Skip to Content

گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندن یان ئاڵۆزکردنیان؟!*.. سەدیق سەعید ڕواندزی

گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندن یان ئاڵۆزکردنیان؟!*.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by حوزه‌یران 15, 2023 General, Opinion

                                              

گۆڕانکاریی لە هەر پڕۆگرامێکی خوێندن، لە بازنەی یەکەمی قۆناغی بنەڕەتیدا، کە پۆلەکانی یەک تاکو سێ دەگرێتەوە، بە تایبەتیش لە بابەتەکانی زمان و خوێنەوەدا، کە بناغەی فێرکاریین بۆ خوێندکارانی ئەو قۆناغە، دەبێ بە جۆرێک بێت کە بگونجێنرێت لەگەڵ لایەنی هزریی و دەروونی خوێندکار لەو پۆلانەدا. ئاستی تەمەن، ڕادەی وەرگرتن و پاشان تێگەیشتن و فێربوونییان، بکرێتە پێوەر. کەچی زۆر جار لە پەراوێزی ئەو گۆڕانکارییانە نەک هەر ڕەچاوی ئەم لایەنانە ناکرێت، بەڵکو دانەرانی کتێبێکی خوێندن، بیریان دەچێت کە ئەوان بابەت بۆ منداڵێکی تەمەن هەفت ساڵان، یاخود تەمەنێکی دیاریکراو دادەنێن، بەمەش دەبێ بە ئەقڵیەت و تێگەیشتن و دنیابینی ئەو منداڵانە، بابەتەکان دابنێن نەک بە تێگەیشتنی خۆیان. خوێندنەوەی کوردی، یەکێکە لەو میتۆدانەی لە نێوەندەکانی خوێندن بایەخی خۆی هەیە، چونکە لەلایەکەوە بنەماکانی فێربوونی زمانی دایکە، لەلایەکی دیکەشەوە ڕێگەیەکە بۆ فێربوون و نووسین و خوێنەوە بە گشتی. گەلێک جار، گۆڕانکاریی لە بابەتی خوێندنەوەی کوردی دەکرێت، وەک ئەوەی ئەلف و بێ باڵدار چەند ساڵێک لەمەو بەر و بەک تێبێکی دیکەی دوو وەرزی گۆڕدرا. زۆربەی هەرە زۆری ئەو مامۆستایانە وانەی ئەلف و بێی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی دەڵێنەوە و ئەزموونێکی زۆریان لەگەڵ ئەو بابەتە هەیە، بڕوایان وایە کە کتێبەکەی باڵدار بۆ فێربوونی خوێندکاران سەرکەوتووتر و پەروەردەییتر بوو، لە بابەتی خوێندنەوەی کوردی ئێستا کە دەخوێنرێت. بابەتەکانی زمان، بڕگەکانی خوێنەوە و نووسین وهاواتا و لایەنە ڕێزمانییەکان لە خۆ دەگرێت. بێگومان هەموو ئەمانەش پێویستیان بە ڕێگەیەکی وانەوتنەوەی سادە و دیار، هاوکات زانستی و گونجاوە، بۆ ئەوەی خوێندکار بە تایبەتیش لە سێ پۆلەکانی یەکەمدا، بە ئاسانی فێری زمانی کوردی بکرێن. ئەمساڵی خوێندن، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی ساڵانە لە هەر بابەتێک دەکرێن، گۆڕانکاریی لە خوێندنەوەی کوردی پۆلی دووەمی بنەڕەتی کراو ئەمیش وەک پۆلی یەکەم، کرایە دوو کتێب و بە سەر دوو وەرزی خوێندن دابەشکران. واتا لە هەر وەرزێکی خوێندن، کتێبێک دەخوێنرێت. لە کتێبی وەرزی دووەمدا، کە دوانزە مامۆستا و پسپۆڕی پڕۆگرامەکان دایانناوە، چەندین کەموکورتی زانستی و پەروەردەیی و دەروونی هەن، کە پێ دەچێت دانەرانی ئەم پڕۆگرامە، بیریان چووبێت کە ئەوان کتێب بۆ منداڵێکی تەمەن هەفت ساڵ دائەنێن. بۆیە بە جۆرێک بابەتەکانیان داڕشتووە، کە نەک هەر لەگەڵ بیری خوێندکارێکی پۆلی دووەمی بنەڕەتی ناگونجێت، بەڵکو لە ئاست خوێندکارێکی پۆلی نۆی بنەڕەتیش نییە، چونکە بابەتەکان ئەوەندە قوڕس و ئاڵۆزن و لەگەڵ توانستی هزریی و جەستەیی منداڵێکی تەمەن هەفت ساڵان ناگونجێن. یەکێک لە خەوشە هەرە دیار و ناپەروەردەیەکانی ئەم کتێبە، درێژی بابەتەکانی خوێنەوەیە. بێگومان لە پۆلەکانی بازنەی یەکەمدا، دەبێ بابەتی خوێنەوە ئاسان و سادە بێت و نابێ لە چەندڕستەیەکی کورتیش تێ پەڕێت، کەچی لەم کتێبەدا، بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی ئەمە نەکراوە. بۆ نموونە: وانەی (پەڕەسێلکە و بۆق) 27 دێڕە. ئایا بابەتێکی لەم شێوەیە، لە ئاست هزری منداڵێکی هەفت ساڵانە؟ ئەم بابەت درێژە چۆن دەخوێنرێتەوە؟ چۆن دەنووسرێتەوە؟ من برازایەکی پۆلی دووم هەیە، یەکێکە لەخوێندکارە هەرە زیرەکەکان و هەموو نمرەکانی نایان بوون، کەچی بە دەست خوێنەوە و نووسینەوەی ئەم بابەتە دەگریا. بە هەمان شێوە بابەتی (مریشکە سوور) 26 دێڕ خوێنەوەیە، بابەتی خێزانەکەم (21) دێڕە. لە کاتێکدا لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، بابەتی خوێنەوە هەیە کە ژمارەی دێڕەکانی تەنها هەشت دێڕە، وەک بابەتی (بە سەرهاتی گوڵەگەنمێک ، حەپسەخانی نەقیب). درێژی بابەتەکانی خوێنەوە، کە دواتر دەبێ بنووسرێنەوەش، هەڵەیەکی پەروەردەیی گەورەیە، چونکە لە توانای منداڵێکی ئەو پۆلە نییە. بڕگەیەکی دیکەی کنێبەکە، بڕگەی هاو واتای وشەکانە، کە ئەمیش لێکدانەوەی واتایانەی وشە دەگرێتەوە. ئەم بڕگەیە، بە هیچ شێوەیەک بۆ خوێندکارێکی پۆلی دووەمی بنەڕەتی، پەروەردەیی و لۆژیکی و زانستی نییە، چونکە هاوواتای وشەکان، کردەیەکی هزریی و واتایانەیە و پێویستی بە زمانزانی و زانینی فەرهەنگ و ئاستی گوزارشت و دەربڕینی زمان هەیە. کەچی دانەرانی کتێبەکە، بە بێ ئەوەی ڕەچاوی هزری منداڵێک لەم ڕووە و بکەن، هاتوون چەندین وشەی قوڕسی وەک وشەکانی (کل ، کولو ، خلەخل، بزڤرینەڤە، دەستەمۆ، خەرتوم، قورتم، خەملاندن، ماف ، هاوچەرخ، چاودێری ) ئەمانە و چەندین وشە و چەمکی ئاڵۆزی تر، وەک نموونەی لێکدانەوەی هاوواتای وشەکان لەو کتێبەدا داناوە. ئایا خوێندکارێکی پۆلی نۆش دەزانێت چەمکەکانی ( ماف و هاوچەرخ و چاودێری و خەمڵاندن) مانایان چییە؟ چۆن دەبێ ئەم چەمکە فیکریانە، بۆ خوێندکارێکی تەمەن هەفت ساڵ باس بکرێن و ئەمیش ناوەڕۆکەکەیان لێکبداتەوە؟ مەگەر ئەمە خۆی لە خۆیدا، ئاڵۆزکردن و شێواندنی هزریی منداڵێک نییە، کە تەنها ساڵێکە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بڕیوە؟ دانەرانی کتێبەکە، چۆن ڕەچاوی ئەوەیان نەکردووە، کە نابێت هزری منداڵ ئاشنای چەمکێک بکرێت، کە لە توانای کەسێکی گەورەش نییە، چونکە بە هەزاران کەس نازانن مانای ئەم چەمکانە چییە؟ لە بڕگەی گفتوگۆدا، بەهەمان شێوە ڕەچاوی توانستی هزری منداڵ نەکراوە. بۆ نموونە: پرسیار لە خوێندکاران کراوە، کە زۆری ژمارەی ئوتومبێل چییە؟ زیانی پاڵاوگەکان چییە؟ چۆن منداڵێک دەزانێت پاڵاوگە چییە؟ بۆ دەبێت لە کۆی ملیۆنان وشە و هەزاران پرسیاری سادە و جوان و پەروەردەیانەی تر، بێن پرسیار لە بارەی پاڵاوگەی نەوت بکرێت؟ زۆری ژمارەی ئوتومبێل، هەر تەنها پرسیارێکی سادەی زمانەوانی نییە، بەڵکو هزریشە و پێویستی بە لێکدانەوەی هزرییانە هەیە تاکو کاریگەریەتی پاڵاوگە و ئوتومبێلەکان، لە سەر ژیان دەربخرێن. ئەم پرسیارانە، چەندین لایەنی تەندروستی، ژینگەیی، بازرگانی، مرۆیی، پیشەسازیی و کارگێڕیان هەیە. بۆیە نەک نالۆژیکییە پرسیاری لەو شێوەیە لە منداڵ بکرێت، بەڵکو ئەو پەڕی ناپەروەردەیی و نادەروونیشە. لە چەندین شوێنی ئەم پڕۆگرامەدا، هەڵەی زەق کراوەو لیژنەی دانان کە دەرزەنێکن، درکیان پێ نەکردووە. لە بابەتی ( من هەنار) م هەڵەیەکی زەق کراوەو نووسراوە (دەگوشرێم و خۆشاوم لێ دروست دەکرێت). بەمەش دانەرانی ئەم کتێبە (خۆشاو) و (سرکەیان) لە یەکتری جیا نەکردۆتەوە، چونکە خۆشاو لە ترێ دروست دەکرێت، نەک هەنار وەک ئەوەی ئەوان تێی گەیشتوون. لە بڕگەی ئایا دەزانیت، دوو زانیاریی یەکجار دوورو نا ئۆرگانیکی و نا فەرهەنگی و ناپەروەردەیان هێناوەتەوە پیشانی خوێندکارانی دەدەن کە ئەوانیش (شەمشەمەکوێر) و (بڵندگۆن). باشە هیچ شتێک ئەم دووانە بە یەکتری دەبەستێتەوە؟ ئایا هیچ پەیوەندییەکی فەرهەنگی، زمانی، واتایی، پەروەردەیی و هزری لە نێوان ئەو دوو شتە هەیە؟ ئەگەر دانەرانی کتێبەکە مەبەستیان شتە زیندوو نازیندووەکان بێت، ئەوا لە زانستی پۆلی دوو ئەم بابەتە دەخوێنرێت، کەواتا پێویست ناکات دوو چەمکی یەکجار دوور لە یەکتری، بە یەکەوە لە چوارچێوەی پرسیاری ئایا دەزانیت، لە خوێندکاران بکرێت. سەیر و سەمەرەیە، لە کۆی ملیۆنان زانیاریی هەمەجۆری ژیان، دانەرانی کتێبەکە دێن شەمشەمە کوێر و بڵندگۆ، بە یەکەوە دەبەستنەوە، کە ئاسمان و ڕێسمان دوورن لە یەکتریی و سەر لە خوێنکاران دەشێوێنن. بڕگەیەکی دیکەی ئەم کتێبە، خاڵبەندییە. بێگومان گرنگە خوێندکار هەر لە سەرەتاوە، فێری بنەماکانی خاڵبەندی بکرێت، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک نابێ لە پۆلی دووەمی بنەڕەتییەوە دەست پێ بکات، بەڵکو دەبێ لە پۆلی پێنجەمەوە بێت. تا ئێستاش، بە سەدان نووسەرهەن، کتێبیان نووسیوە و چاپکردوە، بەردەوامیش دەنووسن، کەچی هێشتا شارەزایەکی بنەڕەتییان لە ڕێسکانی خاڵبەندی نییە، ئیدی نازانم چۆن خوێندکارێکی تەمەن هەفت ساڵ، نیشانەکانی پرسیار و سەر سوڕمان و جوت خاڵ و چەندانی دیکەش، لە یەکتری جیا دەکاتەوەو دەزانێت پەیڕەیان لێوە بکات. خاڵبەندی، لایەنێکی گرنگی زمانە، بەڵام دوای فێربوونی زمان و نووسین و داڕشتن، دەبێ پەیڕەوەی لێوە بکرێت. بە پێچەوانەوە لەو پۆلانەدا، دەبێ تەنێ جەخت لەوشە بەتەنها بکرێتەوە. لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە وێرای ئەم هەڵانە، تەنانە لە ناونیشانی کتێبەکەش هەڵە کراوە، چونکە نووسراوە (خوێندنی کوردی) لە کاتێکدا دەبوو بنووسرێت (خوێندنەوەی کوردی)، چونکە خوێندنی کوردی، بەرامبەر الدراسە الکوردییە. داواکارم وەزیری پەروەردە، لە ڕێگەی پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە، ئەم کتێبە ڕەت بکاتەوە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن، کتێبێکی سادە و ئاسانی یەک بەرگی بۆ خوێنکارانی پۆلی دوو دابنێن.

————————————————

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە (8937 ) ڕۆژی 11/6/2023 بڵاوکراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish