دینبازو سیاسەتباز… سانا ئامانج ئەحمەد
بەرلەهەر شتێک لاتان سەیر نەبێت کە بۆچی بابەتەکەم لەسەر دین و سیاسەتە، کە تاڕادەیەک دوو شتی لەیەکتر دورن. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە ئەوە نیشان بدەم، کە لێکچونێک هەیە لەنێوان دینبازەکان و سیاسەتبازەکان. وە کۆیلەکانی سەردەمی کۆن و کۆیلە مۆدێرنەکانی ئەم سەردەمە. هەروەها مەلاکان و سیاسییەکان، یەکێک بەناوی دین و نوێنەری خوداوە سواری پشتی خەڵکی عەوام بووەو ئەویتریشیان بەناوی سەرکردەو کوردایەتی و قەومیەتەوە.
ھەرچەندە زۆربەی ”مەلا” دینبازەکانی ئیسلامی لە سەردەمی ئەمرۆماندا نکۆڵی لە بوونی کۆیلایەتی لە ئیسلامدا دەکەن و تەنانەت ھەندێکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسلام کۆیلایەتی نەھێشت و قەدەغەی کرد. بەلام دەقەکانی قورئان و شەریعەت و مێژووی ئیسلامی و فەرموودەکانی خودی پەیامبەری ئیسلام ڕێک پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. نکۆڵی لەوە ناکرێ کە پێش ھاتنی ئیسلامیش کۆیلایەتی ھەبووە بەلام بە ھاتنی ئیسلام نەک ھەر کۆیلایەتی قەدەغە نەکردووە بەڵکو برەوی زیاتری بە کۆیلایەتی داوە و لەناو شەریعەتی ئیسلامیدا جێگای کردۆتەوە و لە قورئاندا بە ئاشکرا دەلێت: مرۆڤی ئازاد بەرامبەر مرۆڤی ئازاد و کۆیلە بەرامبەر کۆیلە و ژن بەرامبەر ژن. واتا ئەگەر مرۆڤێکی ئازاد مرۆڤێکی تری ئازاد بکوژێ ئەوا دەکوژرێتەوە بەلام ئەگەر مرۆڤێکی ئازاد کۆیلەیەک بکوژێ ئەوا ھیچی لەسەر نیە و بۆ ژنیش بە ھەمان شێوە. پەیامبەری ئیسلام دەلێت ھیچ کۆیلەیەکی ھەڵاتوو خودا پەرستیەکەی قبوڵ نیە تا ئەو کاتەی دەگەرێتەوە ژێر دەستی خاوەنەکەی. خودی پەیامبەری ئیسلام خاوەنی ھەزاران کۆیلە بووە کە لە شەرەکاندا وەکو دەستکەوتی جەنگ بەدەستی ھێنابوون و دوای دابەشکردنی بەسەر ھاوەڵەکانیدا ئەوەی دەمایەوە دەیفرۆشت و بە پارەکەی چەک و ئەسپی دەکڕی بۆ بەھێز کردنی سوپاکەی و بەدەستھێنانی کۆیلەی زیاتر. قورئان لە چەندین دەقدا ئاماژەی بە کۆیلە داوە و شەرعیەتی بە کۆیلە کردنی مرۆڤ داوە. ھەروەک دەلێت ئەو پیاوانە سەرکەوتوون کە پارێزگاری لەناو گەڵیان دەکەن تەنھا بۆ ژنەکانی خۆیان و ژنە کۆیلەکانیان نەبێت ئەوانە لۆمە ناکرێن. واتا ئەوانەی سێکس لەگەل ژنە کۆیلەکانیان دەکەن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر ئەمانە لۆمە ناکرێن.
لێرەدا ھیچ گومانێک نامێنێت کە شەریعەتی ئیسلامی کۆیلایەتی حەلال کردووە. لە ئیسلامدا عەورەتی ژنی کۆیلە لە ناوکیەوە تا سەر ئەژنۆیەتی واتا پێویست ناکات سنگی داپۆشێت تەنانەت عومەری کوڕی خەتاب نەیھێشتووە کە ژنە کۆیلەکانی سنگ و مەمکیان داپۆشن بۆ ئەوەی کە لە ژنە ئازادەکان جیا بکرێنەوە. وە لەسەردەمی عەباسی و عوسمانیەکان زۆر جار ژنە کۆیلەکان بە نیمچە ڕووتی یان بەتەواوی ڕووت لە بازارەکانی فرۆشتنی کۆیلە وەستێنراون و کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە. قێزەونترین جۆری بە کۆیلەکردنی مرۆڤ لە مێژوودا دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی عەباسی و عوسمانیەکان چونکە جگە لە کۆیلە کردنی مرۆڤ زۆرجار پیاوەکانیان دەخەساند و ھەندێک جار بەتەواوی ئەندامی نێرینەی کەسەکەیان دەبڕی بە تایبەتی ئەوانەی کە لە ماڵەکاندا کاریان دەکرد چونکە خاوەنەکانیان دەترسان لەوەی دەست لەگەل خێزانەکانیان تێکەڵ بکەن بۆیە ئەم کۆیلانە دەخەسێنران. ھەندێک لە خەلیفەو دینبازو ڕێبەرانی ئیسلام ھەزاران ژنە کۆیلەیان ھەبووە و تەنانەت مناڵ و ھەرزەکاری کوڕیشیان دەکڕی و دەستدرێژی سێکسیان دەکردنە سەر.
. لە کاتی شەری ناوخۆی سوداندا لە نێوان سالانی ١٩٨٣-٢٠٠٥ مەلاکان و لێژنەی فەتوای سودان فەتوای بەکۆیلە کردنی مەسیحی و غەیرە موسولمانەکان دەدەن و لەئاکامدا زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار مرۆڤی مەسیحی و غەیرە موسولمان دەکرێن بە کۆیلە. لەکاتێکدا مرۆڤی مەسیحی لەسەر بنەمای ئاشتی و خۆشەویستی و بەیەکەوە ژیان پەروەردەکراوە. وە ئایینی مەسیحیش ئاینی ئاشتی و ئازادی و ڕێزگرتنە لە مرۆڤایەتی. بەڵام ئیسڵام باوەڕی بە جیهادی قیتالەو دەڵێت دەبێت بە زەبری شمشێرو فتوحات واتا داگیرکاری دەسەڵاتی ئیسلام بچەسپێنین.
ئەمە پوختەیەک بوو سەبارەت بە ئەو ڕێبەرو مەلایانەی ئیسلام، کە من بە دینبازو بازرگانانی دین تەحریفیان دەکەم. دواتر با بێمە سەر ئەو بەناو سەرکردەو سیاسییانەی کوردستان و عێڕاق کە ئەوانیش بێجگە لە سیاسەتبازو جەللادو خوێنمژ هیچیتر نین. ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت ڕێک بەکۆیلەکردنی مرۆڤە. بەس پێشتر ئیسلام بەجۆرێک مرۆڤی بە کۆیلە دەکردو ئێستاش یەکێتی و پارتی بەجۆرێکیتر چەند ملیۆن مرۆڤێکیان کردووە بە کۆیلە. کۆیلەکانی یەکێتی و پارتی پێیان دەوترێت کۆیلەی مۆدێرن، ئەوانیش چەند گروپێکن، تاقمێکیان ئەو ماستاوچی و بکوژو جەللادانەن کە خۆیان بەتەواوەتی بە دەسەڵاتداران فرۆشتووەو، لەجیاتی خوا سەرکردەکانیان دەپەرستن. ئەوان ئەم شەق وەشێنانەن کە لەخۆپیشاندانەکان مامۆستاو پزیشک و پارێزەران ئەدەنە بەرشەق. ئەوانەن ئەم کەسانەن کە لەهەڵبژاردنەکاندا سندوقەکان پڕ دەکەن لە دەنگی ساختە، ئەوانەن کە بۆ دوو شیش کەبابی چەور ڕۆژنامەنووسێک دەکوژن. جۆرێکیتریان ئەوانەن بەدرێژایی ٣١ ساڵی حوکمی مافیاکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی خەڵکانێکی زۆر بە مەبەست برسی دەکرێن و زەلیل و سەرشۆڕ دەکرێن، ئینجا لەئاخیردا مافیاکانی دەسەڵات موچەیەکی ڕەمزی ئەدەن پێیان و بەم موچەیە هەم دەمیانیان دەبەستن، هەم کردویانن بە کۆیلەیەکی شەرمنۆک. چونکە کەسەکە هیچ حەلێکیتری نییە یان دەبێت کۆیلایەتی مافیاکان قبوڵ بکات یان ژن و مناڵەکانی لەبرسان دەمرن. جۆرێکیتری کۆیلەکانی دەسەڵات، هەندێک لە ڕۆژنامەنووس، ڕۆشنبیر و کەسایەتییە ناسراوەکانن، کە ئەمانیش بە زەبری پارە دەمیان بەستراوەو بۆیان نیە ڕەخنە بگرن و ئەبێت چاوشۆڕ و قەڵەم شۆڕی دەسەڵات بن. بەناچاریش پیاهەڵدان بەدەسەڵاتێکدا دەکەن، کە خۆیشیان باوەڕیان پێنییە.
ڕاستی من نازانم لەکوێ دەستپێبکەم و باسی کام فەسادی بکەم، دەسەڵاتی کوردستان و هەم عێڕاقیش نمونەیان نییە لە قێزەونی لەدونیادا مەگەر دەسەڵاتی تاڵیبان لەئەوان دڕندەتربێت، ئەگینا نییە.
یەکێتی و پارتی چۆن خەڵکێکی زۆریان کردووە بە کۆیلەی خۆیان ئەوهاش خۆیان بوون بە کۆیلەی دەوڵەتانی دوژمن، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کاری سیخوڕی بۆ ئێران دەکات، و وەکو لقێک لەدەزگای ئیتڵاعات و سوپای پاسدارانی ئێران وایە. ئەوەی حوکمڕانی ڕاستەقینەیە لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەوا ئێرانە لەناو بەرگی یەکێتیدا. هەروەها پارتیش بەشێکە لە دەزگای هەواڵگری میتی تورکیاو ئەوەی لە هەولێرو دهۆک حوکمڕانی حەقیقییە ئەوا تورکیایە لەبەرگی پارتیدا.
لەلایەکیترەوە پارتی و یەکێتی لەڕووکەشدا شەڕی تیرۆر دەکەن و لەژێرەوە بازرگانیان لەگەڵ داعش دەکردو تەنانەت ئەو چەکە قورسانەی لە ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکانیان وەردەگرت وەکو چەکی تانک بڕی میلان، لەژێرەوە بەداعشیان دەفرۆشتەوەو داعشیش بەهەمان چەک هێرشی دەکردە سەر پێشمەرگەو سوپای ئەمریکی.
هەرچەند بڵێم و بنوسم لەکارو کردەوەی قێزەونی یەکێتی و پارتی هەر تەواو نابێت. بەس ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەق وایە چیتر ئەم ناعەداڵەتییە قبوڵ نەکرێت. ئاخر دوو چینی زۆر جیاواز لەناو کۆمەڵگادا دروست بوون. چینێک بەرپرسان و ژن و مناڵەکانیان لە بەهەشتدا دەژن و چینێکیش نان نییە بیخۆن. کاتێکیش خەڵکی برسی هاوار دەکات و دەڵێت نان نییە بیخۆین، مناڵە لوسکەڵەکانی دەسەڵات بە غرورییەوە دەڵێن، دەی کە نان نییە، پسکیت بخۆن.
دەسەڵاتی کوردی زۆر بێباکەو ترسی نییە لە ڕوخان، چونکە یەکێتی کوڕی ئێرانەو پارتیش کوڕی تورکیایە، بۆیە ئەو زەمانەتەیان لەم دوو وڵاتە وەرگرتووە کە بیانپارێزن، بۆیە ئاوا چاو قاییمن، بەئاشکرا نەوت و غازی وڵات دەدزن و وڵات تاڵان دەکەن، مافەکانی هاوڵاتیان نادەن، ئازادی تاکەکەسی و ئازادی سیاسیی بوونی نییە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان نییە، یاسا بوونی نییە، گەورەترین چەتەیی و بەتاڵانبردنی سەروەتی گشتی هەیە، شکاندنی کەڕامەتی مرۆڤ هەیە، کوشتن و ڕفاندن بە دەستی یەکێتی و پارتی هەیە. ئیتر هەرچی قێزەونی هەیە لەژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی جەللادی بارزانی و تاڵەبانی بوونی هەیە.
ئەمڕۆ ڤیدیۆیەکم بینی ناو جەرگەی سلێمانییە، بارتەقای سێ لۆری گەورە خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکان کەوتووەو شارەوانی پاکی ناکاتەوە. یانی تەنانەت پاککردنەوەی خاشاک کە ئەرکی حکومەتە نایکات. لەلایەکیترەوە جادەو ڕێگەکان وێرانن، ڕۆژانە دەیان بریندارو گیان لەدەستدان هەیە بەهۆی خراپی ڕێگەوبانەکان. تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی هاوڵاتیان خۆیان کۆڵانەکانی خۆیان قیڕ دەکەن، ئا ئەمەیە بێشەرمترین و ڕوو ڕەشترین و سەرشۆڕترین حکومەت لەدونیادا.
هەر ئەمڕۆ هەواڵێکیترم بەرچاو کەوت، کە دەڵێت، بەشێک لەو گەڕەکانەی لە هەولێری پایتەختی کوردستان هەتا دوای جەژن بێ ئاو دەبن بریتین لە، هەولێری نوێ، فەرمانبەران، ٥ی حەسارۆک، مامۆستایان، شێخ ئەحمەد، گوڵان، هەڤاڵان، باداوە، زانکۆ، گەڕەکەکانی دەوروبەری شەقامی ٦٠ مەتری، قەڵاتی نوێ، هاوکاری و هەموو گەڕەکەکانی نێوان جادەی شۆڕش و جادەی کەرکوک. هەواڵەکە دەڵێت هەموو ئەم ناوچانە هەتاکو دوای جەژن بێئاو دەبن. دەی خۆ ئەم هەموو گەڕەکانە تەواوی هەولێر دەگرێتەوە، بێجگە لە ناوچەی نیشتەجێبونی دەسەڵاتدارە دزو مافیاکان. دەی بەم جۆرە هەولێر دەکەن بە دووبەی ها ؟ کام دوبەی؟ ئەو دوبەیەی دوو پڕیشک باران دەبارێت و شار ژێر لافاو دەکەوێت؟ یان ئەو دوبەیەی دوو حەفتە تەواوی شار بێ ئاو دەبێت؟ یان ئەم دوبەیەی کەس ناوێرێت دەمی بکاتەوە، مەگەر لای دکتۆری ددان نەبێت.