Skip to Content

لە یادی شێرکۆ بێکەسدا… پەسنی داهێنان.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

لە یادی شێرکۆ بێکەسدا… پەسنی داهێنان.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

Closed
by ئاب 6, 2026 General, Literature
image_print


ئەزموونی شیعریی شێرکۆ بێکەس لە رووی تەمەنی شیعری و لە رووی بەرهەمی شیعریەوە وەکو چەندێتی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە. بەڵام ئەوەی گرنگە چۆنێتی بەرهەمی شیعریی ئەم شاعیرەیە. راستە ئەم لە نێوەندی شیعری کوردیدا لە دوای گۆران نەک هەر ناوێکی دیارە بەڵکو وەکو ناوی یەکەم یان دیارترین ناو سەیر دەکرێت، بەڵام رەنگە ئەم بۆچوونە لە روانینی بەشێکی دیار لە ناوەندی رۆشنبیری کوردیەوە رەت بکرێتەوە، هەرچەندە دەشێت ئەو رەتکردنەوەیەش لەسەر بنەمای شیعرناسی و لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنیش نەبێت. لە مێژووی شیعری نووسراو بە زاری کرمانجی خواروو ئەگەر نالی وەکو لوتکەی شیعری کلاسیک و گۆران وەکو لوتکەی شیعری نوێ دابنریت، ئەوا دەشێت بگوترێت شێرکۆ لوتکەی شیعری کوردی دوای گۆرانە، بەڵام دیسان ئەم بۆچوونەش لە نێوەندی ئەدەب و رۆشنبیری کوردیدا کۆدەنگی لەسەر نیە. دیارە ئەم وا دانانەش بەو مانایە نیە کە ئێمە شاعیری دیاری ترمان نیە، نەخێر لەپاڵ ئەم لوتکانەدا لە هەر قۆناغەو کۆمەڵێک دەنگی دیاری تر هەن کە هەریەکەیان شوێن و پێگەی دیارو لەبەرچاویان لە سەر نەخشەو لە ئەزموونی شیعری کوردیدا هەیە، بەڵام نکوڵی ئەوە ناکرێت کە هەریەکە لەم سێ ناوە دیارە لە قۆناغی مێژوویی خۆیاندا تا ئاستێکی دیار لەبەرچاوتر و باڵاترو بەرهەمدارترو داهینەرتر دەرکەوتوون، ئەویش بەهۆی ئەوەی پێشکەشیان کردووە کە کردوونی بە خاوەنی جۆرێک لە هەژموون بەسەر قۆناغەکەی خۆیاندا.
کاتێ باسی ئەزموونی شیعری شێرکۆ دەکەین پێویستە لە دوو ڕووەوە سەرنج بدەین، یەکەمیان شێوازی شیعری و دووەمیان گوتاری شیعری. هەڵبەت کاتێ باسی ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرە دەکەین گومانمان لە تواناو سەرکەوتوویی ئەو نیە لە بەرهەمهێنانی شیعریەتدا. مەبەست لە شێواز ئەو رێگا جیاوازو تایبەتەیە کە شاعیر بیرو هەستی خۆیی پێ دەردەبڕێت لە رێگای زمان و بونیادو فۆرم و کۆی تەکنیکەکانی بەرهەمهێنی دەق یان شیعریەتەوە لە کۆی لایەنەکانی رەوانبێژی کە لێرەدا مەبەست ئەو لایەنانەیە کە بۆ ئەزموونی شیعری نوێ دەگونجێن. بێگومان لە رێگای شێوازەوە شاعیر دەتوانێت تایبەتمەندی خۆی بونیاد بنێت و دەنگێکی دەگمەن بئەفرێنێت بەجۆرێک بە ئاسانی شوناسی تایبەتی بەخۆی وەربگرێت و لە شێوازی شیعری شاعیرانی تری جیابکاتەوە. ئەگەر لە ئاستی زماندا سەیری ئەزموونی شێرکۆ بکەین دەبینین فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی هەیەو لە هەڵبژاردنی وشەو دەربڕیندا کارایەو بەکارهێنانی وشەو دەربڕینەکانی بەشداری دەکەن لە بەرهەمهێنانی ماناو دەلالات و گواستنەوەی بیرو هەستدا. هەروەها لە رێگای زمان و وێنەو تەکنیکەکانی بەرهەمهێنانی دەقەوە کاراو لێهاتووە لە بەرهەمهێنانی بنەمای جوانناسی و بەرهەمهێنانی چێژی جوانی و چێژی دەقدا. لە ئاستی بەکارهێنانی وێنەدا، ئەزموونی شیعری شێرکۆ ئەزموونێکی دەوڵەمەندەو ئەو بەگشتی ئەگەر ئەوەشی رانەگەیاندبێت ئەوا وێنە کە مەبەستمان وێنەی شیعریە بە بنەمای سەرەکی شیعر دەزانێت و لە بونیادی دەقەکانیدا وێنە رەگەزی دیارو سەرەکیە. لەم رووەشەوە بەرهەمهێنانی وێنە لای ئەم شاعیرە وەکو سەرچاوەی کانیەکی لەبن نەهاتوو وایە، تا ئەو ئەندازەی کە هەندێجار بۆ دەربڕین یان بەرجەستەکردنی تاکە بیرۆکەیەک چەندین وێنەی جۆراو جۆر بەکاردەهێنێت، کە هەندێجار وەکو دووبارەبوونەوەی لێ دێت. لە راستیدا ئەم شاعیرە هاوشێوەی گۆران زمانێکی وەسفی دەوڵەمەند بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی وێنەی ئاسایی و وێنەی زیهنی و بۆ وروژاندنی ئەزموونی هەستیی کە ئەمەیان راستەوخۆ بە مەبەستی دروستکردنی کاریگەرییە لەسەر خوێنەر- وەرگر.
بێگومان ئاشکرایە کە بونیادی شیعری ئەم شاعیرە لە چوارچێوەی ئەزموونی شیعری کوردی و تەنانەت شیعری جیهانی ئەو قۆناغەی شیعردایە کە پێی دەگوتریت شیعری نوێ، واتە بەجێهێشتنی بونیادی نەریتی شیعر کە مەبەستمان شیعری عەمودی و کێش و سەرودارە. هەر لەبەر ئەوە کاتێ باسی شێوازی شیعری ئەم شاعیرەو شیعری نوێ بەگشتی دەکەین، ناشێت باسی کێش و سەرواو تەنانەت ئیقاع و دووبارە بوونەوەی دەنگی بزوێن و نەبزوێن لە سەرەتای وشەدا بکەین واتە – Alliteration and Assonance کە بۆ دروستکردنی مۆسیقا یان بۆ مەبەستی جەختکردن لەسەر تیمە یان مانا یام مەدلولێک بەکاردەهێنرێن. لە شیعری نوێدا لەبری ئەوە ئاماژە بۆ مۆسیقای ناوە دەکرێت کە ئەوەش لە ئەنجامی سازان، هاوتەریبی، بەرامبەر بوون یان دژایەتی و ناکۆکی و شێوەی بونیادنانی دەربڕین یان رستەو تەنانەت تەمومژی پێکهاتەکانی زمان بەرهەمدێت.
سەرباری تەکنیک و لایەنە هونەرییەکانی رەوانبێژی، لە بونیادنانی دەقی شیعریدا لە کۆنەوە بۆ نوێ بەکارهێنانی وێنە و هێما لە پایە سەرەکیەکانن، ئەویش بە مەبەستی پتەوکردنی بنەماکانی شیعریەت و بەرهەمهێنانی مانای جۆراوجۆرو ناجێگیرو نەچەسپاو و مەدلولی هەمەچەشن کە ئەمانە بە چەمکی نەریتی دەچنە چوارچێوەی ناوەرۆکەوە، بەڵام دووانەی شێوەو ناوەرۆک پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوانیاندا هەیەو بێ بوونی هەر کامیان ناشیت دەق پێکبێت. لە ئەزموونی شیعریی شێرکۆدا چەندین هێمای جۆراو جۆر بەکارهێنراوە لە جۆری گوڵ، باران، بەهار، کانی، بەیان، خۆر وەکو هێمای لە دایکبوون و ژیانەوەو رابوونەوە. هەروەها چەندن هێمای وەکو باز، هەڵۆ، شێر، ئەسپ.. وەک هێمای هێزو خۆڕاگری و نەبەزین بەکارهێنراون. دووکەڵ، تەمومژ، تاریکی، پایز، گەڵاڕێزان وەکو هێمای شکست، هەرەس، مردن، لەناوچوون رووبەری فراوانیان لە دەقەکانی ئەم شاعیرەدا داگیرکردووە. ئەمە سەرباری دەوڵەمەندی دەقەکانی بە رەگەزەکانی رەوانبێژی و لە سەرووی هەمووشیانەوە میتافۆر-خواستن-و لێکچوون و بەکەسکردن و دووانەی بەرامبەرو دووانەی دژو هاوتەریب کە ئەمانە رووبەرێکی فراونیان لە شیعری شێرکۆدا داگیر کردووە. بەکارهێنانی ئەفسانە و هێما مێژوویی و فۆلکلۆرییەکان و بەکارهێنانی رەگەزەکانی سروشت و ئەو توخمانەی کە بنەمای نەتەوەیی و نیشتیمانی و مرۆڤایەتییان هەیە خاسێتێکی دیارو باڵادەستە لە ئەزموونی شیعری شیرکۆدا، کە هەموو ئەمانەش بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ماناو دەلالات و بونیادنانی ئاستی ئیستاتیکی و چێژی دەق بەکارهێنراون. لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە یەکێک لە رەگەزو پایە سەرەکیەکانی شیعری شێرکۆ مێژووی میلەتەکەیەتی. ئەو لە زۆرێک لە دەقەکانیدا گەڕاوەتەوە بۆ بەکارهێنانی هێماو نموونە میژوویی و ئایینیەکانی رابردوو، لەوانەش هێماو وێنەو بەسەرهاتە پەیوەستەکان بە میدیا و کاردۆخی و ئەو پێکهاتانەی ترەوە کە سەرچاوە مێژووییەکان کوردیان بۆ دەگێڕنەوە، هەروەها لە چەندین دەقدا گەڕاوەتەوە بۆ تەوزیفکردنی هیماو ئاماژەو توخم و مۆتیڤەکانی ئایینی زەردەشتی و لە لایەک وەکو بنەماو رەگەزی ئامادەبوون لە رابردوودا مامەڵەی لەگەڵ کردوون و هەوڵی بەستنەوەی نائامادەبوونی ئێستای ئێمەی بە تێکشکاندن روخاندنی ئەو رابردووەوە داوەو شکست و نسکۆ و ناکاراییەکانی مێژووی نوێمان بە دەرئەنجامی ئەو شکستانەی رابردوو دەزانێت. هەروەها لە لایەکی ترەوە بەردەوام لە زۆرێک لە دەقەکانیدا دووانەی ئەوان/ ئێمە-ی بونیادناوە، کە هەمیشە ئەوان هەر لە دێر زەمانەوەو لە سەروەختی ئاشووری و یۆنانی کۆن و هەخامەنشی و نەوەکانیانەوە هەتا عەرەبە کۆچەرییەکانی بیابان و کەلتوری لم و زیندەبەچاڵکردن و لەوێشەوە نەوەکانی هەریەکە لەوانە کە تاکو ئیستاش لە پێگەی ئەویتری داگیرکەرو بکوژو وێرانکەری میلەت و جوگرافیای ئەمدان، لە پێگەی ئەوی نەیارو دژو دوژمن و داگیرکەردان. ناوەرۆک یان بیرۆکەی سەرەکی شیعری شێرکۆ کە دەشێت بە گوتاری شیعری ئەو ناوببرێت لەم رووبەرەدا کاردەکات و لە دواندنی کۆی ئەو رەگەزانەو سەرجەم رابردووی پەیوەست بە میلەتەکەی، ئامادەنەبوونی ئێستا دەگێڕێتەوە بۆ دوو هۆکار کە یەکەمیان ناوخۆییەو پەیوەندی بە لاوازی و ناکارایی و ناهوشیاری و تێنەگەیشتنی کەسێتی کوردی و تێکشکاندنی و هەست بە بچووکی کردنیەوە هەیە لەبەرامبەر ئەوانی تردا. هۆکاری دووەمیشیان دەرەکیەو دەرئەنجامی باڵادەستبوونی رۆحی نامرۆڤانەو دڕندانەی ئەو ئەوانی ترانەیە کە بە درێژایی مێژووی زانراوی کورد، واتە لەوساوە بۆ ئیستا لە هەوڵی داگیرکردن و سەرکوتکردن و لەناوبردن و پاکتاوکردنی کورددا بوون. راستە ئەمە بەشێکی دەرئەنجامی لاوازی کەسێتی ئەم و نەتوانینی راوەستانێتی لەسەر پێی خۆی، بەڵام بەشەکەی تری دەرئەنجامی نامرۆیی ئەوانی ترو کەلتووری دڕندانەیە کە هەمیشە هەوڵیانداوە رێگا نەدەن بەم کە بکەوێتە سەرپێی خۆی و هەوڵی خۆدروستکردنەوەو خۆبونیادنان بدات.
سەرباری مامەڵەکردنی شیعری شێرکۆ لەگەڵ مێژووی شکست و تراژیدیای بەردەوامی کورددا، سەرباری نەترسان لەوەی کە ناکارایی و نەزانی و ناهوشیاری میلەتەکەی وەکو ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی ریالیستانە بخاتە ڕوو، بەردەوام رەگەزی بەرگری و خۆڕاگری و خۆبەدەستەوەنەدان و ئاماژەو مۆتیڤەکانی بەرخوردان و رابوونەوە لە ئاستی بینراو و نەبینراوی دەقەکانیدا ئامادەبوونیان هەیە. واتە ئەم سەرباری خستنەرووی کارەساتەکانی نائامادەبوون و شکست و نوچدان و پەراوێزبوون، لە ئاستی قوڵدا زەمینەی بۆ بەرهەمهێنانی مانای بەرگری و خۆڕگری و رابوونەوە ئامادە کردووە. واتە لە کاتێکدا کە روویەکی گوتاری شکستی بونیاناوە، لەبەرامبەردا رەگەزەکانی گوتاری مانەوە بەتەوای لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا ئامادەبوونیان هەیەو کاردەکەن بۆ گواستنەوە بۆ بونیادنانی گوتاری رابوونەوە و لە رووداوەستان لەبەرامبەر دۆخی شکستدا و لەوێشەوەو لە ئاستی قوڵتردا بونیادنانی بنەماو پایەکانی گوتاری رێنیسان کە ئەمەیان گوتارێکی گشتگرو هەمەلایەنەو پرۆژەی رزگاربوون و خۆسەلماندن و بەدەستهێنانی شوناسی نەتەوەیی و سەروەری نەتەوەیی لە گەوهەریدا هەڵگرتووە. کەواتە لێرەدا دەردەکەوێت کە لە بەرهەمی دەوڵەمەندی شێرکۆدا، شیعر هەم ئەرکی ئێسەتیکی و چێژی ئێسەتیکی هەیە، هەم ئەرکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی هەیە. ئەم دوو ئەرکەش تەنیا لە شێوەی گوتاری ئاسایدا نەخراونەتە ڕوو، بەڵکو لە ڕێگای دەقی هونەری داهێنەرانەی باڵاوە ئەوە ئەنجامدراوە.
لێرەوە دەردەکەوێت کە هەژموونی باڵادەست و بەهێزی شێرکۆ لە شیعری نوێی کوردی و لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا لە ئاستی بڵندو باڵای داهێنانی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت و هەر ئەو ئاستەبەرزەی داهێنان و ئەو خوێندنەوە راستگۆیانەیە بۆ واقیعی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و بوون و کەسێتی کوردی و بەو ئامرازو تەکنیکە باڵایانەی شیعرو بەو زمانە دەوڵەمەندەو ئەفسوناویەیەوە، ئەوی گەیاندۆتە ئاستێک کە ئامادەبوونی ئەو لە مێژووی میلەتەکەیدا و لەسەر نەخشەی جوگرافیای شیعر ئامادەبوونێکی بەردەوام و هەمیشەیی بێت و بۆ مەودایەکی دوورو تا ئایندەیەکی نادیار بە زیندووی و بە شکۆوە بمێنێتەوەو بژی.

Previous
Next