هه‌رێمی كوردستان بووه به ناوچه‌یه‌ك بۆ قاچاخچێتی نه‌وت …. كاروان ته‌یب
ئه‌و قه‌یرانه سیاسیی و ئابورییه‌ی له كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه زیاتر دوای ئه‌وه ده‌ركه‌وت كه نه‌وت و گازێكی زۆر له كوردستانی عێراق دۆزرایه‌وه و بۆدهرهێنان كۆمپانیا زهبهلاحهكهنای نه‌وت روویان له هه‌رێمی كوردستان كرد. لێره‌وه نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ستیپێكرد، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی شانبه‌شانی ناردنی نه‌وت به بۆری، سیاسییه قاچاخچییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌وتنه تاڵانكردنی نه‌وت و گاز به‌ته‌نكه‌ر و دانانی پاڵێوگه‌ی قاچاخ.
له دوای ساڵی 2008 ه‌وه تا ئێستا، به به‌رده‌وامی، نه‌وتی كوردستان به بۆری و به‌ته‌نكه‌ر له‌لایه‌ن سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ربه یه‌كێتی و پارتییه‌وه ئه‌فرۆشرێت، به‌ڵام تا ئێستا له نه‌هامه‌تی زیاتر هیچ سودیكی تری بۆ خه‌ڵكی كوردستان نه‌بووه.
ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌ی یه‌كێتی رووئه‌دات فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌یه. “تا چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر نه‌وتی ناوچه‌ی سه‌وز له‌لایه‌ن چه‌ند سیاسییه‌كی ناو یه‌كێـتییه‌وه له رێگه‌ی جۆراوجۆر وه‌ك تانكه‌ر و بۆری به قاچاخ ئه‌برا”، هه‌ر سیاسییه‌ك و بۆخۆی ئیشی ئه‌كرد، به‌ڵام دواتر “باڵی ده‌ستڕۆیشتووی ناو یه‌كیتی”، له رێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزی دژه تیرۆره‌وه، به‌ڵام له ئیستادا تا راده‌یه‌كی زۆر مۆنۆپۆڵی نه‌وت و دهسهڵاتیانكردووه له ناوچه‌ی سه‌وز. هه‌ر بۆیه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی ناو یه‌كێتی (كه تۆمه‌تباری سه‌ره‌كیشه به تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوسێك له گه‌رمیان، “به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كانی ئاشكرا كردبوو”) ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه گه‌نده‌ڵی هه‌یه و خۆی وا نیشاندا كه كه‌سێكی خاوێنه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه به‌رده‌ستی ئێمه كه‌وتووه، ئه‌و كه‌سه، كه “خۆی به‌ته‌نكه‌ر قاچاخچێتی نه‌وتی ئه‌كرد، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه له‌لایه‌ن باڵی ده‌ستڕۆیشتووی ناو یه‌كێـتی واتا هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د- ماڵی مام جه‌لال-، بواری نادات كه نه‌وت ئاودیو بكات و هێزی دژه‌تیرۆر رێگه‌ی پێنادات و ئێستادا تاڕاده‌یه‌كی زۆر باڵی ده‌ستڕۆیشتوو قۆرخی نه‌وت و گازی كردووه بۆخۆی”. هه‌ربۆیه له شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆن ده‌رئه‌چێت و قسه ئه‌كات، ئه‌گه‌ر نا خۆ پێشتریش گه‌نده‌ڵی هه‌بوو بۆ وشه‌یه‌كی نه‌ئه‌وت.
پێشتر له ناحییه‌ی قادر كه‌ره‌م –كۆرومۆر- كه كۆمپانیا دانه غاز كاری تێدا ئه‌كات، جگه له‌وه‌ی به‌بۆڕی گازی بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و مه‌به‌ستی تر ئهگوازرێـتهوه، هاوزه‌مان نه‌وت و گازیش هه‌ر له گێڵگه‌ی كۆرومۆرهوه به تانكه‌ر ئه‌گوازرێته‌وه، – به‌چاوی خۆم بینیم له بانی نهمهقان ته‌نكه‌ری ئێرانی گازی تێدابوو ئهیگواستهوه-، بێگومان بۆ ئێران، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه به قاچاخ نه‌وتی لێ به‌تاڵان ئهبرێـت، ئه‌وه‌ش ته‌نها نموونه‌یه‌كه.
دوای هاتنی داعش، شاری كه‌ركوك، به كێڵگه نهوتییهكانییهوه، له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییه‌وه كۆنترۆڵكرا. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پارتی هه‌ردوو كێڵگه‌ی هاڤانه و بای حه‌سه‌نی بۆ خۆی داگیركرد. به‌پێی راپۆرته‌كان و زانیارییه‌كانی خۆیان، رۆژانه زیاتر له 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌و كێڵگانه‌وه بۆ به‌نده‌ری جیهانی توركی ههناردهئهكرێت. هه‌ندێ له سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی وا خۆیان نیشان ئه‌ده‌ن كه ئه‌و نه‌وته ته‌نها له‌لایه‌ن پارتییه‌وه ئه‌برێت و داهاته‌كه‌ی دیار نییه، به‌ڵام شاڵاو عه‌لی عه‌سكه‌ری، كه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێـتی له‌به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنیدا وتی:”ئیتفاقی ژێربه‌ژێر له نێوان ئه‌و دوو حیزبه هه‌یه بۆ بردنی نه‌وتی كه‌ركوك”.
ئه‌وه‌تا نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوكیش یه‌ك وشه له‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركوك ناڵێت، ئه‌ویش دیاره له ناو رێككه‌وتنه ژێربهژێرهیه كه شاڵاو عه‌لی عه‌سكه‌ری باسی ئه‌كات، چونكه ئه‌گه‌رنا قسه‌یه‌كی ئه‌كرد له‌سه‌ر به‌تاڵانبردنی ئه‌و نه‌وته. شوره‌ییه بۆ پارێزگارێك كه ئه‌و هه‌موو نه‌وته‌ی لێوه هه‌نارده‌بكرێت به‌ڵام ئیداره‌ی پارێزگاكه مانگانه سێ هه‌زار دینار له هاوڵاتیانی وه‌رگرێت بۆ “پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كه”. ئه‌مه له‌كاتێكدا خه‌ڵك ئه‌و پاره‌یه‌ش ئه‌دات هێشتا هه‌ر له زبڵدان ئه‌چێت. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر من رۆژنامه‌نووسێكی فه‌ڕه‌نسیم برده ئه‌و شاره چوینه ناوه‌راستی شار، وتی:”ئه‌مه ئه‌و شاره‌یه كه له‌سه‌ر ئۆقیانوسێك نه‌وته و خه‌ڵكه‌كه‌ی وا ئه‌ژین؟!”
پارتی، كه دۆسیه‌ی نه‌وتی لایه رۆژانه زیاتر له 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ئه‌كات له هه‌رێمی كوردستانه‌وه “به‌ئاگاداری یه‌كێـتی”، به‌ڵام ئه‌وه‌تا نیوهموچهو چاره‌كه موچه‌یش له‌كاتی خۆی نادات به فه‌رمانبه‌ران، هه‌موو كه‌سێكیش ئه‌زانێت ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی كه ئه‌نێردرێت به‌شی موچه به‌زیاده‌وه ئه‌كات.
یه‌كێـتی له حكومه‌ته‌و ته‌ئكید ئه‌كاته‌وه كه ئاگای له هه‌نارده‌كردنی نه‌وته. هه‌ندێ جاریش، له زاری هه‌ندێ كادرییهوه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌سمی، خۆی وه‌ك ئۆپۆزسیۆن نیشان ئه‌دات –ئه‌وه‌ش دوو هۆكاری هه‌یه هه‌ندێ جار به‌هۆی ئه‌و فه‌وزایه‌وه كه له‌ناو ئه‌و حزبه هه‌یه هه‌ندێ جاریش بۆ چه‌واشه‌كردنی رای گشتییه-. بۆ پارتیش ئه‌گه‌ر یه‌كێـتی به‌ڕه‌سمی ناكۆك نه‌بێت له‌گه‌ڵی ئیتر كێشه‌ی نییه. هه‌ربۆیه هه‌میشه پارتی ره‌دی ئه‌و یه‌كێتیانه‌ی كه باسی نا شه‌فافی له دۆسیه‌ی نه‌وت ئه‌كه‌ن ئه‌داته‌وه و ئه‌ڵێت قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت “ئاگای له هه‌موو شتێكه”. قوباد تاڵه‌بانیش هه‌رگیز نه‌یوتووه ئاگام له دۆسیه‌ی نه‌وت نییه. ئه‌وه‌ش ئه‌وه نشان ئه‌دات بڕیار به‌ده‌ستانی ناو یه‌كێتی ئاگایان له هه‌موو شتێكه. كه‌واته بردن و فرۆشتن و دیارنه‌مانی داهاتی نه‌وتی كه‌ركوك و كوردستان به ئاگاداری یه‌كێتی ئه‌كرێت.
له‌و ماوه‌یه‌ش كه پارتی هه‌ندێ هێزی جوڵاند به لای كێڵگهنهوتهكانی هاڤانهو بای حه‌سه‌ن، یه‌كێـتی یه‌كسه‌ر هاواری لێهه‌ڵسا، چونكه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كه‌وته مه‌ترسییه‌وه. هۆكاری بێده‌نگبوونی یه‌كێتی دوای چه‌ند رۆژێك دیاره بۆ ئه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه كه پارتی دڵنیای دایه یهكیـَتی كه خه‌می نه‌بێت و هه‌روه‌ك و پێشوو پێكه‌وه نه‌وته‌كه ئه‌نێرن و به‌شی یه‌كێـتی له داهاتی ئه‌و كێڵگانه زامن ئه‌كرێت.
ئه‌وه‌ش روونه كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان –پارتی- مافی ئه‌وه‌یان نییه داوای بودجه له به‌غدا بكه‌ن چونكه هه‌رێمی كوردستان نه‌وته‌كه‌ی ئه‌فرۆشێت، پاره‌كه‌ی ئه‌چێته گیرفانی هه‌ندێ له ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه، بۆیه نا مهعقولییهكی گه‌وره‌یه داوای بودجه له به‌غداد بكات، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان له‌وه تێگه‌یشتووه كه هه‌قی خه‌ڵكی كوردستان لای ده‌سه‌ڵاتدارانی كورده نه‌ك به‌غدا.
ئه‌وه‌ی ئه‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه پارتی نه‌وت به‌ڕۆژی نیوه‌ڕۆ ئه‌نێرێت و داهاته‌كه‌شی دیار نییه. یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو –گۆڕانیش داوا له پارتی ئه‌كه‌ن وه‌زیره ده‌ركراوه‌كانی بگه‌ڕێنێته‌وه- له‌هه‌ولێر له‌ده‌سه‌ڵاتن، به‌ڵام له سلێمانی خۆیان ئه‌خه‌نه پاڵ “به‌ره‌ی نارٍِهزایی خه‌ڵك” و خۆپیشاندان ئه‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش دووفاقییه‌كی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر راست ئه‌كه‌ن فه‌رموو له حكومه‌ت بكشێنه‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كه پێشتر یه‌كێتی و پارتی وه‌ك یه‌ك به گه‌ندڵ و قاچاخچی نه‌وت ناو ئه‌برد، به‌ڵام دوای “رێككه‌وتننامه‌ی سیاسی”یه‌كه‌یان له‌گه‌ل ئه‌و حیزبه، یه‌ك وشه‌یش له‌سه‌ر قاچاخچییه‌كانی نه‌وت له‌ناو یه‌كێتی ناڵێت، ئه‌وه‌ش ئه‌وه نیشان ئه‌دات گۆڕانیش به‌شێكه له‌و تاڵانی و نه‌هامه‌تییه كه به‌سه‌ر كوردستان هێنراوه. ئه‌وه‌ی ئه‌مێنێته‌وه ئه‌بێ ئه‌وه بزانێـت هیچ حزبێك له به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت كارناكات. ئێمه ته‌نها كاتێك باش له سیاسییه‌كان تێئه‌گه‌ین كه ناكۆكی بكه‌وێته نێوانیانه‌وه. ئه‌و كات باشتر بۆماندهرئهكهوێـت ئه‌مانه چی ماڵوێرانییهكیان به‌سه‌ر میلله‌ت هێناوه.
پێشتر ده‌سه‌ڵاتداران به‌شێك له‌وه‌ی له‌به‌ر خۆیان ئه‌مایه‌وه ئه‌یاندا به خه‌ڵك، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ش ناده‌ن: موچه نییه، ئاو نییه، كاره‌با نییه، سیستمی ئیداری و ته‌ندورستی و په‌روه‌رده‌یی و په‌رله‌مان و حكومه‌ت نین و ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كۆتایی هاتووه و هه‌موو داموده‌زگاكانی حكومییه‌كان په‌كیانكه‌وتووه. سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌یش بازاڕ و بازرگان‌یش له‌لایه‌ن سیاسییه‌كانه‌وه مۆنۆپۆڵكراوه و گرانییه‌كی زۆر له بازاڕ هه‌یه. كه‌واته ئه‌وه‌ی هه‌یه ئێستا هه‌رێمی كوردستان بووه به ناوچه‌یه‌ك بۆ قاچاخچێتی نه‌وت و شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی مافیاكانی نه‌وت و گازه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.