Skip to Content

گفتوگۆ لەگەڵ ستیڤان شەمزینی.. ئامادەکردن: لیزا محەمەد

گفتوگۆ لەگەڵ ستیڤان شەمزینی.. ئامادەکردن: لیزا محەمەد

Closed
by شوبات 8, 2024 General, Literature


(ئێمە ئەو نەوەیەی مەحکوم کراین بە رەشبینی..) ستیڤان شەمزینی

لیزا: وەک رۆژنامەنووسێک سەرەتا دەمەوێت بپرسم لە ھەنووکەدا کێشە و رەوشی رۆژنامەوانی کوردیی دوای سەد و بیست ساڵ تەمەن چۆن دەبینیت؟. قسەت لەسەر شێوازی کاری میدیایی چییە لەم بارودۆخەدا؟.

ستیڤان شەمزینی: جیھانی رۆژنامەوانی کوردیی جیھانێکی پڕ ئیشکالییەت و ئاڵۆزییە، بۆ ئەوەشی بتوانین قسەی لەسەر بکەین، ھەم پێویستمان بە رووبەرێکی فراوانترە لە دیمانەیەک، ھەم بابەتەکە پێویستی بە وردبوونەوە و داتا و شرۆڤەی تیۆرییە. ئەوەی لێرەدا دەکرێت ئێمە لەسەر ئەم تێمایە قسە بکەین، ئەوەیە: رەوشی رۆژنامەوانی کوردیی بە بەراوورد بە تەمەنی خۆی “١٢٠ ساڵ” رۆژنامەوانییەکی پاشکەوتوو و بەجێماوە، شایانی بەراوورد نییە تەنانەت بە رۆژنامەوانی عەرەبیی!! کە من پێموایە رۆژنامەوانی عەرەبیش رۆژنامەوانییەکی دواکەوتووخوازە و تاکو ئەندازەیەکی زۆریش بە جێماوە لەو گەشەکردنە خێرایەی فۆرمی رۆژنامەوانی خۆرئاوایی بە تایبەت لە قۆناغی دوای کۆتاییھاتنی جەنگی سارد و خێرا بەستنەوەی جیھان بە یەکترەوە و بچووکبوونەوەی دنیا بۆ ئاستی گوندێک. لەم گوندە بچووکە جیھانییەدا رۆژنامەوانی کوردیی “بە تایبەت باشوور” پاشکۆی رۆژنامەوانی عەرەبییە لە رووی جیھانبینی و فۆرمەوە، رۆژنامەوانی عەرەبیش ھەروەک وتم رۆژنامەوانییەکی ئیفلیج و لەنگە بە پێی ستاندارە ئەکادیمییەکانی کاری رۆژنامەوانی.
لە ستروکتۆرەوە کاری رۆژنامەوانی مامەڵەیە لەگەڵ رووداو یان ھەواڵ، ئەو شەش رەگەزە سەرەکییەی ھەواڵ “کێ و کەی و چۆن و بۆ و لە کوێ و چی” بنچینەی کاری رۆژنامەوانین، بەڵام رۆژنامەوانی کوردیی دوای سەد و بیست ساڵ کەمتر دەتوانێت ھەواڵێکمان پێشکەش بکات بەو زمان و فۆرمە رۆژنامەنووسییە ستاندارە، بە پێچەوانەوە پیشەییبوون و ئیتیک و موراڵی رۆژنامەوانی ھەمیشە لە راگەیاندنی کوردییدا ون بووە و ژێر پێ خراوە!!. رۆژنامەوانی کورد بە گوێرەی ئایدیای خۆی مامەڵە لەگەڵ رووداو و ھەواڵدا دەکات، نەک وەک ئەو وێنە مەلموسەی لە واقیعدا ھەیە یان روویداوە، بە دیوێکی تردا ھەمیشە ئەو ھەواڵ و ئەرتیکڵە رۆژنامەوانییانەی لەلایەن رۆژنامەوانی کوردەوە ئاڕاستەی وەرگر دەکرێت وێنایەکی ساختەی رووداو و ھەواڵەکانن. ئەمەش زادەی ناپرۆفیشناڵی و بێلایەن نەبوون و ھەمەلایەن نەبوونی تاکی رۆژنامەوان و دەزگاکانن!. من لێرەدا نامەوێت بڵێم رۆژنامەوان بۆی نییە لایەنگری ئایدۆلۆگییەکی دیاریکراو بکات، ھێندەی مەبەست لە مامەڵەکردنی بێلایەنانە و ھەمەلایەنانەیە لەگەڵ رووداو و ئامادەکردنی ھەواڵدا.
من ئەم قۆناغەی ئێستای رۆژنامەوانی کوردیی ناو دەنێم قۆناغی گەندەڵبوونی رۆژنامەوانیی لە کوردستان، بەو پێیەی رۆژنامەوان و دەزگا رۆژنامەوانییەکان دەسەڵاتی خۆیان وەک دەسەڵاتی چوارەم، خراپ بەکاردەھێنن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکی ترە لە گەندەڵی، لەو سۆنگەیەی دیاردەی گەندەڵی تەنھا رەھەندی ئابووری یان ئیداریی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی فرە رەھەندە. ئەوەی لە رەوشی رۆژنامەوانی کوردییدا پراکتیزە دەکرێت، نموونەیەکی ھێندە بێ کەڵک و مەسرەفگەرایە، مەگەر ھەر لە کورد ئەمە روویدا بێت، بەو پێیەی مەسرەفگەرایش ھەروەک گەندەڵی تەنھا لە رووە ئابوورییەکەدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو فۆرمی جۆراوجۆری ھەیە، لەم نێوەندەدا دەبینین، لە کوردستان تایپێک لە رۆژنامەوان دروستبوون مەسرەفگەرن، تەنانەت ھێندە وشەیان بە فیڕۆداوە ھیچ ئەرزشێک بۆ وشە نەماوەتەوە، بۆیە “راستکردنەوەی زمان” بە مانا “کۆنفۆشیۆس”ییەکەی کارێکی پێشنۆرە و بایەخداری ئەم قۆناغەی کاری میدیاییە لە کوردستاندا، وەک وتیشم ئەم قۆناغە ناو دەنێم زەمەنی گەندەڵبوونی رۆژنامەوانان. “ھەڵبەتە مەبەستم بەدکەڵکی دارایی نییە، ھێندەی مەبەستم بەدکەڵکی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتە رەمزییەکەی رۆژنامەوانییە”.

لیزا: لە ھەردوو کۆمەڵە شیعرەکەتدا کە بە چاپت گەیاندوون، بە روونی ئەوە دیارە پەیڕەوی ھیچ رێبازێکی ئەدەبی دیاریکراو ناکەیت.؟ ئەمە چۆن دەبینیت و ئایا کێشە نییە شاعیرێک سەر بە قوتابخانەیەکی ئەدەبی نەبێت یان لە روانگەی تۆوە پێناسەی شیعر چییە و چۆن دەڕوانیتە پاشەگەردانی شیعر نووسین؟.

ستیڤان شەمزینی: پرسیارێکی جیددییە، ھەڵبەتە خۆم بە مەلێکی ئازاد دەبینم، ناچمە ناو قەفەزی ھیچ رێڕەوێکی ئەدەبی دیاریکراوەوە، ئەمەش ھاوواتای ئەوە نییە سوودوەرگرتن لە کەلەپووری رۆشنبیریی و قوتابخانە ئەدەبییەکان بەھەند وەرناگرم. ھەرچەند زیاتر سەرسامم بە رۆمانسیزمی نوێ، بەڵام ھەوڵمداوە بە شێوازی خۆم شیعر بنووسم، ئاخر شیعر مامەڵەیە لەگەڵ ھەست و خەیاڵ، تۆ ناتوانیت ئەم ھەست و خەیاڵە بخەیتە چوارچێوەی جیھانبینی قوتابخانەیەکی دیاریکراوەوە، خۆیشم نازانم شیعرەکانم لە چ خانەیەکدا پۆلێن دەکرێن، تەنیا ئەوە دەزانم ھەستی خۆم دەنووسمەوە، ئەو بورکانەی لە خەیاڵمدا دەتەقێتەوە لە بۆتەی شیعردا دەیاننووسمەوە. بانگەشەی ئەوە ناکەم کێش و مۆسیقا و فۆرمی شیعرییم بۆ گرنگ نییە، بەڵام لەسەر ستایلی ھیچ کەس و قوتابخانەیەک شیعر نانووسم، کەسێکی بەرەڵام لە شیعردا، ئاوھاش ئازادترم وەک لەوەی خۆم لەناو بازنەی قوتابخانەیەکی دیاریکراودا گەمارۆ بدەم.
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم شیعر پێناسە ناکرێت، تەنێ ئەوەندەیە شیعر جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ منداڵی، واتە گەڕانەوەیە بۆ ناو بەرائەت و جیھانی ساکاری منداڵی، لەم سۆنگەوە ھەندێک لە توێژەرانی سۆسیۆلۆجی پێیانوایە کۆمەڵگەی شیعریی کۆمەڵگەیەکی منداڵە. لێ شیعر مێژووی نییە، رەنگە ھێندەی ھەموو تەمەنی مرۆڤ بە تەمەن بێت، بەڵام زمانی شیعر زمانێکە لەگەڵ ئاوابوونی فیوداڵیزم، کاریگەریی خۆی لە دەستدا، لە بری ئەوە “رۆمان” وەک ژانرێکی زەمەنی مودێرنێتە جێگەی گرتەوە، بە مانایەکی تر شیعر بەرھەمی گوندە و “رۆمان”یش بەرھەمی شار. ھەر لەم روانگەوە رووداوی ناو رۆمانەکان ئەگەر لە گوندێکیشدا رووبدەن نکۆڵی لەوە ناکرێت رۆمان کوڕی منداڵدانی شارە. ئەگەر دوور نەکەوینەوە لە کرۆکی بابەت، کورد کۆمەڵگەیەکی مناڵە “بەپێی پێناسەی کۆمەڵناسی” چونکە زمانی باڵادەست تیایدا شیعر بووە، بۆیەکا ھیچ کار و فرمانێکی بێ ئامادەیی شیعر نەچووە بەڕێوە “نموونەی شیعرە کێش و سەروادارەکانی کاتی جووتکردن و تۆوکردن و دروێنە و شەتڵلێدان و قۆغڵی و ھتد..”. لەبەرئەمەش زۆرێک لەو رۆمان و وتارانەی بە زمانی شیعریی دەنووسرێن تا نووکەش پڕ خوێنەرترینن، چونکە تێگەیشتن لە زمانی ئەکادیمی و زانستی بۆ خوێنەری کورد گەلێ ئەستەمە.
لەگەڵ ئەوەی خەریکە ئەستێرەی بەختی شیعر ئاوا دەبێت، کۆمەڵێک شیعرنووس گۆڕەپانی شیعری کوردییان مۆنۆپۆل کردووە بە رۆژی رووناک شیعر ئەتک دەکەن. یەکێک بە ناوی ئیرۆسییەتەوە شیعر لە ئیستاتیکا دادەڕنێت و دەیکاتە بابەتی سەرجێیی. یەکێکی دی بە ناوی زمانی ساکارەوە شیعر دادەڕنێ لە ھەموو فەنتازیا و تەکنیکێکی ھونەریی. ھەر یەکەو بە جۆرێک خەریکی ئەتککردنی شیعری کوردییە، ئێمە سەرەتای شیعریمان لە خانی و مەلای جەزیری و باباتاھیرەوە تا دەگاتە حاجی قادر و مەحوی و مەولەوی و نالی و سالم و حەمدی، پڕیەتی لە داھێنان و شۆکی بیرکردنەوە و گەمەی زمانەوانی و فەنتازیا و ئافراندن، کەچی دوای چەندین سەدە لە رێگەی فەیسبووکەوە چەند ئەرزوحاڵچییەک سەرقاڵی ریسواکردنی شیعری کوردین. ئەمە تاوانێکە وەک تاوانی تاڵانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکان، وەک تاڵانکردنی سەروەتە سروشتییەکانی وڵات، وەک گەندەڵی و بە ھەدەردانی سامانی گشتیی. زانیمان لە مێژوودا سیاسییەکان کاریان تەنیا بازرگانی بووە بە خوێن و ھەستی مرۆڤەوە، ئەدی ھەموو ئەو شیعرنووسانە ھەمان کار ناکەن؟. بۆیە پەندێکی فەڕەنسیتان بیر دێنمەوە کە دەڵێ (ئەوانەی کاری بەد جوان دەکەن باشترن لەوانەی کاری جوان بەد دەکەن). ھۆشمەند ئەوەیە لەم پەندە تێبگات.

لیزا: شیعرەکانت دوو ئاڕاستەی سەرەکییان ھەیە، یەکەم عەشق و دووەم رەشبینی و مردن. چۆن دەتوانیت ئەم دوو پێدراوە پێچەوانەیە لە یەک کاتدا لە بۆتەی شیعردا تەوزیف بکەیت؟.

ستیڤان شەمزینی: بێھێنە بەرچاوت ھەڕەتی لاوێتی من، یان دەسپێکی عەشقەکەم کەوتۆتە زەمەنێکەوە، کە ناوم ناوە زەمەنی “تێکشکان و کوژانەوە”! واتە ئەو قۆناغەی دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، کە ھیچ شتێک بەھای نەما لە شەڕی ناوخۆدا، ھیچ گۆرانییەکی دڵخۆشکەر نەما بۆ وتن، ھیچ ئاوازێکی رووناک نەما بۆ ژەنین، ئەوێ رۆژێ سەرباری جەنگ و گەمارۆی ئابووری و رووخانی تەلاری خەونی نەتەوەیەک، زەمینە و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەش مرۆڤی توشی ھەناسەسواریی و نامۆیی دەکرد، ئێمە ئەو نەوەیە بووین لەو ھەلومەرجەدا مەحکوم کراین بە رەشبینی، ئاخر رەشبینی ئارەزوویەک نەبوو ھەوڵی بۆ بدەین، بەڵکو مۆتەکەیەک بوو بەرۆکی دەگرتین، ئێمە لەو زەمانەدا گەنجیمان دەگوزەراند ھەموو ئاسۆکان تاریک ببوون، لێ ئەم ھێڵە دراماتیکییەی تراژیدیای کورد تاکو ئێستاش درێژەی ھەیە، بەڵام بارە قورسەکەی لەسەر شانی ئەو نەوەیەی ئێمە بوو، نابێت ئەو سیاقە مێژووییە نادیدە بگریت نەوەیەکی سیخناخ کرد بە رەشبینی و نیھێلیزم، بۆ نەوەی ئێمە کە ژیان ھەموو رەنگە پەلکەزێڕینەییەکانی خۆی حەشار دەدا، نائومێدیی رەوایی ھەبوو!!، بەڵکو بۆ ھەندێکی وەک ئێمە کە ئەوسا خوێنەری جیددی بووین و بیرمان لە دنیای خۆمان دەکردەوە کارەساتەکە دوو ھێندە گەورەتر بوو.
لەوە بەولاوە وەک نزار قەبانی لە دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت “لە زەمەنێکدا بە دوای عەشقدا وێڵ بووین، کە نازانێت عەشق چییە”. لەو زەمەنەی تەنیا بۆنی بارووتی لێدەھات و دیمەنی ھاتنەوەی تەرمی شەڕکەرەکانی جەنگی نێوخۆیی وەک تەمێک ئاسۆی روونی گرتبوو، ھاوزەمان لەو ژینگە داخراو و تۆقێنەرە کۆمەڵایەتییەدا عەشق و عاشقبوون بۆ خۆی شۆڕشێک بوو، شکاندنی سنوورە تابۆکراوەکانی کۆمەڵگە بوو، وەنەبێت لە کاتی شکاندنی ئەو سنوورانە کۆمەڵگە تەنھا فڕێی بدایتبایە دەرەوەی خۆی، بەڵکو لە رووی فیزیکیشەوە دەیسڕیتەوە. گەنجێکی وەک منیش ھەم رەشبین ھەم عاشق، ئاخۆ دەبێت شیعرەکانی چۆن دەربچن؟. ھەوڵم دەدا دوالیزمی رەشبینی و عەشق پێکەوە بخەمە ناو رستە شیعرییەکانمەوە، لە کۆتاییدا رەشبینی و عەشق بوونە بەشێکی گرنگی سایکۆلۆژیام، ئەمە ھەر وەک بۆ زۆرێک لەو نەوەیەی من ھەمان شتە.
لێ لە شانزە ساڵییەوە رووم لە بیرۆکەی کۆمۆنیزم کرد، “ھەرچەند تا ئێستاش چەپم، بەڵام بە دیدێکی جیاتر لە روانگەی چەند ساڵی پێشووترم”. کۆمۆنیزمیش بۆ خۆی بەشێکە لە فەلسەفەی گەشبینی، بەو پێیەی ھەمیشە ھیوادارت دەکات بە سۆسیالیزم و گۆڕانی ریشەیی دنیا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە ھێشتا لە ژێر کاریگەریی ژینگەیی ئاینی و سۆفیستی کۆمەڵگەی کوردیی دەربازمان نەببوو، جۆرێک لە خۆشەویستیمان بۆ مەرگ ھەبوو، بێ ئاگا کەوتبووینە ژێر ئەو دیدە “ھیگل”ییەی پێیوایە “مەرگ خودی عەشقە، عەشقی رەھا و پوخت لە مەرگدا خۆی ئاشکرا دەکات”. ھەموو دەمانویست “کلایست”ئاسا لەسەر گۆڕی خۆشەویستەکەمان یان بە یادی عەشقێکی ناکامەوە خۆمان بکوژین، تاکو بیسەلمێنین مەرگ خودی عەشقە. لەبەرئەوە ئێمە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین ببووینە عارفی تەریقەتی مەولانای رۆمی و شاگردی مۆسۆلینی و بێئاگایانە دەمانووت “بژی مەرگ”، بەڵام ھەنووکە دوای ئەو ھەموو ساڵە وەک دێڕە شیعرەکەی “ژان ژینێ” لە زیندانەوە “داوای ئاشتی لە مردن دەکەم”.

لیزا: لە زۆرێک لە کتێبە سیاسییەکانتدا یەک ھێڵی روون بەدی دەکرێت، ئەویش دوانە بە زمانی رەخنەیی لە ئەدای سیاسیی و حکومداریی؟ پێتوایە ئەزموونی حکومداریی لە کوردستان ھەمیشە شایانی رەخنەگرتنە؟.

ستیڤان شەمزینی: لە راستیدا وەزیفەی ھەر تاکێکی بیرکەرەوە بریتییە لە رەخنە، بەو پێیەی رەخنە خۆی میتۆدێکە دژی داخران و چەقبەستن، لەگەڵیدا سترۆکتۆری ھەر بیناکردنەوەیەکی نوێشە. جیا لەوەش بە دەربڕینی ئەدۆنیس “رەخنە دژ و پێچەوانەی میتۆدی داخراوە”. ئیشی رەخنە ئەوەیە پرسیار جێبھێڵێت نەک وەڵام، رەخنە ھەوڵێکی مەعریفی و زانستییە بۆ ئاشکراکردنی دیوی حەشاردراوی ھەر شتێک، بۆیە ھەمیشە پشت بە زانست دەبەستێت، ھەر رەخنەیەک لەسەر زانست رۆ نەنرابێت بێ سێ و دوو ناچێتە چێوەی رەخنەوە، ئیدی رەنگە بەشێک بێت لە داشۆرین یان نابووتکردن. تۆ دیقەت بدە رەخنەکانی نیتچە لەسەر زانستی رەچەڵەکناسی “جینۆلۆجیا” تەبەنیکراون یان رەخنەکانی مارکس بنەمایەکی زانستیی ماددیی و دیالێکتیکیان ھەیە، ھەروەک ئەوەی ئەڵتۆسێر، مارکس بە دۆزەرەوەی مێژوو پێناسە دەکات. لەم سۆنگەوە دەتوانم بڵێم رەخنەی زانستی و سیاسیی پێویستییەکی گرنگە لە پرۆسەی سیاسیی و دەوڵەتداریدا، بێ رەخنە ماشێنی دەوڵەت و ئیدارە بەرەو ستەمکاریی و نادادپەروەریی گەورە دەڕوات.
رەخنەکانی من لەو چوارچێوەیەدان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی حکومداریی لە کوردستان، ھیچ کات وەک نەیارێک بۆ شکاندنی شکۆی کوردبوون رەخنەکانم ئاڕاستە نەکردووە، بەڵکو دروست بە پێچەوانەوە کاری من ئەوە بووە حکومدارییەکی دیموکراتیک و مودێرن لە کوردستان بێتە ئارا و پەیڕەو بکرێت، شکۆی ھاووڵاتیانی کوردستان بەرز رابگرێت، بەمەش شکۆی حکومدارییەکە خۆیشی بەرز رادەگیرێت. بۆ رەخنەی سیاسیی پێویستم بە زمان و میتۆدێکی سیاسیی رەخنەگرانە ھەبووە، ھەروەک “میلان کۆندێرا” لە “کافکالۆژیی”دا باس لەوە دەکات ھەڵسەنگاندنی دەروونشیکاریی یان فەلسەفییانە و مارکسییانە بۆ بەرھەمە ئەدەبییەکانی “فرانتس کافکا” سەرلەبەر ھەوڵگەلێکی شکستخواردوون، بەو پێیەی دەبێت ئەدەبیات بە ئەدەبیات ھەڵبسەنگێنرێت. ئاوھاش من پێموایە ھەڵسەنگاندنی سیاسیی پێویستە بە میتۆدی سیاسیی پراکتیزە بکرێت، ئەگەرنا کارەکە دەبێتە خولانەوەی ناو بازنە.

لیزا: لە کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”دا، رەخنەی توند لە خودی رۆشنبیری کورد دەگریت. پێتوایە کەموکوڕیی رۆشنبیران چییە؟ پێتوایە رۆڵی رۆشنبیر چییە لە کۆمەڵگەدا؟.

ستیڤان شەمزینی: خۆی لە کتێبەکەدا بە روونی رەخنەکانی خۆمم ئاڕاستەی ئەو تایپە لە رۆشنبیری کورد کردووە توانیوویانە کاریگەریی جێبھێڵن، ئارکۆلۆژیستانە بە دوای لەنگیی و ناتەواوییەکانی تێفکرینی ئەو تەرزە رووناکبیرە کوردەدا رۆشتووم کە ناخوازن لە رێگەی تێزەکانیانەوە مرۆڤ فێری بیرکردنەوە بکەن، بەڵکو دەیانخەنە دۆخێکی دەروێشانە تاکو ببنە کۆیلەی چەمکەکانیان، بۆ من ئەم جۆرە لە رووناکبیری کورد وەک لە کتێبەکەشدا بە عەوامگەر ناوزەدم کردوون، جێگەی رەخنە و تێبینی زۆر بوون، ئەو جیھانە ئیشکالاوییانەی ئەوانم داوەتە بەر نووکی رمی رەخنە تیژەکانم، لەوەدا رەچاوی قسەکەی “مارکس”م کردووە کە دەڵێت “دەبێت رەخنە بێ بەزەییانە بێت”. ھەر چەند لە نووسینی باسەکانی ئەو کتێبەدا بە قووڵی کەوتوومەتە ژێر کاریگەریی روانگەکانی “د.عەلی حەرب” بەڵام لەوەدا خۆم جیا کردۆتەوە، کە ئەو پێیوایە “رۆشنبیرانی عەرەب پشکدارییان لە دروستکردنی رای گشتیی و ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی نەکردووە”، لەو سۆنگەیەی پێموایە رۆشنبیری کورد کاریگەریی ھەبووە لەسەر رای گشتیی. کەواتە رەخنەکانی من لە کوێدان؟ رەخنەکانم لەوەدا چڕ دەبنەوە ئەم تایپە رۆشنبیرە کارتێکردنی نێگەتیڤیان ھەبووە لەسەر ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی و رای گشتیی، بەو ھۆیەی ویستوویانە جەماوەر لە مێگەلبوون بۆ سیاسییەکانەوە بکەنە مێگەلێک بۆ چەمکە سواوەکانیان.
لەوێدا بە روونی ھێمام بۆ گروپی “رەھەند” کردووە، بە پێچەوانەی بۆچوونی “لەتیف ھەڵمەت” لەسەر بزووتنەوەی ئەدەبیی “روانگە” کە وتی “روانگە ھێلکەیەکی پیس بوو ھیچی ھەڵنەھێنا”!، من پێموانییە “رەھەند” ھێلکەیەکی پیس بووبێت، چونکە رەشبینی و پووچگەرایی بەرھەم ھێنا، نەوەیەکی داڕووخاوی ھیپیستی ھەڵھێنا، نیھێلیزم و بێ ئینتمایی ھەڵھێنا، رۆشنبیریی کوردیی کردە مەزادخانەی فیکر، ھەر لەو مەزادخانەیەدا ھەر رۆژەی تێز و ئەنتی تێزێکی سواوی تێدا ھەڕاج دەکرێت. بەشێوەیەکی گشتیی رووناکبیرانی کورد، ھێشتا کۆمەڵە فەقێیەکی وشکھەڵاتووی چەمک و باوەڕە دۆگمەکانی خۆیانن، نەیانتوانیوە دەسەڵاتی رەمزیی خۆیان بۆ ژیاندنەوە و بیناکردنەوەی ژیان وەگەڕ بخەن، ئەوان ھەمیشە وێرانکارن، دەڕوخێنن و دەستیان خاڵییە لە ئەڵتەرناتیڤ، دەرگاکان دادەخەن بێ ئەوەی پەنجەرەیەکیش بکەنەوە بۆ ھەناسەدان، ئەوان نوێنەری مەرگدۆستین نەک ژیانویستیی، وەک گلگامێش بە نائومێدییەوە لە خۆیان دەڕوانن و دەڵێن “ئاە مەرگ بینەقاقای گرتووین”.

لیزا: خۆت وەک رۆشنبیرێکی چەپ پێناسە دەکەیت. پێتوانییە چەپ ئیتر لە پەڕاوێزی رووداوەکاندایە، یان پێتوانییە بە رووخانی دیواری بەرلین خەونی چەپەکانیش داڕوخا؟.

ستیڤان شەمزینی: قسەکردن لەسەر کۆتایی ھاتنی رۆڵی چەپ وەک قسەکردنە لەسەر کۆتایھاتنی ئۆکسژین لە گەردووندا!! چەپ ئەو ئۆکسژینەیە ھەموو کۆمەڵگەکان وەک ھێزیکی رەخنەگرانە نەک پێویستیان پێیەتی بەڵکو مومکین نییە بێ ئەو بتوانن بەردەوام بن. من وا بڕوا دەکەم ھێشتاش چراکە خامۆش نەبووە، پەندێکی چینی ھەیە دەڵێت “باشترین کار ئەوەیە مۆمێک داگیرسێنیت، نەک بانگەشەی تاریکی بکەیت”. ئەم پەندە زادەی ئەو عەیامە کۆنەیە، مرۆڤ ئاشقی رووناکی بوو، بۆ تیشکی خۆری دەڕوانی. لە زەمەنێکدا پارە فەرمانڕەوا و سەرمایەداریی کولتووری مرۆڤایەتییە، جیھان کەوتۆتە دەست شەمشەمە کوێرەکان. پەندەکەش بەم جۆرە ھەڵگێڕدراوەتەوە: چراکان خامۆش بکەن، نەکا شەمشەکوێرەی سەرمایەداریی بە شەوارە بکەوێت. جیھان لە سایەی بێ ویژدانی کاپیتالیزم و کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان و بازاڕی ئازاددا، غەرقی تاریکی و تراژیدیایە. ئەوەی لەم شەوەزەنگەدا چراکەی بەدەستەوەیە خودی پیرە پیاوە بیر رووناکەکەی سەدەی نۆزدەیە “کارل مارکس”.
لە راستیدا وەک لە وتاری “یۆتۆپیای مەرگی مارکس و رووخانی وۆڵ ستریت”یشدا ئاماژەم بۆ کردووە ئامادەگیی چەپ و خودی مارکس لە جیھانی نوێی تاک جەمسەرییدا ئامادەگییەکی سەرەکییە نەک کۆمبارسانە، لەوێدا وتوومە ھێشتا جیھان پێویستی بە بیری رەخنەگرانەی مارکس ھەیە, ئاخر کاتێک مارکس ھات، نەک ھەر ئەدگاری فەلسەفەی گۆڕی، بەڵکو کودەتای بەسەر تێرمی بیرکردنەوە و پرسیارە وجودییەکانیشدا کرد، بایەخی مارکس و چەپ زۆر لەوە زیاترە کورت بکرێتەوە بۆ ناو پەیڕەو و پرۆگرامی حزبێکی سیاسیی، چونکە چەپ و مارکس گومان لەم جیھانە دەکەن و ئەڵتەرناتیڤی رۆشنیشیان پێیە بۆ چێکردنی دنیایەکی تازە. پێموایە تا ئێستاش مارکس زیندووترین فەیلەسووفی جیھانە، ئەوەی لە دیواری بەرلیندا رووخا بەڵشەفیزم بوو، ئەوەی مرد لێنینیزم بوو، ئەوانەی پێیانوایە ھەرەسی سۆڤێت ھەرەسی مارکس و چەپە دەبێت جارێکی تر بە ئاستی ھۆشیاریی خۆیاندا بچنەوە. داستانی مارکس و چەپ لە رووخانی دیواری بەرلیندا تەواو نەبوو، بەڵکو دوای داڕووخانی وۆڵ ستریت دەست پێدەکات.
وا بیر دەکەمەوە کۆمۆنیزم رژێمێکی سیاسیی نییە، دەسەڵات و دامەزراوە دەوڵەتییەکان نییە، چوون خودی کۆمۆنیزم پێڤاژۆیەکە لە دەرەوەی دەوڵەت، لە ستروکتۆرە کۆمۆنیزم قۆناغێکە لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژیاریی مرۆڤایەتی، ھەروەک چۆن کۆیلەداریی و فیودالیزم و کاپیتالیزم سێ قۆناغی گەشەکردنی دوای کۆمۆنەی سەرەتایین، ئاواش کۆمۆنیزم زەمەنی ئەو یەکسانییەیە مرۆڤایەتی وەک قۆناغێکی پێگەیشتووتر پێی دەگات، بەو پێیەی لە کۆتاییدا ئامانجی مرۆڤ ژیانێکی باشتر و دنیایەکی جوانترە، چونکە ناتوانێت تا سەر بەرگەی ئەو ھەڵاواردنە چینایەتی و نایەکسانییە بگرێت لە ھەموو رەھەندەکانی ژیانەوە. رۆژێک دێت مرۆڤ ناچار بێت بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی ماقوڵ بکاتەوە و ھەنگاو ھەڵبگرێت بەرەو ھەڵبژاردنی باشترین بژاردە، ئەو ئەڵتەرناتیڤەش بێگومان رۆحی کۆمۆنیزمە، یان رەنگە قەیرانە ریشەییەکانی رژێمی سەرمایە و نابەرابەرییەکانی ئەو سیستمە وەھا لە خودی ئابووریناسانی سەرمایەداریی بکات بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێت چارەسەر لە گەڕانەوە بۆ بیرۆکەی دێرینەکەی کارل مارکسدا بدۆزنەوە، ئەمە نە یۆتۆپیایە نە دۆگماتیزم و دیدی ئایدۆلۆگی رووت، بەڵکو ئەگەرێگە بۆ داھاتوو کە ئەگەرێکی زۆر بەھێزیشە.

لیزا: لە کتێبی “تێروانینی سێھەم”دا لە ٢٥٢ لاپەڕەدا باسی کێشە جڤاتییەکانی کۆمەڵی کوردەواری دەکەیت. ئایا دەکرێت بە پوختی پانۆرامایەکی کێشە جڤاتییەکانی ھەنووکە بخەیتە روو؟.

ستیڤان شەمزینی: کێشە جڤاتییەکانی ئێمە وەک کورد کۆمەڵێک کێشەی فرە رەھەندن، ھەمووشیان پێکەوە بەستراون، قووڵایی و ماکی مێژووییان ھەیە، جیا لەمە کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوە ھەیە، پێویستی بە کڵێشەی تازەتر ھەیە لە ھەموو کایە و سێکتەرە جۆر بەجۆرەکانی ژیاندا. بۆ ئەم کارەش ئێمە پێویستمان بە گۆڕینی سیستمی پەروەردەیی ھەیە، بەو پێیەی میتۆدی پەروەردەیی ئێمە چ لەناو خێزان، چ لە قوتابخانەکاندا، میتۆدێکە لەسەر ریشە و کولتووری ئاینیی و خێڵەگەرایی بینا کراوە، ئەمەش وای کردووە کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ بەرھەم بھێنێت نەک تاکی ئەکتیڤ و ھۆشیار، ھەر لەناو ئەو رەگوریشاڵە پەروەردەییەدا گرێی خۆ بە کەمزانین و خۆ بە بچووک زانین ھەیە، بەو پێیەی مرۆڤگەلێکی بەرھەمھێناوە بە چاوی گومان و ھەستێکی نزمەوە لە خۆی و مێژووی خۆی دەڕوانێت، یەکێک لەو کێشە ھەرە سەرەکییانەی وایکردووە کورد لە مێژوودا نەبێتە خاوەنی دەوڵەت، فاکتۆرەکەی ھەر ئەم گرێ دەروونییەوە بووە، تەنانەت تۆ سەیر بکە لە پرۆسەی ریفراندۆمدا زۆربەی ئەوانەشی دەنگی “بەڵێ”یان دا، دواتر توشی گرێی ئۆدیب بوون، بەو پێیەی فەرمانڕەوایی داگیرکەران بە دەسەڵاتدارێتی باوکە فرۆیدییەکە تێدەگەن.
ئەوەی لەو کتێبەدا، بە درێژایی بیست ھەڤپەیڤین، ویستوومە بە دیدێکی رەخنەگرانە بیڵێم، ئەوەیە: سیاسەت و فەرمانڕەوایی و ئۆپۆزیسیۆن و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و عەشق و خۆشەویستی و ھاوسەرگیریی و روانینمان بۆ کۆی دیاردەکانی مودێرنێتە، سەرلەبەر پێچەوانەوەیە، راستکردنەوەی ئەمەش تەنیا لە رێگەی دەستکارییکردن و گۆڕینی میتۆدی پەروەردەییەوە زامن دەکرێت. بۆیە دەکرێت قسەکانم وەھا پوخت بکەمەوە و بڵێم ھەموو کایە جۆراوجۆرەکانی ژیانی جڤاتیی ئێمە پێویستیان بە دووبارە فۆرمۆلەکردنەوە ھەیە، لەم نێوەندەشدا رۆڵی رۆشنبیر رۆڵێکی کارا و ئێجگار گرنگە، لەو سۆنگەیەی رووناکبیر زانستی گۆڕین و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دنیا بەشێوەیەکی جیاوازتر لەوەی پێشتر بەرھەم دەھێنێت.

لیزا: یاخیبوون و پەشیمانبوونەوە دوو خەسڵەتی سەرەکی ژیانی خۆت و ھەندێ جاریش نووسینەکانتن!! دەکرێت بزانین بۆچی؟

ستیڤان شەمزینی: با لە پەشیمانبوونەوە دەست پێبکەین، تێزێکی سەرەکیی ھەیە لە زانستدا بریتییە لە تێزی بەدرۆخستنەوە یان پەشیمانبوونەوە. زاناکان ئەمڕۆ شتێک لە بارەی بەکتریایەکەوە دەڵێن، سبەی پێشکەوتنی زیاتری زانست ئەو زانیارییە ئاوەژوو دەکاتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت بەدرۆ خستنەوە یان پەشیمانبوونەوە لە زانیارییەکانی دوێنێ. ھەموو پەشیمانییەکی فیکریی بەرەو پێشەوەچوونی تاک دەگەیەنێت، مەرجیش نییە ئەو پێشکەوتنە ئەرێنی بێت. پەشیمانبوونەوە خەسڵەتێکی ئەو مرۆڤە بزۆز و داھێنەرانەیە، لە قۆناغێکدا و لەسەر یەک شێوە روانین چەق نابەستن، ئەوەی ئەوروپای پێشخست ھەموو ئەو گومان و پەشیمانبوونەوانە بوو لە زانستەوە تاکو فەلسەفە روویان دا و روودەدەن، دیاردەی پەشیمانبوونەوە فینۆمینێکە رەوڕەوەی مرۆڤایەتی بەرەو پێشەوە دەچەرخێنێت، قاڵب و چوارچێوە کۆنکرێتییەکان تێکدەشکێنێت، ئێمە پێویستە جارێکی تر بە تێفکرینی خۆماندا بچینەوە لە ھەمبەر چەمکی پەشیمانبوونەوە. ھەر لە نێو پەشیمانبووەشدا رەگی یاخیبوون دەدۆزینەوە، بەو پێیەی یاخیبوون ھەمیشە تێپەڕاندنی سنوورە مینڕێژکراو و قەدەغەکراوەکانە، گرنگترین فۆرمی یاخیبوونیش بەزاندنی ھێڵی سووری فیکری باو و رۆشنبیریی زاڵە، لەگەڵ ئەمەشدا لە کۆمەڵگەی ئێمە دیسانەوە میتۆدێکی پێچەوانە پەیڕەو دەکات لە روانین بۆ یاخیبوون و یاخیگەریی لە سۆنگەی ئەوەی خولانەوە لە چوارچێوەی دنیابینی کۆن “بە ماکیاژێکی نوێوە” مانای یاخیبوونی بەدەستەوە داوە، بۆ نموونە لە سیاسەتدا ئەوانەی ٥٤ ساڵە بەناوی باڵی مودێرنی بزووتنەوەی کوردییەوە یەک ئاوازی دێرین دەژەنن و لە ساڵی ١٩٦٤ەوە و نەیانتوانیوە یەک دێڕ ئیزافە بکەنە سەر گووتاری سیاسیی خۆیان، ھەمیشە وەک دەستەی یاخیگەر شوناس کراون.
جگە لەمەش دەمەوێت بڵێم ھەموو یاخیبوونێک پۆزەتیڤ نییە و مامانی جیھانێکی جوانتر نییە. ئەمە بەدەر لەوەی لە دۆخی کوردییدا یاخیبوون چەمکێکی ساختەیە، ئاخر تۆ بڕوانە ھەموو مێژوومان لە یەک دەچێت، ھەموومان لە بیرکردنەوە و رەفتاردا وەک یەکین، ئەگەر جار جار رۆشنبیرێکی یاخیگەر ھەڵکەوتبێت، دواجار بووەتەوە بە بەشێک لە فەزای باو و رۆشنبیریی سائید، تەنانەت کۆمەڵگەی ئێمە لە روانین بۆ رۆشنبیر ھێشتا توانای جیاکردنەوەی دوو شتیان نییە، یەکەم رۆشنبیر وەک مرۆڤ، دووەم رۆشنبیر وەک خاوەن مەعریفە. بۆیە تەنھا رۆشنبیرە تەقلیدییەکان بە مانای گرامیشییەکەی رۆڵیان ھەیە و ئەوانیش ھەمان گووتاری باو بەرھەم دەھێننەوە، تۆ بڕوانە نیتچە کۆتاییەکانی تەمەنی لە شێتخانە بردە سەر کەسیش نکۆلی لە بلیمەتییەکەی ناکات کە پڕ بوو لە شێتی، ژان ژینێ دز بوو زۆربەی بەرھەمە شانۆییەکانی لە زینداندا نوسیوون کە بەھۆی دزییەوە رێی کەوتبووە حەپسخانە، کەچی لە ریزی شانۆنامەنووسە جیھانییەکان ھەژمار دەکرێ. پاپلۆ نیرۆدا وەزیری گەندەڵترین دەوڵەت بوو! کەس نییە شیعرێکی ئەوی خوێندبێتەوە سەرسام نەبێت پێی. ھایدگەر فەیلەسووفێکی نازی بوو ئێستاش خودی خۆی و تێزە فەلسەفییەکانی ھەوێنی وانەی فەلسەفەن لە سەرتاسەری جیھاندا. میشێل فوکۆ ھاوڕەگەزباز بوو کەچی ھێشتا سەرنجڕاکێشترین فەیلەسووفە. جان جاک رۆسۆ باس لەوە دەکات بە منداڵی دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر کەچی فیکری ئەو ھەوێنی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەیە ھەنووکە ئەوروپا تۆزێکی لێ پیادە کردووە! ئەرێ تۆ بڵێی ئەمانە کوڕی کۆمەڵگەی کوردیی بوونایە چی نەفرەتێکیان بەسەردا بباریبایە؟!.

  • ئەم چاوپێکەوتنە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨دا ئەنجام دراوە و لە مانگی مایۆی ٢٠١٨دا لە رۆژنامەی “رووداو” بڵاوکراوەتەوە، ھاوکات لە ماڵپەڕی رووداو نێت دووبارە بڵاوکراوەتەوە.
Previous
Next
Kurdish