نوستالژیا/7/.. پاشتێلانە.. ستیڤان شەمزینی
بەشی حەوتەم
پاشتێلانە
دوای راپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١، کەشێکی نوێ لە کوردستان دروستبوو. ھەموو کەس لە سێ شارە ئازاد و رزگارکراوەکەی کوردستان ھەستی بە جۆرێک لە سەربەستی دەکرد، سەرەتایەکیش بوو لە کرانەوەی کوردستان بە رووی دونیادا. لەو نێوەندەدا ھەندێک لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر کاریگەریی ئەو بارودۆخە نوێیەی کوردستان گۆڕانکارییان بەسەردا ھات. پێشتر ئاھەنگی ژنھێنان، لە ماڵان و دەشت و دەر دەکرا، زۆرجاریش تەقەی خۆشی شایی دەکردە شین. لە یادمە پێش راپەڕین خزمێکمان لە پێشمەرگایەتی گەڕابووەوە دوای ئەنفال. ژنیان بۆ ھێنا، تا نەبێتەوە بە پێشمەرگە، حەوت شەو و حەوت رۆژ لە حەوشەی ماڵەکەیاندا کە ھەر حەوشەکەیان ٣٠٠ مەتر دەبوو، دەنگی دەھۆڵ و زوڕنا دەھات، منیش ھەر لە قوتابخانە دەگەڕامەوە وەک نەنکم دەیووت بۆ چڵێسییەکە خۆم دەکرد بە شاییەکەدا، ئیتر بخۆ لە ناز و نیعمەتی سێ چوار جۆر گۆشت. دوای راپەڕین، ئاھەنگی پاشتێلانە رووی کردە ھۆڵەکان، بۆ خزم و کەسی ئێمە دوو ھۆڵ زۆر نزیک بوو، ھۆڵی چۆپی و ھۆڵی پیشەسازیی، ھەردووکیان دەکەونتە سەر شاڕێی سالم لە شاری سلێمانی. ئێمە ئەوسا کۆمەڵێک کوڕ و کچی گەنج بووین، ھەموومان خاڵۆزا و پورزا و ئامۆزا و خزمی پلە یەک بووین، ھەمیشە ھەموو شاییەکمان گەرم دەکرد و جۆشێکی تایبەتمان پێدەدا، بە ھەموو جۆرە ھەڵپەڕکێیەک ئاھەنگەکەمان دەڕازاندەوە. شەڕمان دەکرد لەسەر سەرچۆپی گرتن، ئێمە باش بووین، لە شوێنانی تر لەسەر سەرچۆپی، شەڕی گەورە و خوێناوییان دروست دەکرد و ھەندێک جار دەیانکردە ئەو رۆژەی قەرەوەیسی تێدا کوژرا.
من یەکێک بووم لە گەنجە بە جۆشەکان، زۆربەی خزمان پێش ھەموو کەس کارتیان بۆ من دەنارد، تا بچمە ئاھەنگی بووک گواستنەوەیان، چونکە دەیانزانی ھەر کە ئاھەنگ دەستیپێکرد، ئەو دەستگرتنەی دەست دەگرم، تا دەرگای ھۆڵەکە دانەخەن، لە ھەڵپەڕکێ ماندوو نابم. ئەوسا ئاھەنگەکانیش سادە بوون، دی جەی و شتی وا لە ئارادا نەبوو، ماڵە ھەژارەکان تەسجیلێکی رایزنیان دەھێنا، بەڵام زۆربەی جار تیپێکی میللی بۆ ئەو ئاھەنگانە بانگ دەکران. ناوی تیپەکانم بیر نەماوە، بەڵام ئەو گۆرانیبێژانەی دەھاتنە ئاھەنگەکان و لە ئێستادا بیرم ماون، بریتین لە “میدیا حسێن، عەتا چاوشین، کەریم گوڵانی، عەلی یارە، کەمال عەلی، قالە مۆریاسی، رەزا جولەکانی، جەزا قڕگەیی، خالید سەقزی، شیروان عەبدوڵڵا، عەلائەدین حەسەن، ئەمیر حەسەن، یادگار ستار، کاروان نوری، سۆران نوری، مەحموود محەمەد، رەزا چاوڕەش، ئیسماعیلی تەپڵ، جاسمی ساز، زۆری تر”. من لەگەڵ دەنگی ھەر یەک لەو گۆرانیبێژانە ھەڵپەڕیووم، بەڵام چۆن ھەڵپەڕینێک؟ بڕوا بکەن زەوی لە ژێر پێمدا دەلەرییەوە.
ئەوسا دیاردەیەکی تر، لە ناو ئاھەنگەکاندا بوونی ھەبوو. بە تایبەت لە سەرەتای راپەڕین و چەند ساڵی دوای راپەڕین. ئەویش شەڕە پەڕۆ بوو. ھەر گروپە یان ھەر کەسە پەڕۆیەکی لە رەنگی ئاڵای حزبەکەی دەھێنا، دەیکردە سەرچۆپی، نەیارەکانیش تووڕە دەبوون، یان ریزی ھەڵپەڕکێکەیان جیا دەکردەوە یان ھەوڵیان دەدا ئاڵای حزبەکەیان بکەنە دەسڕی سەر چۆپی. بێگومان من لەگەڵ ئەوەدا نەبووم، چونکە من کەسێکی چەپ بووم، بەڵام ئەو گروپەی ئێمە، ھەمیشە پێش چوونە ئاھەنگ، پرسیاریان لە یەکتر دەکرد، ئایا تەواو ئامادەن، ھیچیان بیر نەچووە، مەبەستیان لەوە بوو کە پەڕۆ سەوزەکەیان بیر نەچێت، جار جار تەسبیحی دەنک سەوزیان دەھێنا، چونکە دەیانووت ئێستا فڵانە ناوچە وەک چالاکی دەسڕی زەردی داوەتە لایەنگرانی خۆی بۆ ئەوەی ئاھەنگەکە زەرد بکەن، پێیان ناخۆش بوو، دەیانووت ھەر دەبێت زۆرترین سەرچۆپی بە پەڕۆی سەوز بگیرێت.
جارێک لە ساڵی ١٩٩٢، چووینە ئاھەنگێک لە ھۆڵی پیشەسازیی، (ئێستا شوێنەکەی کراوە بە تەلاری کوردستان مۆڵ). ماڵی زاوا کە تازە ببوونە خزممان، خۆیان چەند پارچە پەڕۆیەکی زەردیان ھێنابوو، نەیاندەھێشت کەس بە پەڕۆی سەوز سەرچۆپی بگرێت، خەریکبوو شەڕ دروست ببێت، بەڵام لەو کاتانەدا باوکم، یادی بەخێر، ھاتە ئاھەنگەکە، سێ پێشمەرگەی خۆیشی لەگەڵدا بوو، کەوتە ناو مقۆمقۆکەوە، گەنجەکان تووڕە ببوون لەسەر پارچە پەڕۆیەک، بەڵام باوکم وتی ئادەی پەڕۆیەکی سەوز و زەردم بدەنێ تا تێکەڵاویان بکەم و سەرچۆپی پێ بگرم، ئەمەش بە لای ھەموو گەنجەکانەوە سەیر بوو. باوکم بە تووڕەییەوە وتی: من فەرماندەیەکی سەربازییم و کەسیشتان نییە لە من زیاتری چەشتبێ بەدەستی پارتی و یەکێتی، بۆیە ئەو پەڕۆ تێکەڵاوە دەکەمە سەر چۆپی تا پێتانبڵێم پەڕۆی سەوز و زەرد ھەر پەڕۆیە و نابێتە زیو. بەمەش شەڕەکە کۆتایی پێھات. منیش تەنیا سەیری وەزعەکەم دەکرد، پێم خۆشبوو، تەنیا ئاھەنگەکە بەردەوام بێت. بەڵام خۆشبەختانە ئاھەنگەکە بەردەوام بوو.
جگە لەمانە، ئەوسا ئێمە ئەو پاشتێلانە و جۆرە ئاھەنگانەمان دەکردە شوێنی مێبازیی، حەزمان دەکرد، خێرا رۆژی ئاھەنگ بێتە پێشەوە، بە دڵنیاییەوە دەرفەتێکی باشی بە ئێمە دەبەخشی بۆ ئەوەی راوی دڵی کچان بکەین. لەوەش خۆشتر ئەوەیە، من و یەک دوو ھاوڕێی تر کە نامەوێ ناویان بھێنم چونکە پرسم پێنەکردوون تا ناویان ئاشکرا بکەم، ئەوەندە بە جۆش و زەوق بووین، خوا وەکیلانە خۆمان دەکرد بە ئاھەنگی خەڵکی تردا. زۆرجار دەچووینە ئاھەنگی کەسانی نەناسراو. بیرم دێتەوە زۆربەی جار، دەچووینە حانووتەکە و فەردە لەفەمان بەسەر ئامادەبوواندا دابەش دەکرد. جا ئەگەر بە بیرتان بێتەوە منداڵ وەک چۆن مێش و مەگەز لە شیرینی دەئاڵێن ئاوھا لە فەردە بەدەست دەئاڵن و بە دوایدا رایاندەکرد بۆ ئەوەی لەفەیەک زیاتر وەربگرن.
جا زۆرجار کە دەچووینە، ئاھەنگی ئەو خەڵکە نەناسراوانە، لەگەڵ بووک و زاواش وێنەمان دەگرت، بۆ ئێمە ھیچی تێ نەدەچوو، ھەموو شت لەسەر حسابی ئەبوشوارب “زاوا” بوو. لەم ماوەیەشدا سەیری ئەلبومی تازە خزمێکم دەکرد، لە ناکاو چاوم بە وێنەیەکی خۆم و “ئا”ی برادەرم کەوت، لەگەڵ بوک و زاوایەکدا. منیش یەکسەر پرسیارم کرد، وتم ئەرێ ئەو بوک و زاوایە کێن؟ تازە خزمەکەمان کە بەھۆی ژن و ژنخوازییەوە بۆتە خزممان، وتی ئەوە “س” برامە، ئێستا لە ھۆڵەندا دەژی!! منیش وتم ئەی ئەو دوو کەسەی تەنیشتی کێن، وتی بڕوا بکە، نازانم بەڵام لەوە دەچێت خزمی ماڵی براژنم بن. منیش وتم جوان دیقەت بدە، بزانە کەسێکیان لە من دەچێت، ھەوڵیدا بڕوا بکات، کەسێکیان لە من دەچێت، بەڵام خۆی پێ رانەگیرا و دەستی خستە سەر برادەرەکەم و وتی، ئەوە کەمێک شێوەی تۆی تێدایە. منیش بێ ھیچ پێشەکی و روونکردنەوەیەک وتم نەخێر ئەوی دووەمیان منم، دەزانم ئەو ئاھەنگە لە کوێ بوو. ساڵی ١٩٩٦ بوو، لە فڵانە ھۆڵ و ئەمیر حەسەن لەوێ گۆرانی دەوت، لەگەڵ کاک ئەمیریش وێنەمان گرت ھەر لەسەر حسابی براکەی تۆ.
پاش کەمێک بێنە و بەردە، توانی بڕوا بکات کە ئەو کەسەی لە وێنەکەدایە منم، منیش ھەموو چیرۆکەکەم بۆ گێڕایەوە و ساتێکی پڕ لە پێکەنینمان لەگەڵ ئەو یادەوەرییە بردە سەر، بەڵام لە ناکاو لاپتۆکەی ھێنا و ھەندێک لە وێنە نوێیەکانی براکەی نیشاندام لە ھۆڵەندا و لە کوردستان و لە ھەندێک وڵاتی تر. کاتێک بە تەواوەتی لە وێنەکە ورد بوومەوە، کاکی زاوا زێڕینەی جاران، سەری بووە بە تاسی موسڵ و تەواو ئەسڵەح بووە، بوکە خانیش بە قەدەر مامۆستایەکی رەزا گرانی پێشوومان قەڵەو بووە و بە مانای وشە بووە بە ژنێکی خان ومان، کە سەیری کچە نۆبەرەکەیم کرد، ھێندە بەخۆ و گەورە بووە، لە سلێمانی بووایە دەمێک بوو ئەویشیان بە شوودا بوو. بۆیە لەبەر خۆمەوە وتم، تۆبڵێی منیش پیر بووبم؟.
سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.
تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 517-520 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.