Skip to Content

469 Views

ئۆفیلیای شه‌که‌سپیرو ئۆفیلیای ماردین ئیبراهیم … هه‌رده‌وێڵ بارامی

ئۆفیلیای شه‌که‌سپیرو ئۆفیلیای ماردین ئیبراهیم … هه‌رده‌وێڵ بارامی

Be First!
by January 20, 2017 General, Literature
image_print

هه‌ڵبژاردنی که‌سایه‌تی ناو شیعری داستانئامێز گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌ و داده‌نرێت به‌ یه‌کێك له‌ کۆڵه‌که‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ناو بینای ئه‌و جۆره‌ قه‌سیده‌یه‌، جا ئیتر ئایا ئه‌و پاڵه‌وانه‌ یان راستر بڵێین ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ هێزی بوونی له‌ ناو ئه‌و قه‌سیده‌یه‌دا له‌ کوێوه‌ هێناوه‌، له‌ که‌لتووری کوردیه‌وه‌، له‌ که‌لتووری گه‌لانه‌وه‌، یان له‌ خه‌یاڵدانی شاعیره‌وه؟ تا چه‌ندێك کاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر بوون و هه‌ستی خوێنه‌ر؟ ئایا وه‌کو نوێگه‌ری که‌سی تر پێش ئه‌م به‌کاریهێناون یان نا؟ پاشان ئایا تا چه‌ند گرێ و زنجیره‌ی کۆپله‌کان له‌ خۆ ده‌گرێت و مانای شاراوه‌و ئاشکراکانی ده‌قه‌که‌ی پێ دێته‌ دی به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو؟! ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌بێت لای ئێمه‌ گرنگییه‌کی زۆری هه‌بێت چونکه‌ وه‌ك پێویست تا ئێستا نه‌خراوه‌ته‌ ژێر تیشکی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستییه‌وه‌.
له‌م ده‌رفه‌ته‌دا و بۆ زیاتر نزیک کردنه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌ ده‌مه‌وێت نموونه‌یه‌كی پراکتیکی بهێنمه‌وه له‌ ناو شیعری شاعیرانه‌وه‌. ئه‌و نموونه‌یه‌ش که‌سایه‌تی ( ئۆفیلیا) یه.‌‌‌‌
……………..

بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌م که‌سایه‌تییه‌ کێیه‌ پێویسته‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵانی 1602و چاوێك بخشێنین به‌ شانۆنامه‌ی (هاملێت)ی نووسه‌ری به‌ناوبانگی جیهانی (شه‌کسپیر)دا:
هاملێت باسی بە سەرهاتی شازادەیێکی دانیمارکییە کە لە سه‌فه‌رەکەی له‌ئه‌ڵمانیاوه‌ دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکەکەی خۆی تاکو لە ڕێوڕەسمی ناشتنی باوکیدا، کە بە شێوەیەکی ناڕوون مردووه‌ بەشداری بکات. چۆنیەتی مردنی پاشا نادیارە. دوای ماوەیەک هاملێت دەبینێت کە دایک و مامەی بوون بە هاوسەر و پێکەوە خەوتوون. ئینجا لە شەوێکدا ڕۆحی باوکی هاملێت دێتە خەوی و پێی دەڵێت کە چۆن مامەی هاملێت کوشتنه‌که‌ی ئه‌نجامداوه‌و داوا لە کوڕەکەی دەکات تۆڵەی بسەنێت. هاملێت دوای ئەو شەوە دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە و دەزانێت کە باوکی خۆشەویستەکەی خۆیشی ( واتە ئۆفێلیا) لەم قەتڵەدا بەشدارە. ئۆفیلیا بە نەخشەکانی هاملێت بۆ کوشتنی باوکی دەزانێت و دوای ئەوە کە باوکی دەکوژرێت، شێت دەبێت و خۆی لە ناو ڕووبارێکدا دەخنکێنیت. لە ئەنجامی شانۆکەدا هاملێت مامەی دەکوژێت و خۆیشی دەمرێت.
………….

به‌ کارهێنانی ناوی (ئۆفیلیا) چه‌ند جارێك له‌ شیعری (رافایل)ی ماردین ئیبراهیمدا هاتووه‌، له‌م شیعره‌دا 3 که‌سایه‌تی بوونیان زاڵه‌ به‌سه‌ر سێبه‌ری ده‌قه‌که‌داو له‌ زۆر شوێندا جڵه‌و ده‌گرنه‌ ده‌ست:
1- من / شاعیر/ بێژه‌ر/ خوێنه‌ر
2- رافایل
3- ئۆفیلیا
جا به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی له‌ زۆر له‌ شیعره‌کانی شاعیردا سوود له‌ تیۆلۆجی(1) و داستانه‌ مێژوویه‌کان و چیرۆکه‌ ئاینیه‌کان وه‌رگیراوه‌، جێی خۆیه‌تی یه‌که‌م ناساندمان بۆ رافائیل(2) سوود وه‌رگرتن بێت له‌ ته‌ورات که‌ ده‌ڵێت رافایل سێهه‌م فریشته‌‌ یه‌ له‌ نێوان 7 فریشته‌ پایه‌ بڵنده‌کان، هه‌روه‌ها به‌ زمانی عیبری رافایل مانای (خودا شیفابه‌خشه‌) ده‌گه‌یه‌نێت.
گه‌ر که‌مێك دوورتر بکه‌وینه‌وه‌و بچینه‌ نێو دنیای ناودارانی هونه‌ریی جیهانی ئه‌وا ده‌توانین بڵێین (رافائیل سانزیۆ)(3) وێنه‌کێشی ‌ ئیتالی 1483-1520 سه‌رده‌می نه‌هزه بوو‌، که‌ باوه‌ڕ ناکه‌م مه‌به‌ستی شاعیر ئه‌مه‌یان بێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی باسه‌ و ڕێنمونی خوێنه‌رانی پێ ده‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ ماردین ئیبراهیم ده‌سکاری که‌سایه‌تیه‌ مێژوویی و تیۆلۆژیهداستان و ئه‌فسانه‌‌کان ده‌کات و له‌ خزمه‌ت مانای ده‌قدا ته‌وزیفیان ده‌کات و جارانێکیش تێکه‌ڵیان ده‌کات و شتی تریان لێ دروست ده‌کات، ئیتر ئایا تا چه‌ند له‌م گه‌مه‌یه‌دا سه‌رکه‌وتووبوووه‌ ئه‌وا ئه‌و بڕیاره‌ بۆ خوێنه‌ران جێده‌مێنێت.
………….

ئێستا با چه‌ند نموونه‌یه‌ك بهێنینه‌وه‌ له‌ به‌کارهێنانی که‌سایه‌تی ئۆفیلیا لای ماردین ئیبراهیم له‌ شیعری (رافایل)دا:

( بۆ تۆ بوو ئۆفیلیا بۆ تۆ بوو
بۆ تۆ بوو بابی من شه‌ڕی له‌گه‌ڵ تاتاره‌کاندا هه‌ڵگیرساند
له‌به‌ر تۆ ئاگری به‌ردایه‌ ڕۆما
به‌ هه ڵمی ده ریا سوێند ده‌خۆم،
) له‌به‌ر چاوی تۆ سێ جار ده‌ست ده‌ده‌م بەهه‌تاوی زستاندا
……
( بێشکه‌ی ئۆفیلیام بۆ رانه‌ده‌ژێنرا)
…….

تۆ له‌ کوێی رافایل
ساڵی دڵیه‌شه‌ گه‌وره‌کان
بۆ ساتێکی که‌م غافڵ بووم و
له‌ ناو دوکه‌ڵدا رافایلم ون کرد
ئیتر کاتێکمزانی من له‌ وڵاتی تیمساحه‌کاندا بووم
………………

به‌و ده‌ستانه‌ی خۆم رافایلم ناشت
قه‌برێکم له‌سه‌ر رێگای ماڵی ئۆفیلیا بۆ لێدا
………………

به‌ هه‌ر خاکێکدا ره‌ت بووبا
هه‌زار ساڵ باران نه‌ده‌باری
به‌ڵام هه‌ر که‌ ناوی ئۆفیلیایان ده‌هێنا
ئه‌و مات ده‌بوو
سه‌ری له‌به‌ر خۆی ده‌ناو ده‌یگوت
عه‌زابم مه‌ده‌ ئۆفیلیا خۆ من کۆیله‌ی تۆم
چۆن وا ده‌بێت ئۆفیلیا
ده‌ردم گرانه‌ ئۆفیلیا
…….

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، له‌م کۆپلانه‌وه‌ تێده‌گه‌ین چۆن شاعیر ده‌یه‌وێت په‌لکێشی کاریگه‌ریی که‌سایه‌تی مێینه‌مان بۆ بکات له‌ سه‌رانسه‌ری مێژووداو ڕۆڵی له‌ گۆڕانکاریه‌کان و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ره‌گه‌زی نێر چه‌نده‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ بازوو زۆر به‌هێز نه‌بێت به‌ڵام جۆرێك له‌ هێزی تریان هه‌یه‌ و به‌و خاوه‌نداریه‌تیه‌ش ده‌توانێت ته‌واوکاری مانای پیاوبوون و به‌رده‌وامی ره‌وتی ژیان ڕێکبخات، به‌ڵام هه‌موو کات ئه‌م کاراکته‌ره‌ به‌ دڵی نووسیارو شاعیران له‌ واقیع و ده‌قه‌کاندا رۆڵ نابینن، وه‌ك لای شه‌کسپیرو ماردین که‌وتووه‌ته‌وه‌.
………..
له‌ کۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ش بکه‌م که‌ نووسه‌رانی تری کوردیش سوودمه‌ند بوون له شاکارو داستانه‌ جیهانیه‌کان و سوودیان له‌ که‌سایه‌تیه‌کانی ناویان وه‌رگرتووه‌و دایانڕشتوونه‌ته‌وه‌، وه‌ك چون (شێرزاد حه‌سه‌ن) له‌ ده‌قێکدا ناوی (ئۆفیلیا)ی به‌کارهێناوه‌و ده‌ڵێت:
(ئۆفیلیای جوان
ماڵئاوا لەتۆش، ماڵئاوا
لەکوێ پاکیزەیی خۆت وەک کاژی مار فڕێدا
)! ئەی یاری رۆژانی دڵساردی و شەوانی دڵگوشران
…………………….

په‌راوێز:
Theology(1)
RAPHAEL(2)
Raffaello Sanzio(3)

Previous
Next

Leave a Reply