زمان و ئەرکەکانی زمان لەدەقی ئەدەبیدا.. نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
زمان وەک پرۆسەیەک بۆ داهێنان
هیچ گومانی تێدا نییە کە زمان کە دەتوانێت خاڵی یەکلاکەرەوە بێت لە گەیاندنی دەق و بەخشینی چێژ و ئیستاتیکا بە خوێنەر، هەروەها پرۆسەی بیرکردنەوە لەڕێگەی زمانەوە دەتوانیت خۆی وەک داهێنان نمایش بکات و پاشان خۆی لەگەڵ تەواوی کرداری نووسیندا بگونجێنێت. ئەوەی وا دەکات پرۆسەی داهێنان بەرجەستە و بەڕوونی دەرکەوێت زمانە. زمانی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە لە دەقی ئەدەبیدا. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو ئەدیبێک یان نووسەرێک زمانی تایبەت بەخۆی هەبێت. دەگمەنن ئەو نووسەرانەی کە زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە و شێوازی نووسینیان وەک شوناس بە بەرهەمەکانیانەوە دیار بێت. بۆیە (زمان بە کۆمەڵێک شێوەی جیاواز پێناسە کراوە : وەک ئۆرگانێکی دەروونی، توانایەکی مەعریفی، حاڵەتێکی دەروون، وەک سیستەمی نیشانە، ڕێکارێکی حیساباتی، وەک ئامڕازی پەیوەندیکردن، یان ئامڕازی وەسفکردنی ئەزموون و چەندانی تر. هەموو ئەم جۆرە پێناسانە تایبەتمەندییە گرنگەکانی زمان دەگرن، بەڵام هیچیان تەواو نین. (١) بەڵام کاتێک دێتە سەر دەقی ئەدەبی و شیکردنەوەی ئەو دەقانەی کە لە خەیاڵی ئازادانەی ئینسان بەرهەمهێنراون، ئەرکەکانی زمان بریتین لە خۆخستنە بەردەست و نمایش، بەرجەستەکردنەوەی پەیام یان ناوەڕۆک، نیشاندانی چێژ و جوانی. هەرچی کایە کۆمەڵایەتی و زانستی و ئەکادیمییەکانیشە زمان ئەرکی تایبەتتر لە ئەستۆ دەگرێت. ئامانجیش ئەوەیە زمان بتوانێت پرۆسەیەک وەگەڕ بخات تا بەکارهێنەرانی زمان بتوانن داهێنانی نوێ پێشکەش بکەن. داهێنانێک ئازادانە لەچوارچێوەی زمان و کە نووسەر یان ئەدیب گوزارشت لەخۆی یان لە ئامانجێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی دیاریکراو بکات. کارلێکی زمان و ژیان و کۆمەڵگە دوو سەرەیە و هەم زمان کاریگەری بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە و هەمیش ژیان و کلتوور و دیاردەکان کار لە زمان دەکەن و ناهێڵن زمان لە شوێنێک چەقبەستوو بێت. زمان لە کردەی نووسیندا دەکەوێتە نێو پرۆسەیەکی ئاڵۆز و تێکچڕژاو. دەقی ئەدەبی جوان و سەرکەوتوو ، بەوە جوان و سەرکەوتووە کە زمان تیایدا لەئاستێکی باڵادا چالاکانە لەو پرۆسە ئاڵۆزەدا هەڵبسوڕێت.
زمان وەک شانۆی نمایشی پەیامی کۆمەڵایەتی ئەدەب
زمان وەکوو بەشێکی دانەبڕاو لە ژیان دیمەنێکی شێوازە مێژووییەکانی پەیوەندی نێوان ئینسانەکانە. لەبەرەبەیانی مێژووەوە مرۆڤ لەڕێگەی زمان و کۆدەکانی گفتوگۆوە توانیویەتی پەیوەندی نێوان خۆی و هاوچەشنەکەی دروست بکات. چونکە زمان تاکە جیاوازی زیرەکی هۆشمەندەکانە. جوانی زمانیش لە جوانی جیهانی ئەو دەقە ئەدەبییە دایە کە بەر خوێنەر دەکەوێت، بۆیە کاتێک نووسەرێک لەڕێگەی دەقێکەوە و بەهۆی زمانەوە جیهانت لێ وێران دەکات، زمان دەبێت جارێکی تر بێت و بەهۆی ڕەخنەوە گوزارشت لەو وێرانکارییە بکات. لەم گۆشەنیگایەوە بوو کە ڕەخنەگری بەناوبانگی مارکسیستی ڕەیمەند ولیەم لە ساڵی ١٩٧٧ لەوتاری مارکسیزم و ئەدەبدا تێبینی کرد کە مارکسیزم زۆر بە کەمی بیری لە خودی زمان کردۆتەوە.(زمان دیارترین بواره که تیایدا جۆری ڕەمز و په یوه ندی کۆمه ڵایه تی به رده وام و هه مه لایه نه ڕۆڵێکی بڕیاردەرانەیان هەیە. وشە جگە لە دیاردەیەکی ئایدیۆلۆژی هیچی تر نییە کە بە تەواوی لەناو ئەرکی خۆیدا وەک نیشاندەر ئیستیعاب دەکرێت. وشە و ئەم حاڵەتە لە ئەرکەکەی وەک نیشاندەرێک جیا ناکرێنەوە و جگە لەم ئەرکە هیچی لێ شین نابێت، کە وشە دەکاتە پاکترین و هەستیارترین ئامرازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی.)(٢) یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی زمان بریتییە لە بنیاتنانی “هۆمۆفیلی” یان هاوهۆشمەندی یان هەستکردن بە هاوبەشی لەگەڵ مرۆڤی تر. زمانێک کە نامۆیە و بۆ خوێنەر نامۆ بێت، مەیلی ئەوەی هەیە کە جەخت لەسەر جیاوازی نێوان نووسەر و خوێنەر بکاتەوە و ناتوانێت پەیامی دەقەکە بەئاسانی بگات بە خوێنەر. بەلای چۆمسکییەوە زمان تەنیا وشە نییە. کولتوورێکە، نەریتێکە، یەکخستنی کۆمەڵگەیەکە، تەواوی مێژوویەکە کە کۆمەڵگە دروست دەکات. هەموو ئەمانە لە زمانێکدا بەرجەستە بووە. ئەو دەڵێت (من نامەوێت زیادەڕەوی لە ڕۆڵی لێکۆڵینەوە لە زماندا بکەم، وەک گومانیشم نییە کە زمان بەرهەمی زیرەکی مرۆڤە کە بۆ ئێستا زۆرترین دەستڕاگەیشتنە بۆ لێکۆڵینەوە. ترادیسیۆنێکی دەوڵەمەند زمانی وەک ئاوێنەی عەقڵ ڕاگرتووە.)(٣). لەلایەکی تریشەوە زمان هەر بە تەنها دەرەنجامی گەشەکردنی هۆشیاریی نییە و بەس، بەڵکوو هۆکاری گەشەپێدانیشیەتی. بەلای کارڵ مارکس جەخت لەسەر زمان وەک کاراکتەری کۆمەڵایەتی پەیوەندیکردن دەکرێتەوە و دەڵێت (زمان واقیعی ڕاستەوخۆی فیکرە و هۆشیاری واقیعی عەمەلیشە نەک تەنها بۆ من بەڵکو بۆ سەرجەم خەڵکی تریش.) (٤) مێژووی زمان بە ئەندازەی مێژووی هۆشیاری مرۆڤ دێرینە. لەو ڕۆژەوەی زمان وەک پێداویستییەکی ژیان هاتە ئاراوە، ڕۆڵی ئامرازێکی کۆمەڵایەتی دەبینێت. لە سیاسەتی زماندا پێویستە هەر کەسێک سەرمایەداری جیهانی بۆ مەبەستە، بیری لێبکاتەوە. بیر لە زمان و ڕەگەزەکانی زمان بکاتەوە. چونکە رەگەزەکانی مۆدیلە جیاوازەکانی زمان گەرچی لێک جیاوازن، بەڵام نزیکیشن لەیەکەوە. تەواوی ئەم ئەرک و کارانەی زمان لە ناوەوەی تەوەرەی پەیامی دەق و زماندا دەخولێتەوە. واتە دەق و خوێنەر لە گۆشەگیریی و تەنیایی وەدەرنێ و لەنێو جیهانی کۆمەڵایەتیدا وەک توخمێکی کارا و بەرهەمدار و داهێنەر بەرجەستە ببێتەوە. زمان وەک نەشتەرگەرێک وایە کە لەڕێگەی ئامراز و هۆکارە بەردەستییەکانییەوە دەتوانێت توخمە نادروست و ناڕێکەکانی دەق ببینێت و ڕاڤە و چارەسەری بکات. دەتوانێت ورد لە ڕێگەی ڕەخنەوە لە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی ئەدەب بکۆڵێتەوە و لەوێوە بڕیار لەسەر دەق بدات و پەیوەستبوونی چینایەتی دەق دەستنیشان بکات.
زمان وەک نیشاندانی چێژ و جوانی
زمان کلیلی کردنەوەی دەرگاکانی ئەندیشە و جوانی و چێژە لە دەقی ئەدەبیدا. لەڕێگەی زمانەوەیە وەک خوێنەر دەتوانین پەی بە خۆشی و چێژ و ئیستاتیکا و ڕەنگ و دەنگ و جووڵە و تەنانەت مانا شاراوەکانی پشت و شە و دەستەواژەکانیش ببینین. زمان ئیشییەتی هەڵسێت بە ئەرکی کۆنتڕۆڵکردن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و مۆتیڤ و بەخشینی زانیاری تا بتوانێت گوزارشتکردن و زانیاری بەخشین و ڕێنماییکردن و ڕێگەچارەی دەربازبوون فەراهەم بکات. تا ئاستی نیشاندانی چێژ و ئیستاتیکا لە دەقی ئەدەبیدا باڵا بێت، خوێنەر زیاتر بە دەق ئەدەبییەوە پەیوەست دەبێت و ئەو دەقەش زیاتر دەتوانێت لە یادگەی خوێنەردا بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە. نووسینی دەق لەڕێگەی کردەی زمانەوانییەوە بە ئەنجام دەگات و هەر زمانیشە ئەو کردە زمانەوانییە شیدەکاتەوە و لایەنی جوانی و ناشرینی دەق دەستنێشان دەکات. هەر زمانە باس لە خەیاڵ دەکات و خەیاڵ بەرجەستە دەکات. هەر زمانە وێنە ئەدەبییەکان بەرجەستە دەکاتەوە و هەر زمانیشە ناوەڕۆکی دەق دەگەێنێتە خوێنەر.
سەرچاوەکان :
(١)
A Marxist Philosophy of Language by Jean-Jacques Lecercle
Marxism Critico site published on 3-11-2012
https://marxismocritico.com).
(٢)مقال بعنوان المارکسیة و فلسفة اللغة فالنتین نیکولوفیتش فولوشینوف (میخائیل باختین)موقع الحوار المتمدن ترجمها الی العربیة عماد خالد الحطبة
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=425811
(٣)Noam Chomsky, Language and freedom
Literature in Revolution Edited by George Abbott White and Charles Newman
First Edition 1972 page 31.
(٤)المادیة التاریخیة اسس الآشتراکیة العلمیة تآلیف ف. گیبلی و م. گوفالزون نقلە من الروسیة احمد داود اصدار دار الجماهیر ، دمشق ١٩٦٧ ص ٨٩. و کذلک مارکس و انجلس ، الموءلفات . الجزء ٣ ، ص ٢٩.