
باجی جیانووسین: ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر … د.ئه‌حمه‌دی مه‌لا
شیعر لای سه‌باح ره‌نجده‌ر له شیکلی جیهانێکدایه، که نه سه‌ره‌تای دیاره نه کۆتایی، به‌ڵکو له په‌ڵه‌ی جوانیی، له ده‌نگی نامۆ، له بزاوتێک، له ئاماژه‌یه‌ک، له ساتمه‌یه‌ک، له بیره‌وه‌رییه‌ک پێکهاتووه؛ له کۆتاییدا، هه‌موو شتێک لای شاعیر ده‌بێته مادده و مایه‌ی شیعر. ره‌نگه باس له‌سه‌ره‌تایه‌ك بکات، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌کی زه‌مه‌نی نییه، به‌ڵکو له ئێستایه‌ک پێکدێت، که زه‌حمه‌تیشه ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرین. له زمانی ئینجیله‌وه ئه‌وه فێرده‌بین که (له سه‌ره‌تادا وشه هه‌بوو)، ئه‌گه‌ر (وشه) مه‌به‌ست له کرده‌ی خه‌لق بێت، ئه‌وه به (کردار)یش ده‌کرێت لێکبدرێته‌وه, به‌ڵام له ژێر زمانی شاعیر ئه‌وه ده‌خوێنینه‌وه که (له سه‌ره‌تادا ته‌نیا جوانیی هه‌بوو). جوانیی لای رۆمانسییه‌کان دونیایه‌کی خه‌یاڵییه، دونیایه‌کی دووره‌ده‌سته, به‌ڵکو له زۆرباریشدا، ئاوێته‌ی مه‌رگیش ده‌بێت. هه‌ر ئه‌و جوانییه‌یه، دواتر رامبۆ به (تاڵ) ده‌یچوێنێت.
لۆژێکی شیعر، له سه‌ر نالۆژیک به‌نده، جیهانیئهم شاعیره وه‌کو نارنجۆکێک هه‌پروون به هه‌پروون بووه، هیچی به‌سه‌ر یه‌که‌وه نه‌ماوه، پارچه‌کانی جارێکی دی مه‌حاڵه پێکه‌وه گرێ بدرێنه‌وه، به‌ڵام هه‌ر پارچه‌یه‌ک خۆی له خۆیدا پێکهاته‌یه‌کی شیعرییه. ئه‌م جیهانه ئینسان تووشی گێژبوون ده‌کات، ئه‌و گێژبوونه‌ی که رامبۆ ده‌یویست ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت. ئایا ئه‌م کرده‌یه به شیعر ئه‌نجام ده‌درێت، ئایا شاعیر ده‌توانێت ئه‌م جیهانه له‌یه‌کترازاوه، له یه‌کداماڵاوه جارێکی دی بداته‌وه ده‌م یه‌ک و وه‌ک سه‌نعه‌تکارێک، هه‌وڵی ئه‌وه بدات برین و شوێنه‌واری ئه‌و ئازارانه بسڕێته‌وه؟
شیعر ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا
گوتی له دووره‌وه هاتووم و نه‌زرم له خۆم گرتووه
نیشانه‌ی زیندووكردنه‌وه بناسم
شاعیر زۆر خولیای جیهانی خۆیه‌تی، هه‌ست ناکات که کات تێده‌په‌ڕێت، هه‌ست ناکات که ده‌ره‌وه کاریگه‌ریی به سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌وه‌وه هه‌یه، به پێچه‌وانه‌وه ره‌نگه بیه‌وێت، جیهانه شیعرییه‌که‌ی خۆی ببێته مه‌رجه‌ع، نه‌ک ئه‌زموون، بۆیه هه‌ست به گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی له ده‌قه سه‌ره‌تاییه‌کانی و ده‌قه تازه نووسراوه‌کانی ناکه‌ین. جیهانی شیعریی ئه‌و به بێ که‌لێن دروست بووه؛ ره‌نگه بواریشمان نه‌داتێ هه‌ناسه‌ی تێدا بده‌ین. وه‌کو ئه‌وه‌ی ئینسان له دوا ساته‌کانی خۆیدا بژێت و ئه‌وه‌ی ده‌مینێته‌وه ته‌نیا هه‌ر شیعر بێت. به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌و جیهانه به بێ خاڵ، به بێ وێرگوڵ، به بێ مه‌سافه‌ی نێوان وێنه‌کان، به بێ سپێتی، به بێ په‌نجه‌ره و ده‌رگا. جیهانێکی سیخناخه به خودی خۆی. ده‌ق جێگای واقیع ده‌گرێته‌وه.
وەك یەكەم ڕۆژی چوونە قوتابخانە لافاو لەو جۆگەیە نیشتەوە خوداناس بۆ دەستنوێژ گرتن دەچنە سەری ئەو شەقامانەی هاتوچۆیان لێ بەستراوە ڕێكخراوی جانەوەران بە دەستە بەدەكانیان ڕووناكییان لە بن دروشمەكانیان درۆزن كرد
ئه‌م جیهانه سوریالیئامێزه، له‌هه‌مان کاتیش‌دا لۆکاڵیشه، به تێرم و موفره‌ده‌ی ده‌شتی دزه‌یی ئاوس ده‌بێت، به ئاماژه‌یه‌کیش بۆ فه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر کۆتایی دێت؛ پانتاییه‌کی خاوه، دووباره‌بوونه‌وه‌ی خودی خۆیه‌تی، که‌مێک هه‌ست به ره‌تابه‌ت ده‌کرێت، به‌رجه‌سته‌کان له نێو دژایه‌تی و به دژایه‌تی خۆیان ده‌ژین. هیچ شتێک له کۆتاییدا، په‌یوه‌ندی به هیچ شتێکه‌وه نه‌ماوه. هه‌موو (پنت)ێک سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واوی هه‌یه؛ بۆ خودی خۆی واقیعێکه. شاعیر که‌س ئاشت ناکاته‌وه، بانگه‌شه‌ی که‌س ناکات، قسه له گه‌ڵ که‌س ناکات، نایه‌وێت ده‌می ئاراسته‌ی هیچ که‌سێک بکات. ئینسان له ده‌قی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا، به بێ هیچ ئاراسته‌یه‌کی دیاریکراو هه‌نگاو ده‌نێت.
لە ژووری زێوانی خۆم گۆڕەپانێكی گشتیم چۆڵ و قەرەباڵغ
بۆیه لای وی، به‌رجه‌سته‌کان، مادده‌کان، چ سروشتی بووبێتن، چ ماددی رووت، که‌وتوونه‌ته هه‌ره‌که‌ت و گیانیان له‌به‌ره. زمان له سه‌ر هێڵی به‌یانی ئاراسته‌کراو به‌کار نه‌هاتووه، به‌ڵکو له ئاماژه، هه‌ندێ جار ئه‌و ئاماژه‌یه بۆ خودی خۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئه‌م جۆره شیعره له نێو ئه‌ده‌بییاتی کوردی‌دا، ره‌نگه خوێنه‌ری زۆری نه‌بێت، چونکه ده‌یان ده‌یه‌یه، شیعریان به‌وه راهێناوه که (سیاسی) بێت و حه‌ماسییانه بێته ده‌نگ، په‌یامی هه‌ڵوێستبازیی هه‌بێت، له یاوه‌ر و مورید و چه‌پڵه بگه‌ڕێت؛ یان (رۆمانسی) بێت، ختووکه‌ی هه‌سته چه‌پکراوه‌کان و داپلۆسراوه‌کان و مه‌حروومه‌کان بدات، ئه‌رکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکلۆژی ببینێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار وه‌کو وێنه‌ی (پۆرنۆ)ی لێ بێت، له پێناو فێنككردنه‌وه‌ی ده‌روونێكی گڕگڕتوودا به‌كارهاتبێت. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له‌م دیده‌وه دژه شیعر ده‌نووسێت.
ئه‌م دژه شیعره ده‌مێکه له نێو ئه‌ده‌بییاتی کوردی‌دا ده‌نووسرێت، نه‌یاری له یاوه‌ر زۆرتره. هه‌ندێ جار تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌درێته پاڵ که له پاشۆڵی رێتۆریکی ته‌قلیدی نه‌هاتۆته خوارێ، بۆ په‌رده‌ی گوێی کوردان قورس و به‌دفه‌ساڵه، هه‌ندێ جاریش گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌کرێت که دیمه‌نی دڵڕفێنی خه‌یاڵیی ناکێشێت و ده‌مێکیش به لاترازاو له سیاقی گشتیدا دهخوێدرێتهوه.
ئه‌م تۆمه‌تانه هه‌ند راستن، ئه‌گه‌ر نووسین وه‌کو ته‌قلیدێکی قوتابخانه‌یی سه‌یر بکرێت، نه‌ک وه‌ک ئافرێندراوێکی تاک. بۆیه ده‌بینین، ئه‌گه‌ر لای شاعیر ئاماژه‌یه‌کیش بۆ جه‌سته‌ی ژن کرابێت، ئه‌وه ته‌نیا هه‌ر به‌م جۆره به ژێر قه‌ڵه‌می شاعیردا تێپه‌ڕیوه :
ئاو چاوی كوێر نەبوایە بەلەشی نەرمی كیژان وشك نەدەبووەوە
یان ئه‌گه‌ر بێت و ئاماژه‌یه‌ک بۆ شه‌ڕی ناوخۆ و شه‌ڕی براکوژییه‌کانی دوای راپه‌ڕینیش کرابێت، ئه‌وه شتێکمان پێ ده‌ڵێت، که ره‌نگه ته‌نیا ئه‌و که‌سانه د‌رکی پێ بکه‌ن که له نزیکه‌وه ئاگاداری بارودۆخه‌که بوونه. به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئاماژه بۆ دوو له‌قله‌قه‌که‌ی سه‌ر مناره‌ی مزگه‌وتی خانەقا ده‌کات. ئه‌و دوو ته‌یره وه‌کو له ئه‌به‌دییه‌ته‌وه هاتبێتن و له سه‌ر ئه‌و مناره‌یه نیشتبێتنه‌وه. له ته‌یرێتی خۆیان که‌وتبێتن و بووبێتنه رۆحی زیندووی شاره‌که, به‌ڵام مه‌خابن ئه‌م رۆحه به ده‌ستی (نیشتیمانییه‌ک) وه‌کو نارنجۆک هه‌پروون به هه‌پروون ده‌بێت. شاعیر به ته‌وزێکه‌وه باسی لێوه ده‌کات. هه‌ولێری دێرین ده‌بێته باڵنده‌ی دێرین. کێ کۆنتره: پیره حاجی له‌قله‌ق, یان شاری هه‌ولێر؟ بێگومان له کوشتنی باڵنده‌دا په‌یامێکمان پێ وتراوه: (کوشتنی شار و ئینسان و شارستانییه‌ته). ئینسان به تاقی ته‌نیا به هیچ جۆرێک ئیمکانییه‌تی ژیانی نییه له‌سه‌ر ئه‌م خاکه برینداره.
نیشتیمانییه‌ك باڵنده‌ی دێرینی هه‌ولێری كوشت
هه‌روه‌ها ده‌بێت ئاماژه بۆ خاڵێکی دیکه له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا بکرێت، ئه‌ویش زمانی سیحره. شیعر و سیحر دوو ده‌سته‌خوشکن، به‌ڵکو دوو جمکانه‌ن. ئه‌وه‌ی به کردار ناکرێت، به خه‌یاڵ ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌م دوو جمکانه‌یه پێکه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه و پێکه‌وه‌ش هه‌ڵده‌که‌ن. ده‌بێت ئاماژه بۆ ئه‌وه بکه‌ین که سه‌رهه‌ڵدانی زمان له پێناو سیحرکردن بووه. سیحرکردن له گه‌ردوون، له شته بینراوه و نه‌بینراوه‌کان. واته: ئاشتکردنه‌وه‌ی دونیا له رێگای زمانه‌وه، هه‌ڵبه‌ته شیعر نزیکترین زمانی ئاشتکردنه‌وه‌یه. شیعر شه‌ڕێکه له پێناو ئاشتکردنه‌وه‌دا.
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر شاعیری سرکه، ئه‌و وه‌کو ئه‌کرۆپاتانه‌ی گه‌مه به وشه‌کانی ده‌کات، له پێناو سڕینه‌وه‌ی ئه‌و نێوه‌نده، شاعیر گه‌مه‌یان پێده‌کات که واقیع له زمان جودا ده‌کاته‌وه، هه‌وڵدانێکه بۆ رووخاندنی ئه‌و پردانه‌ی که ئینسان له زمان جودا ده‌که‌نه‌وه. گه‌ڕانه‌وه بۆ زمانی منداڵیی، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ و زمان ببنه‌وه به یه‌ک جه‌سته. ئیتر شتێک نییه به ناوی فیکره‌وه و شتێکی دیکه‌ش به ناوی زمانه‌وه، به‌ڵکو جه‌سته ده‌بێته زمان و زمانیش وه‌کو جه‌سته هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. هه‌روه‌کو له سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌مان پێی کرد، شیعر لای شاعیر له‌سه‌ر لۆژیک به‌ند نییه، به‌ڵکو دژه لۆژیکیش ئیش ده‌کات، لێره‌وه وڕێنه كردن پانتاییه‌کی مه‌زن له ده‌قی ئه‌م شاعیره داگیر ده‌کات. ورێنه‌ی نه‌خۆشێک نا، به‌ڵکو چه‌ماندنه‌وه‌ی زمان بۆ ئاستێکی دی، زمان ئه‌و ئاسنه گه‌رمبووه‌وه‌یه، که شاعیر به که‌یفی خۆی ده‌یچه‌مێنێته‌وه، پاشانیش که سارد ده‌بێته شیکلی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان وه‌رگرتووه. هه‌ڵدانی ماسی بۆ حه‌وزی شووشه، به هه‌ڵدانی وشه‌یه‌ک ناکات بۆ ناو رسته؟ :
ماسی هه‌ڵده‌ده‌مه ناو حه‌وزی شووشه
هه‌ندێ جاریش به‌رانبه‌ر به وێنه‌ی سوریالیئاسا خوێنه‌ر تووشی حه‌په‌سان ده‌بێت, چونکه ئه‌م ئه‌کرۆپاتکردنه‌وه ده‌گه‌یه‌نێته ئاستێک، که ره‌نگه دوا سنووری خه‌یاڵ بێت. خوێنه‌ری که‌مخه‌یاڵ ته‌واو بێزار ده‌کات.
ده‌می به قاقبقابی ئاسووده‌یی گه‌رم كرد
یان
پێغه‌مبه‌ران له شه‌رمی ڕووناكی‌دا مردن
شاعیر ده‌سته‌واژه ئاینییه‌کان، ئاماژه‌کردن بۆ پیاوچاکان و پێغه‌مبه‌ران و ئه‌ده‌واتی بواری پیرۆز به‌کار ده‌هێنێت، له پێناو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه، یان له پێناو ئاراسته‌یه‌کی دیکه به‌کاریان ده‌هێنێته‌وه، یان ئه‌وه‌تا زمان ده‌به‌ستێته‌وه بۆ زه‌مانێکی دێرین، زه‌مانێکی به‌سه‌رچوو و له ژێر لێوه‌وه به خوێنه‌ر بڵێت ئه‌م ده‌قانه ره‌گوڕیشه‌یان هه‌یه. له‌م هاوکێشه‌یه‌دا، ئینسان وه‌کو یه‌که‌م کائین و یه‌که‌م بوونه‌وه‌ر و یه‌که‌م به‌رجه‌سته دێته پێشه‌وه. ئینسان کائینێک نییه له گۆڕانکارییه سروشتییه دێرینه‌وه‌کانه‌وه هاتبێته کایه‌وه، به‌ڵکو سه‌ره‌تا ئه‌و دروست ده‌بێت، ئینجا ره‌گه‌زه بێ ئه‌ژماره‌کانی سروشت دروست ده‌بن. ئه‌م دیده ئاماژه بۆ تێرمی (ئیومانیسم) ده‌کات و له هه‌مان کاتیش‌دا ره‌گه‌زێکی ئۆرگانیکی ده‌قی سه‌باح ره‌نجده‌ره.
ئاسمان له ده‌مودووی هه‌ور
پێش ئه‌وه‌ی ببێته
باران یان به‌فر
ته‌رزه یان شه‌خته
ئێمه‌ی دروست كرد
زۆر ره‌گه‌زی دیکه هه‌ن ده‌کرێت هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بکرێن و بهێنرێنه زمان. خوێنه‌ر ده‌توانیت له تێرمی (گه‌رم) بڕوانێت و له سیاقه جیاوازه‌کانی وردبێته‌وه. چۆن ئه‌م موفره‌ده‌یه تێکهه‌ڵکێشی وێنه‌ی شیعری ده‌بێت و ره‌گورێشه‌کانی له قووڵایی چ خاکێکدا، ته‌ڕیی و گه‌رمایی ده‌قۆزنه‌وه. خوێنه‌ر, یان توێژه‌ر ده‌توانێت له‌سه‌ر چه‌ند ره‌گه‌زی دیکه بگیرسێته‌وه و زیاتر په‌ی به دونیا شیعری شاعیر به‌رێت, به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، ئه‌و جیا ده‌نووسێت و باجی ئه‌م جیانووسینه‌ش دیاره.