ڕۆزا پارکس (١٩١٣ – ٢٠٠٥) هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ئەمەریکا.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
تێرامان لە چیرۆکی ژیان و خەباتی سیاسی و مەدەنیی (ڕۆزا پارکس)، ئەو ژنە ڕەش پێستەی کە هەموو ژیانی تەرخان کرد لەپێناو مافە مەدەنییەکانی خەڵکی ڕەشپێستی ستەملێکراو لە ئەمەریکا، لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، جێگای سەرنج و بایەخە. یانزە ساڵ بەر لە داننان بە مافەکانی مرۆڤی ڕەشپێست لە شاری مۆنتگۆمۆری ئەمەریکا، (١) واتە ڕێک لە ساڵی ١٩٤٤دا، ڕۆزا لویس مەککاوڵی پارکس وەک نوێنەری(کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ پێشخستنی ڕەنگی پێست)(٢)لێکۆڵینەوەی لە کەیسی ژنێک دەکرد بە ناوی ڕیسی تایلەر(٣). ژنێک کە لەلایەن شەش پیاوی سیپپێستەوە دووچاری دەستدرێژی سێکسی ببووەوە. بەهۆی یاسا جیاکاری ئەمەریکا ، بۆ ڕۆزا ئاسان نەبوو کە دادگای ویلایەتی ئالاباما ڕازی بکات بەوەی کە تەنانەت یەک پیاوی سپیپێستیش تاوانبار بکات. بەڵام ڕۆزا بەردەوام بوو و داوای لە دادگا کرد کە بەرگری لە دۆسییەکەی ڕیسی تایلەر بکات. بۆ ئەمەش میدیاکانی پڕ کرد لە گەواهی و بەڵگە و لە بەشی باشووری ئالاباماش خەڵکی دنە دەدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو سیاسەتە دژە ئینسانییە. دادگای ئالاباماش هیچ کام لە پیاوە دەستدرێژکەرەکانی ئەو دۆسییەی وەک تاوانبار نەناسی.
ڕۆزا پارکس بە درێژایی ژیانی دژ بە تووندوتیژی وەستاوەتەوە و هەوڵیداوە بۆ بەرقەرابوونی دادپەروەی کۆمەڵایەتی، گەرچی بە تەواوبوونی ژیانی خۆشی بێت. ڕۆزا پارکس لە چواری شوباتی ساڵی ١٩١٣ لە خێزانێکی جووتیاری ئالاباما لە دایک بووە و لەگەڵ دایک و نەنک و باپیرەی ژیاوە. بۆ ڕۆزای ژن و ڕەشپێست؛ دەرەوەی ماڵ واتە لەناو کۆمەڵگەی لێوڕێژ لە تووندوتیژی و ترسی دەستدرێژی کە سێبەری خستۆبووە سەر ژیانی ئەو و تەواوی ژنانی ڕەشپێست. ڕۆزا لە تەمەنی نۆزدە ساڵی هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەیمن پارکس کرد کە پیشەی سەرتاش بوو. ڕەیمن یەکەم کاری ئەوە بوو ڕۆزا وەکو هەڵسوڕاوێک بپارێزێت. ساڵی ١٩٤٣ ڕۆزاش بە خەباتی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ پێشخستنی ڕەنگی پێست، پەیوەست بوو کە تا ئەو کات تەنها یەک ژنی تیا بوو ئەویش جانی ڕێبێککا بوو. (٤) دواتر ڕۆزا بوو بە سکرتێری ئەو ڕێکخراوە. ڕۆزا بەڕۆژ خەریکی کاری دوورمان بوو تا یارمەتی دایک و هاوژینەکەی بدات و بەشەویش خەریکی لێکۆڵینەوە لە دۆکیومێنت و دۆسییەی ژمارەیەک لە مافە مەدەنییەکان بوو، هەر لە ڕووداوە سادەکانی ڕۆژانەوە تا دەگاتە بەرزترین کردەی کوشتن و تاوانی ڕقلێبوونەوە. ڕۆزا کاری ڕێکخراوەکەی بەڕێکوپێکی ئەنجام دەدا و یارمەتی گەنجانی دەدا تا سیستەمی دژە ئینسانی هەلاواردن یان جیاکاری نێوان سپی و ڕەشپێست ببینین. ڕۆزا لەو ڕێکخراوەدا گەلێ بواری تێکۆشانی فراوانتر کردەوە و کەوتە وتاردان لەسەر تووندوتیژی و کوشتن بەتایبەتیش کوشتنی ئیمەت تیڵ.(٥) هەرچەندە ڕۆزا پارکس هەرگیز ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا نەبووە، بەڵام لەگەڵ هاوژینەکەیدا بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەو حیزبەی دەکرد. دۆسیەی بەناوبانگی گەنجانی سکۆتسبۆرۆ لەلایەن پارتی کۆمۆنیستی ئەمریکاوە خرایە بەردەم تێکۆشەرانی مافە مەدەنییەکانی ئەمەریکا.(٦)
ساڵی ١٩٥٥ لەشاری مۆنتگۆمێری ڕۆزا پارکس ڕەتی کردوەوە ئەو کورسییەی کە لەناو پاسی هاتووچۆ تەرخانکرابوو بۆ سپیپێستەکان و لەسەری دانیشتبوو، چۆڵ بکات. بەم هۆیەوە دەیگرن و ئازاری دەەن و دەیخەنە زیندانەوە. لە زیندان هەڵسوڕاوان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ وەکو مارتین لوسەر کینگ و ئێدگار نیکسن (٧)سەردانیان دەکرد و نەخشەئ ئەوەیان دانا کە پاسەکانی هاتووچۆ بۆ ماوەی ٢٤ سەعات مان بگرن. ئەوە بوو مانیان گرت و ئیتر داوایان کرد مانگرتنەکە درێژە بکێشێت و ئەوەبوو ٣٨١ ڕۆژ درێژەی کێشا. (٨)ڕۆزا و هەڵسوڕاوانی تر بڕیاریاندا ئەم مانگرتنە بکەنە جووڵانەوەیەکی سەرتاسەری ئەمەریکا. سەرەنجام ئەم مانگرتنە بووە هۆی ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٥٦ بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە چیتر جیاکاری لە شوێنی دانیشت بەپێی ڕەنگی پێست نەکرێت و یاسای هەڵاواردنی ڕەنگی پێست لەناو پاسی هاتووچۆ و شوێنەگشتییەکاندا نەمێنێت.
ئەم سەرکەوتنە بووە هۆی ئەوەی کە ڕۆزا پارکس دەیانجار هەڕەشەی کوشتنی لێبکرێت و ئیتر لەبەر ناوناوبانگی سیاسی خۆی هیچ ئیشێکیان لە ئالاباما نەدایێ و ناچار لە ساڵی ١٩٥٧ڕووی کردە شاری دیترۆید لە ویلایەتی میشیگن تا وەکو کرێکاری دوورمان ئیش بکات. لەوێش بێکار بوو تا لەلایەن ئەندام پەرلەمان جان کۆنیەرس ئیشێکی پێدرا. (٩) ڕۆزا لە چل ساڵی کۆتایی تەمەنیدا دژی نابەرابەری و توندتیژی و نا دادپەروەری جەنگا و هەروەها ژمارەیەک کتێبی نووسی و کەوتە گەڕان بەسەراسەری وڵاتی ئەمەریکا وتاری دەدا و پشتیوانی چالاکوانانی تری دەکرد و چەندین دەزگای ڕۆشنبیری دامەزراند بۆ گەنجان.(١٠)
ئەمڕۆ ڕۆزا پارکس وەکو ڕووخسارێکی ڕادیکاڵ کە دژ سیستەمێک و دژ بە یاساگەلێکی تەژی لە هەڵاواردن جەنگاوە، دەمێنێتەوە. ساڵی ٢٠٠٤ ڕۆزا پارکس تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بوو، ئەو نەخۆشییەی کە لانیکەم لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە نیشانەکانی لێدەرکەوتبوو. دواجار ڕۆزا پارکس لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥، لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا لە شوقەکەی خۆی لە شاری دیترۆیت گیان لەدەست دەدات و بۆ هەمیشە چاو لێک دەنێت. بۆ مردنی ڕۆزا پارکس چەندین ڕێوڕەسمی یادکردنەوە بەڕێوەچوو، لەنێویاندا، دانانی تەرمی ئەم ژنە خەناتگێڕە لە پایتەختی ئەمەریکا لە واشنتۆن، کە نزیک بە پەنجا هەزار کەس هاتبوون بۆ ماڵئاواییکردن لە ئەو ژنە هەڵسوڕاوە لەخۆبووردەیەی کە مێژووی ئەمەریکا لەئاست ناو و چالاکییەکانی دەست لەسەر سینگ ڕاوەستاوە و ڕادەوەستێت.
تێبینییەکان ئامادەکار و وەرگێڕ ئامادەی کردوون:
(١)مافەکانی مرۆڤی ڕەشپێست لە شاری مۆنتگۆمێری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو هاتە بواری سەلماندن و جێبەجێکردنەوە، ئەمەیش لە ئەنجامی ڕەتکردنەوەی ڕۆزا پارکس لە چۆڵکردنی کورسی نێو پاس کە شوێنی تایبەت بوو بە سپیێستەکان. ڕۆزا دوای دەستگیرکردنی و بایکۆتی پاسەکانی ئەو ویلایەتە. دەسەڵاتدارانی جیاکاری ئەمەریکا ناچار بوون لە ساڵی ١٩٥٥ مافە مەدەنییەکانی ڕەشپێستەکان وەکو سپیپێستەکان دیاری بکەن.
(٢)کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ پێشخستنی ڕەنگی پێست، وەک کۆنترین و گەورەترین ڕێخراوی مافەکانی مەدەنی لەساڵی ١٩٠٩ لە شاری نیویۆرک لەلایەن هەڵسوڕاوانی سپیپێست و ڕەشپێستەوە دامەزرا، وەک وەڵامێک بۆ تووندوتیژییە بەردەوامەکان دژ بە ڕەشپێستە ئەمەریکییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا. ڕۆزا پارکس لە ساڵی ١٩٤٣ وەک هەڵسوڕاوێک پەیوەست بووە بەو ڕیکخراوەوە. شایانی وتنە لە سەردەمی مافە مەدەنییەکان لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا، ئەم ڕێکخراوە سەرکەوتنی گەورەی یاسایی بەدەستهێنا و ئەمڕۆش زیاتر لە ٢٢٠٠ لق و نزیکەی نیو ملیۆن ئەندامی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
(٣)ڕیسی تایلەر(١٩١٩ – ٢٠١٧)؛ ژنێکی ڕەشپێست بوو کە لە سێی ئەیلوولی ساڵی ١٩٤٤ لە ویلایەتی ئالاباما کاتێک لە باڵەخانەی کڵێسایەک دێتە دەرەوە لەلایەن شەش پیاوی سپیپێستەوە دەڕفرێنرێت و دەستدرێژی سێکی دەکرێتە سەر. دۆسییەی تایلەر بەهۆی هەوڵەکانی ڕۆزا پارکس دەنگی دایەوە و کێشەی ڕەشپێستەکانی لە ئەمەریکا بردە ئاستێکی ترەوە. پەرلەلمانی ئالاباما لەساڵی ٢٠١١ بەناوی ویلایەتی ئالاباماوە داوای لێبووردنی لە ڕۆزا پارکس لێکرد.
(٤)جانی ڕێبێککا دانیاڵ (١٩١١ – ٢٠٠٨) جۆنی کار وەک خەڵکی ویلایەتی ئالاباما و هەڵسوڕاوی مافە مەدەنییەکان، بەشدارێکی چالاک بوو لە بایکۆتی پاسەکانی شاری مۆنتگۆمێری. جانی سەرسام بوو بە وتارەکانی مارتین لوسەر کینگ و لەهەمان کاتیشدا لەگەڵ دانیال نیکسن لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان چالاک بووە.
(٥)ئیمەت لویس تیڵ (١٩٤١ – ١٩٥٥) کەنجێکی ڕەشپێستی ئەمەریکی بوو کە لەساڵی ١٩٥٥ لە شاری میسیسیپی ڕفێندرا و ئەشکەنجە درا و دواتریش بەدارێکەوە خنکێنرا لەسەر ئەوەی گوایە ژنێکی سپیپیستی لە دکانی بەقاڵییەکەی تووڕە کردووە. دڕندەیی کوشتنی ئەم گەنجە سەرنجی گۆمەڵگەی ئەمەریکا و بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان ڕاکێشا کە ئیمەت بووە ئایکۆنی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ئەمەریکا.
(٦)گەنجانی سکۆتستبۆڕۆ یان کوڕانی سکۆتسبۆرۆ، نۆ هەرزەکاری ئەفریقایی ئەمەریکی بوون کە تۆمەتبار کران بە دەستدرێژیکردنە سەر دوو ژنی سپیپێست لە ساڵی ١٩٣١دا. دۆسییە یاساییەکانی ئەم ڕووداوە ئاماژەیان بە ڕەگەزپەرستی و دادگاییکردنی نا دادپەروەرانە دەکرد. دۆسییەکان بریتی بوون لە هەڵواسین بەدارەوە(ئیعدام) پێش ئەوەی تۆمەتبارەکان تاوانەکانیان لەسەر ساغ ببێتەوە، دەستەی دادوەرانیش خوازیاری دادگاییکردنی بەپەلە بوون. بەگشتی ئەم دۆسییەیە وەک نموونەی نادادپەروەرییەکی یاسایی لە سیستەمی یاسایی ئەمەریکادا ئاماژەی پێدەکرێت.
(٧)ماتین لوسەر کینگ(١٩٢٩ – ١٩٦٨) و دانیال نیکسن(١٨٩٩ – ١٩٨٧)دوو فیگەر و سەرکردەی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمەریکا و هاوڕێی ڕۆزا بوون کە جوانترین ڕۆڵیان گێڕا لە مێژووی خەباتی رەشپێستەکان لەپێناو مافە ئینسانییەکانیان.
(٨)بایکۆتی پاسەکانی شاری مۆنتگۆمێری ناڕەزایەتییەکی مافە مەدەنییەکان بوو کە لەم ماوەیەدا ئەمەریکییە ئەفریقییەکان ڕەتیانکردەوە سواری پاس بن لە شاری مۆنتگۆمێری لە ویلایەتی ئالاباما بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە جیاکاری شوێنی دانیشتن. بایکۆتەکە لە پێنجی کانوونی دووەمی ١٩٥٥ تا بیستی کانوونی دووەمی ١٩٥٦ ئەنجامدرا و وەک یەکەم خۆپیشاندانی بەرفراوانی ئەمریکا لە دژی جیاکاری دادەنرێت. چوار ڕۆژ پێش دەستپێکردنی بایکۆت، ڕۆزا پارکس، ژنێکی ئەمەریکی ئەفریقایی، بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردەوە کورسی پاسەکە چۆڵ بکات بۆ پیاوێکی سپی پێست، دەستگیرکرا و غەرامەکرا. لە کۆتاییدا دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاریدا سیستەمی پاسەکانی هاتوچۆی شاری مۆنتگۆمێری یەکبخات و یەکێک لە سەرکردەکانی ئەم بایکۆتە مەزنەش گەنجێک بوو بە ناوی مارتن لوتێر کینگ ، کە وەک سەرکردەیەکی دیار لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمەریکا دەرکەوت.
(٩)جان کۆنیەرز (١٩٢٩ – ٢٠١٩) سیاسەتمەدارێکی ئەمەریکی سەر بە حیزبی دیموکرات بوو کە لە ساڵی ١٩٦٥ تا ٢٠١٧ وەک نوێنەری ئەمەریکا لە ویلایەتی میشیگان کاری کردووە، کۆنیەرز ئەندامی کۆنگرێس بووە و ماوە درێژترین ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکی ئەفریقایی بووە لە مێژوودا.
(١٠)ڕۆزا پارکس نزیک بە دە کتێبی نووسیوە و لەسەر نووسراوە. ئەمە جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە وتاری ئیرتیجالی و نووسین کە سەرپاکیان دەربارەی مافەکانی ئینسانی ڕەشپێست و ئایندەی ژیان بوون لەکۆمەڵگەی ئەمەریکیدا. هەروەها گەلێ جێگا و شوێنی گشتی بەناوەوە کراوە و ئیستاش ئەو پاسەی کە ڕۆزای لەسەر زیندانی کرا لە مۆزەخانەی هێنری فۆرد لە ویلایەتی میشیگن، پارێزراوە.
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
لەنووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە :
(١)ژیانی شاراوەی خاتوو ڕۆزا پارکس نووسینی : ڕیشی د. ڕیچاردسن
https://ed.ted.com/lessons/the-hidden-life-of-rosa-parks-riche-d-richardson
(٢)ژیاننامەی خاتوو ڕۆزا پارکس
https://www.biography.com/activists/rosa-parks
(٣)مێژووی بایکۆتی پاسەکانی شاری مۆنتگۆمێری
https://www.history.com/topics/black-history/montgomery-bus-boycott
(٤)چۆن مێژوو چیرۆکی ڕۆزا پارکسی بەهەڵە وەرگرت؟ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسینی جینا زۆهاریس یەکی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥
https://www.washingtonpost.com/posteverything/wp/2015/12/01/how-history-got-the-rosa-parks-story-wrong/