Skip to Content

دەستنووس.. کورتە چیرۆک.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

دەستنووس.. کورتە چیرۆک.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

Closed
by ئایار 4, 2024 General, Literature



ئەوە یەکەم جاریەتی بێتە تارانێ، خۆ ئەگەر ئەو گەنجینە بەنرخەی خانەوادەکەی نەبوایە، ئەوا هەرگیز پێی بەو شارە جەنجاڵە نەدەکەوت. ئەو کوڕە هەتا چەند ساڵێکیش بەر لە ئێستا جگە لە چەند زانیارییەکی کەم، هیچی تری دەربارەی خانەوادەکەی و مێژووەکەی نەدەزانی. ئەو هەر لە منداڵییەوە دەیزانی کە خەڵکی شاری کۆیەیە. ئەوەشی دەزانی کە باوکی بەر لە لەدایکبوونی ئەو بە دە ساڵێک کۆیەی بەجێ هێشتبوو و بارگەی خۆی بەرەو سویسڕا تێک نابوو، بەڵام لەوە زیاتر هیچی تری نەدەزانی.
تۆڵاز بەپەرۆشەوە چاوەڕوان بوو، پاسێک لەبەردەمی ڕاوەستا، بە هەر جۆرێک بێت خۆی تێپەستایە ناوی. کەوتەوە یادی ئەو ئێوارەیەی کە باوکی لە سەرەمەرگدا بوو، داینیشاند و هەگبەی دڵی خۆی بۆ کردەوە. (کوڕم، گوێ بگرە، ئەوەی پێتی دەڵێم گرنگە. دوو سەد ساڵەک پێش ئێستا، مەلایەکی گۆڕقەرەجی، لەگەڵ‌ فاتێی هاوسەری پشتیان لە کوێرەدێیەکەیان کرد و بەرەو ژیانی شارستانیی کۆیە ئۆغریان کرد. ئێستاش وەکی ڕۆژی ڕوون بەبیرم دێ، باپیرم دەستنووسگەلەکی کوڕی ئەو مەلا ئەحمەدەی لای خۆی پاراستبوو، کە دوای کۆچی خۆی بۆ بابمی بەجێ هێشت و ئەویش بۆ من).
مستێک بەر پشتی کەوت، هەر بەتۆبزی خۆی پێ گیراوە. بۆ ساتێک هاتەوە هۆش خۆی و سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، ئەو هەموو خەڵکە، دەبێت بۆ کوێ بچن! دەکرێت ئەوانیش وەکوو ئەم لەدوای گەنجینەیەک بن؟ ئاخۆ دەبێت گەنجینەی ئەو هەموو خەلکە چۆن چۆنی بێت؟ دیسان کەوتەوە بیری ئەو ئێوارەیە، (کوڕم، بابی باپیرم، برای ئەو مەلا ئەحمەدەی بوو)، حەجمانی نەما، ڕەنگە هێشتا سەدان فەرسەخی دی لە گەنجینەی خێزانەکەیان دوور بێت. کاشکی ئەمجارەیان هەوڵەکەی بەفیڕۆ نەڕۆیشتبا.
ئیستۆپی لەناکاوی پاسەکە تۆڵازی تووڕهەڵدایە لایەک، بۆڵەبۆڵی پیرەژنێک ئەوی هێنایەوە سەر هۆشی خۆی و بەپەلە هەڵساوە سەر پێیەکانی و داوای لێبوردنی لێی کرد. دایکێک سەرنجی ڕاکێشا کە دەستی بەسەر سەری منداڵەکەی ناو باوەشی دادەهێنا و داستانەکانی باوباپیرانی خۆی بۆ دەگێڕایەوە. دوو ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەو ئێوارەیە تێپەڕیوە، کەچی هەتاوەکوو ئێستاش بەبێ وەستان دەنگی باوکی لە گوێیەکانی دەزرنگێتەوە. هەتاوەکوو ئێستاش دوا قسەکانی باوکی وەکوو خەنجەر دەکەونە گیانی و دڵە ناسکەکەی پارەپارە دەکەن، (داخەکەم، هەژاری زۆری بۆ هێنام، ئەو دەستنووسانەم فرۆشتنە کۆنەفرۆشەکی گەڕۆک، پێیان دەگۆت ساڵح قاجاری).
بیست و چوار مانگی ڕێکە لە سۆراخی ئەو گەنجینەیە نەوەستایە، شەو تا بەیانی، لەم ماڵپەڕ بۆ ئەو ماڵپەڕ، لەم تەلەفۆن بۆ ئەو تەلەفۆن، لەم مۆزەخانە بۆ ئەو مۆزەخانە، بنی پێیەکانی هەموو ڕێشاون، کەچی ئەو هێشتا لە سۆراخکردن نەبوویتەوە. ئا ئەمێستاکەش وا لە تارانە، ئەو شارە جەنجاڵەی کە ڕێک لە دەلالخانەیەکی گەورە دەکات.
لە ماڵپەڕێکی ئەرمەنی خوێندبوویەوە کە گوایە دەستنووسگەلێک، بە هەمان تایبەتمەندییەکانی ئەوەی خانەوادەکەیان، لە مۆزەخانەی نیشتمانیی لە تاران نمایشکراوە. ئاخۆ دەبێت ئەم جارە هیچ‌ جیاوازییەکی هەبێت؟ خۆ ئەوە دوو ساڵە، مۆزەخانە دوای مۆزەخانە بەسەر دەکاتەوە، کەچی جگە لە نائومێدی هیچی تری نەدووریوەتەوە.
لەبەردەم مۆزەخانەی نیشتمانیی تاران هاتە خوارەوە، لێدانی دڵی ئەو ناوەی لەگەڵ خۆی وەکوو دەف دەهەژاند، بەرەو باڵی دەستنووسەکان ڕۆیشت، خۆی لەبەردەم دەستنووسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینییەوە. لە دوورەوە دەستنووسگەلێکی بینیی، ڕێک وەک ئەوەی کە باوکی بۆی باس کردبوو. لەژێری نووسرابوو:‌ (دەستنووسەکانی حاجی قادری کۆیی. حاجی قادر، کوڕی مەلا ئەحمەدی گۆڕقەرەجی، هۆنەری گەورەی فارسان، چەندین هۆنراوەی نیشتمانی بە زمانی فارسی نووسیوە و بە باوکی بیری نەتەوەیی فارسەکان دادەنرێت، حاجی جگە لە فارسی، زمانەکانی عەرەبی و تورکیشی زانیوە و کەمێک هۆنراوەی بەو زمانانەش نووسیوە).

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish