Skip to Content

پاژنە.. فەریق عوسمان

پاژنە.. فەریق عوسمان

Closed
by تەممووز 27, 2025 General

ڕەنگە ئەم ناونیشانەتان لا سەیر بێت، لەبەر کورتبڕییەکەی و پاشان دەگمەنیی بەکارهێنانی، ڕاستە (پاژنە) ئەندامێکی لەشی مرۆڤە، بەڵام بە دیوە مەجازییەکەیدا ماناگەلێکی زۆر قووڵتری هەیە، هیوادارم وەك وشەی (گەندەڵ) بچێتە ناو فەرهەنگی ڕۆژنامەوانییەوەو هەروەها لێرەدا ببێتە خەلاتێك بۆ هەموو ئەوانەی سیفاتەکانی ئەو وشەیەش لەخۆدەگرن، جا پێش ئەوەی بچینە ناو ئەو باسەوە با بەم پێشەکییە کورتە بابەتەکە دەست پێ بکەین.
ڕاستە دەڵێن: گەر قسە زۆر بێت کردار کەم دەبێتەوە، وەك ڕوونیشە لەناو میللەتی بەکاربەرو بێ ئیشدا ئەوەی هەیەو نییە: زۆرترین گەعدەو مەجلیس و دانیشتنی چایخانەو کۆفی و دانیشتنی بەردەرگاو سەر ڕێگاو مۆڵ و ناوەندەکان و زۆری ترن….هەمووشی بۆ کات کوشتن، وەك ئەوەی مرۆڤ لەو تەمەنە کورتەی لەم تاکە ژیانەیدا کە هەیەتی بێزار بێت و نەزانێت چۆن خۆی پەروەردە بکات و ببێتە کەسێکی بەرهەمهێن و ئەرێنی و پاشەڕۆژێکی گەش بۆ خۆی و دەوروبەرەکەی بنووسێتەوە.
لە پەندێکی گەلاندا هاتووە: باڵندەکان بە پێی جۆرەکانیان پێکەوە دەنیشنەوە، هەروەها وینستۆن چەڕچل ١٨٧٤-١٩٦٥ لە وتەیەکی گرنگدا دەڵێت: گەلان جۆرە حوکمەتێکیان دەبێت کە شایستەینی.
لێرەدا ئەم گوتارە هیچ ئامانجێکی سیاسی لە پشتەوە نییەو هیچ بەرژەوەندییەکی تاکەکەسیشی تێدا نییە، تەنها ئەوەی هەیەو نییە پەنجە خستنە سەر سەرچاوەی دەردو نەهامەتی و قەیرانەکانە، ئەگەر دەستنیشانمان کردن ئەو کاتە چارەسەر ڕێی تێدەچێت و ئاسان دەبێت.
رەنگە لەبیرتان بێت بەڕاشکاوانە لەسەر ساشەی میدیاکان وەزیرێك گوتی؛ من کەسانێك دەناسم ١٢ موچەی بن دیوار وەردەگرن، ڕەنگە ئەو وتەیەی تاڵەبانیشتان لەیاد بێت کاتی خۆی گوتی با لە هەموو ماڵێكدا موچەخۆرێك هەبێت.
ئەوان بەمجۆرە زانییان چۆن وڵات کاول دەکەن و چۆن خەڵك دەکەنە ئەڵقەلە گوێی خۆیان و چۆن مانەوە بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن، دەکرێت بپرسین: ئایا هەرێمێکی ٥ ملیۆن کەسی پێویستی بە ملیۆن و چارەکێك موچەخۆر هەیە لەکاتێکدا لە هەموو دەزگاکانیشدا قەیرانی بەڕێوەبردن و نیوە دەوام و چارەکە دەوام هەیەو دەبینرێت؟! گەر وڵاتێکی دواکەوتووی وەك ئەفگانستان بگرین کە ژمارەی دانیشتووانی لە ٤٠ ملیۆن پترە بەڵام تەنها ١ ملیۆن کارمەندی موچەخۆری دەوڵەتیی هەیە، گەر وێنەی وڵاتێکی پێشکەوتووی وەك شانشینی یەکگرتووش وەربگرین کە ڕێژەی دانیشتوانی ٧٠ ملیۆن کەسە، هەر نزیکەی ملیۆن و نیوێك کارمەندی دەوڵەتیی هەیە.
لێرەوە تێدەگەین کە ئەم بەڵایەی تووشی هەرێم کراوە، قوڕەکەی زۆر لەوە خەسترە بە شەووڕۆژێك لێی دەرباز ببین و چارەسەر بکرێت، ئەمە وەکو ئەو عەقدە نەوتییە ٥٠ ساڵیە وایە کە مەسئولەکان لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکاندا ئیمزایان کرد لەبەرامبەردا ڕازی بوون نرخی هەر بەرمیلێك نەوت ١٠ دۆلار بچێتە سەر حسابی بانکییان بەسە بۆ ئەوان! لەولاشەوە وەك چەند مانگێك لەمەوپێش دیتتان لەسەر سەکۆی میدیاکان گرێبەستی فرۆشتنی غاز بە ئەمریکا واژۆ دەکەن و دەست لەبەغداش پان دەکەنەوە بۆ موچە! لەملاشەوە لافوگەزافی سەربەخۆیی و فیدڕاڵی لێدەدەن، لەبەرانبەر ئەم هەموو پارادۆکسەدا دەبێت ئەو میللەتەی ئەو کەسە بەرژەوەندیخوازە تەسکبینانە بەڕێوەی دەبەن چی لێ دەربچێت؟
ڕاست گوتراوە: کەسانی سیاسی هاوشێوەی یەکن، بەڵام ئەوەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێك لێکیان جیا دەکاتەوە هوشیاری گەلەکانیانە. ئیدی لاتان سەیر نەبێت ئەو ملیۆن و ڕوبعە موچەخۆرەی لەمەڕ خۆمان نەوێرن خۆیان بدەن لەقەرەی گۆڕینی دەسەڵات و شێوازی حوكم، کاتێك دەزانن بەرژەوەندییان دەکەوێتە مەترسییەوە، لێرەدا فێڵی سیاسییە فاشیلەکان تەواو سەری گرت، بەس لەولاوە ئابووری و داهاتووی نەوەکانیان شێواندو بە قوڕدا برد.
هەمیشە لە دۆخی وا گەڕەلاوژەدا کە یاسا هیچ سەروەرێتییەکی نامێنێت، گەر بیشمێنێت تەنها لەسەر کەسانی هەژارو رەش و ڕووت جێبەجێ دەکرێت، کەسانی گەندەڵ ناتوانن کێشەی گەندەڵیی چارەسەر بکەن، جورئەتی مەعنەویان نییە، تواناو ئیرادەیان نییە، جونکە کێشەیەکی چارەنووس سازیان نییە تا ئامادەبن لە پێناویدا قوربانی بدەن، بەڵکو ئەوان بەداوی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوەن، گەر لێشیان بپرسیت: ئەمە هەڵە نییە؟ دەڵێن: ئێمە خەباتی شاخمان کردووەو ئەمەی دەیکەن نیشتیمانپەروەرییە.
ئیدی لەو دۆخەدا بن دیوارو مەسینەهەڵگرو تەقریرنووس و جاسووس و جەللادو کۆیلە زیاد دەبن، وەکو کرم لەناو درەختێکدا خەریکی مشەخۆریی دەبن تا لە ئەنجامدا درەختەکە کلۆر دەبێت و دەکەوێت. ئەمانە لە لایەنی کۆمەڵایتیشەوە زیانێکی زۆر گەورە دەدەن لە تەبایی و یەکانگیریی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، هەر ئەمانەشن هۆکاری مانەوەی دەسەڵاتی تۆتالیتاریی، لایان ئاساییە هەستی مرۆڤایەتی بخەنە ژێر پێیانەوەو ئامادەن بۆ گەرمبوونەوەی گیرفانی خۆیان هاوڵاتیانی ئاسایی بخەنە ناڕەحەتییەوەو بگرە زیانیان لێبدەن و دژیان بووەستنەوەو سەرکوتیان بکەن، لەولاشەوە وەکو پەڕۆیەکی پیس کە کاریان تەواو بوو لەلایەن ئاغاکانیانەوە تووڕ دەدرێن، کەواتە باشترین زاراوەی هاوشێوەی بندیوارو مەسینە هەڵگر، بریتییە لە وشەی (پاژنە)، چونکە وەك دەزانن پاژنە لە خوارترین بەشی لەشی مرۆڤدایە کە (پێ) یە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەشی پشتەوەی پێیەو هەربۆیە لە ناو زاراوەی بەکارهێنانی ڕۆژانەدا هێندەی باسی پەنجەکانی پێ، یان قاچ یان ئەژنۆ دەکرێت ، زۆر کەم نەبێت زاراوەی (پاژنە) بەکارناهێنرێت، کەواتە ئەمە هاوواتاو سینەنێمی و هەموو مەجازە کۆنەکانی وەك مەسینەهەڵگرو کۆیلەو بندیوارە، لەگەڵ بەکارهێنانیدا دەکەوێتە ناو فەرهەنگی زاراوە مەجازییەکانی ڕۆژانەوە.

فەریق عوسمان

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress