Skip to Content

گەڕان بەدوای نەمریی .. لە ئەفسانەی (میرمح)ی ئیزەدییەکان دا.. پڕۆفیسۆر دکتۆرمەولود ئیبراهیم حەسەن

گەڕان بەدوای نەمریی .. لە ئەفسانەی (میرمح)ی ئیزەدییەکان دا.. پڕۆفیسۆر دکتۆرمەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 15, 2021 General, Literature


پێشەکی: فۆلکڵۆری ئیزەدییەکان بەشێکی گرنگی فۆلکڵۆری کوردیمانە، ئەو فۆلکلۆرە چۆن زۆر کۆنەو ڕەهەندێکی ئایینی هه یە و بە پیرۆزی سەیردەکرێن ، خۆش ئەوەیە ئیزەدییەکان زمانی ئایینەکەیان کوردییە ، ئەمە وای کردووە کە دەقە فۆلکڵۆریەکانیان بە کۆنترین و ڕەسەن ترین و پیرۆزترین فۆلکڵۆری کوردی دەژمێردرێن .
لە نێو ئەو فۆلکڵۆرە کۆنەی ئیزەدییەکان بیرۆکەی( گەڕان بەدوای نەمریی) دا شوێنێکی تایبەتی هه یە ، من تا ئێستا زیاتر لە چوار دەقی جیاو وەک یەک گەڕان بەدوای نەمریم لە فۆلکڵۆرو دەقە ئایینیەکانی ئیزەدییەکان دەسکەوتووە، جگە لە چەندین دەقی تر لە نێو ئەفسانەکانی کوردی دا.
پێناسەی ئەفسانە: تا ئێستا سەتان پێناسە بۆ ئەفسانە کراوە، لە گەڵ ئەوەش دا هێشتا پێناسەی تر هه ڵدەگرێ،ئەویش بە هۆی دەوڵەمەندیی ناوەرۆکی ئەفسانەوەیە. بەڵام، باشترین پێناسە بۆ ئەم ئەفسانەیە ئەوەیە :(ئەفسانە گرنگترین و بەرزترین و کۆنترین ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤە.)

ڕەگەزەکانی ئەفسانە:
ئەوەی کە ئەفسانە لە حەکایەتەکانی تر جیادەکاتەوە ئەو ڕەگەزانەن:

١-پاڵەوانی ئەفسانەیی: میرمح کە هه زاران ساڵ تێدەپەڕی هه ر گەنجەو پیرنابێ.
٢-کەرەستەی ئەفسانەیی: داری خەتەر کە لە خۆوە بەرز دەبێتەوەو نزم دەبیتەوە.
٣-شوێنی ئەفسانەیی: بەهه شتی پەریان کە لەم شوێنە دا کەس نامرێ .
٤-کاتی ئەفسانەیی : هه زاران ساڵ تێدەپەڕی میرمح هه ر گەنجەو هه ستی پیناکات.
٥-ڕووداوی ئەفسائەفسانەیی:پیربوون و مردنی میرمح پاش نەمانی سێوەکان .
٦-بیرۆکەی ئەفسانەیی: گەڕان بەدوای نەمریی دا.

گەڕان بەدوای نەمریی و هه میشە گەنجی و پیرنەبوون و نەخۆش نەکوتن و تەمەندرێژیی ، خواستێکی کۆنی مرۆڤەو مرۆڤ بە زۆر شیوە هه وڵی داوە ئەمانە بەدەست بێنێ ، هه ر بە هۆی ئەم هه وڵانەشە کە ( ئێکسیری نەمریی و ئاوی نەمریی و نانی نە مریی و سێوی نەمریی وگیایی نەمریی و شوێنی نەمریی…هتد ) وەک هۆیەک بۆ نەمریی زۆر باس دەکرێن ، کۆنترین دەقی نووسراوو بەردەستیش داستانی (گەڕانی گلگامشە بەدوای نەمریی دا) لە ئەفسانەی سۆمەرییەکان. کە ئێستا ناوبانگێکی جیهانی هه یە . هه ر ئەو دەقە کۆنە بووە بە نموونەی دەقەکانی نەمریی ودەقەکانی تر وبە دەقی گلگامش هه ڵدەسەنگێندرێن . لەدەقی( میر مح) یش هه موو مەرج و قۆناخەکانی دەقی گەڕانی دروستی تێدایە.
جۆرەکانی نەمریی : ئایینەکان هه ر لە کۆنەوە بیرۆکەی نەمرییان لە خۆیان هه ڵگرتووەو هه ر یەکەو بەشێوەیەک ، کە زۆرتریننیان (نەمریی روح و نەفس) دەگرێتەوە ، بەڵام ئەوەی لە ئەفسانەکان دا هاتووە ، بەدوای نەمریی جەستەیی دا دەگەڕێن ،هه ر بۆیە تائێستا سێ جۆر نەمریی دەسنیشان کراوە .
١-نەمریی جەستەیی .٢-نەمریی گیانی – روحی ٣-.نەمری بەناو
ئەفسانەی میر مح : ئەفسانەیەکی یەکجار کۆنەو هێمای چەندین ئایینی کۆن و ڕابردووی لە خۆدا هه ڵگرتووە ، ئێمە لێرە ناچینە ناو ئەو گەنگەشە نەبڕاوەییەی فەیلەسوفەکان و پیاونی ئایینەکان، چ ئەو فەیلەسوفانەی بیرۆکەی نەمریی ڕەتدەکەنەوە وەک ئەوەی دیڤید هیوم دەڵێ: ( ئەگەر مردن نە بوایە مرۆڤایەتی نەدەما!) و چ ئەو پیاوە ئاییننیانای بە جۆرێک لە جۆرەکان بڕوایان بە جۆرێک لە نەمریی هه یە ، ئێمە لێرە تەنیا قسە لە نەمریی نێو ئەفسانەی میر مح دەکەین .
هێما ئایینیەکان لە نێو دەقی میر مح دا:
یەکەم : باوکی میر مح ، میر مح دەخاتە نێو کۆشکیکی تاریک بۆ ئەوەی هیچ لە بارەی خراپەو مردن نەزانێ، ئەمە بەڵای ئێمەوە هێمای سەردەمی تاریکی وهیچ نەزانین و بێ ئاگایی وبیرنەکردنەوەی مرۆڤە لە مردن و نەمریی .

دووەم:
میرمح کە تیشکی خۆر دەبینێ دەیهەوێ بیگرێ و لە ئەنجام دا دێتە دەرەوە لە کۆشکی تاریک و ڕۆژو ڕووناکایی دەبینێ و چاوی دەکرێتەوە، ئەمەش هێمایە بۆ سەردەمی ئایینی (خۆرپەرستی – میهرپەرستی) کە ئایینێکی کۆنەو سەردەمێکی زۆر زۆربەی ڕۆژهه ڵات و جیهانی گرتبووەوە. هه ر ناوێ میرمحیش بەڕای ئێمە لە بنە ڕەتا (میرمیهر ) ە.
سێیەم:
سێ سێو کە پەریەکان دەیدەن بە میر مح وەختێ دەیەوێ بگەڕێتەوە ماڵی باوکی و دەڵێن ئەو سێوانە مەچووێنە، چۆن هه تا ئەو سێ سێوانەت لابێ نەدەمری و نە نەخۆش دەکەوێ و نە پیردەبی و هه میشە بەگەنجی دەمێنیتەوە، بەڕای ئێمە ئەم سێ سێوە هێمای سێینەی زەردەشتیانە کە دەڵی: ( بیری چاک، گوفتاری چاک ، کرداری چاک) دیسان دەکرێ هێمای سێیینەی مەسیحیەت و هه تا ڕادەیەکیش یەهودییەت بێت (باوک و کوڕو گیانی قدوس)
چوارەم:
کە باوکی میر مح ، میرمح دەخاتە نێو کۆشکە تاریکەکە،( سەیداو ئاخوندی ) بۆ دێنێ بۆ ئەوەی فێری دەستوری ئایین و ژیانی بکەن ، سەیداو ئاخوند زۆرتر هێمای پیاوی ئایینی موسلمانەتین، دیسان کە میر مح لە ئەنجامی گەڕان بەدوای جێگایەک کە مردنی تێدا نە بێت دەگاتە ( بەهه شتی پەریان) بەهه شتی پەریانیش زۆرتر ڕەهه ندێکی ئیسلامی هه یە.
پێنجەم:
بیرۆکەی گەڕان بەدوای نەمریی ، نەمریی بە جەستەو لە سەر دنیا، بیرۆکەی ئایینە کۆنەکانە ئەوانەی بڕوایان بە نەمریی خوداوەندەکان هه بوو، ئەو خوداوەندانەی وەک پاشا دەژیان ، کە میر محیش باوکی پاشا و خۆشی کوڕە پاشابوو، ئەمەش هێمایە بۆ دەسەڵاتداری و پاشایەتی و خوداوەندیە ، لە کاتێکدا کە ئەفسانەکەش بۆ خۆی ڕەهه ندێکی یەکجار کۆنی هه یە .
گەڕانی میر مح بە دوای شوێنێک کە مردنی تێدا نە بێت

  • میر مح کە لە کۆشکە تاریکە کە دێتە دەرەوە جەنازەی مردووێک دەبینێ کە دەیبەن دەیشارنەوە، دەپرسێ ئەمە چیە ؟ دەڵێن ئەمە مرۆڤەو مردووە . دەپرسێ مردن چیە؟ دەڵێن: مردن ئەوەیە هه موو کەس دەبێ بمرێ! دەڵی منیش دەمرم؟ دەلێن بەڵێ ، میرمح دەڵی: من دەچمە جیگایەک مردنی لێ نەبێت ! پێی دەڵێن: هیچ جێگایەک نیە کە مردنی لێ نەبێ . میر مح گوێ بەم قسەیە ناداو سەرهه ڵدەگرێ و دەڕوا.
  • لە یەکەم قۆناغ میر مح توشی جوتیارەک هات کە جووتی دەکرد ، گوتی ها میرمح دەچیتە کوێ؟ گوتی دەچمە جێیەکی کە مردنی لێ نەبێت! گوتی میر مح هیچ جێگایەک نیە مردنی لێ نەبێت، وەر مەڕۆ ئەودەشتە بەرینە دەبینی کە من جووتی تێدا دەکەم ، هه تا جووتەکە تەواو نەبیت من نامرم ، ئەوا خەتی ئەخیریم ماوە ، پاش ئەو خەتە جووتە من دەمرم تۆش من بخە قەبرەوەوبا ڕووم لە ڕۆژێ بێت وئەوسا بڕۆ. جوتیار دوا خەتی جووتی کرد و گیانی سپارد . میرمح جوتیارەکەی خستە گۆڕو ڕۆیشت.
  • لەقۆناغی دووەم توشی سیمرخ هات ، سیمرخ گوتی: میر مح دەچیتە کوێ ؟ گوتی دەچمە جیگایەکی مردنی لێ نەبێت! سیمرخ گوتی ئەو جێگایە نیە وەرە تۆ ئەم دۆڵە دەبینی پڕ بوو لە (گاڕس- زوڕات-دەرە) هه ر ڕؤژی دەنکێکم دەخوارەدو بەمە تەمەنی خۆم درێژکرد، ئێستاش یەک دەنکم ماوەو دەمرم ، تۆش من بشارەوەو بڕۆ..، میرمح سیمرخیشی لە گۆڕناو ڕۆیشت .
  • میرمح ڕۆیشت و توشی (بە هه شتی پەریان) هات، پەری ئەویان بردە بەهه شتی و میرمح ئەمەی بەدڵ بوو، یەكی لە پەریەکان بە میر محی گوت : تەنیا سەر ئەو دارە مەکەوە خەتەرە . -میر مح هه زاران ساڵ لەو بە هه شتە هه ر بەگەنجی مایەوە، نەپیردەبوو نە نەخۆش دەکەوت و نەدەمرد ، نەک هه ر بۆ خۆی هه تا ئەسپ و تاژیەکەشی چۆن بوون هه روا مابونەوە.
  • میر مح ڕؤژێک سەر ئەو دارەکەوت کە لێی قەدەغە کرابوو، دار بەرز بووەوە بەرز بووە وە هه تا میر مح وڵات و شاری خۆی لێ دەرکەوت ، کەوتە بیری دایک و باوک و کەس و کارو وڵاتی ، دار نزم بووەو میر مح هاتە خوارەوەو دەستی بەگریان کرد. پەری هاتن گوتیان بۆ دەگرێی ، دیارە سەر ئەو دارە کەوتوووی ؟ گوتی دەچم سەرەکی لە دایک و باوکم دەدەم. گوتیان هه زاران ساڵ بەسەر باوک و دایکت دا ڕابردووەو ئێستا کەسیان نەماوە . میرمح پێداگری کردوو گوتی هه ر دەچمەوە. پەریەکان سێ سێویان دایێ و گوتیان ئەو سێوانە نەدۆڕێنی، هه تا ئەو سێوانەت لابێ نامری.
  • میرمح سواری ئەسپ بوو ڕۆیشت تا گەیشتەوە شاری خۆی ، چوو لە بەردەرگای ماڵی پاشا ڕاوەستاو بانگی خولامانی کرد ، کەس بە دەنگیەوە نەهات! پرسی ئەوە دایک و باوکم لە کوێن بۆ نایێنە پێشوازیم؟ کەس ئەوی نە ناسیەوە ، پاشا سەرسام بوو هیچ تێنەگەیشت و بە دوای پێرێکی دنیادیدەی نارد ، پیرەهات و بەسەرهاتی میرمحی پرسی ، گوتی : لە حەقایەتان دەگێڕنەو کە کاتی خۆی کوڕە پاشایەک لە مردن هه ڵاتوەو بەدوای جێگایەک داگەڕاوە کە مردنی تێدا نەبێت، دیارە ئەمە ئەو لاویە. میر مح کە کەس نەیناسیەوە بەناچاری گەڕاو بۆ بە هه شتی پەریان .
  • لە ڕێگا پیرەک هاتە پێش میر مح و گوتی: لاوۆ بۆنی سێو دێت من کچەکەم زۆر نە خۆشە ، کەتمە بەختی تۆ سێوێکم بدەرێ بەلکو کچەکەم چاک بێتەوە ، میرمح سێوێکی دایێ ، یەکسەر پیری لێ بەدەرکەوت کەمێکی تر ڕۆیشت پیرە خۆی گۆڕی و گوتی :لاوچاک منداڵەکەم نەخۆشە داوای سێو دەکات ، بۆنی سێوت لا دێت ، سێوێکم بدەرێ با منداڵەکەم نەمری ، میرمح سکی پێی سوتاو سێوێکی دایە ئەویش، ئەم جارە میرمح یەکجار پیرتر بوو، جارێکی تر پیرە خۆ گۆڕی کردو دیسان گوتی: کوڕەکەم نە خۆشەو داوی سێو دەکات ، چاکەیەکم لە گەڵ بکەو سێوێکم بدەرێ، ئەوکاتە میر مح نزیکی بەهەشتی پەریان بوو ، پەری هاوریان کرد میر مح نەیدەیتێ ..میرمح گوێی هیچی نەدەبیست ، سێوی سێیەمیشی دا پیرە ، هه ر ئەوەندە بێ سێو مایەوە، یەکسەر مرد . ئەو مردوو ئەسپ و تاژیەکەشی گیانیان لەدست دا. پەری هاتن میرمحیان خستە گۆڕ.

    هێماکانی نەمریی:
    یەکەم : جوتیار گوتی هه تا کێڵانی ئەو زەویەمابێت من نامرم ، لە گەڵ دوا خەتە جووت جوتیار گیانی سپارد. کارکردن هۆیەکە بۆ تەمەندرێژی.
    دووەم : سیمرخ گوتی ئەم دۆڵە پرە لە گاڕس – دەرە یە، من هه ر ڕۆژ دەنکێکی دەخۆم و تەمەنی خۆم بەم گاڕسە درێژکردووە، ئێستا دوا دەنکم لە دەم دایە، بیخۆم دەمرم. خواردن هۆیەکە بۆ تەمەندرێژی .
    سێیەم : میر مح هه تا سێوەکانی پێ بوو نەدەمرد ، لە گەڵ نەمانی هه ر سێوێک میرمح پیرو پیرتر دەبوو ، تا لە گەڵ نەمانی دوا سێو ئەویش گیانی سپارد.
    ئەم ئەفسانەیە چیمان پێ دەڵی ؟
    یەکەم: بیرۆکەی ترسان لە مردن و گەڕان بەدوای نەمریی دا زۆر کۆنە.
    دووەم: چەند هۆیەک هه ن تەمەن درێژ دەکەن ا- کارکردن و زەوی کێڵان ب- خواردنی گاڕس – دەرە .
    سێیەم : شوێنێک هه یە بە ناوی بە هه شتی پەریان کە مردنی لێ نیە!
    چوارەم: سێو هه یە کە هه تا ئەو سێوانەت لابێت نامرێ .
    پێنجەم : بەزەیی مرۆڤ خاڵی لاوازییەتی ، کە بووە هۆی لە دەستدانی سێوەکان بۆ میر مح.
    شەشەم : مردن بەشی مرۆڤەو هه رچی بکات دواجار دەبێ بمرێ.
    حەوتەم: بە هه شتی پەریان هێمایە بۆ بەهه شتی ئایینەکانی زەردەشتی و یەهودیەت و مەسیحیەت و ئایینی ئسلام ، کە لەو دنیا ژیان تییدا هه میشەییە .

    هه شتەم: لە ئەفسانەی میرمح وەک گلگامش دەرکەوت مرۆڤ بەجەستە ناتوانێ نەمربێ.
    بازنەی سەرەتاو ئەنجام :
    ١- ترسی باوک بۆ مردنی کوڕەکەی خستنیە نێو کۆشکێکی تاریک.
    ٢- بینینی تیشکی خۆرو خۆری ئاسمان.
    ٣- بینینی جەنازەو ترسان لە مردن.
    ٤- گەڕان بەدوای شوێنێک مردنی لێ نەبێت.
    ٥- ڕۆیشتن.
    ٦- ئامۆژگاری جوتیارو سیمرخ.
    ٧- گەیشتن بە بەهه شتی پەریان کە مردنی لێ نیە.
    ٨- ئامۆژگاری لە چوونە سەرداری خەتەر.
    ٩- تێپەڕینی هه زاران ساڵ.
    ١٠- چوونەسەرداری قەدەغەو بینینی شارو ماڵی خۆی.
    ١١- بڕیاری گەڕانەوە.
    ١٢- وەرگرتنی سێوو ئامۆژگاری.
    ١٣- گەیشتنە شارو کەس نایناسێتەوە.
    ١٤- پەشیمان بوونەوەو بڕیای گەڕانەوە.
    ١٥- دۆڕاندنی سێوەکان بەهۆی سۆزی مرۆڤبوون.
    ١٦- مردن .

    دوا وشە:
    وەک لەسەرەتا گوتمان بە هۆی کۆنی فۆلکڵۆرو کلتورو ئایینی ئیزەدییەکان و کوردی بوونی زمانی ئایینەکەیان ، ئەفسانەیەکی زۆرو گرنگیان هه یە ، ئەو ئەفسانەو فۆلکڵۆرە شایانی کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەی وردو زانستیە ، ئەگەر ئەمە بکرێ دەستمان بەزۆر بیرۆکەی فەڵسەفی و ئایینی یەکجار کۆنی کورد ڕادەگات و دەبێتە هۆی دەوڵەمەندی زیاتری کلتورەکەمان ، چۆن ئەفسانەی ئێمە هیچی لە ئەفسانە ناسراوەکانی جیهان کەمتر نیە.
Previous
Next
Kurdish