Skip to Content

لە پشتیوانی دروستبونی بەرەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە ئێران دا*.. ئاسۆ کەمال

لە پشتیوانی دروستبونی بەرەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە ئێران دا*.. ئاسۆ کەمال

Closed
by تشرینی دووه‌م 5, 2022 General, Opinion


ئێمە لە سەدەی ٢١ دا چاودێری گۆڕانکاریەکین لە خەباتی چینایەتیدا ئەویش هاتنە مەیدانی ڕیزێک لە ڕۆشنبیرانی پرۆلیتیری ڕادیکاڵین کە خۆیان بە حزب و گروپە نەریتیە کۆمۆنیستیەکان نابەستنەوە و شێوازی جۆراوجۆری خەباتی جەماوەری و سیاسی جیاواز لەو سۆشیالیزمەی لەدەوری تاکە حزبێکی سەرەکی کۆدەبونەوە هاتۆتە ئارا. دروستبونی بەرەکانی چەپ و چالاکی ڕۆشنبیرانی پرۆلیتیری لە یۆنان و ئیسپانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریکای لاتین و سودان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە تا بزانین ئەم مۆدێلە نوێیانە چین و چ گۆڕانکاریەک بەسەر کۆمۆنیزم و چەپی سەدەی ٢١ دا هێناوە و چۆن سۆشیالیزیمی پرۆلیتریان لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بەهێزکردوە و خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان چیە؟
دەمەوێ لێرەدا لەسەر نمونەیەکی زیندووی نزیکی خۆمان، لەسەر ئیران، قسە بکەم. دەمانەوێ بزانین ئەم خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا چ کاریگەریەکی لەسەر دەوری ئەم توێژە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیە هەیە. بەداخەوە لەبەر سەرکوتی ئەم داعشە دەوڵەتیە جمهوری ئیسلامی نازانین کە ئێستا چۆن ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان لەناوخۆی ئێراندا چ گۆڕانێکیان بەسەردا هاتوە لەژێر کاریگەری ئەم چەند ساڵەی ناڕەزایتیەکاندا، بەڵام ئەوەندەی ئاگادارین کە سەندیکا و گروپە کرێکاری و جەماوەریەکان بەرهەمی دەورەیەک لە کاری جدیە، کە بێگومان دروشمە کۆمۆنیستیەکانی وەک نان ، کار ، ئازادی و دەسەڵاتدارێتی شورایی و قسەکەرانی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان، هەموو ئەمانە نیشانی دەدەن کە بەشی ڕۆشنبیری ئەم چینە لە ئێراندا چالاکە و ئەم ئاستە لە چالاکیش نیشانی دەدا کە بەو شێوەی گروپە کۆمۆنیستیەکانی دەرەوەی وڵاتی ئێران سێکتاریزم تیایدا بە‌هێز نابینرێ . هەروەک چۆن ئێمەی کۆمۆنیستەکان لە کوردستانی عیراقدا لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا لە سێکتاریزمی گروپە ناسیاسیەکانەوە بوین بە هەڵسوراوانی بزوتنەوەیەکی شورایی کە چوینە ناو خەڵکەوە ولەبەرامبەر ناسیونالیزمی کورددا وەستاینەوە .
کاریگەری ئەم دۆخەی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری ئێران بەسەر ڕۆشنبیرانی پرۆلیتری و گروپە کۆمۆنیستیەکانی دەرەوە دەبینرێتەوە. دەبینین ئاسۆی ” دروستکردنی بەرەیەکی کرێکاری و کۆمۆنیستی جەماوەری لە ناو ئێراندا” لەبەردەم ئەم بەشە ڕۆشنبیرانەی چینی کرێکاری ئێراندایە.کە لەم ڕۆژانەدا بەشێوەی دەستپێشکەری لەلایەن حزبی حیکمتیست و باڵێکی کۆمەڵە (ڕیکخراوی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)ەوە دەستی پێکردوە و بانگەوازێکیان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی چەپ و سۆشیالیستی کردوە . ئەم کارە جێگای پشتیوانیە و پێویستی بە خستنەڕووی ڕۆشنی پرۆسەیەکە کە ئەم کارە بەسەرکەوتن بگەیەنێت.
هەر چەند ئەم هەوڵانە لە چەند ساڵی ڕابردووشدا لە دەرەوە لەلایەن کۆمۆنیست و چەپەکانەوە دراوە بەڵام ئەمڕۆ زەمینەیەکی لەبارتر هەیە بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە.
سەرنجی من لەم بارەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم بەرەیە کە پیویستە مۆدێلێکی جیاواز بێت لە ئەزمونی پێشتری کۆبونەوەی تەنیای گروپە کۆمۆنیستەکان ئەوەیە، کە وەک هاوڕێ سەلاحی مازوجییش وتویەتی ( لە گفتوگۆیەکی کەناڵی هیوادا لەگەڵ هاوڕێ شەماڵ علی و هاوڕێ ڕەحمان حسین زادەدا) ، پێویستە ئەم بەرەیە بریتی بێت لە یەکگرتوکردنی ڕیزەکانی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و هەڵسوراوانی چەپ و سۆشیالیست لە ناو ئێران و کوردستاندا . ئەمە بۆچونێکە کە گروپی “یەکێتی سۆشیالیستی کرێکاری” و هەڵسوڕاوانی تریش دەری دەربڕن.
ئەمە خۆی دەرسێکە کە کۆمۆنیستەکان و چەپەکانی ئێران پێویستە لە شکستی شۆڕشی بەهمەنی ١٩٧٨ وەریگرن، کە ئەوەی تێکی شکاندن نەبونی ئەم ڕیزە یەکگرتوە سیاسیە کرێکاری و کۆمۆنیستیە بوو بەرامبەر بە بزوتنەوەی ئیسلامی و خومەینی کە هێرشی کردە سەر ئەو شۆڕشە و چینی کرێکار و شکستی بە شۆڕشەکەیانی هێنا و بۆ ٤٠ ساڵ سەرکوتی کردن. ئەمە نیشانەی دەورەیەکی نوێی خەباتی یەکگرتوانەی چینی کرێکارە کە کاریگەری لەسەر گروپە کۆمۆنیستیەکان داناوە. هەربۆیە ڕێگای یەکگرتوبونی ئەم گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستانە بریتیە لە بەشداری یەکگرتوانە لەو خەباتەی ئەمڕۆ کرێکاران و ژنان و لاوانی شۆڕشگێڕ و توێژە ژێردەستەکانی ئیران دەیبەنە پێش.
ئەم پرۆسەیە دوو ئاستی جیاوازی هەیە. یەکەمیان کە سەرەکی و بناغەیە ئەو بەرەیەیە کە لەناو خۆی ئێراندا ڕۆشنبیرانی پرۆلیتری لەم ڕاپەڕین و خۆپیشاندانانەی ئێستادا دروستی دەکەن. بەرەیەک کە هەموو هێزی ناڕازی کرێکاران و لاوان و ژنان و توێژە زەحمەتکێشەکان کۆبکاتەوە و بەکردەوە ببێتە ناوەندی یەکگرتوبونی هەموو سەندیکا و ڕیکخراوە جەماوەریە پیشەییەکان و گروپە جیاوازەکان. هەرچەند ئەم کارە لە سایەی سەرکوتی جمهوری ئیسلامیدا سەختە بەڵام ئیمکانی هەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا دروست ببێ هەرچۆن ئێستا ئەم سەندیکا و گروپانەی تر خۆیان سەپاندوە لە ئێراندا.
ئاستی دووەمیان گروپە ڕۆشنبیریە کۆمۆنیستەکانی دەرەوەی وڵاتە. ئەم بەشە پێویستی بە سەرنجدانێکی ڕەخنەگرانەیە لە هۆکانی ئەو ڕیگریانەی لەبەردەمیدایە بۆ بەشداربون لە دروستکردنی ئەم بەرەیەدا. ئەم گروپانە پێویستیان بە گۆڕان و تیپەڕبونە لەو تێگەیشتنە سێکتاریزمە فکری و سیاسیەی کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ “خۆجیاکردنەوە لەچەپ”، کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بانگەشەی بۆکردوە و گروپەکانی تریش بە سنوربەندیە “ئایدیۆلۆژی و بەرنامەی”یەکانیانەوە لەگەڵ یەکتردا هەریەکەیان لەوانی تر خۆیان جیاکردۆتەوە ، ئەمانە بونە مایەی پەرژوبڵاوی و جیابونەوە بەردەوامەکانیان. ئەم پڕۆژەیە بە پێچەوانەوەی ئەم ٤٠ ساڵەی ڕابردووی سێکتاریزم کاردەکا ئەویش “یەکگرتنی چەپ و سۆشیالیستەکانە”.
ئەم گۆڕانە لە دەرەوەی وڵات ڕوونادات ئەگەر ئەم گروپانە پەیوەست نەبن بەو یەکگرتنەی ئەمڕۆ لە ناوەوەی ئێران لە ڕیزی خۆپیشاندان و ناڕەزایتیەکاندا لە نێو ڕۆشنبیرانی پرۆلیتری و هەڵسوراوانی کرێکاری و جەماوەریەوە لە مەیداندایە. فشاری وەڵامدانەوە بە پێویستیەکانی ئەم خەباتە بەکردەوەیەی مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەی جمهوری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێراندایە کە سنورە سێکتاریستیە فکری و تەشکیلاتیەکانی ئەم گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیانەی ئێستا تێک دەشکێنێ و ئیمکانی دروسبونی ئەم بەرە کرێکاری و کۆمۆنیستیە لە دەرەوەی وڵاتیش دروست دەکا.
ئەم بەرە چینایەتیە پێوسیتی بەکۆکردنەوەی هەموو ئەم ئاستانەی خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتە تا بتوانێ لەبەرامبەر بورژوازی ئێرانی و ناسیونالیزمی کورددا بوەستێتەوە و ڕێگا نەدا خەباتی ئێستا و شۆڕشی داهاتوو جارێکی تر بەهۆی نەبونی هێزی سیاسی سەربەخۆی چینی کرێکارەوە شکست بهێنێ.
هەربۆیە ئەم ڕاگەیاندنەی ئەم دوو گروپە و شورای هاوکاری هێزی چەپ و کۆمۆنیست و هەموو هەوڵەکانی تری لە چەشنە لەبواری عەمەلیدا ڕوبەڕوی ئەوە دەبێتەوە کە چی دەکا لەگەڵ گروپە کۆمۆنیست و چەپەکانی تردا کە بیروڕای سیاسی جیاوازیان هەیە، وەک باڵەکەی تری حیکمەتیست(خەتی ڕەسمی)، لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، باڵەکەی تری کۆمەڵە(ڕیکخراوی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)، لەگەڵ چریکی فیدایی، لەگەڵ ڕێگای کرێکار، لەگەڵ گروپە سۆشیالسیتی و لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە ڕای جیاوازیان هەیە لەم دوو گروپە و ئەو شورای هاوکاریە هەیە.
ئەمە بە مانای تیکهەڵکێش بونی ئەم گروپانە لەگەڵ هێزێکی کۆمەلایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشاندایە لە ناو ئێراندا . هەربۆیە ئەگەر ئەمە بەرەیەکی کرێکاری و کۆمۆنیستی بێت، ناتوانێ تەنیا بەرەیەکی ئیدیۆلۆژی و بەرنامەیی ڕووت بێت. بنەماکانی بەرەیەکی چەپ و کۆمۆنیستی ئێستا لە ئێراندا پێویستە وەک بەرەیەکی فرەیی سیاسی هەموو کرێکاران بێت دژی جمهوری ئیسلامی و ڕیزی سیاسی خۆی لە بورژوازی ئێرانی و ناسیونالیزمی کورد جیابکاتەوە ، هەروەها خاوەن بەرنامەیەکی پراتیکی بۆ بردنە پێشەوەی خەباتێک بێت کە ئێستا لە ئارادایە و خواستەکان و دروشمەکانی ئەو ناڕەزایەتیە بەرزکاتەوە و کار بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنیان بکات. بۆ نمونە لە کاتێکدا هەموو خەڵکی کوردستان مانگرتنی گشتی دەکا ئەم بەرەیە نەکەوێتە تەبلیغاتی دژی مانگرتنی گشتی، هەر لەبەر ئەوەی باڵەکەی تری کۆمەڵە لەگەڵ حزبە ناسیونالسیتەکانی کوردستاندا پێشتر بانگەوازی مانگرتنی گشتیان کردوە. ئەم بەرەیە نابێت لە خەباتی جەماوەری کرێکاران و خەڵکی شۆڕشگێڕ داببڕی و هەوڵی ئەوە بدات کە ببێتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێزی شۆڕشگێرانە و گروپە جۆراوجۆرەکان و تاکتیکە جیاوازەکانی خەباتی جەماوەری. هەربۆیە هێزی بزوێنەری ئەم بەرەیە پێویستە هەڵسوراوانی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە ناوخۆی کوردستان و ئێراندا بێت، نەک بەرەی فەرمی دەرکردنی بەرنامە و بەیاننامەی چەند گروپێک یان کاری هاوبەشی ئەندامانی تەشکیلاتی ناوخۆی چەند گروپێک بێت. پێویستە هێزی سەرەکی ئەم بەرەیە یەکگرتووبونی ڕیکخراوە و سەندیکا و گروپەکانی کرێکاران و مامۆستایان و خوێندکاران و پیشەگەرەکان و ژنانی ئازادیخوازی ناو خۆپیشاندانەکانی ئێستای ئێران بێت. گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیەکان دەبێت ئەو بەشە لەم بەرەیە بن کە ئەم ئاسۆ و بەرنامە و پرۆسەیە بۆ دروستکردنی حزبێکی سیاسی و جەماوەری کرێکاران بەرن لە دڵی ئەم خەباتەی ئەمڕۆی کرێکاران و خەڵکی شۆڕشگێڕی ئیراندا. ئەم هێزە کۆمەڵایەتیە سیاسیە دەتوانێ ئەم شەڕە چیانیەتیەی کرێکاران بەرەو سەرکەوتن بەرێت، نەک یەکگرتنی تەنیا گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکانی دەرەوەی ووڵات.
سەرکەوتنی تەجروبەی دروستبونی قاڵبێکی سیاسی و جەماوەری کۆمەڵایەتی کرێکاران لە ئیراندا ڕۆشنبیرانی پرۆلیتری و گروپە کۆمۆنیستەکانیان دەگۆڕێ و ڕزگاریان دەکا لە دابڕاوی و نەخۆشی سێکتاریستی و پەرژوبڵاوی زاڵی ئێستا. لێرەدایە کە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکان دەبنە بەشێکی ئورگانیک و کاریگەری بزوتنەوەی کرێکاری. لە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی ئەمڕۆی ئێراندا ئیمکانی سەرهەڵدانی کۆمۆنیزمێکی نوێ هەیە، ئەگەر ڕۆشنبیرانی پرۆلیتری خۆوشیاریان بە دەوری خۆیان لە ڕۆشنگەری و گەڵالەی بەرنامەی سیاسی و بردنە سەری ئاستی کەلتوری چینەکەیاندا هەبێ و بتوانن جەماوەری ئەم چینە لە ڕیزێکی چینایەتی سەربەخۆی سیاسی و جەماوەریدا دژ بە جمهوری ئیسلامی و بەدیلە بوژوازیەکانی تر یەکگرتووبکەن.
ئەم تەجروبەیە بێگومان کاریگەری خۆی لەسەر ئەو دۆخە چەقبەستویەی ڕۆشنبیریە پرۆلیتری و گروپە کۆمۆنیستیەکانی کوردستانی عێراقیش دادەنێت چونکە ئەمە هەمان داستانی ئێمەشە و پێویستمان بە هەمان پرۆسەی خەباتکارانە هەیە بۆ تێپەڕبوون لە دۆخی ئەزمەگرتوی ئێستای کۆمۆنیزم و بنیات نانی کۆمۆنیزمێکی نوێ.

** ئەمە لە بەشی ٣ چاوپێکەوتنەکەمدا هاتوە کە لەم لینکەدا دەتوانن وەریبگرن
https://marxist-trend.org/view.php?lang=kurd&cat=448…

Previous
Next
Kurdish