گه‌ڕانه‌وه له خه‌یاڵه‌وه بۆ واقیع.. له چیرۆكى “سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى” حسێن عارفدا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی
چیرۆكى “سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى” یه‌كێكه له چیرۆكه‌كانى چیرۆكنووسى ناسراو حسێن عارف كه له ساڵى 1980دا نووسیویه‌تى. ده‌شێ واى لێكبده‌ینه‌وه كه ئه‌م چیرۆكه به‌رهه‌مى قۆناغێكى نووسینى چیرۆكنووسه كه به قۆناغى پێگه‌یشتن ناوى ببه‌ین چونكه ئه‌م چیرۆكه پاش نووسینى چه‌ندین چیرۆكى دیارى حسێن عارف دێت كه تیایاندا زۆرێك له هونه‌ره‌كانى چیرۆكى نوێى به‌كارهێناوه. دیاره ئاگادارى ئه‌وه‌ین كه ئه‌م چیرۆكنووسه‌مان له كۆتایى شه‌سته‌كان و له حه‌فتاكاندا به چالاكییه‌كى زۆره‌وه شوێنى خۆى له جوگرافیاى چیرۆكى كوردیدا دیارى كرد به تایبه‌تى له ڕووى هونه‌رى و لایه‌نه ورده‌كانى هونه‌رى چیرۆكنووسینه‌وه كه ئه‌ویش سه‌رجه‌م گرێچن و بنیادنانى كه‌سێتى و شوێن و كات و جوڵه و به‌رزبوونه‌وه و دابه‌زینى كردار و سروشتى ڕووداو و هونه‌ره‌كانى گێڕانه‌وه و مۆنۆلۆگ و دایه‌لۆگ و چۆنێتى به‌كارهێنانى ڕاناوه‌كان و گه‌ڕانه‌وه و زمانى كه‌سێته‌كانیش ده‌گرێته‌وه.
چیرۆكى سه‌فه‌رێكى ئه‌فسوناوى دواى ئه‌زموونى چه‌ند ساڵێكى چیرۆكنووسى له‌و بوارانه‌دا نووسراوه بۆیه جێگاى خۆیه‌تى وه‌كو چیرۆكى قۆناغى به ئه‌زموونى و شاره‌زایى ئه‌م چیرۆكنووسه له بوارى چیرۆكنووسیندا حسابى بكه‌ین.
به‌سه‌رهاتى ئه‌م چیرۆكه سه‌باره‌ت به “كه‌سێكه كه له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانى “شار”دا ژیاوه، پاشان له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌ك بێت “شار”ى به‌جێهێشتووه و بۆ ماوه‌یه‌كى دوور و درێژ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن ئه‌گینا هه‌واڵى شاریشى به ته‌واوه‌تى نه‌بیستووه. چه‌ند جارێك خولیاى سه‌ردانه‌وه له شار مێشكى ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام هه‌لى ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ى بۆ فه‌راهه‌م نابێت. تا ئه‌نجام هه‌لى ئه‌وه‌ى بۆ ده‌ڕه‌خسێت كه سه‌ردانى شاربكاته‌وه، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنه‌وه‌ى به‌شار ڕێگاى ئه‌و گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه ده‌گرێته به‌ر كه یه‌كه‌م شوێنى چاوتیا هه‌ڵهێنانى بووه، واته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زێدى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى، بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ى كه منداڵى له كوچه و كۆڵانه‌كانیدا به‌سه‌ربردووه. له گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆى ده‌رده‌كه‌وێت كه زۆربه‌ى شته‌كان نه‌گۆڕاون و له گه‌وهه‌ردا هه‌روه‌كو خۆیانن، خۆ ئه‌گه‌ر گۆڕانكارى ساده‌ش ڕوویدابێت ئه‌وا ته‌نیا ڕووه‌كه‌شى گرتۆته‌وه. ڕووكه‌شى خانووه كۆنه‌كان، ڕووكه‌شى كۆڵان و دره‌خت و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكه‌كه‌شى، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا هه‌موویان وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه.
پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه كه ده‌گاته‌وه ناو كۆڵان و به یاده‌وه‌رییه‌كانى ڕابردووى ئاشنا ده‌بێته‌وه، ئه‌وا وێنه و دیمه‌نى گه‌ڕه‌ك و سیماى كه‌سه‌كان و ده‌نگ و قسه و ئاخاوتنه‌كانیان سه‌رجه‌م له‌سه‌ر شاشه‌ى زه‌ینیدا ئاماده ده‌بنه‌وه و له ڕێگاى خه‌یاڵ و یادوه‌رییه‌وه ده‌گاته‌وه به‌و ڕابردووه و چه‌ند ڕووداو و جوڵه و شتى ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌گێڕێته‌وه كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێك له مێژووى پاڵه‌وان و ژینگه و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى ده‌خه‌نه‌ڕوو، له‌وێشدا به پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ى ئه‌م به‌شانه‌ى یاده‌وه‌رییه‌كانى پاڵه‌وان ده‌توانین مێژووى پاڵه‌وان و ئه‌و قۆناغه مێژووییه‌ى كه چیرۆكه‌كه لێى ده‌دوێت تێبگه‌ین و ته‌نانه‌ت چۆنێتى ژیان و ئاستى په‌ره‌سه‌ند و گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و چۆنێتى ژیان له “شار”دا ده‌ستنیشان بكه‌ین و هه‌ر له‌وێشه‌وه ناسنامه‌ى شار بخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه، به‌وه‌ى كه بپرسین ئایا ئه‌وه‌ى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه شاره؟ ئایا خاسێتى شارى هه‌یه؟
ئایا ئه‌و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ى كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه پێكهاته‌یه‌كى شارییه یان ڕاسته‌وخۆ پێكهاته و بنیادى لادێیه و وه‌كو خۆى به‌بێ گۆڕانكارى گواستراوه‌ته‌وه بۆ زه‌مینه‌یه‌كى تر كه پێى ده‌ڵێن شار؟ دیسان سروشتى “شار” له‌م چیركۆه‌دا به ئاراسته‌ى ئاخاوتن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاى كوردى و كۆمه‌ڵگا هاوشێوه‌كانى كوردیش ڕامان ده‌كێشێت كه چۆن شاریان تیا دروست بووه و چۆنیش شار له‌گه‌ڵ دروستبوونیدا سیفات و خاسێت و بنه‌ماكانى ژیانى شارى نه‌هێناوه. ئه‌مه‌ش له خۆیدا ده‌بێـه به‌ڵگه بۆ ئاخاوتن كردنى بارى ناسروشتى له په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵگاى كوردیدا كه چۆن نه‌یتوانیوه به پێى قۆناغى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى خۆى خاسێته‌كانى ئه‌و قۆناغه‌ش به‌رهه‌م بهێنێت.
ناونیشانى چیرۆكه‌كه “سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى”یه. ئێمه له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵده‌ده‌ین په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌م ناونیشانه و ده‌قه‌كه بدۆزینه‌وه. دیاره ئه‌وه ئاشكرایه له ده‌قى زیندوودا ناونیشان ده‌ورى كلیل ده‌بینێت بۆ كردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كه و شۆڕبوونه‌وه بۆ ئاسته نادیاره‌كانى. ته‌نانه‌ت بۆچوونى له‌و جۆره‌ش هه‌یه كه پێى وایه ناونیشان مانا و پرسیار و جیهانبینى ده‌قه‌كه له خۆیدا چڕ و كۆده‌كاته‌وه. به‌شى یه‌كه‌م له ناونیشانه‌كه وشه‌ى (سه‌فه‌ر)ه ئه‌گه‌ر ئه‌م وشه‌یه وه‌كو دالێك سه‌یر بكه‌ین، ئه‌وا ده‌شێ له پشتى ئه‌م داله‌وه، مه‌دلولێك هه‌بێت، یان ئه‌م داله هه‌ڵگرى مه‌لولێك هه‌بێت. سه‌فه‌ر له ئاسته ئاشكراكه‌یدا ڕۆیشتنه بۆ جێگایه‌ك. په‌یوه‌ست به‌م چیرۆكه‌ش (سه‌فه‌ر) هه‌مان ماناى هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خۆیدا چه‌ند پرسیارێك دێنێته ئاراوه كه بریتین له: پاڵه‌وان بۆ كوێ سه‌فه‌ر ده‌كات؟ بۆچى سه‌فه‌ر ده‌كات؟ ئایا سه‌فه‌رێكى له‌خۆوه‌ییه یان به‌رنامه بۆ داڕێژراوه؟ ئایا سه‌فه‌ره بۆ به‌سه‌ربردنى كات یان سه‌فه‌رێكى پێویسته و واقیعێك ده‌یسه‌پێنێت؟ ئایا سه‌فه‌ره به دواى دۆزینه‌وه و ئاشكراكرندا یان سه‌فه‌ره به مه‌به‌ستى خۆحه‌شاردان و خۆشاردنه‌وه و ته‌نانه‌ت خۆ دفن كردن؟ ئایا سه‌فه‌رى ژیانه یان سه‌فه‌رى مردن؟ له سه‌رووى هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌وه پرسیارێكى تر سه‌رهه‌ڵده‌دات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م سه‌فه‌ره سه‌فه‌رێكى واقیعییه و له ڕاستیدا ڕووده‌دات یان سه‌فه‌رێكى خه‌یاڵییه و پاڵه‌وان له ڕووى یاده‌وه‌رییه‌وه، یاده‌وه‌رییه‌كانى ڕابردووى زیندوو ده‌كاته‌وه و له ساته‌وه‌ختى ئێستادا ده‌یانهێنێته‌وه به‌ر زه‌ینى خۆى و گه‌شتى چڕ‌وپڕ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ى ده‌كات به‌ناویاندا؟
كه‌واته لێره‌دا له به‌رده‌م دواپرسیاردا ڕاده‌وه‌ستین، چونكه وشه‌ى ئه‌فسووناوى كه له ڕووى زمانه‌وه ئاوه‌ڵناوه وه‌سفى سه‌فه‌ره‌كه ده‌كات كه سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوییه، ئه‌وه‌ش پێمان ده‌ڵێت كه پێویست ناكات له واقیعدا بۆ بوون یان ئه‌نجامدانى ئه‌و سه‌فه‌ره بگه‌ڕێین، به‌ڵكو ئه‌و سه‌فه‌ره له سنوورى خه‌یاڵدا ڕوویداوه و وشه‌ى ئه‌فسوون ده‌شێ ئه‌و مانایه‌مان پێببه‌خشێت، هه‌روه‌ك ده‌شێت پێچه‌وانه‌ى ئه‌م بۆچوونه‌ش ڕاست بێت و سه‌فه‌ره‌كه له واقیعدا كرابێت و بووبێته كردار، به‌ڵام ئه‌و شوێنه‌ى كه سه‌فه‌ره‌كه‌ى بۆ كرابێت شوێنێكى ئه‌فسووناوى بووبێت، دیاره ئه‌و شوێنه‌ش یه‌كێكه له گه‌ڕه‌كه‌كانى شار كه زێدى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه و ده‌شێ له ڕوانینى پاڵه‌وان خۆیه‌وه ئه‌و شوێنه به‌رزترین دیمه‌نى ئه‌فسووناوى بێت، كه دیاره بۆ ئه‌و له‌و ڕووه‌وه كه ده‌شێ ده‌یان نهێنى ژیانى منداڵێ و ده‌یان ڕووداوى سه‌رنجڕاكێشى تیا تۆمار كردبن ماناى ئه‌فسووناویترین شوێنى دنیاى هه‌بێت به‌لایه‌وه.
هه‌روه‌ك په‌لهاوێشتنى خه‌یاڵى پاڵه‌وان له سنوورى گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ گه‌ڕه‌ك و كۆڵانى سه‌رده‌مى منداڵى چه‌ندین ڕووداو و دیمه‌ن و یاده‌وه‌رى تاڵ و خۆشى ئه‌وكاتانه دێنێته‌وه یاد و سیماى ئه‌فسانه و جۆرێك له فانتازیایان پێده‌به‌خشێت.
له سه‌ره‌تاى چیرۆكه‌كه‌دا گێڕه‌ره‌وه‌ى سه‌ره‌تاى سه‌فه‌ره ئه‌فسووناوییه‌كه پێشكه‌ش ده‌كات به‌ڵام دیاره به پێى ڕۆیشتنى كاتى ئاسایى ئه‌و ده‌ستپێكه سه‌ره‌تاى كات نییه به‌ڵكو سه‌ره‌تاى كاتى ئاسایى له‌وكاته‌وه ده‌ستپێده‌كات كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه بۆ یه‌كه‌مجار ده‌كه‌وێته دواندن و له ڕێگاى ئه‌و دواندنه‌وه مه‌سه‌له‌ى سه‌فه‌ره‌كه سه‌رهه‌ڵده‌دات و پاشان به واقیعیش سه‌فه‌ره‌كه ده‌ست پێده‌كات. سه‌ره‌تاى چیرۆكه‌كه كه گێڕه‌ره‌وه ده‌یكاته‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه له ئێستاوه بۆ ڕابردوو، بۆ ئه‌و كاته‌ى سه‌فه‌ره‌كه‌ى به فیعلى تێدا ده‌كرێت كه ده‌شێ له ڕاستیدا ئه‌و سه‌فه‌ره ته‌نیا له سنوورى خه‌یاڵدا بوونى هه‌بێت و له چوارچێوه‌ى یادوه‌ریدا جێبه‌جێ بكرێت واته سه‌فه‌رێك بێت له خه‌یاڵدا، یان سه‌فه‌رێك له‌ودیوى واقیعه‌وه ئه‌و هه‌مان شێوه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى پاڵه‌وانێكى ڕۆمانسى بۆ ڕابردووى خۆى ئه‌و ڕابردووه‌ى كه به‌لایه‌وه مێژوویه‌كى زێڕین بووه.
گێڕه‌ره‌وه ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه پاڵه‌وان له‌و سه‌فه‌ره‌دا ته‌نیا نییه به‌ڵكو كه‌سێكى تر‌ى له‌گه‌ڵدایه. ده‌بێ بوونى كه‌سى دووه‌م له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه‌دا چ پێداویستییه‌ك هێنابیه‌تیه ناو ده‌قه‌كه و سنوورى سه‌فه‌ره‌كه‌وه؟ به‌ڵام جارێ با واز له وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره بهێنین و به دواى ئه‌و ده‌لاله‌ته‌دا بگه‌ڕێین كه بوونى كه‌سى دووه‌م له‌گه‌ڵ پاڵه‌وان هه‌ڵیده‌گرێت. بێگومان بوونى كه‌سى دووه‌م له‌گه‌ڵ پاڵه‌واندا و ڕێنومایى كردنى و گوێڕایه‌ڵى پاڵه‌وانیش بۆ قسه و ڕێنوماییه‌كانى كه‌سى دووه‌م ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه كه‌سێكه خۆى به‌ویتر ده‌سپێرێت و چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌ویتر بڕیارى بۆ بدات. دیاره ئه‌مه ده‌لاله‌تى ئه‌م حاڵه‌ته‌یه كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه‌ى تیا ده‌رده‌كه‌وێت، بێگومان لێره‌وه كه‌سێتى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه و بنه‌ماى كۆمه‌ڵایه‌تیشى تا ئاستێكى دیاریكراو ئاشكرا ده‌بێت كه كه‌سێتێكه ده‌یه‌وێت پشت به‌ویتر ببه‌ستێت و خۆى له بڕیاردان به دوور بگرێت و دیسان له برى ئه‌وه‌ى پێشه‌نگ بێت ده‌یه‌وێت دواى ئه‌ویتر بكه‌وێت واته به جۆرێك له جۆره‌كان وه‌كو پاشكۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وه‌ش له ڕووى سایكۆلۆژییه‌وه ده‌شێ وه‌كو كه‌سێتیك سه‌یربكرێت كه جۆرێك له هه‌ست به كه‌میكردنى هه‌یه، له ئاستى كۆمه‌ڵایه‌تیشدا كه‌سێتى پاڵه‌وان كه‌سێتییه‌كى ناجێگیره كه به چه‌مكى ماركسیانه به بۆرژواى بچووك ناوده‌برێت و ئه‌ندامانى سه‌ر به‌م توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ش له ڕووى سایكۆلۆژیاى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له بارێكى ناجێگیردان و زیاتریش به دواى ڕووداوه‌كاندا كێش ده‌بن ئه‌گه‌رچى هه‌ندێ جار له‌و باره شلۆقه‌یاندا به بارى شۆڕشگێڕێتیدا ده‌شكێنه‌وه و ده‌توانن ده‌ورى كاریگه‌ر و پێشه‌نگێتى ببینن.. بۆیه باشتر وایه لێره‌دا بڕیاردان له‌سه‌ر كه‌سێتى كۆمه‌ڵایه‌تى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه به كراوه‌یى به‌جێبهێڵین تا بزانین به چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوات و ده‌جوڵێت.
پاڵه‌وان دواى ئه‌وه‌ى ده‌گاته‌وه گه‌ڕه‌كى خۆیان ده‌كه‌وێته مۆنۆلۆگ كردن و له‌وێشه‌وه ڕاسته‌وخۆ له شێوه‌ى فلاشباكدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابردوو، ڕابردووى ئه‌وساى خۆى له كۆڵانه‌كه‌دا كه چۆن ده‌چێته ماڵى ئامه و له نێوان خۆى و ئامه‌دا چى ڕووده‌دات. به‌ڵام هه‌ر زوو كه‌سى دووه‌م ڕایه‌ڵى خه‌یاڵه‌كه‌ى ده‌بڕێت و له‌وساوه ده‌یگێڕێته‌وه بۆ ئێستا واته بۆ كاتى ئاسایى گه‌ڕانه‌وه بۆ كۆڵانى خۆیان. جارێكى تر دیمه‌نى كۆڵانه‌كه خه‌یاڵى بۆ ڕابردوو كێش ده‌كاته‌وه، ڕابردووى هه‌ندێ له‌و كه‌س و ماڵانه‌ى كه له گه‌ڕه‌كدا پێكه‌وه ژیاون. هه‌ر له‌وێشه‌وه خه‌یاڵ ده‌یباته‌وه بۆ چه‌ند ساڵێك له‌وه‌وبه‌ر كه حه‌مه‌ومینى كوڕى ساله سنه‌یى له به‌غدا بینیووه و به‌ڵام به ئاسانى نه‌یتوانیووه بیناسێته‌وه. به‌ڵام كاتێ حه‌مه‌ومین خۆیى بۆ ئاشكرا ده‌كات، ئه‌م یادى ده‌كه‌وێته‌وه و دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یادوه‌رى خۆى و له‌وێڕا له په‌یوه‌ندى ڕابردووى نێوان خۆیان و خێزانى ساله سنه‌یى ده‌دوێت و له‌و دواندنه‌شدا بارى كۆمه‌ڵایه‌تى خۆیان زیاتر ئاشكرا ده‌كات كاتێ له‌وه ده‌دوێت كه ماڵى ساله سنه‌یى ئاماده نه‌بوون كچه‌كه‌یان بده‌ن به برا گه‌وره‌كه‌ى ئه‌م چونكه به ڕاى ژنه‌كه‌ى ساله سنه‌یى ئه‌مان خێزانێكى له برسا مردوون و ئه‌وان ئاماده‌نین كچه‌كه‌یان بده‌ن به له‌برسامردوویه‌ك. له‌م به‌شه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى پاڵه‌واندا بۆ ڕابردووى خۆى تیشك ده‌خاته سه‌ر پێكهاته و بنه‌ماى چینایه‌تیان، كه‌واته لێره‌وه ئه‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه پاڵه‌وانى چیرۆكى “سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى” كه‌سێكه سه‌ر به چینى خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵ، ئه‌گه‌رچى به ته‌واوه‌تى نازانرێت چ كاره‌یه و به چیه‌وه خه‌ریكه، به‌ڵام له هه‌ڵسوكه‌وت و جوڵانى به‌رده‌وامیدا وه‌كو ورده‌بۆرژواى نێو كۆمه‌ڵگایه‌كى دواكه‌وتوو ده‌رده‌كه‌وێت، كۆمه‌ڵگایه‌ك كه ته‌نانه‌ت چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش تیایدا به ته‌واوى نه‌بوونه‌ته خاوه‌نى خاسێتى دیاریكراوى خۆیان و ته‌نانه‌ت سنوورى ئاشكراش نییه له نێوان چین و توێژه جیاوازه‌كاندا چونكه كۆمه‌ڵگاكه‌یان به‌و جۆره په‌ره‌ى نه‌سه‌ندووه كه هه‌موو چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بووبنه خاوه‌نى ناسنامه‌ى دیاریكراو و تایبه‌تى خۆیان.
ئه‌م له‌گه‌ڵ كه‌سى دووه‌مدا به‌رده‌وامه له گه‌شته‌كه‌یدا بۆ گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كه‌ى سه‌رده‌مى منداڵى هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌ر دیمه‌ن و دیارده‌یه‌ك یادوه‌رییه‌كى ئه‌وسا و سه‌رده‌مى منداڵى دێنێته‌وه یاد و هه‌رجاره‌ى كه‌سێتێك و ڕووداوێك یان شوێن و یاده‌وه‌رییه‌كانى خۆیى و هاوڕێكانى له‌و شوێنه‌دا دێته‌وه یاد. شوێنه‌كان له كۆڵان و بینا و ده‌رگاكان له گه‌وهه‌ردا وه‌كو خۆیانن ئه‌وه‌ى كه گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا هاتبێت ڕووكه‌شه‌كانیانه، كه‌سه‌كانیش له دیمه‌ن و ڕووخساردا گۆڕاون.. دیاره له پشتى ئه‌م وه‌سفكردنه‌ى شوێن و بینا و دیمه‌ن و خه‌ڵكى كۆڵانه‌وه به‌وه‌ى كه وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه ئاستى گۆڕانكارى له‌و واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى كه پاڵه‌وان بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه هێجگار خاوه، به جۆرێك كه پاشى حه‌ڤده ساڵ ته‌نیا ڕووكه‌شى شته‌كان هه‌ندێ گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا هاتووه. ئه‌گه‌ر ئه‌م دیمه‌نه هاوشان بكه‌ین له‌گه‌ڵ بارى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگاى كوردیدا ئه‌وا هاوشێوه‌ییه‌كى ته‌واو ده‌بینین، دیاره مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه كه چیرۆكه‌كه واقیعى ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌مان بۆ وه‌سف ده‌كات واته وێنه‌یه‌كى فۆتۆگرافى ئه‌و واقیعه پیشكه‌ش ده‌كات، نه‌خێر، به‌ڵكو به ئاشكرا ده‌بینین ئه‌و نه‌گۆڕى و سه‌قامگیرییه‌ى له گه‌وهه‌رى شته‌كاندا هه‌یه خاسێتى كۆمه‌ڵگاى كوردییه. ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ى ڕووكه‌شى ده‌گۆڕێت به‌ڵام له گه‌وهه‌ردا هه‌مان شێوه‌ى خۆى ده‌مێنێته‌وه یان ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریشى به‌سه‌ردا بێت ئه‌وا گۆڕانكارییه‌كى زۆر خاوه به تایبه‌تى له ڕووى عه‌قڵى و سروشتى په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، ده‌توانین به ئاشكرا ئه‌وه بسه‌لمێنین كه شێوازى په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ڕووى په‌یوه‌ندى خێزان و ژن و ژنخوازى و په‌یوه‌ندییه‌كانى خێڵ و عه‌شیره‌ت و ستراتیژ و عه‌قڵى ئه‌و پێكهاتانه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مى میرنشینه‌كاندا جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆى نیه له كاتێكدا بنه‌ماى په‌یوه‌ندییه‌كان هێشتا فاكته‌ر یان هۆكارى خوێن و خزمایه‌تى به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن.. ئیتر گرنگ نییه له ڕووكه‌شدا و به قسه چه‌ندێ باسى دیموكراسى و كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى ده‌كرێت. نه‌خێر به‌ڵكو ئه‌وه‌ى ده‌كرێت به بنه‌ماى پێوانه‌كردن بۆ بوونى گۆڕانكارى ده‌بێ به فیعلى بوونى هه‌بێت. به‌ڵام له سه‌رده‌مى دروستبوونى میرنشینه‌كانه‌وه كۆمه‌ڵگاى كوردى دابه‌ش بووه به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ر یان دوو ئاستدا ئاستى ده‌سه‌ڵاتدار و ئاستى ڕه‌نجده‌ر، ئاستى ده‌سه‌ڵاتدار بریتى بووه له بنه‌ماڵه‌ى میر به خۆى و خێڵ یان عه‌شیره‌ته‌كه‌یه واته كه‌سانى نزیك و ئه‌ندامانى هه‌مان بنه‌ماڵه له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ى ڕه‌نجده‌رى بێ ماف، له ئێستاشدا هه‌مان دابه‌شبوون به‌رده‌وامه كه‌مینه‌ى ده‌سه‌ڵاتدار كه له ئه‌ندامانى سه‌ره‌وه‌ى حیزب و كه‌سوكارى نزیكیان پێكهاتووه و هه‌موو پنته‌كانى ده‌سه‌ڵات و كارگێڕى و ڕێبه‌رێتى به‌سه‌ر ئه‌واندا و له‌نێو ئه‌واندا دابه‌شكراوه و جه‌ماوه‌ریش مافى هاوڵاتیبوونى هه‌یه بۆ كاركردن و بۆ ڕازیبوون به بڕیار و كاره‌كانى ئه‌وى سه‌روه، عه‌قڵیه‌تى ئه‌وى سه‌ره‌وه و ستراتیژى كاركردنى هیچ جیاواز نییه له عه‌قڵییه‌تى ئیشكردن و ستراتیژى كاركردنى ئه‌وى سه‌رخێڵ و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت. به‌ڵى ئه‌و واقیعه‌ى كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و واقیعه‌یه كه گۆڕانكارى دیارى تیا به‌دى نایه‌ت. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له كێشه‌كانى ئه‌و واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى كه چیرۆكى “سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى” تیادا به‌رهه‌م هاتووه، ده‌شێ به‌شێك له ئه‌فسووناوى بوونى ئه‌م چیرۆكه ئه‌وه بێت كه مێژوو تیایدا وه‌ستاوه له ماوه‌ى حه‌ڤده ساڵێ دوورى پاڵه‌وان له كوچه و كۆڵانه‌كه‌ى خۆیانه‌وه گۆڕانكارى ڕوونادات. ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات ئه‌و واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه بخه‌ینه ژێر پرسیار و به‌و چاوه لێێ بڕوانین ئایا بۆچى گۆڕانكارى تیایدا ڕوونادات یان له ڕووى په‌ره‌سه‌ندنه‌وه به‌و جۆره خاوه؟
دیسان ئه‌و پرسیاره‌ش خۆى ده‌سه‌پێنێت ئایا ئه‌وه‌ى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه تا چه‌ندێ خاسێتى شارى هه‌یه و داخۆ چینى باڵاده‌ست له شاردا كێیه؟ بێگومان ئه‌و زه‌مینه‌ى كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه سیماى شاره‌كانى كوردستان بووه له ڕابردوودا، ڕاسته ئێستا له ڕووى بیناسازییه‌وه ئه‌و دیمه‌نه گۆڕاوه به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه له‌گه‌ڵ گۆڕینى ڕووكه‌شى شاره‌كاندا ئاستى په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵایه‌تى و بنیادى كۆمه‌ڵایه‌تیش وه‌كو پێویست گۆڕنكارى به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. بۆیه ئه‌گه‌ر واى دابنێین كه “سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى” سه‌فه‌رى گۆڕانكارییه له بارى دواكه‌وته‌وویى كۆمه‌ڵگاى كوردییه‌وه بۆ بار و قۆناغێكى په‌ره‌سه‌ندوتر و پێشكه‌وتوو، ئه‌وه له‌و سه‌فه‌ره‌دا گۆڕانكارى به‌و مانایه‌ى ماهیه‌ت و جه‌وهه‌رى شته‌كانى گرتبێـه‌وه ڕووى نه‌داوه، ده‌شێ ئاوه‌ڵناوى ئه‌فسووناوى ببێته ده‌ربڕى خاسێتى ئه‌و سه‌فه‌ره كه مانه‌وه‌یه له شوێنى خۆدا، ئه‌مه‌ش سه‌فه‌ره‌كه ده‌كاته سه‌فه‌رێكى خه‌یاڵى، واته ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له (سه‌فه‌ر) گۆڕانكارى بێت، ئه‌وا ئه‌و گۆڕانكارییه ڕووى نه‌داوه، واته له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع سه‌فه‌ره‌كه نه‌كراوه، به‌ڵكو سه‌فه‌رێكه له سنوورى خه‌یاڵ و وه‌همدا نه‌خشه‌ى كێشراوه. گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رده‌وامى پاڵه‌وانیش بۆ ڕابردوو، بۆ یاده‌وه‌رییه‌كانى ئه‌وساى ته‌نیا له ڕێگاى خه‌یاڵه‌وه ده‌گاته ئه‌نجام. به واتا سه‌فه‌ره‌كه له ده‌ره‌وه‌ى واقیعدا ده‌كرێت و هه‌رچۆن پاڵه‌وان له بینینى هه‌ر دیمه‌ن و دیارده‌یه‌كى نێو كۆڵانه‌كان و له یادكه‌وتنه‌وه‌ى هه‌ركه‌سێكدا به خه‌یاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوواتر و یاده‌وه‌رییه‌كى كۆنتر ده‌گێڕێته‌وه و سه‌فه‌ر كه ده‌بێته سه‌فه‌ركردن به‌نێو كۆمه‌ڵێ یاده‌وه‌رى پێشتردا و پاڵه‌وان به چێژ و خۆشییه‌وه سه‌یرى ئه‌و ڕووداوانه‌ى ڕابردوو سه‌رجه‌م ئه‌و دیمه‌نانه‌ش ده‌كات كه ئاماده‌یان ده‌كاته‌وه، به هه‌مان شێوه سه‌فه‌ره‌كه‌ش به گشتى سه‌فه‌رى خه‌یاڵه و ئه‌م جۆره په‌یوه‌ستبوونه‌ى پاڵه‌وانیش به‌و جۆره به ڕابردووه‌وه ته‌نیا تێروانین و هه‌ڵوێستى پاڵه‌وان به‌رامبه‌ر به ڕابردوو ده‌ستنیشان ناكات یان ده‌رناخات به‌ڵكو بارى كه‌سێتى ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌ش ده‌رده‌خات كه ئه‌و كه‌سێتییه‌ش كه‌سێتى كورده و به شێوه‌یه‌كى گشتى كه‌سێتییه‌كى خه‌یاڵاویه و له‌سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كانى ده‌ژى و هه‌میشه ئێستا ڕه‌تده‌كاته‌وه، به‌ڵام له هه‌ڵوێستى ڕه‌تكردنه‌وه‌كه‌یدا كه ده‌بووا له به‌رده‌م گومانێكدا ڕابووه‌ستایه ئایا به‌ره‌و ئاینده هه‌نگاوى بنایه یان به‌ره‌و ڕابروو بگه‌ڕایه‌ته‌وه كه گه‌ڕانه‌وه‌ش به‌ره‌و ڕابردوو هه‌ڵوێستێكى خۆپارێزانه‌یه و كاتێ ڕووده‌دات كه ئومێدى ڕۆیشتن به‌ره‌و ئاینده لاواز بێت و چاوه‌ڕوانى گۆڕانكارى نه‌كرێت له‌م كاته‌دا ئه‌و كه‌سێته به‌ره‌و ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، له لایه‌ك به هۆى نه‌بوونى گیانى سه‌ركێشى و شۆڕشگێڕانه‌وه، له لایه‌كى تر به هۆى ترسان له گۆڕانكارى چونكه نازانێت ئاینده چى له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت، به‌ڵام ڕابردوو بووه‌ته شتێكى مه‌ئلووف و زانراو له‌لاى و مایه‌ى ترس نییه. ئه‌م حاڵه‌ته‌ى كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه‌ى تێدایه و به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابردوو له لایه‌ك شیكارى بارى كه‌سێتى كورد ده‌كات كه زیاتر كه‌سێتییه‌كه به خه‌یاڵى ڕابردوو، به پیرۆز ڕاگرتنى ڕابردوو ده‌ژیێت، هه‌روه‌ها ئاستى چینایه‌تى پاڵه‌وانیش نیشان ده‌دات كه كه‌سێتییه‌كى بۆرژواى بچووكى هه‌یه و زیاتر خۆپارێزه و له گۆڕانكارى ده‌ترسێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه به‌رده‌وام له ساته‌وه‌ختى ئێستادا له‌برى ئه‌وه‌ى كه به‌ره‌و ئاینده بچێت یان هه‌نگاوى به‌ره‌و ئاینده بنێت، به‌ره‌و ڕابردوو یان به ئاراسته‌ى ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، به واتا پاڵه‌وان كه‌سێتێكه نایه‌وێت ڕووبه‌ڕووى هیچ شتێك بێته‌وه به‌ڵكو ده‌یه‌وێت له برى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى واقیعیانه له ڕێگاى خه‌یاڵه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئاماده‌كردنه‌وه‌ى ڕابردوو، دیارترین خاسێتى ئه‌و ڕابردووه‌شى كه ئه‌م ده‌یهێنێته‌وه یاد به خه‌یاڵ پێى ده‌گاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه كه‌مترین ڕووداوى تێدایه، به‌ڵكو زیاتر خاسێتى شته جێگیره‌كانى تێدایه واته واقیعێكى وه‌سفییه نه‌ك واقیعێكى كردارى و پڕ له چالاكى. ئه‌م شێوه كه‌سێتییه‌ى پاڵه‌وانى چیرۆكى “سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى” شێوه‌ى به‌شێكى دیارى پاڵه‌وان و كه‌سێته دیاره‌كانى چیرۆكه‌كان و ته‌نانه‌ت ڕۆمانه‌كانى (حسێن عارف)ن، واته ده‌توانین بڵێین زۆرێك له پاڵه‌وان و كه‌سێته دیاره‌كانى چیرۆك و ڕۆمانه‌كانى حسێن عارف سه‌ر به ڕۆشنبیران و بۆرژواى بچووكن، دیاره ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى به شاره‌زایى و سه‌رده‌ركردنى حسێن عارفه‌وه هه‌یه له بارى كۆمه‌ڵایه‌تى و سایكۆلۆژى ئه‌م توێژه كۆمه‌ڵایه تییه و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه كه له بیناكردنى كه‌سێته‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت و به ئاگاییه‌وه مامه‌ڵه‌ى لایه‌نه پڕ ورده‌كارییه ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى كه‌سێته‌كانى بكات كه ئه‌وه‌ش له پله‌ى یه‌كه‌مدا به یه‌كێك له پێویستیه سه‌ره‌كییه‌كانى نووسین داده‌نرێت.
له درێژه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌دا پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه به هۆى بینینى هه‌ندێ دیمه‌نه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى منداڵێ و له‌وێڕا هه‌ندێ به‌سه‌رهاتى تفت و تاڵى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى خۆى و ژیانى نێو ماڵ و كۆڵان و قوتابخانه‌مان ده‌خاته‌وه یاد. ئێمه ده‌زانین له ڕوانگه‌ى ڕۆمانسیانه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ ساتى ڕابردووى منداڵى به مه‌به‌ستى ڕاكردنه له بارى ناجۆر و پڕ له فشار و نائاسووده‌یى ئێستا و منداڵیش سه‌رده‌مى خۆشى و ئاسووده‌یى و دوورییه له لێپرسینه‌وه و به‌رپرسیارێتى ئه‌گه‌ر منداڵێتییه‌كى ئاسایى و سروشتى بێت، به‌ڵام دیاره ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ى كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه بۆیان ده‌گه‌ڕێته‌وه و له ڕووى یادوه‌رییه‌وه له ئیستاى سه‌فه‌ره‌كه‌یدا ئاماده‌یان ده‌كاته‌وه به گشتى یاده‌وه‌رى تفت و تاڵن، كه‌واته گه‌ڕانه‌وه‌ى پاڵه‌وان بۆ ساته‌وه‌ختى منداڵى گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ ڕابردووى زێڕین یان بۆ به‌هه‌شتى ڕابردوو به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ به‌هه‌شتى دۆڕاو یان به‌هه‌شتى ون، ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سه‌یر بكه‌ین ئه‌وا تێده‌گه‌ین پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌رخستنى لایه‌نه تفت و تاڵ و ناجۆره‌كانى ژیانى ڕابردووى خۆى و له ئێستادا ئاماده‌ى ده‌كاته‌وه، هۆى ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ست به بارى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه‌وه كه كه‌سێتییه‌كى ناجێگیره له ڕووى چینایه‌تییه‌وه و وه‌كو حاڵه‌تى شلۆق له نێوان چینى هه‌ره‌خواره‌وه و چینى سه‌ره‌وه‌دا ماوه‌ته‌وه به هه‌ڵوێستیش خۆپارێزه، به‌ڵام له ڕووى ده‌روونییه‌وه ده‌یه‌وێت بۆئه‌وه‌ى واى نیشان بدات كه ئه‌م لایه‌نگرى چینى خواره‌وه‌یه بۆ هاوهه‌ڵوێستى ئه‌وانه دێت ڕابردووى ژیانى خێزانى و ئاستى كۆمه‌ڵایه‌تى خێزانه‌كه‌یمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه له‌وه‌شدا واى نیشان ده‌دات ئه‌م له ڕووى پێكهاته‌ى چینایه‌تییه‌وه له بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به چینى خواره‌وه‌یه. دیاره ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه جۆرێك له واقیعیه‌ت له ژیانى پاڵه‌واندا نیشان ده‌دات كه بێ په‌روا بێ ترس و دوودڵى له‌سه‌ر مێژووى ڕابردووى خۆى و خێزانه‌كه‌ى ده‌دوێت و له‌و دواندنه‌شدا نایه‌وێت هیچ شتێك حه‌شار بدات. له‌م هه‌ڵوێسته‌شدا ده‌یه‌وێت بڵێت كه ئه‌و هیچ نهێنییه‌ك له ڕووى چینایه‌تى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه له ڕابردوویدا نادۆزرێته‌وه هه‌تا خۆى له ئاشكرادنیان به دوور بگرێت، ئه‌وه‌ش له ڕووى سایكۆلۆژیاى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌ڵوێستى ئه‌ندامانى سه‌ر به چینى خواره‌وه‌یه. ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستى بۆ ڕۆژاواى بچووك و توێژى ڕۆشنبیر له كۆمه‌ڵگایه‌كى وه‌كو ئێمه‌دا ده‌رده‌خات، كه سه‌ربارى خۆپارێزى و لاوازى گیانى شۆڕشگێڕى و گۆڕانخوازى لاى ڕۆشنبیران و بۆرژواى بچووك هێشتا ئه‌ندامانى ئه‌م توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌وڵده‌ده‌ن له حسابكردندا وه‌كو پێشه‌نگى شۆڕشگێڕى و گۆڕانكارى له كۆمه‌ڵ و ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تیدا دابنرێن.
پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه له سه‌فه‌ره ئه‌فسووناوییه‌كه‌یدا له ڕێگاى مۆنۆلۆگ و هه‌ندێ جاریش له ڕێگاى گێڕانه‌وه‌وه بیره‌وه‌رى جۆراوجۆرى ڕابردووى خۆى و خێزانه‌كه‌ى و كۆڵان دێنێته‌وه یاد. گێڕانه‌وه‌ى هه‌ندێ ڕووداوى تراژیدیش له جۆرى مردنه‌كه‌ى له‌یلێى خوشكى زیاتر فه‌زاى خه‌م و تاریكى له چیرۆكه‌كه‌دا ده‌خوڵقێنێت و زه‌مینه‌ى ئه‌و واقیعه تاڵه‌ى ژیانى خۆیى و خێزانه‌كه‌ى و خه‌ڵكى كۆڵان و گه‌ڕه‌كیش زیاتر له خه‌یاڵى ئێمه‌دا به‌رجه‌سته ده‌كات كه ئه‌وه‌ش له ئاستێكى تردا ده‌بێته ڕه‌خنه‌گرتن له داموده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تى و ئیدارییه‌كانى ئه‌و قۆناغه. هه‌ر لێره‌شه‌وه پرسیار له گه‌وهه‌رى شار سه‌رهه‌ڵده‌دات.. ئایا ئه‌و كۆڵان و دیمه‌نه كۆن و داڕزاوه‌ى كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه ده‌یگێڕێته‌وه دیمه‌نى شاره؟ ئایا ئه‌و ژیان و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى كه له‌و گێڕانه‌وانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى ژیانى شاره؟
دیسان پاڵه‌وان له گێڕانه‌وه‌ى درێژه‌ى سه‌فه‌ره‌كه‌یدا له كاتى گه‌ڕان به كۆڵانه‌كاندا له‌وه ده‌دوێت كه چۆن له‌ملاو ئه‌ولاوه خه‌ڵكى له منداڵ و ژن و پیاو چاودێرى ئه‌م و هاوڕێكه‌ى ده‌كه‌ن. دیاره ئه‌م دیارده‌یه‌ش دیسان له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى شاردا یه‌ك ناگرێته‌وه چونكه له شاردا ده‌بێ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌و جۆره‌بن كه كه‌س خۆى له ژیان و له كاروبارى ئه‌وانى دى هه‌ڵنه‌قورتێنێت ئه‌گه‌ر به ڕاستى به شێوه‌یه‌كى سروشتى شار و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى شار دروست بووبن و به‌رهه‌م هاتبن، چونكه له په‌یوه‌ندى شاردا ده‌بێ بنه‌ماكانى ئازادى تاكه‌كه‌س دروست ببێت كه ئه‌و ئازادییه‌ش مه‌رج نییه ته‌نیا ئازادى بیركردنه‌وه بگرێته‌وه به‌ڵكو ئازادى ڕه‌فتاركردن و هه‌ڵسوكه‌وت و چۆنێتى هه‌ڵبژاردنى شێوازى ژیان و پۆشینى جلوبه‌رگ.. تاد ده‌گرێته‌وه، ده‌شێ سیسته‌مى ده‌سه‌ڵات له شاردا سیسته‌مێكى نادیموكراتى بێت و ڕێگاى ئازادى بیركردنه‌وه نه‌دات، به‌ڵام شێوازى ژیان و ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت هیچ به‌ربه‌ستێكى ئه‌وتۆى له به‌رده‌مدا نه‌بێت. به‌هه‌رحاڵ لێره‌وه له ئه‌نجامى ڕوانین بۆ ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌وشاره‌ى كه وه‌كو شوێن پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه بنه‌ماكانى ژیانى شار و په‌یوه‌ندى شار و ته‌نانه‌ت بیناسازى شاریشى تێدا نییه، دیاره ئه‌و شاره‌ى كه پاڵه‌وان بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه شارى (سلێمانى)یه له وه‌سفكردنه‌كانى پاڵه‌واندا، كه نوێترین و هاوچه‌رخ ترین شارى كوردستانه.. له كاتێكدا كه به گشتى باس له‌وه ده‌كرێت كه سلێمانى له ڕیزى پێشه‌وه‌ى شاره‌كانى كوردستانه له ڕووى په‌ره‌سه‌ندن و شارستانێتى بوونه‌وه، به‌ڵام وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت نه ئه‌و شێوازه‌ى بینا و كۆڵان و شه‌قام نه شێوازى په‌یوه‌ندییه‌كان كه ده‌قه‌كه گوزارشتى لێده‌كات شێوازى شار نین، به‌ڵام له ڕاستیدا شاره‌كه‌ى ئێمه له‌و مێژووه‌دا كه چیرۆكه‌كه لێى ده‌دوێت به‌و جۆره بووه، ده‌توانین بڵێین بۆ ئێستاش ڕاسته له ڕووى بیناسازى و شه‌قام و كۆڵان و هه‌ندێ دیمه‌نى تره‌وه گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتووه، به‌ڵام له ڕووى په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه گۆڕانكارى گه‌وهه‌رى ڕووی نه‌داوه و تاكو ئێستاش ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى باڵاده‌سته له‌م شاره‌دا به گشتى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵگاى خێڵ و عه‌قڵى خێڵ و ستراتیژى ئیشكردنى خێڵایه‌تى و لادێیه، كه‌واته لێره‌وه به پشت به‌ستن به‌و واقیعه‌ى كه چیرۆكى سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى به‌رجه‌سته‌ى ده‌كات ده‌توانین له باره‌ى سروشتى دروستبوونى شار و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كوردییه‌وه بدوێین كه چۆن جۆرێك له ناسروشتى بوون و نائاسایى بوونى پێوه دیاره كه ئه‌وه‌ش ده‌بێته به‌ڵگه بۆ نیشاندانى ناسروشتى شێوازى پێكهاتنى شار و په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵایه‌تى له كۆمه‌ڵگاى كوردیدا. هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌توانین ئاماژه بۆئه‌وه بكه‌ین كه چۆن چیرۆكى (سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى) له ئاستى نادیار یان نه‌گوتراودا هه‌ڵگرى جیهانبینییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌و پرسیارانه‌شى به‌رزى ده‌كاته‌وه ئه‌و پرسیارانه‌ن كه له‌نێو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سروشتى نائاسایى ژیان و پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. ڕه‌نگه ئه‌م حاڵه‌ته‌ش خاسێتى دیارى به‌شى زۆرى به‌رهه‌مه‌كانى حسێن عارف بن، دیاره ئه‌و ڕووبه‌ره‌ى كه ئه‌و كارى تێدا ده‌كات ڕووبه‌رێكى فراوانه و په‌یوه‌ستبوون و كاركردنى ئه‌م نووسه‌ره‌ش له‌م بواره‌دا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه پێى وایه هه‌موو پرسیاره گه‌وهه‌رییه‌كانى مرۆڤ له‌نێو كۆمه‌ڵ و ژیانى كۆمه‌ڵ و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. هه‌روه‌ك به ئاشكرا دیاره كه سه‌رچاوه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى چیرۆك و ڕۆمانه‌كانى حسێن عارف واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگاى كوردین و سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زه په‌یوه‌سته‌كانى بارى كۆمه‌ڵایه‌تى و زه‌مینه‌ى مێژوویى و ئاستى هوشیارى و په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵایه‌تى چیرۆك و ڕۆمانه‌كانى ئه‌م نووسه‌ره هه‌ڵهێنجراوى زه‌مینه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و مێژوویى ئێمه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ئه‌م نووسه‌ره به‌رهه‌مه‌كانى وه‌كو ڕه‌گه‌زێكى داهێنان له زۆر ڕووه‌وه بكرێن به بنه‌ما بۆ خوێندنه‌وه‌ى واقیعى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگاى كوردى، هه‌ریه‌كه‌ش به پێى ئه‌و قۆناغه مێژووییه‌ى تیایدا به‌رهه‌م هاتووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئه‌م نووسه‌ر فۆتۆكۆپى واقیع ده‌كات، نه‌خێر به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه به‌رهه‌مه‌كانى له‌گه‌ڵ ژیانى كۆمه‌ڵدا هاوته‌ریبن و باشترین شاهیدى ئه‌و قۆناغه مێژووییه‌ن كه تیایدا به‌رهه‌م هاتوون. بێگومان نووسه‌رى له‌م جۆره‌ش وه‌كو كوڕى شه‌رعى ئه‌و واقیع و كه‌لتووره سه‌یر ده‌كرێت كه چاوى تێدا كردۆته‌وه و بوون و ئاماده‌بوونى خۆى له كارپێكردنى ئه‌و كه‌لتووره و خوێندنه‌وه‌ى ڕاستگۆیانه‌ى ئه‌و واقیعه‌وه ده‌سه‌لمێنێت.
پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه هه‌رچۆن له سه‌فه‌ره ئه‌فسووناوییه‌كه‌یدا به‌نێو كۆڵانه‌كانى گه‌ڕه‌كدا به‌رده‌روام ده‌بێت به هه‌مان شێوه له سه‌فه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌شدا بۆ یاده‌وه‌رییه‌كانى ڕابردوو به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌گه‌ڵ هه‌ر دیمه‌نێكدا یاده‌وه‌رییه‌كى ڕابروو له ڕێگاى مۆنۆلۆگه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، له درێژه‌ى خستنه‌ڕوووى یاده‌وه‌رییه‌كانى ڕابردوودا هه‌ندێ جار ده‌چێته شوێنى گێڕه‌ره‌وه و له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان قسه‌ده‌كات و له‌و كاته‌دا ئێمه‌ى خوێنه‌رى چیرۆكه ده‌بینه بۆگێڕه‌ره‌وه (گوێگر– وەرگر). هه‌ڵبه‌ت نووسه‌ر به شاره‌زایی و وریاییه‌كى هونه‌رییه‌وه دیمه‌نه‌كانى گێڕانه‌وه و مۆنۆلۆگ و دایه‌لۆگ و گه‌ڕانه‌وه ڕێكده‌خات و به ئاگایانه‌شه‌وه له گێڕانه‌وه‌دا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌سێته‌كان ده‌كات و به پێى پێویست ڕاناوى قسه‌كه‌ر و گوێگر داده‌نێت و جێگۆڕكێشیان پێده‌كات، به هه‌مان ئه‌و شێوه سروشتییه‌ى كه كه‌سێتییه‌كانى له واقیعى ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌دا ده‌جوڵێن، هه‌ر بۆیه له سنوورى ده‌قه‌كه‌دا هه‌ست به‌وه ناكرێت كه ئه‌و جوڵه و گۆڕانكارییانه له گێڕه‌ره‌وه‌وه بۆ پاڵه‌وان و گه‌ڕانه‌وه‌ى پاڵه‌وان بۆ ڕابردوو، نیشاندانى مۆنۆلۆگ و دایه‌لۆگ و ته‌نانه‌ت وه‌رگرتنى شوێنى گێڕه‌ره‌وه‌ش له لایه‌ن پاڵه‌وانه‌وه.. هیچ بارێكى ناسروشتییان تێدا بێت، ئه‌مه‌ش به ئاگایى نووسه‌ر نیشان ده‌دات له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه هونه‌رییانه‌دا.
پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه دیسان له درێژه‌ى یاده‌وه‌رییه‌كانى ڕابردوویدا له ماڵى خۆیان و له كۆڵاندا، هه‌رچۆن كاره‌ساتى تراژیدى مه‌رگى خوشكه‌كه‌ى خۆیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، هه‌ر به پشت به‌ستن به بیره‌وه‌رییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ له‌یلێى خوشكیدا به‌ره‌و ئه‌ڵقه‌یه‌مى تر‌ى ئه‌و ڕابردووه تراژیدیه ڕامان ده‌كێشێت كه ئه‌ویش مه‌رگى خاڵه‌مه‌جى و ڕابردووى ئه‌و پیاوه‌یه. پاڵه‌وان له گێڕانه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانیدا سه‌باره‌ت به خاڵه‌مه‌جى دوو ئاستى ئه‌و كه‌سێتییه‌مان پێده‌ناسێنێت. یه‌كه‌میان ئاستى ده‌ره‌وه و ڕوخسار و سیماى كه‌سێته‌كه دووه‌میان گه‌وهه‌ر و ماهیه‌تى كه‌سێته‌كه. له‌و پێشكه‌شكردنه‌شیدا باسى ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كات كه چۆن ئه‌و دوو ئاسته له‌گه‌ڵ یه‌ك ناكۆك یان نه‌گونجاوبوون ئه‌وه‌ش له مه‌ودایه‌كى قوڵدایه كه له‌سه‌ر ئاستى زمانى ده‌قه‌كه نابینرێت.
پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه دواى ئه‌وه‌ى ده‌گاته كۆڵان و له ماڵه‌كۆنه‌كه‌ى خۆیان نزیك ده‌بێته‌وه، هاوڕێكه‌ى ئاگادارى ده‌كات كه چۆن خه‌ڵكى سه‌رنجى ده‌ده‌ن و شێوه‌ى جوڵه و چاوگێڕانى ئه‌میان به‌ناو كۆڵان و یه‌كیه‌یه‌كى ده‌رگا و خانووه‌كاندا پێ نائاساییه. كاتێ ئه‌وى هاوڕێى له‌و باره‌یه‌وه وریاى ده‌كاته‌وه، دیسان ئه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نێو سنوورى یاده‌وه‌رییه‌كانى خۆى و ڕاسته‌وخۆى به خه‌یاڵ خۆى ده‌كات به ژووردا و ده‌چێت هه‌ڵماته‌كانى ده‌رده‌هێنێت و به خێرایى له ماڵ ده‌رده‌په‌ڕێته ده‌ره‌وه و له‌به‌رده‌رگا خۆى ده‌كێشێت به ژنێكدا و ده‌یخات”.. هه‌ر به دواى ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى منداڵى كه چۆن له سه‌ربان له‌نێو چیغدا خه‌وتوون و دیمه‌نى پێكدائاڵانى كاكى و كچى هاوسێكه‌یان دێنێته‌وه به‌رچاو. دیسان له‌وێوه ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هێنانه‌وه یادى دیمه‌نێكى تر له ماڵى خۆیاندا كه چۆن له وه‌رزێكى تووشى زستاندا باوكى نه‌خۆشه و كاكى بێ ئیشه و نه‌سرینى خوشكى له كڵاو درووندا جێگاى له‌یلێى كۆچكردووى گرتۆته‌وه و دایكى دووانه‌یه‌كى به به‌ره‌وه‌یه له پاڵ ئه‌م دیمه‌نه‌دا ناڵین و ئازار و خه‌م و بێزارى ده‌كاته فه‌زاى دیمه‌نه‌كه، له خۆى ده‌دوێت كه چۆن ده‌چێته قوتابخانه.. له‌م به‌سه‌رهاته‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ یادوه‌رى تاڵى شه‌ڕى نێوان باوكى و كاكى و ئه‌نجامیش چۆن كاكى بۆى ده‌رده‌چێت، پاش ماوه‌یه‌ك ئاوبه‌رى هه‌ڵده‌كه‌ن و له كه‌ركوك سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌نجا ئه‌م و دایكى به سوارى پاسى ته‌خته ده‌چن به دوایدا بۆ كه‌ركوك و له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یهێننه‌وه. هه‌ر له‌وێوه پرسیارێكى كاكى كه داخۆ كام جانتاى به دڵه بۆى بكرێت ده‌یگێڕێته‌وه بۆ یادوه‌رییه‌كى تاڵى تر كه چۆن له ڕۆژى عارفه‌دا باوكى له‌به‌ر نه‌بوونى نه‌یتوانیووه پێڵاوى بۆ بكڕێت. هه‌ر چۆن چووه‌ته مه‌یدانى یارییه‌كانى جه‌ژن و له‌وێش بیره‌وه‌رییه‌كانى سه‌رده‌مى ئه‌وسا له جه‌ژندا ده‌گێڕێته‌وه و وێنه‌ى پوره خومسار و چه‌رخ و فه‌له‌كه‌كه‌ى دێنێته‌وه یاد و وێنه‌ى كوڕه هار و چوختیه‌كانیش له یاد ناكات. دیسان دیمه‌نى ڕوخسار و سیماى خاڵه‌مه‌جى ده‌رده‌خات كه “دیمه‌نى پیاوكوژێكى دڵڕه‌قى جه‌ربه‌زه” بوو، كه‌چى “به ده‌نگێكى فریشته‌یى به هه‌ست و نه‌ست و سۆزى فریشته‌یه‌كه‌وه ده‌كه‌وته گێڕانه‌وه‌ى پاشماوه‌ى هه‌قایه‌ته‌كه..”.
لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئایا ڕووكه‌ش گوزارشت له گه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆك ده‌كات؟ یان مه‌رج نییه ڕووكه‌ش ده‌ربڕى گه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆك بێت به تایبه‌تیش له‌و لایه‌نانه‌دا كه مرۆڤ خۆى هیچ به‌رپرسیار نییه له شێواز و سروشتى دروستبوونى یان پێكهاتن یان ده‌ركه‌وتنیان. خاڵه‌مه‌جى خۆى هیچ ڕۆڵێكى نییه له‌وه‌ى كه ڕوخسار و سیماى چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك بێت، به‌ڵام به‌رپرسیاره له‌وه‌ى كه چۆن ڕه‌فار ده‌كات و چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شته‌كان و خۆى و ده‌ره‌وه‌ى خۆیدا ده‌كات. بێگومان ئه‌و تێڕوانینه‌ى كه ته‌نیا ڕووكه‌ش ده‌كات به بنه‌ما بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن تێڕوانینێكى مه‌وزوعى ده‌رناچێت، چونكه تێڕوانینى مه‌وزوعى ئه‌وه‌یه كه هه‌موو لایه‌نه‌كانى بابه‌تى مه‌به‌ست پێكه‌وه هه‌لبسه‌نگێنرێت و وه‌كو یه‌كه‌یه‌كى یه‌كگرتوو سه‌یر بكرێت، له‌و ئاقاره‌شدا دیمه‌نى ده‌ره‌وه و ناوه‌ڕۆك پێكه‌وه كۆده‌كرێنه‌وه و به ته‌نیا له‌سه‌ر لایه‌نێكیان بڕیار نادرێت، له حاڵه‌تێكى وه‌هاشدا ناشێت فریو خواردن و هه‌ڵخه‌ته‌ڵه‌تاندن به ڕووكه‌ش ڕووبدات.
خاڵه‌مه‌جێ با ڕوخسار و سیماى له ڕوخسار و سیماى پیاوێكى توندوتیژ و پیاوكوژ بچێت، مه‌رج نییه به ڕاستیش له گه‌وهه‌ردا وه‌هابێت و له واقیعدا پیاوێكى له‌و جۆره بێت، ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت كه ڕووكه‌ش هه‌موو كاتێ ده‌ربڕى ڕاسته‌قینه‌ى ناوه‌وه نییه.
ده‌شێ ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئاستى تاكه‌كه‌س بكرێت له سنوورى ده‌قه‌كه‌دا كه خاڵه مه‌جى ئه‌و نموونه‌یه، هه‌رچه‌نده وه‌كو پیاوكوژ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام خاوه‌نى سۆزى فریشته‌ییه و به‌و سۆزه‌ش توانیویه‌تى منداڵان هۆگرى خۆى بكات. ده‌شێ له‌م لێكدانه‌وه‌یه‌وه كه له‌سه‌ر ئاستى تاكه‌كه‌سه بچینه ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه و به هه‌مان پێودانگ قسه له‌سه‌ر واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه بكه‌ین. واته ناشێت هه‌رگیز ڕووكه‌ش و سیماى ده‌ره‌وه بكرێته بنه‌ماى بڕیاردان. ئه‌گه‌ر له سنوورى ده‌قه‌كه‌وه. بچنه واقیعى ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه، به ته‌واوه‌تیش مه‌به‌ستمان ئه‌و واقیعه‌یه كه ده‌قه‌كه‌ى تێدا به‌رهه‌م هاتووه. ئه‌وا له كاتى به‌رهه‌مهاتنى ده‌قه‌كه‌دا كه ساڵى 1980یه زه‌مینه‌ى ده‌قه‌كه شاره كه ئه‌ویش شارى سلێمانییه. ئه‌م زه‌مینه‌یه له ڕووكه‌ش و دیمه‌نى ده‌ره‌وه‌یدا به‌شێكى دیار له خاسێته‌كانى شارى هه‌بووه له‌و كاته‌دا، له كاتێكدا كه له گه‌وهه‌ردا هه‌مان خاسێته‌كانى كۆمه‌ڵگاى خێڵ و ستراتیژ و عه‌قڵیه‌تى خێڵایه‌تى و كۆمه‌ڵگاى لادێ له‌و مێژووه‌ى شاردا باڵاده‌سته. خۆ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و مێژووه‌ى كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه له ڕێگاى یادوه‌رییه‌وه بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وا به ئاشكرا له‌و په‌یوه‌ندییانه‌دا كه ئه‌و ده‌یانگێڕێته‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه كه نه ئه‌و په‌یوه‌ندییانه په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵگاى شارن و نه ئه‌و سیما و ڕووكه‌شه‌ى بینا و كۆڵان و شه‌قامیش كه پاڵه‌وان لێیان ده‌دوێت سیما و دیمه‌نى بیناسازى شارن، ئه‌گه‌رچى ئه‌و زه‌مینه‌یه یان ئه‌و شوێنه ناوى شارى لێنراوه و له واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى و له مێژووى ئێمه‌شدا به په‌ره‌سه‌ندنوترین شار ناوى ده‌به‌ین، كه‌واته نه ڕووكه‌ش و نه ناو ناشێت له كۆمه‌ڵگاى ئێمه و له كۆمه‌ڵگا هاوشێوه‌كانیدا بكرێن به بنه‌ماى هه‌ڵسه‌نگاندن چونكه ئه‌و ڕووكه‌ش و ئه‌و ناوه‌ش له‌ژێر كاریگه‌رى ده‌ره‌وه‌ى زه‌مینه و واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى و مێژوویى خۆماندا دروست بوون. واته نه‌ك ڕووخسار و ڕووكه‌ش له واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى ئێمه‌دا هه‌میشه گوزارشت له گه‌وهه‌ر و ماهیه‌ت ناكات به‌ڵكو زۆرجار ئه‌و ڕووكه‌ش و سیماى ده‌ره‌وه وه‌ك هۆكارێك بۆ شاردنه‌وه‌ى ڕاستى و حه‌قیقه‌تى ناوه‌وه‌ش به‌كاردێن، واته له‌م حاڵه‌ته‌شدا ڕووكه‌ش ده‌بێته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م ئاشكرابوون و ده‌رخستنى گه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆكدا كه ئه‌وه‌ش خاسێتى كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتووه‌كانه ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ى كه تیایاندا تاكه‌كه‌س وه‌كو كه‌سێتى خاوه‌ن شوناس پێنه‌گه‌یشتووه و به‌وپێیه‌ش زه‌مینه‌ى داننان به ڕاستییه‌كانى ناوه‌وه‌دا فه‌راهه‌م نه‌بووه، هه‌تا بێ ترس و بێ په‌رده ڕووى ناوه‌وه و گه‌وهه‌ر و ماهیه‌ت بخرێته ڕوو. به مانایه‌كى تر له‌و واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ى كه چیرۆكه‌كه گوزارشتى لێده‌كات زه‌مینه‌ى خۆ نمایشكردن نه‌ڕه‌خساوه چونكه ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌یه‌كى له‌و جۆره له كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌بێت كه تاكه‌كه‌س نه‌ترسێت له خستنه‌ڕووى نهێنییه‌كانى خۆى، ئه‌وه‌ش كاتێك ده‌بێت كه تاكه كه‌س خاوه‌نى بوونێكى ته‌واو و خاوه‌نى شوناسى تاكه‌كه‌سى خۆى بێت و له ڕووى ئه‌خلاقیه‌وه زه‌مینه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ناچارى شاردنه‌وه و حه‌شاردانى ڕاستییه‌كانى نه‌كات، ئه‌وه‌ش له كۆمه‌ڵگایه‌كى په‌ره‌سه‌ندوودا ده‌بێت كۆمه‌ڵگایه‌ك كه به ڕاستى په‌یوه‌ندییه‌كانى شار تیایدا دروست بووبێت.
دیاره خاڵه مه‌جى كه به سیما‌و ڕووكه‌ش له پیاوكوژ و خوێن‌ڕێژ ده‌چێت و له ناوه‌شدا سۆزى فریشته‌یى هه‌یه، جۆرێك له نه‌گونجاندن یان ناكۆكى له بوونیدا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وه‌ش بارێكى نائاسایى نیشان ده‌دات و هاوشێوه‌ى واقیعى (شار)ه له ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌دا، كه مه‌به‌ستمان ئه‌و شاره‌یه كه ده‌قه‌كه‌ى تیا به‌رهه‌م هاتووه، به‌ڵام به ئاراسته‌یه‌كى پێچه‌وانه. دیمه‌نى خوێنڕێژى و پیاوكوژى خاڵه مه‌جى ناوه‌ڕۆك و گه‌وهه‌رێكى مرۆیانه‌ى له‌ناودایه. به‌ڵام دیمه‌ن و ڕوخسارى تا ڕاده‌یه‌ك شارییانه‌ى شارى زه‌مینه‌ى به‌رهه‌مهێنانى چیرۆكه‌كه له‌ناوخۆیدا گه‌وهه‌رێكى دواكه‌وتووى په‌یوه‌ندى خێڵایه‌تى و هه‌رێمگیرى فیودیالى حه‌شارداوه، كه‌واته لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه له ئاستى ئاشكراى ده‌قه‌كه‌دا جیاوازى نێوان سیما و گه‌وهه‌رى خاڵه مه‌جى ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێت كه مه‌رج نییه هه‌میشه سیما و ڕووكه‌ش ده‌ربڕى ناوه‌ڕۆك و گه‌وهه‌ر بێت، له ئاستى قوڵترى ده‌قه‌كه‌دا پێمان ده‌ڵێت ناو و ڕووكه‌شى ئه‌و زه‌مینه‌ى چیرۆكه‌كه‌ى تیا به‌رهه‌م هاتووه شاره، به‌ڵام له گه‌وهه‌ر و ناوه‌ڕۆكدا خاسێت و بنه‌ماكانى ژیان و په‌یوه‌ندییه‌كانى شارى تیا دروست نه‌بووه. په‌یوه‌ندى چیرۆكه‌كه به زه‌مینه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ئێمه‌وه ئه‌وه‌یه كه بریتییه له وێنه‌گرتنێكى ڕاسته‌قینه یان ڕیالیستانه‌ى ئه‌و زه‌مینه كۆمه‌ڵایه‌تییه كه له گه‌وهه‌ردا گۆڕانكارى ئه‌وتۆى به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. پاشان پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه له ڕووى یاده‌وه‌رییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ى كه هه‌وڵى براگه‌وره‌كه‌ى ده‌گات و ده‌یانه‌وێت سه‌فه‌ر بكه‌ن بۆ كه‌ركوك به دواى براكه‌یدا. پاڵه‌وان زنجیره‌یه‌ك ڕووداو له ڕووى یادوه‌رییه‌وه ئاماده ده‌كاته‌وه كه سه‌رجه‌م له ڕووبه‌رى خه‌یاڵدا وێنه‌یان ده‌كێشرێت.
ئه‌م زنجیره به‌سه‌رهاته‌ى كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه له ڕێگاى گه‌ڕانه‌وه‌وه ئاماده‌یان ده‌كاته‌وه په‌یوه‌ستى ئه‌وى پاڵه‌وان به رابردووى منداڵى و به شوێن و به خێزان و به ده‌وروبه‌ر و به كه‌سانى تره‌وه نیشان ده‌دات و له هه‌ریه‌كه‌شیاندا به جۆرێك هۆگرى خۆى به‌و بنه‌ما و لایه‌نانه‌وه ده‌رده‌خات كه په‌یوه‌ستى ڕۆحى و ئه‌نتۆلۆژیانه‌ى خۆى له‌گه‌ڵیاندا به پته‌وى ئاشكرا ده‌كات، گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌رى منداڵى و ڕه‌فتاركردن و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانى ڕابردوو دیمه‌نى پاڵه‌وان یان كه‌سێتێكمان نیشان ده‌دات كه سه‌ربارى سه‌ختى ژیانى سه‌رده‌مى منداڵى هێشتا خه‌ون به‌و ڕابدرووه‌وه ده‌بینێت دیاره ئه‌و خه‌ونبینینه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ده‌شێ ژیانى پاڵه‌وان ئێستا له سه‌رده‌مى منداڵى سه‌ختتر و ناخۆشتر بێت و ئه‌و ڕابردوو وه‌كو به‌هه‌شتێكى له‌ده‌ستچوو سه‌یر بكات، یان له ڕوانگه‌یه‌كى تره‌وه ده‌شێ واى لێكبده‌ینه‌وه كه مرۆڤ به سروشتى له‌هه‌ر بارودۆخ و له‌هه‌ر ئاستێكى ژیاندا بێت مه‌یلى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ تافى منداڵى هه‌یه كه ده‌شێ ئه‌وه‌ش چه‌ند هۆكارێكى هه‌بێت له‌وانه‌ش ساكارى و ساده‌یى ژیانى سه‌رده‌مى منداڵى و بێگه‌ردى مرۆڤ له‌و قۆناغه‌دا كه مرۆڤ له قۆناغه‌كانى تر‌ى ژیانیدا به‌رده‌وام په‌رۆشى گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ ئه‌و ساده‌یى و ساكارییه و بۆ ئه‌و خاوێنى و بێگوناهییه‌ى تافى منداڵى كه هاوشێوه‌ى ژیانى كۆمه‌ڵگاى سه‌ره‌تایى و ژیانى ناو سروشته كه هه‌م ژیانێكى ساده‌یه و هه‌م دووره له تاوانكارى، دیاره مرۆڤیش به سروشتى لایه‌نگرى ساده‌یى و هێمنى و بێگوناهییه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وا ده‌كات مرۆڤ له هه‌ر ئاست و له‌هه‌ر قۆناغێكى پێگه‌یشتووى ته‌مه‌ندا خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه‌وه بۆ تافى منداڵى ببینێت، بێگومان گه‌ڕانه‌وه‌ى پاڵه‌وانى چیرۆكى “سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى” بۆ گێڕانه‌وه‌ى یاده‌وه‌رییه‌كانى تافى منداڵى له‌به‌رئه‌وه نییه كه تافى منداڵى به خۆشى به‌سه‌ربردووه و ئێستا له ژیانى سه‌خت و قورسیدا خه‌ون به‌و ڕابردووه‌وه ببینێت، نه‌خێر زیاتر هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى پاڵه‌وان بۆ ئه‌و ڕابردووه په‌یوه‌ستى ئه‌و حاڵه‌ته سروشتیه‌یه كه به گشتى مرۆڤ مه‌یلدارى گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕابردوو، ده‌شێ ئه‌وه‌ش هۆكارى ترس له ئاینده له پشتیه‌وه بێت چونكه به گشتى مرۆڤ له ڕووى سایكۆلۆژییه‌وه حه‌ز له گۆڕانكارى ناكات و زیاتر حه‌زى له مانه‌وه‌یه له‌و باره‌ى تیایدایه و پێى ئاشنا بووه، خۆ ئه‌گه‌ر له هه‌ر چركه ساتێكیشدا كه‌وته حاڵه‌تێكه‌وه كه له حاڵه‌تى پێشترى خراپتر بێت، ئه‌وا له ڕووى ده‌روونییه‌وه ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕابردووه‌ى به‌سه‌رچووه نه‌ك هه‌وڵبدات به‌ره‌و ئاینده هه‌نگاو بنێت، چونكه ئاینده له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌شێ گۆڕانكارى بهێنێت، ئه‌میش به ترسه‌وه له‌به‌رده‌م ئاینده‌دا ڕاده‌وه‌ستێت.
دیاره پێشتر له باره‌ى ئاستى چینایه‌تى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه‌وه دواین كه وه‌كو بۆرژوایه‌كى بچووك ده‌رده‌كه‌وێت، دیاره بۆرژواى بچو‌وكیش زیاتر له هه‌ڵوێستدا خۆپارێزه، كه‌واته مه‌یلدارى مانه‌وه‌یه له جوغزێكى داخراوداو له گۆڕانكارى ده‌ترسێت یان باشتر بڵێین حه‌زى له گۆڕانكارى نییه، له‌هه‌ر ساته‌وه‌ختێكى شلۆقیشدا حه‌زى له گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕابردوو نه‌ك هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاینده، واته ده‌توانین بڵێین گه‌ڕانه‌وه‌ى پاڵه‌وان له‌م چیرۆكه‌دا زیاتر ده‌رئه‌نجامى نه‌توانینه بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاینده، واته ترس له پێشهاته‌كانیدا وا له پاڵه‌وان ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه بۆ سنوورى خه‌یاڵ و له‌وێوه به فلاشباك بگاته‌وه به ڕابردوو دیاره له ڕابردووش‌دا زیاتر وه‌سفى شته‌كان ده‌كات كه ئه‌وه‌ش گه‌وهه‌رى كه‌سێتى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه ده‌رده‌خات كه كه‌سێتێكه له ڕووداو ده‌ترسێت مه‌به‌ست له ڕووداویش لێره‌دا گۆڕانكارییه، ئیتر گرنگ نییه ئه‌و ڕووداوه به ئاراسته‌ى پۆزه‌تیڤ بێت یان نێگه‌تیڤ، كه‌واته گه‌ڕانه‌وه‌كانى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه بۆ ڕابردوو به گشتى به هۆى مه‌ترسى یان گومانكردن له پێشهاته‌كانى داهاتووه‌وه‌یه.
له لایه‌كى تره‌وه گه‌ڕانه‌وه‌ى پاڵه‌وان ده‌شێ له دوو ئاستدا لێكبدرێته‌وه یه‌كه‌میان گه‌ڕانه‌وه بۆ شوێن كه شوێنى ژیان و به‌سه‌ربردنى قۆناغى منداڵییه، دووه‌میان گه‌ڕانه‌وه بۆ كات واته له ئێستاوه بۆ كاتى منداڵى. له ئه‌نجامى پێكه‌وه گرێدانى ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ى چیرۆكه‌كه‌دا ئێمه له ئیستادا له ئێره‌وه ده‌چینه‌وه بۆ ئه‌وساى ئێره كه نه كاته‌كه و نه شوێنه‌كه ئه‌وه‌ى ئێستا نین. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ش له ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تى و مێژووییه‌وه بایه‌خى خۆیى هه‌یه و كه‌سێتێكمان بۆ ئاماده ده‌كات كه هه‌میشه له ساته‌وه‌ختى ئێستادا په‌یوه‌سته به ڕابردووه‌وه به‌ڵام ده‌بێ بزانین كه زۆرجار ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه به مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ ڕابردوو هه‌تا ڕابردوو، ئه‌زموونه‌كانى ڕابردوو بكرێته بنه‌ما بۆ بنیادنانى ئاینده، بێگومان ئه‌گه‌ر ئامانجى گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌رییه‌كانى ڕابردوو به‌م ئاراسته‌یه بێت ئه‌وه بایه‌خێكى زۆرى ده‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ ڕابردوو به مه‌به‌ستى ڕاكردن بێت له ئێستا و له ترسى داهاتوو ئه‌وا پاڵه‌وان یان كه‌سێتێكمان بۆ ئاماده ده‌بێت كه پرۆژه‌ى ئاینده‌یى نییه، بێگومان حسێن عارف وه‌كو چیرۆكنووسێكى شاره‌زا كۆتاییه‌كى كراوه له به‌رده‌م لێكدانه‌وه‌ى ئێمه‌دا بۆ جوڵه‌ى پاڵه‌وانه‌كه‌ى به‌جێده‌هێڵێت كه ئه‌وه‌ش له ئاستێكى تردا ڕوانینێكى كراوه بۆ لێكدانه‌وه‌ى جوڵه و ئاستى گۆڕانكارى و په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵایه‌تى دێنێته ئاراوه و پێمان ده‌ڵێت مێژوو یان به واتایه‌كى تر ڕابردوو نه‌ك هه‌ر له ڕووى ئاماده‌بوونى شارستانى و بوونى به بنه‌ما بۆ سه‌لماندنى ئێستا و بنیادنانى ئاینده گرنگه، به‌ڵكو به پێى تاكه كه‌سیش ڕابردوو ڕووبه‌رێكى فراوان له نه‌ست داگیرده‌كات و خاڵڕێژى بنه‌ماكانى كه‌سایه‌تى مرۆڤ ده‌كات به واتایه‌كى تر ڕابردوو له كه‌سێتى مرۆڤدا ئاماده‌بوونێكى به‌رده‌وامى هه‌یه به جۆرێك كه جیابوونه‌وه و په‌رتبوون لێى هه‌روا ئاسان نییه، دابونه‌ریت و ته‌قالیده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه به پێى نه‌وه‌كان به ئاسانى ناگۆڕێن و له ڕابردووه‌وه نه‌وه به نه‌وه به‌ره‌و ئێستا و داهاتوو دێن به كاریگه‌رى په‌یوه‌ستبوونى مرۆڤه به ڕابردووه‌وه، یان به قسه‌یه‌كى تر له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ڕابردوو پانتاییه‌كى دیاریكراو له كۆنه‌ستى كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌نانه‌ت نه‌ستى تاكه‌كه‌سیش داگیرده‌كات.
له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا كه‌له ئێستادا خاوه‌نى هیچ نین و وا هه‌ست ده‌كه‌ن ڕابردوو مێژوویه‌كى پڕ له ئاماده‌بوون و پڕ له سه‌روه‌رى بووه بۆیان، هه‌میشه ئێستا به‌جێده‌هێڵین و ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و ڕابردووه و له‌م حاڵه‌ته‌دا وه‌ك مێژوویه‌كى پیرۆز سه‌یرى ده‌كه‌ن كه بێوگومان ئه‌مه‌یان وایان لێده‌كات نه‌توانن به ئاسانى جوڵه‌ى به‌ره‌و ئاینده‌یان هه‌بێت، به‌ڵكو هه‌میشه چاویان له پیرۆزى ڕابردووه‌وه‌یه له كاتێكدا ده‌بێ بزانین هیچ ڕابردوویه‌ك پیرۆز نییه ماده‌م مرۆڤ تیایدا نه‌گه‌یشتۆته ئاستى به‌ده‌ستهێنانى هه‌موو ویسته مادى و ڕۆحییه‌كانى، ماده‌م جۆرێك له ترس هه‌ڕه‌شه له مرۆڤ ده‌كات كه ئه‌ویش ترسى مردنه. ڕه‌نگه لێره‌وه به دیوێكى تریشدا بتوانین لێكدانه‌وه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى پاڵه‌وان بۆ ڕابردوو بۆ سه‌رده‌مى منداڵى بكه‌ین كه ئه‌ویش له‌ژێر كاریگه‌رى مه‌ترسى پیربوون و مه‌ترسى مردن‌دا بێت، ڕاسته پاڵه‌وان له ئێستادا نه‌گه‌یشتۆته ته‌مه‌نێكى وا ترسناك به‌ڵام هه‌ست به هه‌ڵچوونى ته‌مه‌نى ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه ده‌شێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌مى منداڵى و یارى نێو كۆڵان بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى ئێستا بێت.
دواجار پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه شریتى خه‌یاڵه‌كانى به ناوهێنان یان بانگكردنى حه‌مه جه‌زا له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌یچڕێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه حاڵه‌تى ئاسایى، لێره‌وه گه‌ڕانه‌وه كۆتایى دێت واته سه‌فه‌ره ئه‌فسووناوییه‌كه به‌ره‌و كۆتایى ده‌چێت. هه‌رچه‌ند سه‌فه‌ره‌كه‌ى ئه‌م هه‌ر له سنوورى كۆڵان و بیره‌وه‌رییه‌كانى كۆڵانیشدا نامێنێته‌وه به‌ڵكو كۆڵان به‌جێدێڵێت و ده‌گاته كه‌ركوك ئه‌ویش له‌و سه‌فه‌ره‌دا كه له‌گه‌ڵ دایكی‌دا به دواى برا گه‌وره‌كه‌یدا ده‌یكات، دیاره كاكى جۆرێكه له ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى باوكى، به‌ڵام زۆرى پێناچێت كه ده‌گه‌ڕێته‌وه واته دێته‌وه سایه‌ى هه‌مان ده‌سه‌ڵات، ده‌شى ئه‌مه له واقیعى ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌شدا هاوشێوه‌ى ئاشكراى هه‌بێت به تایبه‌تى له ڕۆژهه‌ڵات و كۆمه‌ڵگاكانى وه‌كو ئێمه‌دا كه توێژێك یان كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك یان ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوه‌بردن ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌كه‌ونه خه‌بات، به‌ڵام دواجار دێنه‌وه سایه‌ى هه‌مان ده‌سه‌ڵات هه‌رچه‌نده پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه ته‌نیا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى ڕه‌ت كردۆته‌وه و هیچ جوڵه‌یه‌كى به دژى نه‌كردووه.
یان له كارى حیزبایه‌تى ئێمه‌دا به ئاشكرا ده‌بینیت ده‌سته‌یه‌ك یان كۆمه‌ڵه كه‌سانێك ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندى حیزب كه وێنه‌ى باوكه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یانه‌وێت بانگه‌شه‌ى به باوك بوونى خۆیان بكه‌ن به‌ڵام كاتێ بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه ناتوانن ببن به باوك به زوویى ملكه‌چى ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندى حیزب ده‌بنه‌وه و دێنه‌وه سایه‌ى هه‌مان ده‌سه‌ڵاتى باوكى حیزبى، كه ئه‌مجاره‌یان له وێنه‌ى كوڕێكى دڵسۆزدا خۆیان نیشان ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ى شكستى ڕابردووى خۆیان بشاردنه‌وه یان له‌بیر ببه‌نه‌وه. مێژووى چل ساڵى ڕابردووى ئێمه گه‌لێك وێنه‌ى له‌م جۆره‌ى تێدایه، واته وێنه‌ى كه‌سێتى (چیرۆكى سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى كه ده‌سه‌ڵاتى باوك ڕه‌تده‌كاته‌وه و له كورتترین ماوه‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ى ناتوانێت خۆى ببێته باوك دێته‌وه سایه‌ى باوكى یه‌كه‌م.
دواى ئه‌وه‌ى كه پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه له لایه‌ن هاوه‌ڵه‌كه‌یه‌وه وریا ده‌كرێته‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌رییه‌كانى ڕابردوو كۆتایى دێت، له به‌رده‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌دا خۆى ده‌بینێته‌وه، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى كۆڵان، گه‌نجێك پرسیارى ئه‌وه‌ى لێده‌كات كه داخۆ به دواى چ ماڵێكدا وێڵه، ئه‌م پرسیاره ده‌رگاى ئاشنابوونه‌وه‌ى به خه‌ڵكى كۆڵان و ناسیارانى ڕابردووى بۆ ده‌كاته‌وه. ئه‌و پیره‌مێرده‌ى كه ئێستا جێنشینى خانووه‌كه‌ى پێشترى ئه‌وانه ده‌یناسێته‌وه و ده‌یباته ماڵه‌وه. بۆى ده‌رده‌كه‌وێت كه بێجگه له هه‌ندێ شتى ساده خانووه‌كه گۆڕانكارییه‌كى ئه‌وتۆى به‌سه‌ردا نه‌هاتووه هه‌روه‌ك پیره‌مێرده‌كه ئاماژه بۆئه‌وه ده‌كات كه ئه‌میش وه‌كو باوكى بیرى تیژه، گێڕه‌ره‌وه‌ى چیرۆكه‌كه پێمان ده‌ڵێت له ڕاستیدا ئه‌و پیره‌مێرده‌ش خاوه‌نى بیره‌وه‌رییه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ند بوو.
ئێستا ده‌بینین ئه‌و خانووه‌ى كه ئه‌وسا مڵكى باوكى پاڵه‌وان بوو ئێستا مڵكى پیاوێكى تره، بێگومان له ئاسته دیاره‌كه‌یدا ئه‌وه دیارده‌یه‌كى ئاساییه كه كه‌سێك خانووى خۆى یان هه‌ر مڵكێكى خۆى بفرۆشێت به كه‌سێكى تر، به‌ڵام ده‌شێ له پشتى ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌وه، واته خاوه‌ندارێتى گواستنه‌وه‌ى ئه‌و خانووه له باوكى پاڵه‌وانه‌وه بۆ پیره‌مێرده‌كه‌ى ئێستا ده‌لاله‌تى گواستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ماڵه به نیشتیمان یان زێد و شوێنى ژیانى كه‌سانێك دابنێین، واته هه‌رچۆن ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام له كه‌سێك و بنه‌ماڵه‌یه‌ك و حیزبێكه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ كه‌س و بنه‌ماڵه و حیزبى تر، به هه‌مان شێوه ده‌سه‌ڵات له ماڵه كۆنه‌كه‌ى باوكى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ كه‌س و ماڵێكى تر و ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتدار و ئێستا فه‌رمانڕه‌واى ئه‌و ماڵه‌ن و خاوه‌نى پێشووى كه ده‌سه‌ڵاتدارى پێشتر بوو ته‌نانه‌ت چاره‌نووسیشى دیار نییه. واته لێره‌دا ده‌شێ وا لێكبدرێته‌وه مه‌به‌ست له‌و خاوه‌ندێتى گۆڕینه‌ى ماڵه‌كه گۆڕینى ده‌سه‌ڵاته له ئاستێكى فراوانتردا، هه‌روه‌ك ده‌ریش ده‌كه‌وێت له نێوان ده‌سه‌ڵاتى پێشتر و ده‌سه‌ڵاتى ئێستادا گۆڕانكارییه‌كى ئه‌وتۆ ڕووى نه‌داوه. ئه‌مه‌ش واقیعى گۆڕینى ده‌سه‌ڵاته له كۆمه‌ڵگا داخراوه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتدا كه هه‌ركه‌س له ترۆپكى ده‌سه‌ڵاتدا جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆى نابێت له‌گه‌ڵ كه‌سانى تر، بۆ نموونه جیاوازى ده‌سه‌لاتى ده‌وڵه‌تى ئایین و ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى خۆ به عیلمانى زان ئه‌وه‌نده دیار نییه كه شایانى باس بێت هه‌روه‌ك جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆ له نێوان ئه‌و ڕژێمه دیكتاتۆره و ئه‌و ڕژێمه‌دا نییه كه به حساب شۆڕشى دژى ڕ‌ژێمى ده‌سه‌ڵاتى دیكتاتۆرى پێشتر هێناویه‌تییه سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵات، مه‌سه‌له‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه گۆڕانكارى له ناوه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا، له گه‌وهه‌ر و ماهیه‌تدا ڕووى نه‌داوه به‌ڵكو ته‌نیا ڕووكه‌ش گۆڕاوه، ئه‌مه‌ش هه‌م خاسێتى گۆڕانكارییه‌كانى ده‌سه‌ڵاته له ڕۆژهه‌ڵاتدا، هه‌م هاوشێوه‌یه‌ى ئه‌و بۆچوونه‌یه كه له سه‌ره‌تاوه خستمانه ڕوو كه هه‌تاكو گۆڕانكارى له گه‌وهه‌ر و ماهیه‌تدا ڕوونه‌دات، ڕووكه‌ش و ڕوخسارى ده‌ره‌وه گوزارشتێكى دروست له ناوه‌ڕۆك و گه‌وهه‌ر ناكه‌ن. دیاره گۆڕانكارى زۆر كه‌م كه خاوه‌نى نوێى خانووه‌كه‌ى باوكى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه كه له خانووه‌كه‌دا كردوویه‌تى هاوشێوه‌ى ئه‌و گۆڕانه زۆر كه‌مه‌یه كه له كاتى گواستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له كه‌سێكه‌وه یان له بنه‌ماڵه و ده‌سته و حیزبێكه‌وه بۆ یه‌كێكى تر ڕووده‌دات.
كۆتایى چیرۆكه‌كه به باسكردنى ده‌وڵه‌مه‌ندیى بیره‌وه‌رییه‌كانى باوكى پاڵه‌وان و كڕیارى خانووه‌كه‌ى ده‌گاته ئه‌نجام. به ئه‌ندازه‌یه‌ك گێڕه‌ره‌وه باسى كڕیارى خانووه‌كه وه‌كو سه‌رچاوه یان بیره‌وه‌رییه‌كانى مێژووى شار باس ده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته هه‌ڵده‌گرێت كه ناكرێت به‌بێ بوونى مێژوو له ئێستاشدا ئاماده‌بوونت هه‌بێت و ببیته خاوه‌نى ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌تا هه‌ردوو خاوه‌نى خانووه‌كه هه‌ریه‌كه (سنگى) مێژوویه‌كه بۆ خۆى. لێره‌دا چیرۆكنووس پێمان ده‌ڵێت ناكرێت ده‌سه‌ڵات به‌بێ مێژوو، به‌بێ فه‌رهه‌نگ و به‌بێ كه‌لتور بتوانێت بوونى خۆى بسه‌لمێنێت و ئاماده‌بوونى هه‌بێت، مه‌به‌ست له مێژووش لێره‌دا سه‌رجه‌م بنه‌ماو پێداویستییه‌كانه بۆ به‌ده‌ستهێنانى بوون و ناسنامه له ئێستادا.
چیرۆكى سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى بیبلۆگرافیاى پاڵه‌وانێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه له ئێستادا سه‌فه‌ر ده‌كاته‌وه بۆ نێو ئه‌و ڕووبه‌ره جوگرافییه‌ى كه بنه‌ماكانى بوون و خۆسه‌لماندنیان تێدایه، له وێنه‌وه درێژه‌ى خاسێته‌كانى ئه‌و جوگرافیایه و چۆنێتى كارتێداكردنى پێكهاته و بنه‌ماكانیمان ده‌هێنێته‌وه یاد به‌و مه‌به‌سته‌ى بیرمان بخاته‌وه كه ئه‌و پاڵه‌وانه وێنه‌ى به‌رجه‌سته‌ى هه‌ریه‌كه له ئێمه‌ى بێ مێژوو، بێ ڕابردوویه‌كى گه‌ش و وه‌ستاوه له به‌رده‌م مه‌ترسى ئاینده‌دا. پاڵه‌وانى سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى، سه‌فه‌رێك له نێوان خه‌یاڵ و واقیعدا تێكه‌ڵاو ده‌كات به ئومێدى گه‌یشتن به ئاستێك كه بنه‌ماكانى ئاماده‌بوون و خۆسه‌لماندن ده‌سته‌به‌ر بكات.
پاڵه‌وانى (سه‌فه‌رێكى ئه‌فسووناوى) به یارمه‌تى ڕێنیشانده‌رێك كه ناسنامه‌كه‌ى به ته‌واوى ئاشكرا نییه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابردووى خۆى بۆ سه‌ر زێد و شوێنى سه‌رده‌مى منداڵى خۆى. ئه‌گه‌ر له ئاستێكى قوڵتردا سه‌یر بكه‌ین ئه‌وا پاڵه‌وان كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى ئێمه‌یه كه خۆى نه‌یتوانیووه بگه‌ڕێته‌وه بۆ نێو مێژووى خۆى و هه‌میشه چاوه‌ڕوانى ئه‌وه بووه ئه‌وانى تر ڕێنومایى بكه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو ئه‌و مێژووه. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌فه‌ره‌كه‌ش له گه‌ڕانه‌وه‌وه بۆ ڕابردوو بگۆڕین بۆ سه‌فه‌رى ئێستا ئه‌وا كه‌سێتى كوردى به‌رده‌وام له شێوازى پاشكۆدا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وانى تر ڕێگاى نیشان ده‌ده‌ن و پێشڕه‌وایه‌تى ده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به ئامانج كه ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكى نائاساییه و لاوازى ئه‌و كه‌سێته ده‌گه‌یه‌نێت كه به ته‌واوه‌تى هاوشێوه‌ى كه‌سێتى پاڵه‌وانى چیرۆكه‌كه‌یه.

