Skip to Content

مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و نامەکانی ئازادی.. ئەحمەد هەولێری

مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و نامەکانی ئازادی.. ئەحمەد هەولێری

Closed
by نیسان 14, 2024 General, Opinion

لەنێو ئەو پۆلە تێکۆشەرە کوردەی کە لە ٩ ی گوڵانی ٢٠١٠دا لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە لەسێدارەدران، زێدەتر ناوی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر بەرگوێ دەکەوێ. لەبەرئەوە نا کە مەقام و شکۆی ئەو تێکۆشەرانە جیاوازە، بەڵکو لەبەر سیحری نامەکانی فەرزاد کە هەمیشە کوانووی ناو و شۆرەتی ئەو بەزیندوویی دەهێڵێتەوە. شیرین عەلەمهولی یەکێک بوو لەو ژنە تێکۆشەرانەی نێو ئەو پۆلە، کە وەک هاوەڵەکانی لێی دەگێڕنەوە خاوەن مۆڕاڵێکی بەرزی شۆڕشگێڕانە بوو کە هەزاران داستان و چیرۆک ناتوانێت بارتەقای مۆڕاڵی بەرز و شۆڕشگێڕانەی وی بێت. فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریانیش تەژی بوون لە مۆڕاڵی بەرزی مرۆڤانە و یۆتۆپیای ئازادیخوازانە. سیلوا هاراتونیان ژنە ئەمریکایی کە بەڕێکەوت هاوزیندانی شەهید شیرین عەلەمهۆلی دەبێت لە زیندانی نەگریس و تۆقێنەری “ئەوین” لێی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: شیرین لەو زیندانەی کە تەژی بوو لە تاوانبارانی گەورەی دزی و مادەی هۆشبەر و تاوانکاری هەتا سیاسی، کارێکی کردبوو کە کەس لە قسەی دەرنەدەچوو، هەمووان بە لوتفەوە لە بەردەمی دەوەستان و گوێیان بۆ قسەکانی دەگرت و خۆشیان دەویست. ئەویش بە سۆزی دایک و فێرکارێکەوە دڵاوایی دەکردن و ورەی دەدانێ.

سا لەو نێوەندەدا ناوی مامۆستا فەرزاد زیاتر لەناواندایە، لەبەرئەوەی کۆمەڵێ نامەی بەنرخی لێ بەجێ ماوە کە هێندە بە کرۆکن بەسن بۆ ئەوەی تا هەتایە ناوی مامۆستا فەرزاد بە زیندووی بهێڵنەوە، نامەکان هێندە بە هەتەرانە و ئەشقەوە نووسراون مرۆڤ کەمەندکێش دەکەن. نامەکانی فەرزاد کەمانگەر ئەوی خستە چەقی گرنگیپێدانی ئازادیخوازان و ئەدیب دۆستانەوە. ئاخر هیچ شتێک بە ئەندازەی نووسین کاریگەری نامێنێتەوە، مرۆڤەکان جەربەزەیی دەنوێنن و شەهید دەکەون بەڵام ئەوەی زێدەتر ناویان دەهێڵێتەوە شتێکە لە شێوەی نووسیندا ئەگەر لەپاشیان جێ بمێنێ. نووسین بۆ خۆی گرنگترین بزاوت و داهێنانی مرۆڤە ئەگەر نووسینەکان نەبوونایە ڕایەڵەی پەیوەندی ئێمە بە شارستانییەتە کۆنەکانەوە دەپچڕا و بۆ ئێستاش هیچمان پێ نەدەما زانست و زانیاری خۆمانی لێوە هەڵێنجێنین. ئەم نامانە کە لە دوای شەهید کەوتنییەوە بڵاوکرانەوە هەرزوو گەیشتنە لووتکەی ئەدەبیاتی بەرەنگاری ئێرانیەوە و خەڵکانێکی زۆر تا هەنووکەش دەیخوێننەوە و بە وشەکانی پەنگری ویژان و زیندوێتیانی پێ دەگەشێننەوە.

گاندی دەڵێ مرۆڤە ڕاستەقینەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ژیانێکی سەختدا دەستەویەخەن. سا هەرمان فەرزاد ژیان و چارەنووس و نامەکانی گەواهی لەسەر مێنتاڵی ئەم مرۆڤە مەزنە دەدەن. لە یەکێک لە نامەکانیدا و لە دێڕێکدا گوزارشت لە خۆی وەک زیندانییەک و زیندانەوانەکە دەکات و دەڵێ : دوو کەس، دوو دیوی دیوار، دەرگەیەکی ئاسنین هەیە و ڕۆژنەیەکی گچکە تێیدا، تۆ لە دەرەوەی بەندینگە و من لەناویدا.

یاخود دەنووسێ : من مەدەرە بەر کوتەك کاتێک لە بەڕێڕۆیشتندا دەنگی پێیەکانم دێت، ئاخر دایکم فێری کردووم بە هەنگاوەکانم لەتەك زەمیندا قسە بکەم و بەرخورد بم. لەنێوان من و زەمین پەیمانێك هەیە و پەیوەندییەك کە پێویستە زەمین پڕ لە خەندە و جوانی بکەم، دەی کەواتە بهێڵە با بەکاوەخۆ بەڕێدا بڕۆم، بهێڵە با دەنگی پێم ببیسترێت، بهێڵە زەمین بزانێت هێشتاکە من زیندووم و هیوادار”

لەیەکێکی تر لە نامەکانیدا دەنووسێ : “منی فێرکار لە فێرخوازەکانمەوە خەندە و پرسیارەکانم بە میرات بردووە”. ئەمەش دەریدەخات کە مامۆستایەکی ڕاستەقینە بووە و ئەزموونی لە خوێنکارەکانی گرتووە و لەگەڵیاندا لە پەیوەندییەکی هەتەرانەدا بووە. ئەوەتا لە زاری نیچەوە دەڵێ : کەسێک لە ڕیشەوە مامۆستایە هەموو شتەکان لە پەیوەندی بە خوێنکارەکانیەوە بە جدی وەردەگرێ”

لە نامەیەکی تریشدا و لە توێی زیندانێکی تەنگ و تاریک و بۆگەنەوە خەیاڵەکانی باڵدەگرێ و دەیباتەوە بۆ ڕابردوو و ئەو گوندەی کە تێیدا مامۆستا بووە و بە دڵێکی بریندارەوە بۆ فێرخوازەکانی دەنووسێ : زۆر دڵتەنگم بۆتان، لە توێی ئەم زیندانەوە شەو و ڕۆژ بە بیرەوەرییە شیرینەکانی ئێوەوە شیعری ژیان دەچڕم، ھەموو ڕۆژێ لەبری ئێوە ڕۆژباش لە خۆرەتاو دەکەم، لەنێو ئەم چواردیوارە بەرزانەوە لەگەڵ ئێوەدا بێدار دەبمەوە، لەگەڵتاندا پێدەکەنم و لەگەڵتان دەنووم. ھەندێکجار ‘شتێکی لەشێوەی دڵتەنگی’ سەراپای هەبوونم دادەگرێ، خۆزگە دەکرا بە وێنەی جاران کە لە گەشت و گەڕان دەھاتینەوە و بەم گەرانەشمان دەگوت گەشتی زانستی!

لە درێژەدا دەچێتە سەر باسی نادادییەکانی دنیا و دەنووسێ : خۆزگە دەکرا کتێبی بیرکاریمان بەھەموو نەزانراوەکانیەوە خستبایە بن بەردێکەوە، چونکە کاتێ باوک نەتوانێ نانێک بۆ خێزانەکەی بنێتە سەر سفرە چ جیاوازییەکی ھەیە مرۆڤ بەدوای ٣+١٤ بێت یان ١٠٠+١٤

لە ڕوانگەی خۆشەویستی بۆ فێرخوازەکانی ئامۆژگاری دەدا و دەنووسێ: کوڕانی سروشت و خۆرەتاو دەزانم ئیدی لەمەودوا بۆتان ناکرێ لەگەڵ هاوپۆلەکانتان دانیشن و بخەنن و وازی بکەن، چونکە دوای بەڵای(پیاوبوون) خەمی نان پەیداکردن بەرۆکتان دەگرێ، بەڵام نەکەن پشت بکەنە خەونەکانتان. منداڵەکانتان فێربکەن بۆ وڵاتەکەیان ببنە ڕۆڵەیەک لە جنسی شیعر و باران. لە کۆتاییدا دەنوسێ ئیدی بە خۆرەتاوتان دەسپێرم تا سبەینێیەک کە هێندە دوور نییە وانەی عیشق و ڕاستی بۆ وڵات بڵێنەوە!

ئەحمەد هەولێری

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish