Skip to Content

165 Views

لە پەراوێزى تێگەیشتن لە زمان … ناودار زیاد

لە پەراوێزى تێگەیشتن لە زمان … ناودار زیاد

Closed
by April 1, 2020 General, زمان


زمان کەرەستەیەکە بۆ دەربڕین و، هۆکار و ئامڕازێکە بۆ لێکتێگەیشتن، هەر لەبەرئەمەیە بە دیاردەیەکى مرۆڤایەتى و کۆمەڵایەتی دادەنرێت. بەوپێیەى دیاردە مرۆیى و کۆمەڵایەتییەکانیش بەردەوام لە گۆڕاندان، بۆیە زمان پێدراوێکى نەگۆڕ و چەقبەستوو نییە و، هیچ کاتێکیش ناگاتە پلەى تەواوەتى و کامڵبوون و پێگەیشتنى ڕەها، بەڵکو بێپسانەوە بەهۆى دەسکارى و سەربارخستنەوە شێوە و ناوەڕۆک و واتا و دەلالەتەکانى لە بزاوت و پێشڤەچووندایە. بەڵام ئایا زمان هەر ئەوەندەیە و بەس؟ بۆ ئەوەى تیشکێک بخەینە سەر ڕۆڵى زمان و، سەرنجى بەشێک لە ئەفسوون و خەسڵەت و تواناکانى بدەین، لەم نووسینە کورتەدا هەندێک لەم تابلۆ قەشەنگە ڕادەمێنین.
مرۆڤ لە ڕەوتى بەرەوپێشچوونى ژیانى خۆیدا پێش ئەوەى نووسین و تۆمارکردن دابهێنێت لەڕێگەى کولتورێکى زارەکییەوە ژیانى کۆمەڵایەتییانەى خۆى ڕێکدەخست. کولتورى زارەکیش پشت بە گێڕانەوەى دەماودەم و پشتاوپشت دەبەستێت( ). لە گێڕانەوەى زارەکیشدا حیکایەتخوان، چیرۆکبێژ، یاخود بوێژ دەبێت زۆرباش دەرەقەتى زمان بێت، خۆشى درک بەوە دەکات ئەوەى وا دەکات گوێى لێ ڕابگیرێت ئەوەیە کە تا چەند تاقەتى بەسەر وشەکاریى و ڕستەسازى و دەربڕیندا دەشکێت و، چۆن دەتوانێت لە ڕێى سیحرى گێڕانەوەوە گوێگرانى ئەبڵەق و سەراسیمە بکات. ئەمە دواتر لە نووسینیشدا ڕەنگدەداتەوە، هەر بۆیە دەبینین ئەوەى کەسێک دەیگێڕێتەوە یاخود دەینووسێت، هەمان شت کەسێکى تر بەجۆرێکى جیاواز دەیگێڕێتەوە یاخود دەینووسێت، ئەوەى دەقاودەق و وەک خۆى دەیگێڕێتەوە و باسیدەکات بە ئەزبەرکردن و لاساییکردنەوە ناودەبرێت و خواستراو نییە. هەر ئەمەشە وا دەکات هیچ دوو کەسێکى هەمان زمان، هەمان زمان وەک یەک بەکارنەهێنن. تەنانەت جیاوازى لە گۆکردنى وشەکان ئەم گریمانەیە پشتڕاست دەکاتەوە. بەوپێیەى زمان بە توندى بە هەست و بیر و ئەندێشە و تێگەیشتنى مرۆڤەوە گرێدراوەتەوە، هەر مرۆڤێکیش مێشک و بیرکردنەوە و هەستى جودا و سەربەخۆى خۆى هەیە، بۆیە دەربڕینى ئەم هزر و هەست و بیرۆکانە لەڕووى شێواز و قاڵبەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر دەگۆڕێت.

مرۆڤ بەدرێژایى قۆناغەکانى گەشەسەندنى تەمەنى، وردە وردە درک بەوە دەکات کە بەشێک لە بوون و ناسنامە و ئەوێتى و کەسایەتى و حزور و پەیوەندییەکانى لەڕێى زمانەوە شکڵدەگرێت. لەناو بەرهەمە ئەدەبییەکاندا کەمیان وەک کتێبى (داغستانى من)ى شاعیرى گەورەى داغستان (ڕەسوڵ هەمزەتۆڤ) (١٩٢٣-٢٠٠٣) هەڵوەستەیان لەسەر ڕۆڵ و بایەخى زمان کردووە، ئەوەتا لە پاژى تایبەت بە زماندا لە زارى (شامیلى گمرى) پێشەواى شۆڕشگێڕانى داغستانەوە دەڵێت: “دەبێت زمانەکەمان وەکو زگمان بپارێزین”. ئەمە بەو واتایە دێت چۆن مرۆڤ ورگى لە برسێتى و جەستەى لە زەبر و پەلامار دەپارێزێت بەو شێوەیە دەبێت پارێزگاریى لە زمانەکەى بکات. لە شوێنێکى دیکەى هەمان کتێبدا دەڵێت (حاجى موراد)ى موریدى (شامیل) وتوویەتى: “وشە وەکو گولـلە وان، خەساریان مەکەن”( ). وەک چۆن گولـلە دەبێت لەکاتى پێویستیدا و بۆ پێکانى ئامانجێک بتەقێندرێت، مرۆڤیش دەبێت بەو جۆرە زارى هەڵبێنێت.

لێرەدا دەچینە لاى فەیلەسوفى نەمساوى (لۆدڤیک ڤیتگنشتاین) (١٨٨٩-١٩٥١). ئاخر هیچ فەیلەسوفێک وەک وى دەستى بە وشەوە نەگرتووە. (ڤیتگنشتاین) دەڵێت وتن فۆڕمى هەیە و ئەم فۆڕمەش ماناى هەیە. واتا ئەوەى فۆڕمى وتن دیاریدەکات ماناکەیەتى. بەڵام ئەگەر بپرسین مانا چۆن بەرهەمدێت؟ لە ڕوانگەى (ڤیتگنشتاین)ەوە ئەوەى مانا بەرهەمدێنێت فاکتە. کەواتە مانا لە وتندا بەرجەستە دەبێت و، وتنیش وێنە یاخود مۆدێلێکە لە فاکت. بەمجۆرە سنورەکانى زمانى هەر کەسێک ماناى سنورەکانى جیهانى ئەو کەسەیە. لێرەوە ئەو وتە بەناوبانگەى (ڤیتگنشتاین) دەخوازین کە دەڵێت: “ئەوەى مرۆڤ ناتوانێت قسەى لەسەر بکات، لەوبارەیەوە پێویستە بێدەنگ بێت”. ئەمەش دەمانبات بەرەو پرسى ئابوریى زمان، چونکە ئابوریکردن لە قسەکردندا یەکێکە لە باوەڕەکانى فەلسەفەى لۆژیک. لەم سۆنگەیەوە هەر درێژدادڕى و زۆر وتنێک دەبێتە هۆى دوورکەوتنەوە لە ئامانج و مەبەستى قسەکردن( ). هەرچەندە فەیلەسوفى مەزن (مارتین هایدیگەر) (١٨٨٩-١٩٧٦) زمان وەک تاکە بوارى لێکدانەوە و تێگەیشتن دادەنێت. پێیوایە ئێمە ئەو کاتانەى کە قسەش ناکەین و هیچ ناڵێین، ئەوا هەموو ساتێک و بێپسانەوە بەشێوازێک دەدوێین، جا لەگەڵ خۆماندا بێت یاخود لە ڕێگەى ئەو کردەیەوە بێت کە ئەنجامى دەدەین، چونکە پەیڤین یاخود دووان سروشتى مرۆڤە. تا ئەو ڕاددەیەى هەر شتێک لەم گەردوون و ژیانەدا بێت: پەیکەرێک، پارچە مۆسیقایەک، درەختێک، کاڵایەک… تاد هەموو ئەمانە لە چوارچێوەى زماندا جێدەگرن. بەم جۆرە لاى (هایدیگەر) دازایین (Dasein) واتا بوون دەکەوێتە ناو زمانەوە( ).

لاى باوکى هێرمۆنیتیک (شلایرماخەر) (١٧٦٨-١٨٣٢) دوو جۆر لێکدانەوە بۆ واتا زمانەوانییەکان هەن، ئەوانیش: لێکدانەوەیەکى ڕێزمانى یاخود دەستوریى، کە بەپێى ئەم لێکدانەوەیە واتاى هەر دەربڕینێک لەناو ئەو زمانەدایە کە لە کۆمەڵگەدا بەکاردێت. لەگەڵ لێکدانەوەیەکى دیکە کە هونەریى یاخود دەروونییە، ئەمەش پەیوەندیدارە بە ژیانى شەخسى هەر کەسێکەوە لەڕووى فیکرى و دەروونییەوە( ). کەواتە هەم واتاى دەربڕین و گوزارەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکى تر دەگۆڕێت، زۆربەى جار ئەمە لە پەندى پێشیناندا دەبینینەوە، هەم تاکو دۆخى دەروونى تاکەکەس جێگیرتر بێت و ئاستى فیکرى و مەعریفى بەرزتر بێت ئەوا زمان لاى ئەو کەسە باڵاتر و هونەریتر دەردەکەوێت. هەرچەندە نابێت ئەوە فەرامۆش بکەین کە واتاى وشە دیاریکراو و سنوردارە، هەروەکو دەبینین فەیلەسوفى ئەمەریکى (جان هرش) دەڵێت زمان لەسەر دوو کۆڵەکەى بنەڕەتى ڕاوەستاوە: یەکێکیان واتاییە، کە هیچ کاتێک گۆڕانى بەسەدا نایەت. بەڵام لێرەدا گرنگى پایە و ستوونەکەى دیکەى زمان دەردەکەوێت کە بریتییە لە مەبەستە دەلالییەکەى زمان، چونکە قسەکردن و وشە و زمان بەپێى کات و شوێن و مەبەست و نیەتى قسەکەر گۆڕانى بەسەردا دێت. سەربارى ئەمە فەیلەسوفى فەڕەنسى (پۆل ڕیکۆر) (١٩١٣-٢٠٠٥) کاریگەرى میتافۆڕیش زیاد دەکات، چونکە بە تێڕوانینى (ڕیکۆر) میتافۆڕ ئەو شتانە دەردەبڕێت کە بە شێوازى تر شیاوى دەربڕین نین، لە نموونەى قسەى نەستەق و پەندى پێشینان و شیعر و ئەدەب و ئایکۆن و ئیمۆجییەکان و… تاد( ).

لێرەدا پرسیارى پەیوەندى سروشت و پێکهاتەى جەستەیى مرۆڤ لەگەڵ زماندا دێتە پێشەوە، بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندى نێوان مێشک یاخود جەستە لەگەڵ زماندا پێویستە بچینە لاى لقە-زانستى سۆسیۆلۆجیا و فسیۆلۆژیاى مۆخ. بەوەندە ئیکتیفا دەکەین لا لە سێ تیۆرەى گرنگ بکەینەوە کە سروشتى پەیوەندى نێوان زمان لەگەڵ هزر یاخود مێشکدا ڕاڤە دەکەن: تیۆرییەک پێیوایە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان زمان و هزردا نییە، چونکە سروشت و فەرمانەکانیان جودایە. هزر لە مانا و قسە و وشەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لەکاتێکدا سەرەکیترین فەرمانى ئاخاوتن و زمان بریتییە لە گەیاندنى هزریى لەنێوان تاکەکەسەکاندا. بەڵام تیۆرییەکى دیکە دەڵێت هزر لە زماندا تواوەتەوە، چونکە هزر زمانێکى بێدەنگە و، لە زمان دانابڕێت – ئەم تیۆرە نزیکە لە بۆچوونەکانى (هایدیگەر)ەوە دەربارەى زمان، کە پێیوایە دازایین (بوون) لەناو زماندایە- کۆتا تیۆرەش لەنێوان هەردوو تیۆرەکەى پێشووتردا ڕادەوەستێت و پێیوایە پەیوەندییەکى ڕێژەیى لەنێوان هزر و زماندا هەیە، واتا هەردووکیان وابەستە و گرێدراوى یەکترن، بەجۆرێک کەسێک کە مێشکى بەهێز و بەهرەمەند بێت ئەوا زمانى پێگەیشتووتر دەبێت. کەسێکیش کە لاڵ بێت یاخود نەخۆشییەکانى دیکەى جەستەیى هەبێت، ئەوا هەرچەندە لەڕووى هزر و مێشکەوە بەتوانا بێت، بەڵام لە زماندا گرفت و کۆسپى بۆ دروست دەبێت( ). لێرەدا فیزیکزان و گەردوونناسى بەریتانى (ستیفن هاوکینگ) (١٩٤٢-٢٠٠٨) نموونەیەکى بەرچاوە، کە سەربارى نەخۆشى بێهێزى ماسولکەکان و نەبوونى تواناى قسەکردن و نووسین و جووڵە، بەڵام لە داهێنانە مەعریفى و زانستییەکانیدا گەیشتە لوتکە.

وێڕاى ئەوە، ئێمە لە زماندا ڕووبەڕووى گرفت و کێشەیەکى دیکەش دەبینەوە: مرۆڤ زۆرجار بێئەوەى مەبەستى هەبێت و خۆى بخوازێت دەکەوێتە ناو هەڵە تێگەیشتنەکانى خۆیەوە، ئەوەتا ڕێبەرى ڕۆحى تبتییەکان (دالاى لاما) (١٩٣٦-) دەڵێت: مامەڵەکردنمان لەگەڵ وشە و زماندا دەبێت بە وردى و وریایى بێت چونکە زۆربەى کات تێگەیشتنى چەوت و هەڵەى خۆمان لە شت و دیاردە و ڕووداوەکان دەهێنینە سەر زمان، بێئەوەى کە مەبەستمان گواستنەوەى هەڵە و چەوتیى تێگەیشتنەکەمان بێت. بۆ ڕوونکردنەوەى زیاترى ئەم بیرۆکەیە بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک لە ڕۆژان کابرایەک چاوى بە ماسییەکى گەورە دەکەوێت. خەڵک لێى دەپرسن: ماسییەکە چەندە گەورە بوو؟ کابراکە هەم بە وشە و هەمیش بە سیما پێیان دەڵێت کە ماسییەکى گەورە و زەبەلاح بوو. خەڵکەکە بەم وەڵامە ڕازى نابن و دیسان پرسیارى لێدەکەنەوە کە ماسییەکە چەندە دەبوو؟ ئەمجارە کابرا لە وەڵامدا دەڵێت ماسییەکە گەورە بوو، بەڵام زۆریش نا. خەڵکەکە بە پێداگرییەوە داواى لێدەکەن پێیان بڵێت کە ماسییەکە بەدیاریکراوى چەندە دەبوو؟ پیاوەکە بەناچارى دان بەوەدا دەنێت کە ماسییەکە هێندەش گەورە نەبووە!( ). ئەم بەسەرهاتە ئەوە دەڵێت کە لەڕاستیدا پیاوەکە لە سەرەتاوە نەیویستووە درۆیان لەگەڵدا بکات. تەنیا بێئەوەى بیر لە قسەکان بکاتەوە، یەکسەر وەڵامى پرسیارى خەڵکیى داوەتەوە.

نەک تەنها ئەوەندە، بەڵکو بیرمەندى ئەمەریکى (نوام چۆمسکى) (١٩٢٨-) پەردەى لەڕووى ڕەهەندى دیکەى زمان لاداوە، ئەوەتا (چۆمسکى) باوەڕى وایە سەربارى ئەوەى زمان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرێدراوەتەوە، کە بریتییە لە گەیاندن، بەڵام لە هەموو ڕەگەزەکانى دیکەى سیستەمى پێکهاتەیى مەعریفیى مرۆڤ ئاڵۆزترە، بۆیە وێڕاى کاریگەرى کولتور و بۆماوەیى و ئەو ژینگەیەى لێى پەروەردە دەبێت، کەچى مرۆڤ لەژێر ڕۆشنایى بارودۆخ و ڕووداوەکانەوە بیردەکاتەوە. هەندێکجار ناتوانرێت بیرکردنەوەکان لە ڕێگاى وشەوە گوزارشتییان لێبکرێت، بەتایبەت ئەوکاتانەى شتێک دەبینین دوور لە چاوەڕوانى و پێشبینییەکانمانە. زۆرجاریش مرۆڤ شتێک دەڵێت کەچى ئەوەى بیرکردنەوە و مێشکى دەرناچێت( ). لە هەندێک دۆخیشدا مرۆڤ شتێک دەڵێت بۆ ئەوەى شتێکى دیکە بشارێتەوە و نەیڵێت یاخود سەرنجەکان بەلاڕێدا ببات. ئەمە زۆرکات لەکاتى دادگایى و لێپرسینەوە و ڕەوتى لێکۆڵینەوەکاندا بەدیدەکرێت.

هەندێک پێیانوایە زمان دەبێت ڕەسەن و پاک و پەتیى بێت، بەو واتایەى بەدوور بێت لە وشە و چەمک و دەستەواژەى بیانى و زمانەکانى تر. ئەم بۆچوونە لە باوەڕێکى ناسیۆنالیستى پەڕگیرەوە سەریدەرهێناوە، دەنا هیچ زمانێکى زیندوو نادۆزیتەوە کە هەڵگرى وشە و چەمک و دەستەواژەى زمانەکانى دیکە نەبێت، ئەوەتا بیرمەندى ئێرانى (داریوش ئاشورى) (١٩٣٨-) لە گفتوگۆیەکدا کە (عەلى ئەسغەر سەید ئابادى) لەگەڵیدا سازیداوە باس لە پەیوەندى نێوان زمانە مۆدێرنەکان و زمانەکانى پێش مۆدێرنە دەکات، تاکە جیاوازى نێوانیان بە کرانەوەییانەوە گرێدەدات، پێیوایە زمانێک ئەگەر نەتوانێت مانا و مەبەستى نوێ قبوڵ بکات و، هەوڵى خواستن و هێنانە ناوەوەى وشە و زاراوەى نوێى زانستى بۆ ناو زمانەکەى نەدات، ئەوا وەک زمانێکى بەستوو یاخود لەنگ و ناتەواو دەمێنێتەوە. لەپاڵ ئەمەشدا زمان کاتێک بەرەو گەشەسەندن و بەرفراوانبوون دەڕوات کە زەین و ئەندێشە و خەیاڵى تاکەکان بەرەو کرانەوە و مۆدێرنبوون بڕوات، بەو واتایەى بەبێ زەین و تێگەیشتن و ئەندێشەى مۆدێرن زمانێکى مۆدێرنیش نابێت( ).
لە کۆتاییدا، بە ڕوانگەى فەیلەسوفى ئەڵمانى (یۆرگن هابرماس) (١٩٢٩-) کۆتایى بە بابەتى زمان دێنین، بابەتێک کە سەدان کتێب هەڵدەگرێت. (هابرماس) ئەرکى زمان تەنها لە دەربڕین و گوزارشتکردن و نیشاندانى وێنە و وەسفکاریدا کورت ناکاتەوە، بەڵکو ئەرکدارى دەکات بە گێڕانى ڕۆڵى پەیوەندیکاریی، ئەمەش بە تواناى ڕاڤەکاریی زمانەوە دەبەستێتەوە، بە ئامانجى پەیبردن بە هەموو مەبەست و دەلالەتەکانى زمان، هەموو ئەو مەبەست و دەلالەتانەى کە لە پشتى ئەو گوتە و کردارانەوەن کە زمان کاتێک گوزارشتیان لێدەکات ناتوانێت پەیامەکەیان بگەیەنێت، یاخود بە ئاڕاستەیەکى دیاریکراوى مەبەستداردا پاڵیان پێوەدەنێت، بۆیە ئەرکى زمانە لە سەرەتادا هەوڵى تێگەیشتنى سەرتاپاگیر و فرەڕەهەند بدات، تاکو لە ناکۆکى و ناڕوونى بەدوور بێت. بەڵام تەنها لێرەدا ڕاناوەستێت، بەڵکو زمان لەسەریەتى ڕۆڵى ڕزگاریخوازییش بگێڕێت، بەتایبەت کاتێک بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان بەکاردێت، ئەمەش بەدینایەت تەنها بە گفتوگۆ و دیالۆگى کراوە و ئازاد و بەردەوام نەبێت( ).

Previous
Next