەیەک، بەرهەمدێنن. هاوکات، هەوڵێکە بۆ گۆڕینی خوێندنی ئایین لە قوتابخانەکانی کوردستان لە پەروەردەی ئیسلامییەوە بۆ ئایینناسی. پاڵنەری سەرەکیش بۆ ئەم هەوڵە ئەوەیە کە پەروەردەی ئایینیی کار و ئەرکی قوتابخانەکانی کوردستان نییە.
گرنگی توێژینەوە لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە (مینهاجی دیراسی) لەوەدایە کە لەنێو هەموو ئەو کتێب‌ و زانیاری ‌و زانینانەی (مەعریفانەی) لەبەردەستدان کتێبەکانی قوتابخانە لە هەر هەموویان کاریگەرییان لەسەر منداڵان ‌و لاوان‌ زیاترە. ئەمەش بە سوک‌و سانایی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە بێجگە لە دەق و پەیامەکانی ناو کتێبە مەنهەجییەکان هیچ کتێب‌ و زانیارییەکی دیکە لەم دنیایەدا نییە کە هەموو منداڵ ‌و لاوێک پێی ئاشنا بێت، چونکە خوێندن، وەک زۆربەی وڵاتانی دیکە، لە کوردستانیش بەزۆرییە (ئیلزامییە). ئەمەش وای کردوە کە خوێندکار حەزبکات یان حەزنەکات ئەوا زانیاری ‌و مەعریفە ئامادەکراوەکانی نێو کتێبە مەنهەجییەکانی بەسەردا دەبارێنرێت. گومانیش لەوەدا نییە کە ئەم زانیارییانە، وەک ئەو پەندەی دەڵێت “فێربوون لە منداڵی وەک نەقشهەڵگرتنە لەسەر بەرد”، جێپەنجەی خۆیان جێدێڵن.
پرسیارکوژی ‌و گومانکوژی
ئەگەر دروستکردنی پرسیار و گومان‌ و گەڕان بە دوای سێ پرسیارە گرنگ ‌و گەورە و جەوهەرییەکەی مرۆڤایەتی: ئێمە کێین؟ لەکوێوە هاتووین؟ بەرەو کوێ دەچین؟ کڕۆک‌ و خەمی سەرەکی سیستەمی پەروەردە بێت ئەوە منداڵانی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژی چوونیان بۆ قوتابخانە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەیان دەستدەکەوێت‌ و یەک دانە پرسیاری جەوهەری بێ وەڵام لەلای منداڵەکان نامێنێتەوە. گومانکردنیش، کە جەوهەر و سەرەتای هەموو لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و بەدواداچوونێکە، نەک لەلای مندڵان و خوێندکاران گەشەناکات بەڵکو ئەگەر هەشبێت دەڕەوێتەوە.
پرسیار لێرە ئەمەیە، داخۆ ئەو بانگەشەیەی ئێمە بنەمای لەسەر چ داناوە؟ بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکە چاوێک دەخشێنین بە کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی”. منداڵانی کوردستان لە وانەی یەکەمی کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی” بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی پێیاندەگوترێت کە “خودا پەروەردگارمانە خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ئاو وە هەموو شتێک”ـە. سەرنجێک لە ناوەڕۆکی ئەم دەقەی سەرەوە بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە:
یەکەم، لە ڕۆژی یەکەمی خوێندن، منداڵانی کوردستان وەڵامی هەموو پرسیارە فەلسەفییەکانی مرۆڤایەتیان، کە مرۆڤەکان هەزاران ساڵە بە دوایانەوە حەوداڵن، لە یەک ڕستەدا بە دەستدەکەوێت. چونکە ئەم دەقەی سەرەوە وەڵامی هەر سێ پرسیارە گەورە فەلسییەکەی، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن، داوەتەوە.
دووەم، ئەم دەقە چەمکی فەلسەفی زۆر قوڵ‌ و ئاڵۆز لە خۆدەگرێت کە لە توانای منداڵێکی تەمەن شەش ساڵیدا نییە کە بتوانێت بە سانایی تێیانبگات‌ و هەرسیان بکات.
سێیەم، ئەم دەقە منداڵی بێپرسیار و بێگومان لە پرسە فەلسەفییەکان بەرهەمدێنێت چونکە وەک گوتمان وەڵامی پرسە فەلسەفییەکانی بە ئامادەکراوی لە دەقەکە دەستدەکەوێت. بێجگە لەمە ڕستەکە زۆر بەشێوەیەکی ڕەهاییانە (ئیتلاقیانە) داڕێژراوە.
ئەم هەڵسەنگاندن‌ و ڕەخنانەی سەرەوە لەوانەیە ڕووبەڕووی ڕەخنە ببنەوە بەتایبەتی لەوانەی کە ئایینیان وەک ڕاستییەک و باوەڕێکی ڕەها وەرگرتووە و لای ئەوان ئایین جێگای هیچ پرسیار و گومانێک نییە. بۆنمونە، لەوانەیە کەسانێک هەبن ڕەخنەبگرن ‌و بپرسن ئەی باشە مەگەر خوا زەوی‌ و ئاسمان‌ و مرۆڤی نەڕسکاندوە/نەخولقاندووە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە ئێمە دەڵێین:
یەکەم، مەبەستی ئەم وتارە قسەکردن نییە لەسەر ئەوەی داخۆ ئەم دەقەی کە لە کتێبەکە هاتووە ڕاستە یان هەڵە، بەڵکو زیاتر قسەکردنە لەسەر شێوازی داڕشتنی ڕستەکە/دەقەکە، لەگەڵ ئەو پەیامانەی کە ئەم شێوە داڕشتنە دەیانگەیەنێت.
دووەم، کردنی پرسیارەکە بەمشێوەیەی سەرەوە لە چوارچێوەی پرسیارێکی پەروەردەیی-فەلسەفیی دەزگایەکی (ئینستیتۆیەکی) حکومی سەربەخۆ، وەک وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، دەردەچێت‌ و دەبێتە پرسیارێکی ئایینیی-فەلسەفی دەزگایەکی ئایینیی، وەک مزگەوت. ئەمەش دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی دیکە، ئایا وەزارەتی پەروەردە دەزگایەکی حکومییە یان ئایینییە؟ دیارە ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی بە حکومەتێکی نائایینی (مەبەست لە نائایینی دژە-ئایین نییە) دابنێت ‌و وڵات لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایین، وەک بەخۆی ئیدیعا دەکات، بەڕێوەببات ئەوا ئەوکات دەبێت پێداچوونەوە بکات بە شێوەی داڕشتنی نەک تەنیا ئەم دەقە بەڵکو زۆربەی دەق ‌و ڕستەکانی کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی”، کە دواتر باس لە هەندێکی دیکەشیان دەکەین.
پێداچوونەوەکەش کارێکی هێندە سەخت نیە. هەنگاوی یەکەم لەوە دەستپێدەکات کە هەر ئێستاکانێ وەزارەتی پەروەردە دەستیداوەتێ ئەویش بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی خوێندنی “پەروەردەی ئیسلامی” بۆ “ئایینناسی”یە. مەبەستێکی سەرەکی ئەم وتارە خزمەتکردنە بەو هەنگاوە. هەنگاوی دووەمیش دەبێت ئەوە بێت داخۆ مەبەست لە ئایینناسی چییە؟ بە چەند نمونەیەک دەکرێت هەندێک تیشک بخەیەنە سەر چۆنییەتی کارکردن بە ئاراستەی گۆڕینی وانەکانی پەروەردەی ئایینی بۆ ئایینناسی‌ و ڕزگارکردنی دەقەکان لە خسڵەتە پرسیارکوژی ‌و گومانکوژییەکانیان.
بە چاککردنی ئەم دەقەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، دەستپێدەکەین. دەقەکە لە کتێبەکەی پۆلی یەکەمی بنەڕەتیدا دەڵێت “خودا پەروەردگارمانە خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ‏ئاو وە هەموو شتێک”ـە‏. ئەم دەقە لە دیدێکی ئایینییەوە سەرچاوەی گرتووە و نوسراوە کە دەکرێت شیاو بێت بۆ کتێبێکی ئایینیی کە لە دەزگایەکی ئایینیی، وەک مزگەوت بخوێندرێت، بەڵام نوسینی ئەم دەقە لە توێی کتێبێکی قوتابخانەیەکی حکومی نەگونجاوە. لە کتێبەکانی قوتابخانە حکومییەکان دەبێت ئایینناسی بخوێنرێن نەک پەروەردەی ئایینیی‌ و ئیسلامی. ئەوەش بە مانای ئاشناکردنی خوێندکاران بە هەموو ئایینەکانی دنیا لەسەروی هەمووشیانەوە ئایینی ئیسلام چونکە ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە.
لەوانەیە هەندێک کەس پرسیاری ئەوە بکەن باشە چۆن دەکرێت دەقێکی ئایینی وەک ئەو دەقەی سەرەوە لە جیاتی ئەوەی وەک دەقێکی ئایینی ڕەها، وەک دەقێکی ئایینناسی بخرێتە نێو توێی کتێبەکان. لە وەڵامدا دەکرێت بڵێین ئەمە کارێکی زمانەوانی زۆر سەخت نییە. ئەویش بە داڕشتنەوەی دەقەکە دەبێت، بەبێ ئەوەی تانە لە جەوهەری بڕوای موسڵمانانیش بدرێت کە باوەڕیان بەوە هەیە کە خوا زەوی ‌و ئاسمان‌ و مرۆڤی خولقاندوە. داڕشتنەوەکەش دەکرێت بەمشێوەیە بێت: “موسڵمانان پێیانوایە کە خوداکەیان خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ئاو و هەموو شتێک”ـە.
ئەم داڕشتنە، دەقەکە لەو دەربڕە ڕەهاییە ڕزگاردەکات کە داڕشتنەکەی پێشووتر هەیبوو. لە پاڵ ئەمیش دەرگای پرسیار ‌و گومان لەبەردەم خوێندکاران داناخات چونکە ئەم دەقە ئەو مانایە دەبەخشێت کە ئەوە لە دیدی موسڵمانانە کە خودا ئاسمان‌ و زەوی ‌و مرۆڤی خولقاندوە. دەقە نوێکە ئەم دیدەشی وەک هەقیقەتێکی ڕەها وەرنەگرتووە. فەزاکانی ئەم دەقە جێگای دیدی دیکەی تێدا دەبێتەوە و دەرگاش ئاوەڵا دەکات لەڕووی کۆمەڵێک پرسیار، کە گرنگن بۆ منداڵ.
کاریگەریی ئەم داڕشتنە لەسەر منداڵانی کوردستان بە زۆر شێوە دەبێت، لەوانە:
یەکەم، پرسیاری ئەوە لەلای خوێندکاران دروستدەکات کە ئەمە تاکە دید نیە و تێگەیشتن ‌و تێڕوانینی دیکەش هەیە بۆ ئەم پرسە گرنگەی مرۆڤایەتی.
دووەم، گیانی قەبوڵکردنی دیدگاکانی دیکە لەلایەن خوێندکاران دروستدەکات چونکە دیدگاکە ڕەهاییگەرانە دانەڕێژراوە.
سێیەم، هەلی پێکەوەژیان‌ و تەبایی لەنێوان ئەندامانی گەلی کوردستان لەنێوخۆیاندا و لەگەڵ گەلانی دیکە دروستدەکات. ئەمەش بەوەی کە منداڵانی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژ و یەکەم وانەی قوتابخانە بە گیانی فرە دیدگەیی گۆشدەکرێن نەک تاکڕەویی کە دید و دەستپێکی دەقەکەی نێو کتێبەکەیە.
چوارەم، ئەم داڕشتنە دەبێتە بەردی بناغەی پێکەوەژیان‌ و تەبایی ئایینی‌ و ئایدیۆلۆجی لە کوردستان.
لە بەشی داهاتوودا هەندێک ئەنجامگیری لە گفتوگۆکانی ئەم بەشە دەکەین و چەمکگەلی وەک ڕەهایگەرایی و تاکڕەویی زیاتر شەنوکەو دەکەین.

شێرکۆ کرمانج

Previous
Next