Skip to Content

کورد چی پێدەکرێ لە بەغدا؟ … عەلی موحمەد زەڵمی

کورد چی پێدەکرێ لە بەغدا؟ … عەلی موحمەد زەڵمی

Closed
by نیسان 30, 2018 General, Opinion, Slider

لە هەرێمی کوردستان پارت و قەوارە سیاسی و کاندیدەکانیان حەماسەتێکی ئێجگار زۆریان پێوەدیارە لە بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە مانگی مایسی ئەمساڵدا. لە هەلومەرجێکی سیاسی و ئابوری وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان و هەروەها پاش ئەو شکستە گەورەی ئەزمونی حوکمڕانی لەو هەرێمەدا بەلای منەوە جێگای سەرسوڕمانە مەکینەی هەڵبژاردنی ئەو لایەنە شکستخواردوانە بەو گەرموگوڕیەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق دەکەن و ئەم نوسینە خوێندنەوەی ئەو ژاوە ژاوی بانگەشەی هەڵبژاردنەیە و پرسیارە لەسەر هەقیقەتی ئەوەی پێان دەکرێ لە بەغدا نەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن. بۆیە بڕوام وایە ئەگەر خوێنەری ئەم وتارە بۆ ساتێکی کەم واز لە دەمارگیری لایەنەکەی بهێنێ و کەمێکیش دوور کەوێتەوە لە قەرەباڵغی بانگەشەکان و باق وبریقی دروشمەکان دڵنیام ئەویش لەکۆتایدا هەمان پرسیاری منی لا دروست دەبێ لەسەر رادەی راستگۆیی بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.

بەرلەوەی بچمە سەر ناوەڕۆکی ئەم بابەتە و پرسیار بخەینە سەر ئەوەی داخۆ کاندیدە کوردەکان لە بەغدا چیان پێدەکرێ، پێم باشە هەوڵوێستەیەک بکەم لەسەر رەوایی بەشداریکردنی لایەنە کوردیەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق وهەروەها چۆنیەتی بەشداریکردنیان. وەک لە وتارێکی ترمدا (١) هەر لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ لەعێراقدا ئاماژەمان بەوە کردوە کە هەریەک لە کورد و سونە وەک دوو شکستخواردوی دوای جەنگ بەشدارن لە هەڵبژاردنەکاندا. رووداوەکانی پاش ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پاش ١٦ ئۆکتۆبەر بەجۆری کوردی پەرتەوازە و سەرگەردان کرد کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بێ پشتیوان مایەوە و لەسەر ئاستی ناوەخۆش بێئومێدی و قەیرانگەلێکی زۆر روویانکردە هەرێمەکە و لەرووی جوگرافی و سەربازیشەوە کورد خاک و خەڵکی زۆری لەدەستدا. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پاش ئەو شکستە و هاتنە پێشەوەی وادەی هەڵبژاردن کورد و پارتە کوردیەکان دەبوو چیان بکردایە؟ بەتایەبتی کە ئەو هەڵبژاردنانە بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقە و عێراقیش لەدوای کەوتنی رژێمی پێشوو ساڵی ٢٠٠٣ ئەمە یەکەمجارە وا بەهێز بێت، ئەمە نەک تەنها لەرووی سەربازیەوە بگرە لەرووی سیاسسیشەوە، چونکە دەسەڵاتی مەرکەز لە بەغدا پشتیوانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمشی هەیە.

ئایا ئەو پاشاگەردانیەی نێو ماڵی کورد و پەرتەوازەیان و یەکتر تۆمەتبارکردن و تخوینکردنە و هەروەها هەرهێزێکیان لەبری گەڕانەوە بۆ ماڵی کورد کەچی روویان کردە بەغدا و تاران و ئەنقەرە،ئیدی دۆخەکە کەڵکی ئەوەی پێوە بوو راستەوخۆ و بێ هەڵوێستە لەسەر کردن بچنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. ئەمجارەش وەک پیشەی هەمیشەیی کورد وانەی لە شکستەکەی وەرنگەرتوو درێژەی دا بەهەمان نەهجی کارکردن و سەوداو مامەڵەی دۆڕاوی. بۆیە بەبۆچوونی من کورد و لایەنە کوردیەکان دەبوو یەکێ لەم دوو بژاردەیان بکردایە سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە سێهەمی نەبوو. ئەویش یا دەبوو بایکۆتیان بکردایە و هەر هەموویان دانیان بە شکستەکەیاندا بهێنایە و بە جیهان و ئیقلم و ناوخۆ و بەغدایشیان بوتایە ئێمە کەڵکی هەڵبژاردنمان نیە و خەریکی خۆ رێکخستنەوەین. ئەمە ئەگەر واشیان نەکردایە واتە خۆیان رێکنەخستایە و بەجدی نەچوونایەتەوە بەخۆیاندا لانی کەم خۆ دەبووە فشارێکی سیاسی گونجاو بەرامبەر بە بەغدا، ئەوەی کە بەهێزی سەربازی لەدەستیان دابوو دەیانتوانی بەجۆرێک لە جۆرەکان لەرووی سیاسیەوە کەمێک بکەونەوە خۆیان. بەڵام ئەوان ئەمەیان نەکرد نە رووی خۆیان لای کورد سپی کردەوە و نەتوانیان بە رووی سورەوە بچەنە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە.

بژاردەی دووەمی کورد لەبری بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دەیتوانی بیکا و بەمەش وەک هەمان بژاردەی یەکەم دەیتوانی کەمێ حورمەت و قورسایی سیاسی بۆخۆی و هەرێمەکەی بگەڕێنێتەوە ئەویش بە دروستکردنی پلاتفۆرمێکی سیاسی کوردستانی بەهێز بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا. واتە نەک هەر هێزە کوردیە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان رێککەون لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانیەتێکی یەکگرتوو بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا بەڵکو کار بۆ ئەوە بکرایە کە تەواوی پێکهاتە و کەمایەتیە سیاسیەکانی تری نێو ناوچە کوردستانیەکان لەدەوری خۆیان کۆکردایەتەوە چ لە سنوری هەرێم و چ لەو ناوچانەش بە کێشە لەسەر ناسراون وەک تورکمان و ئێزیدی و کلد و ئاشوری و ئەو عەرەبانەی بە هاوپەیمانیەتی کورد رازی بوون لەو ناوچانەدا. چونکە دیارە تۆ بە قورساییەوە بڕۆی بۆ بەغدا سەنگ و کاریگەریت دەبێ. بەڵام ئەمەش نەکرا و کورد بە پەرتەوازەیی و دانە دانە چوونە پرۆسەکەوە بێگومان لەوێش دواتر واتە لە پەرلەمانی عێراق هەموو ئاماژەکان وا دەڵێن هەر وا بە پەرتەوازەیی دەمێننەوە.

کەواتە ئێستا کاتیەتی پرسیارە سەرکیەکە بخەینەڕو، ئایا ئەم هاتو هاواری کاندید و لیستە کوردیەکان دەیکەن و ئەو بەڵێنە زلانەی دەیدەن بۆ مسۆگەر کردنی کورسیەک یان چەند کورسیەک لە پەرلەمانی عێراق لەراستیدا دەتوانن راستگۆ بن لەگەڵ بەڵێنەکانیان و ئەنجامیان بدەن؟ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق زیاتر لە ٢٠٤ پارت و قەوارەی سیاسی خۆیان تۆمارکردوە بۆ ململانێ و کۆی گشتی کورسیەکان ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی. هەر قەوارەو هاوپەیمانێک پێویستی بە ١٦٥ کورسی هەیە بۆ ئەوەی زۆرینە مسەوگەر بکات. بەپێی پێشبینیەکان هەرسێ هاوپەیمانێتی شیعە؛ هاوپەیمانی سەرکەوتنی عەباددی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای مالکی و هاوپەیمانی شۆڕشگێڕی بۆ ریفۆرمی موقتەدا سەدر زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان مسەوگەر دەکەن. ئەگەری ئەوە هەیە لەبری دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانیەکانی دەرەوەی شیعە ئەمجارە ئەم سێ هاوپەیمانەتیە لەنێوان خۆیاندا رێک کەون و لانی کەم دوو پۆستی سەرەکی سەرۆکایەتیەکان ببەن و لە ئاوها ئەگەرێکدا ئەو سەرۆکایەتیە دەمێنێتەوە سونە یان هاوپەیمانیەتیەکی ئەیاد عەلاوی بی بات.

بەنسبەت کورد و کاندیدە کوردەکان بەپێی هەموو پێوەرەکان کوتلە کوردیەکان ئەمجارە کەمتر کورسی مسەوگەر دەکەن و هۆکارەکەیشی پێویست ناکات باس بکەین لای هەموان ئاشکرایە، بۆ نمونە رێژەی دەنگدەران دابەزیوە و هاوپەیمانیەتی غەیرە کورد لە هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان زۆرن و تا رادەیەک دەنگدەری لایەنە کوردیەکان دەبەن. گەر ورد بینەوە لە دەرئەنجامە پێشبینکراوەکان ئەوا هیچ هێزیکی سەرەکی کوردی کورسیەکانی لە ٢٠ کورسی تێپەڕ ناکات و هێزە لاوەکیەکانیش لەباشترین ئەنجامدا ٨ کورسی تێپەڕناکات. ئەمانە بەتەنها نە هیچیان پێ دەکرێ و نە لە تەماعی هیچ کوتلەیەکی بەهێزی تردان ببنە هاوپەیمانی هاوسەنگ. لەبەر ئەوەی ئاراستەی کارکردنی لایەنە کوردیە بەشداربوەکانی ئەمجارە بەگشتی دابەش بووە بەسەر ئەوانەی بەزمانی بازاڕ پێان دەوترێ ‘عێراقچی’ و ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن ‘سەربەخۆچی’، واتە دووهێڵی تەواو دژو پێچەوانە.ئیدی لەم حاڵەتدا ئەوە ئەگەری هاوپەیمانی لەنێوان خۆشیاندا زۆر کەمە.

کەواتە ئەو کاندیدەی بەدەنگی گڕ و بەرز هاوار دەکا من وا دەکەم و ئاوها مافەکانی کورد دەسێنم لەبەغدا، چۆن دەیکا و بەچی دەیکا. قسەکە لەسەر ئالیەتی دیمۆکراتیە و بەتایبەتی کورسی پەرلەمانی و کورسی پەرلەمانیش مەحکومە بەو ئالیەتەی کاری پێدەکرێ لە سیستمی پەرلەمانی هەر وڵاتیک. بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە دیمۆکراسی وەک بنەما و بەها رەگو ڕیشەی نیە و تەنها کورتکراوەتەوە بۆ دەنگدان و هەڵبژاردن ئیدی ‘زۆرینە’ هەموو کێشەکان و مافەکان یەکلادەکاتەوە. دەکرێ ئەندام پەرلەمانێکی دەرچووی لیستێک دەنگی دلێر بێت و قسەزان و عەرەبی زان بێت هەموجاریش مداخلە بکا و قسەی باشیش بکا بەس لەڕووی پراکتیکی و واقعەوە هەموو یاسا و پرۆژە یاسایەک دێتە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە و دەنگدان یەکلای دەکاتەوە. ئەندام پەرلەمانە کوردەکان ئەگەر هاوپەیمانیەتێکی بەهێز کۆیانکەکاتەوە کە ئەمە ئەگەرێکی زۆر لاوازە و گەر نەڵێم مەحاڵە ئەوا بەدنگی چەند کورسیەک هیچ ناگۆڕدرێت.

(1) بڕوانە وتارێکمان بەناونیشانی ؛ رەوشی دیمۆکراسی و ئەگەرەکانی دوای هەڵبژاردن. ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان. ٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish