Skip to Content

“مەسەلەى ویژدان”ى ئەحمەد موختار جاف …. کاوە جەلال

“مەسەلەى ویژدان”ى ئەحمەد موختار جاف …. کاوە جەلال

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 13, 2018 General, Literature, Slider

1

“مەسەلەى ویژدان” چیرۆکی ژیاننامەیی زۆراب ناوێکە، کە بەدپەیوەندییەکانى ژینگەکەی ناهێڵن ڕێگەى ژیانێکى بەویژدان بگرێتە بەر، بەڵکو دەیکەن بە دەسەڵاتخوازێکى کوێر، کە ئیدی بەو ڕێیەوە لە خۆى و مرۆڤ و جیهان نامۆ دەبێت.
زۆرابی “مەسەلەى ویژدان” لە قەزایەک دێتە جیهانەوە. ئەو هێشتا منداڵ دەبێت، کاتێک باوکى لە “شەڕى گەورە”دا دەکوژرێت. ئەم کارەساتە دایکە بێوەژنەکەى ناچار دەکات خۆى بخاتە ژێر بارى کار، تاکو کوڕە هەتیوەکەى پێبگەیەنێت، لێ هێندە ناخایەنێت کە دایکیشى دەمرێت و بەتەواوى هەتیو دەکەوێت. دواى ئەم ڕووداوە چەند خزمێکى دەیگرنە خۆیان و “لە ئینسانیەتى خۆیانەوە نان و پیازێکى” پێ ڕەوا دەبینن، لێ نایانەوێت تا سەر بەخێوی بکەن، بۆیە کاتێک تەمەنى زۆراب کەمێک پتر پێدەگات، ئیدی جارجار بەگوێدا دەدەن، کە گۆیا بووە بە “پیاو” و کاتى ئەوەى هاتووە بڕوات گوزەرانى خۆى دابین بکات. زۆراب بە ناچاری خزمەکانى جێدەهێڵێت: “بێ دایک و باوک، بێ خزم و کەس فڕێ درامە ئەم جیهانە سەختەوە بە شوێن ئەرکى نان پەیداکردندا” (لا 14).

لێ زۆراب سەرەڕای ئەوە تەنیا ناکەوێت. ئاشنایەکى دێرینی باوکى کە ژیانى نالەبارى ئەو دەبینێت و هەروەها بیستوویەتی کە ئەم کوڕە کەمێک خوێندەواریى هەیە، لاى لێ دەکاتەوە و دەیبات بۆ لاى بازرگانێک، تاکو وەک شاگرد لە کاروبارى دوکاندا یارمەتیى بدات. بەم شێوەیە ئێستا شاگردێتی بۆ زۆراب دەبێت بە دەرفەتێک تاکو جیهانی دەوری لە نزیکەوە بناسێت و ببینێت کە چە بێدادى و بێویژدانییەک لەو ژینگەیەدا تەنیونەتەوە.
وەستای زۆراب لە فرۆشیاریدا پیاوێکى فێڵبازە، لێ بەتایبەتى فێڵ لەو کشتیارە نەخوێندەوار و دواکەوتووانە دەکات کە دێن بۆ قەزا تاکو شمەکى لا بکڕن. ئەم وەستایە هێندە گرنگی بە حەڵال و شەریعەت نادات، بە بڕواى ئەو هەر شتێک گوزەران ئاسان بکات، “جائیز”ە، ئەوە بێگومان بە مەرجێک کە کوشتن و ناموسبردنى تێدا نەبێت. ئەى مەسەلەى ویژدان؟ ئەمە مەسەلە نییە.

لێ نەسازیى قووڵتر لە نێوان وەستا و شاگرددا هەیە. شاگردى خوێندەوار بە وەستاى دەبێژێت، کە دەتوانێت حساباتى لە دەفتەرێکدا بۆ ڕێکبخات، تاکو بزانێت لەتەک چە کەسانێکدا پەیوەندیى بازرگانیى هەیە، لێ وەستا لە وەڵامی پێشنیارەکەی ئەودا “دەفتەر”ى خۆى دەردەهێنێت: گڵۆڵەیەک بەنى پارچە پارچە کراو، کە هەر پارچەیەکى ڕەنگێکى هەیە و بە گرێى ورد و ناونجى و درشت بوونیادى داوە، ئەوجا دەبێژێت:
“ئەم دەفتەرە هەر یەک ڕەنگى، عەلامەتى ناوى یەک شەخسى قەرزارە، وە هەر یەک گرێى عەلامەتى میقدارى قەرزەکەیە (…). کە چاوم کەوت بە قەرزارێ یاخو شەخسێ کە حسابم لەگەڵیا بێت، دڵم خورپەى تێ ئەکەوێت” (16).

ئەمە شێوازى وەستایە لە بازرگانیدا، باوک و باپیریشى هەر ئەوها کاریان کردووە. لێ ئەم “جۆرە ئەقڵیەتە” زۆراب تووشى خەفەت دەکات:
“… لە دڵى خۆمدا زۆر موتەئەسیر بووم لەم تەقلیداتە کە ئەوەندە لە مێشکماندا جێگیر بووە کە (…) نەخوێندەوارى ى بەسەر خوێندەواریدا” لا باشترە. لێ وە نەبێت ئەم کێشەیەى “تەقالید” تەنیا نەخوێندەوارەکان بگرێتەوە، نەخێر: کەسانێکى فرە بەوە “مەشهورن” کە گۆیا خوێندەوارن، کەچی هاوشێوەی نەخوێندەوارەکان ڕەفتار دەنوێنن. (لا 16)
وەستاژنیش وەک مێردەکەى تەمبەڵ و پنتییە، هاوکات بەردەوام خەریکى لاسایى ژنانى دیکەیە: هەر پۆشاکێکی نوێ لەبەر ژنێکى دیکەدا ببینێت، ئارامی لێ هەڵدەگیرێت و یەکسەر مێردەکەى ناچار دەکات کە بۆی بە دوورین بدات. لێ وەستاژن هێندە چڵێسە کە نابینێت پێویستە ئەو پۆشاکە پڕ بە بەرى خۆى بێت: “کە وەختێ ئەیکردە بەرى، ئەوەندە درێژ بوو لە پاش و پێشەوە نیو گەزى بەناو قوڕاودا ئەخشا وە لە مودەتێکى کەمدا خراپ ئەبوو” (لا 17). جگە لەوە وەستاژن پیسوپۆخڵە و پرسی تەندروستى بە درۆ و پرۆپاگەندەى “مەکتەبلیەکان” دادەنێت؛ بە دیدی ئەو گەر کەسێک تووشى نەخۆشی ببێت، ئەوا تەنیا “دوعایەک” یان سەردانی “شەخسێک”ی گەرەکە.
زۆراب حەوسەڵەى مانەوەى لەم پەیوەندیەدا نامێنێت و دەڕوات دەبێت بە شاگردى بازرگانێکى دی. ئەمیان بە رواڵەت پیاوێکى باشە و هەرگیز نوێژ و ڕۆژوو نافەوتێنێت، لێ لە کرۆکدا پیاوێکی دەستبڕ و ساختەچییە:
“ئەو گەزە کە کوتاڵى پێ ئەفرۆشت لە گەزى خەڵکى کورت تر بوو، وە هەر وەقتێ معامەلەى توتن یان شتێکى ترى لەگەڵ فەقیرێک بکردایە، تێ ئەفکریم خەریکە بەتەواوى مەحوى بکاتەوە” (لا 19).
ئەحمەد موختار لەتەک ئەم وەستایەشدا زۆراب دەخاتە ناکۆکییەوە، بە تایبەتی لە ڕووی خوێندەوارییەوە. زۆراب هانی وەستای دەدات کە کوڕەکانى بنێرێت بۆ خوێندن، لێ ئەو وەڵامی دەداتەوە:
“هەتیو دیارە تۆیش بە واسیتەى ئەو کوێرە خەتەوە ئەحمەق بوویت. کوڕى من خوێندنى بۆ چیە؟ ئێمە کاسبین (…). بۆچى کافرى بکەم وەکو گاورەکان لە هاوینا قاچ و سەریان ڕووت بکەن؟ ئێمە هەر چلۆن بووین ئەبێ وەها بین” (لا 19).
لێ لەم کۆمەڵەی زۆرابدا تەنیا بازرگانەکان یان بەگشتى دەوڵەمەندەکان بێداد و بێویژدان و دواکەوتوو نین، بەڵکو هەژارانیش. بۆ نموونە ئەو کشتیارانە کە لە گوند لەسەر موڵکى وەستاى زۆراب یان موڵکى کەسانى دی کار دەکەن، سێیەکى ئەو تۆوە کە بۆ چاندن لە موڵکدارى وەردەگرن، بۆ خۆیان وەلاوەى دەنێن و دەیفرۆشن، واتا دەیدزن. کاتێک زۆرابى ساویلکە پێیان دەبێژێت، کە ئەو ڕەفتارەى ئەوان دەینوێنن بێویژدانیە، ئەوان لە وەڵامدا دەبێژن: “بەحسى ئینسانیەت و ویژدان (…) لێرە پارە ناکات” (لا 21). لە کۆتاییشدا بۆچوونى ئەوان ڕاست دەردەچێت، چونکە زۆراب خۆى بەم ساویلکەییەی تێوە دەگلێت و بە دزى خەرمان دادەنرێت.
زۆراب لەم ئەزموونەوە کەمێک “بێدار” دەبێتەوە و دەگات بە مەئریفەیەکی تاڵ: “سەداقەت خیانەتە و خیانەت سەعادەتە” (لا 22).

بێگومان لەم پەیوەندییانەدا بازرگانەکانیش پارەیان لێدەکێشرێتەوە. بۆ نموونە وەستاى زۆراب توتنەکەى بۆ “تەدبیرچى” لە شار دەنێرێت، لێ تەدبیرچى بە ئارەزووى خۆى پارە بۆ وەستا دەنێرێتەوە. زۆراب لەم لایەنەشدا لە پێش ئەوانەوەیە و بە وەستاى دەبێژێت، کە ئەو خۆى دەتوانێت کۆمپانیایەک پێکەوە بنێت و بەو ڕێیەوە توتنەکەى بە فرۆشتن بدات، ئەوجا مەکینە “ئیستیراد بکات” تاکو بە بەشێکى توتنەکەى جگەرە بەرهەمبهێنێت و بەمەش خۆى سوود لە قازانجەکەى وەربگرێت. لێ وەستا وەڵامى دەداتەوە:
” – عەزیزم دیارە تۆیش وەکو مەکتەبلیە شێتەکان وایتە. ئێمە باوک و باپیرمان هەر وەهایان کردووە، خۆشمان ئەبێ وا بکەین!
– قوربان عەقڵی باوک و باپیرمان بۆ زەمانى خۆیان باش بوو، بە کارى ئێستا نایەت. عەجەبەن تفەنگى قەپاغلى باشە یان موعەددەل ماووزەڕو مەترالیۆز (..)؟ سوارى کەر باشترە یاخود ئوتومبیل؟

– هەزار قسەى وەها بکەیت عەقڵى کۆن لە عەقڵى تازە باشترە!” (لا 26 بەدوواوە).
زۆراب لە سەرەنجامدا ئەم بازرگانەش جێدەهێڵێت و دەگوازێتەوە بۆ قەزایەکى دیکەى هەمان لیوا. ئەم قەزایە سروشتێکى دڵگیرى هەیە، لێ زۆر پیسە، چونکە تێیدا زبڵ بە هەموو لایەکدا ڕژاوە. زۆراب لێرە بڕیار دەدات کە سەرمایەى “کوێرە خەتەکەى” بخاتە گەڕ تاکو گوزەرانی خۆی دابین بکات، لێ قایمقام بیانووى پێدەگرێت، کە گۆیا خەتەکەى ناخۆشە و بۆیە گەر “واز لە دەستبڕین نەهێنێ”، ئەوا بە “قانونى عەشایەر” حوکمى دەدات (لا 29). زۆراب لە وەڵامى قایمقامدا دەبێژێت، کە قانونی عەشایەر تایبەتە بە شەڕى نێوان دوو عەشیرەت یان کێشەیەک کە بە “قانونى مەدەنى” چارەسەر نەکرێت، بۆیە ئەو یاسایە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوی کاسبەوە نییە. ئەم وەڵامە قایمقام تووڕە دەکات، بۆیە چەند کەسێکى بۆ بانگ دەکات تاکو تەمێى بکەن. لە کۆتاییدا بۆ زۆراب ڕووندەبێتەوە، کە خەتەکەى خۆى لەوەى قایمقام خۆشترە.

زۆراب دۆستێکى دەبێت، کە بە کەفالەت لە پۆلیسخانە بەرى دەدات. ئێستا ژیانى زۆراب بەدووى ئەم ئەزموونە و “لەتەک ئەم دۆستە”دا گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەسەردا دێت. ئەم پیاوە کە شارەزای پەیوەندییەکانى کۆمەڵە و دەزانێت چۆن کاروباری نێو دەوڵەتەکەیان بەڕێوەدەچن، بە زۆراب دەبێژێت، کە خەفەت و دۆشدامان هیچ سوودێکیان نیە، بەڵکو دەبێت بە “بەرتیل” و “تەشەبوس” جێی خۆی بکاتەوە. لە ڕاستیدا زۆراب پاشان دەبینێت کە چۆن بەریتل و تەشەبوس ڕێزى بۆ دابین دەکەن و لە قایمقام نزیکى دەخەنەوە. هەمان قایمقام کە پێشتر زۆرابى فڕێدایە گرتووخانەوە، فەرمان دەردەکات کە جگە لە “زۆراب ئەفەندى” هیچ کەس مافى ئەرزوحاڵنووسینى نیە. دواى ئەم فەرمانە دوو ئەرزوحاڵچى بێکار دەکەون و ئەمەش زۆراب “موتەئسیر” دەکات، لێ هاوکات مەئریفەیەکی نوێى تاڵ لەنێو هۆشیدا دەپشکوێت:
“هەموو شەخس سەعادەتى خۆى لە فەلاکەتى هاوجینس و هاوزمانى خۆیدا ئەبینێ، منیش سەرفى نەزەرم کرد لە ویژدان و ووتم: بە جەهەننەم ئەمرن لەبرسا!”؛ ئاخر بۆ ئەوەى مرۆڤ “مەسعود” بێت، دەبێت “تابعى موحيط” بێت (32)
زۆراب بە وازهێنانى لە پرسیارى ویژدان دەبینێت، کە بەردەوام دەوڵەمەندتر دەبێت، لێرەشەوە بە تەواوى بۆ دەسەڵاتى پتر دەوروژێت. لێ ئەو هێشتا نەشارەزایە و پێویستی بە ڕاوێژی دۆستەکەیەتی، بۆیە تووشبوونی خۆی بە دەردى دەسەڵات بۆ ئەو ڕوون دەکاتەوە، دۆستەکەشی دوو وەڵامى گونجاوى وەک چارەسەری ئەو دەردە هەیە: پارە، ئەوجا درۆزنى و خیانەت و پاشقول. ئەوەى یەکەمیان تا ڕادەیەک بۆ زۆراب ئاسانە، چونکە بڕێک پارەى کۆکردۆتەوە، لێ ئەوەى دووەم کەمێک بە زۆراب نامۆیە. سەرەڕاى ئەمە زۆراب تازە بڕیارى خۆى داوە، بۆیە دەست دەداتە درۆزنى و خیانەت و بەجێگەیاندنى ئەو پلانە کە دۆستەکەى بۆى دادەنێت. لێ لەبریى ئەوەى زۆراب بەم بەدڕەوشتییە بەدناو ببێت، بە پێچەوانەوە پتر ڕێز پەیدا دەکات و ئەهالی پتر بڕواى پێدەکەن!

گەرچى زۆراب دەبێت بە پیاوێکی درۆزن و دەست دەداتە خیانەت لە هاومرۆڤەکانى، هەروەها گەرچى ئەو بە ڕاستى چێژ لەو ڕێزە، واتا لەو دەسەڵاتە دەبینێت کە بە رواڵەتى فێڵبازانە بۆ خۆى چێیکردووە، لێ هێشتا هەر پرسیارە پرنسیپیەکانى نێو هۆشى سەرهەڵدەدەنەوە و دەیبزوێنن بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ لەتەک کەسانى دیکەدا، بۆ نموونە لەتەک مەلایەکی مزگەوتدا لەبارەى “زمان”، هەروەها لەبارەی ئەو پرسیارە کە داخۆ چۆن کەسانى سادە لە ئایین تێبگەن. زۆراب بەم هۆیەوە تووشى گرفتێکی کوشندە دەبێت: کاتێک مەلاى مزگەوت ئایەت و حەدیس دەخوێنێتەوە، ئەوا زۆراب هەڵدەداتێ و بە مەلا دەبێژێت، کە ئەو ئەرەبى نازانێت، بۆیە باشترە مەلا ئەو ئایەتەى قورئانى بە کوردى بۆ ڕوون بکاتەوە. زۆراب لە ئەنجامى ئەم داواکارییەدا بە “کافر” دادەنرێت و کوشتنى وەک “غەزا” دەبینرێت. لێ ئەم جارەش دۆستەکەى بە هانایەوە دێت، دەیبات بۆ لاى مەلاکە و چەند مەلایەکى دى، تاکو شایەتمانى پێبهێننەوە و پاشان لێى خۆش ببن.

زۆراب بەردەوام لەنێو “خەیاڵى گەورەیى و مەئموریەت”دا نقووم بووە، بۆ ئەم مەبەستەش – لەسەر ڕاوێژى دۆستەکەى – پەرە بەو گەمەیە دەدات کە خستوویەتیە گەڕ، واتا پەیوەندییەکانی لەتەک کاربەدەستاندا فراوانتر دەکات. زۆراب بەم شێوەیە پلەیەک بەرز دەکرێتەوە بۆ ئاستی “وەزیفەى تەحسیلدارى” (باجکۆکردنەوە)، بەدووی ئەوەشدا دەکەوێتە ڕووتاندنەوەى خەڵکى نەخوێندەوارى گوندنشین و لە ماوەیەکى کەمدا بڕێکى گونجاو پارە پێکەوەدەنێت. لێ هێندە ناخایەنێت کە زۆراب تێدەکەوێت: کاربەدەستێکى بەرز لە سەنتەرى لیواوە سەردانی ئەو قەزایە دەکات تاکو پرسە بەڕێوەبەرایەتییەکان بپشکنێت، لە میانەی ئەم لێپرسینەوەیەشدا زۆراب و چەند مووچەوەرگرێکى دی تێدەکەون و لە کار دەردەکرێن، هاوکات بڕیار دەدرێت بەهۆى خراپەیانەوە لەتەک خەڵکدا بە دادگا بدرێن، لێ کاربەدەستانى قەزاکە هەڕەشە لە دانیشتوان دەکەن کە نەچن بۆ دادگە و لە دژى هەڤاڵانیان شایەتى بدەن. بەم شێوەیە تاوانەکانیان بەسەردا ساغناکرێنەوە.

گەرچی زۆراب لە وەزیفەى باجگری دەردەکرێت، سەرەڕای ئەوە نایەوێت پلەیەک دابەزێتە خوارەوە و دەستبکاتەوە بە نووسینى ئەرزوحاڵ. ئێستا لەنێو ئەم دۆخەدا کە ئەو تێى کەوتووە، هۆشى فێڵبازانەى “پتر” بێدار دەبێتەوە: زۆراب بڕیار دەدات خۆى وەک نیشتمانپەروەر دەربخات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستێک پۆشاکى مۆدێرن دەپۆشێت و باستۆنێک (گۆچانێک) بەدەستەوە دەگرێت، هەروەها جانتایەک پڕ دەکات لە کاغەزى سپى و کتێب بەبێ ئەوەى بتوانێت زۆرینەى ئەو کتێبانە بخوێنێتەوە، ئەوجا دەکەوێتە گەڕان بەنێو بازاڕ و ماڵان و قاوەخاناندا، بە کورتی بۆ هەر کوێ بڕوات، لەوێ تەنیا باسى نیشتمان و ڕزگارى، یان چێژى سەربەستى و ئازادى دەکات. زۆراب بەم ڕێیەوە ناوبانگ پەیدا دەکات و چە حکومەت و چە خەڵک وەک پیاوێکى نائاسایى دەیبینن، لێ:
“بێ خەبەر بوون کە پرۆگرامى من هەر ئەوە بوو کە تەعین بکرێم بە مەئمور و تیکرار دەست بکەمەوە بە خواردنى خوێنى میللەت، وە پارە گلێر بکەمەوە بۆ خۆم” (لا 41).
ئەم فێڵەى زۆراب سەردەگرێت. حکومەت بە “رەئیسى قەزا” دایدەمەزرێنێت، ئەویش ڕاستەوخۆ بەدووی ئەوەدا ڕوخسارى ڕاستەقینەى دەردەخات، بێگومان شێتگیرتر لە پێشوو. ئێستا زۆراب بە ڕادەیەک بەدجۆر دەبێت، کە ئیدی تەنانەت کیین لە فێرخوازى و فێرخوازانى فێرگەکان هەڵدەگرێت، چونکە وەک هاڤرکێکەرى ئایندەیی دەیان بینێت.
زۆراب لەنێو جیهانە گچکەکەى قەزادا لوتکەى دەسەڵات دەگرێت، لێ لەبەر ئەوەى ئەم قەزایە سەر بە دەوڵەتێکە بە پۆستى فەرمیی بەرزترەوە، ئەوا زۆراب لەسەر پەیژەى پۆستە فەرمییەکان ئارامى بۆ پۆستى بەرزتر لێدەبڕێت، بەڵێ تەنانەت دەیەوێت بگات بە پۆستى ئەندامى پەرلەمان یان پۆستێک لە وەزارەتێکدا وەربگرێت. جگە لەوە زۆراب هێدی هێدی لەو جیهانە گچکەیەی قەزادا توشی وەڕسی دەبێت، بۆیە بە تەنیا دەڕوات بۆ پیاسە و لە سروشتى گەشاوەی بەهاردا لە ژیانى خەڵک و ڕابواردنیان دەڕوانێت. ئێوارەیەک لە کەنارى ئاوێکدا دەروێشێک دەبینێت کە سەرنجی ڕادەکێشێت، بۆیە دەڕوات بۆ لای و لەتەکیدا دەکەوێتە گفتوگۆ. فەلسەفەى دەروێش ئەوەیە، کە تەنیا جیهان وەک خۆ ماوەیە و “پیر نابێت”، بە پێچەوانەوە مرۆڤ پیر دەبێت و لەکاردەکەوێت.

جگە لەوە گەرچى مرۆڤ لەنێو سەرجەم زیندەوەرەکاندا کە سروشت پەروەردەى کردوون، هەستى زۆرترە و هاوکات ئاوەزدارە، لێ هێشتا بڕێکى زۆر لە مرۆڤ وەک وەحشى ماوەتەوە، ئەو کەسانەش کە باوەڕ دەکەن گۆیا “تەکامولیان کردووە”، وەها نین، چونکە هەوڵ نادەن کەسانی نەزان بێدار بکەنەوە و بەرەو ڕزگارییان بەرن. سروشت بۆ دەروێش شوێنێکى کراوەى ژیانە، کە بە ویستى کردگارێکى سەرجیهانى ئافرێنراوە، هەروەها ڕوانین لە گەردوونى بێدوایەکى زۆر جوانترە لە ڕوانینى ژوورێکى داخراو کە دەشێت زۆر شتى تێدا بن و مرۆڤ زۆردارانە پەیداى کردبن.
زۆراب ئەفەندی بە دەربڕینەکانی دەروێش “مات و مەلوول” دەبێت، سەرەڕاى ئەوە کاریگەرییەکى ئەوتۆ لە ناخیدا جێناهێڵن، بە پێچەوانەوە پلانى داهاتووى ئەوە دەبێت، کە چۆن بە فێڵێکى نەخشەمەند سێ پارچە موڵکى پیاوێک داگیربکات.

ناوبانگی زۆراب ئەفەندی لەو جیهانە گچکەیەى قەزادا تەنانەت بە منداڵان دەگات. بۆ نموونە دوو منداڵ کە تازە چوونەتە فێرگە، دەکەونە گفتوگۆ لەبارەی زۆراب و یەکێکیان بە خودای دادەنێت، چونکە کەس لاریی لە ئەو و شێوەی دەسەڵاتنواندنی نییە، بەڵی تەنانەت هەموو “بە حیددەت و لوتفى” ئەو ڕازین، بۆیە کەس لەدژی ڕاناپەڕێت و مافی خەڵكی لێ بسێنێت. لێ منداڵەکەی دی لەو بڕوایەدایە کە:
– “… ئەم زۆراب ئەفەندییە مەئمورێکە لە تەرەف حکومەتى خۆیەوە تەعین کراوە، قانوونێکى دراوەتە دەست معامەلەى پێ بکات. ئەمما چونکە لە موحيطى ئێمە قانونەکە بە زوبانى خۆیان نیە، وە لە مەعناى نازانن وە یاخود خوێن لە وجوودیاندا نیە، وە لە تەڵەبى هەقى خۆیان عاجزن (بێتوانان)، هەزار زوڵم و زۆر بکات کەس دەنگ ناکات، لەبەر ئەوەتە ئەوانەى کە بێ عەقڵن بە خوداى ئەزانن. ئەگەر ئەو کابرایە کە تۆ بە خوداى ئەزانى لە بەعزێ مەملەکەتى موتەمەدیندا بێ، حەتا حەماڵیشى دەست ناکەوێت.
(…)

– بۆچى لە زۆراب ئەفەندى عالمتر لەم موحيطه دا نیە؟

– بەڵێ هەیە، لاکین ئیحتمال ئەوەى کە وا ئەو قبوڵى ئەکا، خوێندەوارەکان تەحەمولى ناکەن! ئەمما هیچ عاجزیش مەبە رۆژێک ئەبێت حەقیقەت جێگەى خۆى بدۆزێتەوە و ئەم میللەتە فەقیرە بێدار بێتەوە و ئەم نەوعە میقرۆبانە دەفع بکەن، چونکە ئەم زوڵمە کە ئەمانە کردوویانە بە پیشە، ئاخرى ئەهالى مەجبوور ئەبن بە فیکرکردنەوە بۆ پەیداکردنى رێگەیەکى نەجات، چونکە حەپس تا زیاتر ئەزیەتى بکەن زیاتر تفیکر ئەکاتەوە بۆ رێگەى وەسیلەى فیرار” (لا 53 بەدواووە).
زۆراب ئەفەندی بە ڕاستی گفتی پۆستێکى بەرزترى لە دەوڵەتدا پێ بدرێت. لێ دوا ئێپیزۆدى “مەسەلەى ویژدان” سکاڵاى دوو کیژە لە دەست کەسانیان، کە ناچاریان دەکەن بە هۆى شەڕی عەشایەرییەوە شوو بە دوو کوڕى عەشیرەتى دوژمنیان بکەن، تاکو ئەم عەشیرەتەش دوو کیژ لە خۆیان بە دوو کوڕى کوژراوەکانى عەشیرەتەکەیان بدات. لێ زۆراب ئەفەندى کە گوێی لە سکاڵای ئەو دوو کیژەیە، خۆی دێتە گۆ:
“بێ خەبەر بوون کە خودا ئەوەندە سەبرى هەیە هەزار شتى وەهاى قبووڵ کردووە و ئەیکات، وە ویژدانیش تەنیا ئیسمى هەیە و کەس بە چاو نەى دیوە! کوڕەکانى عەشیرەتى ئەو لا لەگەڵ کچەکان بیستبوویان من لەو رۆژانەدا وام لەوێ، بە هەر نەوعێک بۆیان مومکین بوو بوو، خۆیان نەجات دابوو و فیراریان کرد بۆ هاتنە لاى من. ئەوەڵەن کچێکیان کە زۆر جوان و مەحبووبە بوو پێى ووتم: “جەنابى رەئیس ئەمڕۆ زۆر بەختیارین کە جەنابى عالیتان تەشریفى هاتووە بۆ ئەم ناوە، چونکە ئومێدمان وایە و بە تەحقیق ئەزانین کە هەقى مەزڵووم لە زاڵم ئەسێنى”. (58 بەدواووە)
لێرەدا “مەسەلەى ویژدان” تەواو دەبێت!

2

“ئێمە هەر چلۆن بووین ئەبێ وەها بین” – ئەمە شێوازێکى سوننەگەرای ژیان و هزرینە و بەوە ڕەوایەتی بە خۆی دەدات کە گۆیا پابەندی بنەما ئەزەلیەکانی خودایەتییە. “ئێمە هەر چلۆن بووین ئەبێ وەها بین” – ئەمە شێوازێکى سوننەگەرای ژیان و هزرینە کە ڕیتمى باوى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر ڕێسای “ڕاهاتن” درێژە پێدەدات. لێ ئەم شێوازەى ژیان و هزرین لە کرۆکدا بۆگەنی کردووە و نوێنەرانی تەنیا بە رواڵەت جەختی لێ دەکەن، تاکو بە پیاوی یان ژنی چاک دابنرێن. بۆیە ئەم شێوازەی ژیان و هزرین مەترسییەکی گەورەیە بۆ هەر نەوەیەکى نوێ کە لەو ژینگەیەدا پێدەگات: زۆر دەشێت ویژدانی کول و ئەخلاقی بەد ببێت. ئاخر نەک تەنیا دەوڵەمەندەکان، بەڵکو هەژارانیش بێداد و بێویژدان و ساختەچین، بەڵێ خێزانەکان بەگشتی پنتی و نامەدەنی و دواکەوتوون، بۆیە لەو وڵاتەدا گوند و قەزا و شار داوەشاون. خێزانەکان کە توخمی دەوڵەتن، لە چییەتی خۆیانەوە دامەزراوەی دەوڵەتییان بنیاتناوە کە ئاشکرایە کاڵایە بەپێی باڵایان: چۆن خۆیان دواکەوتوو و ساختەچی و پاشقولگرن، بە هەمان شێوە دەوڵەتیش تەنیا بە بەرتیل و تەشەبوس، بە مەرایی و جووتکردنی پێڵاو بۆ خاوەن پۆستەکان بەڕێوە دەچێت. لێ ئەم دەوڵەتە لە ڕووى نەتەوەییەوە ناتەبایە (هێتەرۆگێنە) و تێیدا گەلێک و کولتوورەکەی بەسەر گەلێکى دیکەدا سەروەر کراون. ئاشکراترین نیشانەی ئەم سەروەرییە لەوەدایە کە زمانى یاساکان، لە پێش ئەمانیشەوە زمانى ئایین، بەسەر گەلى ژێردەستدا سەپێنراوە و لێى تێناگات. گەلی ژێردەست هەر نازانێت ئەو ئایینە چییە.

ئەحمەد موختار جاف لە “مەسەلەى ویژدان”دا سەرجەم ئەو پرسە دیارهێنراوانەی سەرەوە بە “پەڕێنراوەیى” لە دیالێکتیکى مرۆڤ و کۆمەڵەوە هەڵدەداتەوە. لێ “مەسەلەى ویژدان” لە جیهانبینییەکی ئایینییەوە داڕێژراوە کە جیاوازە لە ئیسلامى سوننی. ئەحمەد موختار ئەم جیهانبینییەی خۆی لە زاری دەروێشەوە ڕادەگەیەنێت: تەنیا گەردوونی بێدوایەکی (ناموتەناهی) سەرجەمێکە کە تایبەت نییە بە لەناوچوون، بە پێچەوانەوە تاکانی ڕەگەزەکانی نێوی، وەک تاکی مرۆڤ، تاکی ئاژەڵ و تاکی ڕووەک، تایبەتن بە لەناوچوون. مرۆڤ دێتە جیهانەوە و گەشە دەکات، پیر دەبێت و دەمرێت، لێ ڕەگەزی مرۆڤ وەک سەرجەم هەر دەمێنێتەوە. کەواتە بەردەوامیی گەردوون کاتەکیانە وەک نیشانەی ویستی خودا بۆ کۆتاییهێنان بە ژیان دیاری نەکراوە، بەڵکو گەردوون ئەبەدییە. ئەوجا گەرچى مرۆڤ لەنێو سەرجەم زیندەوەرەکاندا کە سروشت پێیگەیاندوون، هەستى زۆرترە و هاوکات ئاوەزدارە، لێ کۆمەڵگەی مرۆڤی هێشتا هەر پڕە لە بەرژەوەندیخوازانی بێویژدان (هاوشێوەی زۆراب ئەفەندی) کە تووشی دەردی دەسەڵات بوون، بۆیە ئەوپەڕی نابەختیارن و و کوێرانە هەڵپە بۆ هەر شێوەیەکی دەسەڵاتی بەرز و دیار دەکەن. ئاخر ئەو جۆرە کەسانە پۆستی باڵا و دەرکەوتن وەک مایەی بەختیاری دەبینن. یان لەنێو مرۆڤاندا کەسانی ئەوتۆ هەن، کە وای پێشان دەدەن گۆیا “تەکامولیان کردووە”، لێ ئەوان سەهوون، چونکە گەر کەسێک “تەکامولی کردبێت”، ئەوا بێهەڵوێست نامێنێتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدات کەسانی نەزان بێداربکاتەوە.

کەواتە ئەحمەد موختار جاف وای دەبینێت کە لە کۆمەڵی سەردەمەکەیدا بێدادی و بێویژدانی سەروەرییان بەسەر ماف و داد و ویژداندا سەندووە، بەڵێ تەنانەت لە زۆر نێوەنددا لەکاریانخستوون، یان تەنانەت بوون بە مایەی ساتاربوون و سەرکەوتنی کەسانی نێو سیاسەت و بازاڕ. “مەسەلەی ویژدان” پێشانی دەدات کە چۆن دەسەڵاتخوازیى کەس لەنێو ئەو جۆرە کۆمەڵەدا یان دەوڵەتێکی بەو چەشنەدا بە سەرکەوتن دەگات. کەواتە لە لایەک نەشیاوە گومان لە پرسێک بکرێت، واتا: کێ بییەوێت لەو کۆمەڵەدا پلە بە پلە بەرزبێتەوە، دەبێت “گورگ” بێت، یان ئەوەتا وەک “مەڕ” دەمێنێتەوە و دەخورێت. لێ لە لایەکی دی، سەرباری ئەم دوو دژبەرییە، توخمى ساختەچێتی و جەبانێتی کارایە، واتا توخمی “ڕێوى” کە لە هەردووکیان پڕمەترسیترە (دۆستە نێوەندیارەکەی زۆراب). ئاخر سەرکەوتن بەسەر پلەکانی دەسەڵاتدا ڕووەو پۆستی سیاسی و بەدەستهێنانی سامان و ناوبانگ، پێویستی بە دەسوێژە ئامرازیەکانى فێڵ و ساختەچێتى و خۆنەواندنە، ئەوجا بەدووی ئەمەدا دەبێت لایەنە گورگییەکەی دەسەڵاتخواز قەپ بگرێت. کەواتە ئەوە جەبانێتییە کە چە لە کایەی سیاسەت و چە لە کایەی ئابووریدا تەنیوەتەوە و جڵەوی گورگی مرۆڤی گرتووە! لێ گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەحمەد موختار جاف سەرجەم ئەو بەدپەیوەندییە ناوبراوانە وەک دژبەری “تەمەدون” دەبینێت، هاوکات “منەوەرەکان” وەک پێشڕەو و مایەی ڕزگارکردنی گەل دادەنێت.

لێ ئەحمەد موختار جافی هۆزانڤان منەوەرێک وەک کردارنوێنی (پرۆتاگۆنیستی) سەرەکیی چیرۆکەکەی نائافرێنێت، واتا سیاسەتکارێک وەک پێشڕەوی هەژاران کە لەنێو خەباتدا قاڵ بووە، نەخێر، ئەو لە گۆشەنیگاى ژیانى خاوێنى منداڵییەوە ڕوو لەو کۆمەڵە دەکات، لێرەشدا زۆراب ی “هەتیو” وەک فیگوری چیرۆکە هونەرییەکەی دەئافرێنێت و فڕێى دەداتە نێو کۆمەڵەوە. لێرەدا ئەوە هیچ بەرێکەوت نییە کە نووسەرى “مەسەلەى ویژدان” منداڵێکی هەتیو وەک کردارنوێنی سەرەکیی چیرۆکەکەی هەڵدەبژێرێت. مرۆڤى هەتیو ئازادانە لەنێو کۆمەڵدایە و پتر شیاوى ئەوەیە بکەوێتە بەردەم کۆسپەکانى داکەوتی کۆمەڵایەتی. منداڵى هەتیو بە زەروورە بزێوە و زۆر جار دەشێت ببێت بە مایەى ناڕەحەتی بۆ دەوروبەری. سەرەتا ئەم هەتیوە ژیر و بەویژدانەیە کە لەدژی بەدپەیوەندی و ڕەفتارە بۆگەنکردووەکانی کۆمەڵ هەڵوێست وەردەگرێت، ئەوجا هەر خودی ئەم کوڕە هەتیوەیە کە لە پرۆسەى کاردا هێدى هێدى لە کرۆکەوە دەشێوێت و دەبێت بە دەسەڵاتخوازێکی کوێر. ئەحمەد موختار جاف بەدووی ئەمەدا تەوەری منەوەرکان زۆر لاوەکییانە دەهێنێتە نێو چیرۆکەکەیەوە. لێ لەبەر ئەوەی ئەم تەوەرەی منەوەرەکان هاوکات هیوای سەرەکیی ئەون بۆ ڕزگارکردنی گەل لە چەوسانەوەى هێزى غەریبى دەرەکى و دامەزراندنى کۆمەڵگەیەکى مەدەنی، ئەوا لە خودی ئەم پنتەوە پرسیار لەبارەی داڕشتنی سەرجەمییانەی چیرۆکەکە سەرهەڵدەدات – کە لە خوارەوە ڕووی تێدەکەینەوە. جارێ گەرەکە خۆمان بە زۆرابی منداڵەوە خەریک بکەین.

ئەم منداڵە لە ڕووى ژیری و بوێرییەوە بۆ پرسیارى بنەمایی لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی جیادەبێتەوە. لەم پەیوەندییەدا پێویستە ئاماژە بۆ مۆرکی منداڵ بدەین: منداڵ لەتەک خۆیدا یەکە و خۆیەتییەکەی بەسەر “من” و جیهانێکی دەرەکیدا بەش نەبووە. جگە لەوە ئاشکرایە کە نوێنەرانی پێگەیاندنی منداڵ (دایک و باوک، خزم و کەس و کار، فێرگە و هتد) بەرپرسن لە شکۆفەی یان تێکچوونی منداڵی سروشتی. گەر منداڵ دەرفەتی شکۆفە و خۆپێگەیاندنی بۆ ئاوەڵا بکرێت، ئەوا پێدەگات، گەر کامڵەکان ببن بە ئاستەنگ لە بەردەم ئەوەدا کە منداڵ پرسیارە خاوە منداڵییەکانى قووڵتر بکاتەوە، ئەوا زەحمەتە بتوانێت ژیانێکى خوازراو وەک کەسێکی ڕاستگۆ، بەهەڵوێست و بەویژدان دابمەزرێنێت، بە پێچەوانەوە دەشێت بەدجۆری لێدەربچێت یان تەنانەت جەبانی و سەرکزی لە کارەکتەری ئەودا بتەنێنەوە. ئەحمەد موختار جاف ئەگەری دووەم بۆ ئاوەڵاکردنی چیرۆکەکەی هەڵدەبژێرێت، لێرەشدا بەڕێى پەیوەندییەکانى بازاڕەوە کرۆکی نەسازییەکەی نێوان زۆرابی منداڵ و ژینگەکەی دەردەخات.

زۆراب زوو لە چاوی یان کۆشی داڵدەدەری دایک و باوک بێبەش دەبێت، بەمەش منداڵییەکەی تەواو لەق دەبێت، چونکە وەک هەتیوێک بە سەرکزی دەچێتە لای خزمەکانى، ئەوانیش “لە ئینسانیەتى خۆیانەوە” لاى لێ دەکەنەوە، بێگومان نەک تا سەر، بەڵکو زۆراب هێشتا تەمەنی منداڵیی نەبڕیوە، کەچی خزمەکانى بە گوێیدا دەدەن، کە “بووە بە پیاو” و گەرەکە بڕوات گوزەرانى خۆی دابین بکات. زۆرابى هەتیو بەو وشانە فڕێ دەدرێتە نێو جیهانى سەختەوە. لێ ئەوی هەتیو لەنێو پەیوەندییەکانی بازاڕدا هەردەم بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی دەردەخات، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە بۆ هەتیو باشترە دەمى خۆی بگرێت و ئاوڕ لەو بەدگەریانە نەداتەوە کە ئەو هەموو رۆژێک دەیان بینێت. نەخێر، ئەو وەک کەسێکى بزێو تێروانینى خۆى بەرانبەریان دەردەبڕێت و لەنێو ئەزموونەکانى بازاڕدا پتر گۆڕان بە شێوەی هزرینی خۆی دەدەدات. زۆراب تەنانەت دەگات بە ئاگاییەک لەبارەی ئەوە، کە خستنەگەڕى مەکینە لە بەرهەمهێناندا رێژەى قازانج بەرز دەکاتەوە.

گەرچی زۆراب بە تەنیا فڕێ دەدرێتە نێو پەیوەندییەکانی بازاڕەوە، سەرەڕای ئەوە تەواو تەنیا ناکەوێت، بەڵکو دوو جار کەسانى دى لەنێو تەگەرەکانى جیهاندا بەهانایەوە دێن: جارێک پیاوێکى چاکەخواز، کە لاى بازرگانێک کارێکى بۆ دەدۆزێتەوە، جارێکى دی کەسێکى نێگەتیڤى چالاک کە لەنێو بەرژەوەندیەکانى ڕۆژگاردا جێگەی خۆی خۆشکردووە. زۆراب نزیکەى لەم دۆستەى دەبیستێت: برام بەسە! ئەرێ تۆ بۆ ئاوها دەکەیت؟ کاکە، وازبێنە لە چەنەبازى لەبارەى ڕاستی و داد و ویژدان! ئەم قسە قۆڕانە چین؟ بڕۆ خۆت بە زمانلووسیى لە دەسەڵاتداران نزیکبخەرەوە! بڕۆ تەشەبوس بکە! گفتت دەدەمێ کە من وەک دۆستت پشتت بەرنادەم و هەموو کارێکت بۆ میسەر دەکەم! دەزانیت چی؟ دیارى دەبەین بۆ رەئیس! برام، گەر دەتەوێت بەختیار بیت، ئەوا دەبێت خۆت بە ژینگەت بگونجێنیت! – “بەڵێ هێژام ڕاست دەبێژیت! مرۆڤ بۆ ئەوەى ،،مەسعود،، بێت، دەبێت ،،تابعى موحيط بێ!،،”
ئەو کەسە کە بە هاناى زۆرابەوە دێت، لە ڕاستیدا بیچمێکی جەبانە کە فێڵبازانە بەبێ هیچ شوناسێکی کەسی لەنێو ژینگەدا دەبزوێت و هەردەم بە خۆمەڵاسداوى چاوەڕوانى هەل یان پاشقولە. بێگومان کێشەی ئەحمەد موختار ئەوە نیە کە گۆیا ئەم بیچمە ناخی زۆراب تێکدەدات و لە پرسیارى داد و ویژدان دوورى دەخاتەوە. نەخێر، زۆراب پێشتر لە ڕەوتى ئەزموونکردنی پەیوەندییەکانی بازاڕدا “تا ڕادەیەک بێدار بۆتەوە”، واتا ئاگایی ئەو تا ڕادەیەک پشکوتووە. جگە لەوە زۆراب هاوکات لەنێو کۆمەڵێکى ئەوتۆدا دەژى کە تێیدا هیچ شتێک بەبێ دەستگرتن، هەروەها بەبێ تەشەبوس و بەرتیل بەڕێوەناڕوات. ئەو خۆی ئەزموونی ئەم دیاردانە دەکات. ئەم لایەنەی چیرۆکەکە زۆر گرنگە، بۆیە شرۆڤەى وردترى گەرەکە.

کێشەکانى زۆراب تا یەکەم کارى سەربەخۆ، واتا ئەرزوحاڵچێتى، هێندە پڕکۆسپ نین، جگە لەوە هەر جارە بازرگانێک وەستایەتى و بەوەش پاڵپشتێتى. لێ زۆراب لەتەک یەکەم کارى “سەربەخۆ”دا تەحەدا دەکرێت و بەوەش ڕادەچڵەکێنرێت. ئاخر کاتێک زۆراب تا خستنەگەڕى سەرمایەی خەتەکەى تەنیا پرسیارى ویژدان و دادپەروەرى و پێشکەوتنى دەکرد، یان لە دواکەوتوویى خەڵک دەهزری، ئەوا لەتەک یەکەم هەوڵى کارکردنى سەربەخۆدا و دوای ڕاچڵەکاندنی دەبینێت، کە خەتەکەى هێندە ئاسان گوزەرانى ئەو دابین ناکات. بەڵێ، خەتەکەی لە بنەڕەتدا گوزەرانى ئەو دابین دەکات، لێ ئەمە لەنێو ئەو کۆمەڵەدا پڕکێشەیە، چونکە دەوڵەت مزەوەرە و لە نێویدا ئەو کەسانە دەکەونە هاڤرکێى دەسەڵات، کە خاوەنى “کوێرەخەت”ن، بۆیە لە ترسدا دەست دەکەن بە بەرتیلدان و مەراییکردنی سەروەران و جووتکردنی پێڵاو بۆیان، تاکو بەو شێوەیە پشت و پەنا بۆ خۆیان بهێننە ئاراوە. کەواتە گەر زۆراب بەڕاستى بییەوێت سەرمایەی خەتەکەى لەو نێوەندەدا بخاتە گەڕ، ئەوا “ناچار دەکرێت” کە “تابعى موحيط” بێت، واتا ئەویش بەرتیل بدات، ساختەچى بێت، یان بەگشتى “ماچ و پاشقول” بکات بە دەسوێژى تەشەنەدان بە دەسەڵاتەکەى. پەڕینەوەى زۆراب ڕووەو ئەم جۆرە بەدئاکارە بەسەر پردێکى پسیکۆلۆژیانەدایە: “ئەو مەسلەکانەم زۆر لا ناخۆش بوو” (لا 33). کێشەکە لێرەدا لەخشتەبردنی زۆراب نییە کە ئیدی لای ئەو تێڕوانینى خۆویستانەى دووەم جێ بە هەڵوێستە بنەماییەکانى ویژدان و دادپەروەرى و تەقەدوم لێژ بکات و ئەوجا جێیان بگرێتەوە، بەڵکو ئەو هەڵوێستە بنەماییانە لە بەریەککەوتنی بەردەوامی ئەو و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە هێدی هێدی لەکاردەکەون، لێرەشەوە ئیدی مۆتیڤى دەسەڵاتخوازیى زۆراب هەمیشە پتر پەرە دەسێنێت و لە ڕەوتەشدا هەمیشە پتر لە خۆى و مرۆڤ و جیهان نامۆ دەبێت. ئاخر ئەوە کە زۆراب لە هەر پلەیەکى دەسەڵاتدا دەیبینێت، بریتیە لە پلەیەکى بەرزتر.

چیرۆکى “مەسەلەى ویژدان” لەچاو پرۆسەى ئێستێتیکیى سەردەمەکەیدا زۆر نوێیە. ئەمە بەوەدا دەردەکەوێت، کە ئەحمەد موختار جاف زۆرابێک دەئافرێنێت و فڕێى دەداتە نێو جیهانەوە، ئەوجا لە پەیوەندیى نێوان ئەو و ژینگەوە گۆڕانى پسیکۆلۆژیانە و ژیانى دەرەکیى ئەو فیگورە دادەڕێژێت، بەم ڕێیەشەوە دیاردە و بەدپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ژێر رەخنەوە. لێ گرنگ لەم پرسەدا ئەوەیە کە ئەو بە هیچ شێوەیەک لە فۆرماندنى چیرۆکەکەیدا ترس نایگرێت و بەو هۆیەشەوە ڕەچاوى ئەقڵیەتى ترادیسیۆنى بکات، ئەمە بۆ نموونە لەو واتایەدا کە نەوێرێت زۆر دەست لە مرۆڤێتیى زۆراب بدات، یان پاساو بۆ بێدادی و بەدپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بهێنێتەوە، “تاکو بێگانە بەو گەلە بەشەرەفە قارەمانەی خۆی خۆش نەکات”. بە پێچەوانەوە، ئەحمەد موختار جاف ئاسۆیەک بە ڕەخنە ڕیشەییەکەیەوە دەلکێنێت کە بریتیە لە ئاسۆى کۆمەڵگەیەکى مەدەنى.

سەرهەڵدانى “مەسەلەى ویژدان” دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى 1927-1928. نووسەر لە ساتێکى تایبەتیى ژیانیدا دەکەوێتە هزرینى ئێستێتیکى لە فیگورى چیرۆکێک کە وەک کوڕێکى ناسک و سەغڵەتکەر لە ترسەپرسیارى ویژدانەوە ڕوو لە ژینگەکەی دەکات و بەو رێیەوە ژینگەکەی دەناسێت، ئەوجا هەمان ئەم مرۆڤە لە کرۆکەوە تێکدەچێت و هەستى ناڕەواى دەسەڵاتخوازیى ناخى دەتەنێت.

نووسەرى “مەسەلەى ویژدان” لە پرنسیپى “خاوێنی”یەوە دەڕوانێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان دەنرخێنێت، هاوکات وەک بنەمای داڕشتنی چیرۆکەکەى دایدەنێت (ئەمە هەمان ترادیسیۆنى خانییە). ئەحمەد موختار جاف دەبێت لە پێش و لەو کاتەدا کە “مەسەلەى ویژدان”ى نووسیوە، لە زۆرانێکى سەختدا بووبێت لەدژى ژینگەی خۆی، دەبێت موئاناتی (موئانات وەک پاڵهێزی سەرجەم ئەدەب و هونەر) ئەم کێشانە ئەوی بزواندبێت تاکو فیگورى زۆرابێک بئافرێنێت و بەڕێیەوە ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە ئەتک بکات، کە ئەو خۆى بە شێوەیەکى ڕیال دژى وەستاوەتەوە. لێرەدا لایەنێکى دیکەى گرنگ ئەوەیە کە ئەحمەد موختار لەم زۆرانبازییەدا مووچەوەرگرێکى گچکەى خوارەوەی دەوڵەت نیە، بەڵکو وەک بەگزادەیەکى منەوەر و پایەگادارى بەرزى دەوڵەت دەست دەداتە داڕشتنى چیرۆکێکى هونەرى، لێ چیرۆکێک کە ئەو بەڕێیەوە تەنیا بەدپەیوەندی و بەدڕەفتاری سەردەمەکەى هەڵناماڵێت، بەڵکو هاوکات مەبەستێک بە چیرۆکەکەوە دەلکێنێت کە ڕۆشناییدانە بە وەرگر (خوێنەر).

بزووتنەوەى ڕۆشنایى (تەنویر) بۆ دووەم جار (یەکەم جار لە گریکى ئەنتیکە لە لایەن سۆفیستەکان) لە ئەوروپاى سەدەى هەژدەیەمدا وەک پرۆگرامى پێشخستنى مرۆڤ و کۆمەڵ سەریهەڵدا و هێدى هێدى بە خۆرهەڵات گەیشت، لە خۆرهەڵاتیش بەزۆرى لە شێوەى سیاسى و لاساییدا وەرگیرا، بەبێ ئەوەى وەرگرانی خۆ بە منەوەر دانەر بیر لە ناوەرۆک و شیمانەکانى ئەنجامدانى بکەنەوە یان تەنانەت لێی تێبگەن. ئاخر لە ڕۆشناییدا وەک پرۆگرامی بێدارکردنەوەی ڕەخنەییانەی مرۆڤ وەرچەرخانێکمان هەیە: ڕۆشناییدەران لەو پەیوەندییانەوە کە بەهای ئەزەلییان پێدراوە و بەوەش ئۆبژێکتیڤییانە بەسەر مرۆڤانەوە زیت کراونەتەوە، وەردەچەرخێن ڕووەو خودی مرۆڤ و گرتنى مرۆڤێتییەکەى، لێرەشدا چیدی مرۆڤ وەک کەرتى سەرجەمێکى ئایینى و کۆمەڵایەتى دانانێن، بەڵکو وەک خودی مرۆڤ لەو سەرجەمە دەریدەکێشن. بە زمانێکی سادە و لە شێوەی پرسیاردا ببێژین: “بەڕێزم تۆ خۆت بەمە دادەنێیت، لێ سەرەتا پێم بێژە کە تۆ خۆت کێیت و چۆن گەیشتیت بەم هەڵوێستەت کە لە هەموو لایەک بانگەشەی بۆ دەکەیت؟”. ئەم پرسیارە زۆر پڕمەترسییە کە ڕۆشناییدەران دەیکەن، چونکە ئاڕاستەی کرۆکی کەس دەکرێت و پێی دەبێژرێت ڕاستیی خۆی دەربخات.

پرسیارەکە لە بنەڕەتدا هەڵوێستێکە کە تا ئەمڕۆ کەمینەیەکی زۆر پچووکی نووسەران دەوێرن توخنى بکەون. ئەحمەد موختارى جافی “مەسەلەى ویژدان” یەکێکە لەو دەگمەنە نووسەرانە، واتا هۆشى ڕۆشناییدەر بەچاکى لە چیرۆکەکەیدا دەردەکەوێت: منداڵێک کە بە تەنیا دەچێتە نێو ژینگەی کۆمەڵایەتیی خۆیەوە و پەیوەندییە داکەوتییەکانی ئەو کۆمەڵە کەسێتییەکەی تێکدەدەن؛ پاشان ژیانى ناخەکیى ئەو مرۆڤە دەبینین؛ هەروەها پەیوەندیە نێومرۆڤیەکان دەردەخرێن و مرۆڤەکان وەک “بەرپرسیار” لە جۆرى هزرین و ئاکاریان دادەنرێن؛ ئەوجا کردنی زمان بە کێشە تاکو بەو ڕێیەوە ڕێنوما سەپێنراوە ئایینییەکان بخرێنە ژێر پرسیارەوە. گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەو پرسانە سەراپا لە پرنسیپی ویژدان و دادی ئەزەلییەوە ئاوەڵا دەکرێن، هەروەها لە خودی ئەو پرنسیپانەوە ئیدێى پێشکەوتن و مەدەنییەت بە نموونەی پەیوەندیەکەى نێوان تاک و کۆمەڵ دادەڕێژرێت.

لێ پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە داخۆ ئەحمەد موختار جاف مەبەستە ئەدەبییەکەى پێ بەدیهاتبێت، ئەوجا گەر پێى بەدینەهاتبێت، ئەوا هۆى چیە؟
ئەنجامدانى هونەریى “مەسەلەى ویژدان” فۆرمى ژیاننامە (بیۆگرافى)ى هەیە، کە لە زایینى زۆرابەوە سەرەتا دەگرێت و لە ئاستێکی ئاڵۆزى ژیانیدا دەپچڕێت، ئەم فۆرمە بیۆگرافییەش لە شێوەى “ئیعتیراف”ى فیگورەکەدا داڕێژراوە. لێ لەبەر ئەوەى “ئیعتیراف” هەمیشە دواى گەڕانەوە لە بەدگەرى، دوای کارەساتێکى سامناک کە بەسەر کەسدا هاتووە، یان بەزۆر بۆ نموونە لەژێر ئەشکەنجەدا و هتد دێتە ئاراوە، ئەوا نەبوونى ئەم بڕەرە ژمارەیەک پرسیار لەتەک خۆیدا دەهێنێت. جگە لەوە ئێمە پرسی تەواونەبوونى “مەسەلەى ویژدان” وەک دەربڕینێکى زۆر سادە، واتا بەبێ بناغەڕشتن، لاى قەدیمییەکان دەبینین، کە ئاشکرایە لەبەر ئەوەی بێبناغەیە، ئەوان ناتوانێت زەمینەیەکمان بۆ لەسەر وەستان پێبدات. ئێمە لەم ڕوانگەیەوە ناچارین کە تەنیا خودی بابەتە ئەدەبییەکە وەربگرین و شرۆڤە بکەین.

سەرەتا لایەنێک ئاشکرایە، کە نووسەر زۆرابە و هاوکات زۆراب نیە. ئەحمەد موختار زۆرابە، چونکە لەنێو هۆشى خۆیدا وێنەییانە ئافراندوویەتی، لێ ئەحمەد موختار هاوکات زۆراب نییە، چونکە ئەم فیگورە کردارنوێنێکی (پرۆتاگۆنیستێکی) ئەدەبییە. کاتێک نووسەر دەست دەداتە پێنووس (بەتایبەتى لەم فۆرمە هونەرییەى “مەسەلەى ویژدان”دا کە “من”- فۆرمە)، ئەوا لەتەک یەکەم ڕستەی داڕێژراوى چیرۆکە ئیعتیرافییەکەیدا لە خۆى جیادەبێتەوە: “ویلادەتم لە قەزاى ها بوو”، ئەوجا بەدوویدا ئەو زۆرابە لە پەیوەندى و دیالۆگەکانیدا دادەڕێژێت، کە لەنێو هۆشى خۆیدا پەیوەست بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە “پێشبینیی کردووە”. لێ ئەحمەد موختار تا سەرەتاکانى بەدبوونى زۆراب دەتوانێت بە گونجاوى لە خۆی جیاببێتەوە، ئەوەش بێگومان “تا رادەیەک”. چیرۆکەکەى لەو سەرەتایانە بەدواوە دەشێوێت. ئەمە بۆ نموونە لە گفتوگۆى ئەو دوو منداڵەدا دەردەکەوێت کە تازە چوونەتە فێرگە، لێ ئەوان وەک منداڵ نائاخڤێن، بەڵکو وەک دوو گەنجى پێگەیشتوو، لێرەشدا نووسەر یەکێکیان وەک ڕۆشنبیر و خەباتگێڕ دیارى دەکات. ئێمە گەرەکە وردتر ڕوو لەم کێشەیە بکەین.

نووسەرى “مەسەلەى ویژدان” لە چیرۆکەکەیدا پرنسیپى خۆویستیى مرۆڤ تیژ دەکاتەوە و دەیخاتە پەیوەندییەکى دیالێکتیکیەوە لەتەک ژینگەی دوژمنى مەدەنێتیدا، واتا ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیى ئەوتۆ، کە هەر تاکە کەسێکى نێوى چە بە خۆى و چە بە کەسانى دیکەى دەورى نامۆیە: فێڵ و ساختەچێتى لە هەموو نێوەندەکاندا دیاردەدەن، بەڵێ تەنانەت کشتیارانی فێڵلێکراو فێڵ لە ئاغاى زۆردار دەکەنەوە. هۆیەکی بێویژدانیی خەڵک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان نەخوێندەوارن، کەواتە هۆشیان ئاوەڵا نەبووە؛ جگە لەوە ئەوان لە زمانی ئایین و یاساکانی دەوڵەت تێناگەن، چونکە زمانی ئەوان نییە؛ هاوکات ئەوان ڕاڤەکاری سەرڕاستیان نییە، چونکە منەوەرەکان دەسەڵاتیان نەسەندووە و تەنانەت ژیانی خۆیان لە مەترسیدایە، بە پێچەوانەوە ڕاڤەکارانی ئەوان بە تایبەتی پیاوانی ئایینن کە بە هەوەسی خۆیان ڕاڤەی ئایینیان بۆ دەکەن، یان بۆ خاتری مسۆگەرکردنی دەسەڵات و نانی زگیان بە ئۆپیومی خورافیات بەنگ و کاسیان دەکەن، کە ئیدی لە خودای قەهار و مونتەقیم دەتۆقێن و لە ترسدا نەک لە خۆشەویستییەوە نوێژی بۆ دەکەن. لە پاڵ ئەواندا بەناو ڕۆشنبیرەکانی وەک زۆراب ئەفەندی هەن کە بۆ خاتری مەرامەکانیان بەسەر لاشەی هاوڵاتیانیاندا دەڕۆن.

ئەمانە تەنانەت بوون بە دەمڕاستی خەڵک. ئاشکرایە دانانى ئاسۆ لەم پەیوەندییە نێومرۆڤییەى نامۆبوون و بێدادییەوە بە زەروورە پرسیارى “بێداربوونەوەى خەڵک” لەتەک خۆیدا دەهێنێت. بە دیدی ئەحمەد موختار، لە لایەک ڕیالێتییەکەى خەڵک خۆیان پاڵهێزى بێداربوونەوەیە، کە بە هێزى چەوسێنەرانەى وایان لێدەکات لە ڕێگەى ڕزگاریى بهزرێن، لێ پاڵهێزەکە لە لایەکى دی ئەو منەوەرانەیە کە تەنیا خوێندەوار نین و وەک زۆراب ئەفەندى هەموو ڕێگەیەکی خۆنەواندن و بەرتیل و تەشەبوس بۆ خاتری دەسەڵات بگرنە بەر، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم منەوەرانە وەک ڕۆشناییدەر یارمەتى ئاپۆرەى فێڵباز و فێڵلێکراو دەدەن بێداربێتەوە و خەباتى ڕزگاریخوازییەکەى بە دامەزراندنى کۆمەڵگەیەکى مەدەنییەوە بلکێنێت. کەواتە لەبەر ئەوەى ئاسۆى ئەحمەد موختار جاف ڕوو دەکاتە “ڕزگارى و پێشکەوتن لەسەر بناغەى ویژدان”، هەروەها لەبەر ئەوەى زۆراب کەوتۆتە “ئیعتیراف”ى بۆگەنکردنى خۆى لە لایەن ژینگەوە، ئەوا دەبێت پرۆژەى “مەسەلەى ویژدان” بەرەو کۆتایی ببرێت.

پرسیارێک ئەوەیە، کە ئایا هۆى چییە ئەحمەد موختار لەو چەند وشە ئیرۆنیەى کۆتاییدا دەوەستێت؟ واتا: “ویژدان تەنیا هەر ئیسمى هەیە و کەس بە چاو نەى دیوە!” ئایا ئەحمەد موختار بە پێکەوەلکاندنى ڕەخنەى ڕیشەیی لە کۆمەڵی سەردەم و ئاسۆى پێشکەوتن و مەدەنییەت، کە دژبەرن و چارەسەرى هونەرى زەروور دەکەن، نەکەوتۆتە تەڵەیەکەوە کە ڕێى پێنەدات چیرۆکە هونەرییەکەى بەدیبهێنێت؟ ئێمە دەبێت ئەم پرسیارە بکەین، چونکە کێشە هونەرییەکانى “مەسەلەى ویژدان” بەتایبەتى لە کاتى بەدجۆربوونى زۆراب بەدواوە لە ئارادان و چارەسەر نەکراون. لە لایەک ئیرۆنیەکەى زۆراب، واتا “خودا ئەوەندە سەبرى هەیە هەزار شتى وەهاى قبووڵ کردووە و ئەیکات، وە ویژدانیش تەنیا هەر ئیسمى هەیە” (زۆراب لێرەدا مەئریفە ئەزمونییەکەى یەکدەخات) بە ڕەوتى داڕشتنەکە دەگونجێت، لێ لە لایەکى دى لەتەک ئەو مەئریفەیەدا پرسیار لەبارەی هۆى سەرهەڵدانى خودی مەئریفەکە، هەروەها لەبارەی ئەو “یەکاڵابوونەوە”یە دێتە ئاراوە کە ئەو بەدوویدا دەکەوێتە “ئیعتیرافەکەى”. ئێمە لە کۆتاییەوە نزیکین، تەنانەت دەتوانین ئەمە وەک “سەرەتاى کۆتایی یەکەم داڕشتنی چیرۆکەکە پێش پێداچوونەوە و چاککردن” ببینین، لێ پرسیارى بەشێکى گومبووی ئەو چیرۆکە بێهودەیە.

کرۆکیترین کێشەى هونەریى “مەسەلەى ویژدان” ئەوەیە کە داڕشتنى چیرۆکەکە دواى تەنیاکەوتنى زۆراب لە ڕووى فۆرمەوە شێواوە: ڕەوتەکەى خێرابووە. بێگومان تەشەنەى ئەزموونەکانى زۆراب سەرەنجامى تەنیاکەوتن و لێرەشەوە سەرەنجامی بزێوبوونێتى، لێ داڕشتنى ئێپیزۆدەکان بە شێوەیەک نییە کە فۆرمى خۆیان وەرگرتبێت، بەڵکو شێواوییەکى هونەرى لە ڕووى “کات”ەوە هاتۆتە ئاراوە: بازدانەکان یان پەڕینەوەکان نزیکەى شێوەى ڕیزکردنیان هەیە. لەبەر ئەوەى ئەم کێشە هونەرییە لەم بەشەى دووەمى ژیانى زۆرابدا هەیە، ئەوا گەرەکە لە پرسیاری دی بهزرێین، بۆ نموونە پرسیارى “نەبوونى دەرفەتى کارتێداکردن و پێداچوونەوە”، یان پرسیارى “ئێکسپێریمێنتى (تەجروبەی) ئەدەبى”، ئەم پرسیارەش بێگومان پەیوەست بە لایەنێکى دیکەی کرۆکییەوە کە بریتییە لە تەنگژەى کەسیی ئەحمەد موختار جاف.

پرسیارى ئێکسپێریمێنتى ئەدەبی وەڵامەکەى لەنێو خۆیدایە و دەشێت پرسیاری “نەبوونی دەرفەتی کارتێداکردن و پێداچوونەوە”ی بدەینە پاڵ. لێ پرسیارى تەنگژەى کەسیی ئەحمەد موختار دەمان بات بۆ پرسیارى دی: پرسیار لەبارەی ناکۆکیەکانى ئەو لەتەک ژینگەی دوژمنى مەدەنییەتدا، ئەوجا پرسیارى گیرانى ئەو لە لایەن شێخ محمود، پاشان پرسیارى “هۆ”ى کوژرانى ئەو و پرسیارى کەسى (؟) یان دەستەى (؟) بکوژى ئەو. تروسکەى چەند وەڵامێکى ئەم پرسیارانە دەئەنگوتێت، گەر مرۆڤ پەیوەند بە کوژرانی ئەحمەد موختار جافەوە وەک قەدیمییەکان نەکەوێتە “پاکانەى دەستى ناپاک”، بەڵکو دەستبداتە توێژینەوە لە ناکۆکییەکانى نێوان دەسەڵاتخوازانى ئەو سەردەمە: لەنێو هۆزى جاف و لە دەرەوەیدا.

سەرچاوە

ئەحمەد مەختار جاف. مەسەلەى ویژدان. پێشەکى و لێکۆڵینەوە: دکتۆر ئیسحان فۆاد. بەغدا، ساڵى 1970.
هەمان نووسەر. دیوان. ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەى: پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسووڵ. بەغدا، ساڵى 1986.

تێبینی

– ئەم نووسینە یەکێکە لە بابەتەکانی نووسەر لە کتێبی “لەتەک فێنۆمێنە ئەدەبییەکاندا”، بیر و هوشیاری، سلێمانی 2006. نووسینەکە لەم شێوەیەی بەردەستدا کاری تێداکراوەتەوە و دەرچە بنەماییەکەی تەواو گۆڕراوە.
– وەک ئەمانەتی ئەدەبی سیتاتەکان (ئیقتیباسەکان) وەک خۆیان دراونەتەوە.

ک.ج.

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish