Skip to Content

منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.. محەمەد بەرزی

منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.. محەمەد بەرزی

Closed
by شوبات 1, 2023 General, Kids Literature


بە گشتی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت ، ئەو منداڵەیە لە ڕووی دەروونی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و توانای جەستەیی و زمانەوانییەوە ، لە منداڵی ئاسایی جیاوازە . لە هەموو ڕوویەکەوە پێویستی بە یارمەتی و چاودێری و خزمەتکردنی زیاترە . هەر بۆیە کاتێک خێزانێک و بە تایبەتیش دایکێک هەست بەوە دەکات منداڵەکەی خاوەن پێداویستی تایبەتە ، خەمێکی گەورە و گران دایدەگرێ و تووشی ترس و نائارامی و دڵەڕاوکێ دەبێ . بێگومان ئەم حاڵەتەش پێویستی بەوەیە دایک خۆڕاگربێ و زانیاری تەواوی هەبێ و لە هەموو ڕوویەکەوە شارەزای بارودۆخی منداڵەکەی بێ و بە شێوەیەکی ڕاست و دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکات . تا منداڵەکەی لەگەڵ دەورووبەرەکەیدا ڕابێت و ئاسودە بژی و هەست نەکات لە هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی جیاوازە . جا جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ چەند ئامۆژگارییەک بۆ دایکێک بکەین ، تا لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتدا بیزانێ :
١ – لە منداڵەکەت تێبگە ، هەندێک لە دایکان چاوپۆشی لەوە دەکەن ، یان پێیان شەرم و شورەییە منداڵەکەیان خاوەن پێداویستی تایبەتە . واتە وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن و پشتگویێ دەخەن . ئەمەش یەکێکە لە هەڵە باو و بڵاوەکان و پێویستە خۆیانی لێ بە دوور بگرن . زۆر گرنگە وەک دایکێک بەڕێز و هاوسۆزیی و زمانێکی زۆر شیرین و ئاسان و سادەوە قسە لەگەڵ منداڵەکەدا بکەی ، هەر چۆن قسە لەگەڵ منداڵێکی ئاساییدا دەکەی . تووڕە مەبە و تۆنی دەنگت بە شێوەی نەگونجاو مەگۆڕە ، تا تێبگات و بزانێ لە تۆ کەمتر نییە . هەوڵبدە لە هەموو شوێنێک پێکەوەبن . کاتێک کارێکی باش دەکات ، ستایشی سەرکەوتنەکەی بکە ، ئەگەر چیش کارەکە گەورە ، یان بچووکیش بێ . با لە ماڵدا دەست و تام و بۆنی شتەکانی دەورووبەری بکات ، چونکە بەکارهێنانی هەموو هەستەکانی گرنگن . تۆ و هەموو ئەندامانی خێزانەکە ، لە مامەڵە کردن لە گەڵ منداڵەکەدا ، پابەندی یەک بۆچوونی یەکگرتووبن . کاتێک شێوازێک لە فێربوونی منداڵەکەدا سەرکەوتوو نابێ ، هەوڵبدە ڕێگەی باشتر تاقی بکەیتەوە ، هانی منداڵەکەت بدە پشت بە خۆی ببەستێت . ڕێگای بدە پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی ناو خێزان و گەڕەک و باخچە و قوتابخانەدا دروستبکات و یارییان لەگەڵدا بکات . چونکە تۆژینەوە پزیشکی و دەروونییەکان ، گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی : ( تێکەڵکردنی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت لەگەڵ منداڵی ئاساییدا ، یارمەتیدەرێکی زۆر بە سوودن بۆ پەرەپێدانی توانا جیاوازەکانی ) . پاشان کاتێک یارییەک دەشکێنێت وخراپی دەکات ، سەرکۆنە و هاواری بەسەردا مەکە ، دەکرێ ئامۆژگاری بکەی یارییەکانی بیپارێزێ . بەردەوام چاودێری تواناکانی منداڵەکەت بکە و تێبکۆشە تا پەرەی زیاتری پێ بدەی .
٢ – ئاگاداری ئەوەبە لە کاتی قسەکردندا ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانی بکەیت ، چونکە ڕوانینی ڕاستەوخۆی قسەکەر بەرامبەر گوێگر ، دەبێتە هۆی تێگەیشتنی زیاتر لەو بابەتەی باسی دەکرێت . سەرباری ئەوەی منداڵی کەمئەندامی دەروونی لە ڕێگای نیگاکانی چاوەکانی تۆوە درک بە گرنگی ئەو شتانە دەکات کە دەتەوێ بۆی باسبکەی . دووربکەوەرەوە لە ڕستەی درێژ ، ناوە ناوە لە نێوان وشەکانی ڕستەکەدا بوەستە و تا دەتوانی ڕستەی کورتیشی بۆ بەکاربهێنە ، تا تێبگات باسی چی بۆ دەکەی . پاشان توڕەیی خۆت لەدەست مەدە ، چونکە پێویستە ئەوە بزانیت هەندێکجار کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت ، ناتوانێ بە زوویی قسەکانت وەربگرێت و لێت تێبگات . بۆیە ئارام بە و دان بە خۆتدا بگرە ، چونکە تووڕەیی و هەڵچوون دۆخەکەی خراپتر دەکات ، خۆشت لە ناو و ناتۆرە و وشەی سووکایەتی بە دووربگرە ، کە دوو هێندە زیان و ئازاری پێدەگەیەنێت .
٣ – بۆ بارودۆخی منداڵەکەت لە ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکاندا ، کات بۆ خوێندنەوە تەرخان بکە و زۆر بخوێنەرەوە ، بە دوای چەندین سەرچاوی باوەڕپێکراودا بگەڕێ و زۆرترین زانیاری کۆبکەرەوە ، خۆت
بکە بە کەسێکی شارەزای دڵنەرم بۆی . فێری شێوازە ڕاستەکانی مامەڵە کردن بە لە گەڵیدا . شان بە شانی ئەو چالاکییانەی بۆ ئەو لەبارن ، بەردەوامیش پەیوەندی لەگەڵ پزیشکەکەیدا بکە . تا بەردەوام ڕادەی گەشەکردنی بزانی و ئاگاداری ئەو هۆکارانەش بی ، کە یارمەتیدەرن بۆ بەرەوپێشچوونی حاڵەتەکەی . پاشان لە داواکردنی یارمەتیدا لە ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانت سوود وەربگرە و شەرم مەکە ، تا کەمێک ئەرکی سەرشانت سووک بکەن و بە شێوازی جیاواز یارمەتی و هاوکاریت پێشکەش بکەن ، هەروەها دەتوانی بە دوای ئەو شوێنانەدا بگەڕێیت ، کە یارمەتی و ئامۆژگاری و خزمەتگوزاری پێشکەش بەو دایک و باوکانە دەکەن ، کە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتییان هەیە . بێگومان بە گەڕانیش لە ئینتەرنێتدا ، دەتوانی هەندێک ماڵپەڕی باوەڕپێکراو بدۆزیتەوە ، کە بە بەردەوامی ئامۆژگاری پیشکەش بەو جۆرە خێزانانە دەکەن . دیارە هەر تۆ بە تەنها نیت ، جیهانە فراوانەکەی ئینتەرنێتیش تۆ بە تەنها جیێ ناهێڵێ ، دەتوانی کۆمەڵێک دایک و باوک بدۆزیتەوە ، کە هەمان کێشەی تۆیان هەیە ، ئەو دەمە ئاشنای کۆمەڵەی پشتیوانیش دەبی ، چ لە ناو شارەکەی خۆتدا و چ لە جیهاندا .
٤ – لەوانەیە بەبێ مەبەست منداڵەکەت بە کەم بزانی ، یان وا سەیری بکەیت هەست بکات لە ئاستی هاوتەمەنەکانیدا نییە . دەبێ زۆر باش ئاگاداری ئەوەبی ، پەرۆشی زۆرت بۆ پاراستن و ڕێگرتن لە یاریکردنی لەگەڵ هاوتەمەنەکانیدا ، لەترسی ناو و ناتۆرە و قسەی ناشیرین و زیانی دەوروبەرەکەیدا، وا دەکات هەست بە کەمی و لاوازی بکات و نەتوانێ بە تەنیا ڕووبەڕووی ژیان ببێتەوە .
٥ – هەموو هەوڵەکانت تەنها بۆ خوێندنەوە و لایەنی تەندروستی منداڵەکەت تەرخان مەکە و لایەنی گرنگی کۆمەڵایەتیش لە بیر بکەی ، کە هۆکاری سەرەکی تێکەڵبوونی منداڵەکەتە لەگەڵ هاوڕێکانیدا . چونکە لە بیرکردنی ئەم لایەنە گرنگە ، کاردانەوەی زۆر خراپی بۆ منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە . هەر بۆیە پێویستە لە چالاکی و بۆنە و سەیران و گەشتەکاندا هاوبەشی بکات . پاشان بەدواداچۆنیش بکە ، تا لەوەش دڵنیابی مامۆستاکانیش پەیوەندی باشییان لەگەڵ منداڵەکەتدا هەیە .
٦ – تا دەتوانی بە دەم و لەبزێکی زۆر شیرینەوە باسی کەسە سەرکەوتووەکانی پێداویستی تایبەت بۆ منداڵەکەت بکە ، کە بەو حاڵەتەشەوە توانیویانە دەستکەوتی مەزن و پڕ بەها بە دەستبهێنن ، باسی چیرۆکی سەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ناو و ناوبانگییانی بۆ بکە ، کە بوونەتە هاندەر بۆ کەسانی تر . بەم ڕێگایەش منداڵەکەت هەستدەکات ، کە ئەویش وەک ئەوان دەتوانێ کاری گرنگ بکات و هیچ شتێک نییە بتوانێ ڕێگا لە سەرکەوتنی بگرێ .
٧ – هەوڵبدە گەشە بە بوارەکانی تەکنەلۆژیا بدات : بۆ پەرەپێدانی تواناکانی منداڵەکەت ، سود لە پیشکەوتنی تەکنەلۆژیا وەربگرە . چونکە ئەمڕۆ زۆر بەرنامە و یاری تایبەت بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەوانەی کیشەی فێربوونیان هەیە دروستکراون ، کە دەتوانن گەشە بە توانا و جموجۆڵە جیاوازەکانییان بدەن .
٨ – پێویستە منداڵەکەت فێربکەی شەرم لەو کەرەسانە نەکات ، کە
بەکاری دەهێنێ . پاشان هەوڵ نەدات وەک باقی هاوڕێکانی بە شێوەیەکی سروشتی دەربکەوێ . بەڵکو پێویستە ڕێز لە جیاوازییەکان بگرێ و بارودۆخی خۆی وەک منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت قبوڵ بکات ، ئەوانەش فێربکرێن ، کە لە دەورووبەرین بارودۆخ و جیاوازییەکانی ئەویش قبوڵ بکەن .
٩ – بە وردی چاودێری بکە ، لەوانەیە منداڵەکەت کیشەی پەیوەندیکردنی لەگەڵتدا هەبێ . یان داوا و ئارەزوو ، یان تووڕەی خۆی دەربارەی شتێک دەرببڕێ . بۆیە چاودێریکردنی ڕەفتاری منداڵەکەت ، هۆکاری سەرکییە بۆ پەیوەندیکردن لە گەڵیدا و زانین و ڕاهاتن لە هەڵسوکەوتەکانی . ئەمەش وادەکات بزانیت گۆڕانکاری دەروونی بەسەردا هاتووە ، یان هەڵسوکەوتەکانی ئاساییە .
١٠ – هەوڵبدە کاری سووکەڵەی پێ بسپێرە و چاودێری بکە . با خۆی کراسەکەی لەبەر بکات و سەری خۆی دابهێنێت و میوە و خواردنی خۆی بخوات . هەموو جارێکیش بۆ ئەو کارانەی بە باشی ئەنجامی دەدات بە گەرمی دەستخۆشی و ستایشی بکە . چونکە ورە و هێز و توانای پێ دەبەخشێ .
١١ – زۆر گرنگە بە هۆی بارودۆخەکەیەوە خۆڕاگر بی و نا ئومێد و گلەیی لە بەختی خۆت نەکەی . بەردەوام ئارام و گەشبین بە ، چونکە بە ئارامی باشتر دەتوانی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانیدا بکەی . مەهێڵە هیچ شتێک سەرقاڵت بکات لەوەی گرنگە . واتە تا زیاتر هاوکاری بکەیت و بە سۆزە و خۆشەویستییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەیت و بەرامبەر کێشەکانی خۆڕاگربی ، کاردانەوەی گەورەی لەسەر منداڵەکەت دەبێ .
١٢ – هانی منداڵەکەت بدە منداڵانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت بناسێت و ئاشنای چیرۆکەکانیان بێ ، تا بزانێ منداڵی پێداویستی تایبەتیش دەتوانی زیرەک و ژیانی خۆشی هەبێ .
لە دواجاردا زۆر پێویستە خزم و کەسانی نزیکی دایک و باوکی ئەم جۆرە منداڵانە ، ڕێز لەو دایک و باوکانە بگرن و هەستییان بریندار نەکەن و هەرگیز ئەم جۆرە پرسیار و قسانەیان ڕووبەڕوو نەکەنەوە : ئ – منداڵەکەت ئاسایی دەردەکەوێت و هیچ شتێکی نائاسایی تێدا نابینم . ب – ئایا منداڵەکەت ئەنجامی بۆماوەییە ؟ . پ – دڵنیام ئەو چاکدەبێتەوە ، وایە ؟ . ت – بۆچی دوای منداڵی یەکەم وازت لە منداڵبوون نەهێنا ؟ . ج – بە ڕاستی تۆ دایکێکی مەزنی ، نازانم چۆن بەرگەی ئەو هەموو کێشانەی دەگریت . چ – دامەنیشە باسی خزمێکی خۆتی بۆ بکەی ، کە هەمان دۆخی ئەوی هەیە و مەکەوە بەراوردکردنی نێوانییان .

تێبینی : بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگیراوە .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish