Skip to Content

چاوخشاندنێک بە “کچانی خۆر” فیلمی بەرچاوی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی “کان”ی فەڕەنسا

چاوخشاندنێک بە “کچانی خۆر” فیلمی بەرچاوی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی “کان”ی فەڕەنسا

Closed
by ئازار 25, 2019 Cinema, General

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “کچانی خۆر” سەبارەت بە بەرخۆدانی کچانی کوردیی کۆبانێ لە لایەن ڕخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی سینەمایی جیهان بە باشی هەڵسەنگێندرا.

فیلمی سینەمایی “کچانی خۆر” Girls of the Sun لە دەرهێنانی “ئێوا هوسۆن” Eva Husson و بە دەورگێڕانی ئەکتەری ناوداری ئێرانی “گوڵشیفتە فەراهانی” Golshifteh Farahani و ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی “ئێمانۆئێل بەرەکۆت” Emmanuelle Bercot و هەروەها سەبارەت بە بەرخۆدانی کچانی کوردی کۆبانێ لە دژی گروپی تیرۆریستی داعش؛ کە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” حەفتا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە لایەن ڕخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی ناوداری سینەمایی جیهانەوە ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری بەدواوەبوو.

“پیتێر برادشاو” ڕخنەگری گۆڤاری “گاردییەن” سەبارەت بە فیلمی سینەمایی “کچانی خۆر” نووسیوییەتی: “ئێوا هوسۆن” دەرهێنەری فەڕەنسی “کچانی خۆر” لە سازکردنی نوێترین فیلمی خۆیدا کە دڕامێکی پاڕتیزانییە بینەر دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. بە بڕوای من، “کچانی خۆر” فیلمێکی شەڕی فێمێنیزمییە: بەرخۆدان، پڕ لە هێما و مەترسیدارە. ئەم فیلمە وەکوو فیلمەکانی دیکەی ئەم ژانڕە، بەرهەمێکی دوور لە پێچووپەنا و دوو لایەنەیە کە باش و خراپ تیایدا ڕوون و ئاشکرایە. بە تایبەت دوو دیمەنی ئەکشێنی ئەم فیلمە لەوانە: هەڵاتنی “بەهار” بە دەورگێڕانی “گوڵشیفتە فەراهانی” لەگەڵ ژنانی دیکەی کە بە دیل گیراون یەکێکە لەو دیمەنانیە کە بە جوانی وێنە گیراوە و کاریگەرییەکی باشی لەسەر بینەر هەیە.

“ئەریک کان” ڕخنەگری ماڵپەڕیی سینەمایی “ئێندی وایێر” نووسیوییەتی: لەو بڕوایەدام “ئێوا هوسۆن” بە سازکردنی دووهەمین بەرهەمی سینەمایی خۆی ئەم ئامادەییەی لە خۆی نیشاندا کە فیلمێکی ئەکشێنی پلە یەک هۆلیڤوودیی دەتوانێت ساز بکات و بە وێنەگرتنی چەندین دیمەنی ئەکشێن تواناییەکی ئەوتۆی هەیە. “کچانی خۆر” تا ڕادەیەک دیمەنی باشی تێدایە کە بینەر چێژی ئەوتۆی لێوەربگرێت.

“جی وایسبێرگ” ڕخنەگری گۆڤاری “وڕایتی” نووسیوییەتی: “کچانی خۆر” چیرۆکی ڕووداوێکی واقیعی دەگێڕێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم فیلمە سەبارەت بەو ژنە کوردانەیە کە ئازایانە لەگەڵ داعش شەڕ دەکەن و دەرهێنەرێکی ژنیش سازیکردووە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشوازیی لێدەکرێت.

“لی ماڕشاڵ” ڕخنەگری ماڵپەڕیی سینەمایی “ئیسکرین دەیلی” نووسیوییەتی: پەیامی فێمێنیستی ئەم فیلمە ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەی کە بە چ شێوەیەک شەڕ ئەو تواناییەی هەیە کە نایەکسانی ڕەگەزیی و کۆمەڵایەتی بە پێچەوانەوە بگێڕێتەوە. “گوڵشیفتە فەراهانی” و “ئێمانۆئێل بەرەکۆت” لەم فیلمەدا توانایی و داهێنانی خۆیان بۆ دەورگێڕانی ڕۆڵکانیان نیشانداوە و بە باشی لەم فیلمەدا کەڵکیان لێوەرگیراوە.

“ئێوا هوسۆن” له‌ وتووێژه‌کانی خۆیدا له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن، ئاگاداربوون له‌ ره‌فتاری نامرۆڤانه‌ی داعش له‌گه‌ڵ ئێزه‌دییه‌کان له‌ کوردستانی عێراق و به‌سه‌رهاته‌ خه‌مناک و دڵته‌زێنه‌کانی ژنان و کچانی به‌دیلگیراوی کوردی به‌ ئه‌نگێزه‌ی سه‌ره‌کیی خۆی له‌ باس کردنی ئه‌م بابه‌ته‌ ناو برد.

به‌ گوته‌ی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ ناوداره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌، ئازایه‌تی و بێ باکی و له‌خۆبردوویی ژنانی کورد له‌ خه‌باتی چه‌کدارانه‌ له‌گه‌ڵ داعش به‌ ڕاستی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و هه‌بوو، هه‌ر به‌م
هۆیه‌ش بڕیاری داوه‌، چه‌ند گۆشه‌یه‌ک له‌م خه‌باته‌ قاره‌مانانه‌یه‌ وێنه‌ بگرێت.

“ئێوا هوسۆن” باوه‌ڕی وایه‌ که‌ “کچانی خۆر” له‌و ده‌گمه‌ن فیلمه‌ جه‌نگیانه‌یه‌ به‌ ته‌وه‌ری ئافره‌ت که‌ وێنه‌یه‌کی راسته‌قینه‌ له‌ رووداوه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته‌ مرۆڤانه‌یه‌ ئاراسته‌ ده‌کات؛ له‌ هه‌مان کاتیشدا، په‌یامێکی ئه‌رێنی هه‌یه‌ و باسی شایسته‌یی و لێهاتوویی و تواناییه‌کانی ژنان ده‌کات.

“ئێوا هوسۆن” یه‌کێکه‌ له‌ سینه‌ماکارانی ژنی ناوداری سینه‌مای فه‌ڕه‌نسا و به‌رهه‌م گه‌لێکی دره‌وشاوه‌ی وه‌کوو’ “به‌ هیوای مردن”، “بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌میشه‌ ئاڵۆزن” و “گه‌نگ به‌نگ”ی له‌ کارنامه‌ی پیشه‌یی خۆیدا هه‌یه‌.

“ئێمانۆئێل به‌ره‌کۆت” ئه‌کته‌ری گه‌نجی فه‌ڕه‌نسی و براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین ئه‌کته‌ری فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا، یه‌کێکه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که‌ له‌م پڕۆژه‌ سینه‌ماییه‌دا به‌شداری کردووه‌، ئه‌و ده‌وری “ماتیلده‌” په‌یامنێری جه‌نگی ده‌گێڕیت که‌ چاوه‌ری ئه‌م رووداوه‌ تاڵ و خه‌مبارانه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کی نزیکی له‌گه‌ڵ “به‌هار” به‌ ده‌ورگێڕانی “گوڵشیفته‌ فه‌راهانی” هه‌یه‌. له‌ فیلمی “کچانی خۆر”دا که‌ له‌ وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و گورجستان وێنه‌ی گیراوه‌، گروپێک له‌ هونه‌رمه‌ندانی نێونه‌ته‌وه‌یی و ئه‌کته‌ره‌کانی ناوچه‌یی به‌شداریان کردووه‌.

“گوڵشیفتە فەراهانی” سەبارەت بە جیاوازیی دەورگێڕانی کچێکی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لە فیلمی سینەمایی “کچانی خۆر” بە بەراورد لەگەڵ دەورگێڕانی کچێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە فیلمی سینەمایی “فرمێسکی سەرما”دا گوتی: بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو. ئەو کاتەی کە لە فیلمی سینەمایی “فرمێسکی سەرما”دا دەورم گێڕا 19 ساڵ تەمەنم بوو، دەبوو ڕۆڵی کچێکی کورد بگێڕم بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بۆخۆم کورد نیم. بەڵام سنوور بۆ من هیچ جوداییەک دروست ناکات. ئەم دوو فیلمە چیرۆکەکەیان سەبارەت بە ژنانە. هەمووی ئەمانە سەبارەت بەو ژنانە بوو کە دەیانویست خۆیان ڕزگار بکەن و بۆخۆیان ڕێگاکەیان هەڵدەبژێرن. من لە هەر ڕۆڵێکدابم، ئەو ڕۆڵە لە دەرەوەی سنوورەکان دەبینم، من شارۆمەندێکی ئەم جیهانەم.

گوتیشی: بۆ من هر فیلمێک وەکوو هاوسەرگیری وایە، هەر بەم هۆیە بۆ من زۆر گرینگە. من لە نێوان جیهانەکان و زمانە جۆراوجۆرەکاندا دەگەڕێم، لەوانە: “دزە دەریاییەکانی کارائیب” تاکوو “پێتێرسۆن لە نیۆجێرسی” تاکوو “کچانی خۆر” تاکوو “ئاڵتەمیر” کە ژنێکی ئیسپانییە و هەمووی ئەوانە هەر ئەو شتە بوو کە من دەمویست. ئەوە خەیاڵ و ئاواتی من بوو.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish